Home / مێژووى جیهان / ڕژێمی ئایینی لە ئێران

ڕژێمی ئایینی لە ئێران

ڕژێمی ئایینی لە ئێران

553416152016_السيد-الخميني-والخامنئي1

نووسینی: مه‌هدی خه‌له‌جی (توێژه‌ری باڵا له‌ په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك)
وه‌رگێڕانی: صابر حسن رسول
سه‌رچاوه‌: په‌یمانگای واشنتۆن بۆ سیاسه‌تی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیك

به‌شی دووه‌م

ویلایه‌تی فه‌قیهه: چاره‌سه‌ری تازه‌ بۆ گرفتی كۆن
به‌گوێره‌ی بیری ئاینیی شیعه‌ و شه‌ریعه‌تی كلایسیكی، دوانزه‌هه‌مین ئیمامی شیعه‌ ده‌توانێت حكومه‌تێك دروست بكات كه‌ شه‌رعیه‌تی له‌ دین وه‌رگرتبێت. به‌ڵام له‌ غیابی ئه‌ودا، ده‌بێت گوێڕایه‌ڵی له‌ فه‌رمانڕه‌وای موسوڵمانان بكرێت، جا ئه‌گه‌ر دادوه‌ر بێت یان نادادوه‌ر، چونكه‌ پارێزگاری له‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمانان ده‌كات. سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌كان (له‌ ١٥٠١ بۆ ١٧٢٢) وه‌رچه‌رخانێك بوو له‌ په‌ره‌سه‌ندنی بیری ئاینیی شیعه‌، چونكه‌ سه‌فه‌ویه‌كان شیعه‌گه‌ریان كرد به‌ دینی ده‌وڵه‌ت و له‌ ئه‌نجامدا یه‌كه‌م حكومه‌تی شه‌رعیی ئاینییان دروستكرد له‌ دوای غه‌یببونی دوانزه‌هه‌مین ئیمام. 
له‌سه‌رده‌می سه‌فه‌ویه‌كان به‌دواوه‌، ده‌سه‌ڵاته‌ ئاینییه‌كان له‌ نزیكه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگیان له‌گه‌ڵ سیسته‌می سیاسیدا كردووه‌ به‌ڵام هه‌رگیز نه‌بوون‌ به‌ به‌شێك لێی، بۆیه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری و كۆمه‌ڵایتی خۆیان پاراستووه‌. له‌ماوه‌ی پێنچ سه‌ده‌ی ڕابردوودا، هه‌ر كاتێك ڕژێمی پاشایه‌تی لاواز بووبێت، پیاوانی ئاینیی هێز و ده‌سه‌ڵاتیان په‌یداكردووه‌ بۆ فشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌ت بۆ قبوڵكردنی ئه‌جێنداكانیان. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، هه‌ركاتێك ڕژێمی پاشایه‌تی به‌هێز بووبێت كه‌متر كه‌وتووه‌ته‌ ژێر پیاوانی ئاینیی.ئه‌م گرژیه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ده‌ستوریدا گه‌یشته‌ لوتكه‌، كه‌ تیایدا پیاوانی ئاینی ڕۆڵی كاریگه‌ریان بینی، له‌ئه‌نجامی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی ١٩٠٦دا، ده‌سه‌ڵاتی شا سنورداركرا. به‌ڵام هاوكات ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بوو به‌سه‌ره‌تای قۆناغێكی نوێ له‌ گرژی نێوان ڕژێمی پاشایه‌تی و پیاوانی ئاینیی. ڕژێمی پاشایه‌تی هه‌وڵی تازه‌ی دابۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ده‌زگای ئاینیی، به‌تایبه‌ت شاكانی ڕژێمی په‌هله‌وی كه‌ له‌ هه‌وڵی به‌ سێكیولاركردن و به‌ مۆدێرنكردنی هه‌موو جومگه‌كانی سیسته‌می په‌روه‌رده‌و دادوه‌ری ئێرانیدا بوو، به‌مه‌ش پیاوانی ئاینیی له‌ سه‌رچاوه‌ ته‌قلیدیه‌كانی پێگه‌ی یاسایی و كۆمه‌ڵا‌یه‌تی بێ ‌به‌شكردبوو.
ته‌فسیری خومه‌ینی بۆ تیۆری ویلایه‌تی فه‌قیهه هه‌وڵێك بوو بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م ململانێ ڕیشه‌داره‌ مێژووییه‌. به‌گوێره‌ی تیۆریه‌كه‌، ده‌بێت ڕژێمی پاشایه‌تی هه‌ڵبوه‌شێنرێته‌وه‌و شاره‌زاترین فه‌قیهی شیعه‌ وه‌ك سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت شوێنی شا بگرێته‌وه‌. به‌ڵام زۆرێك له‌ فه‌قیهه‌كانی شیعه‌ هاوڕانه‌بوون له‌گه‌ڵ بۆچوونی خومه‌ینی له‌باره‌ی سیاسه‌ت و ئاین، هه‌روه‌ها ته‌با نه‌بوون له‌گه‌ڵ تیۆری خومه‌ینی ده‌رباره‌ی فه‌رمانڕه‌وایی پیاوانی ئاینیی.بۆیه‌ ئه‌گه‌ری دروست بوونی ململانێ له‌نێوان فه‌قیهی فه‌رمانڕه‌واو فه‌قیهه‌كانی تر سه‌ریهه‌ڵدا. تیۆری خومه‌ینی له‌لایه‌ن ئاینناسانی شیعه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ ڕه‌خنه‌ی جددی بووه‌وه‌به‌وه‌ی پێیان وابوو فه‌رمان و بۆچوون و فه‌تواكانی فه‌قیهی فه‌رمانڕه‌وا ده‌بێته‌ جێگره‌وه‌ی فه‌رمان و بۆچوون و فه‌تواكانی فه‌قیهه‌كانی تر. به‌گوێره‌ی تیۆری خومه‌ینی، فه‌قیهه‌كانی تر هه‌مان پێگه‌ی هاووڵاتی ئاساییان هه‌یه‌ و پێویسته‌ په‌یڕه‌وی له‌ فه‌رمانه‌كانی فه‌قیهی فه‌رمانڕه‌وا بكه‌ن له‌سه‌ر پرسی په‌یوه‌ست به‌ كاروباری گشتی، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ته‌قلیدیان هه‌یه‌ له‌كاروباری په‌رستشه‌كان و كاروباری شه‌خسی و كاروباره‌كانی تر كه‌ تیایدا تاك ئازاده‌ له‌ شوێنكه‌وتنی هه‌ر فه‌قیهێك كه‌ خۆی بیه‌وێت.
كاتێك خومه‌ینی وه‌ك یه‌كه‌م ڕابه‌ری باڵا هاته‌ ده‌سه‌ڵات و تێگه‌یشت كه‌ ناتوانێت‌ ته‌نها به‌جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت ووڵات به‌ڕێوه‌ببات، له‌ ساڵی ١٩٨٨ تیۆره‌كه‌ی زیاتر فراوانكرد به‌وه‌ی پرسی به‌رژه‌وه‌ندی (المصلحه‌) ی ڕژێمی هێنایه‌ ئاراوه‌. بنه‌مای مه‌سڵه‌حه‌ت ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر یاسای ئیسلامیی یان یاسای ووڵات دژیه‌ك بوو له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی ڕژێم، ئه‌وا فه‌رمانڕه‌وا ده‌سه‌ڵاتی ئاینیی هه‌یه‌ كار به‌ یاسای ئیسلامیی یان یاسای ووڵات نه‌كات. ئه‌م بنه‌مایه‌ بوو به‌ سیما و پێناسه‌ی كۆماری ئیسلامیی و، بوو به‌ فاكته‌ری سه‌ره‌كی كه‌ بۆچی تیۆری سیاسی خومه‌ینی وه‌ك نوێگه‌ری ته‌ماشا ده‌كرێت. تیۆریه‌كه‌ جارێكی تر پێوه‌ره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی داڕشته‌وه‌ نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌قیده‌ و شه‌ریعه‌ی ئیسلامیی، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای ئیراده‌ و حیكمه‌تی فه‌قیهی فه‌رمانڕه‌وا. ده‌رهاویشته‌ سیاسیه‌كانی ئه‌م تازه‌گه‌ریه‌ تیۆریه‌ گرنگی زۆریان هه‌بوو بۆ دامه‌زراوه‌ دیموكڕاسیه‌كانی ئێران. به‌گوێره‌ی ئه‌م بنه‌مایه‌، ‌تا ئه‌وكاته‌ی دامه‌زراوه‌ گشتیه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌كان ته‌بابن له‌گه‌ڵ ئیراده‌ی ڕابه‌ری باڵا، كۆماری ئیسلامیی دیموكڕاسیانه‌ كارده‌كات، هه‌روه‌ها ڕابه‌ری باڵا ده‌سه‌ڵاتی ئاینیی و ده‌ستوریی هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و دامه‌زراوانه‌ بخانه‌ ژێر كۆنتڕۆڵی خۆیه‌وه‌.

ده‌زگای ئایینی شیعه‌: سودمه‌ندانی سه‌ره‌كی كۆماری ئیسلامی
له‌باره‌ی ژماره‌ی ئه‌ندامانی دامه‌زراوه‌ی ئاینیی له‌ ئێران هیچ ئامارێكی فه‌رمی وورد له‌به‌رده‌ستدا نیه‌، به‌ڵام ژماره‌ی ژنان و پیاوانی سه‌ر به‌و دامه‌زراوه‌یه‌، به‌ خوێندكارانی حه‌وزه‌ عیلمیه‌كان و به‌رپرسانی حكومی و ئیداریه‌وه‌، به‌ ٣٥٠ هه‌زار كه‌س مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت، كه‌ نزیكه‌ی ٣٣٠ هه‌زار كه‌س زیاتره‌ له‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ر به‌ ده‌زگای ئاینیی له‌ پێش شۆڕشدا. ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ گه‌وره‌یه‌ ئاماژه‌یه‌ به‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ له‌ چه‌ندێتی ژماره‌ی ئه‌ندامانی ده‌زگای ئاینیی هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه‌ به‌ گۆڕانكاری له‌ چۆنیه‌تی سروشتی ده‌زگا ئاینییه‌ تازه‌كه‌ی دوای شۆڕش. پیاوانی ئاینیی له‌ سه‌رده‌می ئێرانی پێش شۆڕشدا كاره‌كانیان سنوردار بوو له‌ چوارچێوه‌ی وانه‌ووتنه‌وه‌ له‌ حه‌وزه‌كان و ووتاردان و به‌جێهێنانی په‌رستشه‌ ئاینییه‌كان و بۆنه‌كانی وه‌ك هاوسه‌رگیری و جیابوونه‌وه‌و كاروباری پرسه‌، به‌ڵام له‌ ئێرانی دوای شۆڕشدا جێگه‌ و پێگه‌ی یه‌كجار زۆریان پێدرا له‌ بواری سیاسه‌ت و په‌روه‌رده‌ و ته‌نانه‌ت بواری سه‌ربازیش.
پیاوانی ئاینیی ده‌ستیان گه‌یشت به‌ هه‌موو جومگه‌ ئیداریه‌كانی حكومه‌ت و،ژماره‌یه‌ك پۆستی پله‌باڵا بۆ ده‌زگای ئاینیی ته‌رخان كران. بۆنمونه‌، به‌ گوێره‌ی ده‌ستوری ئێران، ڕابه‌ری باڵا و سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری و شه‌ش له‌ دوانزه‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستوور و وه‌زیری هه‌واڵگری و ته‌واوی هه‌شتا و شه‌ش ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایان (ئه‌و ده‌زگایه‌ی كه‌ فه‌رمانڕه‌وا دیاریده‌كات و چاودێری كاره‌كانی ده‌كات)، هه‌موو ئه‌م پۆستانه‌ بۆ پیاوانی ئاینیی ته‌رخانكراون. زیاد له‌وه‌ش، ڕابه‌ری باڵا نوێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ زانكۆكان و له‌ ناو هێزه‌ ئه‌منیه‌كان (له‌وانه‌ش پۆلیس و هێزه‌ زه‌مینیه‌كان و هێزی ئاسمانی و ده‌ریایی و سوپای گاردی شۆڕشی ئیسلامی) و ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و له‌ چه‌ندین ووڵاتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و ئه‌وروپا، كه‌ ده‌توانین بڵێین ته‌واوی ئه‌م نوێنه‌رانه‌ له‌ پیاوانی ئاینین.
هه‌روه‌ها شۆڕشی ئیسلامیی ڕۆڵێكی گرنگی گێراوه‌ له‌ دامه‌زراندنی تۆڕی نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌رو فراوان بۆ پیاوانی ئاینیی شیعه‌. بۆنمونه‌ له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی ئیسلامی ساڵی ١٩٧٩، ژماره‌یه‌ك گه‌نجی شیعه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له‌ژێر كاریگه‌ری مۆدێلی تازه‌ی شیعه‌گه‌ری خومه‌ینی، چوونه‌ شاره‌‌كانی قوم و مه‌شهه‌د بۆ خوێندنی ئاینیی و ئایدیۆلۆجی ئیسلامیی. نه‌ك ته‌نها له‌و ووڵاتانه‌ی كه‌ دانیشتوانی شیعه‌ی زۆره‌ وه‌ك به‌حره‌ین و كوه‌یت و لوبنان و پاكستان، به‌ڵكو له‌ كیشوه‌ری ئه‌مریكای باكور و ئه‌فریقا و ئه‌وروپاو ئاسیاوه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خوێندكار ڕوویان كرده‌ ئێران. بۆنمونه‌ زانكۆی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌لموسته‌فا له‌ قوم، كه‌ له‌ژێر چاودێری ڕاسته‌وخۆی ڕابه‌ری باڵا عه‌لی خامه‌نیی كارده‌كات، نه‌ك ته‌نها خوێندكارانی بیانی وه‌رده‌گرێت به‌ڵكو له‌ زیاد له‌ شه‌ست ووڵات لقی هه‌یه‌.

رۆڵی مه‌رجه‌عه‌كانی قوم
كۆماری ئیسلامی زۆر هانی شیعه‌كانی ئێران و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ده‌دات بۆ خوێندن له‌ حه‌وزه‌ عیلمیه‌كانی ئێران، كه‌ پڕۆسه‌ی‌ به‌ جیهانیبوونی ده‌زگای ئاینیی شیعه‌یان خێراتر كردووه‌. هه‌روه‌ها كۆماری ئیسلامی نوێگه‌ری له‌ تۆڕی دارایی ده‌سه‌ڵاته‌ ئاینییه‌ شیعیه‌كان كردووه‌. به‌كارهێنانی ئینته‌رنێت له‌لایه‌ن پیاوانی ده‌زگا ئاینییه‌كانه‌وه‌ یارمه‌تیده‌ری مه‌رجه‌عه‌كان بووه‌ له‌ دروستكردنی تۆڕی په‌یوه‌ندی.هه‌ر مه‌جه‌عێك ده‌یان نوێنه‌ری هه‌یه‌ له‌ ته‌واوی جیهانی ئیسلامیی كه‌ باجی ئاینیی له‌ شوێنكه‌وتووانی كۆده‌كه‌نه‌وه‌. له‌وشوێنانه‌ش كه‌ نوێنه‌ریان نیه‌، هه‌ر مه‌رجه‌عێك ده‌توانێ له‌ ڕێگه‌ی پێگه‌ی فه‌رمی خۆی له‌ ئینته‌رنێته‌وه‌ بۆچوونه‌كانی خۆی بڵاو بكاته‌وه‌و هه‌ر له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێتیشه‌وه‌ باج وه‌ربگرێت. بۆیه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی پیاوانی ئاینیی چیتر له‌ سنوری ئێراندا قه‌تیس نه‌ماوه‌، به‌ڵكو به‌ جیهانی بووه‌، هه‌رچه‌نده‌ حكومه‌تی ئێران به‌ توندی كۆنتڕۆڵی تۆڕی دارایی نێوان مه‌رجه‌عه‌كان و شوێنكه‌وتووانیان له‌ده‌ره‌وه‌ی ووڵات ده‌كات. ئه‌گه‌ر مه‌رجه‌عێك بیه‌وێت له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌تان بوونی هه‌بێت، ده‌بێت ئۆفیسی له‌ قوم بێت بۆئه‌وه‌ی ده‌زگاكانی حكومه‌ت بتوانن چاودێری چالاكیه‌ ئابووریه‌كانی بكه‌ن. بۆنمونه‌ ئایه‌توڵلا عه‌لی سیستانی ڕابه‌ری حه‌وزه‌ی‌ نه‌جه‌ف له‌ عێراق، موڵك و ماڵ و دامه‌زراوه‌و نوسینگه‌ی له‌ ئێران هه‌یه‌ كه‌ زۆر زیاتر و به‌هادارترن له‌و موڵك و ماڵه‌ی له‌هه‌ر ووڵاتێكی تر هه‌یه‌تی به‌ عێراقیشه‌وه‌.

هه‌روه‌ها دامه‌زراوه‌ی ئاینیی ڕۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌گێڕێت له‌ ئابووری ئێراندا، به‌تایبه‌ت له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوه‌ خێرخوازیه‌كانه‌وه‌. پیاوانی ئاینیی له‌ژێر فه‌رمانی ڕابه‌ری باڵا، سه‌رپه‌رشتی داهاتی به‌خشینی ئاینیی ووڵات ده‌كه‌ن، كه‌ به‌ ملیاره‌ها دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. دوای شۆڕشی ئێران، زۆرێك له‌ ئایه‌توڵڵاكان ده‌زگای خێرخوازی و قازانج نه‌ویستیان دامه‌زراندووه‌ كه‌ ساڵانه‌ هاوكاری دارایی وه‌رده‌گرن كه‌ له‌ بودجه‌ی ووڵاتدا بۆیان دیاریكراوه‌، سه‌ره‌ڕای هاوكاری دارایی كه‌ له‌ سندوقی تایبه‌تی ڕابه‌ری باڵا وه‌ریده‌گرن. هه‌ندێك له‌م ده‌زگایانه‌ زیاتر خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئیحتیكاری ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر هاورده‌كردن و هه‌نارده‌كردن و بازرگانی پێوه‌كردنی هه‌ندێك به‌رهه‌می دیاریكراو. له‌ نمونه‌ی ئه‌و ده‌زگایانه‌ بریتین له‌‌ زانكۆی ئیمام سادق كه‌ له‌لایه‌ن (ئایه‌توڵا محه‌مه‌د ڕه‌زا مه‌هداوی كانی) سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت؛ ده‌زگای نێوه‌ده‌وڵه‌تی غه‌دیر كه‌ له‌لایه‌ن (ئایه‌توڵڵا ئه‌بوقاسم غه‌زالی) ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی ده‌ستور‌ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت؛په‌یمانگای توێژینه‌وه‌و په‌روه‌رده‌یی ئیمام خومه‌ینی كه‌ له‌لایه‌ن (ئایه‌توڵڵا محه‌مه‌د ته‌قی میسباح) ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێت؛ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ی ئه‌میرولموئمینین ئایه‌توڵڵا ناسر مه‌كاریم شیرازی.
هه‌روه‌ها به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی ڕۆشنبیری كۆماری ئیسلامیی له‌ ده‌ره‌وه‌، حكومه‌ت مه‌شق به‌ پیاوانی ئاینیی ده‌كات و ده‌یاننێرێت بۆ ووڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی بۆ بانگه‌وازی شیعه‌گه‌رایی له‌ ڕێگه‌ی نوسینگه‌ی بانگه‌وازی ئیسلامیی له‌ قوم له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی بانگه‌وازی ئیسلامیی له‌ تاران. به‌گشتی پیاوانی ئاینیی كه‌ شاره‌زایی زمانی بێگانه‌یان هه‌یه‌ موچه‌ی باش له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن سه‌ره‌ڕای ئه‌و داها‌ته‌ی له‌ كۆكردنه‌وه‌ی باجی ئاینیی وه‌ریده‌گرن، كه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ سێیه‌كی ئه‌و باجه‌ی كۆیده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ خۆیانه‌. هه‌روه‌ها پیاوانی ئاینیی چاودێری یانه‌ وه‌رزشیه‌كان و پیشه‌سازی فلیمسازی و بابه‌ته‌كانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و به‌رهه‌مه‌ ڕۆشنبیری و میدیاییه‌كانی وه‌ك كتێب و مۆسیقا و گۆرانی، ده‌كه‌ن. به‌كورتی، ناتوانین كاره‌كانی پیاوانی ئاینی دیاری بكه‌ین چونكه‌ له‌ چه‌نده‌ها چالاكی ئاینیی و نائاینییدا ئاماده‌گیان هه‌یه‌.

میللەت

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …