Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / مه‌لا مسته‌فا له‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنیی بڵاونه‌كراوه‌ی ئینگلیزدا

مه‌لا مسته‌فا له‌ چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنیی بڵاونه‌كراوه‌ی ئینگلیزدا

molla-mustafa-barzaninin-1959-kerkuk-katliami

ئامادەكردن و ساغكردنەوەی لە ئەرشیفی نەتەوەیی بەریتانیی و شیكاركردنی: “شەریف هەژاری” مامۆستا لە بەشی مێژووی زانكۆی سلێمانی.
كاتێك به‌ وردی له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كان ڕاده‌مێنین، ئه‌وا ده‌توانین تێیاندا چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئه‌رێنیی و نه‌رێنیی  سەركردەی سیاسی كۆچكردووی كورد مه‌لا مسته‌فا له‌ كایه‌ی سیاسیی دا چنگ بخه‌ین، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌راوردكاریی ئاماژه‌یان به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ ئه‌رێنیی و نه‌رێنییه‌كانی سه‌ركرده‌یه‌كی وه‌ك مه‌لا مسته‌فا نه‌كردووه‌، به‌ڵام هه‌وڵه‌ده‌ین به‌ ڕامان له‌ چه‌ندان به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاونه‌كراوه‌ی سیخوڕانی ئینگلیز ئه‌وا هه‌ردوو لایه‌نیی ئه‌رێنیی و نه‌رێنیی كاراكته‌ری سیاسیی مه‌لا مسته‌فا (هێنده‌ی باسیان لێوه‌كردووه)‌ شیكاری بكه‌ین.
چه‌ند به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنیی ئینگلیز ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو كه‌: “مەلا مستەفا سەرکردەیەکی کەم وێنەیە و زۆر پلانی پارتیزانانه‌ كه‌ دەیگرێته‌به‌ر ئه‌وا زیرەکی مەلا مستەفای تێدایە”، بەڵام خاڵە نەرێنییەکانی کەسێتیی مەلا مستەفاش باس ده‌كه‌ن و ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییانه‌ی ئینگلیز ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌: “هەندێ جار مەلا مستەفا کەله‌ڕەقە و عەشایرانەش ڕەفتار دەکات”.
سیخوڕانی ئینگلیز ته‌نها به‌ یه‌ك خەسڵەتی مەلا مستەفا سه‌رسامبوون، کە وەك لەبەڵگەنامەكاندا هاتووە‌: “هەمیشە مه‌لا مسته‌فا بە ٢٠٠ پاسەوان و تەواوی خێزانەکەیەوە لە جووڵە و شوێن گۆڕین دابووە!”.
 بۆیە له‌ زانیارییه‌كانیان كه‌ بۆ دبلۆماتكارانی سه‌روو خۆیانیان ناردووه‌ ئه‌وه‌ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌: “زۆر ئەستەمە بتوانرێت مه‌لا مسته‌فا بکوژرێت یان تیرۆرکرێت چونكه‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ 200 پاسه‌وانی عەشایردا له‌ شوێنگۆڕینی به‌رده‌وام دابووه”‌‌.
(كه‌وابوو ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی مه‌لا مسته‌فا ساغی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ بواری پارتیزانیی و جووڵه‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی مه‌لا مسته‌فا سه‌ركرده‌یه‌كی ته‌قلیدی كورد بووه‌، به‌ڵام بیرۆكه‌ و توانا پارتیزانیه‌‌كه‌ی به جۆرێ بووه‌ كه‌ سوپای عێراق به‌ پلانی مۆدێرنیشه‌وه‌ نه‌توانێ زه‌فه‌ری پێ ببات‌).
لێره‌دا ئه‌وه‌ی جێی بایه‌خه‌ ئاماژه‌دانه‌ به‌ زانیارییه‌كانی به‌ڵگه‌نامه‌ی ژماره‌ (RR 6/10) ه‌ ساڵی 1971، كه‌ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنییه‌ و ته‌نها بۆ به‌ردیدی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی به‌ریتانیا به‌رزكراوه‌ته‌وه‌، له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا هۆكاری سه‌ركه‌وتنی جه‌نگه‌كانی كورد له‌ دژی سوپا یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق هه‌ر له‌ 1963 وه‌ تا ده‌گات به‌ 1970 بۆ پێشمه‌رگه‌ یان بۆ پارتیزانیه‌تی مه‌لا مسته‌فا ناگێڕنه‌وه‌، به‌ڵكوو سیخوڕه‌ ئینگلیزه‌كه‌ ته‌نها هۆكار بۆ سه‌ركه‌وتنی جوولانه‌وه‌ی كورد بۆ: ”هه‌بوونی ڕاوێژكارانی ئیسرائیل له‌ ناو هێزی پێشمه‌رگه‌ و پێدانی چه‌ك به‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، كه‌ ئه‌م هاوكارییانه‌ بووه‌ته‌ مایه‌ی ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌رامبه‌ر سوپای عێراق دا به‌ باشی ڕێكبخرێ و دژه‌ هێرشه‌كانی سوپا تێك بشكێنن، ئامانجی ئیسرائیلیش له‌م هاوكارییانه‌ی بۆ بارزانی بۆ ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق بواری نه‌بێت به‌گژ ئیسرائیل دا بچێته‌وه‌ و عێراق سه‌رقاڵ ببێت به‌شه‌ڕی دژ به‌ كورده‌كانه‌وه‌ چونكه‌ نه‌وه‌ك عێراق له‌ ناكاو هێرش بكاته‌ سه‌ر ئیسرائیل یان كوه‌یت‌”.
هه‌روه‌ها له‌ هه‌مان به‌ڵگه‌نامه‌دا ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌: “مه‌لا مسته‌فا توانای جووڵاندنی سوپایه‌كی 25 هه‌زار كه‌سی هه‌بووه‌‌، چه‌ك و تۆپهاوێژه‌كانیشی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێكی به‌هۆی چه‌ككردنی سوپای عێراقه‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ئه‌وا له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئیسرائیل و ئێران و چیكۆسلۆڤاكیاشه‌وه‌ ڕه‌شاش و چه‌كی دژه‌ تانك و چه‌كی دژه‌ فرۆكه‌ و تۆپی دوورهاوێژی بۆ ‌نێردراوه‌”.
“به‌مپێیه‌ توانای مه‌لا مسته‌فا له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه دا‌، چ له‌ ڕووه‌ سیاسییه‌كه‌ی كه‌ توانیویه‌تیی ڕاوێژكارانی ئیسرائیل ڕووه‌و كوردستان كێش بكات و چه‌كی ئیسرائیلی پێ بگات، هه‌روه‌ها وه‌ك خودیش كه‌ له‌ جووله‌دابووه‌ و سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌كانی شه‌ڕه‌كانی كردووه‌ ئه‌وا لایه‌نی ئه‌رێنیی تایبه‌تمه‌ندی سیاسیی-پارتیزانیی مه‌لا مسته‌فان، هه‌رچه‌نده‌ نابێت ئه‌وه‌ له‌یاد بكه‌ین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان بنه‌ماڵه‌ی بارزانیی و جووله‌كه‌كانی دهۆك و زاخۆ كه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بۆ ئیسرائیل كۆچیان كردبوو ئه‌وا مێژوویه‌كی پێشتری هه‌یه‌ و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ده‌ورانی پێش شێخ ئه‌حمه‌دی بارزانیش، كه‌ ئه‌وه‌ باسێكی تایبه‌ته‌”.
سه‌باره‌ت به‌ ڕوانینی سیاسیی مه‌لا مسته‌فاش بۆ حیزبی به‌عس، ئه‌وا هه‌مان به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ریتانیی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌: “پاش ڕێكه‌وتنامه‌ی 11 ی ئازاری 1970 ئه‌وا پۆستی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق بۆ كورد دانرابوو، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا هیچ كه‌سێكی بۆ ئه‌و پۆسته‌ نه‌ناردووه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ نه‌بێت كه‌ بۆی ڕوون ده‌كرێته‌وه‌ كه‌‌ ئایا ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌و پۆسته‌ به‌ دیاریكراوی چین!؟ مه‌لا مسته‌فا پێی وایه‌ نایه‌وێت هیچ كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته‌ كاندید بكات ئه‌گه‌ر بێتو ته‌نیا به‌ناو جێگر بێت چونكه‌ نایه‌وێت بارمته‌یه‌ك بخاته‌ ژێر ده‌ستی به‌عسه‌وه‌”.
(كه‌وابوو له‌م به‌ڵگه‌نامه‌یه‌دا بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ مه‌لا مسته‌فا له‌ كاتی ڕێكه‌وتنیشی دا له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی به‌عس دا، ئه‌وا هه‌ر به‌ گوومانه‌وه‌ له‌ هه‌نگاوه‌كانی جێ به‌ جێكردنی ڕێكه‌وتنامه‌ی 11 ی ئازاری 1970 ی ڕوانیووه‌ و، گوومانی له‌ ڕاستگۆیی حكوومه‌تی به‌عس هه‌بووه‌ له‌ جێ به‌ جێ كردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ له‌ ڕێكه‌وتنامه‌كه‌دا ئیمزای كردووه‌).
هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ نه‌رێنییه‌كانی مه‌لا مسته‌فاشه‌، ئه‌وا دەاتوانین ئه‌م زانیارییانه‌ چنگ بخه‌ین، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نهێنیی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دا كه‌: “مه‌لا مسته‌فا دیدێكی سنوورداری هه‌یه‌ و هه‌ندێ جار كەسایەتییەكی توند ی هەبووە ، له‌ باره‌ی داهاتووی كوردستانیشه‌وه‌ خاوه‌ن هیچ بۆچوونێكی ڕوون و ئاشكرا نییه‌!”.
له‌باره‌ی هزری عەشایرییەوە، ئه‌وا به‌ڵگه‌نامه‌كه ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌: “هه‌رچه‌نده‌ سه‌ركردایه‌تیكردنه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا له‌ شه‌ڕه‌كاندا ته‌كنیكی پارتیزانی باش به‌كاردێنێت، به‌ڵام مه‌لامسته‌فا شه‌ڕه‌كانی ته‌نها له‌ به‌رزاییه‌كاندا سنووردار كردووه‌ و هه‌وڵ نادات بۆ ده‌ستگرتن به‌سه‌ر شاره‌كاندا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ بارزانی له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌توانێت ده‌سه‌ڵات له‌ به‌ڕێوه‌بردندا بسه‌پێنێت”.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌ی نهێنی ژماره‌ (/01420) ی ڕۆژی 21ی نیسانی 1976 یش بێت، ئه‌وا دبلۆماتكاره‌ ئینگلیزه‌كه‌ی باڵوێزخانه‌ی به‌ریتانیا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه: “شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك بووكه‌ڵه‌ی ده‌ستی شای ئێران وابوو،‌ بۆیه‌ داهاتووه‌كه‌ی به‌ شكست كۆتایی هاتووه”‌.
 هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مه‌لا مسته‌فا له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا پێی وتوون: “ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و ئێران پشتیوانی شۆڕشی كوردی عێراق نه‌كه‌ن ئه‌وا خۆیان شۆڕشیان پێ ناكرێت!”.
دبلۆماتكاره‌كه‌  ئه‌وه‌ش  ده‌خاته‌ڕوو كه‌: “مه‌لا مسته‌فا تا ئه‌و كاته‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌بووه‌ له‌سه‌ر كورد، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ به‌خێرایی درك به‌ پرۆسه‌ی پیربوونی كراوه‌ كه‌ له‌و كاته‌دا به‌هۆی شكستی شۆڕشه‌كه‌یه‌وه‌ له‌ ئێراندا له‌ ئاواره‌یی دا ژیاوه‌‌‌”.
_________
تێبینی: ئەم فایلە كە تایبەتە بە دۆزی كورد لە دیدگای سیخوڕ و دبلۆماتكاران و سیاسییەكانی ئینگلیزەوە, ئەوا هەرجارەی دیدی ئەوان لەمەڕ یەكێك لە سەركردە و حیزبە كوردییەكانی تێدا ئەخەینەڕو و, بێ‌ لایەنانەش هێندەی بتوانین شیكاری دەكەین. لە پاش تەواوكردنی ئەم فایلە تایبەتەش دا, تەواوی بەلگەنامە نهێنییەكان لەسەر بابەتەكان دەخەینەڕوو, كە من بۆ خۆم لە كاتی خوێندنی ماستەرنامەكەم لە “زانكۆی لەندەن” بەوردی بە شوێن زۆرینەی بەلگەنامەكانی ئینگلیز دا گەڕام كە لەسەر كورد نووسرابێت و پاشانیش هێنامنەوە بۆ كوردستان.
لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

1982

دانوستانه‌كانی به‌ره‌ی كورستانی‌و رژێمی به‌عس له‌ دوای راپه‌رینی 1991

پێشه‌كی رووداوه‌كانی نێو قۆناغی مێژووی هاوچه‌رخی كورد پێویستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌‌و له‌سه‌ر راوه‌ستانی بابه‌تیانه‌ هه‌یه‌، له‌ …