Home / بەشی مێژووی كورد / ئەنفالی بارزانییەکان لە بەڵگەنامەکانی بەعسدا :سەدام حسێن: بارزانییەکانمان رەوانەی دۆزەخ کرد

ئەنفالی بارزانییەکان لە بەڵگەنامەکانی بەعسدا :سەدام حسێن: بارزانییەکانمان رەوانەی دۆزەخ کرد

ئەنفالی بارزانییەکان لە بەڵگەنامەکانی بەعسدا

محەمەد سالار پاشا

سەدام حسێن: بارزانییەکانمان رەوانەی دۆزەخ کرد

ھیچ دەیەیەک لەمێزووی کورد ھێندەی ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوو پڕ کارەسات نەبووە بۆ کورد، لەم دەیەیە جگە لەقوڵبوونەوەی شەڕە ناوخۆییەکانی نێوان پارتە کوردییەکان رزێمی بەعسیش لەچەند ماوەی جودا و بەچەندین شێوە ھەوڵی جێبەجێکردنی پەیامی بەعسی داوە لەم ناوچەیە کەبریتی بوو لە (أمە عربیە واحدە ذات رسالە خالدە).
بوونی نەتەوەیەکی دیکەش لەنێو خاکێک کەدەسەڵاتەکەی ئەمە پەیامی بێت دەبێت کارەساتەکانی (ئەنفال و ھەڵەبجە و تەعریب و تەھجیر و تەسفیر و تەبعیس و جینۆساید … ھتد) دەرەنجامی بێت.
ئەنفال ناوێکی دیکەی جینۆساید و ئیبادەکردن بوو کەھەموو رێگە ئاڵۆز و ناشەرعی و ناتەندروستەکان پێناسە و چوارچێوەی ئامانجی بوون، رژێم ئەوەی لە (١٩٨٧ بۆ ١٩٨٩) ئەنجامی دا ناوی نا ئەنفال، بەڵام لەڕاستیدا ئەنفال لەساڵی (١٩٨٣) و لەئۆردوگاکانی دیانا و ھەریر و قوشتەپەوە دەست پێدەکات کاتێک ڕژێم (٨) ھەزار بارزانی بەرەو مەرگە رێی ئەبەدی برد. بەجۆرێک نوسەری گەورەی عێراقی کەنعان مەکییە لەکتێبی (القسوە و الصمت) لەلاپەرە (١٦٥) لەدەرەنجامی ئەنفال دەڵێت ” ھەستم بەشەرمێکی قووڵ کرد کەتەعبیری لێناکرێ بەخۆم شەرم بوو کەلەعێراقدا لەدایکبووم”.
پەیوەندییەکانی پارتی و ئێران
گەرچی پەیوەندییەکانی ئێران و پارتی لەشۆڕشی ئەیلولەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەوەی زیاتر پەیوەندییەکانی چرتر کردەوە کۆتای ھەفتاکان و سەرەتای ھەشتاکان بوو.
محەمەدی حاجی مەحمود سەبارەت بەم پەیوەندییە لەبەرگی دووەمی کتێبەکەی رۆژمێری پێشمەرگەیەک نووسیویەتی “ئێران و پارتی ھەوڵیان دەدا رێ بکەون لەسەر بەرنامەیەک بۆ لێدانی حیزبی دیموکرات، چونکە حیزبی دیموکرات دوژمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو پارتیش لەو کاتەدا لاواز بوو پێویستی بەھاوکاری ئێران ھەبوو وە ئێرانیش تەنھا بەلێدانی دیموکرات ھاوکاری پارتی دەکرد”.
ئەم بەرژەوەندییە ھاوبەشە لەنێوان پارتی و ئێران پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولایان چرترکردەوە، شەری عێراق و ئێرانیش زیاتر گەشەی بەم پەیوەندییە دا چونکە ھەردوولا یەک دوژمنیان ھەبوو ئەویش حکومەتی بەعس بوو.
یەکەمین ھێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران و پارتی دژی بەعس لە (٣١/٧/١٩٨٣) بوو کاتێک ھێزەکانی پارتی و ھێزی ٦٤ی ئورمیەی کۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشیان کردە سەر ناوچەی حاجی ئۆمەران و گرتیان. نەوشیروان مستەفا لەکتێبی (پەنجەکان یەکتری ئەشکێنن) بەم شێوەیە باس لەم ھێرشە ھاوبەشەی ئێران و پارتی دەکات ” ئەو کاتەی ناوچەی حاجی ئۆمەران ببو بەمەیدانی گەرمی جەنگی عێراق – ئێران، بنەماڵەی بارزانی و سەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەئاشکرا ھاوکارییان لەگەڵ ھێزەکانی ئێران دەکرد دژی جەیشی عێراقی. کۆکردنەوەی دەنگوباسی عێراق و ھێزەکانی و چاوساغی و رێبەری ھێزەکانی ئێران و، ھێنان و بردنی دیدەوانی تۆپخانەی ئێرانی ئەمە بەشێکی کەمی ئەو ھاوکارییە ئاشکرایە بوو. لەھێرشەکانیشدا ئەوان وەکو ھێزی یارمەتیدەر و خەریککەر و لێدانی پشتەوە بەشدار بوون”.
ھەردوو رێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و چاودێری رۆزھەڵاتی ناوڕاستیش باس لەم شەرە ھاوبەشەی پارتی و ئێران دەکەن، بەم شێوەیە:
“پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو دەمە یەکێک لەکورانی بارزانی کەناوی مەسعود بوو سەرکردایەتی دەکرد، ھاوپەیمانێتی خۆی لەگەڵ ئێران زیندوو کردبووەوە، لەساڵی (١٩٨٣)دا دەستەکانی پارتی یارمەتی ئێرانیان دا لەگرتنی شارۆچکەی حاجی ئۆمەرانی سەر سنور”.
وەڵامی سەدام
“خیانەت پلەبەندی نییە، خیانەت دوا چاڵ و چەماوەی کۆتای شەخسیەتی مرۆڤە، کوڕەکانی مستەفا بارزانی بەجۆرێک رۆچوون لەخیانەتدا کەناتوانن پەشیمان ببنەوە لێی، ئەم خیانەتەشیان گواستووەتەوە بۆ سنورێکی بەرفراوانتر لەبنەماڵەکەیان تا ئەو تاوانەیان ئەنجام دا و بوون بەرێ نیشاندەر و یارمەتیدەری ھێزی فارس بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق، بەم شێوەیە جیابوونەوەی کۆتای روویدا لەنێوان ئێمە و ئەوان لەوەش زیاتر ھەوڵیاندا پەیوەندی دروست بکەن بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ڕیزی نیشتیمانی چەند نامەیەکیش ئاڵۆگۆر کرا لەم بارەیەوە، بۆیە دووجار خیانەتیان کرد یەکەمیان خیانەتیان لەخاک کرد دووەمینیان خیانەتیان لەو بەڵێنانەشیان کرد کەدابوویان، بارزانیەکانیش بەشدار بوون لەم کارە و سزای خۆیان وەرگرت و رۆشتن بۆ دۆزەخ”
ئەمە ووتەی سەدام حسێن سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق بوو لەکاتی سەردانیکردنی بۆ شاری ھەولێر و کەدواتر لەڕۆژنامەی (الجمھوریە) لە (١٣/٩/١٩٨٣) بڵاوبوویەوە.
بارزانییەکان
خەباتی بارزانییەکان لەبزاڤی رزگاریخوازی کوردستان مێزوویەکی دێرینی ھەیە، لەیەکێک لەبەڵگەنامەکانی بەعسدا کەدەست بزاڤ کەوتووە و راپۆرتێکە بەرێوبەری ئەمنی عام ئاراستەی سکرتێری سەدام حسێنی کردووە بەژمارە (٨٤) لەبەرواری (٢٩/٣/١٩٨٩) لەلاپەرە (٦) باس لەبارزانییەکان دەکات بەم شێوەیە:
“عەشیرەتی بارزانییەکان دادەنرێن بەعەشیرەتێکی دژ بەحیزب و شۆرش و نیشتیمان بەدرێژايى دەیان ساڵ، بەشێوەیەک بەدرێژای مێژوو لەدژی یەکێتی خاکی عێراق وەستاوە و دەوەستێت، خۆشیان بەعەشیرەتێک دادەنێن کەخاوەنی زۆرترین شەرعیەتن بۆ نوێنەرایەتی گەلی کورد، دڵیشیان پرە لەرق و کینە”.
مێژووی بارزانییەکان لەبزاڤی رزگاریخوازی کوردی و سەرکردایەتیکردنیان لەشۆرشی ئەیلول و ھەڵگیرسانەوەی شۆرشی گوڵان و پەیوەندییە توند وتۆڵەکانیان لەگەڵ ئێران ھۆکار گەلێکی ڕاستەوخۆ بوون بۆ لێدانی زەبری توند لەم بنەماڵەیە.
٨٠٠٠ بارزانی تۆڵەی خیانەت
لەزمانی شایەتحاڵێکەوە
بارزانییەک لەگفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا لەساڵی (١٩٨٥) بەم شێوەیە رووداوەکە دەگێرێتەوە “لەبەیانییەکدا، تێبینیمان کرد ئەو پیاوانەی دەچوون بۆ ئیش دەگەرانەوە بۆ ئۆردوگاکان بەبیانوی ئەوەی چوار دەوری ئۆردوگاکان دەور دراوە بەھێز و سەرباز، لەکاتژمێر (٧)ی بەیانی گەڕان بەنێو ماڵەکاندا و دەستیان کرد بەگرتنی كور و پیاوەکان لەتەمەن (١٠) ساڵ بۆ پیری تەمەن (٧٠) ساڵ، تەنانەت کەمئەندام و شێت و نەخۆشەکانیشیان بێ بەش نەکرد، ھۆکاری راگوێزکردنەکانیشیان دەگەڕاندەوە بۆ بیانووی بردنیان بۆ ھەولێر بۆ ئیش کردن، ھەشت جار ماڵەکەمیان پشکنی و نەیان توانی بمدۆزنەوە چونکە لەباخێکی بەرامبەر ماڵی خۆمان خۆم شاردبووەوە، لەکاتزمێر (دە و نیو) سەرجەمیان خستە نێو ئیڤای سەربازییەوە بردیانن بۆ شوێنێکی دوور و ھەرگیز نەگەڕانەوە، کەرۆشتیشن ئاو وکارەبایان لەئۆردوگاکان بری.
لەبەڵگەنامەیەکی بەعسدا
لەبەڵگەنامەیەکی بەعسدا کەدەست بزاڤ پرێس کەوتووە بەژمارە (٨٤)ی رۆژی (٢٩/٣/١٩٨٩) بەرێوبەری ئەمنی عام بەرزی کردووەتەوە بۆ سکرتێری سەرۆک کۆمار و لە (٦) لاپەرە پێک دێت تیایدا باس لەئەنفالی بارزانییەکان دەکات و ھاتووە ” لەتەمووزی ١٩٨٣ و لەکاتی ھێرشی دوژمنی ئێرانی سه‌ھیۆنی بۆ حاجی ئۆمەران و ئیسپات بوونی ھاوکاری ئەو خیانەتکارانەی کەبەبارزانییەکان ناسراون، بەرێز بەرێوبەری ئەمنی عامی پێشوو (فازل بەراک) ئیعازی داوە بەبەرێوبەرایەتی ئەمنی ناوچەی حوکمی زاتی بەپێکھێنانی ھێزێکی گەورە لەلایەنگران و ھێزەکانی ئەمنی ناوچەی حوکمی زاتی و بۆ بەیانی رۆژی دواتر ئامادە بن و پێویستە کارەکە زۆر بەنھێنی ئەنجام بدرێت، رۆژی (١/٨/١٩٨٣) ئەم ھێزە لەگەڵ ھێزێکی سەربازی گاردی کۆماری بەگەمارۆدانی ئۆردوگاکانی (قودس و قادسیە و قوشتپە) کەتایبەتمەندکراون بەنیشتەجێکردنی بارزانییەکان دەستی بەکارەکانی کرد و، راستەوخۆ دەستکرا بەدەستگیرکردنی سەرجەم بارزانییەکان لەرەگەزی نێر لەتەمەنی (١٥) ساڵەوە پاشان دەستکرا بەگواستنەوەیان بەئوتومبێلی گەورە کەلەبەغدادەوە ئامادە کرابوو بەھاوکاری ھێزێکی سەربازی، بەھەمان شێواز دەست کرا بەدەستگیرکردنی بارزانییەکان لە ئۆردوگای (ھەریر) سەر بە شەقلاوە، ژمارەیان (٤٠٣) کەس دەبێت لەبنەماڵەکانی (بارزانی و شیروانی و مزروی).
ھەروەھا لەئۆردوگای (دیانا)ی سەر بەرەواندز و ئۆردوگای (مێرگەسوور)ی سەر بەپارێزگای ھەولێر ھەمان کار کراوەتەوە.
لەبەشێکی دیکەی بەڵگەنامەکەدا باس لەژمارەی ئەو بارزانییانە دەکات کەرەوانەی ناوچەی بەصیەی سەر بەپارێزگای مووسەنا و بەندینحانەی ئەبو غرێب کراوە کەدەکاتە (٢٢٢٥) بارزانی و تیایدا ھاتوو “لەلایەن کۆمەڵێکەوە بریاری گەلیان بەسەر جێ بەجێ کراوە”. کەمەبەستی حوکمی ئیعدامە.
ھەورەھا باس لەدروستکردنی تۆمەت دەکات بۆ بارزانییەکان و تیایدا ھاتووە “(١٦) تۆمەت بۆ (٦٦٧) بارزانی پێک ھێنراوە و رەوانەی دادگای شۆرش کراوە و حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوەو و شەھادەی مردنەکانیشیان نەدراوەتەوە بەکەس و کارەکانیان”.
سەبارەت بەو پارەیەی کە دەستی بەسەردا گیراوەو بەبارزانییەکان بووە، لەلاپەری (٣)ی ئەو بەڵگەنامەیەدا ھاتووە “بری (١٩٤,٦٤٨,٤٤٠) سەدو نەوەد و چوار ھەزار و شەسەد و چل و ھەشت دینارو چوارسەدو چل فلسیان پێ گیراوەو پارەکەش کراوەتە حیسابی بەرێوبەرایەتی ئەمنی عامەوە.
بریاری ١٤٤٦ ج ١٩٨٣!
یەکێکی دیکە لەو بەڵگەنامانەی کەدەست بزاڤ پرێس کەوتوو بریارێکی دادگای شۆرشە بەژمارە (١٤٤٦/ج/١٩٨٣) لەرۆزی (٣٠/٨/١٩٨٣) بریتییە لەسەپاندنی حوکمە ئیعدام بەسەر (٣٦) کەس لەبنەماڵەی مەسعود بارزانی کە دوانيان براین و ئەوانی دیکە ئامۆزاین.
دەقی بریارەکە
بریاری حوکم
دادگای شۆرش لەرۆزی (٣٠/٨/١٩٨٣) پێکھات بەسەرۆکایەتی عەواد حەمەد بەندەر و ئەندامێتی مافناس داود سەلمان شەھاب و مقەدەمی مافناس تارق ھادی شوکر و بەناوی گەلەوە ئەم بریارەی دەرکرد:
حوکم بەسەر ھەریەک لە (سابیر مستەفا محەمەد عەبدولسەلام بارزانی و ئیسماعیل فەقی عەولا بارزانی و ئەمین عوسمان ھەمیرە بارزانی و نورەدین محەمەد سدیق بارزانی و نەوزاد لوقمان مستەفا بارزانی و ئازاد لوقمان مستەفا بارزانی و سەلاح لوقمان مستەفا بارزانی و بیداد لوقمان مستەفا بارزانی و رەجەب ئیسماعیل حەسەن بارزانی و قادر نوعمان جەھوەر بارزانی و مەجید عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حەکیم سەعید حەسەن بارزانی و سوبحان ئیسماعیل عەبدولسەلام بارزانی و زوبیر عەبدوڵا سەلیم بارزانی و حسێن زیاب بارزانی و دڵدار عەلی محەمەد حاجی بارزانی و ئیسماعیل مستەفا محەمەد بارزانی و عەلی عومەر ئەحمەد بارزانی و عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و عەبدولباری سلێمان عەبدولسەلام بارزانی و عیماد عوسمان ئەحمەد محەمەد بارزانی و نەزیر ئەحمەد محەمەد عەبدولسەلام بارزانی) بەلەسێدارەدان تا مردن بەپێی مادەکانی (١٥٢ و ١٦٢ و ٢٧٥/٢/٤٢ و ٥٠ و ٥٣) لەیاسای سزادانی عێراقی و دەستبەسەراگرتنی مالە مەنقول و غەیرە مەنقولەکانیان.
مەسعود بارزانی و ھەوڵی پەیوەندی
بەپێی بەڵگەنامەیەکی دیکە کەدەست بزاڤ پرێس کەوتووە بەژمارە (٢٦٥١/ک) بەمێژووی (٢٤/٨/١٩٨٧) سکرتێری سەرۆک کۆمار ئاڕاستەی عەلی حەسەن مەجیدی کردووە و لێی نوسراوە زۆر نھێنی و تایبەتە بەناونیشانی (خێزانە بارزانییەکان)، ئەمەش دەقەکەیەتی:
بەھۆی تەئکیدکردنەوەی تاوانبار مەسعود بارزانی لەسەر چارەنووسی خێزانە بارزانییەکان کەنیشتەجێی پارێزگای ھەولێر ئۆردوگای قوشتەپە بوون، ئەمەش لەرێگەی پەیوەندییە ناراستەوخۆکان لەگەڵ ھاوکارەکانی لەساڵی (١٩٨٣)ەوە تائێستا، ئەمەش بەمەرجێک یان بەپێشنیارێک دادەنێت بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی لەگەڵ سەرکردایەتی حیزب و شۆرش..
بەرێز سەرۆک کۆمار بریاری ئاراستەی بەرپرسان و دەزگا ئەمنییەکان کردووە کەتایبەتمەندن بەکێشەی کورد، رەنگە پەیوەندییان پێوە بکرێت لەرێگەی کەسی سێیەمەوە پێویستە وەڵام بۆیان دیاریکراو و یەک بێت بەم شێوەیە “ھیچ کەس ھیچیان لەسەر نازانێت تەنھا سەرکردایەتی دەوڵەت نەبێت و کێشە سەرەکییەکەش گەورەترە لەکێشەی ئەو خێزانانە” پشت بەم وەڵامەش ببەسترێت بۆ وەڵامدانەوەی ھەر پرسیارێک لەلایەن ھەر کەسێکەوە لەسەر چارەنووسی ئەم خێزانانە.
ئەنفالی بارزانییەکان دوای نسکۆی شۆرش ناخۆشترین کارەسات بوو کەبەسەر گەلی کورددا ھات، چونکە جینۆساید بوو بەسەرجەم ماناکانی ووشە، ھاوکاری پارتە کوردییەکان لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ بەدرێژای مێژووی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردی یەکێک بووە لەو گرێبەستە ھەڵانەی کەھەمیشە دووبارە بووەتەوە، گەر ھاوکاری پارتی لەگەڵ ئێران و ھێرش کردنیان بۆ سەر شارۆچکەی حاجی ئۆمەران نەبووایە ھەرگیز ئەو کۆمەڵکوژییە رووی نەدەدا کەبەسەر بارزانییەکان ھات، (٨٠٠٠) کەس لەبنەماڵەیەک کەلە ساڵی (١٨٨٠)ەوە رۆڵی ھەیە لەبزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد زەرەرێکی گەورە بوو لەکورد و تاکی کوردی کەوت.
13184604_1068314906565420_1239981736_o
له‌ سایتی بزاڤ پریس وه‌رگیراوه‌

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …