Home / بەشی مێژووی كورد / لە ئەفسانەكانی بەشێك لە سیكۆلاریزمی كوردی ئەفسانەی نووسینی سەر پێستەكە بەنموونە

لە ئەفسانەكانی بەشێك لە سیكۆلاریزمی كوردی ئەفسانەی نووسینی سەر پێستەكە بەنموونە

10392151_102026946488523_8306330_n

سه‌لام ناوخۆش

بەشی یەكەم

دەروازەیەك:

زۆر پرس و مەسەلەی لێرەو لەوێ‌ ئەوروژێنرێن لەمیانەیاندا ڕەخنە لە ئایین و هەژموونی كەلتوری كوردی دەگیرێ‌. زۆرێك لەوپرس و باسانەش هێندە بێ‌ بنەماو بەڵگەن بۆسەردەمێكی وەك ئەمڕۆ لە (ئەفسانە) و (حەكایەتی بەرئاگردان) دەچن.
هەبوونی پێستێك، چەرمێك، كەوڵێك، كەچەند دێڕەشیعرێكی لەسەر نووسراوە و ڕەخنە لە ڕەفتار و گوفتاری موسڵمانە بەراییەكان لە كوردستان دەگرێ‌، یەكێ‌ لەوپرسانەیە كە زیاتر لە سێ‌ چارەگە سەدەیە (1930-2009) لە دەرفەتی جیاجیا بەشێك لە ڕاگەیاندنی سیكۆلاریزمی كوردی دەیوروژێنێ‌!
ئەم نووسینە هەوڵدانێكە بۆ تاوتوێكردنی ئەم بابەتە و خوێندنەوەی دەقە شیعریەكە و شرۆڤەكردنی لەسەر چەند بنەمایەكی ئەكادیمی وەك بنەمای زمان – زمانی شیعرەكە پەهلەوی، یان گۆران، هەورامانی! هەروەها قسەكردن لەسەر وشەو پەیڤەكانی شیعرەكە و خوێندنەوەی ئەو پرسە لەسەر بنەماكانی گۆڕانی زمان – بنەمای ئایینی، خوێندنەوەی بۆ شەڕ و ئاكامی شەڕ و قسەكردن لەسەر مەسەلەی ئەنفال، چونكە ئەدەبیاتی بەعس و بەشێك لە ڕاگەیاندنی سیكۆلاریزمی كوردی هەردەم لە پێكۆڵ دابوونە بۆئەوەی نەوەی نوێ‌ ی كوردی لاڕێ‌ بكەن لە ئایین و مێژوو و نەتەوەكەی! مێژوو بنەمایەكی ترە كەقسەی لەسەر كراوە. لەدەقەكەدا ناوی (شارەزوور) هاتووە هەروەها بانگەشەی ئەوەكراوە كە یەكەم شەڕی موسڵمان و (كورد) لە شارەزوور بووە! لەم بەشەدا، قسە لەسەر مێژووی شارەزوور كراوە و بەبەڵگە ئەوە خراوەتە ڕوو، كە ئەوسا كورد شارێكی نەبووە بەناوی شارەزوور!!!
وێڕای ئەمانەش، چەندەها بەڵگەی تر هێنراونەتەوە بۆئەوەی مەسەلەی ئەو پارچە پێستە هەڵبوەشێتەوە هەرلەناو خودی دەقەكەدا چەند مەسەلەیەك هەن دەقەكە هەڵدەوەشێننەوە! ئەو هەموو باسانە، لەژێر ناونیشانی چەند سەرباسێك قسەیان لەسەر كراوە بۆئەوەی هەم نوسینەكە شێوەیەكی ئەكادیمی وەربگرێ‌ و هەمیش خوێنەر لە خوێندنەوەی چێژ وەربگرێ‌ و تەركیز – لەسەر مەسەلەكە بكات. Focus-
ئەفسانەی پێستەكە
چیرۆكی دۆزینەوەی پێستەكە:
ئەوەندە ژێدەرو سەرچاوەیەی لەبارەی ئەو پێستە و مێژووی نووسین و (دۆزینەوەی) لەسەرچاوەی (حوسێن حوزنی موكریانی)م كۆنتر نەدۆزییەوە. حوسێن حوزنی موكریانی لە ژمارە (21)ی گۆڤاری زاری كوردستان ڕێكەوتی (6)ی نیسانی 1930، لەلاپەڕە (19) لە كورتە وتارێك بە ناونیشانی “سەرمایەكی گران بەهای مێژووی كوردان” سەربردەی پێستەكە ئەوها دەگێڕێتەوە: لە عصری حەزرەتی عومەر ساڵی نۆزدەی هیجری، شاعیرێكی كورد لەڕووی دڵگیری و سوكایەتی كوردانەوە هەڵی بەستووە. گەڕۆكێكی ئینگلیز لە سلێمانی دەروێشێكی دی لە كوچەیەكدا ڕوونیشتووە دەوروپشتی پڕ لە ژن وەستاون. ئەویش سەری خۆی دەباتە پێشەوە تەماشا دەكا بەخەتی پەهلەوی كۆن لە پارچە كاغەزان دەنوسێت و دەداتە ژنەكان. گەڕۆكەكە لەوە دادەمێنێت كە دەروێش چۆن لەخەتی پەهلەوی دەگات! دەڵێ‌: بابە دەروێش تۆئەم نوسراوە لە كوێ‌ فێربووی؟ دەروێش دەڵێ‌: كتێبێكم هەیە لەڕووی ئەو شكڵ نویس دەكەم – پیاوەكە دەڵێ‌: كوانێ‌ پێم نیان دە. دەروێش لەهەمبانەكەی پارچە كەوڵێك دەردەخاو دەیداتە دەست كابرا. ئەویش لێ ی ورد دەبێتەوە و دەبینێ‌ ئەوە چوار سفری كوردی بەزمانی كۆن بەخەتی پەهلەوی یەو دەروێش دەیكاتە نوشتە و دەیدا بە ژنان.
سەدیق بۆرەكەیی چیرۆكێكی تر لەبارەی دۆزینەوەی ئەو پارچە چەرمە دەگێڕێتەوە وەكو ئەڵێن ئیبراهیم پاشای بابان (1198-1218)ی كۆچی كەلەساڵی (1199)ی كۆچی دا كاتێ‌ شاری سلێمانی ئاوەدان كردەوە لەكاتی هەڵكۆڵینی شارەكەدا كرێكارەكان پارچە چەرمێكیان دۆزیەوە لەبەر ئەوەی نرخی ئەوەیان نەئەزانی بەپارەیەكی كەم فرۆشتیانە لاوێكی ئینگلیزی و ئەویش ئەوپارچە چەرمەیان بەرەو لەندەن و پاشان دەركەوت كەلەوەدا پرچە هەڵبەستێك بەخەتی پەهلەوی نووسراوە و ئەوسا ئەو پارچە هەڵبەستەیان ناردە ڕۆژنامەی (خۆرهەڵات) بڵاویان كردەوە و لەپاشان مامۆستا حەمە تەقی بەهار (1038-1372)ی كۆچی بۆ دووەمین جار ئەو پارچە هەڵبەستەی لەساڵی (1316)ی هەتاوی لە گۆڤاری (مێم) دا بڵاوكردەوە. لە “دۆزینەوەی” ئەوپارچە پێستەدا هەردوو سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەوپارچە پێستە بە گەڕۆكێكی ئینگلیزی دراوە! سەرچاوەی سێ‌ یەم، كەباسی ئەو پرچە پێستەی كردبێ‌ كتێبەكەی (ڕەشید یاسمی) یە بەناوی “مێژووی نەژاد و پەیوەستەگی كورد” ئەو كتێبەی ڕەشید یاسمی بەفارسی نووسراوە، هەندێ‌ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن كە ڕەشید یاسمی ئەوكتێبەی بە ڕێنمایی دەزگای (ساواك)ی ئێرانی نووسیوە. هەندێ‌ نووسەری كورد وەك عەلائەدینی سەجادی ڕاستەوخۆ ئەو چیڕۆكەی لە دەقە فارسیەكەی ڕەشید یاسمی وەرگرتووە، بەڵام نووسەرانی دی كورد دەقەكەیان یان لە وەرگێڕانی كتێبەكەی ڕەشید یاسمی وەرگرتووە یان لە كتێبەكەی عەلائەدین سەجادی!
ئامانجەكانی بڵاوكردنەوەی شیعری سەر پێستەكە: هەردەقێك، بەگوێرەی میتۆدە ڕەخنەیی یەكان زیاتر لە تەئویل و خوێندنەوەیەك هەڵدەگرێ‌. ئەو دەقەش چەند ئامانجێكی دیاریكراوی هەیە، بەڵام هەموو ئەوانەی قسەیان لەسەر ئەو دەقە كردووە هاوئامانج نەبوونە! لەدەستپێك دا هەوڵ دەدەین پۆڵێنێك بۆ ئامانجی نووسەرانی كورد بكەین، چونكە وەكو وتمان هەموو بۆیەك مەبەست و ئامانج بەكاریان نەهێناوە. پۆڵێنەكە بەپێی ئامانجەكە دادەڕێژین.
یەكەم: ناشیرنكردنی ئیسلام: بەڕای من ئەو دەقە، د. سعید خانی كوردستانی بۆ حوسێن حوزنی موكریانی ناردووە، ئەو ڕاستیەش هەرلەگۆڤاری زاری كرمانجی ئاماژەی پێكراوە. هەروەها سەدیق بۆرەكەیی لەبەرگی یەكەمی كتێبی مێژووی وێژەیی كوردی، لەلاپەڕە (38) دەنوسێ‌: “لەسەر قسەی مامۆستا دوكتۆر سعید خانی كوردستانی نزیكەی سەد ساڵ لەمەو پێش پارچە چەرمێك لە ئەشكەوتی (جێشانە)ی سلێمانی دا دۆزراوەتەوە كەچەند هۆنراوەیەكی بەزاراوەی گۆرانی تێدا نووسراوە، گوایە لەوسەردەمەدا كە موسڵمان شارەزوور و دۆكانی دەورووبەری داگیر دەكەن ئەم هۆنراوانە چۆنیەتیەكی ئەو دەمە دەگێڕێتەوە”.
هەوەها سەدیق بۆرەكەیی لە كتێبێكی دەستنووسی دا دووبارە دەنووسێ‌: “دوكتۆر سعید خانی كوردستانی 1279-1358 ی كۆچی كە خۆی ئەم پارچە هەڵبەستەی دیوە لەپەرتوكی (نزانی) – مزرگانی دا ئەڵێ‌: لەم دوایەدا پارچە چەرمێك لە سلێمانی دا بەخەتی پەهلەوی دۆزراوەتەوە كە داگری چەند هۆنراوەیەكە بەشێوەی هۆنراوەكانی (بابە تاهیر) و (سان سەهاك) و (پیرنیامیش) و (پیر داود) و (پیر موسا) داڕێژراوە …” ئەمەو، د. جەمال نەبەز یش دەڵێ‌: هۆنراوەی هور مزگان یەكەم كەس كەباسی لێوە كردووە دوكتۆر سعید خانی كوردستانی یە…”.
حوسێن حوزنی موكریانی هەر لە ڕستەی یەكەمی كورتە وتارەكە دا دەنوسێ‌: “لە عەسری حەزرەتی عومەر لە ساڵی نۆزدەی هیجری شاعیرێكی كورد لە ڕووی دڵگیری و سوكایەتی كوردانەوە … شیعری مزرگانی هەڵبەستووە”.
محمد ئەمین هەورامانی لە كتێبێكی مێژوویی ڕێبازی زمانی كوردی “دەقی مزرگانی هێناوەتەوە و بەدەقێكی دینی جەماوەری ناوزەدی كردووە هەروەها لە كتێبی “بەراوردی نێوان زمانی كوردی و ئاڤێستا لە لاپەڕە (31) هەر لەو بارەیەوە دەنووسێ‌: “لە ناوچەی (قەزوێن) دا، لەسەردەمی خەلیفەی دووەمی ئیسلام دا، كاتێك كەلەشكری ئیسلام دەچێتە ئەوێ‌ و زۆر و جەور بەكار دەهێنن، خەڵكەكە، بەخۆپیشاندانێكی گەورە، ناڕەزایی خۆیان، بەرامبەر ئەو بەزۆر خۆسەپاندنەیان دەردەبڕن و بەم دێڕە هۆنراوەیە، دروشم دەخوێنەوە ئەویش، یەژێ‌:
نە موسڵمان بم، نە گزیەت مەدەیم
پشین وە مەككە، ئێمە وەڕ هەیم
بە واتای:
“نە موسڵمان دەبم، نە سەرانە دەدەم
بڕۆنەوە مەككە، ئێمە لێرە ناجوڵێن”
ڕەشید یاسمی لە كتێبی (نەژاد و پەی وەستەگی كورد) وەرگێڕانی كەریم زەند و قانع، لاپەڕە (81) لە ژێر سەردێڕی “ئایین و باوەڕ” جگە لەوەی (كورد و فارس) بەیەكەوە دەبەستێتەوە و كوردیش تەنها وەك (هۆز) دەبینێ‌ نەك نەتەوە هەروەها لە بریتی وشەی (فارس) ئەوە وشەی (ئێرانی) بۆ فارس بەكاردێنێ‌ وەك دەڵێ‌: “لەم هاوئایینیەوە ئەتوانین بڵێین كورد و ئێرانی هاوئایین بوون” یاسمی وەك حوزنی موكریانی مێژووی دەقی هورمزگان بۆسەردەمی عومەری كوڕی خەتاب ناگەڕێنێتەوە و بەڵام ئەو دەقە بەزۆرداری موسڵمانان لە كوردستان وێنا دەكات هەروەك لەهەمان لاپەڕە دەڵێ‌: “هەروەكو لەكاتی هەڵمەت هێنانی ئاتەش فانەی (پاوە)یان وێرانكرد لە (سلێمانی) پارچە پێستەكیان دۆزیوەتەوە كەبەپیتی نووسرابوو، سكڵایان لەزۆرداری عەرەبەكان نووسیوە بەڵێ‌ ئەگەر ئەو سكاڵایە هەرلەكاتی هەڵمەتیشدا نەبووبێ‌، دوای ئەوە بووبێ‌، ئەو زۆرداری یە لە كوردستان دەرئەخات”.

تێكەڵكردنی ئەنفالی ئیسلامی و ئەنفالی سەددامی

لێرەدا مامەوێ‌ زۆر لە چەمكی(ئەنفال) بدوێم، بەڵام بەحكومی ئەوەی بەشێك لەوسوڕەتەی قوڕئانی پیرۆز وا لەزەین و زەهنیەتی تاكی كورد وێنا كراوە، وەك یڵێ ی ئەو سوڕەتە دەهەق بەكورد دابەزیوە!! بەر لەهەموو شتێ‌ (ئەنفالی قوڕئان) پەیوەستە بە دەسكەوتی شەڕ شت و مەك، ئەوەی لەشەڕ و بەرەی شەڕ بۆ لایەنی سەركەوتوو بەجێدەمێنێ‌ بەواتی هیچ پەیوەندی بە ڕەوشی دیلەوە وەنیە، ئەو چەند ئایەتەی سوڕەتی ئەنفال تەواو عەقڵیەتی موسەساتی و دادپەوەری دەگەیەنێ‌، چونكە ئەو دەستكەوتە تەنها كەسی یەكەمی دەوڵەت بۆی هەیە دابەش بكات، بەپێ ی ئەو بڕگەیەی دەستوری قوڕئان. لەلایەكی تر، ئەو ئایەتانە دوور و نزیك پەیوەنیان بە كوردەوە نیە و بەهیچ جۆرێ‌ دەرهەق بەكورد دانەبەزیون، چونكە ئاشنابوونی كورد بە ئیسلام وەك نەتەوە نەك تاكەكەسی لەسەردەمی پێغەمبەر (د.خ) نەبووە، بەواتای كە كورد بە ئیسلام ئاشنا بوو هەموو قوڕئان دابەزی بوو، ئەو تایبەتیانەش دەهەق بە (عەرەب)ی بت پەرست دابەزیون، نەك كورد، بەڵام ئەوە بەشێك لە توێی سیكۆلاریزمی كوردی یە، مێژوو هەڵدەگەڕێنێتەوە و بە ئارەزووی خۆی ڕووداوەكان تەئویل دەكات. ئەنفالی سەددامیش، ئەنفالێكی قەومی ئایدۆلۆژییە نەك دینی، چونكە پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبی بەعس دوور و نزیك هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نیە، بەڵكو جۆرێكە لەو عەلمانیەتەی توێژی سیكۆلاریزمی كوردی وەك ئەو، بەڵام بەشێوازێكی تر، كاری لەسەر دەكات ئەویش بریتیە لە شێواندنی ئیسلام.
ج.كوردۆ ناوێك لە كتێبی – مێژووی كوردستان ڕەگەز و شارستانیەتی كورد – (169-170) لە ژێر سەردێڕی (یەكەم ئەنفالكردنی كوردستان دەقی “هومزگان”) دەهێنێتەوە وەك نمونەیەك لە داگیركردنی كوردستان. ج.كوردۆ لەبارەی زمان و خەت و ئاستی هونەریی ئەو شیعرە شەوها دەنوسێ‌: “زمانی هۆنراوەكە – دەقی هورمزگا كوردییەكی ناوەندیە كە بەیارمەتی دەستنووسی نووسینی ئارامی و ئایدیۆگرامی (هیما/وێنە تیپ) یەوە نوسراوەتەوە – ئەم تێكستە لەسەر پارچەیەك چەرم نووسراوە و لە نزیك (شارەزوور) دۆزراوەتەوە. ئەم هۆنراوەیە لە بەرزیدا بێ‌ وێنەیە و زۆر لە گێڕانەوەی ئەو تراژیدیا گەورەیە دا بەهێزە كە بەسەر كورد و كوردستاندا هێنراوە، هەروەها ج.كوردۆ دەڵێ‌: “ئەم تێكستەی لێرەدا بڵاوكراوەتەوە لە – م.ڕۆدینكۆ – وەرگیراوە!”
ئەحمەد شەریف لە تیزی دكتۆراكەیدا (لە ڕۆمانی كوردی دا – كە لەبنەڕەتدا تەنها چەند لاپەڕەیەكی كەمی دكتۆرا نامەكەی پەیوەندی بەو ناونیشانەوە هەیە)!! لە لاپەڕە (13-14-15) دەنووسێ‌” دەتوانین بیسەلمێنین كە (ئەنفالی یەكەم) لەسەردەمی عومەری كوڕی خەتابی خەلیفەی دووەمی ئیسلام دەستپێكرد و كوردستان بەجارێك وێرانكراو سەروەت و سامانی خەڵك بە تاڵان براو كچ و ژنی كورد بە دیل گیراو ئەسحابەكان بۆ خۆیان دەستیان بەسەر داگرتن، وەكو كچە ئەنفالكراوەكانی گەرمیان لە سەدەی بیستەم”
ئەو پێكچواندنەی ئەنفالی قوڕئانی و ئەنفالی سەددامی دوورە لە هەموو دابێكی ئەكادیمی، چونكە توێژینەوەی ئەكادیمی كار لەسەر سەرچاوەی باوەڕپێكراو و بەڵگەنامە دەكات، كەچی كاكی “دكتۆر” یەك بەڵگەش بۆ ئەو قسانەی ناهێنێتەوە! نووسەر ئەو دەقەی هورمزگانی بەباشترین بەڵگە دەزانێ‌ هەروەها بۆئەوەی بسەلمێنێ‌ ئەو شیعرە گوزارشت لە (ئەنفالی یەكەم) دەكا و (عەرەب) گەلێكی توند و ڕەق و چەتەن، قسەیەكی ئیبن خەلدون دەهێنێتەوە! ئەو قسەیەی ئیبن خەلدون بۆ ڕەوەند و كۆچەری عەرەبە، هەروەها هەمان قسە چەندان نووسەر و توێژەر لەسەر ڕەوند و كۆچەری كوردیان گوتووە!
هەرچەندە ئەو (دكتۆرا نامەیە!) وەك هەندێ‌ سەرچاوەی تر ناوی ئەو سەركردە ناسراوانەی موسڵمانان ناهێنێ‌، بەڵام وەك ئەوان ئاماژە بەهەندی شوێن دەكا وەك مەزاری پیاوچاكان مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی لە وڵاتگیری عیراقدا تەواوی ئەو قسانە ڕەتدەكاتەوە، دەڵێ‌ زۆربەی كەسانی وەك خالیدی كوڕی وەلید و ئیبن عومەر …هتد هەر (كوردستان) یشیان نەبینیووە! هەروەها نووسەر كوردستان لە بەردەم فتوحاتی ئیلامیدا ئەوە بەبەڵگە ڕوەتدەكاتەوە كە ئەو (مەزارانە) هی ئەوكەسانە بن كە ئەو جۆرە سەرچاوانە بانگەشەیان بۆ دەكەن!
ئەو خوێندنەوە و تەئویلكردنی ئەو شیعرە و گریدانی بە كارەساتی جینۆسایدكردنی بەشێك لە خەڵكی كورد!
ئەو جۆرە تێڕوانینە نێگەتیڤە دژ بە بنەماو ئەنگستەكانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئایینیی یە! ئەوەندەی ئیسلام شەڕی لەگەڵ دەسەڵاتی ئەنزیمەی عەرەبی و عەقڵیەتی ڕەوەندیی و كۆچەریی عەرەبی كردووە، چارەگی ئەوەندە شەڕی كوردی نەكردووە، جارێ‌ ئەوسا كورد و كوردستان زیاتر لە هەزار ساڵ بوو دەسەڵات و ناسنامەی نەتەوەیی لەدست دابوو. وێڕای ئەمەش ئەو قسەیەی د. ئەحمەد شەریف “هەر لەو سەردەمەدا سەردەمی ئیمامی عومەر، هەرچی پەرستگاو قوتابخانە و پەرتوك و بەڵگەنامەی ئایینی و ئەدەبی ڕۆشنبیری و كەلتوری كوردی هەبوو هەمووی سوتێنران و بە كوفر و ئیلحاد دانران” هیچ بنەمایەكی زانستی نیەو هیچ سەرچاوەیەكی پشتڕاستی ناكاتەوە. ئەوسا هەموو كەلتوری كوردی لەناو كەلتوری ساسانی و ڕۆمانیدا شاردرابۆوە و هیچ سەرچاوەیەك نییە باس لە كەلتوری كوردی وەك كەلتورێكی سەربەخۆ بكات، چونكە هەر لەپاش ڕوخانی ئەمپراتۆریەتی میدی، كورد زمان و كەلتور و ئایینی كەوتە ێر هەڕەشە داگیركارانی كوردستان.
كە قوڕئان بووە لە ئایینی كورد و ڕەفتار و گوفتاری كورد بەقوڕئان ستاندەردكرا، ئەوا كورد توانی هەم زمانی نەتەوەیی جارێكی تر لە پەنای شرۆڤەكردنی قوڕئان لە حوجرە بینا بكاتەوە هەم توانی وەك نەتەوەیەكیش ناسنامەی نەتەوەیی خۆی هەبێ‌ و نووسەرانی موسڵمانی كورد بە لەقەبی (كوردی) یان شوێنی جوگرافی كوردستان خۆیان لە (فارس)ەكان جودا بكەنەوە!
سەلماندنی زەردەشتی بوونی كورد
جارێ‌ پێش ئەوەی لەوخوێندنەوەیەش وردبینەوە، ئاماژەیەك بەڕەوشی ئایینی لە كوردستان بكەین: ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە كە بەشێك لە نووسەری عەلمانی كورد بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە كورد پێش ئیسلام بوونیان هەموو (زەردەشتی) بوونە!
د. ڕەشاد میران لە كتێبی (ڕەوشی ئایینی و نەتەوەیی لە كودستان) دا، لە لاپەڕە (43) دەنووسێ‌: “لە كوردستان ڕۆژگاری پێش ئیسلامی دا ڕەوشێكی فرە ئایینی هەبوو و كورد سەر بەتاقە ئایینێكی زاڵەوە نەبوو، بەڵكو لەوێ‌ لەیەك كاتدا، چەند ئایین و پەرستنێكی جۆراوجۆر باویان بووە، وەكو زەردەشتی، مەسیحیەت، جولەكەیی و تەنانەت بتپەرستی و هی تریش”
ئەو فرە ئایینەش بەشێوەیەكی سروشتی نەبووە، بەڵكو هەردەم ئایینی دەسەڵات (زەردەشتی ساسانی نەك زەردەشتی زەردەشت!) هەردەم هەڕەشە بووە لەسەر ئایینەكانی تر! تەنها چەند نمونەیەك لەسەر توندی و ڕەقی زەردەشتیەكان لەسەر مەسیحیە نوێیەكان – كە زۆربەیان لەگەڵ زەردەشتیەكان هاو قەوم بوون – كە چەندەها سەرچاوە باسی لێوە كراوە “لەسەردەمی شاپوری دووەم چەوساندنەیەكی گەورە دەرهەق مەسیحیەكانی (كورد) كراوە كەلەمێژوو دا بە چەوساندنەوەی چل ساڵی 341-379 ناسراوە” لە ساڵی (344) كاتێ‌ زەردەشتیەكان بە فەرمانی شاپور (120) كەسیان لە پیاوی ئایینی و مەسیحی وەك كاهین، شەمەسە، ڕەبەن گرت بۆماوەی شەش مانگ زیندانی كران لە پاشان هەموو بە (شیر) سەریان پەڕێندرا!! هەروەها كوشتنی (مارشەمعونی كورد نەك ئاشوری) و (شەهدۆست) و چەندان پیاوی دی مەسیحی كە ئامادە نەبوون دەستبەرداری مەسیح بن و بگەڕێنەوە سەر (ئاگر پەرستی یان ڕۆژ پەرستی!) هەروەها ڕەجمكردنی كەسانێكی ناسراوی شاری هەولێر (قەرەداغ) لەساڵی 358، بەشێوەی ڕەجمكردنی بەبەرد هەتا مردن!
هەروەها زەردەشتیەكان سەركردەی ئۆپۆزسیۆنەكان خۆیان ئەوەندە (ناجوامێرانە) كوشتووە، مرۆڤ شەرم دەكا. هەردوو ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتی زەردەشتی (مانی) و (مەزدەك) لەناوكۆبوونەوە و كۆنفرانسی دایەلۆگی ئایینی بەدەست سەرانی زەردەشتی غافڵكوژ كراون!!
ئەمە تەنها چەند نمونەیەك بوون لە سیاسەت و هەڵسوكەوتی نامرۆیانەی سەرانی زەردەشتیەت!!
جەلیلی عەباس لە كتێبی ئاڤێستا-گاتاكان لەمێژینەترین سرودی كوردن لاپەڕە (10) دوای ئەوەی دەقی هورمزگانی بە “شێوەیەكی تر” دەهێنێتەوە، دەپرسێ‌: “ئایا هەموو ئەمانە بەڵگە و فاكتەری زیندوو كوردبوونی ئایینە پیرۆزەكە نین؟” نازانم ئەو دەقە كام (وشە و دێڕی) ئاماژە بە كوردبوونی زەردەشت دەكات؟! هەروەها ئەو دەقەی (جەلیل عەباس)ی هێناویەتی لە چەند دێڕێك جودایە لە ئەوانی تر،
هورمزگان ڕمان ئاتران كوژان
وێشان شاردەوە گەورە گاوران
هەروەها هەر تەواو هەڵە لەو دەقە گەیشتووە، هونەری شیعرەكە دەڵێ‌ ئاهورا یەزەیی بەكەس نەهاتەوە، بەڵام كاك جەلیل عەباسی دەنووسێ‌ …. ئەمەش (ئاهورا) توڕە دەكات!!! د. ڕەشاد میرانیش لە (ڕەوشی ئایینی …) لاپەڕە (45) دەنووسێ‌: “ناوەرۆكی ئەم شیعرانە ئەوە دەردەخا كە كوردەكان بەلای كەمەوە هی ئەم ناوچەیەی شیعرەكەی تیا نووسراوە (زەردەشتی) بووبن!!
یەكەم دەقی ئەدەبی!
هەرچەندە زۆرێك لە توێژەرانی “زەردەشتیەت” گاتا-كان بە كۆنترین دەقی كوردی دادەنێن بەڵام نووسەرێكی وەك دكتۆر ئەحمەد میراو دەڵێ‌: “تا ئێستا بەپشت بەستن بە سەرچاوەیەكی زۆر چەند وتارێكم لەسەر زەردەشتایێتی نووسیوە هەتاكو ئێستاش سەرچاوەیەكم بەچەنگ نەكەوتووە زمانی ئاویستای بەتایبەتی گاتەكان، كە گومانی تێدا نیە زمانی زەردەشتە، بە زمانی كوردی یان زاراوەیەكی زمانی كوردی پێناسە كردبێت”.
دۆزینەوەی “یەكەم دەق” بەزمانی كوردی یەكێ‌ لە كێشەكانی مێژووی (زمان) و (ئەدەبی) كورد پێكدەهێنێ‌. دیاریكردنی “یەكەم دەق” و بەخشینی ناسنامەی نەتەوەیی پێی، پرسێكی ئاسان نییە، چونكە ئەو مەسەلەیە لەم سەردەمەدا بە بنەما و شەنگستی و پڕەنسیپی قوتابخانەی جیاوازەوە شرۆڤەكراوە. قوتابخانەی فەڕەنسی جەخت لەسەر (زمان)ی دەقەكە دەكات و دەیكاتە مەرج، هەرچی قوتابخانەی ئەمریكی یە ئەوە زیاتر كار لەسەر (ناوەرۆك)ی دەقەكە دەكات نەك زمانەكەی!! دەقی گاتاركان بەو زمانەی سەرەتا پێ‌ ی نووسراوە و بەو ناوەرۆكەی كە هەیەتی هیچی (ناسنامەی نەتەوەیی كوردبوون – یان تەواو یەكلا نەبۆتەوە!)
لەمەسەلەی دەقی “هورمزگان” دا هیچ ئاماژەیەك بۆ كوردبوونی هونەری شیعرەكە لە ئارادانیە، بەڵكو هونەر تەنیا وەسفی ڕووداوێكی كردووە كەلە شارەزوور ڕویداوە هەروەك چۆن شاعیرانی وەك (گۆران) و (شیركۆ بێكەس) شعریان لەسەر هەندێ‌ شاری دەرەوەی كوردستان گوتووە!! جا بەناوهاتنی شاری (مۆسكۆ) گۆران نابێتە (مۆسكۆیی) هەروەها شێركۆ بێكەس كە وەسفی جوانی باخچەی (هێرۆ سترۆ)ی بوخارستی ڕۆمانیا دەكاتن نابێتە ڕۆمانی!! لەم ڕوانگەیەوە “شارەزوور” وەك شوێنێكی ناو دەقەكە، ناسنامەی كورد بوون بە هونەرەكە نابەخشێ‌ هەروەها ئەوسا شارەزوور لە ژێر دەسەڵاتی (ساسانی) دابووە نەك دەسەڵاتی كورد!دەربارەی زمانی دەقەكەش – كە پاشان لە شرۆڤەكردنی دەقەكە كاری لەسەر دەكەین – وەك زمانی ئاوێستا یەكلا نەبۆتەوە كەتەنها زمانی كوردی بووبێ‌؟! چونكە دەقەكە خۆی بە پەهەلەوی نووسراوە!! هەرچۆنێ‌ بێ‌، دەقەكە و زمانەكەی هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی هەندێ‌ نووسەری كورد وەك عەلائەدینی سەجادی و زوبێر بیلال و محمد ئەمین هەورامانی … هتد ئاماژە بەدەقی (هورمزگان) بكەن!
عەلائەدینی سەجادی لە كتێبی (مێژووی ئەدەبی كوردی چاپی یەكەم 1952، لاپەڕە (129-130) دەنووسێ‌: جا لەبەر ئەمە ئەو شیعرانە (دەقی هورمزگان) وەكو چۆن بەڵگەیەكە بۆ زمان و ئەدەبەكەی كوردی هەروەها ڕوشتەیەكیشە بۆ ئایینی لەوە پێشیان. سەجادی چەند (گومانێك) لەسەر دەقەكەی دادەنێ‌ – لەپاشان لە ژێر سەردێڕی هەبوون و نەبوونی چەرمەكە – قسەی لەسەر دەكەین – دووبارە دەڵێ‌ مەبەستی ئەو لە هێنانەوەی ئەو دەقە ئەوەیە: “قسەكە هەر ئەوەندەی ئەگەر ئەم پارچە چەرمە بووبێت هۆنراو و زمانێكی زیاتر لە هەزار و دووسەد ساڵی بە ئێمە پیشان ئەدا …” مامۆستا زوبێر بیلال یش لە (مێژووی زمانی كوردی) لاپەڕە (78) دەنووسێ‌: “ئەو پارچە پێستە بە زمانی كوردی شێوەی (گۆرانی) هەورامانی نووسراوە” هەروەها (سەجادی) و (زوبێر بیلال) هۆنینەوەی ئەو دەقە و مەیل مان بەلای زەردەشتیەتدا دەڵێت: “ئاساییە گوزارشت لە سروشتی مرۆڤەكان دەكات د، ئەمەش یاسایەكی تەبیعیە هەر قەومێك چووە شوێنێك و ئەو شوێنەی گرت دانیشتوانی شوێنەكە هەتا یەك دوو نەوە لەوانەیە عەنعەناتی پێشووی خۆیان هەر لەبیر ناچێتەوە… سەجادی لاپەڕە (130)”
“لەسەدەی حەوتەمی زاینی دا (22)ی كۆچی ئەم كوردانە، بەتەواوی موسڵمان بوون، بەڵام لەگەڵ ئەم ئایین گۆڕینەش دا، مەیلی دانیشتوان و خەڵكی، بەلای ئایینی زەردەشتی دا هەر مابوو، زوبێر بیلال لاپەڕە (78)”
محمد ئەمین هەورامانی لە “مێژووی ڕێزمانی زمانی كوردی” لاپەڕە (215-216) زمانی دەقی “هورمزگانی” بەشێوەی (ماچۆ) داناوە و هەروەها زمانەكەی بە زمانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلام لە كوردستان داناوە، هەروەك لە لاپەڕە (216) دەنووسێ‌: لە ڕووی ساكاری وشەكان و ڕووڵەتی كۆنیان و نەبوونی وشە، عارەبی و بێگانە، تیایدا و هەروەها لە ڕووی كێش و (سەرواوە) لەوە دڵنیامان دەكات، كە ملە جێڕی لەوە نەكەین، كە زمانەكەیان زمانی سەرەتای پەیدابوونی ئیسلامی پیرۆزە.
سەدیق بۆرەكەیی لە لاپەڕە (21) كتێبە دەستنووسەكەی دا دەنووسێ‌: “كۆنترین هۆنراوێك كە بە زاراوەی گۆرانی بەیادگار ماوەتەوە هۆنراوەی هورمزگانە، كە هونەرێكی هورمزگانی هۆنیویەتیەوە” هەروەها “بۆرەكەیی وەك حوسێن حوزنی موكریانی، ئەو پارچە هەڵبەستە بە نمونەی بایی ترین هۆنراوەی كوردی كە بەیادگار ماوەتەوە”!! دادەنێ‌!

10489958_822459611123041_4880567241178675178_n

وێنەی سەی سەعید و کوڕەکانی

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …