Home / مێژووی ئیسلام / شارستانیه‌ت / ده‌زانی ئه‌و پیاوه‌ ڕیشنه‌ی سه‌ر دراوی عێراقی كێیه‌؟

ده‌زانی ئه‌و پیاوه‌ ڕیشنه‌ی سه‌ر دراوی عێراقی كێیه‌؟

irq0095co_1_

ئەبو عەلی حەسەن کوڕی حەسەنی کوڕی ھەیسەم ناسراو بە ئیبن ئەلھەیسەم، فەیلەسووف و زانای فیزیا و بیرکاری و پزیشکی و زانستی دەروونییە. لە ساڵی ٩٦٥ لە بەسرە لەدایک بووە و لەنێوان ساڵانی ١٠٣٨ ھەتا ١٠٤٠ لە شاری قاھیرە مردووە. چەندین بەرھەمی بە زمانی فارسی و عەرەبی نووسیوە.

ئیبن هه‌یسه‌م لە شاری بەسڕە لەدایکبووە و زانستەکانی سەردەمی خۆی خوێندووە و لە فەلسەفە و زانستەکانی سروشت و بیرکاری و پزیشکی ، پاشان چووە بۆ میسر لە سەردەمی خەلیفەی فاتیمی (الحاکم بأمر اللە) دا ، ئیبن ھەیسەم پرۆگرامی چاودێری کردن و خوێندنەوەی بەکاردەھێنا ، ئەم زانایە لەسەر ڕووناکی لێکۆڵینەوەی کردووە ، بە تایبەتی ئەو بەشەی کە ئەمڕۆ پێی دەڵێن ڕووناکیزانی ھەندەسی (البصریات الھندسیە) ، کە لە بەناوبانگترین کتێبەکانیدا کە بریتییە لە (کتاب المناچر) باسی لێوە کردووە ، خاوەنی زیاتر لە ٢٠٠ دانراوە کە ٤٧ دانەیان لە بیرکاری و سروشتزانیدا بووە ، و ئەوانی تری لە بوارە جۆراوجۆرە زانستییەکاندا تری داناوە.

یەکێک لە هەرە کتێبە بەنرخەکانی ئیبن هەیسەم لەو حەوت بەرگە کتێبانەی کە دەربارەی زانستی ڕووناکی نووسیونی بریتییە لە (کتێبی ڕووناکییەکان-Book of Optics) کە لە نێوان ساڵانی (١٠١١-١٠٢١) نووسراوە.
ئیبن ھەیسەم خاوەنی چەندەھا کتێب و بەرھەمی جۆراوجۆرە لەوانە :
پەرتووکی مەناچر
جووڵەی مانگ
گەردوونی نموونەیی
چەند پەرتووکێ دەربارەی ئەندزیاری
جوانی ھەسارەکان
مقالە فی کیفیە اڵارصاد
مقالە فی چو‌و القمر
مقالە فی قوس قزح و الھالە
مقالە فی رویە الکواکب
مقالە فی السمت
مقالە فی الصورە الکسوف

گرنگترین بۆچوونەکانی ئەم زانایە لە بواری ھاوێنەسازی و ڕووناکیزانیدایە (علم البصریات) ، کە لێکۆڵینەوەی کردووە لەسەر دیاردەی شکانەوەی ڕووناکی و گەڕانەوەی ڕووناکی لە ئاوێنەکانەوە ، جا چ تەخت بن یان ئاوێنەی گۆیی (چاڵ و قۆقز) یان لوولەیی بن و چۆنێتی درووست بوونی وێنە تیایاندا ، بۆچوونەکانی تا ئەمڕۆش لە ھەموو زانستەکاندا باکاردێن با تایبەتی لە بواری فەلەکدا ، تەلیسکۆب و تەلیسکۆبی ئاسمانی ھابڵ (Hubble space telescope) و تەلیسکۆبی ئاسمانی ئەوروپی بۆچوونەکانی ئەویان بۆ بەکارھێنراوە لە بواری ھاوێنەسازیدا.

بۆچوونەکانی ئەم شۆڕشێکیان بەرپاکرد لە بواری بینین و ڕووناکیدا ، کاتێک خەڵکی تا سەردەمی ئەو (بەتایبەتی زانایانی یۆنانی کۆن) وایاندەزانی کە بینین ڕوودەدات بەھۆی دەرچوونی ڕووناکی لە چاوەوە بۆ شتەکان و پاش گەڕانەوەی بۆ چاو جارێکی تر مرۆڤ دەتوانێت بیانبینێت ، بەڵام ئەم بە پێچەوانەوە سەلماندی کە بینین بەھۆی دەرچوونی فاکتەرەکان لە چاوەوە نابێت بەڵکو بەھۆی ئەو ڕووناکییەوە دەبێت کە لە تەنەکان خۆیانەوە دەردەچێت و دەچێتە ناو چاوەوە ، و ئەم بیردۆزە بە چەندین تاقیکردنەوەی کرداری لە کتێبی (المنازر)دا سەلماندووە (ساڵی ٤١١ک یان ١٠٢١ز ئەم کتێبەی تەواو کردووە) ئەم بۆچوونانەی ئیبن ھەیسەم بنەمابوون بۆ لێکۆڵینەوەکانی دواتر لە بواری بینیندا بە تایبەتی لێکۆڵینەوەکانی : ئەلبێرتی گەورە (١٢٨٠ز مردووە) و ڕۆجەر بیکۆن و زانایانی دوای ئەمان.

ھەروەھا وەسفی پێکھاتەی چاوی کردووە لە ڕووی : توێکاری وەسفی (بە وردی بەشەکانی چاو لە : دەماری چاو و بەشەکانی ناوەوە و ھاوێنە و ڕەشێنەی شیکردووەتەوە لەگەڵ کێشانی وێنەی وورد لەم بوارەدا) و توێکاری وەزیفی (کارەکانی بەشەکانی چاو) ، گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی کە ئەو وێنانەی چاو دروستی دەکەن لەسەر تۆڕی چاو (الشبکیە) چاپ دەبێت. لە زانا ناودارەکانی تر لە بواری توێکاری و کاری چاوەکان (الرازی) بووە کە گەیشتووەتە ئەو ڕاستییەی : کاری ڕەشێنەی چاو میکانیزمێکی تایبەتی ھەیە بۆ ڕێکخستنی چوونە ناوەوەی ڕووناکی بۆ چاوەکان و پاشان بینینی شتەکان.
ھەروەھا ئیبن ھەیسەم زانیویەتی کە ڕووناکی خێرایی ھەیە و ئاماژەی بەوە داوە کە لەگەڵ ئەوەشدا ڕووناکی زۆر بە خێرایی دەڕوات بەڵام پێویستی بە ماوەیەک ھەیە بۆ ئەوەی لە شوێنێکەوە بچێت بۆ شوێنێکی تر ، لە مێژووی ھاوێنەسازی و ڕووناکیدا بابەتێک ھەیە بە ناوی ئەمەوە ناونراوە لە بواری تیشدانەوەدا ، ئەم زانایە لە ڕۆژئاوا زیاتر بەناوبانگ بووە وەک لە ڕۆژھەڵات ، و لە نزیکەی حەوت سەدە پێش ئێستاوە ناسراوە.
ھەروەھا ڕەخنەی زۆری لە بۆچوونە ھەڵەکانی (بەتلیمۆس)ی یۆنانی گرتووە لە بواری فەلەکدا ، و زۆر شتی نادیاری ڕوون کردووەتەوە و بۆی ڕاستکردۆتەوە بە تایبەتی لە کتێبێکیدا بەناوی (الشکوک علی بتلیموس) ، (جۆرج سارتۆن) لە کتێبەکەیدا کە بەناوی (زانستی کۆن و مەدەنیەتی نوێ)یە دەربارەی (ئیبن ھەیسەم) دەڵێت : بریتییە لە گەورەترین زانای سروشتزانی موسوڵمان ، و یەکێکە لە گەورەترین ئەو زانایانەی کە بە ڕووناکیزانییەوە خەریک بووە لە ھەموو سەردەمەکاندا ، بنەمای ڕەوشتی لای (ئیبن ھەیسەم) بریتیی بووە لە پێشخستنی ھەق و ڕاستی نەک دواکەوتنی ھەوا و ئارەزووەکان ، کە ئەمە بریتییە لە ڕەوشتی زانای پایەدار و ڕێزدار ، ئەمڕۆ ئەم زانایە بە نموونە دادەنرێت لە دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ١٠٠٠ ساڵ.


وێنەی دوو کەڵەکە زانای جیهان کە وێنەکەدا ئاماژەی پێکراوە ئەوانیش : ئیبن هەیسەم و گالیلێو گالیلەین

About دیدار عثمان

Check Also

بیرۆكه‌ی دامه‌زراندن و ڕێكخستنه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئینكشاری له‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی

د. فاخر عالی / زانكۆی سۆران به‌شی مێژوو Fakhir.mirkhan@soran.edu.iq لەگەڵ دەست بەکاربوون و هاتنە سەر …