Home / بەشی مێژووی كورد / مه‌لای گه‌وره‌ و گاندی دوو هه‌ناسه‌ ساردی رێگای ئازادی و برایه‌تی ‌

مه‌لای گه‌وره‌ و گاندی دوو هه‌ناسه‌ ساردی رێگای ئازادی و برایه‌تی ‌

مه‌لای گه‌وره‌ و گاندی دوو هه‌ناسه‌ ساردی رێگای ئازادی و برایه‌تی ‌


13/10/2015
مه‌حمود نه‌جمه‌دین
گه‌رچی كۆیه‌ شارێكی گه‌وره‌ نییه‌و بچكۆله‌یه‌ به‌حه‌جم، ئه‌مما پیاوی گه‌وره‌و مه‌زنی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، شاعیری وه‌ك حاجی قادرو دڵدارو مه‌لای گه‌وره‌و كوڕه‌كه‌ی مه‌سعود محه‌مه‌دو هونه‌رمه‌ندی زێده‌ ده‌نگخۆشی وه‌ك تاهیر تۆفیق و سیاسه‌تزان و سه‌ركرده‌ی شۆڕشێكڕی وه‌ك مام جه‌لال و چه‌ندین كه‌سایه‌تی دیكه‌ی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه‌، گه‌ر ئێمه‌ لێره‌دا نێوی ناودارانی ئه‌و شاره‌ بێنین له‌باسه‌كه‌ی خۆمان دوور ده‌كه‌وینه‌وه‌. كۆیه‌ شاری رۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارو شۆڕشگێڕانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی نه‌بووه‌ به‌شار، لی هه‌میشه‌ كێبڕكێی شاره‌كان ده‌كات. خاوه‌نی ته‌كێیه‌و باره‌گای شۆڕش و سیاسه‌ت و باره‌گای ئاینی و خوێندنگه‌ی زانست بووه‌. بۆ یه‌كه‌م جاریش به‌هیمه‌تی مه‌لای گه‌وره‌ له‌ساڵی 1913 كۆیه‌ بوو به‌خاوه‌نی قوتابخانه‌و مه‌لای گه‌وره‌ش كه‌ ئه‌هلی زانست و مه‌عریفه‌ت بوو وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گه‌وره‌، یه‌كه‌م پیاوی ئاینی بوو له‌و رۆژگاره‌دا كچی خۆی نارده‌ خوێندنگا، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ كارێكی گه‌لێك مه‌زن و پڕ له‌جه‌رائه‌ته‌. له‌پای ئه‌م چالاكی و وزه‌ زۆره‌ كۆییه‌كان زۆرجار هه‌ست ده‌كه‌ن به‌پێی پێویست ئاوڕیان لی نه‌دراوه‌ته‌وه‌و هه‌ستی فه‌رامۆشكردن وای كردووه‌ گله‌ییان هه‌بێت. خۆیان وای ده‌بینن كه‌ به‌گوێره‌ی چالاكی سیاسی و رۆشنبیریی بی ده‌بی كۆیه‌ حیسابی زیاتری بۆ بكری.
مه‌لای گه‌وره‌ چرا بوو بۆ كورد
مه‌لای گه‌وره‌ له‌پیاوه‌ ئاینی و زانستخوازه‌كانی كورده‌، نه‌ك هه‌ر خۆی بنه‌ماڵه‌كه‌شی ئه‌هلی زانست و كوردایه‌تی و خوێنده‌واری بوون. ژیانی مه‌لای گه‌وره‌ له‌سه‌رده‌می كۆتایی عوسمانی و هاتنی ئینگلیزدا بووه‌. مه‌لای گه‌وره‌ له‌و رۆژگاره‌دا له‌دژی حوكمی عوسمانلی پشتیوانی ئینگلیزی كردووه‌ به‌و هیوایه‌ی له‌هه‌گبه‌ی ئینگلیزدا شتێكی بۆ كورد تێدابی. لی كاری ئینگلیزیش كڵاو له‌سه‌ر نان بوو، دوای ساڵانێكی زۆر به‌ مه‌ئیوسی كوردیان به‌و دانودۆیه‌وه‌ هێشته‌وه‌و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان.
مه‌لای گه‌وره‌ له‌شیعردا كاریگه‌ری حاجی قادری هاوشاری و دۆستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌سه‌ر بووه‌. حاجی قادریش له‌شیعرێكدا بۆ مه‌لا عه‌بدوڵڵای باوكی مه‌لای گه‌وره‌ ده‌ڵی:
(به‌غه‌یری جه‌ددی ئێوه‌ كێیه‌ زانا له‌كوردستان بناغه‌ی عیلمی دانا)
مه‌لای گه‌وره‌ له‌ 1876 له‌دایكبووه‌ له‌حه‌وت ساڵی ده‌ستی به‌خوێندن كردووه‌، له‌ته‌مه‌نی 18 ساڵیدا ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی وه‌رگرتووه‌، دوای مردنی باوكی له‌ 1908 و له‌ته‌مه‌نی نۆزده‌ ساڵیدا ده‌ستی به‌ده‌رس گوتنه‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ نازناوی مه‌لای گه‌وره‌ی وه‌رگرتووه‌. له‌ 1916بووه‌ به‌ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی ویلایه‌تی موسڵ و بۆ یه‌كه‌م جاریش سلێمان نه‌زیف پاشا له‌سه‌ر قسه‌ی مه‌لای گه‌وره‌ قوتابخانه‌ی له‌كۆیه‌ كرده‌وه‌. له‌ساڵی 1912 بوو به‌موفتی كۆیه‌ له‌ 1919 بوو. ئه‌م شاعیرو زانایه‌ تا كۆتایی ته‌مه‌نی خزمه‌تی رۆشنبیریی و ئه‌ده‌ب و كۆمه‌ڵی كورده‌واری كردو به‌رهه‌می هه‌وڵ و ته‌قه‌للاكانیشی كۆمه‌ڵێك كتێب بوون له‌وانه‌ ( كتێبی المصقول فی علم الاصول، القائد فی العقائد، الاشخاص الستة‌، عه‌قیدەی ئیسلام، دیاری مه‌لامحه‌مه‌د..)
ته‌جروبه‌ی شیعریی مه‌لای گه‌وره‌ كاریگه‌ری ئاین و بیری نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر بووه‌، شیعره‌كانی به‌سه‌ر چه‌ند بوارێكدا دابه‌ش ده‌بێ. مه‌لای گه‌وره‌ پیاوێكی هۆشیاری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی خۆی بووه‌. له‌شیعره‌كانیدا ره‌خنه‌ی له‌جه‌هل و كۆنه‌په‌رستی و شێخ و مه‌لا گرتووه‌، به‌جه‌رائه‌ته‌وه‌ ره‌خنه‌ی توند له‌میلله‌تی خۆی ده‌گرێ. ئێمه‌ لێره‌دا چه‌ند نموونه‌یه‌ك له‌شیعره‌كانی ده‌هێنینه‌وه‌، له‌شیعری من یه‌خه‌ی خۆم له‌ بۆیه‌ دائه‌دڕم – ده‌رده‌ دڵ ده‌كات له‌ده‌ست قه‌ومی خۆی و ره‌خنه‌ له‌میلله‌ت ده‌گرێت و ده‌ڵێت:
من یه‌خه‌ی خۆم له‌بۆیه‌ دائه‌دڕم
ئێوه‌ نابن به‌هیچ و من ده‌مرم
ده‌بێ من كه‌یفی چیم به‌دنیا بێ
قه‌ومی من وا ره‌زیل و ریسوا بێ
یان له‌شیعری ئاهو ناڵه‌دا ده‌ڵێت:
هه‌تا ده‌مرم له‌بۆ كوردان ده‌ناڵم
عیلاجیان چۆن بكه‌م هاوار به‌ماڵم
به‌زۆری جاهیل و نه‌خوێنده‌وارن
له‌لای نه‌وعی به‌شه‌ر بێ قه‌در وخوارن
مه‌لای گه‌وره‌ له‌زۆربه‌ی شیعره‌كانیدا ره‌خنه‌ له‌میلله‌ت ده‌گرێت و ئاهو ناڵه‌ی بۆ نه‌خوێنده‌واری و نه‌زانی خه‌ڵكه‌و هانی خه‌ڵكی داوه‌ بۆ خوێندن و مه‌عریفه‌ت. له‌به‌شێكی شیعره‌كانیشیدا حاجی قادر ئاسا ره‌خنه‌ له‌شێخ و مشایه‌خ ده‌گرێ كه‌ ئه‌و پێی وایه‌ كاری شێخ له‌خشته‌ بردنی خه‌ڵكه‌، له‌شیعری عیسا له‌ئاسمان و شیعری تۆی شێخ و…. ره‌خنه‌ له‌شێخ ده‌گرێ، له‌شیعری هه‌تا شێخێ بمێنی ده‌ڵێ:
هه‌تا شێخێ له‌كوردستان بمێنێ
ئومێدی زینده‌گانیت پێ نه‌مێنێ …
یان له‌شیعری جه‌نابی شێخ دا ده‌ڵێت
جه‌نابی شێخ شێخی به‌گه‌مان
ده‌می له‌عه‌رزی ده‌می له‌ئاسمان
كه‌رامه‌تی تۆ چی كرد له‌كوردان
به‌درۆ و ده‌له‌سه‌ چۆنت لێ تێكدان …
له‌باسی عیلم و خوێندنیشدا مه‌لای گه‌وره‌ چه‌ندین شیعری نووسیوه‌، به‌شیعر هانی خه‌ڵكی ده‌دات بۆ خوێندن و خوێنده‌واری و پێشكه‌وتنی گه‌له‌كه‌ی. له‌وانه‌ شیعری هه‌سته‌ پێشكه‌وه‌ یه‌ شاعیر ده‌ڵێت:
هه‌سته‌ پێشكه‌وه‌ ئه‌ی لاوی كۆیی
ئاگات له‌خۆت بێ كاروان رۆیی
به‌نووری عیلمی رێگا به‌ده‌رخه‌
به‌زۆری بازوباری به‌سه‌رخه‌
به‌باڵی عیلمی بفڕه‌ وه‌ك ته‌یران
به‌هێزی عیلم هروه‌ بن به‌حران
دواهه‌مین شیعر كه‌ لێردا هێناومانه‌ته‌وه‌ وه‌ك نموونه‌ شیعری منیش هه‌ر وه‌كو گاندی- یه‌ كه‌ شیعرێكی مه‌لای گه‌وره‌یه‌ بۆ نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆی و گه‌له‌كه‌ی و نووسیوێتی و هاوكات نه‌هامه‌تی گه‌لی هیندیش نیشان ده‌دات، شاعیر باسی به‌دبه‌ختی ئه‌و دوو گه‌له‌ ده‌كات، كوردو هیندی وه‌ك دوو گه‌لی چه‌وساوه‌و به‌ش خوراوو مێژووی پڕ تراژیدیا. له‌م شیعره‌دا مه‌لای گه‌وره‌ به‌راوردكاری كردووه‌ له‌نێوان خۆی و مهاتما گاندیدا، وه‌ك له‌ به‌یتی یه‌كه‌م و دووه‌می شیعره‌كه‌دا هاتووه‌:
(منیش هه‌ر وه‌كو غاندی – هه‌ناسه‌ ساردو ماندی له‌قه‌ومی كورد و هیندی – هه‌رچی خێربوو نه‌ماندی)
لێره‌دا مه‌لای گه‌وره‌ گوزارشت له‌ناخی خۆی و گاندی سه‌ركرده‌ی هیند ده‌كات. مه‌لای گه‌وره‌ ده‌یه‌وێت باسی ناخی خۆی بكات، كه‌ چه‌ند ماندووه‌و خۆی به‌گاندی به‌راورد ده‌كات، گاندیش وه‌ك نووسه‌ر ده‌ڵێت هه‌ناسه‌ سارد بوو به‌ده‌ست گه‌لی هینده‌وه‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی كه‌ تادوا هه‌ناسه‌ ویستی میلله‌ته‌كه‌ی یه‌ك بخاو یه‌كگرتوو بن، لێ نه‌یتوانی و سه‌رئه‌نجامیش بوو به‌قوربانی ئه‌و ناڕێكی و په‌رتوبڵاوییه‌ی كه‌ به‌رۆكی گه‌لی هیندی گرتبوو، له‌ئه‌نجامدا گاندی له‌لایه‌ن گه‌نجێكی هیندۆسییه‌وه‌ كوژرا، ئه‌و گه‌نجه‌ پێی وابوو گاندی هۆكاری دابڕان و كه‌رتبوونی هیندو پاكستان بووه‌.
له‌به‌یتی دووه‌مدا شاعیر باسی چاره‌ ڕه‌شی و به‌دبه‌ختی خۆی و گاندی ده‌كات كه‌ ئه‌نجامی هه‌ردووكیان ئه‌وه‌ بوو به‌خه‌م و ئازاره‌وه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌. له‌به‌یته‌كانی دیكه‌ی شیعره‌كه‌دا مه‌لای گه‌وره‌ ده‌ڵێت:
(چه‌ندی له‌قه‌ومی كوردی- تێده‌ فكرم به‌وردی
به‌هیچ وه‌جهێكی نه‌مدی -ئاساری ئیتحادی
قه‌ومێكی وا له‌یه‌ك دوور – بێ رابیته‌ و بێ شعور
تاڵ و تیژ و تفت وسو -خۆبه‌خۆیی ئه‌عادی
نه‌بوونه‌و نینه‌و -مه‌گه‌ر جاوه‌یی وابن
سه‌د حه‌یف و سه‌د مخابن – بۆ سه‌لاح و ئه‌ولادی
ده‌رحه‌ق یه‌كتری دوژمن – خوێنی مێشكی یه‌ك ده‌مژن
بابو كوڕ یه‌كدی ده‌كوژن – له‌سه‌ر چشته‌كی عادی
میلله‌تی بێ هۆش وگۆش – كه‌ڵاش له‌پێ نمد پۆش
خواردنی پولكه‌و بڕوش – به‌كفته‌كی حشاندی
مه‌لایان بێ عیلم و ماڵ – شێخیان بێ كه‌شف و كه‌ماڵ
ئاغایان رووت و ره‌جاڵ – قوته‌ی مل نێركه‌ كاردی)

كۆی ئه‌م شیعره‌ی مه‌لای گه‌وره‌ كه‌ بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌و دوو گه‌له‌ی نووسیوه‌ (كورد و هیند) باسو خواسی ناڕێكی و په‌رته‌وازه‌یی كوردو گه‌لی هینده‌، شاعیر گوزارشت له‌هه‌ستی برینداری خۆی ده‌كات و وێنه‌ی ناڕێكی و په‌رتوبڵاوی كورد نیشان ده‌دات و به‌ژان و میحنه‌تی خۆی ده‌زانی. كوردو هیندییه‌كان دوو گه‌لی چه‌وساوه‌ن و هه‌موو مێژوویان خوێناویی و پڕ حیكایه‌تی زوڵم و سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی و ناڕێكی و یه‌كتركوشتن و یه‌كتر سڕینه‌وه‌یه‌. هیندییه‌كان له‌سه‌ده‌ی ڕابردووداو له‌سه‌رده‌می داگیركاری به‌ریتانیادا گه‌لێكی ناڕێك و په‌رته‌وازه‌ بوون، شه‌ڕی موسڵمان و هیندۆسی كه‌ ئینگلیز رۆڵێكی گه‌وره‌ی تێدا بینی و محه‌مه‌د عه‌لی جه‌ناحی موسڵمان مه‌قاشی ده‌ستی ئینگلیز بوو بۆ دووبه‌ره‌كی هیندۆسی و موسڵمانان و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ به‌ملیۆن مرۆڤی هیندی له‌موسڵمان و هیندۆسی كوژران و له‌دوای جیابوونه‌وه‌ی پاكستان له‌هیندوستانیش زیاتر له‌شه‌ش ملیۆن هیندۆس و موسڵمان ئاواره‌ بوون. مهاتما گاندی سه‌ركرده‌ی رۆحی هیندوستان هه‌وڵێكی زۆریدا تا موسڵمان و هیندۆسه‌كان ده‌ست نه‌خه‌نه‌ خوێنی یه‌كتری و یه‌ك نه‌كوژن، لێ وه‌ك مه‌لای گه‌وره‌ گوتی هه‌ناسه‌ ساردو ماندی، گاندی هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌ جگه‌ له‌خه‌مخواردن و هه‌ناسه‌ ساردی و ئه‌نجامه‌كه‌شی هه‌ر بوو به‌قوربانی ئه‌و ناڕێكییه‌. هه‌رچی كوردیشه‌ له‌و رۆژگاره‌دا ژێر ده‌سته‌ی ئینگلیز بووه‌و دوای ده‌رپه‌ڕاندنی عوسمانلی باشوور له‌باكوور دابڕێنراو درایه‌ ده‌م عیراقه‌وه‌، ئیتر مێژووی خوێن و كوشتوبڕ ده‌ستی پێكرد، شۆڕش هه‌ڵگیرسا، كورد له‌دوای هاتنی ئینگلیزو لكاندنی به‌عیراقه‌وه‌ شۆڕش له‌دوای شۆڕش به‌رده‌وام بوو، شكست له‌دوای شكست به‌رده‌وام بوو، یه‌كێ له‌هۆكاری شكستی به‌رده‌وامیش ناڕێكی و په‌رتوبڵاوی و دژایه‌تی و یه‌كترو خۆخۆری كورد بوو، بۆیه‌ مه‌لای گه‌وره‌ش له‌م شیعره‌دا كوردو هیند به‌راورد ده‌كات، چونكه‌ دوو گه‌لی په‌رته‌وازه‌و نه‌سازن و تا ئه‌مڕۆش ناسازی و ناڕێكی به‌رۆكی كورد به‌رنادات. هه‌میشه‌ لایه‌كمان مه‌قاشی ده‌ستی دوژمنێكین بۆ سووتانی لایه‌كه‌ی دیكه‌مان. مه‌لای گه‌وره‌ رۆحی شاد بێت گه‌لی جوانی هۆنیوه‌ته‌وه‌و ده‌ڵێت «ده‌رحه‌ق یه‌كتری ده‌وژمن – خوێنی مێشكی یه‌ك ده‌مژن.

About كه‌یفی عمر

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …