Home / ناوداران / لەیادی (233) ساڵەی لەدایك بونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزووری دا نوێخوازێك لەئاییندا و عەدالەت خوازێك لە ژیاندا مەولانا لەسلێمانیەوە بۆ هندستان

لەیادی (233) ساڵەی لەدایك بونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزووری دا نوێخوازێك لەئاییندا و عەدالەت خوازێك لە ژیاندا مەولانا لەسلێمانیەوە بۆ هندستان

لەیادی (233) ساڵەی لەدایك بونی مەولانا خالیدی نەقشبەندی شارەزووری دا

نوێخوازێك لەئاییندا و عەدالەت خوازێك لە ژیاندا
مەولانا لەسلێمانیەوە بۆ هندستان

177

نووسين و ئامادةكردنى : حبیب محمد دەروێش
كاتێك باس لە رێبەرە گەورەكانی تەسەوف دەكرێت ، ناكرێت باس لەمەولانا خالید نەكرێت، بەڵكو مەولانا خالید دادەنرێت بەرابەری نوێبونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی و بەگەورەترین كەسایەتی زانستی سەدەی یازدەی كۆچی دادەنرێت كە كاریگەری هەبووە لەسەر زەمینی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی ،مەولانا توانی رێبازێكی نوێ‌ لەنەقشبەندی بەناوی خۆیەوە دابمەزرێنێ‌ وەبەهەموو شام و رۆژهەڵاتی عەرەبی و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاوبكاتەوە،گەورە زانایانی ئەو سەردەمە بڕۆنە سەر رێبازەكەی لەوانە زانای گەورە محمد امین عابدین ناسراو بە (ابن عابدین) خاوەنی كتێبی(الحاشیە) كە رەواترین سەرچاوەی فیقهی و شەرعیەلە مەزهەبی حەنەفیدا، هەروەها میری شۆرشگێر عبدالقادر جزائیری كاتێك دێتە دیمەشق خۆی و باوكی تەریقەت لەسەر دەستی مەولانا وەردەگرن و دواتر شۆرشی گەورەی جەزائیر هەڵدەگیرسێنێ‌ كاتێكیش مەولانا لە كوردستان و بەغدا ناچار دەكرێت كۆچ بەرەو شام بكات ، كاریگەریەكانی لەسەر ئەو وڵاتە تا ئێستاش بەردەوامە و خەڵكی شام تا ئێستاش شانازی بەوەوە دەكەن كە داڵدەی مەولانایان داوە و مەولاناش بوو مەترسیەكانی خەڵكی شامی رەواندەوەو بە هاتنی خەڵكەكەی جارێكی تر سەربەرزی و ئازادیان بۆ گەرایەوە كە دواتر باسی دەكەین.
بەپێ‌ ی هەندێ‌ دەستنوس كە تائێستا لە كتێبخانەی زانكۆی ئەستەمبول پارێزراوە ،یەكەم ژیاننامەی مەولانا خالید لەلایەن یەكێك لە موریدەكانی خۆیەوە بەناوی (محمد بن سلیمان البغدادی) لەساڵی 1817نوسراوەتەوە تیایدا ساڵی لەدایكبون و وەفاتی مەولانای دیاری كردووە كەوا دەردەكەوێت لەلایەن مەولاناوە ئەو مێژووەی بۆ دیاریكردووە چونكە دە ساڵ پێش كۆچی دوایی مەولانا نوسراوەتەوە بەپێی ئەو دەست نوسانە مەولانا خالید لەساڵی (1776 ز-1190 ك) لەدایك بووەو وەلەساڵی (1827ز-1242ك) كۆچی دوایی كردووە .
مەولانالەگوندی قەرەداغ لەدایكبوە لە عە شیرەتی میكائێلی سەر بە ئێلی گەورەی جاف، و زۆربەی زانستەكانی لەكوردستان و پاشان بەغداو سنە خوێندووە و شارەزایی باشی هەبووە لە زمانی عەرەبی و فارسیا تا رادەیەكی ئەوتۆ كە شیعری بەو زمانانە داناوە ، پاشان لەساڵی 1799بوو بە مودەریس دوای وەفاتی مامۆستاكەی (عبدالكریم بەرزنجی) لەگەڵ ئەوەی مەولانا هەر لەسەرەتاوە رۆحێكی سۆفیگەری گەورەی تیادابووە ،بەڵام نەجۆتە سەر تەریقەتی قادری كە تەریقەتی باوی ئەو كاتە بووە.لەكاتێكدا ئەم تەریقەتە خاوەن هەژمونێكی گەورە بووە لە كوردستان لەسەردەمی بابانەكاندا، دیارە ئەم هەڵوێستەی مەولانا پێویست بە لێكۆڵینەوەی ووردی مێژووی و كۆمەڵایەتی زۆر دەكات ، ئاخۆ لەو سەردەمەدا تەریقەتی قادری چەندێك لە خزمەتی دەسەڵاتدا بووە؟ وەتا چەندێك رێبەرانی ئەو تەریقەتە لە خزمەت دین و كۆمەڵگای كوردیدابوون ؟ ئایا جۆرێك لەبێ‌ متمانەیی لەنێو كۆمەڵگا دروست نەبووە بەرامبەر ئەو تەریقەتە كەلە ئامانجە راستە قینەكەی تەریقەت دوركەوتبێتەوە؟ بۆیە كاتێك مەولانا دەچێتە هیند لەسەر دەستی شاە عەبدوڵڵای دەهلەوی تەریقەتی قادری وەردەگرێ‌ ، واتە ئەم هەڵوێستەی مەولانا دەگەرێتەوە بۆ ئاكاری پەیرەوانی تەریقەتی قادری لەو سەردەمەدا نەك ئەسڵی تەریقەتەكە چونكە مەولانا دوای ئەوەی ئەچێتە بەغداش پێنج مانگ لە تەكیەی قادری دەمێنێتەوە لەساڵی 1220ك – 1805 ز مەولانا لەرێگای شامەوە دەچێتە مەككە بەمەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج ،بەڵام وادیاربووە لەوكاتەدا وڵاتی حیجاز توشی جۆرێك لە پشێوی و ئاژاوە بووە لەئەنجامی ئەو شەڕو شۆڕەی كە لەنێوان پەیرەوانی محەمەدی كوری عبدول وەهاب كە ناسراوبوون بە(وەهابیەكان) لەلایەك و شەریفی ئەو كاتەی مەككە لەلایەكی تر ،بۆیە هیچ تروسكاییەكی رۆحی لەوێ‌ نەبینیوەو بە پێچەوانەوە ئەو بارودۆخە نالەبارەی حیجاز بۆتە مایەی ئەوەی هەڵوێستێكی سلبی بۆدروست ببێت لەسەر ئەو بارودۆخەی حیجاز،بۆیە بریاری سەفەری هیند هەڵدەبژێرێ‌ دوای گەرانەوەی لە فەریزەی حەج لەساڵی 1224 ك – 1809 لە رێگای ئێران و ئەفغانستان لەگەڵ سالیكێكی تەریقەتی نەقشبەندی بەناوی میرزا رحیمەڵڵابەگ پێكەوە دەچنە لای دەهلەوی لەسەر دەستی ئەو پیرە گەورە تەریقەتەكە وەردەگرێ‌ و ساڵێك لای شاە عبدوڵڵا دەمێنێتەوە، و پاشان مەولانا دەكاتە خەلیفەی خۆی و پلەی (خەلیفەی رەهای-خلافەمگلقە) ی خۆی بەمەبەستی (ئیر شادی گشتی-الارشاد العام) پێدەبەخشێ‌ كە دەهلەوی ئەم جۆرە خیلافەتەی بەكەسیتر لەموریدانی خۆی نەداوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆتوانای بەرزی مەولانا لەهەموو بوارەكاندا بەتایبەتی بواری زانستی شەرعی كە پیری دەهلەوی خۆی بەوە ناسراو بووە كە زۆر شارەزا بووە لەهەموو زانستەكاندا، وەلەكاتی گەرانەوەی مەولانادا شاە عبدوڵڵای دەهلەوی ماوەیەكی زۆر لەگەڵیدا هاتووە بەرێی كردووە كەبۆهیچ كەسێكیتر وانەبووە ئەمەش دوای ئەوەی مۆڵەتی بە مەولانا دا كە تەریقەتەكەی لە ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا بڵاوبكاتەوە ، وەئەم زیرەكی و لێهاتویەی مەولانا لە دەرئەنجامدا بووە مایەی ئەوەی مەولانا تەریقەتێك دابمەزرێنێ‌ بەناوی نەقشبەندی خالیدی، كەدادەنرێت بە گەورەترین لقی تەریقەتی نەقشبەندی و زۆرترین موریدو مەنسوبی پەیدا كرد .
مەولانا لە كوردستان
مەولانا پیاوێكی خاوەن توانا بووە و زانایەكی گەورەی بواری زانستی شەرعی و رێگای تەریقەت ورێبوارێكی بەحەماس و تموحێكی زۆریشی هەبووە، دوای گەڕانەوەی مەولانا بۆ كوردستان دەستی كرد بە بڵاوكردنەوەی تەریقەتەكەی،بۆیە لەلایەن شێخانی قادریەوە بەتایبەتی شێخ مارفەوەئەم زاتە قبوڵ نەدەكراو كەوتە دژایەتیكردنێكی بێ‌ وێنە و مەولانای ناچاركرد سلێمانی بەجێبهێڵێ‌ و بچێتە بەغدا لەتەكیەی عبدولقادری گەیلانیدا بمێنێتەوە ،بەڵام دوای ماوەیەك كەم لەسەر داوای میرانی بابان مەولانا دەگەرێتەوە بۆ سلێمانی.
جارێكیتر لەساڵی 1228 ك-1813ز مەولانا ناچار دەكرێت بچێتەوە بەغداو لەخوێندنگای (الاحسائیە) مایەوە و ئاوە دانیكردەوە وبیناكەشی نۆژەنكردەوە ،وەئەم مانەوەی مەولانا لەبەغدا بۆجاری دووەم دادەنرێ‌ بەسەرەتای بڵاوبونەوەی تەریقەتی خالیدی لەبەغدا، ئەمجارەیان مەولانا لە بەغدا پشت و پەنایەكی گەورەی بۆ دروست بوو لەلایەن زانایانی بەغدا و هەروەها زانا كوردەكانی بەغدا و ئەوزاناكوردانەش كە لەكوردستانەوەبێ‌ ترس دەچونەلای و تەریقەتەكەیان لێوەردەگرت و دەبون بەمورید ومەنسوبی مەولاناوپاشان دەگەرانەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی تەریقەتەكە ودامەزراندنی خەتمەی خالیدی، لەبەرئەوەی محمود پاشای بابان هەستی بە هەژموونی مەولانا دەكات لەناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا ناچار ئەم جارەیان خۆی دەچێت بەدوای مەولاناداو ڕجای لێدەكات كە بگەرێتەوە بۆ سلێمانی ،چونكە عبدالرحمن پاشای باوكی مەحمود پاشای بابان بووە مایەی ئەوەی مەولانا سلێمانی بەجێبهێڵێ‌ ،ئەوەش دوای ئەوەی هەستیكرد كەمەولانا مەترسیە لەسەر میرنشینەكەی بەڵام محمود پاشا هەستیكرد كەلەلایەن موریدو مەنسوبەكانی مەولاناوە لەسلێمانی دژایەتی پاشاكانی بابان دەكرێت ،وە بەم هەنگاوە دەیویست ئەو دژایەتیە نەهێڵێ‌ و سۆزی پەیڕەوانی تەریقەتی نەقشبەندی بەلای خۆیاندا ڕابكێشێ‌ یان هەرهیچ نەبێت دژایەتی دەسەڵاتەكەی نەكەن ،ئەم هەنگاوەی محمود پاشا هەنگاوێكی سیاسی بوو بەرامبەر مەولانا نواندی، چونكە دەیزانی تەریقەتەكەی رۆژ لەدوای رۆژ لەگەشەكردندایە ،بەتایبەتی لەناوەندە زانستیەكان وخەڵكی بازارو بازرگانەكان وچینە باڵاكانی كۆمەڵگا وئەو توێژانەی كە ئاستی خوێندەواریان بەرزبوو،ئەگینا مەحمود پاشالەژێرەوە پشتگیری رێبەرانی تەریقەتی قادری دەكرد بۆ دژایەتیكردنی مەولانا، كاتێك مەولاناش هەست بەم سیاسەتە دووفاقییەی مەحمود پاشا دەكات زۆربێزاردەبێت لەلایەكی ترەوە میرانی بابان دەیانویست ئەم بزاڤەی نوێیەی مەولانا دەستەمۆبكەن لەبەرژەوەندی خۆیان وبیخەنە خزمەت دەسەڵات بۆ ئەوەی هیچ بزاڤێك نەمێنێ‌ لەژێر قەڵەم ڕەوی بابانەكاندا پرسیار لەرەوایەتی ئەو دەسەڵاتەبكات و داوای عەدالەتخوازی لەبابانەكان بكات لە پیادەكردنی دەسەڵاتیانداو سنورێك دابنێ‌ بۆ ئەو زوڵمەی كەلەخەڵك دەكرا، هەوڵەكانیان لەم ڕووەوە سەری نەگرت و دوای ئەوەی مەحمود پاشای بابان نەیتوانی مەولانا و تەریقەتەكەی كۆنترۆڵ بكات بۆ بەرژەوەندی خۆی و مەولاناش ملی نەدا بۆ بابانەكان وەلەلایەكی ترەوە مەولاناش دڵنیابوو لەمەرامەكانی مەحمود پاشاو ئەو سیاسەتە دوو فاقیەی كەپەیڕەوی دەكرد بەرامبەری، بۆیە محمودپاشاجارێكی تر كەوتەوە ژێر كاریگەری تۆمەتەكانی شێخ مارفی نۆدێ‌ و تەنگی بە مەولانا هەڵچنی ومەولانای ناچاركرد لەساڵی 1820 ز وەك كلۆدیس جیمس ریچ باسی دەكات سلێمانی بەیەكجاری سلێمانی بەجێبهێڵێ‌ ،چونكە ئەو رۆژە كە دەكاتە 20/10/1820 ریچ لە سلێمانی بووەو دەنوسێ‌ (ئەم بەیانیە شێخ خالیدی گەورە هەڵات و سەرباری غافڵ گیری و نهێنی هەڵاتنەكەی هەرچوار ژنەكەشی لەگەڵ خۆیدابرد هێشتا نازانین رووی لەكوێ‌ كردووە) ریچ لەدرێژەی باسەكەیدا باس لەگەورەیی مەولانا دەكات لەناومیرانی باباندا بە شێوەیەك كە میرەكانی بابان بەپێوە لەبەردەمیدا دەوەستان و قلیانیان بۆ تێدەكرد ،كەچی لەناكاودا پەیوەندیان لەگەڵیدا تێكدا وناچاریان كرد كە شاربەجێبهێڵێ‌ و بەدویدا چەندەها تۆمەتی خراپەكاری بدەنە پاڵی، ئەم دەرچوونەی مەولانا لە سلێمانی.دوا كۆچی دەبێت و جارێكیتر نەگەرایەوە لەسلێمانی.
تۆمەتی ئایینی
دژایەتی شێخ مارف بۆ مەولانا خالید پەیوەندی بەدەسەڵاتی رۆیشتوی خۆیەوە هەبووە وەك سەرۆك عەشیرەتی بەرزنجە و تەریقەتی دەسڕۆیشتوی ناوچەی سلێمانی بەڵام تۆمەتەكانی شێخ مارف تۆمەتی ئایینی بوون كە مەولانای پێ‌ تۆمەتبار دەكردو بە(كژاب و مبتدع) ناوی دەبرد، دیارە هەردەبێت پیاوی ئاینی تۆمەتی ئاینی و فاڵچێتی و بیدعە چێتی و دوركەوتنەوە لەبنەماكانی شەریعەت بدەنە پاڵ بەرامبەرەكەیان بۆ لاوازكردنی پێگە ئایینیەكەی و گومان دروست كردن لەو پەیامەی كە مەولانا هەڵی گرتبوو و بانگەوازی بۆ دەكرد، نەك باسكرنی حەقیقەتی ململانێكە، كەمەولانا دەیویست ریفۆرمێكی ئایینی بكات و دادپەروەری كۆمەڵایەتی بڵاوبكاتەوە لەبەرامبەر ئەو جۆرە هەڵسوكەوتەی پەیڕەوانی قادری كەتەریقەتەكەیان تەنها بوو بووبە كۆكردنەوەی خەڵك دوور لە پەیڕەوكردنی ڕێبازێكی زانست خوازی كە لەدەرئەنجامدا دەكەوتنە ژێر كاریگەری میرانی بابان و دەبوون بەئەداتێك بەدەست بابانەكانەوە بۆ پەردەپۆشكردنی ئەو سیاسەتە ناعەدالەتییەی كە لەو سەردەمەدا پەیڕەویان دەكرد،بۆیە زۆربەی زانایان و خەڵكی شارو كاسبكارو بازرگانەكان پشتگیریان لەمەولانا دەكرد و لەماوەیەكی كەمدا تەریقەتەكەی بەهەموو ناوچەكاندا بڵاوبۆوە چونكە رێبازی نەقشبەندی خالیدی بەوە دەناسرێ‌ كە رێبازێكە لەشارەوە دەستی پێكرد واتە رێبازێكی ئاینی شاریەوە لەسەرەتادا تەنها خەڵكی خوێندەوار لە تەریقەتەكە وەردەگیرا هەروەك مەولانا لەنامەیەكیدا بۆ یەكێك لە موریدەكانی دەنوسێ‌ و دەڵێ‌ (تەنها زانا پایەدارەكان دێنە ناو ئەم تەریقەتەوە) ،لەلایەكی تریشەوە مەولانا بەردەوام ئیرشادی خەلیفەو موریدەكان دەكرد كە دەبێ‌ دووربن لەدەسەڵاتەوەو خۆیشی خاوەنی هەیبەتی تایبەتی خۆی بووە لەبەردەم دەسەڵاتداراندا هەروەك لەباسەكەی ریچدا ئاماژەمان پێدا كە چۆن میرانی بابان لەبەردەمیدا دەوەستان وقلیانیان بۆ تێدەكرد، دیارە بێزاری خەڵكیش بەرامبەر بابانەكان كەسەرانەیەكی زۆریان خستبۆوە سەرخەڵك و دەسەڵاتێكی ناڕەوایان بەرامبەرخەڵًكی بازاڕ پیادە دەكرد،ئەمەش بووە مایەی ئەوەی مەولانا ببێت بەو رێبازەی كەخەڵكی رووی تێدەكرد وەك ئەڵتەر ناتیڤێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی بۆ رووبەرووبونەوەی ستەمی دەسەڵاتدارانی بابان .
مەولانا لەبەغدا:
لەبەغدا مەولانا خەلیفەو مورێدێكی زۆری هەبوو،تائەو رادەیەی كە سەعید پاشای والی بەغدا و داود پاشای جێنشینی خۆیان بەموریدی مەولانا پیشاندەدا،دیاربوو ئەمانیش هەروەك مەحمود پاشای بابان دەیانویست كۆنترۆڵی رێبازەكەی بكەن و وەك بزوتنەوەیەك بەكاری بهێنن بۆ بەرژەوەندی خۆیان بۆ بێ‌ هێزكردن وپارچە پارچەكردنی میرینیشی بابان،بەڵام دوای ئەوەی ئەوئامانجەی ئەوان ویستیان لەلایەن مەولانا وبزوتنەوەكەیەوە نەهاتە دی سیاسەتی والی بەغدا بەرامبەر مەولانا گۆڕاو عوسمانیەكان دەستیانكرد بەسیاسەتێكی سەركوتكردن و چەوساندنەوەی رێبەرو یارانی تەریقەتی خالیدی،بۆیە هەرئەو كۆنە موریدەی مەولانا (داود پاشا) كەپێشتر (باب العالی) دڵنیا دەكردەوە كە مەولانا خاوەنی ڕێبازێكی خواناسیە و هیچ ئامانجێكی سیاسی نییەو ڕێبازەكەشی بەرێبازێك دادەنا كەلەبەرژەوەندی دەسەڵاتی مەركەزی ئەستانەیە، لەناكاو هەڵوێستی گۆڕاو كەوتە تەنگ پێهەڵچنینی مەولانا تاناچاری بكات بەغدا بەجێ‌ بهێڵێ‌،بۆیە مەولانا ناچار یەكێك لەخەلیفەكانی بەناوی (عەبدو رەحمان ئاكرەیی) ناردە دیمەشق بەمەبەستی بلاوكردنەوەی ڕێبازە كەی و رەخساندنی بارودۆخەكە بەمەبەستی كۆچكردنی یەكجاری مەولانا بۆشام وەبەدوای ئەم خەلیفەیەدا خەلیفەیەكی تری بەناوی (ئەحمەد ئەلخەتیب) هەولێری نارد كەكەسێكی بە تواناتربوو لە بەجێهێنانی ئەركەكەیدا وسەركەوتنی باشی بە دەستهێنا كەهەموو سەرچاوەكان كۆكن لەسەرئەوەی كە (ئەحمەد ئەلخەتیب هەولێری) توانی ڕێبازەكەی مەولانا بەرێتە دیمەشقەوە وتوانی چەندەها كەسایەتی دیاری ئەو شارە بهێنیتە ناو تەریقەتە كەیە وە لەوانە موفتی حەنەفی شار(حسێن المورادی) و دروستكردنی پشتیوانیەكی گەورە بۆ ڕێبازی نەقشبەندی خالیدی دوای دروست كردنی ئەم پشتیوانیە و رەخساندنی هەلومەرجی ئایینی و سیاسی وكۆمەڵایەتی لەشامدا و لەسەر راسپاردەی موفتی شار(ئەحمەد هەولێری) داوای لە مەولاناكرد كۆچ بكات بۆ دیمەشق مەولاناش داواكەی قبوڵ كردوو لەساڵی 1228ك ،1823ز لەگەڵ چواردە خەلیفەی خۆی وكۆمەڵێكی زۆر لە موریدو مەنسوبەكانی و ژن و منداڵەكانی كۆچی كردە شام،ئەم بەرنامەیەی مەولانا لەناردنی خەلیفەكانی بۆشام بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی رێبازەكەی و رەخساندی هەلو مەرج و بارودۆخەكە بۆ كۆچ كردنیان بۆ شام دادەنرێت بەپیادەكردن و دوبارەكردنە وەی ڕیبازی پێغەمبەری ئیسلام كاتێك لە مەككە رككەبەرەكانی لە خزمەكانی خۆی تەنگی پێهەڵدەچنن و دەكەونە چەوساندنەوەی و داپڵۆساندنی خۆی و یارانی ,چەند كەسێك لە یاوەرانی دەنێریتە یەسریب (مەدینە) بەمەبەستی بڵاوكردنەوەی ڕێبازەكەی و دروستكردنی پشت وپەنایەك بۆ ئایندەی ئاینەكەی و كۆچكردنی هاوەڵانی بۆ ناوچەیەكی ئارامی وەك مەدینە و كردنی مەدینە بە بنكەی بڵاوكردنەوەی ئاینی ئیسلام, ئەم هە نگاوەی مەولانا وبریاری كۆچكردنی بۆ شام هەنگاوێكی سەركەوتوو و بڕیارێكی راست بوو, چونكە هەلو مەرجە سیاسی و كۆمەڵایە تیەكەی دیمەشق گونجاو بوو بۆ بڵاوكردنەوەی ڕیبازەكەی مەولانا وە بەگەیشتنی مەولانا بۆ شام لە لایەن زانایان و ناودارانی شارەوە پیشوازیەكی گەرمی لێكراو مەولاناش چەندەها كۆڕو كۆبونەوەی لەگەڵ كۆمەڵێك زانای ناودار و پایەبەرزی دیمەشقدا بەست بەمەبەستی سەلماندنی راستی و دروستی ئەو كێشەیەی كە لە پیناویدا كۆچی كردووە, مەولانا لە شامدا هەستی بە ئاسودەییەكی زۆر دەكرد چونكە هەموو جۆرە فشارێكی ئایینی و سیاسی لەسەر نەما بەتایبەتی ئەو تۆمەتە ئایینیانەی كە ڕێبەرانی ڕیبَازە ئایینیەكان بۆیان دروست دەكرد بۆیە دەستیكرد بە ئاوە دانكردنەوەی مزگەوتەكانی شام و دروستكردنی خانەقای خالیدی لە ڕێگای خەلیفە و زانایانی سەر بە تەریقەتەكەی .
دیار بوو شام دەمێكە خامۆشە و هیچ بزاڤێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی تیا یداسەری هەڵنەدابوو,بۆیە خەڵكی شام زۆر بە پەرۆشەوە پێشوازیان لە ڕێبازەكەی مەولاناكرد, ولە لایەن بنەماڵەیەكی گەورە وناودارەوە بەناوی (بنەماڵەی غەززی) هەموو هەلومەرجێكیان بۆ رەخساند بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێبازەكەی و لە مزگەوتی (بەنی ئومیە)پێشوازی لێكرا كە یەكیكە لە مزگەوتە گەورە و ناودارەكانی جیهانی ئیسلامی كە لە لایەن بنەماڵەی ناوبراوە وبەڕیوە دەبرا وسەرۆكی بنەماڵەكەش خوشكێكی خۆی بەناوی (عائیشە) لەمەولانا مارەكرد، بەم شێوەیە مەولانا خزمایەتی لەگەڵ یەكێك لەگەورەترین بنەماڵەكانی شامدا پەیداكرد كە ئەمەش زیاتر بواری بۆ ڕەخساند بۆ بڵاوكردنەوەی ڕێبازەكەی،ئیتر مەولانا خالیدیش لەمیوانێكی كۆچ كردووە بوو بە خاوەن ماڵ لەشامدا.

رۆڵی مەولانا لەسەقامگیركردنی شامدا

بەچەند ساڵێك پیش گەیشتی مەولانا بۆ شام ئەوشارە لە حاڵەتێكی نائارامی و ناجیگیردا دەژیا و خەڵكەكەی دڵنیا نەبون لە سەروماڵیان وهێزیكی لۆكاڵی ئەوتۆ نەبوو كەئەو مەترسیانە بڕەوینێتەوە كەلە دەرەوە هەڕەشەیان لە شام دەكرد. سەرەرای ئەم مەترسیانە دەسەڵاتداران لەبری بەرگریكردن لە شارەكەیان دەسەڵاتێكی ستەمكارانەیان دامەزرا ند بولە ساڵی1810ز حاكمی عەككە (سولیمان پاشا) بە هاوكاری حاكمی (جەبەل لوبنان) و بە پشتگیری و هاریكاری بە كرێگراوەكانی دروز ومارۆنیەكان دیمەشقیان داگیر كرد، وەهەروەها جارێكتر لە ساڵی 1820ز بە هاوكاری هێزەكانی بەشیری دووەم حاكمی (جەبەل لوبنان)پەلاماری دیمەشقیاندا، واتە پێش دووساڵ بەگەیشتنی مەولانا خالید هێزەكانی حاكمی (جەبەل لوبنان) كە دەوروبەری دیمەشقیان گرتبوو حاڵەتێكی نائارامیان بۆ ئەو شارە دروست كردبوو و خەڵكی دیمەشق هەستیان بەزەلیلی دەكرد بەرامبەر مەترسی هێزێكی ناموسڵمان كەبەردەوام هەڕەشەی داگیركردنی لەدیمەشق دەكرد،ئەم بێزاریەش لەكتێبی (ردالمختار) ی (ئیبن ئەلعابیدین) قازی دیمەشقدا دەردەكەوی كەلە سیەكانی سەدەی نۆزدەدا نوسراوە و خۆیشی یەكێك بووە لەخەلیفەكانی مەولانا،مانەوەی مەولانا لەشام جێگەی رێزو حورمەتێكی زۆری خەڵكی شامبوو لەناو هەموو چین وتوێژەكان، چونكە مانەوەی مەولانا دەبووە مایەی زیندوكردنەوەی گیانی ئاینی لەناو خەڵكدا لەرێگای بڵاوكردنەوەی تەریقەتەكەی كەگیانی بەرگریكردنی لەناوخەڵكدا دروست دەكرد بەرامبەر دوژمنانی شام ئەوەش فاكتەرێكی بەهێز بوو لەرووبەروبونەوەی هێزە ناموسوڵمانەكانی دەوروبەری دیمەشق كە بەردەوام هەرەشەیان لێدەكردن،لەگەڵ ئەو رۆڵە گەورەیەی مەولانا لەشامدا لە دروستكردنی گیانی بەرگریكردن لەناو خەڵكداو ئاوەدانكردنەوەی شار و رێكخستنی توانای زانایان و خەڵكەكەی كەچی مەولانا خۆی ڕازی نە بووە لە دە رەنجامی كارەكانی وەك لە یە كێك لە دەستنوسە كاندا دەردەكەویت كاتێك نامەیەك دەنێری بۆ مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە لە كۆیە وتیایدا دەڵی (من لە باشترین حاڵدام ,بەڵام دڵتە نگم بەوەی بیدعەیەكی زۆر خراپ لەم وڵاتە دا هەیە.. سەرەرای ئەوەی كە یاوەرانمان پێم دەڵێن بە هاتنی ئێمەدەیەكی ئەو بیدعە خراپانەماوە دە ستنوسی ژمارە (728 ya پەرەی 20ب _21أ) ئەمەش دەریدەخات پێش گەیشتنی مەولانا بەشام تێگەیشتن و پەیڕەوكردنێكی نادروست بۆ ئایین هەبووە و خورافاتێكی زۆر لەشامدا بڵاوبوەتەوە و بزوتنەوەیەكی زانستخوازی نەبووە ڕووبەڕووی ئەو بارودۆخەبێتەوە، مەولاناش بەگەیشتنی بەشام دەستی كرد بەسڕینەوەی پاشماوەی ئەو خورافاتانە لەڕێگای بڵاوكردنەوەی ڕێبازی نەقشبەندی كەدواتر ئەم ڕێبازە ناسرا بەڕێبازی زانستخوازان (گریقە أهل العلم) وە مەولاناش لەناو ئەهلی تەسەوفدا بە دووباڵ (ژی الجناحین) ناسرا كە بەدەستەواژەی سۆفیەكان: باڵی شەریعەت و باڵی حەقیقەت.

ئەم هەوڵانەی مەولانا لە هەڵكەندنی عورف و عادەتی خراپی شام و زیندوكردنەوەی ئاكارە بە رزە كانی سوننەت هەروەك بگرس أبو مانح باسی دەكات هۆكاری ئەوە بوو كە نوسەران وشاعیرانی دیمەشق مەولانا بە تازەكەرەوەی (مجدد) سەدەی سیازدەی كۆچی ناو ببەن و كاتَێكیش بە هۆی تاعونەوە لەساڵی 1827ز كۆچی دوایی كرد لە نوسینەوەی شیعرە كانیاندا بە تازە كەرەوەی سەدە ناویان دەهێنا.
بە هەر حاڵ مەولانا لە دیمەشق هەستی بە ئاسودەییەكی زیاتر دەكرد بە پێچەوانەی ئەو كاتانەی لە سلێمانی و بەغدا بانگەوازی بۆ تەریقەتەكەی دەكرد. هۆكاری ئەوەش پشتگیری بێ‌ وینەی زانایان و كەسایەتیە دەسترۆیشتوو ناودارەكانی دیمەشق بوو،لە لایەكی ترەوە دەسەڵاتَێكی لۆكاڵی ئەوتۆ لە دیمەشقدا،نەبوو كەڕێگە لە بڵاوبونەوەی تەریقەتەكەی بگرێت و ترسی لە دەسەڵاتەكەی هەبێت لە بەرامبەر ئەو هەژمونەی كە مە ولانا لە شامدا پەیدای دەكرد.
ئەم بارودۆخە لە بارەی دیمەشق هەلێكی باشی رەخساند بۆ مە ولانا بۆئە وەی لە دیمەشقەوەدەستبكات بە بڵاوكردنەوەی تەریقەتەكەی بە هەمو وڵاتانی شامدا,بۆ ئەو مەبەستەیەكیك لە خەلیفەكانی ناردە قودس وە لەوێ‌ پێشوازیەكی گەرم لە تەریقەتەكەی كراو موفتی قودس(تاهیر ئەلحوسەینی) دێتە ناو تەریقەتەكەیەوە. بۆیە مەولانالە یەكیك لە نامە كانیدا بە موریدێكی موخلیس ناوی دەبات وەك لە كتێبی (بغیە الواجد) دا هاتووە, وە بەهەمان شێوە تەریقەتەكەی دەگاتە (تەرابولس).

بڵاوبونەوەی تەریقەتەكەی لە ئەستەنبوڵ

پێش مەولانا خالید تەریقەتی نەقشبەندی لە ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا هەبووە. وگەیشتنی ئەو تەریقەتە بەسەرزەمینی عوسمانی بەتایبەتی ئەستەنبول دەگەریتەوە بۆزیاتر لە سەدەیەك پێش ئەوەی مەولا خالید هەوڵی بڵاوكردنەوەی بدات لە پایتەختی عوسمانیدا.گەیشتنی نەقشبەندی بە ئە ستەنبوڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1681ز ئەویش لە ڕێگای یەكێك لە كوڕەكانی سەرهەندی نەقشبەندیدا,هەروەها لە سەدەی هەژدەدا پیرێكی كوردی ئەو تەریقەتە بە ناوی (محمد امینی كوری ئیسماعیل ) رۆڵی كاریگەری هەبووە لە بڵاوكردنەوە نەقشبەند یدا لە ئەس تەنبوڵ. وئەو قۆناغەش دادەنرێت بە شەپۆلی دووەمی بڵاوبونەوەی تەریقەتی نەقشبەندی لە ئەستەنبوڵ, بەڵام لەم قۆناغەشدا نەقشبەندی بە شێوەیەكی سنوردار بڵاوبووە و لە نێو خەڵكی نوخبە و چینە باڵاكانی كۆمەڵگادا بوو .
سەرەتای گەیشتنی تەریقەتی نەقشبەندی خالیدی بۆ ئەستەمبول دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1819 ز ، وە لەماوەیەكی زەمەنی كەمدا تەریقەتەكە بڵاو بویەوە بە توركیادا و مێژوو نوسانی عوسمانیش وەك سلێمان فائق احمد لگفی كە یەكەمیان خۆی دژی تەریقەتی خالیدی بوو، هەروەها احمد لگفی باس لەوە دەكەن كە یارانی تەریقەتی خالیدی زۆر بە پەرۆشەوە و بە حەماسێكی زۆرەوە تەریقەتەكەیان بڵاو دەكردەوە و سەرەتای بانگەوازەكەشیان لەناو كوردەكانی رۆژ هەڵاتی توركیاو كوردەكانی ئەستەنبوڵدا بڵاو بویەوە ، وەچەندەها زانای گەورەی وەك مەكی زادە چونەتە سەر تەریقەتەكەی كە پلەی (شیخ الاسلام) هەبووە لە دەوڵەتی عوسمانیدا واتە گەورەترین موفتی دەوڵەتی عوسمانی هەروەها مستەفا عاصم كە قازی گەورەی ئەستەمبول بووە، بەڵام رێبەران و یارانی مەولانا خالید بەهۆی ئەم سەركەوتنەیانەوە بەردەوام رووبەرووی فشارێكی زۆر دەبونەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی لەلایەن رێبەرانی تەریقەتەكانی تر لە ئەستەمبول لەلایەكی ترەوە هەروەك مێژوو نوسانی عوسمانی باس دەكەن كە بەشێك لە رێبەرانی تەریقەتەكانی تر ئامادەبون بۆ دژایەتی كردنی تەریقەتی خالیدی تارادەی بەكارهێنانی هێزو توندو تیژی و دەیانویست ئەگەر بەزویش بێت نوێنەرەكانی مەولانا خالید لە ئەستەمبول دەرپەرێنن، ئەگەر چی دواتر بەبریاری سوڵتان هەندێك لەو بانگخوازانەی نەقشبەندی خالیدی یان، لە ئەستەمبول دورخستنەوە ، بەڵام كاریگەری نەبوو لەسەر رەوتی بەرەو پێشەوە چونی تەریقەتەكە، بۆیە جارێكی تر هەڵیاندا لەرێگەی یەكێك لەبانگخوازەكانی تەریقەتی خالیدیەوە درزبخەنە ناو تەریقەتەكەوە.
كاتێك (عبدالوهاب سوسی) هەوڵیدا لقێك لە تەریقەتی خالیدی جیا بكاتەوە بەناوی خۆیەوە و رێچكەیەكی نەقشبەندی دروست بكات بەناوی تەریقەتی نەقشبەندی سوسی وە لەم هەنگاوەیدا پشتگیری زۆرایەتی دەكرا بەتایبەتی لەلایەن ( كورجو نەجیب افندی) كە دەسەڵاتداری ئەستەمبول بووە و خۆیشی یەكێك بوو لە شوێن كەوتوانی خالیدی، بەڵام مەولانا خالید بە پشتگیری و هاوكاری مو فتی و زانایانی دیمەشق ئەم هەوڵەی سوسی هەرەس پێهێنا، وە مەولانا بۆ یەكەم جار لەژیانیدا وەك عبدالمجید خانی باسی دەكات دوو جار نامە دەنوسێ‌ بۆ ئەستەمبول و باسی عبدالفتاح سوسی دەكات و بەكەسێكی سەرلێشێواو و دەرچوو لەتەریقەت وەسفی دەكات، وەهەر لەنامەكەیدا مەولانا دەڵێ‌ ئەگەر چی لە عادەتی من نیە نامە بنوسم بۆ دەركردنی كەس، بەڵام بە هۆی رەفتارە پلان گێریەكانی عبدالفتاح ناچار بوم خۆم ئاگادارتان بكەمەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەكتان دڵنیابن ، بەم شێوەیە مەولانا خالید توانی تەریقەتەكەی بە یكگرتووی بپارێزێ‌ و بتوانێ‌ بەهەموو سەر زەمینی دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاویبكاتەوە.

رۆڵی مەولانا بۆ ئایندەی كورد
لێرەدا بۆمان دەردەكەوێت مەولانا رابەرێكی گەورە و بەتوانا بووە و لەرابەرایەتی رێبازێكی ئایینی و كۆمەڵایەتی و كاتێكیش و یستویەتی پرئاژاوە لێك ترازاوی وەك شام سەقام گیرو بەهێزبكات زۆر بەسەركەوتویی توانیویەتی سەرەرای گەرانەوی ئارامی بونیادی بەهێزیشی بۆ دروست بكات چونكە سەرەڕای بڵاوكردنەوەی رێبازەكەی لەدیمەشقدا چەندێك ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لەچەسپاندنی بارودۆخێكی سەقامگیر لەو ولاتەدا وچۆن توانی گیانی بەرگریكردن لەناوخەڵكدا دروست بكات دژبەو دوژمنانەی كەچەندجارێك داگیریان كردبوو لەوكاتەشدا كە مەولانا گەیشتە شام لەدەروازەكانی شارەوە هەڕەشەی داگیركاریان لێدەكردن، بۆیە جێگیربونی مەولانا لەشامدا فاكتەری سەقامگیری و ئۆقرەیی بوو لەو وڵاتەدا و تیایدا هاوڵاتیان هەستیان دەكرد ئەو مەترسیانەی كە هەرەِشەیان لەژیان و كەرامەتیان دەكرد رەویوەتەوە، ئەمەش ئەو نوكتەیەیە كەنهێنی ئەوپاڵپشتیە گەورەیە دەردەخات كەلەلایەن زاناو خەڵًكی ناودار و بنەماڵەگەورەكانی شام و خەڵكی ئاسایی لەمەولانایان دەكرد، وەلێرەدا ئەومەسەلەیەش زۆر گرنگە بوروژێنرێت ئەویش لەوپرسیارەوە دەستپێدەكات ئایا مەولانا لەكوردستان بمایەوە و دەسەڵاتی ئەوكاتەی كوردی بەربەستیان لەبەردەم بڵاوكردنەوەی ڕێبازەكەیدانەكردایە چ ڕۆڵێكی دەبینی بۆ ئایندەی كورد؟ ئایاڕۆڵێكی گەورەی نەدەبینی لەپاراستنی ئەو قەوارەیی كە بابانەكان دروست كردبوو كە بەماوەیەكی كەم دوای مەولانا لەناوچوو؟ ئایامەولانا نەیدەتوانی ئەو قەوارە یە فراوان بكات بەجۆرێك بتوانێ‌ سنوری میرنشینەكە هیچ نەبێ‌ ئەو كوردستانەی ئێستا بگرێتەوە و گیانی نیشتمانی و بەرگریكردنیشی بۆ دروست بكات وبیكات بە قەوارەیەكی ئازاد و سەربەخۆ بەتایبەتی كە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی لەكاتەدا بەرەو ئاوابون دەچوو ،ئێمە دڵنیاین لەوە مەولانا زۆر لەوە گەورەتریش بووەكەبتوانی ئەو كارانە بكات و ئەو قۆناغەش دەبوو بەوەرچەرخانێكی گەورەی مێژوویی لەبەرژەوەندی نەتەوەی كورد وەئێستای كوردستانی باشوریش بریتی نەدەبوولە مشتومڕو وشەڕكردن لەسەر فیدڕالیەت و دیاریكردنی سنوری هەرێمی كوردستان بەڵكو قسەكردن بوو لەسەر رۆڵی گەورەی كورد لەسەر رووداوەكانی ناوچەكەو ئەو كاریگەریەی كەدەیبوو لەسەر رەوەتی رووداوەكان؟
بۆراستی و دروستی ئەم بوچونەشمان كە مەولانا زۆر لەوەگەورەترە قسەی لێكۆڵەری گەورەی عێراق (عەباس عەزاوی) دەهێنینەوە كەلەباسی مەولانا خالید دا دەڵێت : مەولانا كەسێكی ناوازەبوو لەئاكاریدا، تاك و بێ وێنەبوو لەئازایەتی و پیاوەتی و سەخاوەتدا، توانای عەقڵی و پێشبینی كردنی بێ‌ سنور بوو، لەخۆڕاگری و ئارامیدابێ‌ كۆتابوو تواناو دانایی تەواوی هەبوو بۆ ئەوەی بتوانێت سەر لەنوێ‌ دەوڵەتی عوسمانی زیندوو بكاتەوە وەلە قالبێكی نوێدا دای بمەزرێنێتەوە بەتایبەتی لەو حاڵەتەدا كە لاوازی و پوكانەوە و نەخۆشی سەرتاپای جەستەی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی گرتبوە،بەڵام مەولانا لەبەرهەر هۆكارێك بێت و ئەوكارەی نەكرد) ئایا كەسێك ئەوەندە بەتوانابێت ئیمبراتۆریەتێك كە لە وكاتەدا بە پیاوە نەخۆشەكە ناوزەند دەكراووجیهانی ئیسلام و بەشێك لەجیهانی رۆژ ئاواو لەژێر قەڵەم رەویدا بووبێ‌ و ئێستا لەئاوابوندابێ‌ كێ‌ هەیە بتوانێت لەبەردەمیدا بوەستێ ڕێگە لەهەرەسی ئەم دەوڵەتە زەبەلاحە بگرێت كە بەرەو ئاوابوون دەڕوات، ئەوەتەنها ئەو پیرە كوردەیە دەیتوانی بەر لەو هەرەسە بگرێت كە لەوڵات و شارەكەی خۆیدا دوای تۆمەتبار كردنی بەچەندەها ناوناتۆرەی ئایینی شاربەدەركرا و نەیانهێشت ئایندەیەكی گەورە بۆ گەلەكەی مسۆگەر بكات.
هەروەها د.بتروس ئەبومانح كەخاوەنی باشترین تێزی دكتۆرایە لەسەر مەولانا خالید لە زانكۆی ئۆكسفۆرد لەباسی مەولانادا دەڵێت مەولانا بەوە نەناسراوە كە نوسینێكی زۆری هەبێ‌، بەڵكو پیاوێك بوو توانایەكی بەرزی هەبوو لەریكخستین كارەكاندا، هەروەها د. بتروس باس لەوەدەكات كە مەولانا لەسلێمانی لەلایەن شێخ مارفەوە بەوە تۆمەتباركراوە كەتموحی سیاسی هەیە كە دەستگرتنە بەسەر دەسەڵاتدا وەلە ئەستەمبوڵیش

مەولانا تۆمەتباردەكات كەحەزی لەدەسەڵاتە، دیارە ئەمەش مانایەكی تر دەدات بەڕێبازەكەی مەولانا كە مەولانا تەنها ئامانجێكی ئایینی، سۆفیگەری نەبووە، بەڵكو ئاسۆی بیركردنەوەی مەولانا لەوە فراوانتر بووە و ویستویەتی شتێكی نوێ‌ دروست بكات بۆ ناوچەكە كەلەپێش ئەوەوە نەكرابێت، بەڵام كاتێك دەسەڵاتدارە سیاسی و ئاینی یەكانی كورد نەیان هێشت مەولانا بەو ئاراستەیەی خۆی دیاری كردبوو بەمەبەستی هێنانەدی ئەو ئامانجانە بروات دواتر مەولانا وازی لەو تموحە سیاسیە هێناوبەیەكجاری میرنشینەكەی بەجێهێشت و دواتر لەشام كاری كرد بۆ سەقامگیری بارودۆخی شام هیچ كارێكی تری نەكرد بێجگە لە بڵاوكردنەوەی رێبازەكەی.

سەرچاوەكان:
1-الحدائق الوردیە فی حقائق أجلاْ النقشبندیە تألیف عبدالمجید بن محمد الخانی ، الگبعە الپانیە،منشورات أراس رقم 166 أربیل 2002.
2-الحدیقە الندیە فی أداب الگریقە النقشبندیە تألیف محمد بن سلیمان البغدادی، المگبعە العلمیە بمصر 1310 ه.
3-شهرزور السلیمانیە (اللوا‌و و المدینە) المحامی عباس العزاوی ،راجعه وعلق علیه وقدم له محمد علی القرداغی، الگبعەالاولی بغداد 1420 ه -2000 ز .
4-البهجە السنیە ، تألیف محمد بن عبدالله الخانی گبعە أوفسیت وقف الاخلاص ،توركیا 1996 .
5-گەشتی ریچ بۆ كوردستان 1820 نوسینی كلودس جیمس ریچ وەرگێرانی لە عەرەبیەوە محمد حەمە باقی چاپی یەكەم ئێران-تەورێز-1992.
6-النقشبندیە المجددیە فی الاراچی العپمانیە فی بدایە القرن التاسع العشر ،بگرس أبو مانح ،ترجمە عن ئینگلیزیە هوراز سوار، مجلە گولان العربی العدد 27 اب 1998 .

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …