Home / بەشی مێژووی كورد / ئەو ئافرەتەی كوردستانی دابەشكرد نەك سایكس پیكۆ

ئەو ئافرەتەی كوردستانی دابەشكرد نەك سایكس پیكۆ

ئەو ئافرەتەی كوردستانی دابەشكرد نەك سایكس پیكۆ .

gartrudbel-250x250

كورد تەنیا سایكس- پیكۆ بە دابەشكەری كوردستان دەزانن ، بەڵام ئەوان دوو دیپڵۆمات بوون كە كاریان جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی حكوومەتەكانیان بوو ، دەوترێت كورد رووداوە مێژووییەكان لە بیر دەكەن و بگرە لە مێژوویشیان شارەزا نین تا بتوانن داهاتووی لەسەر بنیات بنێن .
دابەشكەری خاكی كوردستان ئافرەتێكی كاریگەر لەسەر ئیمپریالیزمی بەریتانی بووە بەناوی ” گەرترود بێڵ ” كە ئافرەتێكی فرە پیشە بووە وەك نووسەر و گەشتیار و ئەفسەری رامیاری و بەڕێوەبەر و ئاركیۆلۆجیست و سیخوور خزمەتی بە دەسەڵاتی شاهانەی بریتانیا كردووە .
گەرترود بێڵ لە ١٤/٧/١٨٦٨ لە دایك بووە و لە ١٢/٧/١٩٢٦ كۆچی دوایی كردووە. هاوسەفەری لۆرێنسی عەرەبی بووە و بەهۆی شارەزایی و پێوەندیە فراوانەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست كاریگەری زۆری لەسەر نەخشەسازی سیاسیی هەبووە و داڕێژەری هەردوو شانشینی هاشمی لە عێراق و ئوردنە .
لە ١١/١٠/١٩٢٠ پێرسی كۆكس لە گەڕانەوەیدا بۆ بەغدا، گەرترود بێڵ كرد بە سكرتێری رۆژهەڵات بۆ كاروباری وڵاتانی عەرەبی و رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان هەروولا دەبینی، گەرترود بێڵ لەو نێوەندەدا دەستی بە ناوبژیوانی سونە و شیعە و كورد كرد -كە داوای ئۆتۆنۆمیان دەكرد- لە سنووری عێراقی ئێستا، بەڵام بێل ئەو گرووپانەی بە یەكەوە هێشتەوە بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان عێراقییەكان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەنبدیەكانی ئیمپریالی بەریتانی .
بە گوێرەی پێشنیازەكانی بێڵ دابەشكردنی كوردستان لە پێناو نەوتدا بووە بۆ ئەوەی كورد لە عێراق بەكار بێنێت بۆ ئەوەی خاكی عێراقی نوێ لە توركیا و سووریا و ئێران بپارێزێت ، لەو رێگەیەوە ویستی ناسنامەیەكی نوێ بەو خەڵكە ببەخشێت كە دەكەونە سنووری عێراقەوە و هەموو پێكهاتەكان بە یەك نەتەوە بناسرێن ، نەتەوەی عێراقی، لە كۆنگرەی قاهیرەی ساڵی ١٩٢١ پێشنیازی كرد كە فەیسەڵ بن حوسێنی هاشمی هاوپەیمانی بەریتانییەكان بێنن و بیكەن بە شای عێراق و سونە و شیعە و كورد بخاتە ژێر دەستەڵاتی تاجی هاشمی.
رۆی ستیوارت ئەندام پەرلەمان ، ئەكادیمی و نووسەر و دیپلۆمات رەخنە لە سیاسەتەكانی بێڵ دەگیرێت بەوەی كە نەدەبوو هەرگیز ویلایەتی كوردی مووسڵی لكاندبا بە عێراقی نوێوە .
ستانلی وەیس دەڵێت ” یەك هۆ كوردستانی كرد بە عێراق ئەویش (نەوت) بوو ، سەرەڕای جیاوازی ئیتنیكی لە عەرەب، بەریتانیا كوردی خزاندە ناو عێراق ”
هەروەها وەیس پشتیوانی لە سەربەخۆبوونی كوردان دەكات و وشەیەكی بێڵ دەهێنێتەوە كە لە ١١ی سێبتێمبەری ساڵی ١٩٢١ رێك ٨٠ ساڵ بەر لە رووداوی دوو تاوەرەكەی ئەمەریكا نوسراوە و لە وەسفی رووباری دیجلەدا لە بەغدا لە نامەیەكیدا دەنووسێت ” رووبارەكە رێچكەی خۆی گرتووە “. وەیس ئەو رستەیەی بێڵ بۆ وەسفی ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لە عێراق هاتووەتە پێش بەكار دێنێت و پێی وایە بە سەربەخۆبوونی كوردان رێچكەی خۆی گرتووە رووبارەكە بە رێچكەیەدا دەروات كە دەبووایە ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر پێیدا رۆیشتبا .

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

215091752015_11

شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان

   شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان شوێنەوارەكانی سەردەمی فەرمانڕەوایی میرنشینی بابان لەبەردەم هەڕەشەی داڕوخانو لەناوچووندان! …