Home / بەشی مێژووی كورد / ناوە کوردیەکان لە شەقامەکانی قاهیرە دا

ناوە کوردیەکان لە شەقامەکانی قاهیرە دا

 

ناوە کوردیەکان لە شەقامەکانی قاهیرە دا

FB_IMG_1464243459364

نوسینی:عەبدوڵڵا عاڵایی
قاهیرە، بەو پێیەی لە سەردەمانی دەوڵەتی (فاتمیی)و دەوڵەتی (ئەیوبیی)دا، پایتەختی فەرمانرەوایەتیی بووه، دواتر (محمد علی پاشا) و كوڕەكانی، بۆ بنیاتنانی دەوڵەتەکەیان، بە شێوەیەكی بەرفراوان پشتیان بە كوردەكان بەست، بۆیە زۆر سروشتییە كە قاهیرە دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی زۆرێك لە كوردەكان. ساڵی2011ز، بۆ كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتیی كە ئەزهەری شەریف سەرپەرشتیی دەكرد، داوەتی قاهیرە كرابووین، دوای سێ‌ رۆژ لە بەشدارییكردن، دەرفەتمان بۆ گونجا، تا شوێنەوارە دێرین و ئارامگە ئایینیەكانی میسر و هەڕەمەکان، بەسەر بكەینەوە.
ئەوەی لە كاتی گەڕان و سوڕانمان بەناو شەقامەكانی قاهیرە و شارەكانی تریش، تێبینییم کردبوو، هەبوونی ناوی (كوردیی)بوو، لەسەر تابلۆی شەقامەكان. ئەو ناوانە “شارع الاكراد _ شارع الكردی _درب الاكراد” بە زەقیی لە قاهیرەدا دەبینرێن، كاتێ‌ دەچیتەوە سەر كتێبەكانی پێوەست بەم بابەتەش، یان پرسیار لە خەڵكی شوێنەكە دەكەیت، دەگەیت بەوەی كە ناوەكە لە فەرمانرەوا یاخۆ زانا یا سۆفییەكی كورد وەرگیراوە كە كاتی خۆی نیشتەجێی ئەو گەڕەك یان شەقامە بوون.
لێرەدا چەند نمونەیەكی ئەو شەقام و شوێنانەتان بۆ باس دەكەم كە بە ناوی كوردانە، ناوزەد کراون: 1_شارع الكردی،(شارع سیدی أحمد عمارە الكردی)یشی پێ دەڵێن، دەكەوێتە گەڕەكی (باب الشعریە) لە قاهیرە. شەقامێكی كۆنە و لە بەڵگەنامەكانی ساڵی (1297ك_1880ز) هاتووە. لەو شەقامە مزگەفت و ئارامگەیەكی لێیە، بە ناوی (سیدی احمد الكردی)ـە، دەڵێن ئەو: سۆفی و یەكێ‌ لە دۆستەكانی خودا بووە، هەر لە هەمان شەقام، تەكیە “زاویە”یەكی لێ هەیە. كاتێ‌ وەفاتی کردووە، هەر لەوێدا نێژراوە و پاشان بە ناوی ویی، مزگەفتی بۆ دروست كراوە، هەروەك شەقامەكە ناوی ئەوی وەرگرتوە. ” دار الوثائق القومیة المصریة، وثائق الازهر الشریف، الكود الارشیفی (001104_5004) ص 110 ” ، “علی باشا مبارك: الخطط التوفیقیة الجدیدة لمصر القاهرة ومدنها وبلادها القدیمة والشهیرة، ج2، المطبعە اڵامیریة ببولاق مصر الطبعە اڵاولی 1304هـ،ص5. 2_شارع الكردی: لە گەڕەكی (البساتین) لە قاهیرە. دەگوترێت یەكەم كەس كە لێی نیشتەجێبووە لە كوردەكان بووە و شەقامەكەیش بە ناوی وییەوە ناونراوە. 3_در الاكراد: لە گەڕەكی (الخلیفە) لە تەنیشت قەڵای (صلاح الدین ی ئەیوبی) لە قاهیرە.
بەڵگەنامە مصریەكان (الوثائق المصریة) لە ساڵی (1297ك_1880ز) ئاماژەی پێداوە. دەڵێن: زۆربەی دانیشتوانەكانی لە كوردەكان بوونە، بۆیە بە ناوی ئەوانەوە ناونراوە. 4_شارع صلاح الدین الایوبی: لە باشووری رۆژهەڵاتی (القاهرە الفاطمیە) لە لای گەڕەكی (السیدە عائشە) دەست پێ دەكات، لە بەرانبەر قەڵاتی (صلاح الدین الایوبی) كۆتایی پێدێت. بەهۆی شوێنە ستراتیجییەكەی كە نزیكە لە شوێنی فەرمانرەوایی سه‌رەکیی لە قەڵاتی صلاح الدین، زۆرێك لە سەرکردە و زوعەمای كورد لێی نیشتەجێبوونە. “
 حمدی ابو جلیل: القاهرة شوارع وحكایات. اصدارات الهیئە المصریة العامة للكتاب_ القاهرە 2011م،ص89_93″ 5_گەڕەك و شەقامی (الموسكی): ناوی ئەو گەڕەكە ڕەسەنە دەگەڕێتەوە بۆ (الامیر عزالدین موسك بن جاكو الكردی) كوڕی خاری (صلاح الدین). ئەمیر موسكی بوو، ئەو پردەی درووست كرد كە ناسراوە بە (قنطرە الموسكی) . شایەنی باسە ئەو شەقامە بە هەرە شوێنە بازرگانییەكان دادەنرێت لە میسر. ابن خلكان: وفیات اڵاعیان، ج3،ص248. المقریزی: الخطط، ص4.المقریزی: السلوك، ج1، ص216 ” ، ” القریزی: الخطط، ج3، ص261_262″ 6_ شەقامی (القصر العینی): ئەو شەقامە بەناوی (كۆشكی العینی) ناو نراوە، شهاب الدین احمد بن عبدالرحیم (ت909هـ _ 1503م) بنیاتی ناوە. شهاب الدین نەسەبی دەگەڕێتەوە بۆ (قاضی قضاة الحنیفە بدرالدین محمود العینی ت800هـ_1451م) كە بنەڕەتیان بۆ (عینتاب)ی كوردستانی توركیا دەگەڕێتەوە. للتافصیل ینظر: حمدی ابو جلیل: مرجع سایق، ص 274_281 7_شەقامی (جمال الدین ابو المحاسن): لە گەڕەكی (جاردن سیتی). ئەو یەكێكە لە سۆفیەكان، الصوفی جمال الدین البو المحاسن یوسف بن عبدالله بن عمر الكردی، الگورانی( تـ 768هـ _ 1367م). خاوەنی نووسراو و دانراوی زۆرە، سەرەڕای تەكیەكانی كە ناودارترین لە (قرافە)ی مصرە.
سعاد ماهر: مساجد مصر واولیاءها الصالحون، ج2، مطبوعات المجلس الاعلی للشؤن الاسلامیة، القاهرة، ص216،ج4،ص213. 8_شەقامی (الشیخ محمد امین الكردی) : لە گەڕەكی (الشرابیە) لە قاهیرە.شێخ محمد امین كەسایەتیەكی ناوداری مصرە، لە بنەڕەتدا خەڵكی هەولێرە و یەكێ‌ بووە لە صۆفیەكانی رێبازی نەقشبەندی و لە مصر بە رابەری نەقشبەندییەكان دادەنرێت، لە زۆربەی سەرچاوە مێژوویی و سۆفیگەرییەكان باس لە ژیانی كراوە. یەكێ‌ لە دیارترین نووسراوەكانی كتێبێکێتی بە ناونیشانی (تنویر القلوب). عائیلەی شێخ هەتا ساڵی 1973م لەو شەقامە نیشتەجێبووینە، ئێستاش نەوەی ماوە و بۆ خۆم لە قاهیرە لە كۆنگرەكە چاوم بە نەوەیەکی كەوت.
ئەوەی باسمكردن نمونەگەلێكی ناوە كوردییەكانن كە شەقام و گەڕەكەكانی قاهیرەی پێ ناوزەد كراون، ئەگەر لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت، هێشتا شەقامی تر ماون، سەرەڕای ناوە كوردییەكان لە شارەكانی تر، كاتێ‌ چووم بۆ (كفر الشیخ) زیارەتی ئارامگەی (سەید ابراهیم دسوقی)عارفی ناودار، لە رێگەدا چاوم بە چەند ناوێكی كوردیی كەوت، بەتایبەت گوندێك كە به (قریة الكردی) تابلۆی بۆ دانرابوو.  بە هیوای دیتنی لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل، لەم بابەتەدا.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

WhatsApp-Image-2019-12-14-at-7.56.45-PM

بارزانیەكان و ڕۆڵی سەركردایەتییان لە بزاڤی ڕزگاری خوازی كوردستاندا

د. دلیر شاوه‌یس   پێشەكی: بارزان ناوچەیەكی”گۆشەگیر”ە دانیشتوانەكەی زۆر بەسادەیی و ساكاری ژیانی ڕۆژانەی خۆیان”دوور” …