Home / بەشی مێژووی كورد / پەیڤێک بۆ یادی ھەشتا ساڵەیشەڕی ئاوباریک بۆ؟

پەیڤێک بۆ یادی ھەشتا ساڵەیشەڕی ئاوباریک بۆ؟

1_613636_1_34

شێخ رەزا شێخ کەریم‌
لە5/نیسان/1931 -رۆژی یەکشەمە 17مانگ ژی القعدە/1349

2-1

دەستپێک
وەک ئاشکرایە نووسینەوەی مێژوو یان رووداوێکی دیاریکراوی مێژوویی ھەروا کارێکی ئاسان نییە، جگەلە ووردبوونەوەو ماندوبوون و ئەکادیمی بوونی باسەکە، بوێری و حەقوێژیش دەخوازێت و توێژەر دەبێت بەوپەڕی بێلایەنی و راستگۆییەوە بابەتەکە بخاتەڕوو، بەپێچەوانەوە ھیچ بەھایەکی زانستی نامێنێت، ئەگەرچی ھەنوکە ھەشتا ساڵ بەسەر شەڕی ئاوباریکدا تێدەپەڕێت، کەچی تائێستاش ھەندێ کەس رووداو و بەسەرھاتەکانی ئەم شەڕە پێچەوانە دەکەنەوەو دەی شێوێنن. جالەبەر کەمی زانیاری بێت یان ھەر ھۆکارێکی تربێت، بۆیە پێمانباشە بەسودوەرگرتن لەسەرچاوەو دۆکیۆمێنتی نووسراو و تۆمارکراو ھەروەھا سودوەرگرتن لەبیرەوەری شایەدحاڵانی شەڕەکە، یادی ئاوباریک و روداوەکەی بکەینەوەو ھیوادارین بتوانین پەنجە بخەینەسەر ھەندێ (نەگوتراو) لەم بابەتەدا.
جا بابزانین ئەم شەڕە بۆ؟ لەسەرچاوەکان و لای بەشداربووان و شایەدحاڵەکانییەوە چۆن باسکراوە؟ کێ پشتیوان و ھاوکاری شێخ بووە؟ چ لەسەرۆک ھۆزو بنەماڵەو عەشایر، چ لەکەسایەتی رۆشنیرو نیشتمانپەروەرو ئەفسەرە ئازادیحوازەکان؟ کێ دژی شێخ وەستاوەتەوەو دەستی لەگەڵ دوژمنان تێکەڵکردووە؟
لەکتێبـی شێخ مەحمودی قارەمان و دەوڵەتەکەی خوارووی کوردستان (م.ڕ.ھاوار) لاپەڕە (758) ئەم دەقە ھاتووە کەدەڵێ: (ئەو راپۆرتەی حکومەتی بەریتانیا دابوی بە عصبە الامم (54) دەربارەی ئەو رۆژانە دەڵێ: (لەساڵی 930دا ھەواڵگەیشت کە شێخ مەحمود ھێزێکی کۆکردۆتەوە لەناوچەی سەر سنووردا کەزۆربەیان کوردی ئێرانین لەبەرئەوە دەستوبرد ھەڕەشەی لێکرا ئەگەر بەڵێنەکەی بشکێنێت سزا دەدرێت، بەڵام ئەو گوێی نەدایە بەچەند چەکدارێکەوە ھاتە ناو خاکی عیراقەوە). لەو رۆژانەدا (3) ئەفسەری عیراقی وازیان لەسوپا ھێنابوو و چوونە لای شێخ مەحمود (مەحمود جەودەت و حامید جەودەت و کامل حسن ئەفەندی) بووە. شێخ مەحمود دەستیکرد بەپڕوپاگەندەکرن لەناو سەرۆک عەشیرەتەکاندا.
ناردنی نامە بۆ دۆست و لایەنگرەکان
پاش ئەوەی ئاگادارکرایەوە لەکارەساتی رۆژی رەشی6 ئەیلول/930 بەردەرکی سەرای سلێمانی کەچەندین کەس لەھاووڵاتیانی راپەڕیوی سلێمانی شەھیدو برینداربوون و ھەندێکیان لێ گیرا. ئیتر شێخ مەحمود خۆی بۆ نەگیرا کەوتە خۆی و دەستیکرد بەناردنی نامە بۆدۆست و لایەنگرەکانی بۆئەوەی بکەونە خۆیان و تۆڵەی ئەو تاوانەی بەردەرکی سەرا بکەنەوە دەست بکەن بەپێشکەشکردنی داخوازی تازە دەربارەی مافی کورد. کەئەمە سەرەتای خۆ کۆکردنەوەی ھێزەکانی بوو کە لەدوای ئەو رووداوە حکومەتی عیراق ھەوڵیدا لەڕێگای (جمیل المدفعی) وەزیری ناوخۆی عیراق لە20 ئەیلول/930 لەنامەیەکدا بۆ شێخ مەحمود کەھۆی قەوماندنی ئەو رووداوەی خستبووە سەر خەڵکانی سلێمانی حکومەتیش دیفاعی لەخۆیکردووە.
ھەندێ گێرە شێوێنیش ھەوڵدەدەن بۆ ھاندانتان کەدژی حکومەت ھەڵسن، کەئەمە لەگەڵ ئەو رێککەوتن و بەڵێنەی(1) 16 کانونی دووەمی/1927دا ناگونجێ. خوازیارە بەشارەزای خۆت و وردبینیت و ژیری بڕوا بەقسەی ئەو پیاوخراپانە نەکەیت و لەڕێککەوتنەکە لانەدەیت، بەمە زیاتر زەمینە خۆشکرا بۆ زیاتر پێداگرتن لەسەر داخوازی میللەت بۆیە بڕیاریدا دەستەو ئەژنۆ دانەنیشێت و نامەیەکی نارد بۆ مەندوبی سامی بەریتانی لەبەغداد کە پێویستە حکومەتی عیراق ھێزەکانی لەھەموو خوارووی عیراق بکشێنێتەوە ھەر لەزاخۆوە ھەتا خانەقین و حکومەتێکی کوردی دروست بکرێت لەژێر ئینتیدابی حکومەتی بەریتانیادا، بۆئەو داخوازییانە پشتی بەو راسپاردانەی (عصبە الامم) بەستبوو کەدانی بەمافی کورددا نابوو.
کوردستانێکی یەکگرتوو
لۆنگرێک لەکتێبەکەیدا ئەم دەقەی نووسیوە کە لەکتێبـی شێخ مەحمودی قارەمان لاپەڕە (765)دا ھاتووە دەڵێ: (شێخ مەحمود لەساڵی 930دا داوای لەمەندوبی سامی کرد کوردستانێکی یەکگرتوو ھەر لەزاخۆوە ھەتا خانەقین لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا پێکبێت). شێخ رەووف شێخ مەحمود لەھەمان کتێبـی سەرودا لاپەڕە (769) دەڵێ: (باوکم گەیشتبووە ئەوەی کە شۆڕشی چەکداری بۆ کورد شتێکە تازە سەرناگرێ چونکی دوژمنەکانی زۆر بەھێزو چەکداربوون و کورد بەرگەی ئەو ھێزەی دوژمنی نەدەگرت و باوکم ماوەیەک بوو بڕیاریدابوو واز لەسیاسەت بھێنێت. بەڵام بەگەیشتنی (مەحمود جودەت و حمید جەودەت و کامل حسن ئەفەندی) ھەستی کوردایەتی باوکمیان جوڵاندەوە. ئەوانیش وایان لەباوکم گەیاندبوو ئەگەر شۆڕش دەست پێبکاتەوە لەزۆر لاوە خەڵک ئامادەن ھاوکاری و بەشداری بکەن و ئەفسەرە کوردەکانیتریش دێنە پاڵ شۆڕش….ھتد. لەھەمان کتێبدا لەلاپەڕە (768)دا دەڵێ باوکم لەساڵی (931)دا بە دەستبەسەری نێردرا بۆ (ناصریە) چوومە لای لێمپرسی کەوەختێ مەحمود جەودەت و تاقمەکەی ھاتنەلات بۆ (پیران) چۆن ئیقناعیان کردیت کە ئەمجارەیش دژی حکومەت شۆڕش بکەیت؟ لەوەڵامدا وتی بەرلەوەی بێنە لام من کەوتبومە خۆم و وەنامەم ناردبوو بۆ سەرۆک عەشیرەتەکان، وەڵامەکانیانم پێگەیشتەوە ھەموویان دڵنیایانکردم کەھاوکاریم دەکەن گەربێت و شۆڕشێک بەرپابکرێ بۆ داواکردنی مافی کورد، بەڵام ئەوەبوو شۆڕشکراو من دەستمکرد بەوەی رووبەڕووی حکومەت ببمەوە بەیاداشتێک داوای مافی کوردم کرد. لەو سەرۆک عەشیرەتانە کەبەڵێنیان دابوو ھەموویان درۆیان لەگەڵاکردم بێجگە لەکەریم بەگ فەتاح بەگ جاف و داودبەگی برای و عوسمان بەگی شەرەف بەیانی.
بەڵێنەکەی کابتن ھولت
شێخ رەوف شێخ مەحمود لەھەمان کتێبدا لەلاپەڕە (771)دا لەیاداشتەکەیدا دەڵێ: (باوکم کەبڕیاری شۆڕش و راپەڕینیدا چەکدارەکان روویان کردە گەرمیان و بەرلەوەی شەڕی (ئاوباریک) رووبدات لەناوچەی کەرکوکدا نامەیەکی (کابتن ھولت) ھات بۆ باوکم و من (شێخ رەوف) ئەو نامەیەم وەرگرت و ناردم بۆ باوکم (کابتن ھولت) لەو رۆژانەدا موستەشار بووە لەسەفارەتی بەریتانیا لەبەغداد. کابتن ھولت لەو نامەیەدا بەڵێنی دابوو بەباوکم ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ (پیران) ھیچ زیانێکی پێ ناگاو موڵک و ماڵەکەی ھەموو دەپارێزرێ، منیش کەنامەکەم نارد بۆ باوکم خۆشم نامەیەکم نووسی و بۆم رونکردەوە کەکار گەیشتۆتە رادەیەک ھیچ ھیواو ئاواتێک نەماوە، ئەوانە کاتی خۆی بەڵێنیان پێدابووی ھاوکاریت لەگەڵدا بکەن، ھەموویان پاشگەز بوونەتەوە. بەڵام بۆم دەرکەوت نە ئەو کاغەزەی (ھولت)و نە ئەو ڕوونکردنەوەی من کاری تێنەکردبوو، لەدوای چەند رۆژێک باوکم وەڵامی دامەوە کەنووسیبوی (راستە زۆربەی ئەوانەی بەڵێنیان دابو پاشگەزبونەتەوە، بەڵام ئەوەی (کابتن ھولت) ھەروەکو تەڵەو داو وایە، چونکە بەگەڕانەوەم بۆ پیران و وازھێنانم لەداواکردنی مافی کورد ناوبانگم دەزڕێت. خەڵک وای لێکدەداتەوە کەمن ئەو راپەڕینەم تەنھا لەپێناوی سودی خۆمداکردووە بەخۆڕایی وادەکەم خەڵک بیر لەوەبکەنەوە من بووم بەنۆکەری ئینگیلیز).
زۆری پێنەچوو دوای شەڕی ئاوباریک بەماوەیەک (مەحمود جەودەت و حامید جەودەت) ھەردووکیان گەڕانەوە خۆیان تەسلیمی حکومەتی عیراق کردوو حوکمدران بەدوو ساڵ زیندان و ئەشغال شاقە واتە (کاری قورس) لەدوایدا بەبڕیارێکی مەلیک فەیسەڵ بەردران و کامل حسن ئەفەندی خۆی تەسلیم نەکرد مایەوە لەگەڵ شێخ مەحمود.
لەھـــــەمان کتێبدا لاپەڕە (774) ئەحمەد خواجە لەیاداشتەکەیدا بڵاویکردۆتەوە کەدەڵێ: (لەکاتێکدا لەشکرەکەی شێخ مەحمود لەشارەزوور لەگەرمەی جەنگدا بوون لەگەرمیانەوە لەداودە زەنگەنەو دەلۆو ناوچەی گل بەنامە باسی بێزاربوون و وەڕزبوونی خۆیانی بۆ شێخ مەحمود ناردبوو کەچەند پەرێشان بوون بەرامبەر بەدەستدرێژی و تاوانی فەرمانبەران و کاربەدەستانی حکومەتی عیراق لەناوچەکەیاندا و داوایان لە شێخ مەحمود کردبوو کە شۆڕش لەشارەزورەوە بگوێزێتەوە بۆ گەرمیان بۆئەوەی شۆڕشی کوردستان لەوێوە دەست پێبکاتەوە).
ئیتر شێخ بەدەم داواکەیانەوە رۆیشت و ھێزەکانی کە لەگەڵی بوون بەڕێکەوتن بۆ ناوچەی قەرەداغ و سەنگاو و لەناوچەی گەرمیان یەکیان گرت. بەمە بوونە ھەڕەشەیەک بۆسەر کەرکوک لەبەرئەوەی دەسەڵاتی ھێزی شۆڕشی کورد بەھێزبوو حکومەتیش ھەستی بەم ھەڕەشەیە کردو رێگای پوچەڵکردنەوەیدا کە لەشەڕی ئاوباریکدا بەدەرکەوت.
بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانە
جا ئەو ھەموو بەرەنگاربوونەوەی شۆڕشگێڕانی، ناردنی ئینگلیز بەسوپایەکی زۆری پڕچەکی گەورەو بچووک و پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئینگلیز بۆ لەناوبردنی و کپکردنەوەی بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەی میللەتی کورد. کە تەنھا چەکی بڕوا بەخۆبوون ئەو چەکە سوکە بوو کە بەدەستیانەوە بوو. جگە لەوە نانەوەی پیلان بۆ گرتن و کوشتن لەخودی شێخ مەحمودەوە ھەتا سەرکردەکانی لەشکرەکەی و بەئەفسەرو رۆشنبیرانیشەوە لەسەرەتای ھەڵگیرسانی شۆڕشەوە نەیتوانی رێگربێت کە لەدوا ھەوڵ و تەقەلای شێخی مەزن بەھاوکاری لەسەرەک ھۆزو خێڵ و ئەفسەرە شۆڕشگێڕانەکانی و زۆری رۆشنبیری و سەردەمی ئەو ساو شاعیران بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی تازە لەگەرمیان کە کۆتاییەکەی بەو شەڕەھات کە دوا شۆڕشی شێخی نەمر بوو.
کە سەرنج بدەین لەسەرەتای دەستپێکردن و دەسەڵات بەدەستگرتن لەسەرەتای ئەو بزووتنەوە کەیەکەمجار لەحکومدارێتی شێخ مەحمود لە1918. دوای ئەوە یەکەم راپەین لە(2) دەشتی (سەنگاو–کرپچنە–کچان) 2  لە19/5/1919و راپەڕینی 18 حزیرانی/دەربەندی بازیان کەشێخ تیایدا برینداربوو لەگەڵ شێخ حمە غەریبدا گیران و حوکم بوون نێردران بۆ ھندستان. دواتر گەڕانەوە بۆ وڵات و حوکمڕانی گرتەوەدەست لەئەیلولی ساڵی1922و دەستپێکردنەوەی شۆڕش و چۆڵکردنی سلێمانی بەھۆی بۆردومانکردنی شارەکە بەتەیارەی ئینگلیزو رۆیشتنی بۆ جاسەنە لە3/3/1923و دیسان داگیرکردنەوەی سلێمانی.
چەندین شەڕی قارەمانانە لەتاسڵوجەو کۆزەڕەقە و کوتەڵ و شوێنانیتر بەھاوکاری ئەو ھەموو سەرۆک ھۆزو تیرەو ئەفسەرانە کەپشتیوانی شۆڕش بوون. کە چەندین دەستکەوتی باشیان بەدەستھێنا ھەرچەندە چەندین شەھیدو بریندارو وێرانکردنی دێھاتیشی لێکەوتەوە. ئینگلیزیش بۆ سەقامگیری و سەپاندنی رژێمی (فەیسەڵی دووەم کوڕی شەریف حسێن) ھێنراو لەلایەنیانەوەو دانانی لەسەر تەختی حکومەتی عیراق لە23/8/1921 تازە پێکھێنراو زۆر چالاکانە ھەموو ھەوڵی سەربازی و سیخوڕی زۆر بەگەڕخست بۆ سەرنەگرتنی ئەم شۆڕشەو لەناوبردنی، ئەمە لەلایەک و لەلایەکیتریشەوە شۆڕشگێڕان لەئەفسەرو عەشیرەتەکان بەشێکیش لەشێخ دابڕان چی بەمردن یان کوشتن یان گرتنی و گەڕانەوەی بەمەرجی سەپێنراو بەسەریاندا.
لەگەڵ ئەو ھەموو بەسەرھاتە تاڵ و وێرانی و نەھامەتییەدا شێخی نەمر ھەر لەبیری ئەوەدابوو شۆڕش بەرپا بکاتەوە بۆ بەدەستھێنانی مافی کورد. بەو ھەستەیەوەو بەناردنی نامەی سەرۆک عەشایەرەکانی گەرمیان کە نووسیبوییان زۆر پەرێشانن بەدەست پیاوانی حکومەتەوە، لەپێشیشدا زۆر لەعەشائری جاف داودەو شێخ و شەرەف بەیانی و دەلۆو ئەوانیتر بەڵێنی ھاوکارییان دابوو بۆ پشتیوانی لەھەڵگیرسانەوەی شۆڕش.
بۆیە ھەلی باشی بۆ رەخسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی حکومەت لەو دەستدرێژییانە و دەستکردنەوەی شۆڕش لەناوچەکەدا. ئیتر بەھێزێکەوە روویکردە گەرمیان. لەوی توشی شەڕی (ئاوباریک) بوون. کەگەورەترین بەرەنگارییان کرد لەو ھێزە حکومییەی کە پێکھاتبوو لەسەر بازێکی زۆرو و فوجی لیڤی و ھەندێ لەعەشائری تاڵەبانی بەپشتگیری ھێزی ئاسمانی بەریتانی.
بەڕێکەوتن بەرەو گەرمیان
ئیتر شێخ خۆی و ھێزەکەی بەرەو گەرمیان بەڕێدەکەون پۆل پۆل سەرۆک عەشیرەتەکانی زەنگەنە و داودەو دەلۆو بەشێک لەتاڵەبانییەکان دەچنە پیرییەوە دەچنە ناو ریزی لەشکری شێخەوە وەک یەک ھێز. کەھەر ھەموو تەنھا تفەنگ بەدەستبوون حکومەتیش ئاگاداری ھاتنی و کۆکردنەوەی ھێزی عەشائیرییەکان بوو. ھەموو ھەوڵێکی بۆ لێدانیان و پەک خستنیان رێکخست. ئەوە بوو کە لەسەعات (4)ی عەرەبی رۆژی یەک شەممە 17 ژی القعدە/1349 کۆچی بەرامبەر بە5 نیسان/1931 بەھێزێکی گەورەوە کەپێکھاتبوو لەسوپایەکی زۆرو بەکرێگیراوانی کوردو پاڵپشتی ھێزی ئاسمانی–پەلاماری ھێزەکەی کوردیاندا لەئاوباریک و کانی قادری بتاری گل، بەڵام شەڕە سەرەکیەکە لەگوندی ئاوباریک بووە کەشێخ زۆربەی ھێزەکەی لەوێ بوون.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …