Home / بەشی مێژووی كورد / سەفەرنامەی ڕاولینسۆن بەناو کوردستانی موکریدا

سەفەرنامەی ڕاولینسۆن بەناو کوردستانی موکریدا

سەفەرنامەی ڕاولینسۆن بەناو کوردستانی موکریدا

rawnilson

ن: هێنری ڕاولینسۆن

و: نەبەز هێمن

تێبینی وەرگێڕ: نووسەری ئەو دێڕانە”هێنری ڕاولینسۆن” لەدایکبووی[١٨١٠، کۆچی دوایی ١٨٩٥]، یەکێ لەو دەگمەن کەسە ڕۆژئاواییانەیە کە هەوێکی ئێجگار زۆری بۆ ناسین و دۆزینەوەی خەتی میخی ئاشووری، بابلی، ئەکەدی و پارسی کۆن داوە، دەکارین بێژین زۆربەی هەرە زۆری تەمەنی خۆی تەرخانی کارکردن لە سەر شوێنەوارەکانی بەر لە ئیسلام و دۆزینەوە و ناساندنیان بە دنیای مۆدێڕن بووە. ناوبراو یەکەم کەس بووە کە توانی دوای ساڵانێکی دوور و درێژ بەردنووسی “بێستون” بدۆزێتەوە بکات و هەرسێک زمانی هەڵکەندراوی ئەو یادگارە لەمێژینە وەربگێڕێتە سەر ئینگلیزی و بەو ئیشە قورسە، ناوی خۆی بۆ تاهەتایە لە جیهانی زانست و دۆزەرەوانی خەتە میخییەکان هەرمان بکات. “ڕاولینسۆن” بە دەیان کتێب، وتار، نووسراوە و وەرگێڕانی هەیە. یەکێ لە کارەکانی تەرجەمەی مێژووی “هێرۆدۆت” بۆ سەر زمانی ئینگلیزییە. ئەو هەروەها بە دەیان سەفەر و گەشتی زانستی بۆ وڵاتانی مێزۆپۆتامیا، ئێران، هیندوستان و هتد… بەڕێوە بردووە. کاتی خۆی، دوو کتێبی وەک سەفەرنامە بۆ پارێزگاکانی ڕۆژئاوای ئێران، بڵاوکردۆتەوە. یەکیان سەفەر بۆ ئیلام و خوزستان و بەختیاری لە ساڵی ١٣٦٢ هەتاوییە کە لە ئێران بە زمانی فارسی چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بە داخەوە ئەو بەشەیە کە زۆرتر لە سەر کوردستانی موکرییە ئێستاشی لەگەڵدابی نەکراوەتە کوردی جا لە بەر هەر هۆیێک بێت، بەڵام یەک لە هۆکارەکانی ئەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ڕوانینی ڕەگەزپەڕەستانەی ڕۆشنبیران و وەرگێڕەکانی فارس. ئەمان تا ئەو جێیەی بۆیان کرابێ بە ئاگاییەوە خۆ لە بابەتی پێوەندیدار بە ناسنامە و شوناس و کولتووری کوردان نادەن و تا بۆیان بکڕی ئیهماڵی دەکەن و بۆ وێنە نووسراوەی ڕۆژهەڵاتناسەکان و زانایان لەمەر کوردستان بە ئەنقەست خۆی لێنادەن و جار جارە ئەگە ناچاریش بن ئەو شتە بکەن ئەوپەڕی سانسۆر دەکار دەهێنن و یان نووسراوەی نووسەر خۆی ئەگۆڕن و تەواوی بابەتەکە چەواشە دەکەن. سەفەری”ڕاولینسۆن” بۆ موکریان و نووسین لە سەر شوێنەوارە دیرۆکییەکانی ئەو دەڤەرە و هەروەها کۆڵێک زانیاری ئیتنیکی و کۆمەڵناسی و جوگرافی و هتد، یەکێ لە کارە گرینگ و باشەکانی ئەو بەڕیزەیە. لەو سەفەرەدا ناوبراو توانی خۆی بگەیەنێتە “کێلەشین” و”بەردە کونتە”، “فەخریگا”، “خورینج” و ئاتەشکەدەی”ئازەرگوشەسب” لە گەڕووس و بێجار. نەبەز هێمن. بەشی یەکەم لە “تەورێز”ەوە بەرەو “تەختی سلێمان” (شیز)  ١. یادداشتەکانی سەفەری تەورێز، بە تێپەرین لە نێوان “کوردستانی پێرشیا”(موکریان. وەرگێڕ)دا، بەرەو وێرانەکانی تەختی سلێمان(شیز)، و لەوێڕا بە زەنجان و تاروم بەرەو گیلان، لە نۆڤەمبەری ١٨٣٨؛ لەتەک یادەوەری شوێنەواری ئێکباتانی “ئاترۆپاتێن” لە لایەن” ئێچ. سی. ڕاولینسۆن”. لە “نۆڤەمبەر”ی ١٨٣٨ی زایینی، بە نیازی سەفەری گیلان لە ڕێی کوردستانی پێرشیا و خەمسە بووم. مەبەستی سەرەکیم لەم سەفەرە و گرتنەبەری ئەم ڕێگە سەخت و دژوارە، کۆکردنەوەی زانیاری بۆ ناسینی ئیکباتانی ئاترۆپاتێن بوو، ئەو شارەی کە دێڕزەمانێک بڕوام بە بوونی هەبووە. بە پشت بەستن بە هەندێ زانیاری خۆم لە سەر تایبەتمەندییەکانی جوگرافی باشووری ئازەربایجان، مەترسیم بۆ پێناسەکردنی جوگرافیای مۆدێرن نەبوو. هەروەها ئاگاداریش بووم لە ناکامڵی و نادروستی ئەو نەخشانەی تاکوو ئێستا چاپ و بڵاوبوونەوە. توانای متمانەکردنم بە کتێبی ڕێنما و کاتژمێر و ڕووگەنما(قوتب نما)ش زۆر نەبوو، هەر بۆیە بە ئامێری”تێئۆدۆلیت” (ئامێڕێکی جوگرافییە. و) بەو پەڕی وردییەوە سەیری مەودای رێگەکەم دەکردو درێژەم بە ڕێگە بڕین دەدا. لە ١٦ی “ئۆکتۆبر”دا کەمپی بەریتانیم جێهێشت بەرەو باشووری رۆژئاوای دەور و پشتی تەوڕێز، ٧ مایل بەرەو گوندی “سەردەڕوو”، بە ئاراستەی باشوور ئاژووتم.٧٢ پلەی ڕۆژئاوا. لە ٢ مایلی، بە دەستی چەپەوە لە گوندی “لالە” کە خانوویێکی هاوینە و باخێکی تێیا بوو. ئەو تەورێزییە تەنبەڵ و تەوەزەلانە لەوێ هاوینان و بەهاران کاتی خۆیان بەجێژن و خۆشی دەبردە سەر؛ هەروەها کانیاوێکی مەعدەنی(گراوان) لە نزیک ئەم شوێنە هەڵکەوتبوو کە خەڵکەکە بڕوایان بە باری دەرمانی ئەو بوو؛ پلەی ئاو هاوینان بە جۆرێکە گشت ئەتمۆسفێر دادەگرێت، بەڵام زستانان بەڕادەیێکی باش گەرمە کە پێی دەڵێن “ئیشی سۆ” یانی ئاوی گەرم. زەمانی زوو خەڵکی تەورێز وەکوو حەمام کەڵکیان لێوەرگرتووە. ستێرکێکی گچکە لە ناو ئاوەکە دا سازکراوە کە سەرەکەی بە تەختە بەردێک داپۆشراوە بۆ کەڵکوەرگرتن و هەسانەوەی خەڵک؛ بەڵام هەنووکە بە تەواوەتی لە ناو چووە و هیچ شوێنەوارێکی هەسانەوە و حەمام کردنی پیوە دیار نییە. زەوی بەرزی سەرووی کانیاوەکە کە دەورە دراوە بە داڕستانێک لە باخ و باخات بە ڕادەیێکی بەربڵاو و بێ سنوور بە جۆرێ نمایەکی جوان لە شاری تەورێز دەردەخات. لەڕاستیدا ڕووبەری گشتیی باخاتی تەورێز کەمتر لە ٣٠مایل نییە. ڕێگەی پێدەشتەکانی سەڕدەڕۆ بە لای چەپی تەپکە کانی خوارەوە لە بەری سنوورەکانی باشووری دەشتی مەزنی تەورێز و لە لەی ڕاستەوە تا ئەو شوێنەی چاو بڕ دەکات دەشتێکی بەربڵاو ڕاخراوە لە قەراخی گۆڵی خوێ (ورمێ). لەم وەرزەدا دەشتەکە ڕواڵەتێکی خەمناک و بێ بەری هەیە. وەرزێڕەکان پەشۆکاوی بەر و بووم و دەخل و دانی پاییزیانن و دیمەنێکی خەمین و بێ جووڵەیان هەیە. سەڕدەڕۆ شوێنێکی شیناوەرد و ئاوەدانە لە لای ڕووبارێکی گچکە هەڵکەوتووە کە سەرچاوەکەی لە سەهەندەوەیە، خۆیشی ناوی گوندێک و ناوچەیێکە. باخەکان دەوریان داوە بە درێژایی داوێنی زوورگەکان، ڕووبەرێکی زۆریان هەیە، بەڵام سەرباری ئەمەش هەنووکە بەس بەشێکی کەم لە پیت و بەڕەکەت بوونی جاران دەخەمڵێنن، تا ئەو جێیەی دەور و پشتی تەورێز دەگاتە ئێرە، گشت وڵاتەکە وەکوو داڕستانێک پەڕەی سەندووە و گەلێ زەحمەتە سنووری نێوان گوندەکان لێک جیا بکرێتەوە.  ١٧ی مانگ[ئۆکتۆبر]، لە سەڕدەڕۆ بە مەودای٢٢مایل بەرەو “گۆگان” ئاژووتم. ڕێگەکە لە ناو دەشتێک بە مەودای ١٢ مایل لە ئاراستەی گشتی بەرەو ڕۆژئاوای باشووری هەڵکەوتووە، تا دەگاتە گوندی “یاڵخچی” کە زوورگەکانی خوارووی لای چەپ بە مەودای ١ مایلی دەوەستن و دەشتی سەرەکی بە لای ڕاست نزیک لێوارەکانی دەریاچە ڕاخراوە. لەو ڕاستەدا دەشتەکە بە تەواوی بەرهەم هێنراوە و ژمارەیێکی زۆر ئاوایی لەم ناوە هەڵکەوتوون. یەکیان بە ناوی “خوسڕەو شا” لە زارکی بێشەڵانێکە لە داوێنی تەپۆڵکەکان بە دەستی چەپەوە لە مەودای ٨مایلی سەڕدەڕۆ کە بەربڵاوییەکی بەرچاوی هەیە؛ شوێنێکی ئێجگار دڵڕفێن و خۆشە لە داوێنی سەهەند و چوار وەرزی ساڵ کەش و هەوایێکی خۆشی هەیە، سەرچاوەی ئەو هەموو پیت و بەڕەکەتییەش لە کانیاو و ڕووبارەکاندایە کە لەو شاخانە دەڕژێنە خوار، یەک لەوانیش شاخی سەهەندە. درێژەی هەیە…

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …