Home / بەشی مێژووی كورد / خێنیاس، ئەو پیاوە ئاینیە کوردەی نزیکی هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیان لە دایکبووە کێ بووە؟

خێنیاس، ئەو پیاوە ئاینیە کوردەی نزیکی هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیان لە دایکبووە کێ بووە؟

13122842_1057955457573454_6753974931524054361_o

خێنیاس، ئەو پیاوە ئاینیە کوردەی نزیکی هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە گەرمیان لە دایکبووە و هاوسەردەمی پۆڵ کاکەیی و برایم میدی بووە و لە ڕۆژئاڤای کوردستان بووتە قەشەیەکی باڵا، کێ بووە؟
نووسینی سۆران حەمەڕەش

لە منداڵیدا کتێبە مێژووییەکان لەسەر کورد، ڕوخسارێکی سەیریان لە هزرمدا لەسەر کورد دروست کردبوو. ئەو کات هەرگیز نەمدەزانی کە باوباپیرانمان پێش هاتنی موسوڵمانەکان، خەریکی گفتوگۆی فەلسەفی و قوڵ بوون و چەندین قوتابخانەی فیکری و ئاینی لە سەر ئەم خاکە هەبوو بوون. وامدەزانی باوباپیرانمان لە سەردەمێکی زۆر جیاواز لە ئێستا ژیابوون، بەڵام کەئەمرۆ سەیری سەرچاوەکان دەکەم، هەندێک جار زانیاریەکان دەبنە مایەی سەرسوڕمان.

پێش هاتنی موسوڵمانەکان و بەهۆی بوونی دوو زلهێزی ئەو سەردەمەوە، عەجەم لە ڕۆژهەڵات و ڕۆم لە باکور و ڕۆئاواوە، کوردستان بوو بووە ناوچەیەکی سنووریی نێوان دەسەڵاتی سیاسی ئەو دوو زلهێزە. لە هەمان کاتدا ناوچەکە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان ئاینی زەردەشتی و کریستیانی بوو، عەجەم پشتگیری زەردەشتی و ڕۆم هی کریستیانی دەکرد. ئەم کێشمەکێشە زۆر جار بووە بووە هۆی ئەوەی کە لە کوردستاندا چەندین ڕێچکەی ئاینیی کریستیانی دەربکەوێت. گرنگترینیان یەعقوبی بووە. کوردە یەعقوبیەکان هەردوو مێژوونوسان مەسعودی و تەبەری لە سەدەی نۆیەمی زاینیدا ئاماژەیان پێکردوون. مەسعودی ئاماژە بە کوردە کریستیانە یەعقوبی وجۆزقانیەکان دەکات و تەبەری لە سەدەی نۆیەمدا ئاماژە بە جەنگێکی مەسروری بەڵخی دەکات لە دژی کوردە یەعقوبیەکان.

ئەم بابەتە لەسەر کوردێکی کریستیانی یەعقوبیە بە ناوی خێنیاس- ەوە. خێنیاس لە ساڵی ٤٤٠ ز لە گوندی تەهاڵ لە گەرمیان لە دایکبووە. وەک زۆر لە زانا ئاینیەکانی سەردەمی خۆی، ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبوڵ و ئورفە و شارەکانی تری باکور و ڕۆژئاوای کوردستان. خێنیاس بە نزیکی هاوسەردەمی “پۆڵ کاکەیی” و “برایم میدی” بووە، کە بە داخەوە جگە لە ناوهێنانیان لە سەرچاوەکاندا شتێکی ئەوتۆ سەبارەتیان نازانرێت. ئەوەی کە دەزانرێت پۆڵ کاکەیی هەر لە نزیک داقوقی ئەمڕۆدا ژیاوە کە ئەمڕۆش گوندی کاکەیی تێدایە و برایم میدیش هەر لە هەمان ناوچەدا بووە و هەردووکیان لە سەدەی پێنجەمی زاینیدا لە کوردستاندا ژیاون.
خێنیاس لەلایەن پەیڕەوانی ڕێچکە ئاینیە کردیستیانەکانی ترەوە زۆر دژایەتی کراوە. خۆی بە تایبەت ئاماژەی بەو دژایەتی کردنە کردووە. ئەو وەک سەرکردەیەکی یەعقوبیەکان بە تەواوی ڕێچکەی نەستۆری کریستیانی ڕەتکردۆتەوە. لەسەر بیروباوەڕی ئاینی جیاوازی، لە کڵێساکانی شاری ئورفە دەرکراوە. بەڵام دوای ماوەیەک دەسەڵاتدارێکی ئاینی بەناوی پٶڵەوە دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و خێنیاس لە ساڵی ٤٨٥ ی ز دا کراوە بە قەشەی باڵای شارۆچکەی “مەنبج” ی ئەمڕۆ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوردستان (سەیری نەخشەکە بکە). لە ئەنجامدا خێنیاس نازناوی فیلۆکسینۆسی مابوگ- ی وەرگرت، هەر بە ناوی ئەو شارەێ ڕۆژئاوای کوردستانەوە.

زۆری نەخایاندووە دەسەڵاتی ئاینی کەوتۆتەوە دەستی نەیارەکانی و قەشەی باڵای ئەستەمبوڵی ڕۆم، خێنیاسی بە لادەر لە ڕێچکەی گشتی کریستیانی دانا. خێنیاس بە پشتگیری قەیسەری ڕۆم، ئەناستاسیۆسی یەکەم، کەمپەینێکی لە دژی ئەو پیاوە ئاینیە دەستپێکردووە، دواتر بە هاتنی قەیسەری نوێی ڕۆم، جەستینی یەک، خێنیاس دەسگیر کراوە و نەفی کراوە بۆ شاری بلۆڤدیڤی بولگاریای ئەمڕۆ. لەوێ بە دەستبەسەری ژیاوە و هەتاوەکو کۆتایی ژیانی خەریکی نووسین بووە و لە ساڵی ٥٢٣ ز دا کۆچی دوایی کردووە. هەندێک سەرچاوە دەڵێن دوایی کوژراوە بەڵام ئەو زانیاریە یەکلانەکراوەتەوە. ئەوەی کە مایەی سەرنجە یەکێک لەو تاوانانەی کە دەدرایە پاڵ خێنیاس ئەوە بووە کە ئەو کەسێکی سەر بە مانیەکانە، کە پێغەمبەرێکی مەزنی ناوچەکە و دایکوباوکی هەمەدانی بوون و کریستیانەکان وەک مەترسی لەسەر خۆیان سەیریان کردووە.

خێنیاس بەرهەمێکی زۆری نووسراو جیاوازی ئاینی هەیە و ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە تەواوکردن و نووسینەوەی ئینجیلی ئارامیدا کە لە ساڵی ٥٠٨ ز دا تەواو بووە و هەر بە ناوی خۆیەوە ئاماژەی پێ دەکرێت و بۆ نووسینەوەی، متمانەی زۆری کردۆتە سەر سەرچاوە یۆنانیەکان. ئینجیلەکەی خێنیاس بۆ سەدان ساڵ باشترین ئینجیلی ئارامی بووە. جگە لەو کارەی خێنیاس، بە دەیان بەرهەم و نامەی لێ بەجێماوە. کەمێکیان وەرگێڕاونەتە سەر زمانی ئینگلیزی و ژمارەیەکی باشیان لە مۆزەخانەی بەریتانی هێشتا تەرجومەنەکراون و لەوێ هەڵگیراون. گرنگرتینیان سیانزە نامەن لەسەر خەڵوەتگەریی کە چەندین لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە.

ژیانی خێنیاس و مێژووی ئاینی کریستیانی لە کوردستاندا، پەنجەرەیەکی گەورە دەکاتەوە لە سەر سەردەمێکی کوردستان کە هەتاوەکو ئێستا زۆرینە بە هەڵە لێی تێگەیشتووە. بۆ نموونە هەتاوەکو نزیکی کەمتر لە دوو سەد ساڵ لەمەوبەر، کڵێسایەک لە شارۆچکەی بەتنایا لە باکوری شاری موسڵ هەبووە بە ناوی برایم میدی- ەوە. کە لە سەدەی حەوتەمی زاینیەوە دامەزرابوو و ئەمڕۆ ئەو شارۆچکەیە دوایەمین شارۆچکەیە کە لەژێر دەستی داعشدایە و دوای ئەو شارۆچکەیە ناوچەکە بەدەست کوردەوەیە. بەڵام نازانرێت کە ئایا ئەو کڵێسایەی برایم میدی مابێت یان نا.

هەروەها وەک سەرنج درا، پۆڵ کاکەیی ناوی لە سەرچاوەکاندا هاتووە، ئەوەی کە مایەی سەرنجە پۆڵ لە ناوچەی داقوقی نزیک کەرکوک ژیاوە، کە ئەمڕۆش ئەو دەڤەرە گوندی کاکەیی تێدایە. کە ئەیسەلمێنێت کە کاکەییەکان لە پێش ئیسلامەوە ناوەکەیان نەگۆڕاوە. هەروەها بە هەڵە هەندێک خەڵک کە ناوێکی وەک پۆڵ یان یۆحەننا دەبینن، وا دەزانن کەسەکە کورد نیە، لە ڕاستیدا نووسین بە ئارامی بە هیچ شێوەیەک ئاماژە نیە بە ڕەگەزی کەسێک لەبەر ئەوەی کە زمانی ئارامی لە سەردەمی ئاشوریەوە زمانێکی گرنگی نووسین بووە، هەروەها زۆرینەی کریستیانە کوردەکان، وەک هەموو کەسانێکی تر، ناوی پەیوەست بە ئاینی کرسیتیانیان بۆ خۆیان داناوە. بۆیە پۆڵ کاکەیی، برایم میدی و یوسف شارەزووری و سەدانی تر، هەمووی کورد بوون و بە هەڵە لە ڕابردوودا لێکدانەوە بۆ ناوەکانیان بۆ کراوە.
لە هەمان کاتدا دەردەکەوێت کە ئەم ئایینە تا چ ڕادەیەک لە ناو کورد دا باو بووە و ئاینێکی سەرەکی خەڵک بووە، بە شێوەیەک کە کورد پەیڕەوی ڕێچکەیەکی تایبەتی ئەو ئاینەی کردووە. بۆ کورد یەعقوبی لە ئاینی کریستیاندا هاوشێوەی شافیعی وابووە لە ئیسلامدا، کورد پەیڕەوی هەردووکیانی کردووە. بەشێکی زۆری کورد وەک خۆجوداکردنەوە لە کریستیانی ڕۆمی، پەیڕەوی ڕێچکەی یەعقوبیان کردووە کە لە نزیکی سەدەی پێنجەمی زاینیەوە وەک هەنگاوێکی سیاسی، لەلایەن قەیسەری ڕۆمەوە بە لادەر لە ڕێچکەی گشتی کریستیانی دانراوە. هەروەها دەردەکەوێت کە ئەو شارۆچکەیەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بووە و بووەتە نازناوی ئەم پیاوە کوردە و ناوەکەی لە خێنیاسەوە کراوەتە فیلۆکسینۆسی مابۆق (مەنبج). ئەمڕۆ ئەو شارۆچکەیە لە ژێر دەستی داعشدایە و تورکیا ڕێگرە لەوەی کە کورد بیگرێتەوەوە ژێر دەستی خۆی (بڕوانە نەخشەکە).

ئەوانەی سەرەوە هەموویان دەری دەخەن کە ئەوەی پێی دەڵێن مێژووی پێش ئیسلامی کورد و کوردستان، بەشێکی زۆری متمانەی نەکردۆتە سەر بەڵگەنامە و بە خەیاڵاتی مێژوونوسان نووسراون. ژیانی خێنیاس سەردەمێکی دەوڵەمەندی فیکری ئاینی و فەلسەفی کوردیە و تێگەیشتن لەو کەسایەتیە و هاوشێوەکانی، تێگەیشتنمان لە ڕابردوو دەوڵەمەند تر دەکات. هەتاوەکو ئەم کاتەی کە من ئەم بابەت دەنووسم، لێکۆڵینەوەی نوێ سەبارەت ئەم کەسایەتیە مەزنە جیهانیە بڵاودەکرێتەوە و دوایەمین کتێب لە سەری بە زمانی ئینگلیزی، لە ساڵی ٢٠١٣ دا بڵاو کراوەتەوە، بەڵام بەداخەوە وەک هەمیشە لە گەرمیان و کوردستاندا کە شوێنی باوانیەتی، بە نزیکەی کەس ناوی نەبیستووە.
نووسینی سۆران حەمەڕەش

تێبینی:
– خێنیاس بە چەند ناوێک ناسراوە، لەوانە فیلۆکسینۆسی مابۆق (مەنبج) و ئەکشێنایا، ناوی دووەم ناوە ئارامیەکەی بووە و مانای “نامۆ/غەریب” دەدات و ناوی یەکەم ناوە یۆنانیەکەیەتی کە بە نزیکی تەرجومەی ناوە ئارامیەکەیە و مانای “نامۆ/غەریب خۆشەویست” دەدات. هەندێک سەرچاوە دەڵێن ئەم پیاوە لە بنەڕەتدا ناوی یوسف بووە. خێنیاس زیاتر بە ناوە یۆنانیەکەی ناوبانگی دەرکردووە. لە نەخشەکەدا دەبینرێت کە ڕەنگی زەرد کوردە، ڕەش داعش، سور حکومەتی سوری و سەوز ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە تورکیایە و ئەو شارەی کە ئەم کەسایەتیە گرنگە تێیدا قەشەی باڵا بووە لەسەر نەخشەکە دەستنیشان کراوە.

– پێشتر بابەتێکی تایبەتم لەسەر ناسنامەی کرسیتاینەکانی کوردستان داناوە. ئەو کەسانەی کە دەخوازن زیات لەو بابەتە قوڵببنەوە، ئەوا دەتوانن ئەو بابەتە لەم لینکەدا بخوێننەوە.
https://www.facebook.com/photo.php?fbid=642112655824405&set=pb.100000770292893.-2207520000.1462188370.&type=3&theater
سەرچاوەکان:
– حەمەڕەش، سۆران (٢٠١٣) کورد کێیە؟، لەلایەن نووسەرەوە چاپکراوە، لەندەن.
-Bromiley , Geoffrey W. (1986) The International Standard Bible Encyclopedia, Volume one: A-D, Wm. B. Eardmans Publishing Co., USA.

-Foster, John (1997) Church History: The first advance, AD 29-500, S.P.C.K. in association with the United Society for Christian Literature for the Theological Education Fund, London.

– Kitchen, R.A. (2013)The Discourses of Philoxenos of Mabbug: A New Translation and Introduction, Cistercian Publications, Kentucky.
– Roberts, Alexander and Donaldson , James (2004) Hippolytus Bishop of Rome: Ante Nicene Christian Library Translations of the Writings of the Fathers Down to AD 325 Part Six, Kessinger Publishing Co., USA.

– Wigram, William Ainger (1910) An introduction to the history of the Assyrian Church or the church of the Sassanid Persian Empire, 100-640 A.D., Society for Promoting Christian Knowledge, UK.

– Wilmshurst, David (2000) The Ecclesiastical Organisation of the Church of the East, 1318-1913, Peeters Publishers, Louvain.
– Wright, William (1894) A short History of Syriac Literature, The University Press, Cambridge.

About دیدار عثمان

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …