Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى جولەکە / مێژووی‌ جوله‌كایه‌تی‌ له‌كوردستان

مێژووی‌ جوله‌كایه‌تی‌ له‌كوردستان

مێژووی‌ جوله‌كایه‌تی‌ له‌كوردستان

هه‌لوێست عومه‌ر قادر _ رۆژنامه‌نوس
مێژووی‌ په‌یدابوونی‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ له‌كوردستان زۆر كۆنه‌‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پێش(2800) ساڵ‌ به‌ر له‌ئێستا كاتێ‌ كه‌ پاشای‌ ئاشوریه‌كان(شه‌لمنصور)جوله‌كه‌كانی‌ مه‌مله‌كه‌تی‌ یه‌هۆدای‌ نه‌فی‌ كرد بۆ شاخه‌ سه‌خته‌كانی‌ كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌گه‌رێنه‌وه‌ بۆ ئیسرائیل، ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ مه‌ملكه‌تی‌ یه‌هۆدا په‌یمانێكی‌ به‌ست له‌گه‌ڵ فیرعه‌ون دا له‌دژی‌ ئیمبراتۆڕیه‌تی‌ ئاشوری‌.
هۆكاری‌ سه‌ره‌كی‌ ناردنی‌ جوله‌كه‌ بۆ كوردستان له‌لایه‌ن ئاشورییه‌كانه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو كه‌ شاخه‌كانی‌ كوردستان سه‌ختن و ئاسان نیه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌و جوله‌كانه‌ بۆ خاكی‌ خۆیان (ئیسرائیل)، ئه‌مه‌ش مانای‌ ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ كۆنترین كۆبونه‌وه‌ی‌ جوله‌كه‌ له‌سه‌ر خاكێكی‌ بێگانه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ كوردستان بووه‌ پاش نه‌فی‌ كردنیان له‌لایه‌ن پادشاكانی‌ ئاشوریه‌وه‌. پاش ئه‌وه‌ پادشا(تیگلات بلاشه‌ری‌ سێهه‌م) له‌ساڵی‌(745 پ ز) ده‌ستی‌ كرد به‌ هه‌ڵمه‌تێكی‌ تری‌ نه‌فی‌ كردنی‌ تری‌ خاكی‌ كوردستاندا، هه‌روه‌ها(سه‌رگۆنی‌ دووه‌م) له‌ساڵی‌(722ـ705) پێش زاینی‌ دا(27280) كه‌سی‌ خه‌ڵكی‌ مه‌مله‌كه‌تی‌ ئیسرائیلی‌ نه‌فی‌ كرد بۆ كوردستان‌و بۆ ئه‌م ناوچانه‌ی‌ خواره‌وه‌(جۆزان خابور، مازی‌، سۆندۆ).
پاش نه‌فی‌ كردنی‌ جوله‌كه‌كان بۆ كوردستان جوله‌كه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ وه‌رگرتنی‌ ره‌زامه‌ندی‌(حاخام) جوله‌كه‌كان بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ له‌كوردستاندا وه‌به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ له‌م كاره‌دا سه‌ركه‌وتوو بوون‌و توانیان خه‌ڵكانێكی‌ زۆر بكه‌ن به‌ جوله‌كه‌ له‌ كوردستاندا ئه‌مه‌ش پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ شاژنی‌ كورد(هێلینا) بوو به‌جوله‌كه‌ ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری‌ حۆی‌ هه‌بوو , ژنی‌(مونوَبازیس) بوو كه‌ پادشای‌ میرنشینی‌(ئه‌دیابین) بوو واته‌ كوردستانی‌ ئێستامان ‌و پایته‌ختی‌ ئه‌م میرنشینه‌ شاری‌(أربیلا) واته‌ هه‌ولێری‌, كاریگه‌ری‌ بوونی‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ جوله‌كه‌ زۆر گه‌وره‌بوو له‌سه‌ر خه‌ڵكی‌ لۆكاڵی‌ كوردستان بۆیه‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ زۆر به‌ خێرایی‌ له‌سه‌رتاسه‌ری‌ كوردستان بڵاوبۆیه‌وه‌
شاژن(هێلینا) زۆر بایه‌خی‌ به‌ ئاینه‌كه‌ی‌ ده‌داو له‌ژیانی‌ دا چه‌ند جارێ‌ چووبو بۆ خاكی‌(ئیسرائیل) بۆ پاك بوونه‌وه‌ وه‌ك به‌شێ‌ له‌باوه‌ڕی‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر خاكی‌ پیرۆز واته‌ ئیسرائیل ئه‌بوایه‌ بچێت بۆ لای‌ (حاخام) و پاكی‌ بكه‌نه‌وه‌، له‌كاتێكدا كه‌ هێزی‌ رۆمانی‌ په‌لاماری‌ ئۆرشه‌لیمی‌ دا بنه‌ماڵه‌ی‌(ئه‌دیابین) خواردنیان نارد بۆ شاره‌كه‌‌و هاوكاریه‌كی‌ تایبه‌تی‌ شاره‌كه‌یان كرد. هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كرێ‌ كه‌ هێلینای‌ شاژنی‌ كورد له‌شاری‌ ئۆرشه‌لیم دا(قه‌سرێكی‌)گه‌وره‌ی‌ دروست كردبوو بۆخۆی‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كاتێ‌ كه‌ سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌ ده‌كات له‌گه‌ڵ‌ دوو كوڕه‌كه‌ی‌ تیایدا بحه‌سێته‌وه‌
كوردستان له‌و كاته‌دا جۆرێك له‌حوكمی‌ زاتی‌ هه‌بووه‌. هێلینا دوو كوڕی‌ هه‌بووه‌(ئئیزاتیس ‌و مۆنۆبازیسی‌ دووه‌م) كاتێ‌ كه‌ هێلینا له‌سه‌ر مردن بووه‌ وه‌سیه‌تی‌ كردووه‌ بۆ كوڕه‌كه‌ی‌ ئیزاتیس كه‌ بیبات له‌ئۆرشه‌لیم به‌خاكی‌ بسپێرێت وه‌ك به‌شێ‌ له‌باوه‌ڕی‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ كه‌ ئۆرشه‌لیم وه‌ك خاكی‌ پیرۆزی‌ خۆیان سه‌یر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئیزاتیس ته‌رمی‌ دایكی‌ ده‌بات و له‌خاكی‌ ئۆرشه‌لیم به‌خاكی‌ ده‌سپێرێت، شایه‌نی‌ باسه‌ كه‌ له‌م دواییه‌دا ته‌رمی‌ شاژن (هێلینا) له‌ئۆرشه‌لیم دۆزرایه‌وه‌ له‌قه‌برستانی‌ پادشاكان كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكی‌ زۆر گرنگه‌ له‌مێژووی‌ میلله‌تی‌ كوردا كاتێ‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوان كورد‌و جوله‌كه‌ چه‌نده‌ به‌هێز بووه‌ كه‌ ئه‌م تێكه‌ڵ‌ بوونه‌ ئاینییه‌ی‌ لـێ‌ دروست بووه‌. پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌(ئیزائیس دووه‌م) جێگه‌ی‌ باوكی‌ گرته‌وه‌ به‌وه‌ ناسرا كه‌ زۆر یارمه‌تی‌ فه‌قیر‌و هه‌ژارانی‌ شاری‌ ئۆرشه‌لیمی‌ ده‌دا‌و بایه‌خێكی‌ تایبه‌تی‌ ده‌دا به‌ جێ‌به‌جێ‌ كردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ ئاینی‌ سه‌رشانی‌ وه‌ك كه‌سێكی‌ جوله‌كه‌, هه‌ر بۆیه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێ‌ كه‌ رۆژێك مۆنۆبازیسی‌ دووه‌م به‌ براكه‌ی‌ (ئیزاتیس) ووتبو (باوكم پاره‌ی‌ زۆر به‌ زه‌حمه‌ت په‌یاكردوو تۆش ئاوا سه‌رفی‌ ده‌كه‌یت؟
به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌توانین بلێین كه‌ ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ كاریگه‌ریه‌كی‌ راسته‌وخۆیان هه‌بوو له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ جوله‌كه‌ له‌كوردستاندا سه‌ره‌ڕای‌ باسكردنی‌ بوونی‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی‌ تری‌ به‌هێز له‌خانه‌قین كه‌ وه‌ك ئه‌وان بووبن به‌ جوله‌كه‌‌و كاریگه‌رییان هه‌بووبێ‌ له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ جوله‌كایه‌تی‌ له‌كوردستان دا به‌ڵام سه‌رچاوه‌كان به‌هێز نین.
پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئاینی‌ كریستیانی‌ له‌كوردستاندا بنه‌ماڵه‌ی‌(ئه‌دیابین) بوون به‌كریستیان ‌و حوكمی‌ میرنشینه‌كه‌ كۆتایی‌ هات به‌ ده‌ستی‌ رۆمانییه‌كان كاتێ‌ كه‌ پادشای‌ رۆمان(تراجان) ئه‌م میرنشینه‌ی‌ له‌ناوبرد. به‌م شێوه‌یه‌ ئاینی‌ جوله‌كایه‌تی‌ بڵاوبۆیه‌وه‌ له‌كوردستان‌و جوله‌كه‌ له‌كوردستان ژیاون هه‌تاوه‌كو سه‌ده‌ی‌ پێشوو كاتێ‌ كه‌ كۆچیان كرده‌وه‌ بۆ ئیسرائیل ئه‌مه‌ش پاش دامه‌زراندنی‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسرائیل له‌ساڵی‌ 1948. هه‌تاكو ساڵی‌ 1952 به‌ شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ جوله‌كه‌ له‌كوردستان دا نه‌ماو كۆچیان كرد بۆ ئیسرائیل جگه‌ له‌چه‌ند ماڵێكی‌ كه‌م نه‌بێت كه‌ له‌كوردستان دا مانه‌وه‌و ژماره‌یان زۆر زۆر كه‌م بوو. هه‌ندێكیان بوون به‌ئیسلام‌و هه‌ندێكی‌ تریان له‌ژیان نه‌ماون ئێستا وه‌ ئه‌و بنه‌ماڵانه‌ی‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك جوله‌كه‌ن‌و له‌كوردستان ماونه‌ته‌وه‌ پێیان ئه‌وووترێ‌(بنجو) .

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About كه‌یفی عمر

Check Also

dcrs_1_0

كەسێتیی ئیبراهیم لەنێوان داب‌ونەریتی یەهودی و دەقە ئیسلامیەكاندا

سەروەر پێنجوێنی دەقە یەهودیەكان، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست كاریگەریی زۆریان …