Home / بەشی مێژووی كورد / کورد لەیادی سەدساڵەی سایکس- بیکۆ چی ئامادە کردوە؟

کورد لەیادی سەدساڵەی سایکس- بیکۆ چی ئامادە کردوە؟

کورد لەیادی سەدساڵەی سایکس- بیکۆ چی ئامادە کردوە؟

356227127-821797471635821492205595179-mmh

محەمەد حاجی تۆفیق-

چەند مانگێکی تر پێ دەنێینە یادی سەد ساڵەی دابەشکردنی جیهان لەنێوان وڵاتانی سەرکەوتوی یەکەم جەنگی جیهانی ١٩١٦ و دابەشکردنی کوردستانی گەورە بۆ چوار بەش بەتایبەتی.

وڵاتانێک ئەمڕۆ رۆڵیان لەجیهاندا هەیە کە هەمان وڵاتانی داڕێژەر و جێبەجێکەری رێکەتنامەکە بون و ئەمەریکایش لەدوای جەنگی دوەمی جیهانی وەک هێزێکی سەرەکی رکابەری یەکیەتی سۆڤیەتی جاران و  روسیای میراتگری ئەو یەکێتییە هەتا ئەمڕۆ دەرکەوتوە. بەهاتنە ناوەی ئەمەریکا وەک گەورەترین هێزی جیهانی دوبارە خەریکی دابەشکردن و جێگیرکردنی بەرژەوەندیەکانی خۆیانن لە ناوچەکەدا.

ئەگەر زلهێزەکان داڕێژەری نەخشەی نوێ بن، بێگومان داعش باشترین میکانیزمی ئەو پلانەیە لەناوچەکەدا. لە تازەترین لێدوانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگری فەرەنسادا دەڵێن “شتێک نەماوە بەناوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە”. هاتنی روسیا بەخێرایی بۆ ناوچەکە و نمایشکردنی سەربازی و پیشاندانی خۆی وەک فریاد رەسی بەشار ئەسەد هیچ نیە جگە لە هەستکردن بەو پەشیمانیەی لەپاش شۆڕشی بەلشەفیەکان و کشانەوەی لەسایکس بیکۆدا. دورکەوتنەوەی راستەقینەی لە ناوچەکە، وەک بەریتانیا و ئەمەریکا هەتاوەکو ئەمڕۆ سودمەندی یەکەمن لەو رێکەوتنە، بەرهەمەکەی دەچننەوە.

ئێستا ناوچەکە لەلێواری لێک هەڵوەشانەوەدایە، دوبارە وڵاتانی زلهێز و خاوەن بڕیار لەگۆڕەپانی سیاسی و سەربازی و ئابوری جیهان دەیانەوێت ئەگەر لە دەستکەوتەکانی رابردو زیاتریان چنگ نەکەوێت، ئەوا هەمان پێگەی خۆیان بپارێزن و بەردەوام خەریکی سەردان و گرێدانی کۆبونەوەی پەنهانی و ئاشکران. بەبیانوی بنەبڕکردنی رێکخراوی تیرۆستی داعش سەرقاڵی خڕکردنی تفاقی سەربازی و هەوڵە دیبلۆماسیەکانن لەناوچەکە، لەوپێناوەشدا ملیۆنەها دۆلاریان خەرجکردوە و بەئاشکرا کاروانی سەربازی رەوانەی وڵاتانی عێراق و سوریا دەکەن.

ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێک لە دەرئەنجام و لێکەوتەکانی سایکس بیکۆ لە گۆڕنانی خەونی عەرەبەکانی بێت لە دروستکردنی دەوڵەتێکی مەزنی یەکگرتویی عەرەبی لە نیمچەدورگەی عەرەبیدا. بەپێچەوانەوە دروستکردنی چەند دەوڵەتێکی عەرەبی بەڵێنی بەلفۆر بێت لە ساڵی ١٩١٧  بە جولەکەکانی فەلەستین. ئەوا دابەشکردنی خاکی کوردستان بو بۆ پێنج پارچە و دابەشکردنیەتی بەسەر نەتەوەکانی هاوسنوری کوردستاندا.

ئەمڕۆ کورد باشترین هێزە کەوا شەڕی رێکخراوی تیرۆستی داعش دەکات و بەئاشکرا و بەنهێنی هەندێک لەوڵاتانی گەورە پاڵپشتی کورد دەکەن لە پێدانی راوێژکارانی سەربازی و کەل و پەلی سەربازی (سنوردار). کورد لە هەردو وڵاتی عێراق سوریا بەهێزترین جەنگاوەری مەیدانین لەم جەنگەدا. ئەمڕۆ لەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە گرنگ و بایەخەوە رۆڵی هێزە کوردیەکان لە پێشمەرگەو یەپەگەو یەپەژەو گەریلاکان دەکرێت.

ئەوەی مایەی نیگەرانی خەڵکی کوردستانە لەیادی سەد ساڵەی رێکەوتنامەیەک کەوا کوردستانی لە یەک پارچەوە کردە پێنج پارچە؛ دەبوایە هەمو هێزە کوردیەکان لە ئامادەباشی و بەگەڕخستنی هەمو هەوڵەکانیان بۆ یەک هەڵوێست، یەک گوتاری کوردان لەبەرامبەر هەر ئەگەرێکی لەناوچەکەدا رودەدات و کوردیش چۆن رۆڵی مەیدانی هەیە لە بەرەنگاری شەڕدا. بەهەمان شێوە رۆڵی هەبێت لە ئەو بڕیارە سیاسیانەی دەدرێت و پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات.

بەداخەوە لەبرێ رێکخستنی ناوماڵی کوردی، ئەمڕۆ باردۆخی هەرێمی کوردستان بەبارێکی نائاسایدا تێدەپەڕێت. لەبری کۆدەنگی خەڵکی کوردستان هێزێکی سیاسی دەستبەداری پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم نابێت و بەئاشکرا پێشێلی یاسایی ئەنجام دەدات. دەستبەسەر پەرلەمانی کوردستاندا دەگرێت و بەهێزی چەکداری رێگری سەرۆکێکی شەرعی دەکات. کوردستان بۆ سەردەمی تاریک و نەخوازراوی (شەڕی کورد- کورد) دەباتەوە و ئەفسوس دێگەڵە دەبێتەوە بەسنور.

پێویستە هەرچی زوترە کەسانی دڵسۆزو خەمخۆری ئایندەی کوردستان بێنە دەنگ و بەجدی ئیدانەی ئەو هێزانە بکەن کار لەسەر یاسا شکێنی و رێگری لەدەستا و دەستی دەسەڵات دەکەن و کودەتا بەسەر پەرلەمان دامەزاوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن. تاوەکو چیتر خوێنی هەزاران شەهیدو ئەنفالکراوان و خەباتی گەلی کورد لەپێناوی ئازادی خاکی کوردستان سەروەربونی یاسا لەکوردستاندا نەبێتە قوربانی ویستی لایەنێک.

ئەگەر بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی لە رێکەوتنی سایکس بیکۆ لە ساڵی ١٩١٦و لاوازی هەستی نەتەوایەتی چەند هۆکارێکی تر رۆڵی لە دابەشکردنی کوردستان و نەگەشتنی کوردبێت بەمافە رەواکانی خۆی، ئەوا لەڕودانی هەر گۆڕانکارییەکی نوێ لەناوچەکەدا، یاسا شکێنی و گەندڵی و ناتەبایی ناو ماڵی کوردی هیچ رۆڵی کەمتر نابێت دوبارە لەنەگەشتنی کورد بەمافە رەواکانی لە پاش سەدەیەک لە شەهیدو قوربانیدان.

رۆڵی ئێران و روسیا سەلمێنەری ئه و راستیەن له سوریاو یەمەن و لوبنان و عێراق دابهشبونی ناوچەکه نەک تەنها جوگرافییه بەڵکو مەزهەبی و ئابوری و ستراتیژیشه.

دەبێت بپرسین خواست و پلان و چاوەڕوانیمان له دوای ئەنفال و هەڵەبجە چی بێت؟ سەروکێک نەتوانێت له ئاست چاوەڕانییەکانی کۆمەڵگەدا بێت، و خۆی بسەپێنێت، چۆن دەکرێت خەونی رابردو، ئاواتەکانی ئایندەی پێ بسپێرین؟

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

75341173_955724274814673_7299845051868250112_n

چەند دیمەنێكی قەڵا دێرینەکەی شاری وان

قەڵای وان یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکان و دیمەنە سەرنجراکێشەکانی شاری وان لە باکوری کوردستان، کە …