Home / بەشی مێژووی كورد / شرۆڤەكردنی دەقی هورمزگان

شرۆڤەكردنی دەقی هورمزگان

10392151_102026946488523_8306330_n

به‌شی سییه‌م

سه‌لام ناوخۆش

زمانی پەهلەوی

زمانی پەهلەوی، زمانێكی كۆنی “ئێرانی” بووە. بە زمانێكی هیند و ئێرانی دادەنرێ‌ لێرەوەی ناسنامەی “فارس” و “كوردی” ئەو زمانە تێكەڵ دەبێ‌، چونكە مێژووی (ئێران) لەدوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی (میدی) یەوە، خوێندنەوەیەكی “نەتەوەیی” بۆ كراوە و وشەی “ئێران” بە (فارس و وڵاتی فارس” شرۆڤەكراوە، بەڵام لەبنەڕەتدا وشەكە ئەو واتا تەسكە نابەخشێ‌!
زمانی پەهلەوی زمانی پاڵەوانەكان، زمانی ڕەسمی ساسانیەكان بووە هەروەها دەوترێ‌ كە لەسەدەی سێ‌ هەمەوە هەتا سەدەی هەشتەم نوسین و قسەی پێ‌ كراوە، لە ئێران – وڵاتی ئاریان، بەڵام ئەو زمانە ڕێنوسێكی script زۆر دژوار و زەحمەتی هەبووە، بۆیە هەر لەسەردەمانێكی ساسانیەكانەوە نووسینی (كەم)ی پێ‌ كراوە، هەر زیاتر زمانی ئاخاوتن بووە.
پەهلەوی كوردی یان فارسی بووە؟
د. جەمال نەبەز لە لاپەڕە (92)ی كتێبی “بێدەسەتە كوردەكان و برا موسڵمانەكانیان” دەنووسێ‌: “ڕۆژهەڵاتناسە ئەوروپیەكان زمانی پەهلەوی penlevi بە زمانی فارسی ناوەڕاست ناوزەد دەكەن” د. نەبەز زمانی پەهلەوی بە “زمانێكی سەربەخۆ” دادەنێ‌، بەڵام بەڵام نزیكترە لە زمانی كوردی وە لە فارس. سەدیق بۆرەكەیی لەبەرگی یەكەمی مێژووی وێژەی كوردی لاپەڕە (24-25) دەڵێ‌: زمانی پەهلەوی لە زمانی كوردی دەچێ‌ و نزیكترین زاراوەی (زار) كوردی كەلەگەڵ ئەم زمانەدا هاوچەشنە زاراوەی گۆرانی و گیوی موكریانی و لوڕیە. بۆرەكەیی و زوبیر بیلال هەندێ‌ “بەڵگە” دەهێنتەوە بەوەی كە زمانی پەهلەوی زمانی كوردییە یان زارێكی كوردی یە. گیو موكریانی باو، ڕەوایە كتێبی (دین كەرد) بە زمانی پەهلەوی نووسراوە، ئەو زمانەش زمانی لوڕ و كەلهوڕ و شوانانە. مەردۆخی مێژوو نووسی كوردیش دەڵێ‌: “زمانی پەهلەوی یەكێ‌ لە (شێوەكانی كوردی) بووە كە گەلێ‌ بە زاراوەی لوڕی و گۆڕانیەوە نزیكەە”.
زوبیر بیلال دەڵێ‌ دوو جۆر پەهلەوی هەیە، پەهلەوی سەردەمی ئەشكانی 3000پ.ز 224ز ئەو شێوەیان لە (هەورامی) و (فەیلی) دەكات، پەهلەوی ساسانی 224-630.
لەلایەكی تر، (ئاربركە) لە ئەتڵەسی زمانەكانی هیندۆ – ئێرانیدا، كوردی و فارس بە دوو زمانی (ئێرانی) دادەنێ‌، بەڵام لەژێر فارسی كۆن، زمانی پەهلەوی و وەك بەشێك لە قۆناغی یان قوناغێك لە زمانی فارس دا دەنێ‌، د.فرست مرعی “كردستان فی القرن السابع المیلادی” لاپەڕە (24). لەسەرچاوە عەرەبیە موسڵمانەكانیش زمانی (فارس) و (پەهلەوی) لەیەك جیاكراوەتەوە بەتایبەتی لەسەردەمی ئیسلامیدا.
بەكورتی، پەهلەوی زمانێكی ڕێنووس ئاكۆن و گران بووە، بۆیە لەسەردەمی ئەخمینیەكان لەلایەك و سەردەمی ئەشكانی و ساسانیەكان، ماوە ماوە تەنها وەك (زمانێكی) ئایینی، یان ئاخاوتنی خەڵك مامەڵەی لەگەڵ كراوە.
دەقی هورمزگان، ئەگەر بە پەهلەوی نوسرابێ وەك بانگاشە دەكرێ‌ ئەمە ئەو دەقە دەبێ‌ هی سەردەمانی ئەشكانی و بێ‌ نەك ساسانی، چونكە سەرچاوەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەن پێكچوون لە نێوان پەهلەوی ئەشكانی 3000پ.ز-224ز و هەورامی، فەیلی لوڕی هەیە!! نەك پەهلەوی ساسانی!!
سەرچاوەكان دەڵێن پێكچوون هەیە لە نێوان زمانی پەهلەوی و شێوە زاری هەورامی نەك هەردووك یەك بن. ئەو نووسەرە كوردانەی، لەوانە د.سەعید كوردستانی، حوسێن حوزنی موكریانی، ڕەشید یاسەمی، سەرەتا دەقەكەیان بڵاوكردۆتەوە، دەقەكەیان (شێوە زاری هەورامی) بڵاو كردۆتەوە نەك بە زمانی پەهلەوی!!! هەروەها پەهلەوی هەروەك (زمان) یان (شێوە زمان variety) بووە هەروەها (ڕێنووس) بووە، كەچی هەورامی تەنها شێوەزارە نەك (ڕێنووس)!! صاح قەفتانی مێژوو نووسی كورد لەلاپەڕە (105)ی كتێبی (مێژووی گەلی لە كۆنەوە تا ئەمڕۆ) دەربارای “ڕێنوس” پەهلەوی دەنووسێ‌ … ئەلف و بای پەهلەوی زۆر سەخت و گران بوو، چونكە وەها دەركەوتووە كە لە نوووسینی پەهلەوی دا هەزار پیت (حەرف) زیاتر بەكاهێنراوە!!!
هەرەها قەفتان قسەی هەندێ‌ زانا دەربارەی ئەلفبای پەهلەوی دەگوازێتەوە و دەڵێ‌: دەنگ وایە لەكاتی دوایی ساسانیەكان دا بەفەرمانی شای ئێران شێوەی (فارس) بووەتە زمانی ڕەسمە حكومەت، چونكە نووسین و خوێندنەوەی پەهلەوی زۆر گرانبووە!!!
ئەمەش بەڵگەیە، كە هیچ نووسەرێكی كورد “دەقی هورمزگانی” بەزمانی پەهلەوی نەبینیووە!! زمانی هەورامیەكەی دەقەكەی دەقەكە قەناعەت بەهیچ كەسێ‌ ناهێنێت كە زمانی كوردی سەردەمی دەركەوتنی ئیسلام -16-ی كۆچی بی لە كوردستان!! ئەو زمانە شێوەزاری هەورامی دەقەكە، هی سەرەتای سەدەی بستەمە نەك سەردەمی ئیسلامی، چونكە هیچ دەقێكی فارسیش ئەوها (ڕەوان) نییە!!.

شرۆڤەكردنی دەقەكە
دەكرێ‌ دەقی هورمزگان لەسەر سێ‌ شەنگەست و بنەما شرۆڤە بكەین:
• شەنگستی زمان:
هەرمیللەتێك بانگاشەی ئەوە بكات كە بەشداری كردووە لە شارستانیەت civilization ئەوا دەبێ‌ باوەڕی وابێ‌ كە زمانی پاك pure language تەنها ئەفسانەیە، چونكە شارستانیەتی ئێرانی، بۆ نمونە، شارستانیەتی تەنها نەتەوەیەك نیە بەڵكو (چەند) نەتەوەیەك بەشدارن هەروەها شارستانیەت، لە (شار) بەرپا دەبێ‌ نەك (گوند و لادێ‌ و ژیانی كۆچەری). لە شاری فرە زماندا، گۆڕانی زمان language change دیاردەیەكی حەتمی دەبێ‌ هەروەها لەو میانەدا وەرگرتنی وشە borrowing words لە نێوان زمانەكان دا پڕۆسەیەكی سروشتی دەبێت! وێڕای ئەمەش، هەر زمانێك بە چەند قۆناغێك –peiod- تێدەپەڕێت. زمانی كۆنی ئینگلیزی بە هیچ جۆرێ بەراورد ناكرێ‌ بە زمای نوێ‌ ی ئینگلیزی بەجۆرێ‌ هەر دەڵێی: “دوو زمانی تەواو جودان” نازانم چ عەقڵ و لۆژیكێك قبوڵی ئەوە دەكات كە دەقی هورمزگان لە ساڵی شانزە یان بیست ی كۆچی نووسرابێت؟! ئەو دەقە، ئەوەندە بە زمانێكی سادە هۆنراوەتەوە، كاریگەری زمانی دەسەڵات، فارس، بەسەرەوە نیە!! بۆیە، لە ڕوانگەی زمانەوە، زانستی زمان قبوڵی ئەوە ناكات، كە ئەو دەقە لەسەردەمی فتوحاتی ئیسلامی نووسرابێ! د. جەمال نەبەز خۆیشی دەنووسێ‌: “بە پێی زانستی زمانەوانی دەتوانین پیشانی بدەین كە كوردیەكەی ناتوانێ‌ ببێتە كوردی دەورووبەری پەیدابوونی ئیسلام”
• شەنگستی ئایینی:
ئەم دەقە مەبەستێكی “ئایینی” و “سیاسی” نووسراوە. گوتاری دەقەكە ڕەخنەگرتنە لە (ئیسلام) و (مێژووی ئیسلام): دەقەكە وا پیشان دەدات كە موسڵمانەكان خەڵكی كوردیان لە شارەزوور و دەورووبەری كوشتووە و كچ و ژنی كوردیشیان بەدیل بردووە! هەروەها گۆڤارەكە، ئیسلام وەك داگیركەرێك وێنا دەكات!
شكانی ساسانیەكان لە ناوچەی فارسە نشینەكان هەتا (حەلوانی كوڕی) خاڵی وەرچەرخانی هەرەسی دەسەڵاتی فارسی (ساسانی) بوو لە (فارس) و ئەقلیم جبال – كوردستانی باشوری ڕۆژهەڵات -! ئەوسا نەك (شارەزوور)، بەڵكو تەواوی ئیقلیم جبال لە حاڵەتی داگیركردن دابوو، كورد نەناسنامەی دیاربوو نە زمانی! كەچی ئەو دەقە دەیەوێ‌ شەڕی ئیسلام لەگەڵ دەسەڵاتی داگیركەری فارس بەشەڕی (ئیسلام و كورد) ناو زەد بكات!!! دەسەڵاتی ئاگر پەرستی ساسانی وای كرد، نەك زەردەشتی هۆكار بوو بۆ ئەوەی وڵاتی فارس و بەشێك لە كوردستانی بندەستی ساسانی (بەشەڕ) یەكلایی ببێتەوە ئەگەر نا باكوری كوردستان كە زیاتر (مەسیحی) بوون بە “سولح” و “ئاشتی” موسڵمان بوون یان وەك هاوڵاتیانی مەسیحی ناو دەوڵەتی ئیسلامی مانەوە! دەقی هورمزگان پڕیەتی لە (لە هەڤدژی) و (پاراددۆكسی). لە دوو نیوە دێڕییەكەمدا،
هورمزگان رمان ئانران كوژران
وێشان شاردەوە گەورەی گەورەكان
زۆربەی هەرە زۆری نووسەرانی كورد غەڵەت لە (هورمزگان) گەیشتوون، حوزنی موكریانی، ڕەشید یاسەمی و عەلائەدین سەجادی هەتا نووسەرانی ئەمڕۆ هورمزگان بە (مزگەوت) و (پەرستگا) تێگەیشتوون كەچی سدیق بۆرەكەیی دەڵێ‌: هورمزگان ناوی یەكێ‌ لە شارەكانی شارەزوور بووە، بەڵام ئەو ڕایەی سدیق بۆرەكەیش تەواو لە شوێنی خۆی نیە، بەڵكو ڕاستیەكەی ئەوەیە(هورمز) ناوی خودای زەردەشتیەكانە، كەواتە هۆنەری دەقەكە، شارەكە، بە “شاری خودای زەردەشتیەكان” دادەنێ‌ نەك مزگەوت و شارێكی جوگرافی “گەورەی گەورەكان” لە هەندێ‌ دەق بەتایبەتی ئەوەی جلیل عباس بە “گەورەی گەورەكاندا” هاتووە.
د. هەورامانی و د. جەمال نەبەز ewir و وا پێناسە دەكەن “ئەو ناوەیە كە لەسەرەتای ئیسلام بەو كەسانە دەوترا كە ئیسلام نەئەبوون و پابەندی ئایینەكەی خۆیان ئەبوون و كە زەردەشتی بوو هەر وەك باوڕیان وایە كە وشەی “گۆران” لە ئەمەوە هاتبێت. بەڵام وشەی “گاوور” بەواتای مەسحی دێ‌ نەك “زەردەشتی” ئەوەتا گیوی موكریانی لە فەرهەنگی كوردستان لاپەڕە (806) دەنووسێ‌: گاوور! فەلە، دیانی هەژار موكریانی لە لاپەڕە (686)ی هەنبانە بۆرینە دەنووسێ‌: گاوور: فەلە، خاچ پەرست هەروەها د. شەفیق قەزاز لە فەرهەنگی (شارەزوور)، لاپەڕە (469) دەنووسێ‌: (گاوور) و (گەور) بە واتای فەلە Christian دێن!! لێكدانەوەی زەردەشتیە نوێ‌ یەكان بۆ ئەو دوو نیوە دێڕە زۆر سەیرە ئەوان دەڵێن پەرستگاكان ڕووخان ئاگرەكان كوژێندرانەوە گەورە گاورەكانی زەردەشتی خۆیان شاردەوە؟! ئەمە چ (شانازی یەكە) گەورە گەورەكانی زەردەشتی خۆیان بشارنەوە خەڵكە ڕەش و ڕووتەكەشی لە گۆڕەپانی جەنگ لە خوێن بگەوزن: مێرد ئازا تلی وە رووی هوینا پیاوانی ئازا لە ناو خوێنە تلانەوە !!
دەكرێ‌ ئەو دوو نیوە دێڕە. خوێندنەوەیەكی مەسیحیانەی بۆبكرێ، وەك لە پێشەوە چەند دەقێكمان هێنا كەوا دەستەڵاتی ساسانی چۆن مەسیحیە كوردەكان دەچەوساندەوە، هەتا چەوساندنەوەكە گەیشت بووە ڕادەی كوشتنی كۆمەڵ كوژی كە لەمێژوودا ناسراوە بە چەوساندنەوەی چل ساڵی مەسیحیەكان: شارەكانی خودا وێرانكران، ئاگری ئیمان كوژێنرایەوە گەورەی گاورەكان –خۆیان شاردەوە!! لە دووەم نیوە دێڕی دووەمدا وشە “ئارەب” كراوەتە وشەی (عەرەب) یان (عەرەب)، كەسێكی وەك حوسێن حوزنی هەر بە (عارەب) دەقەكەی نووسیوەتەوە:
زۆر كرە عارب كوردی نە خاپوور
كەچی لە ئەدەبی كۆنی كوردیدا (ئەدەب) بەواتای (نامۆ و نەیارو بێگانە)، دێ‌ نەك نەتەوەوی عەرەب!! خاڵكی تر زۆر گرنگ، لە ئاینی نەتەوایەتییدا، نەتەوەكان ناوێك بۆ خوداكەیان دادەهێنن و ئەو(خودایە) هەموو شتێ‌ لە (لەبەرژەوەندی) ئەوان دەكات شوكر مستەفا لە (لە سەرچاوەكانی بیرو باوڕی كوردەواری)دا باسی (یەهوە)ی خودای جولەكە ئەوها دەكات: “خودا تەورات كەنێوی یەهوەیە و لە (تەوراتدا6823 جارنێوی دووبارە بۆتەوە) تەنها خودای نەتەوەی جووە و بۆ خۆشی خودایەكی سەت لەسەت چووە….
بەرژەوەندی تیبەتی نەتەوەی جوو لە ڕێیەكەوە بێ‌، دەبێ‌ بپارێزرێ… :لاپەڕە 165.
لە زەردەشتیەتدا، “ئەهورامەزدا” ناوێكە زەردەشت بۆ خوداكەی خۆی بەكارهێناوە. زەردەشتیەكان ئەوها ڕاڤەی “ئاهورامەزدا” یان كردووە: دۆستی هۆشمەند، سەروەری زانا، ئەمیری ئاگا…
جەلیل عەباس، لاپەڕە(15). ئەو (هورمز)ەی كۆتایی دەقەكەدا هاتووە هەر ئاهوورامەزدای زەردەشتیە!
ئەگەر ئەو دەقە قسە لەسەر ڕەوشی زەردەشتیەكان بكاو خۆیان واتەنی (عەرەب) چ دكرێكی پێكردوون. (كچ و ژنی دیل كردوون) و (پیاوانی ئازای لێكوشتوون) و (ڕەوشتی زەردەشت) بێ‌ كەس ماوەتەوە، ئەوی نازانم
بەگوێرەی دوانیوە دێڕ بەزێڕكا، نیگا هورمز وەهیچ كەس: هورمز بەهیچ كەسێك بەزەی نەهات، بۆچی ئاهوورامە رادای خودای زەردەشتیان “بەزەی” بەزەی بەزەردەشتیەكان نەهاتەوە؟! ئەگەر ئەوانە كوژرابن، زەردەشتی بن، ئەبۆچی (خودا) كەیان هیچ بەزەی پێیان نەهاتەوە؟! ئەدی بۆچی (یەهوە)ی خودای جولەكە كوشتنی بەناحەقی فەلەستینەكان بە پێویست دەزانێ‌ كەچی خوداوەندیەكەی زەردەشتیان لەسەر زەردەشتیەكان بە جواب نایەت!!
ئەو پارا دۆسكی و هەڤدژیە لۆژیك قەبوڵی ناكات، یان ئەوەتە ئەوەی كوژراون، مەسیحیە كوردەكانن، كە نامۆن بەژیانی زەردەشتی و مە چوسیەت، ئاهورا مەزدا هیچ بەزەیی پێ‌ نایەتەوە، چونكە لە ئاینی نەتەوە لایانداوە و “خودایەكی” تریان بۆخۆیان دیاری كردووە یان ئەوەتە، كوژراوەكان مەجوسی بوونە و لەزەردەشتیەتی ڕەسەن لایانداوە، بۆیە ئاهورا مەزادا لێیان توڕە بووە وەهیچ بەزەی پێنە هاتونەتەوە هەموو ئەمانە، بەڵگەن لەسەر ئەوە كەبونیاتی سیمانتیكی و عەقیدەیی ئەو دەقە لە گەل هیچ ئاستێك یەكنا گرێتەوە!

شەنگستی مێژوویی وەك بنەمایەك بۆ هەڵوەشاندنەوەی شیعری هورمزگان

شەنگستی مێژوویی:

لەم دەقەدا، هەندێ‌ شوێنی جوگرافی هاتوووە، وەك هورمزگان، شارەزوور… لێرە هەوڵدەدەین گریمانەیەكی دیی كۆنی ئەم شیعرە لەڕوانگەی بنەماو شەنگستی مێژوویی شاری شارەزوورەوە هەڵبوەشێنینەوە.
شارەزوور:
شارەزوور لە مێژوویی ئیسلامی، بەتایبەتی عەباسی و عوسمانی ناوێكی دیاری دەركەوتنی چەندەها رووناكبیری كوردیی بووە، بۆیە هەوڵدراوە ئەو مێژووە ئیسلامییەی شارەزوو درێژبكەنەوە بۆ قۆناغی بەرلەئیسلامی!
ئەو دیما گۆجیەتە بە عەقلێكی ئاگا لە مێژووەوە گراوە بۆ ئەوەی وێنەكە وا لەزەینی خوێنەری سادەی كورد جێگیر بكەن و سیفەتێكی داگیركاری بۆ پرۆسەی ڕزگاری كوردستان لە ژێر هەژموونی كەلتووری سیاسیی ساسانی دابڕێژن. لێرەدا، بەگرنگی دەزانین سەرەتا لە لە ڕامان و فۆرسی جودای وشەی شارەزوور بە گوێرەی سەرچاوەكان بدوێن.
ڕامان و فۆڕمە جوداكانی شارەزوور وشەی “شارەزوور” لەسەرچاوە مێژووییەكان بەچەندەها شێوە هاتووە هەروەها چەندەها ڕاڤەی جیاواز بۆ وشەكە كراوە.
وەبزانم تۆفیق وەهبی پێش هەر توێژەرێكی كورد لە ڕەگ و ڕیشە و واتاكانی ناوی شارەزووری كۆڵبیتەوە. لەو ڕووەوە لە گۆڤاری (سۆمەر) ژمارە (7)، ساڵی (1961) لاپەڕە (129-144) چەندەها ڕای جیاواز بۆ ناوی شارەزوور هێناوەتەوە كە دەكرێ‌ لەچەند خاڵێك كورتیان بكەینەوە:
1- (زوور)ی بڕگەی دووەم لە فارسی (رزور) بووە بڕگەی یەكەمیش (سیا – ڕەش) بووە وشەكە لە (دارستانی ڕەش) هاتووە.
2- مینۆرسكی دەڵێ‌ وشەكە (شە – رزور) بووە واتاكەش (دارستانی پادشایەتی) دەگەیەنێ‌ هەروەها لە ڕوانگەی (ئاڤێستا) وەش دوو ڕای جیاواز دەهێنینەوە بەوەی (زور) وشەیەكی ئاوێستاییە واتای (ستەم) دەگەیەنێ‌ كەواتە (شارەزوور) (شاری ستەمە) هەروەها دەڵێ‌: شارەزوور لە (شەهر زەفەر) هاتووە و (زەفەر) واتای (هێز، چالاكی) دەگەیەنێ‌ كەواتە هەروەها دەڵێ‌، (زوور) لە عەرەبی بە واتای (نزم) و (قووڵ) دێت، ئەمەش لەگەڵ سروشتی خاكناسی ناوچەكە تێكناكاتەوە!!
هەرچی مامۆستا جەمال بابانە ئەوە لە لاپەڕە (232 هەتا 239) چەندەها ڕای جیاواز لەسەر بنەچەو واتای وشەكە لە زمانی ئاوێستا، فارسی، عەرەبی، كوردی دەهێنینەوە.
سەرەتا ئەو “ڕا” یانە دەهێنینەوە، كە جەخت لەسەر ئەوە دەكەن كە “شارەزوور” وشەیەكی لێكدراوە.
لەم بەشەدا، زۆربەی نووسەران هاوڕان لەسەر بەشی یەكەمی وشەكە (شهر – شار)، كە (شەهر) فارسی یە و واتای شار دەگەیەنێ‌ بەڵام لەسەر بەشی دووەمی وشەكە (زوور) هاوڕان نیین.
هەندێك ڕێنووسەكە ئەوها دەنووسن: (زۆر)، یان (زڕ) (زۆل) (زل) (زەر-زەهر، ژەهر) زۆربەی ئەو شرۆڤانە بەشێك لە ڕاستیان تێدایە و گوزارشت لە سروشت و واقیعی شارەكە دەكەن. عەرەبەكان دوو لێكدانەوەی جیاواز لەوەی (فارسی) و (كوردی) بۆ شارەكە دەكەن. یاقوت حەمەوی لە معجم البلدان لاپەڕە (374-375) دەنووسێ‌: ئەو شارە، زوری كوڕی زوحاك دایمەزراندووە، كەواتە كە دەگوترێ‌ شعر زور – بە واتای شاری زوری كوڕی زوحاك دەگەیەنێ‌ – دوورنیە ئەم “ڕا” یە بۆنی (عروبە)ی لێ‌ بێ‌، چونكە (حەمەوی) لە ناوهێنای چەند شارێكی كوردی، لێكدانەوەیەكی عەرەبی بۆ شارەكە دەكات كەچی دەزانین پێش هاتنی ئیسلام هیچ عەرەبێك لە شارەزوور نەبووە!!
هەروەها “ڕا”یەكی دی عەرەبی هەیە كە شارەزوور لە “شلر زەوار” – شاری كاروانچی” هاتبێ‌ لەم بارەیەوە، جەمال بابان، شیعرێكی مەولەوی دەهێنێتەوە!
دەنگ زەیلەی زەنگ زەواری مەیۆ
دەنگی قافڵەكەی جەهاری مەیۆ
“ڕا”ی تریش هەیە، كە وشەی (زور) (زڤر)، كویر-قووڵ” هەتا “زەوڕەق” بێ‌!
وشەی “شارەزوور” لەسەردەمی دەقی هورمزگان
لە ئینسایكۆپیدیای “بەریتانی” و “ئەمریكی” و “كامبریوج” ز چەندانی تر گەڕام وشەی شەهرەزوور، شارەزوورم نەدۆزیەوە. هەروەها د. هەورامانی لە “مێژووی جوگرافیای كوردستان لە ئاڤێستادا” باسی زۆر شوێنی كردووە، بەڵام باسی “شەهرەزوور”ی نەكردووە!! ڕیچ لە لاپەڕە (120)ی گەشتنامەكەی بۆ كوردستان لە ساڵی 1820، دەنووسێ‌: “كوردەكان تێكڕا پێ‌ لەسەر ئەوە دادەگرن، كە لە كۆندا شارێك نەبووە ناوی “شارەزوور” بووبێ‌. سوریشن لەسەر ئەوەی ئەم ناوانەی ئێستاش وەك زانراوە، هەر ناوچەكە بووە.”!!
مینۆرسكی و ئەمین نەقشبەندی و جەمال بابان باس لەو ناوانە دەكەن كە لە كۆندا ناوی شارەزوور بوونە. ڤلادمیر مینۆرسكی لە “لە بنچینەكانی كورد و وتارێكی كوردناسی، وەرگێڕانی د. نەجاتی عەبدوڵڵا، لاپەڕە (125) هەتا (133) باس لە (شارەزوور) دەكات. لە لاپەڕە (127) دەنووسێ‌: شارەزوور (بەشێوەكی وردتر “دوزدات”) لە جەند ئەفسانەی تەوراتیدا بە(ساول تاوت) یان(ساول داود) ناوی هاتووە. هەروەها مسۆسكی باوڕی وابووە كە شارەزوور لە سەردەمی ساسانیەكاندا بەناوی رنیم شەز ڕای _نیمڕاه”_ نیوەی ڕێگەی نێوانیان تەسیەفۆن و ئاتەشگای شیز” هاتووە. ئەو ڕایە زۆرێكیتر جەختیان لەسەر كردۆتەوە. هەر لەو كتێبە لاپەرە(129) مسینۆرسكی دەنووسێ‌ شارەزوور لەمێژووی كەلشیسای نەستروپەكاندا بە بەشیكی دێرەیی Dioreseیا گەرمای Badjarmak ناو نراوە. هەروەها لەسەر چاوەی ئاشوریەكان ناوی شاری(دور ئاشور)ی ئاشوری گۆڕان بەسەر داهاتووە و بووە بە شارەزوور! كەمال نوری مەعروف لە لاپەڕە(247)ی كتێبی هەندێك شوێنەواری دێرین بەر لە مێژوو مێژووی كوردستان” دەنووسێ‌: ناوی شارەزوور یان شارەهرەزور كە بەسەر دەشتەكە دا وتراوە لەوە دەچێت بۆ دوای فەرمان ڕوایەتی ساسانیەكان بگەڕێتەوە بەڵگەش بۆ ئەمە هەتا سەردەمی ساسانیەكان
بەپێی سەرچاوە مێژووییەكان ئەو ناوە نەبیستراوە یان لە ناو ڕووداوەكاندا نەهاتووە، بەڵكو هەر بە (نیم ئەزرا)_ نیوەی ڕێگا نسراوە”.
لەمانە دەردەكەوێ‌، كەناوی شارەزوور لە چەند زمانێك هاتبێ‌ كلۆجیێك پەیوەندی بەسەردەمی ئیسلامیەوە نییە و ئەو ناچە یەش لە سەردەمی ئیسلامیدا ناوی (شارەزوور) نەبووە هەروەها ئەم ناوە لە سەردەمی فتوحاتی ئیسلامیدا لە زمانی پەهلەوی و شێوە زاری هەورامیدانەبووە، بەڵكوی ناوەكە زۆر هی دوایی ئەو قۆناغە مێژووییە. هەروەك وتمان، شارەزوور لە سەردەمی ئیسلامی: عەباسی، ئەیوبی، عوسمانی بۆتە ناوچەیەكی ناسراو لە جیهانی ئیسلامیدا، هەتا جەندەها زاناو فەقیه و شەرعزان لەو سەردەمە سەدەی دوازدە و سێزدە نەك سەدەی حەوت!! هەڵكەوتوون و بوونەتە ناوی دیار لە مێژووی ئیسلام دا.
هەروەها لەسەردەمی دەسەڵاتی عوسمانیدا، شەهرەزوو یەكێك بووە لەو سێ‌ لیوایەی ویلایەتی موسڵ، لەمەش زیاتر، شەمسەدین سامی لە قاموشی ئەعلا مەكیدا كە ئەحمەد تاقانە لە توركیەوە وەری گێڕاوە بەناوی “كورد و كوردستان لەیەكەم ئەنسكلۆپیدیای توركی لە مێژوو دا” لە لاپەڕە (216) لیوای شارەزوور كراوەتە 6 قەزاو 8 ناحیە قەزاكانی ئەوسا ئەمانە بوون: كەركوك، هەولێر، ڕانیە، ڕواندز، سەلاحیە (كفری) و كۆیە (كۆیسنجەق) بەكورتی لەسەردەمی عەباسی و عوسمانیش، شارەزوور ناوێك نەبووە بۆ “شار”ێك، بەڵكو هەرێمێكی فروانبووە كە نزیكەی زۆربەی باشوری كوردستانی گرتۆتەوە.
لە مێژووی شاری شارەزووریش دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە شیعری هورمزگان شعرێكی ساختەیە، چونكە هەروەك چۆن زمانی دەقەكە نوێ‌ یە، هەروەها زۆر بەهەڵە دەقەكە لە ڕووی ئایینیەوە لێكدراوەتەوە هەروەها ئەوسا، لە ساڵی 16-22ی كۆچی، شارەزوور چ وەك وشە چ وەك ناوی ناوی شارێك لە هیچ دەقێكدا نەبووە!!!
سەرچاوەكان:
1- جمال بابان: سلێمانی شارە گەورەكەم، سلێمانی لە ڕۆژی بنیاتنایەوە تا كۆتایی دەسەڵاتی بابانەكان، سلێمانی، 1999، بەرگی یەكەم.
2- ئەیوب ڕۆستەم: هەورامان، لێكۆڵینەوەیەكی مێژوویی كولتوریە، سلێمانی، 2008، چ2.
3- جمال بابان، اسماْ المدن والمواقع العراقیە، بغداد، 1976م.
4- ئەحمەد شەریف علی، ئەنفال لە ڕۆمانی كوردیدا، نامەی دكتۆرا، كۆیە، 2009.
5- علا‌والدین سجادی، مێژووی ئەدەبی كوردی، بغداد، 1952.
6- كوردستان موكریانی، زار كرمانجی، هەولێر، 2002.
7- حای –م- رەسوڵی و كادی ه- ئیڵین، پزیشكێك لە كوردستانەوە، هەولێر، 2003.
8- جەمال نەبەز: زمانی یەكگرتووی كوردی، ئەڵمانیا، 1976.
10- محەمەد ئەمین هەورامانی، زاری زمانی كوردی لە تەرازووی بەراووردا، بغداد، 1981.
11- زبێر بیلال اسماعیل، مێژووی زمانی كوردی، و. یوسف رۆوف علی، بەغدا، 1984.
12- كۆمەڵە نووسەرێك، گۆڤاری كۆڕی زانیاری عێڕاق، بەغداد، 1983.
13- مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی كوردی، هەولێر، 2001.
14- كوردستان موكریانی، رووناكی، هەولێر، 2001.
15- جەلیل عەباس، ئاڤێستا، گاتا-كات، هەولێر، 2003.
16- ڕەشاد میران، ڕەوشی ئایینی و نەتەوەیی لە كوردستان، كوردستان، 2000.
17- شوكر مستەفا، سەرچاوەكانی بیروباوەڕی كوردەواری، هەولێر، 2006.
18- كەمال نوری، هەندێك شوێنەواری دێرین…، سلێمانی، 2010.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …