Home / ناوداران / عەلادین سەجادی

عەلادین سەجادی

aladinjudinews

ناوی‌ تەواوی‌ (عەلادین نەجمەدین عیسامەدین)ە و لەبنەماڵەی‌ ناوداری‌ (سجادی)یە، ساڵی (1907) هاتۆتە دنیاوە لەخێزانێکی ئایینیدا گەورە بووە.
ساڵی (1927) بۆ خوێندن هاتووەتە شاری‌ سلێمانی و لەمزگەوتی شێخ جەلال و مزگەوتی حاجی مەلا رەسوڵ بەفەقێیەتی دامەزراوە، ساڵی (1938) مۆڵەتی‌ مەلایەتی لای‌ مامۆستا شێخ بابەعەلی تەکیەیی وەرگرتووه و چووە بۆ بەغداو لەمزگەوتی نەعیمە خاتوون لەمەیدان بووە بەپێشنوێژو دانیشتن و کاری‌ ڕۆژانەی‌ له و مزگەوتەدا بووە، لەبەغدایش لای‌ مامۆستایان شێخ ئەمجەد زەهاوی و شێخ محەمەد قزڵجی بەهەندێ لەزانستە ئیسلامییەکاندا چووەتەوە، لەساڵی (1939)دا چووەتە مەیدانی ڕۆژنامەنوسی و لەساڵی(1941)دا بووە بەبەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ (گەلاوێژ)و وردە وردە گەشەی‌ پێکردووە تا داخستنی لە(1949)دا.
لەساڵی (1948)دا پاش ڕاپەڕینە مەزنەکەی‌ کانون، گۆڤاری‌ (نزار)ی بەعەرەبی و کوردی دەرکردووە کە گۆڤارێکی نیشتمانپەروەری سیاسی بووە، پاش شۆڕشی پیرۆزی‌ 14ی تەمموزو تا ساڵی (1974) مامۆستای‌ ئەدەب و مێژووی‌ ئەدەبی کوردی بووە لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا، هەر لەساڵی(1974)دا کراوە بەئەمینداری‌ گشتی ئەوقاف و (3) ساڵ له و کارەدا ماوەتەوە، ساڵانی پاشەوەی‌ بەخانەنشینی و خزمەتی ئەدەبەوە بەڕێ کردووە، 13/12/1984 کۆچی دوایی کردووه و لەگۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەشاری‌ بەغدا لەنزیک شێخ عەبدوڕەحمان ئەبولوافی نەقشبەندی و شێخ ڕەزای‌ تاڵەبانی بەخاک سپێردراوە.
له و کتێبەی‌ (دلێر عەلادین سجادی) کە بەناوی‌ (یادی سجادی) لەساڵی (1987)وەک وەفایەک بەئەدەبی کوردی و بەباوکی دەریکردووە، له و بابەتە بەپێزانەی‌ کەڵک وەربگرم. ساڵی (1984) ساڵی پرسه و ماتەم بوو، چونکە له و ساڵەدا هەندێ ئەدیب و نوسەرو ڕۆشنبیری وەک (ئەمین میرزا کەریم، تۆفیق وەهبی، جگەر خوێن، حسێن خانەقا، خاڵە ڕەجەب، حەبیب عەلی میرانی، تاهر سادق، عەلادین سەجادی و محەمەد فیدا) کۆچی دواییان کردو هەریەکەیان بەجۆرێک خزمەتی میللەتەکەمانیان کردووە، لەناو ئەم ناوانەدا مامۆستا (عەلادین نەجمەدین سەجادی) چل ساڵە پتر ژیانی خۆی لەپێناوی‌ زیندووکردنەوەی‌ کەلەپوورو نوسینەوەی‌ مێژووی‌ ئەدەبماندا بەخت کردووە، ئه و سەردەمەی‌ مامۆستا سەجادی چووەتە بەغداو بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری کوردی سەری‌ هەڵداوە (کوردی و مەریوانی) دوانزدە کتێبیان چاپ کردووە، لاوانی کوردیش (یادگارو دیاری‌)یان بڵاوکردۆتەوە (یانەی‌ سەرکەوتن)یش لەچالاکیدا بوو، (ژیان) لە سلێمانی و (روناکی) لەهەولێر دەردەچوون، سەجادی پەیوەندی لەگەڵ ڕوناکبیرانی ئه و سەردەمەدا پەیدا کردووه و ئەوانیش کاریان تێکردووە، لەدوا مانگی ساڵی (1939)دا گۆڤاری‌ (گەلاوێژ)لەبەغدا هەڵات و تیشکی پڕ شەوقی چیاو هەردو دۆڵەکانی کوردستانی ڕوناک کردەوە مامۆستا سەجادی ئاشنایەتی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئەم گۆڤارەدا هەبوو. لەبەر ئەوەی‌ بەڕێوەبەری‌ گۆڤارەکە لەبەغدا نەما، کاروباری‌ گەلاوێژ خرایە ئەستۆی سەجادی و هەر خۆی کەرەستەی‌ بۆ کۆ ئەکردەوه و لەچاپخانەدا سەرپەرشتی ئەکردو پیتاک و ئابوونەشی بۆ دابین ئەکرد، سەجادی لەساڵی (1948)دا شانبەشانی گەلاوێژ گۆڤارێکی نیو مانگی رامیاری‌ بەناوی‌(نزار)ەوە بەکوردی و عەرەبی بڵاوکردۆتەوە، پاش ئەوەی‌ بیست و دوو ژمارە له و گۆڤارە دەرچوو، کاربەدەستان (گەلاوێژ)و (نزار)یان لەساڵی(1949)دا داخست، پاش ئەوە مامۆستا دەستی دایە کتێب نوسین، ئەوەبوو لەساڵی (1952)دا (مێژووی‌ ئەدەبی کوردی) بەقەوارەی‌(652) لاپەڕە پێشکەش کردین کە تیایدا وتویەتی (خۆم گەلێ بەبەختیار ئەزانم کە خوا یارمەتی دام و توانیم لەماوەی‌ چەند ساڵێکدا بەکۆششی فیکرو ماڵی خۆم، ئەم کتێبە کە مێژووی‌ ئەدەبی کوردیە یا بەواتایەکی فراوانتر (دائرە المعارف)ی کوردی یە، بێنمە بەرهەم و پێشکەشی بکەم) لەدواییدا ئەڵێتSadهێنام ئەدەبی کوردیم کرد بەکۆشکێک و بەدنیایەک بەڵام نەک کۆشکێکی داروپەردوو، چونکە ئه و جۆرە کۆشکانە لەبەر پلاری‌ گەرمای‌ هەتاوی‌ هاوینداو سەرمای‌ بەفری‌ زستاندا خۆیان ناگرن، کردم بەکۆشکێک نە باکی بەکڵپه و بڵێسەی‌ هەتاوو هاوین بێ، نەبەتۆف و کڕێوەی‌ بۆرانی زستان).
کاتێکیش بەدرێژایی سی و پێنج ساڵ کە ئیمامی مزگەوت بووە، هەموو ڕۆژێک نێوان نوێژانی مەغریب و عیشا لەمزگەوتە بچکۆلانەکەیدا ئەدیب و ڕۆشنبیرو ناسیاوانی لەدەوری‌ کۆ ئەبوونەوه و دەست ئەکرا بەگفتوگۆو نوکته و قسەی‌ خۆش. بۆیەش ئه و هەلەی‌ لەدەس نەداوه و ئه و قسە خۆش و نەستەقانەی‌ کە بەدڵی‌ بووبێت تۆماری‌ کردوون و سەرلەنوێ دایڕشتوونەتەوە، ئەوەبوو لەساڵی (1957)ەوە تا ساڵی (1983) هەشت بەرگە کتێبی بەناوی (رشتەی‌ مرواری‌)یەوە لێ چاپکردن، کە بوو بەجۆرە ئەدەبێکی زیندووی‌ میللەتەکەمان. لەساڵی (1953)یشدا سیپارەیەکی ناوی‌ کوڕو کچی کوردی پێشکەش باوک و دایکان کرد، لەناوەڕاستی پەنجاکاندا گەشتێکی (1816) کیلۆ مەتری بەناو کوردستاندا کردو ئەم گەشتنامەیەی‌ کردە کتێبێکی سەربەخۆ، کە شۆڕشی چواردەی‌ تەمموزی‌ (1958) بەرپابوو، هات شۆڕشەکانی بەدرخان و سمکۆو حەمەپاشای ڕەواندزو شێخ مەحمودی لەکتێبێکدا بۆ لەچاپداین و هەڵوێستی کوردی بەرامبەر کۆمار دەربڕی. هەروەها لەفۆلکلۆری کوردیشەوە سێ چیرۆکی لەکتێبی (هەمیشە بەهار)دا لەساڵی(1960)لەچاپ داو دەربارەی‌ زمانیش لەساڵی (1962)دا کتێبی (دەستورو فەرهەنگی کوردی) بڵاوکردەوە، لەساڵی (1969)دا خوالێخۆشبوو لایەکی لەڕەخنەی‌ ئەدەبی کوردی کردەوە بەکتێبی (نرخ شناسی) ئه و کەلەبەرەشی پڕکردەوە، پاش ئەوە بەدە ساڵ جوانکاریەکانی ناو ئەدەبی کوردی لەکتێبی (خۆشخوانی)دا خستیە بەردەست و دەربارەی‌ ئەم دوو کتێبە دەڵێت (هێنام ڕستەی‌ خۆشخوانیم کرد بەوشەیەک و کردم بەناو بۆ ئەم کتێبە کە قسە لەڕەوانبێژییەوە دەکات، وەکو لەکاتی خۆشیدا رستەی‌ نرخ شناسیم کرد بەناو بۆ ئه و کتێبە کە باس لە لێکۆڵینەوەی‌ ئەدەبی کوردی دەکات)!!
ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی بڕوانینە بەرهەمەکانی دەبینین زۆربەی‌ زۆریان دەربارەی‌ ئەدەبی کوردین و هەندێکیشیان لەخانەی‌ کەلەپوورو فۆلکلۆردا دادەنرێن و لەهەموو بەرهەمەکانیدا ئەمانەتی زانستی‌ پاراستووه و هەموو سەرچاوەیەکی دیاری‌ کردووه و لەنوسیندا شێوەیەکی نوێی گرتووەتەبەرو لەهەندێ بابەتە نوسیندا بەداهێنەر دەدرێتە قەڵەم.
(مستەفا نەریمان) لەچلەکەیدا دەڵێت: (له و چل و دوو ساڵەی‌ کە مامۆستا سەجادیم تیادا ناسیوه و تێکەڵاویم لەگەڵ پەیدا کردووە، خووڕەوشت و هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی‌ وەک نووکی قەڵەمەکەی‌ خاوێن و بێگەرد بوو، لەپاشملە ناوی‌ کەسی بەخراپە نەهێناوه و دڵی کەسیشی نەڕەنجاندووە).
به و هێزەوە لەماوەی‌ سی و یەک ساڵدا بیست و یەک کتێبی بەقەوارەی‌ (5366) لاپەڕە چاپکردووە ئەمەش دەکاتە 4%ی کتێبی کوردی ئه و ماوەیە، هیچ نوسەرێکی کوردمان بەقەوارەی‌ کتێب نەگەیشتووەتە ڕادەی‌ خزمەتی ئه و جگە لەمامۆستای‌ پایە بڵند (مەلا عەبدولکەریم مودەریس) کە بەسێ هەزار لاپەڕە کەوتووەتە ژووریەوە. سەڕەرای‌ ئه و هەموو بەرهەمە چاپکراوانە، سەجادی چەند بەرهەمێکی حازرە چاپی بەجێ ماوە وەک (بەرگی نۆهەمی رشتەی‌ مرواری‌) و (بەرگی دووهەمی دەقەکانی ئەدەبی کوردی)و (کتێبی زیندەوەر)، هەروەها ڕۆژانە بیرەوەری‌ تایبەت بەخۆی یاداشت کردبوو. لەگەڵ‌ ئەوانەشدا هەرگیز لەخۆبایی نەبووه و هەوڵی ئەوەشی داوە بەرهەمی پوختترمان پێشکەش بکات، ڕۆشنبیرو ئەدیب و نوسەر دەبێت لەژیاننامه و خوڕەوشتەکانی کەڵک وەربگرن و بیکەنە مەشخەڵ لەگۆڕەپانی ڕۆشنبیرییاندا، بەمە رۆحی مامۆستا شاد دەبێتەوە. هەرەوەک خۆی لەپێشەکی کتێبی (مێژووی‌ ئەدەبی کوردی)دا دەڵێ:)دەمێ ساڵە، بگرە ئەوەتەی‌ هۆشم کردۆتەوە، لەکانگای‌ دڵەوە حەزم لەئەدەب و ئەدەبیات کردووە، به و بۆنەوە گەلێ جار خووم ئەدایە خوێندنەوەی‌ ئه و شتانە کە ئاشنایەتیان بەئەدەبەوە هەیە، بەتایبەتی هینەکانی ڕۆژهەڵات چ عەرەبی، چ فارسی، ئەمە بێجگە لەئەدەبیاتی ڕۆژئاوا – جۆش و خرۆشێکی ئەدامێ و ئەیخستمە عالەمێکی ترەوە، ماوەیەکی باش ئەمە ئیشم بوو، بەبێ ئەوە بچم بەلای‌ بیروباوەڕێکی ترا ! ……)، دواتر دەڵێت (ڕۆژێک شتێکم ئەخوێندەوە، کە لێبومەوە سەرلەنوێ لەدڵی خۆما وردم ئەکردەوە، لەمەوە کتوپڕ ئەوە هات بەبیرما کە ئایە من چیم؟ ئینگلیز؟ نە و. عەرەبم ؟ نە و..بەڵکو کوردم باشە کە کوردم ئەبێ لەنەتەوەی‌ کوردبم، کە لەنەتەوەی‌ کورد بووم ئەمەی تێ گەیاندن، کە کورد ناوی‌ لەلاپەڕەی ڕۆژگاردا هەیه و ئەمیش ئمێکە بۆ خۆی، زۆری‌ پێ نەچوو له و زەریایی خەیاڵە کەوتمە سەر ئەوە کە میللەت مادام میللەت بوو، بێ گومان دەبێ زمان و ئەدەبیات و تاریخی (مێژووی‌) ببێ، ئەگەر نەبێ بەهیچ ناژمێررێ و هیچ نی یە، لێرەدا سەرم لێ تێکچوو. تەماشای خۆم ئەکەم هیچی تر نیم تەنها کورد نەبێ، تەماشای بارەکەی‌ تری ئەکەم سەیر ئەکەم تەنیا کورد نەبێ هەموو شتێکی ترم! کسپەیەک لەدڵمەوە هات، بەوە دڵی خۆم دایەوە کە نەتەوەی‌ قەومێکم کە لەبەرە بەیانی مێژووە بەم زمانە کە من قسەی‌ پێ ئەکەم و پێی‌ ئەنوسم قسە ئەکەن و هیچ کۆسپێک لای‌ نەداون لەڕێگەی‌ خۆیان، بەتایبەتی کە ئەمیر شەرەفخانی بتلیسی لە (1005)ی هیجری و (امین زەکی بەگ) لە (1936)ی میلادی، مێژوویان بۆ قەومەکەم نوسیوە، بست بست گەشکەم ئەکردو هیوام بەخۆم و بەقەومەکەم تازەتر ئەبوەوە …)
مومتاز حەیدەری لەچلەی‌ ماتەمینی مامۆستای‌ نەمردا دەڵێت: (مردوو لنگی درێژ دەبێتەوە) ئەوەتا بەر لەساڵ و نیوێک وتارێکم لەخولی دووەمی ژمارەی‌(12)ی نوسەری‌ کورد لەژێر ناوی‌ (مامۆستا سەجادی، خەرمان بەرەکەت)دا نوسی، داوای‌ ئەوەم کرد تا مامۆستا سەجادی لەژیانە میهرەجانێکی ئەدەبی گەورەی‌ ڕێزگرتنی بۆ ساز بکرێ، بەڵام بەداخەوە زۆریش بەداخەوە، بەتاقە دێڕێکیش پێشوازی‌ پێشنیارەکە نەکرا ….. !! ئێستاکەش وا ڕۆڕۆی بۆ دەکەین، فرمێسکی بۆ دەڕێژین، ئەرێ تاکەی‌، زیندووکوژەی‌ مردوو پەرست بین ؟!)
مامۆستا (هەژار موکریانی‌) لەوتارێکیدا بۆ کۆچی‌ سەجادی‌ نوسیوێتی‌ (ڕۆژێک سەیری‌ دوکانێکی‌ بەغدام دەکرد، چەقەڵێکی‌ مۆمیایی‌ کراوی‌ لێدانرابوو، لەژێر قاچیەوە لێی‌ نوسرابوو (بیست و پێنج دیناری‌ تەواو) من سەری‌ زمانی‌ خۆم گەست، هات بەدڵما، هەیاران ! ئەم مام چەقەڵە موحتەرەمە ئاخۆ دەبێت بە زیندوویی‌ سەر شاعیر، نوسەر، هونەرمەندێکی‌ کورد بوبێ‌ لەژیانیدا لەبرسان و لەترسان ئۆقرەی‌ نەبوبێ و ئێستاکێ‌ لاشەی‌ مۆمیایی‌ بەم دەردو مەخسەرە چوبێ؟ کێ‌ ئەزانێ‌؟ هەزار دانە بەزیندویی‌ فلسێ‌ ناژی‌)، هەژار درێژەی‌ بەوتارەکەی‌ دەداو باسی‌ چەند ڕۆشنبیرێکی‌ کورد دەکات (مەلا مارفی‌ کۆکەیی‌) ئەگەر بێژم لەبرسا مرد ڕەنگە باوەڕم پێنەکەن، چونکە ئه و دەم نانی‌ وشک زۆر هەرزان بووە… قانیع هەتا مرد نان و دۆی‌ خۆی‌ لەپەنایەک نەدی‌… فایەق بێکەس کە چریکەی‌ گوێی دوژمنانی‌ کەڕ دەکرد، دوو لێفەی‌ لەماڵدا نەبوو کە خۆی و منداڵەکانی‌ پێداپۆشێ‌ بەقەرزداری‌ عارەق بەقەرزداری‌ مرد…. گۆران ئه و ئەستێرە گەشەی‌ ئاسمانی‌ ئەدەبیاتی‌ کورد، بۆ دابینبوونی‌ بژێوی‌ دەگاتە یافای‌ فەڵەستین وتاربێژی‌ ڕادیۆی‌ (شەرقی‌ ئەدنا) بێ‌… جگەرخوێن پەنجا ساڵ پتر بۆ شیعرو چیرۆکی‌ کوردی‌ چەوسایەوە لەجیاتی‌ نان خوێنی‌ جگەری‌ خۆی‌ دەخوارد، چەند لەکوردستان ژیاو من دەمناسی‌ گەسکلێدەری‌ کۆڵانان له و تێرتربوون، کەس ئیرەیی‌ پێ نەدەبرد، ئەوانە لەژیان ئاوابون لەپاش مردنیان چاوا بوون ؟)
بەداخەوە ئێستا کە مردوپەرستیشمان نەماوە ئەوا (23) ساڵ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستای‌ هەمیشەزیندوودا تێدەپەڕێت کەس لەپەڕەی‌ ڕۆژنامەیەکدا ساڵیادی کۆچی دوایی نەکردووە، یان بابەتێکی دەستنوسی نەکرا بەکتێب بۆ؟ لەم (23) ساڵەدا تەنها لەژمارە (28)ی‌ گۆڤاری‌ (ڕۆڤار) کە تایبەتە بەدامەزرێنێک یادی کردۆتەوە، بەڵام دەرچوونی ژمارەکەی هاوکات نی یە لەگەڵ ساڵی کۆچی دواییەکەی‌، گۆڤارەکە 25/2/2004 دەرچووە، واتە 25/2 بەڵام، مامۆستا 13/12 کۆچی دوایی کردووە، من لەلایەن خۆمەوە زۆرزۆر دەستخۆشی لەکارمەندانی ئه و گۆڤارە دەکەم کە گۆڤارەکە سەر بەچاپ و پەخشی سەردەمە، هیوای‌ سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. هەرچەندە مامۆستا لەسەر بواری‌ ئەدەب و ڕۆشنبیری دەستەی‌ دەزگای‌ میری مامۆستایان لەگەڵ دەستەیەک لاوان و قوتابیاندا ڕاپێچی بەندیخانە کردەوە، هەر له و سەردەمەدا کوڕێکی بەناوی‌ (دانا) شەهید کراوە، وابزانم ساڵی شەهیدکردنەکەی‌ (1982-1983) بووە. هەتا لەژیاندا مابوو قسەی‌ جوانی کردبوو، یەکێک له و قسە بەنرخانەی‌ ئەوەیە وتبوی‌ (ئەگەر خۆت سەری‌ خۆت نەخورێنی، کەس بۆت ناخورێنێ) ئەگەر بەڕێز (دلێر)ی کوڕی کتێبی (یادی سجادی) کەپێکهاتووە لەکۆمەڵێک وتارو شیعر لەیادەکەیدا خوێنراونەتەوە یان لەگۆڤارو ڕۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە، نەکردایە بەکتێب لەوە نەدەچوو کەس ئه و ئەرکەی‌ بخستایەتە سەرشانی، زۆربەی شانۆکارو هونەرمەندان سودێکی زۆریان لە (ڕشتەی‌ مرواری‌) کردووە، کردویانە بەنواندن و دراما کەچی کەس لەوانە شتێکی بۆ نەنوسیوە وەک وەفایەک، دەبێت بە بەوەفایان و نوسەران ئه و دەستنوسانەی‌ کە مامۆستا مەرگ ڕێگەی‌ پێنەدا بیکات بەکتێب، بیکەن بەکتێب یان زۆربەی‌ کتێبەکانی لەبازاڕدا یان لەکتێبخانە ئەهلیەکاندا نەماون یان کە کەم بونەتەوە لەچاپی بدەنەوە بۆی، نەفەوتێن و کتێبخانەی کوردی پێ دەوڵەمەند بێت و گەنجانی‌ ئەمڕۆش بتوانن سودی‌ لێوەربگرن.
ئەمەش ناوی‌ کتێبەکانی و ساڵی دانانیانن:-
1. مێژووی‌ ئەدەبی کوردی، (1952) و (چاپی دووەم 1971).
2. ناوی‌ کوردی، (1953).
3. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی یەکەم، (1957) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005)
4. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی دووەم، (1957) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
5. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی سێیەم، (1958) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
6. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی چوارەم، (1968) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
7. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی پێنجەم، (1972) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
8. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی شەشەم، (1979) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
9. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی حەوتەم، (1980) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
10. ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی هەشتەم، (1983) و (چاپی دووەم 1999)و (چاپی سێیەم 2005).
11. گەشتێک لەکوردستاندا، (1956).
12. شۆڕشەکانی کورد (1959) و (چاپی‌ دووەم 2005).
13. هەمیشە بەهار (1960).
14. دەستوورو فەرهەنگی زمانی کوردی، (1961).
15. ئەدەبی کوردی و لێکۆڵینەوەی‌ ئەدەبی کوردی، (1968).
16. نرخ شناسی، (1970).
17. دوو چامەکەی‌ نالی و سالم، (1973).
18. کوردەواری‌، (1974).
19. دەقەکانی ئەدەبی کوردی (1978).
20. خۆشخوانی، (1978).
سەرچاوە: کوردیپیدیا

About دیدار عثمان

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …