Home / مێژووى جیهان / شۆڕشی فەڕەنسا کۆتری خانەدانەکان، گەنمی جووتیاران دەخۆن!

شۆڕشی فەڕەنسا کۆتری خانەدانەکان، گەنمی جووتیاران دەخۆن!

La_Fayette_and_Marie_Antoinette_6th_october_1789

ئا: سامان ساڵح‌
جیھانی سەدەی ١٨و١٩، بەتایبەتی لەنێوان شۆڕشی فەڕەنسا تا ساڵی ١٨١٥کاتی کۆنگرەی ڤیەننا، جیھانێکی پڕ لەگۆڕانکاریی و رووداو بوو لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا، چونکە لەم ماوەیەدا چەندین پێکھاتەی سیاسی کاریگەر دروستبوون کەھەر پێکھاتەیەک رۆڵی خۆی گێڕاوە لەکاریگەریی دانان لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و سیستمی جیھانی، بەتایبەت کەئاماژە بەوەبدەین ھەر لەم سەردەمەدا جگە لەدەوڵەت، وەک پێکھێنەرێکی سیاسەتی نێودەوڵەتی، چەندین دامەزراوەو کارلێکەری نێودەوڵەتی و رێکخراوی نوێ ھاتنەکایەوە، کەھەریەکێکیان بەپێی سەردەمی خۆی کاریگەریی و فۆڕمێکی جیاوازیان بەخشیوەتە سیستمی نێودەوڵەتی، ھەڵبەتە ئەوەی کەنابێت لەم نێوەدا لەبیربچێت (جەنگ)ەکانە کەڕوویانداوە لەنێوان وڵاتانداو بوونەتە ھۆی کاولکاریی و گۆڕینی تەرازووی ھێزو نەمانی یان بچووکبوونەوەی ھەندێک دەوڵەت لەسەر شانۆی سیاسی و بەپێچەوانەشەوە دەرکەوتنی ھەندێک ھێزو دەوڵەتی نوێشی لێکەوتەوەو ئەمەش بەپێی سەردەمی خۆی کاریگەریی ھەبووە، چونکە بەشێک لەدەوڵەتان بەھۆی کاریگەریی شەڕەکان و زیادبوونی خەرجییەکانی بارودۆخی وڵاتی تێکچووەو پشێویی و شۆڕش رووی تێکردووە، وەک دەوڵەتی فەڕەنساکەتێیدا شۆڕشی ١٤ی تەموزی ١٧٨٩ تێیدا روویدا ، کەئەو شۆڕشە تەنیا بۆ فەڕەنسا رووداوێکی گرنگ نەبوو، بەڵکو لەبواری شارستانییەتی لەھەردوو سەدەکانی دواییدا لەڕووداوە ھەرە دیارەکانی ئەوروپاو جیھان بوو .
وەرچەرخانی سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی
ئەم شۆڕشە ھەربەڕاستی خاڵی وەرچەرخانی بنەڕەتیی بوو لەسیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەوروپا بەھۆی ئەوەی:
-١ سنووری بۆ سیستمی پادشایەتی کۆن دانا کە لەسەر چەوساندنەوە بنیاتنرابوو لەدەسەڵاتدا پشتی بەمافی خودایی بەستبوو.
-٢ دەرگای سیستمی ئازادیی و کۆماریی لەڕووی جەماوەرداکردەوە کە لەبنەمای  ئازادی گەلان و  یەکسانی  نێوان تاکەکانەوە سەرچاوەی گرتبوو .
ئەگەر لەڕوانگەیەکیترەوە لەکاریگەرییەکانی ئەنجامی ئەم شۆڕشە بڕوانین، ئەوا ئەم شۆڕشە لەوکاتەدا رووداوێکی گەورەبوو کەکاریگەریی ھەبوو لەسەر سیاسەتی سەرجەم ئەوروپا، بەم بەڵگانەی خوارەوە:
-١ شۆڕشەکە بووبەھۆی بڵاوبوونەوەی بیری نەتەوەیی لەکیشوەری ئەوروپا.
-٢ ھەروەھا بووبەھۆی بڵاوبوونەوەی بیری دیموکراسی لەئەوروپادا، ئەم شۆڕشە راگەیەنراو راگەیاندراوی بڵاوکردەوە بەناوی (مافی مرۆڤ و ھاووڵاتی) کەبوو بەھۆی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەشەبکات و لەدواییشدا کاریگەریی  لەسەر وڵاتانیتری ئەوروپا دەرکەوت.
-٣  ئەم شۆڕشە کاریگەریی ھەبوو لەسەر ھاوسەنگیی ئەوروپا بەتایبەت ئیمپراتۆری رۆمانی، چونکە بیری ئازادی و رزگاری و داوای (مافی چارەنووس) لەلای  گەلان بەھۆی ئەم شۆڕشەوە گەشەیکردبوو .
بۆیە راستە شۆڕشی فەڕەنسا لەناوخۆی فەڕەنسا روویدا، بەڵام روودواێک بوو کاریگەریی  لەسەر  تێکڕای ئەوروپا ھەبوو.
شۆڕش و دروشمەکانی
بەرپابوونی ھەرشۆڕشێک بەھۆکاری چەند شتێک دەبێت، کەلێرەدا ناتوانین بەئاسانی ھەموویان دیاری بکەین، بەتایبەت کەئەم شۆڕشە زۆرترین قسە ھەیە لەسەر ھۆکارەکانی، رەنگە یەکێک لەو ھۆکارانەی کەزۆرترین لەمێژوونووسان لەسەری کۆکبن بارودۆخی ناھەمواری ناو فەڕەنساو ئەو بارودۆخە خراپەی ژیانی فەڕەنسییەکان بوون کەتێیدا دەژیان، بەجۆرێک ئەم شۆڕشە لەساتەوەختێکدا بەرپابوو، نەحزبێک نەسەرکردەیەکی دیاریکراو نەدەستەو تاقمێک یاخود، راستتر بڵێین ئەم شۆڕشە چەکدارانە نەبوو کە لەنێوان دووبەرەی دژ بەیەکدا ھەڵبگیرسێت، بەڵکو ویست و ئیرادەی گەلێکی ھەژارو چەوساوەبوو بۆسەر دەسەڵاتێک کەنوقمی نایەکسانیی ببوو.
کاریگەری چینی بورجواز
پیاوانی کۆشک لەوھەژاریی و بارە خراپەی بەھۆی جەنگە وێرانکەرەکانەوە خەزێنەکانی وڵاتیان خاڵیکردبووەوەو زۆربەی باجەکانیان زیادکردبوو گوێیان نەدەدایە، لەکاتێکدا ئەم بارودۆخە خراپە لەسەر شانی ھاووڵاتیان دەکەوت و پیاوانی کۆشکیش لەسەر زیادە مەسرەفی خۆیان بەردەوامبوون و ئەمەش ناڕەزایی خەڵکی فەڕەنسای زیاترکردبوو دژ بەدەسەڵات .
بۆیە دەبینین بارودۆخی سەختی ژیانی خەڵک کەزۆر نالەباربوو، گەیشتبووە پلەیەک حکومەت نەیدەتوانی خۆراک بۆ ھاووڵاتییان دابینبکات .
ھەروەھا ھەندێک لەمێژوونووسان بڕوایانوایە کەڕۆڵی چینی ناوەند(بۆرجوازەیەکان) کاریگەریی ھەبووە، چونکە ئەوان وایان ھەستدەکرد کەپەراوێزخراون، بۆیە بەھاوکاری چینی سێیەم کە لەبارودۆخێکی نالەباری گوزەرەاندا دەژیان و لەژێر چەپۆکی سیستمی دەرەبەگدابوون توانیان شۆڕش ھەڵگیرسێنن، چونکە لەوکاتەدا فەڕەنسا لەسێ چین پێکھاتبوون، ئەوانیش پیاوانی ئاینی (رۆحانییەکان) کەژمارەیان دەگەیشتە (١٣٠)ھەزار کەس و نەجیبزادەکان (خانەدانەکان) کە(٤٠٠) ھەزار کەس دەبوون و چینی سێیەمیش، خەڵکە رەشۆکییەکەی دەگرتەوە کەشۆڕش ئامانجی ھەرەبەرزی ئەمان بوو.
لەلایەکیترەوە ھەندێک بڕوایانوایە کەئەم شۆڕشە کاریگەریی سەردەمی رۆشنگەری لەسەرەو ھەندێکیش شۆڕشەکە بەشۆڕشی (چینەکان) ناودەبەن، چونکە ئەو دابەشبوونە چینایەتییەی کەھەبوو لەفەڕەنسادا جیاوازی گەورەی دروستکردبوو لەنێوان دانیشتوانی فەڕەنسادا، چونکە سەرباری جیاوازییە ناوچەییەکان، جیاوازی گەورە ھەبوو لەسەندنی باجدا لەنێوان چینەکانداو پیاوانی ئایینی باجیان نەدەداو سەرباری ئەمە زەکاتیشیان کۆدەکردەوە، خانەدانەکانیش کۆمەڵێک تایبەتمەندییان ھەبوو کە لەسەدەکانی ناوەڕاستەوە بەمیرات بۆیان مابووەوە، وەک مافی راوکردن لەکێڵگەکانی خەڵکدا، بەجۆرێک ھەندێکیان بەھەزاران کۆتریان ھەبوو کە لەپێناوی راوکردندا بەکاریان دەھێناو ئەم کۆترانە گەنمی جوتیارانیان دەخواردوو، ئەوانیش ھیچیان پێنەدەکراو لەھەموو مافێک بێبەشبوون لەکاتێکدا لەوسەردەمەدا ئەم چینە (جوتیاران و خەڵکی گشتیی) ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی (٢٥) ملیۆن کەس لەفەڕەنسادا.
زانینی بەھای ئازادی
ھەرچەندە بۆچوونێک ئەم رایەی سەرەوە رەتدەکاتەوەو، دەڵێت: جوتیارانی فەڕەنسابەبەراورد بەجوتیارانی (نەمسا، ئیتالیا، روسیا، بروسیا) زۆر خۆشبەختبوون و بەڵگەی ئەمەش زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی فەڕەنسایە لەدوای جەنگەکانی لویسی چواردەیەم کە لە(١٧) ملیۆنەوە گەیشتۆتە (٢٥)ملیۆن کەس، بۆیە دەڵێن نەخێر شۆڕشی فەڕەنسی زادەی باشبوونی ژیانی خەڵک و ھەستکردنە بەستەملێکردن و ئەم ھەستەش بەبێ چەشتنی تامی ئازادیی دروستنابێت، بۆیە شۆڕشەکە زادەی ستەم نییە، بەڵکو زادەی ھەستکردنە بەستەم، یاخود زانینی بەھای ئازادییە.
( ئازادی، برایەتی، یەکسانی) ئەمانە ئەو سێ دروشمە بوون کە لەشۆڕشی فەڕەنسیدا بەرزکرابوونەوەو شۆڕشگێڕەکان ھەڵگری ئەم دروشمانە بوون و لەو کاتەدائەم دروشمانە چەند پرەنسیپێکی جوان بوون کەگوێی گەلانی دنیای کەڕکردبوو ببوو بەھۆکارێک بۆ ھۆشیارکردنەوەی گەلانی دنیا بەرامبەر داگیرکەران.
ھەروەھا ئەم دروشمانە نەک بەتەنھا بۆ فەڕەنسا، بەڵکو بۆ سەرجەم ئەوروپا بوو بەمیراتێکی گەورە. ھەرچەندە دواتر شۆڕش لەبواری جێبەجێکردنیدا ئاراستەی خۆی گۆڕی و سەردەمێکی توندوتیژیی لەکوشتن و تیرۆر ھێنایەکایەوە. بەجۆرێک کەلویسی شانزەھەم لە٢١ی یەنایری١٧٩٣دا بەشێوەیەکی توندوتیژ ملی پەڕێنرا.
ئەم کارانەی شۆڕش و مەترسییەکانی ئەوروپاشی گرتەوە بەجۆرێک لەکاتێکدا ئەم شۆڕشە کاریگەریی گەورەی ھەبوو لەسەر بیری ئازادو رزگاربوونی گەلان لەژێرچنگی داگیرکەران، بەڵام دیارە ئەمشێوازە بیرکردنەوەو پرەنسیپانە لەدژی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتانی ئەوروپابوو کە لەسەر سیستمی پادشایەتی زۆرداریی پایەکانی خۆیان قایمکردبوو.
ئەوروپا رادەچڵەکێت
ھەرچەندە شۆڕشی فەڕەنسی شۆڕشێک بوو بۆ ناو فەڕەنسا، بەڵام بەھۆی کاریگەریی دروشمەکان و لەلایەکیتریشەوە بوونی چەندین رژێمی پادشایەتی ستەمکار لەئەوروپای ئەو دەمەدا، بیروراکانی شۆڕشی فەڕەنسا لەچوارچێوەی جوگرافی فەڕەنسا چووە دەرەوەو بوو بەھۆی گۆڕینی ھاوسەنگی سیاسی لەئەوروپاو پریشکی شۆڕش گەیشتە چەند ناوچەیەک و ئەمەش بوو بەھۆی گۆڕانکاری لەسیستمی نێودەوڵەتیدا بۆ مامەمەڵەکردن لەنێوان وڵاتانی ئەوروپادا، بەتایبەت بەریتانیا ترسی لێنیشت، چونکە فەڕەنسا بەلجیکای داگیرکرد کەئەمەش بەلای بەریتانیاوە  ترسێکی گەورەبوو، چونکە بەنیسبەت بەریتانیاوە وەک یەکێک لەبنەماکانی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی رێگەدان بەھەر داگیرکەرێک بۆ سەر بەلجیکا مایەی قبوڵنەبوو، چونکە دەبووە ھۆی ھەڕەشە بۆسەر  دوورگەکانی بەریتانیا، لەلایەکیتریشەوە فەڕەنسا لایەنگیری لەگەلانی ئەوروپا دەرکرد بۆ شۆڕش، بۆنموونە ئێرلەندییەکان کە لەدژی بەریتانیا شۆڕشیانکردو ھەروەھا سەرکەوتنی شۆڕشی فەڕەنسی بوو بەھەڕەشەیەک لەسەر بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی بەریتانیا(١٥)، بەتەنیا بەریتانیا نەبوو کەدژی بیرو باوەڕو ئەنجامەکانی شۆڕشی فەڕەنسابوو، بەڵکو ھەرەیەکە لەروسیاو نەمساو ئەڵمانیاش لەبەرئەوەی پریشکی شۆڕش لەدژی بەرژەوەندییەکانیان بوو لەدژی ھەڵوێستیان وەرگرت، چونکە لەساڵی(١٧٩٠) شاری (ئەڤینون)ی سەربە(پاپا) بۆداخوازی مافی چارەی خۆنووسین چوونە پاڵ فەڕەنساو یاخیبوونی خۆیان راگەیاند، دواتر ھەڵگرانی ئاڵای ئازادی و مژدەدەرانی داخوازیی مافی چارەی خۆنووسین ئەوانەی لەدۆڵی (راین) بەلجیک بڵاوببوونەوە پێشوازیانلێکردن.
شۆڕش تەختی ئیمپراتۆری دەخستە مەترسییەوە
لەلایەکیترەوە ئەگەر سەیری مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان فەڕەنساو نەمسا بکەین، ئەوا دەبینین ھەرلەسەرەتاکانی رۆژانی شۆڕشەوە پەیوەندییەکانیان پڕبوون لەناکۆکیی و کێشە، چونکە بڵاوبوونەوەی بیروباوەڕی شۆڕشی فەڕەنسی کاریگەریی کردەسەر یەکپارچەیی و یەکگرتوویی خاکی نەمسا، چونکە نەمسا لەچەند نەتەوەیەکی جیاواز پێکھاتبوو بیروباوەڕی شۆرش تەختی ئیمپراتۆری نەمسایی دەخستە ژێرمەترسییەوە.
ھەروەھا لەلاەیەکیترەوە ئەڵمانیاش مەترسیی ھەبوو لەدژی شۆڕش بوو، چونکە میرە ئەڵمانەکان بەپێی پەیماننامەی (وستفالیا) لەساڵی (١٦٤٨) لەناوچەی ئەلزاس مافی دەرەبەگایەتییان ھەبوو کەدواتر بڕیارەکانی (٤ی ئاب) ئەم مافەی لێسەندنەوە.
بەھۆی شۆڕشەوە ژمارەیەک لەوانەی لەفەڕەنساخانەدان و دەرەبەگ بوو کۆچیانکرد بۆ دەرەوەی فەڕەنساو چووبوونە خاکی نەمساوە، لەکاتێکدا دەبێت ئەوە بزانین کەشاژنی فەڕەنسا بەڕەچەڵەک دەگەڕایەوە سەربنەماڵەی پادشاکانی نەمساو لەو کاتەشدا کە میرەکانی فەڕەنساپەناھەندەبوون لەنەمساو لەسەر خاکی میرنشینی ترێفس کۆببوونەوە کەدوژمنایەتییەکەی گەورەی لەگەڵ شۆڕشی فەڕەنسیی ھەبوو، بەڵام سەرەڕای ئەم ھەموو کێشمەکێشە ئیمپراتۆری نەمسا (لیودبولد)ترسی لەئەنجامی شەڕکردن لەگەڵ فەڕەنساھەبوو، چونکە دەیزانی شەڕێکی قورسدەبێـت. لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت شۆڕشەکە جگەلەوەی بیرو باوەڕی ناردە دەرەوەی فەڕەنسا لەھەمانکاتدا بەشێک لەوانەی  کەشۆڕش لەدژیان کرابوو وەک بنەماڵەی میرەکان ئاوارەببوون، کەئەمانە لەدوولایەنەوە رۆڵیان ھەبوو:
-١ ترساندنی دەسەڵاتی پادشایەتی و ئیمپراتۆریی وڵاتانی تری ئەوروپا لەشۆڕشی فەڕەنسا.   ٢- لەلایەکیترەوە باسکردنی  بیروباوەڕی شۆڕشی فەڕەنسی کاریگەریی دانا لەسەر خەڵکی رەشۆکیی ئەو وڵاتانە، کەئەمە پێچەوانەی مەبەستیان بوو.
بۆیە ترس لەشۆڕش گەیشتە ئەوەی کەپادشاکانی ئیسپانیاو روسیاش بگەنە ئەو ئاستەی کەڕێگە لەشاڵاوی شۆڕشی فەڕەنسی بگرن لەترسی بەرژەوەندییەکانی خۆیان .

About دیدار عثمان

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …