Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / سلێمانی.. دەستنووسێكی كۆنی قورئان لە پشدەر

سلێمانی.. دەستنووسێكی كۆنی قورئان لە پشدەر

– ئەنادۆڵ
لە گوندێكی ناوچەی پشدەر ( پارێزگای سلێمانی)، دەستنووسێكی كۆنی قورئانی پیرۆز مێژووەكەی بۆ زیاتر لە 500 ساڵ دەگەڕێتەوە و تائێستا لەو گوندەدا پارێزگاری لێكراوە، رۆژانەش ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییان بۆ بینینی ئەو دەستنووسە كۆنەی قورئان لە نزیكەوەدەچنە ئەو گوندە.
خدر عەبدوڵڵا محەمەد دانیشتوی گوندی بێناسە لە ناحیەی هێرۆ (نزیكەی 30 كلیۆمەتر رۆژهەڵاتی پشدەر، پارێزگای سلێمانی) ماوەی چوار ساڵە قورئانە دەستنووسەكەی لای خۆی هەڵگرتووە و پارێزگاری لێدەكات، ئەو لەو بارەیەوە وتی: “ئەم قورئانە دەستنووسە ماوەی چوارساڵە لەلای منە و لە ماڵەكەی خۆم پارێزگاری لێدەكەم، ئەوەی كە بیستبێتم و بەتەمەن و مامۆستایانی ئایینی هاتوون بۆئێرەو باسیان كردووە لە بارەی مێژووی ئەم قورئانەوە، بەتەواوی مێژوییەكی روونی نییە و نازانرێت لەچ ساڵێك دا ئەم قورئانە نوسراوەتەوە،  بەڵام باوكم بۆی گێڕاومەتەوە كە باپیری باوكم تەمەنی 100ساڵی بووە گوتویەتی ئەم قورئانە هەر لەم گوندەدا بووە و مێژویەكی زۆر كۆنی هەیە، بۆیە ئێستا دەتوانین بەپێی قسەی باو باپیرانمان بڵێین ئەم قورئانە زیاتر لە 500 ساڵ لەمەوبەر نووسراوەتەوە”.
خدر عەبدوڵڵا وتیشی: “بەپێی گێڕانەوەكان ئەم قورئانە كەسێك نووسیویەتی بە ناوی (ئیمام داود) كە خەڵكی ئەم گوندە بووە و بە دەستی خۆی قورئانەكەی نووسیوەتەوە بە خەتێكی زۆر جوان و لاپەرەكانی قورئانەكەش جیاوازن لە لاپەڕەی ئێستا و ئەستوورترن، لەگەڵ ئەوەشدا پەڕەكان خراپ نابن و نووسینەكەش كاڵ نابێتەوە و تێك ناچێت، چونكە مادەیەك كراوە بەسەر هەموو ئەو پەڕانەی قورئانەكەدا وەك مۆمیا وایە كە پەرەكان وەك خۆی دەهێڵێتەوە خراپ نابن”.
ئەو ئاماژەی بەوەشكرد، قورئانە دەستنووسەكە ماوەی چوار ساڵە لەماڵەكەی ئەودایە و پێشتر لە ماڵی كەسێكی تر بووە لە گوندەكەدا، دوای گواستنەوەی ماڵەكەی بۆ ناوچەیەكی تر گەیەندراوەتە دەست ئەو، ئەوەش مەرجێكی مانەوەی ئەو قورئانە دەستنووسەیە كە دەبێت لە ناو گوندەكەدا بمێنێتەوە و نەبرێتە دەرەوەی گوندەكە.
قورئانەكە لە سندوقێكی تەختەدا و بەچەند پەڕۆیەك داپۆشراوە، ئەو مادەیەش كە لەپەڕەی قورئانەكە دراوە پەڕەكانی رەق كردووەو وەك خۆی هێشتویەتیەوە، ئەو قورئانەش بە (كتێبەكەی بێناسە) ناسراوە.
خدر عەبدوڵڵا باس لەوەش دەكات كە ئەو قورئانە لە كۆنەوە تاوەكو ئێستا لە هەر شوێنێك بوبێت و پێتشریش كە لە مزگەوت بووە ئەو شوێنانە وەك داگا وابووە، خەڵكانێكی زۆر لە گوندەكانی دەورووبەر و شاری قەڵادزێ‌ و رانیە و زۆرشوێنی تریش كە كێشەییەكیان هەبوبێت بۆ یەكلایكردنەوەی هاتوون بەم قورئانە سوێند دراون، ئەوەش كە بووەتە جێگای سەرنج و تێڕامان ئەوەیە كە هەركەسێك لە مێژەوە تا ئێستاش سوێندی درۆی بەم قورئانە خواردبێت لەماوەی یەك هەفتەدا مردووە، هەربۆیە تا ئێستا رۆژانە خەڵكی دێنە ماڵی ئێمە و بۆ چارەسەری كار و كێشەكەیان سوێند دەخۆن.
ئەو نموونەیەكی هێنایەوەو وتی: “هاووڵاتیەكی گوندێكی نزیك لە بێناسە دزی لە خاوەن ماڵەكەی كردبوو، ئەویش كە گومانی لێی دەبێت دەیهێنێت لە بێناسە بەم قورئانە سوێندی دەدات ،ئەویش سوێند دەخوات كە ئەو دزی نەكردووە، بەڵام دوای یەك هەفتە نەخۆش كەوتو مرد، هەروەها هاووڵاتییەكیش قورئانەكەی بەدەستەوە بووە سوێندی ناهەقی خواردووە لەگەڵ سوێند خواردنەكەی خوێن بە هەردوو چاوی دێتە خوارەوە و خوێن دەرژێتە سەر قورئانەكە”.
عەبدولڕەحمان ئیسماعیل گەنجێكی دانیشتوی گوندی بێناسە و لە بارەی قورئانەكەوە وتی: ” ئەم قورئانە مێژووی تەواو رون نییە، بەڵام بە پێی گێڕانەوەكان و باسكردن و سەیركردنی قورئانەكە، مێژوویەكی كۆنی هەیە، باس لەوە دەكرێت كە ئیمام داود لەم گوندە ژیاوە و كەسێكی دینی و خوێندەوار وپیاوچاك و روو لە خوا بووە، ئەو قورئانەش كە نووسراوە بەدەستی خۆی نوسیویەتییەوە”.
ئەو وتی: “ئەو قورئانە تاوەكو ساڵی 1991 لە مزگەوتی بێناسە بووە و خەڵكی هاتوون لەو مزگەوتە سوێندیان پێ خواردووە، دوای وێرانكردنی گوندەگان و دووبارە ئاوەدان كردنەوەیان لەلایەن خەڵكی گوندەكانەوە، چەندینجار هەوڵی دزینی ئەو قورئانە دراوە، چەندین كەسیش هاتوون لە شارە جیاجیاكانەوە داوای كڕینی ئەم قورئانەیان كردووە كە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار دراوە بە م قورئانە، بەڵام لە لایەن هاووڵاتییانی ئەم گوندەوە رەتكراوەتەوە لەلای خۆیان هێشتویانەتەوە”.


Share :

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About didar othman

Check Also

92792018_kak-naw

هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا، بڵاو دەکاتەوە

هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا، بڵاو دەکاتەوە سایتی (سبەی) بۆ یەکەمجار هۆنراوەیەکی بڵاونەکراوەی نەوشیروان مستەفا ئەمین …