Home / مێژووى جیهان / زانیاریەکانی جەنگی یەکەمی جیهان

زانیاریەکانی جەنگی یەکەمی جیهان

 زانیاریەکانی جەنگی یەکەمی جیهان

1461003553343

جەنگی جیھانی یەکەم، ئەو شەڕە بوو کە لە ئەوروپا دەستی پێکرد و پاشان ناوچەکانی تری جیھانی گرتەوە لە نێوان ساڵانی ١٩١٤ و ١٩١٨دا، شەڕکە دەستی پێکرد کاتێک ئیمپڕاتۆڕی نەمسا-مەجەڕ شانشینی سربیای گرت لە دەرئەنجامی کوژرانی شازادەی نەمسا و ھاوسەرەکەی لەلایەن خوێندکارێکی سڕبیەوە لەکاتی سەردانیاندا بۆ سەراییڤۆ.

ڕووسیا ھەستا بە کۆکردنەوەی ھێزەکانی یەک ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی شەڕی نەمسا لەسەر سربیا، ئاڵمانیا ھێزی کۆکردەوە لە ٣٠ی تەمموز و فەرەنساھێزەکانی کۆکردەوە لە ٣٠ی ئاب، ئاڵمانیا لە ھەمان ڕۆژدا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا دوای ئەوەی بینی ڕووسیا وەڵامی داوای ئاڵمانیا ناداتەوە بە ڕاگرتنی کۆکردنەوەی سوپا، پاشان شەڕی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا، و بەلجیکای گرت کە ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد بێتە ناو شەڕەکەوە، وڵاتەکانیئەوروپا لە پێش شەڕ لە دوو سەربازگە پێک ھاتبوو، یەکەمیان یەکێتی سییانی بوو لە نێوان ڕووسیا و فەرەنسا و شانشینی یەکگرتوو، و دووەمیان ھاوپەیمانی سییانی بوو لە نێوان ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەڕ و ئاڵمانیا و ئیتاڵیا.

بۆ یەکەم جار چەکی کیمیایی لە شەڕی جیھانی یەکەمدا بەکار ھات ھەروەھا بۆ یەکەم جار خەڵکی مەدەنی لە ئاسمانەوە بۆردومان کران لە میژوودا.

شەرەکە قوربانی گیانی وای بە خۆیەوە بینی کە پێشتر مێژوو نەیبنیبوو، بنەماڵە فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدارەکانی ئەوروپا ڕووخان کە دامەزراندیان ئەگەڕایەوە بۆ ھەڵمەتە خاچپەرستیەکان، و نەخشەی سیاسی ئەوروپا گۆڕانکاری بەسەردا ھات.

شەڕی جیھانی یەکەم بە کۆکێک ھەژمار ئەکرێت بۆ بزوتنەوە ئایدۆلۆژیەکانی وەک شوعیەت و ململانێکانی دواتر وەک شەڕی جیھانی دووەم، و تەنانەتشەڕی سارد.

شەڕەکە سەرەتایەکی نوێی بۆ جیھانی نوێ پێک ھێنا و کۆتایی ئەرستۆقراتی و شانشینە ئەوروپیەکان بوو، ھەروەھا سەرەتایەک بوو بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەر (بەلشەفی) لە ڕووسیا کە ئەمیش بە ڕۆڵی خۆی سیایەتی گۆڕی لە چین و کووبادا و ھەروەھا ڕێگەی شەڕی ساردی کردەوە لە نێوان ھەردوو زلھێز وڵاتە یەکگرتووەکان و یەکێتی سۆڤێتدا، و ھەڵکشانی نازیەکان دەرکەوت لە شکاندنی ئاڵمانیا لە شەڕەکەدا و چەندین کێشەی ھەڵپەساردراوی ھێشتووە لە دوای شەڕەکە، و شەڕ و جەنگەکان شێوەیەکی نوێیان وەرگرت بە ھاتنە ناوەوەی تەکنەلۆژیا بە شێوەیەکی گەورە و تێوەگلانی ھەندێک لایەن کە توانای شەری نەبوو وەک خەڵکە مەدنیەکان، کاتێک پێشتر شەڕ لە گۆڕەپانەکانی جەنگا ڕوویان ئەدا دوور لە شارەکان، لەم شەڕەدا شارەکان بە دانیشتوانە زۆرەکەیانەوە بوونە گۆڕەپانی شەڕ و ئەمەش بوو بە ھۆی کەوتنەوەی ملیۆنان قوربانی.

ڕووسیا بەڵێنی بەرگری کردنی دا لە سربیا، و ھەستا بە جوڵاندنی ھێزەکانی لە ئەنجامی فشاری ژەنەڕاڵە ڕووسیەکان، و ئاڵمانیا داوای لە ڕووسیا کرد کە ھێزەکانی نەجوڵێنێت و ھێزەکانی لابات لە حاڵەتی ئامادەباشی، و کاتێک ڕووسیا وەڵامی داواکەی ئاڵمانیای نەدایەوە ئاڵمانیا شەڕی ڕاگەیاند بەسەر ڕووسیادا لە ١ی ئابی ١٩١٤ و پاشان شەڕی راگەیاند لە دژی فەرەنسا لە ٣ی ئاب.

ھۆکارەکان

ئەوروپا سالی ١٩١٤

ڕکەبەری ئیستیعماری

پێشکەوتنی شۆڕشی پیشەسازی بوو بە ھۆی بەرەوپێشچوونێکی گەورەی ناکۆکی ئیستیعماری لە نێوان دەوڵەتە ئیستیعماریەکانی ئەوروپادا، لە پێناو سەرفکردنی شتومەک و بەدەستھێنانی کەرەستە سەرەتاییەکان و بەکارخستنی سەرمایە کە یەکێک بوو لە کێشەکانی ئەوروپا و پیاوە سیاسەکان چارەسەرێکیان بۆ نەئەکرا تەنھا لە ڕێگەی دەستبەسەراگرتنە ئیستعماریەکانەوە نەبێت کە ئەمەش بووە ھۆی ناکۆکی لە نێوان خودی ھێزە ئیستیعماریەکان خۆیاندا.

ھەروەھا ناکۆکی دەرکەوت لەسەر دەستگرتن بەسەر دەریاکاندا بە تایبەت لە نێوان بەریتانیا کە خۆی بە گەورەی دەریاکان دادەنا و ئاڵمانیای یەکگرتوو کە کەشتیگەلەکانی زۆر بە خێرایی پێش خست، ھەروەھا توندوتیژی زیادی کرد لە نیوان فەرەنسا و ئاڵمانیا لەسەر ناوچەکانی ئەلزاس و لۆرین دوای ئەوەی ئاڵمانیا دەستی بەسەردا گرتن دوای شەڕی ساڵی ١٨٧٠ و ھەروەھا ئەو دوو دەوڵەتە ڕێنەئەکەوتن لەسەر داگیرکردنی مەغریب، و ناکۆکیان لەسەر ئەو وڵاتە (مەغریب) دوو ئەزمەی بە خۆیەوە بینی، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٠٥ و ١٩٠٦ دابوو و ئاڵمانیا تیایدا دەستگرتنی بە بەرژەوەندیە ئابووریەکانیەوە دەرئەبڕی و ئەزمەی دووەم ساڵی ١٩١١ لە ئەنجامی چوونە ناوەوەی ھێزە ئەڵمانیەکان بۆ ئەغادیر و ھەڕەشەی فەرەنسا لە بەکارھێنانی ھێزدا ڕوویدا و ئەمەش بوو بە ھۆی وازھێنانی فەرەنسا لە بەشێکی کۆنگۆ بۆ ئاڵمانیا لە بەرامبەر ئەوەی دەست بگرێت بەسەر مەغریبدا.

ھاوپەیمانیەکان

ڕکەبەری توندی نێوان ھێزە ئەوروپیەکان لە پێناو فراوانکردنی بوارە ئیستیعماریەکانیاندا بەستنی چەند ڕێکەوتننامەیەکی نھێنی و ھاو پەیمانی سەربازی لێکەوتەوە، ھەریەک لە فەڕنسا و ئینگلتەرا بە پێی ڕیکەوتنی ودی ساڵی ١٩٠٤ بوون بە ھاوپەیمان، و ھاوپەیمانی سییانی لە نێوان ھەریەک لە ئاڵمانیا و ئیتاڵیا لەگەڵ ئیمپڕاتۆڕی نەمسا و مەجەڕ دامەزرا، کە ئەمەش ھاوپەیمانیەکی ناجێگیر بوو خێرا ئیتاڵیا لێی چووە دەرەوە ودەوڵەتی عوسمانی جێگەی گرتەوە دوای ئەوەی بوو بە ھاوپەیمان لەگەڵ ئاڵمانیا.

و ئەم ھاوپەیمانیانە بوون بە ھۆی پێشبڕکێ لە چەکداریدا بە تایبەت لە درێژکردنەوەی ماوەی خزمەتی سەربازی و زیادبوونی ژمارەی ھێزە سەربازیەکان لە ھەریەک لە ئاڵمانیا و فەرەنسا و ڕووسیا.

پێشبڕکێی چەکداری

ئاستی پێشبڕکێ لەسەر چەکداربوون زیادی کرد لە نێوان ھێزە ئەوروپیەکاندا و ئاڵمانیا ھەوڵی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆرێکی ئیستیعماری دا لە خاکەکانی ئەو دیو دەریاکان و قەبارەی کەشتیگەلەکانی زیادی کرد و ئەمەش وای لە بەریتانیا کرد کە ھەستێت بە دەرکردنی کەشتیگەلی جەنگی “HMS Dreadnought” لە ساڵی ١٩٠٦ ئەو کەشتیەی ھەموو کەشتیەکانی پێش خۆی ھەڵوەشاندەوە، و بەریتانیا و ئاڵمانیا بە تایبەت ھەوڵی پێشخستنی کەشتیگەلەکانیان ئەدا.

و ئەم خشتەیەی خوارەوە خەرجکردنەکانی ھێزە گەورەکان دەردەخات لەسەر سوپا و دەریاکاندا بە مارکی ئەڵمانی ١٩١٣ز.

دەوڵەت دانیشتوان (بە ملیۆن) خەرجیەکانی سوپا
(ملیۆن مارک)
خەرجیەکانی چەکە دەریاییەکان
(ملیۆن مارک)
کۆ
(ملیۆن مارک)
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ٦٧،٥ ١٠٠٩ ٤٦٧ ١٤٧٦
ئیمپڕتۆری نەمسا-مەجەڕ ٥٢،٧ ٤٩٦ ١٥٥ ٦٥١
ئیتالیا ٣٥،١ ٣٣٢ ٢٠٥ ٥٣٧
ئیمپڕاتۆری ڕووسی ١٥٧،٨ ١٢٥٤ ٤٩٨ ١٧٥٢
فەرەنسا ٣٩،٧ ٧٦٦ ٤١٢ ١١٧٨
شانشینی یەکگرتوو ٤٦ ٥٧٦ ٩٤٥ ١٥٢١
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٩٦،٨ ٤٢٢ ٥٩٥ ١٠١٧
ئیمپڕاتۆری ژاپۆنی ٥٤،٣ ٢٠٧ ٢٠٣ ٤١٠

ڕووداوی سەراییڤۆ

فرانز فردیناند، میراتگری شانشینی نەمسا

لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٤، میراتگری تەختی پاشایەتی نەمسا (فرانز فردیناند) و ھاوسەرەکەی تیرۆرکران لە کاتی سەردانێکیاندا بۆ سەراییڤۆ لە ناوچەی بۆسنە و ھەرسک لەسەر دەستی خوێندکارێکی سڕبی (جافریلۆ پرنسیب) کە ئەم ڕووداوە بوو بە ھۆی گڕسەندنی ناڕەزایی نەمسا بەسەر سڕبدا و وئاگری شەری جیھانی یەکەمی ھەڵگیرساند.

شەڕ

شەڕی ساڵی ١٩١٤

لە دوای ڕووداوەکەی سەراییڤۆ و کوژرانی میراتگری تەختی پاشایەتی نەمسا (فرانز فردیناند) حکومەتی نەمسا پەیامێکی ١٠ خاڵی نارد بۆ حکومەتی سربیا وەک ھەڕەشەیەک و سڕب ھەموو مەرجەکانی قبوڵ کرد بێجگە لە یەک مەرجیان.

مانگێک دوای ئەو ئەزمەیە نەمسا شەڕی ڕاگەیاند بەسەر سربیادا لە ٢٨ی تەمموزی ١٩١٤، و بەمەش ئامێری ھاوپەیمانە ئەوروپیەکان کەوتە گەڕ و کاتێک ڕووسیاھێزەکانی کۆکردەوە لە دژی نەمسا-ھەنگاریا، ئاڵمانیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا لە ١ی ئاب، ھەروەھا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی فەرەنسا لە ٣ی ئاب، و دەستی گرت بە غەزووی خاکەکانی فەرەنسا لە ڕێگەی بڕینی بەلجیکاوە، ئەو ئیشەی کە وای لە بەریتانیا کرد شەڕ بەسەر ئاڵمانیادا ڕابگەیەنێت، لە ٤ی ئاب بە ھۆی پێشێلکردنی بێلایەنی بەلجیکا ھەروەھا ئیمپڕتۆری نەمسا و مەجەڕ شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ڕووسیا.

و ئیتاڵیا ماوەیەک بە بێ لایەن مایەوە، نەیئەویست لەگەڵ ھیچ لایەکیان بوەستێت تا ڕاستی ھەڵوێستەکە ڕوون ئەبێتەوە، ھەروەک وڵاتە یەکگرتووەکان دابڕابوو لەودیو دەریاکانەوە، بەڵام دەوڵەتی عوسمانی کە دوژمنایەتیەکی مێژوویی لەگەڵ ڕووسیادا ھەبوو، و پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئاڵمانیا لە گەشەسەندندا بوو، نەچووە شەڕەوە تا ٢٩ی تشرینی یەکەم تاکو کەشتیگەلەکانی ھەستان بە بۆردومانکردنی بەندەرە ڕوسیەکان لەسەر دەریای ڕەش.

ڕیزبەندی کاتیەکانی شەڕ
بەروار ئەو دەوڵەتی شەڕ ڕادەگەیەنێت ئەو دەوڵەتەی شەڕی بەسەردا ڕاگەیەنراوە
٢٨ تەمموز ١٩١٤ نەمسا-مەجەڕ سربیا
١ ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا ڕووسیا
٣ ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا فەرەنسا
٣ ئابی ١٩١٤ ئەڵمانیا بەلجیکا
٤ ئابی ١٩١٤ بەریتانیا ئەڵمانیا
٥ ئابی ١٩١٤ مۆنتینیگرۆ نەمسا-مەجەڕ
٦ ئابی ١٩١٤ نەمسا-مەجەڕ ڕووسیا
٦ ئابی ١٩١٤ سربیا ئەڵمانیا
٦ ئابی ١٩١٤ مۆنتینیگرۆ ئەڵمانیا
١٢ ئابی ١٩١٤ فەرەنسا وبەریتانیا نەمسا-مەجەڕ
١٥ ئابی ١٩١٤ یابان ئەڵمانیا
٢ تشرینی دووەمی ١٩١٤ ڕووسیا دەوڵەتی عوسمانی
٥ تشرینی دووەمی ١٩١٤ فەرەنسا وبەریتانیا دەوڵەتی عوسمانی
٢٣ ئایاری ١٩١٥ ئیتالیا نەمسا-مەجەڕ
١٤ تشرینی یەکەمی ١٩١٥ بولگاریا سربیا
٩ ئازاری ١٩١٦ ئەڵمانیا پورتوگال
٢٧ ئابی ١٩١٦ رۆمانیا نەمسا-مەجەڕ
٢٨ ئابی ١٩١٦ ئیتالیا ئەڵمانیا
٦ نیسانی ١٩١٧ وڵاتە یەکگرتووەکان ئەڵمانیا
٧ نیسانی ١٩١٧ پەنەما وکوبا ئەڵمانیا
٢٧ حوزەیرانی ١٩١٧ یۆنان ئەڵمانیا
٢٢ تەمموزی ١٩١٧ سیام ئەڵمانیا
٤ ئابی ١٩١٧ لیبیریا ئەڵمانیا
١٤ ئابی ١٩١٧ چین ئەڵمانیا
٢٦ تشرینی یەکەمی ١٩١٧ بەڕازیل ئەڵمانیا
٧ تشرینی دووەمی ١٩١٧ وڵاتە یەکگرتووەکان نەمسا-مەجەڕ
١١ کانونی یەکەمی ١٩١٨ کۆتایی شەڕ

دەقی ڕاگەیاندنی شەڕی ئاڵمانیا لەسەرڕووسیا

دوای ئەوەی فەرەنسا چووە شەڕەکەوە ئاڵمانیا دەستی کرد بە جێبەجێکردنی پلانەکەی بۆ غەزووی فەرەنسا کە پێش نۆ ساڵ داینابوو و پلانی شلیفنی ئەڵمانی بۆ ھێرشەکردنە سەر فەرەنسا بە خاکەکانی بەلجیکادا ئەڕۆیشت بۆ دەستگرتن بەسەر فەرەنسادا بە شێوەیەکی خێرا، لە ١٦ی ئابدا ھێزە ئەڵمانیەکان خاکەکانی بەلجیکای بێ لایەنیان گرت تا لەوێوە بڕوات بۆ خاکە فەڕەنسیەکان ھەتا ڕووباری مارن لە ڕۆژھەڵاتی پاریس کە سوپای فەرەنسا کۆبووبوونەوە بۆ شەڕ، و شەڕی مارنی یەکەم دەستی پێکرد لە ٦ی ئەیلولدا لە دووری ٥٥ میل لە پاریسەوە، دوای ئەوەی ھێزەکانی ئاڵمانیا شکستی ھێنا لە پێشکەوتن بەرەو پاریس، و یەکەی ھێزە ئەڵمانیەکان دەستیان کرد بە ھەڵکەندنی خەندەق ولەو کاتەوە شەرەکە بوو بە شەری خەندەق، و بەریتانیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئاڵمانیا لەبەرئەوەی بێلایەنی بەلجیکای پێشێلکرد.

لە بەرەی ڕۆژئاواوە، ڕووسیا سەرگەرم بوونی ھێزەکانی ئاڵمانیای بە فەرەنساوە قۆستەوە، دوو سوپای نارد تا بچنە خاکەکانی ئاڵمانیاوە لە ڕۆژھەڵاتی بڕووسیا تا دەوری ھێزە ئەڵمانیەکان بدەن لە ڕووسیای ڕۆژھەڵات، ئەمەش ئاڵمانیای ناچارکرد تا سێ یەکی ھێزەکانی لە فەرەنسا بکێشێتەوە، و گەمارۆی ھێزە ڕوسیەکان بدات لە شەڕی تاننبرگ لە ٣١ی ئابدا.

دوای ھەڵگیرسانی شەڕ لە ئەوروپادا، جەنگەکان درێژەیان کێشا بۆ زیادکردنی موستەعمەرە ئەڵمانیەکان لەودیو دەریاکانەوە، و ژاپۆن شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئاڵمانیا لە کۆتاییەکانی ئابی ١٩١٤ و ئەڵمانی کردە دەرەروە لە چەند دوورگەیەکی ئوقیانووسی پاسیفیک، و ھێزە ئوستڕالی و نیوزلەندیەکان دەستیان گرت بەسەر موستەعمەرە ئەڵمانیەکان لە ئۆقیانووسی پاسیفیک.

لە بەلقان سوپای نەمساوی مەجەری ڕووباری درینای بڕی و ھێرشی کردە سەر خاکەکانی سربیا بەڵام تێکشکێنرا لەلایەن ھێزە سڕبیەکانەوە، لە کۆتایی تشرینی یەکەمی ١٩١٤ ئیمپڕاتۆری عوسمانی چووە شەڕەکەوە لە ڕیزی ئاڵمانیا و لە دژی ڕووسیا و کەشتیە تورکیەکان بەندەرە روسیەکانیان لە دەریای ڕەش بۆردوومان کرد، پاشان ھێزە تورکیەکان غەزووی ڕووسیایان کرد، و لە تشرینی دووەمدا ھاوپەیمانان شەڕیان ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی و ھەستان بە ھەڵمەتێکی سەربازی گەورە لەسەر نیمچەدوورگەی گالیبۆلیبە بە ئامانجی دامەزراندنی ڕێڕەوێک لە نێوان دەریای ناوەڕاست و دەریای ڕەشدا ، و دەستگرتن بەسەر قوستەنتینیە.

ئیتالیا لە دەرەوەی شەرەکە مایەوە بە درێژایی ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ ئەوەی ئەندام بوو لە ھاوپەیمانی سییانی لەگەڵ نەمسا – مەجەر و ئاڵمانیا، ووتی پابەند نیە بە چوونە شەڕەوە لەبەرئەوەی نەمسا – مەجەڕ نەچۆتە شەڕی بەرگریەوە.

شەڕی ساڵی ١٩١٥

هێزەکانی ڕووس لە بەرەی جەنگدا، ١٩١٥

ئاڵمان توانی سەرکەوتنێکی زۆرتر بەدەست بھێنێت بەسەر ھاوپەیمانەکاندا لە ساڵی ١٩١٥دا، ڕووسی شکاند لە شەڕی (جورلیس تارناو) لە ئایاری ١٩١٥، پۆڵەنداو زۆربەی شارەکانی لیتوانیای گرت، ھەوڵی بڕینی ھێڵەکانی پەیوەندی دا لە نێوان سوپاکانی ڕووسیا و بنکەکانیاندا تا دەست بەسەریاندا بگرێت، لەگەڵ ئەوەی ڕووس چەند سەرکەوتنێکی کەمی بەدەست ھێنا بەسەر ئەڵماندا، ٣٢٥،٠٠٠ دیلی ڕووسی گیران لە پاش ئەوە ڕووسیا نەیتوانی ھێزەکانی بگێڕێتەوە.

و سەرکەوتنی ئەڵمان بەسەر ڕووسیادا بوو بە ھۆی ملکەچکردنی بەلقان، و ھێزە نەمساوی و ئەڵمانیەکان لە ڕووباری دانووبەوە ڕۆیشتن بۆ کوشتاری سڕب، و تێکشکانێکی گەورەیان پێگەیاندن.

ھەر لە ھەمان ساڵدا ئاڵمانیا توانی چەند سەرکەوتنێکی باشی تر لە چەند لایەکەوە بە دەست بھێنێت، لە کاتێکدا سەربازگە ئەڵمانیەکان بە جێگیری ڕائەوەستان لە بەردەم ھێرشەکانی فەرەنسا و بەریتانیا، لە ھەمانکاتدا ناڕەزایی دروستبوو لە کەمبوونەوەی زەخیرەی سوپای بەریتانی و داوای پێکھێنانی وەزارەتی ئیئتلافیان لێکرد، ھەروەھا چەند گۆڕانکاریەک لە سەرکردە سەربازیەکانی ڕووسدا ڕوویدا.

لە ٢٣ی ئایاری ١٩١٥ ئیتاڵیا شەڕی ڕاگەیاند لە دژی ئیمپڕاتۆری نەمسا و مەجەر، دوای ئەوەی ھاوپەیمانەکان بەڵێنی ھەندێک خاکەکانیان پێدا ئەگەر سەرکەوێت بەەسەر وڵاتەکانی ئەو لایەدا.

شەڕی ساڵی ١٩١٦

هێزی وشکانی ڕووسیا

ئەم ساڵە بە دوو داستانی گەورە جیادەکرێتەوە کە لەسەر خاکەکانی فەرەنسا بەرپابوون یەکەمیان حەوت مانگ درێژەی کێشا و دووەمیان چوار مانگ، ئەوانیش داستانەکانی فدان و سووم بوون، لە شەڕی یەکەمیاندا زیانەکانی ئاڵمانیا بە ٢٤٠ ھەزار کوژراو بریندار مەزەندەکرا و زیانی فەڕەنسیەکان ٢٧٥ ھەزاربوو.

بەڵام لە شەری سومدا ھاوپەیمانان توانیان ئاڵمان ناچاربکەن ١٠٠ میلی چوارگۆشە بگەڕێتەوە، و ئەم شەڕە دەستی گرت بەسەر سوپای ئەڵمانی کۆندا، و پاشان پشت ئەبەسترا بە سەربازە کەم تەمەنەکان، و سوپای بەریتانی لەم شەڕەدا شەست ھەزار بریندار و کوژراوی لێکەوتەوە لە یەکەم ڕۆژدا.

لەم شەڕانەدا بۆ یەکەمجار زرێپۆش دەرکەوت لە گۆڕەپانەکانی جەنگدا، ولەم ساڵەدا ڕووس بە سەرکردایەتی ژێنراڵ بۆسیلۆف توانی ھەڵمەت بباتە سەر نەمسا، ٤٥٠ ھەزار دیلی لە ھێزە مەجەڕی و نەمساوییەکان گرت، و ئەم سەرکەوتنە ڕۆمانیای ھان دا تا شەڕ ڕابگەیەنێت بەسەر نەمسا و مەجەڕ، و ئاڵمانیا وەڵامی دایەوە بە ڕاگەیاندنی شەڕ بەسەریدا، و ئەڵمان لە شەش ھەفتەدا ڕۆمانییەکان شکاندا و چووە ناو بوخارستەوە.

شۆڕشی عەرەبی گەورە (١٩١٦)

هێزەکانی ڕووسیا لە چاوەڕوانی هێرشی ئاڵمانیادا

عەرەب بەیەکگەیشتن لە دەوری شەریف حسەین کوڕی عەلی، شەریفی مەککە و پارێزەری وڵاتە پیرۆزە ئیسلامیەکان، کە ساردی کەوتبووە نێوانیان لەگەڵ خەلافەتی عوسمانی، و بەریتانیا ئەیویست عەرەب ڕابکێشێت بەلای خۆیدا بۆ ئەو مەبەستە چووە وتووێژی نھێنییەوە لگەڵ شەریف حسەین، و نامە گۆڕایەوە لە نێوان شەریف حسەین وەک نوێنەری عەرەب و سیر ھێنری مکماھون مەندوبی بەریتانیا لە میسر و سوودان ، و لەو نامانەدا ئەوە روون کراوەتەوە کە مەرجی عەرەب بۆ وەستان لەگەڵ بەریتانیا سەربەخۆبوونی دەوڵەتە عەرەبیەکانی سەر کەنارەکانی ڕۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستە و ھەروەھا دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی گەورەیە کە ھەموو نیشتیمانی عەرەبی بگرێتەوە بێجگە لە میسر و باکووری ئەفریقا و لەگەڵ ئەوەی جیاوازبیان ھەبوو لەگەڵ مکماھون لەسەر سنوری دەوڵەتە عەرەبیە بەڵێنپێدراوەکە، عەرەب چوونە شەڕەوە لە ڕیزی بەریتانیادا.

شۆڕشی عەرەبی گەورە دەستی پێکرد لە ١٠ی حوزەیرانی ١٩١٦ بە ڕاگەیاندنی شەریف حسەین بە جیھادی پیرۆز و شۆڕش بەسەر عوسمانییەکاندا بە ھاوکاری ئەفسەری زانیاریدانی بەریتانی (تۆماس ئیدوار لۆرەنس)، و کوڕەکانی توانیان دەست بگرن بەسەر حیجازدا بە یارمەتی ئینگلیز و فەیسەڵی کوڕی پێشکەوت بەرەو شامو بە یارمەتی ئینگلیز گەیشتە دیمەشق کاتێک عوسمانییەکان لێی ڕۆیشتنە دەرەوە، دامەزراندنی دەوڵەتێکی عەرەبی سەر بە باوکی ڕاگەیاند کە باوکی خۆی وەک پاشای عەرەب ڕاگەیاندبوو لەگەڵ ئەوەی ھاوپەیمانان دانیان بە پاشایەتی ئەودا نەنابوو تەنھا وەک پاشای حیجاز و ڕۆژھەڵاتی ئوردن نەبێت.

لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی بەریتانیا بە عەرەبی دابوو دەستی کرد بە وتوێژ و ڕێکەوتنی نھێنی لەگەڵ فەرەنسا و ڕووسیا، کە دابەشکردنی موڵکی دەوڵەتی عوسمانی لە خۆ ئەگرت بە دەوڵەت عەرەبیەکانەوە، پاشان بەریتانیا و فەرەنسا جیابوونەوە لە ڕێکەوتنێکی نھێنیدا کە ناسراوە بە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ ساڵی ١٩١٦ بە ناوی مەندوبی بەریتانی مارک سایکس و مەندوبی فەڕەنسی فرانسوا جۆرج بیکۆ، و ئەم ڕێکەوتنە کە ئاشکرابوو دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر (بەلشەفی) لە ڕووسیا ساڵی ١٩١٧، ھەر لە ھەمان ساڵدا بەریتانیا جارێکی تر غەدری لە عەرەب کرد بە بەڵێن دان بە سەھیۆنییەت بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی یەھوودی لە فەلەستین کە ناسراوە بە پەیماننامەی بلفۆر لە ٢ی تشرینی دووەمی ١٩١٧ دەرچوو.

گۆران لە ڕێڕەوی شەڕەکەدا ١٩١٧

فەڕەنسا، ١٩١٧

دەوڵەتەکانی یەکێتییە سییانیەکاە گەمارۆی دەریایی دوڵەتەکانی ھاوپەیمانییە سییانیەکەیان دا، و ئەڵمان وەڵامی دانەوە بە شەڕی کەشتی ژێر دەریایی، ئامانجیان پێکانی ھەموو کەشتیەکان بوو بە بێلایەنەکانەوە و لەو کەشتیانەی نوقم کران کۆمڵێک کەشتی ئەمریکی بوون کە وای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد بێتە شەڕەوە لە ڕیزی دەوڵەتەکانی یەکێتی سیانیەکەدا و بوو بە شەڕی جیھانی.

شەڕی ژێر دەریایی و وڵاتە یەکگرتووەکان

لە ماوەی ساڵی ١٩١٦شەری دەریایی کەوتەوە لە دەریای باکوور لە نێوان کەشتیگەلی ئەڵمانی و ئینگلیزی و ناسراوە بە جاتلاند، کەشتیگەلە ئەڵمانیەکان لە بەندەرەکانیان درچوون بۆ شەڕی کەشتیگەلی ئینگلیزی بە ئومێدی ھەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی سەپێنراو بەسەر ئاڵمانیادا، و ئەمە شەڕێکی یەکلاکەرەوە نەبوو تا ئەڵمان کشایەوە لەگەڵ ئەوەی زیانێکی گەورەی گەیاند بە کەشتیگەلی بەریتانی، و لەو ماوەیەدا ئەڵمان دەستی کرد بە شەڕی کەشتی ژێردەریایی بە ئمانجی نوقمکردنی ھەر کەشتیەکی بازرگانی پێش ئاگادارکردنەوە، بۆ برسیکردنی بەریتانیا و ناچارکردنی بە خۆبەدەستەوەدان، وئەم کارەش وڵاتە یەکگرتووەکانی توڕەکرد لەبەرئەوەی کەشتیەکانی ئەویش لەو نیوەندەدا نوقم ئەکران، لەبەر ئەوە چووە ناو شەڕەوە لە نیسانی ١٩١٧، بە تایبەت دوای ئەوەی زانی ئەڵمان ھەوڵی ڕازیکدرنیمەکسیک ئەدەن تا ھێرش بکات سەر وڵاتە یەکگرتووەکان لەبەرامبەر ئەوەی سێ لە ویلایەتەکانی ئەمریکا وەربگرێت.

وڵاتە یەکگرتووەکان پێش چوونە ناو شەڕەوە لەسەر ڕێڕەوی سەرۆکی ئەمریکی ئەڕۆیشت کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکی دابڕیبوو لە ئەوروپا و ڕێگەی نە ئەدا بە ھیچ دەوڵەتێکی ئەوروپی دەست لە کاروبارەکانی وەربدەن، بەڵام سەرکردە ئەمریکییەکان بە بەرژەوەندیان زانی سوود لەم شەرە وەربگرن بە چوونە ناویەوە.

و ھاوپەیمانەکان سوودمەند بوون لە تواناکانی ئەمریکا لە بەھێزکردنی ھەوڵە جەنگیەکانیان، و توانیان گەمارۆ لەسەر ئاڵمانیا توند بکەن تا لاوازی بکەن.

سەرکەوتنی یەکێتی سییانی

دوو سەربازی ئەمریکی ئەڕۆن بەرەو کانی خەڵوز

گەیشتنی ھێزە ئەمریکیەکان بۆ فەرەنسا لە تەمووزی ١٩١٧ گۆڕانێکی گرنگ بوو لە ڕێڕەوی شەڕدا، لەبەرئەوەی یارمەتی ھێزی دەوڵەتەکانی یەکێتیە سییانیەکەی دا دژەھێرش بکەنە سەر ئەڵمان و کشایەوە بە سەدان کیلۆمەتر لە کاتێکدا کە ھێزەکانی یەکێیتیە سیانیەکە دەستیان گرت بەسەر عوسمانییەکاندا لە میسر وسوریا و عێراق و خۆیان پیش خست لە ئاسیای بچوکدا، و لە بەلقان ھێزەکان یەکێیتیەکە بولگاریایان ناچاری خۆبەدەستەوەدان کرد لە ئەیلولی ١٩١٨ و دەوڵەتی عوسمانی داوای ڕێکەوتنی کرد لە تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵدا و نەمساش داوایکرد لە سەرەتای تشرینی دووەمدا، و ئاڵمانیاش بێجگە لە خۆبەدەستەوەدان نەیتوانی ھیچیتر بکات و ئاگربەست بەسترا لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ دوای ئەوەی بە تەنیا شکستی ھێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەرەی یەکێتیە سیانییەکە.

شەڕی ساڵی ١٩١٧

ساڵی ١٩١٧ ڕووداوێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی لەبەرەی ڕۆژھەڵاتەوە کە ئەویش سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەر (بەلشەفی) بوو لە ڕووسیا و ئیمزاکردنی ڕێکەوتنی برست لیتۆفسک بوو لەگەڵ ئەڵمان ساڵی ١٩١٨ و چوونە دەرەوەی ڕووسیا بوو لە شەڕ، ھەر لەو ساڵەدا فەڕەنسیەکان بە یارمەتی ھێزە ئینگلیزەکان ھەستان بە ھێرشێکی گەورە بۆ سەر ھێزە ئەڵمانیەکان، لەگەڵ ئەوەی ئەم ھێرشە شکستی ھێنا و وفەڕەنسیەکان زیانێکی گەورەیان لێکەوت کە بوو بە ھۆی یاخیبوون لە ڕیزەکانیاندا، و گۆڕانکاری ئەنجامدرا لە ڕیزی سەرکردە فەرەنسیەکاندا.

و بەریتانیەکان گۆڕانی گرنگیپێدانی ئاڵمانیان بینی بۆ بەرەی بەریتانی، و شەڕی باشندیل کەوتەوە کە بەریتانیا ١٠٠ ھەزار سەربازی لە دەستدا تیایدا لە نێو کوژراو و بریندارەکاندا، و چەند کارەساتێک ھات بەسەر ڕیزەکانی ھاوپەیماناندا لە بەرەکانی ڕوسی و فەرەنسی و ئیتالی، لەگەڵ ئەوەی سەرکەوتن بەسەر عوسمانیەکان و توانیان بچنە ناو عێراق و فەلەستینەوە.

ھەروەک ئەو ساڵە جیادەکرێتەوە بە سەرکەوتنێکی گەورەی ھێزە ئەلمانی و نەمساویەکان لە شەڕی کابۆریتۆ دوای زنجیرەیەک شەڕ وەک شەڕی ئیسونزۆ.

گەڕانەوە بۆ شەڕ بزوتنەوەی ١٩١٧-١٩١٨

دەستەی فیلمی ئاڵمانی بۆ تۆمارکردنی ئیشەکان

چوونە دەرەوەی ڕووسیا لە شەڕ دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ و دوای ئەوەی لینینی سەرکردەی پەیماننامەی ئاشتی بە جیا لەگەڵ ئاڵمانیا ئیمزاکرد، ڕۆڵێکی دیاری بینی بۆ چڕکردنەوەی ھەڵمەتەکانی ئاڵمانیا لەسەر فەرەنسا پێشئەوەی پاڵپشتی ئەمریکی پێیان بگات، ھێزە بەریتانی و فەرەنسیەکان لە ژێر سەرکردایەتی ژێنەڕاڵی فەڕەنسی فوش مکن یەکیان گرت، دوای ئەوەی ئاڵمانیا لە شەڕی مارندا لە ساڵی ١٩١٤ ھێزە فەڕەنسیەکانی کشاندەوە بەرەو باشوورو ئاڵمانیا دوایان کەوت و شەری حوسن فردان ڕوویدا لە ساڵی ١٩١٦ کە کشانی ئەڵمانیەکان لەسەر فەرەنسا وەستاند.

و وڵاتە یەکگرتووەکان چووە شەڕەوە لە ڕیزی ھاوپەیمانان بە ئامانجی ڕووبەڕونەوەی ویستی فراوانخوازی ئاڵمانیا لە دەستبەسەراگرتن و ڕێزنەگرتنی بێلایەنی بەلجیکاو شەڕەی کەشتیە ژێردەریاییەکانی کە زیانێکی ئابوری گەورەی گەیاند بە ئەمریکا وای لە ئەمەریکا کرد بێتە شەڕەکەوە.

ھاوکات لەگەڵ ترسی خاوەن بانک و حکومەتی ئەمریکا لە شکانی ھاوپەیمانان، و بانکە ئەمریکیەکان داراییەکی گەورەیان بە فەرەنسا و بەریتانیا دابوو بۆ کڕینی ماددە سەرەتاییەکان و خۆراک لە وڵاتە یەکگرتووەکان، لەبەرئەوە خاوەن بانک و پیاوە بازرگانەکانی ئەمریکا داوایان لە حکومەت کرد بچێتە شەڕەوە لە ڕیزی ھاوپەیمانان.

کۆتایی شەڕ ساڵی ١٩١٨

سەربازە بەریتانیەکان لە بەرەی فەرەنسی ئەلمانی بە فڵچەی فیکرز

دەرچوونی ڕووسیا لە شەڕ ھانی ھێزە ئەڵمانیەکانی دا تا سوود لە ٤٠٠ سەربازە وەربگرێت کە لە بەرەی ڕوسی و ناردنیان بۆ شەڕی ئینگلیز و فەڕەنسیەکان، و ئەڵمان توانیان سوپای پێنجەمی بەریتانی تێک بشکێنن لە ئازاری ١٩١٨، و شەرەکانی ھەردوولا زەرەرو زیانێکی گەورەی لە گیان و ساماندا لێکەوتەوە، و نرخی یەک دەقیقە شەڕ لەو ساڵەدا بە بە دە ملیۆن دۆلار لە سەعاتێکدا خەمڵێنراوە.

و ھاوپەیمانان دەستیانکرد بە ئامادەکردنی ھێزەکانیان و ھەڵمەتێکی گەورەیان بردە سەر ئەڵمان و کۆتایی بە شەڕەکە ھێنا، و ناسراوە بە شەری مارنی دووەم لە تەمموزی ١٩١٨، و ڕۆژی ٨ی ئابی ١٩١٨ ڕۆژێکی ڕەش بوو لە میژووی ئەڵماندا؛ کە چەند شکستێکی توندیان خوارد لەبەردەم بەریتانی و ھاوپەیمانەکان، و ئاڵمانیا بەرەو داڕمان ڕۆیشت و نزیکەی ٢٥٠ ھەزار ئەڵمانی بە دیل گیران لە ماوەی سێ مانگدا، و ھێزە بەریتانیەکان چوونە ناو ھێڵە ئەڵمانیەکانەوە و گەیشتنە باکووری فەرەنسا، و ھێزەکانی تری ھاوپەیمانان گەیشتنە فەرەنسا.

ئەزمەیەکی سیاسی توند ئاڵمانیای گرتەوە لەگەڵ شکستە سەربازییەکانیان لە مەیدانەکانی جەنگدا، ئاڵمانیا داوای ئاگربەستی کرد بە بێ ھیچ مەرج و بەندێک، و ھاوپەیمانان وتوێژیان لەگەڵ حکومەتە ئیمپڕاتۆریەکە ڕەتکردەوە لەبەرئەوە حکومەتی کۆماری لە ئاڵمانیا دامەزرا دوای دەست لە کار کێشانەوەی ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی، و ئەو ئاگربەستە بەسترا کە کۆتایی بە شەڕ ھێنا لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ دوای چوار ساڵ و نیو شەڕ و کوشتار کە دە ملیۆن سەرباز بوون بە قوربانی و ٢١ ملیۆنی تر برینداربوون.

دەرئەنجامەکان

شەری جیھانی یەکەم بوو بە ھۆی ڕووخانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی لە ساڵی ١٣٤١ک-١٩٢٤ز و کەوتنەوەی چەندین زیانی گەروەی ماڵی و گیانی و گەڕانە دواوەی ڕۆڵی ئەوروپا لە ئاڕاستەکردنی سیاسەتی جیھان، بەڵام گرنگترین ئەنجامی دامەزراندنی ئەو ئاشتیە کەموکوڕەدا بوو کە ھەموو ئەو ئامڕازانەی لە خۆ ئەگرت کە بوون بە ھۆی ھەڵایسانی شەڕی جیھانی دووەم ساڵی ١٩٣٩.

و لە ماوەی شەڕەکەدا دەوڵەتە ئەوروپیە بەشەڕھاتووەکان ناچاری کڕینی پێویست و کەرەستەیەکی زۆر بوون لە وڵاتە نوێکان کە خاکەکانیان ھیچ زیانێکی شەڕی پێ نەگەیشت وەک وڵاتە یەکگرتووەکان و کەنەدا وئوسترالیا و ئارجەنتین، کە ئەمەش وای لە ئەوروپا کرد شارێک بێت بۆ ئەو دەوڵەتانە لە دوای شەڕ، و ئەوروپا لە دوای شەڕ خۆی ناچار بینیەوە لە دانی ئاڵتونە یەدەکەکانی کە ھەیبوو بۆ دانەوەی قەرزەکانی و ئەمە بوو بە ھۆی گەڕانە دواوەی دراوی ئەوروپی.

وڵاتە یەکگرتووەکان سوودمەندی یەکەم بوو لەم شەرە و قەرزدەری یەکەم بوو بە ئەوروپا لە پێش و لە کاتی شەرەکە، وڵاتە یەکگرتووەکان لە دوای شەر لە ئەنجامی وەرگرتنەوەی قەرزەکانیدا %٤٥ی ئاڵتونی یەدەکی جیھانی بەدەستھێنا و بەوەش بوو بە یەکەم خاوەن قەرز لە جیھاندا.

زیانە گیانی و ماڵیەکان

زیانە گیانەکانی شەری جیھانی یەکەم بە ٨،٥٣٨،٣١٥ کەس خەمڵێنراوە، و زیاتر لە دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیە برینداربوون، و زیانەکانی ڕووسیا لە سەرەوەی لیستی زیانە گیانیەکان دێت پاشان بە دوایدا ئاڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێن.

بەڵام گرنگترین زیانە ماڵیەکان لەو خاکانە کەوت کە شەرەکە تیایاندا ڕوویدا کاتێک کێڵگە کشتوکاڵیەکان تیاچوون لەگڵ کێڵگە ئاژەلیەکان و سەدان ھەزار ماڵ وێران کران لەگەل ھەزران کارگە ھاوکات لەگەڵ ئەو زیانانەی بە سکە ئاسنینەکان و کانی خەڵوزەکان کەوت.

لەبەرئەوە دەولەتە شەڕکەرەکان ئەبووایە لە قۆناغی ئاشتیا ئەوەیان بنیات بنایەتەوە کە شەڕ وێرانی کردبوو و پیشەسازییە جەنگیەکانیان بگۆڕن بۆ پیشەسازی مەدەنی، بەڵام کەمی سەروەت و دەستی ئیشکەر کە لە شەڕەکاندا تیاچووبوون بوونە ڕێگرێی گەورە لەبەردەم بنیاتنانەوەکاندا.

ئەم خشتەیەی خوارەوە[١] زیانەکانی دەوڵەتەکان لە شەری جیھانی یەکەم ڕوون دەکاتەوە کە کەیشتە زیاتر لە ٣٧ ملیۆن سەرباز لە نیویاندا زیاتر ھەشت ملیۆن کوژران.

کۆ||٨،٥٣٨،٣١٥ || ٢١،٢١٩،٤٥٢ || ٧،٧٥٠،٩١٩||٣٧،٥٠٨،٦٨٦

دەوڵەت کەژراو و وەفاتکردووەکان بریندار دیل و ونبووەکان کۆی زیانەکان
ئیمپڕاتۆری ئەڵمانی ١،٧٧٣،٧٠٠ ٤،٢١٦،٠٥٨ ١،١٥٢،٨٠٠ ٧،١٤٢،٥٥٨
ئیمپڕاتۆری ڕووسی ١،٧٠٠،٠٠٠ ٤،٩٥٠،٠٠٠ ٢،٥٠٠،٠٠٠ ٩،١٥٠،٠٠٠
فەرەنسا ١،٣٥٧،٨٠٠ ٤،٢٦٦،٠٠٠ ٥٣٧،٠٠٠ ٦،١٦٠،٨٠٠
ئیمپڕاتۆری نەمسا-مەجەر ١،٢٠٠،٠٠٠ ٣،٦٢٠،٠٠٠ ٢،٢٠٠،٠٠٠ ٧،٠٢٠،٠٠٠
دەوڵەتەکانی کۆمونلوس ٩٠٨،٣٧١ ٢،٠٩٠،٢١٢ ١٩١،٦٥٢ ٣،١٩٠،٢٣٥
شانشینی ئیتالیا ٦٥٠،٠٠٠ ٩٤٧،٠٠٠ ٦٠٠،٠٠٠ ٢،١٩٧،٠٠٠
ڕۆمانیا ٣٣٥،٧٠٦ ١٢٠،٠٠٠ ٨٠،٠٠٠ ٥٣٥،٧٠٦
ئیمپڕاتۆری عوسمانی ٣٢٥،٠٠٠ ٤٠٠،٠٠٠ ٢٥٠،٠٠٠ ٩٧٥،٠٠٠
وڵاتە یەکگرتووەکان ١٢٦،٠٠٠ ٢٣٤،٣٠٠ ٤،٥٠٠ ٣٦٤،٨٠٠
بولگاریا ٨٧،٠٠٠ ١٥٢،٣٩٠ ٢٧،٠٢٩ ٢٦٦،٩١٩
سربیا ٤٥،٠٠٠ ١٣٣،١٤٨ ١٥٢،٩٥٨ ٣٣١،١٠٦
بەلجیکا ١٣،٧١٦ ٤٤،٦٨٦ ٣٤،٦٥٩ ٩٣،٠٦١
پورتوگال ٧،٢٢٢ ١٣،٧٥١ ١٢،٣١٨ ٣٣،٢٩١
یۆنان ٥،٠٠٠ ٢١،٠٠٠ ١،٠٠٠ ٢٧،٠٠٠
مۆنتینیگرۆ ٣،٠٠٠ ١٠،٠٠٠ ٧،٠٠٠ ٢٠،٠٠٠
یابان ٣٠٠ ٩٠٧ ٣ ١،٢١٠

ئاشتی کەم و کوڕ

کۆنگرەی ئاشتی ١٩١٩

ئاڵمانیا رازی بوو لە ئیمزاکردنی ئاگربەست لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ لەسەر بنەماکانی ویلسۆن، و لەو کاتەدا ڕێکەوتن کە کۆنگرەی ئاشتی بەڵێنپێدراو بڕیار و ڕێکەوتنەکانی خۆی دەربکات کە لە بیرۆکە جوانەکانی ئەو بنەمایە وەربگیرێن، بەڵام ھیچ کام لەوانە ڕووینەدا، کۆنگرەی ئاشتی کە یەکەم دانیشتنی لە پاریس لە ١٨ی کانوونی دووەمی ١٩١٩ بەست نوینەری ٣٢ دەوڵەتی ھاوپەیمان ئامادەی بوون و ودەوڵەتە شکست خواردووەکان و ڕووسیا و دەوڵەتە بێلایەنەکانی لێ دوورخرایەوە، لەبەرئەوە ئەم کۆنگرەیە بە کۆبوونەوەیەکی دەوڵەتە سەرکەوتووەکانی شەڕی جیھانی یەکەم دائەنرێت بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکانیان و سەپاندنی ویستی خۆیان بەسەر دەوڵەت شکستخواردووەکان، لە ھەمان کاتدا نوێنەری ھەر سێ وڵات فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتە یەکگرتووە ئەمریکیەکان ڕای خۆیان سەپاند بەسەر نوینەرە بەشداربووەکانی وڵاتەکانی تردا.

داواکاری کۆنگرەبەستەکان

کۆنگرەکە ویستی فەرەنسا و بەریتانیای دەرخست لە فراوانکردنی سنورەکانیان و بەدەستھێنانی موستەعمەرەری نوێ، فەڕەنسیەکان تەنھا بە داوای گەڕاندنەوەی ناوچەکانی ئەلزاس و لۆرین نەوەستان لە ئەڵمان بەڵکو بەشی چەپی ڕووباری ڕاینیان وەرگرت کە ناوچەیەکی بەرگری بوو و ساری ئاڵمانیای داوائەکرد وەک سەرچاوەیەک بۆ خەڵوزی بەردین سوودی لێوەربگرن، و سەبارەت بە موستەعمەرەکان جۆرج کلیمنسۆی سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسی کە خۆی بەشداربوو لە کۆنگرەکە پارێزگاری فەرەنسای دەربڕی بەسەر موستەعمەرەکانی لە باکووری ئەفریقا و ناوەڕاستەکەی و لە باشووری ڕۆژھەڵاتی ئاسیا لە ھەمانکاتدا ووتی ئینتیدابی فەڕەنسی لەسەر سوریا و لوبنان جێگەی گفتوگۆ نین.

بەڵام سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە سەرۆکی نوێنەرانی وڵاتەکەی ئەکرد لە کۆنگرەکەدا لوید جۆرج ناڕەزایی دەربڕی لە ھەلوێستی سنووری فەرەنسا، و داوای کرد وڵاتەکەی میراتی موستەعمەرە ئەلمانیەکان وەربگرێت لە ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ئاسیا و ئینتیداب بەسەر میسر و سودان و عێراق و فەلەستین و بەڵێنی خۆی لەبیرکرد کە بۆ سەربەخۆبوونی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی دابووی.

بەڵام سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵی ئۆرلاندۆ داوای ناوچەکانی ترانتان و تریستای کرد بۆ ئیتالیا.

و تەنھا سەرۆکی ئەمریکی ویلسۆن لە نێو سەرۆکی وەفدەکانی دەوڵەتە گەورەکاندا داوای دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکانی کرد و بڕیارەکانی کۆنگرە لە چواردە بنەماکەی ئەوەوە دەربچن.

بڕیارەکانی کۆنگرەکە و ئەنجامەکانی

گۆڕینی نەخشەی سیاسی ئەوروپا[

کۆنگرەی پاریس ئیمپڕاتۆرەکانی ئەڵمانی و نەمساوی ھەڵوەشاندەوە بە ئەنجامدانی چەند دەستکارییەک لە سنووری سیاسی دەوڵەتەکانی ئەوروپادا، لە نەخشەی ئەوروپادا چەند دەوڵەتێکی نوێ دەرکەوتن وەکھەنگاریا و چیکۆسلۆفاکیا و یۆغسلافیا، و گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەوڵەتەکاندا ڕوویدا ھەریەک لە تورکیا و ئاڵمانیا گۆڕان بۆ ڕژێمی کۆماری و نەمسا گۆڕا بۆ کۆمارێکی بچوک بەڵام ڕووسیا لە ڕژێمی قەیسەرییەوە گۆڕابوو بۆ ڕژێمی شیوعی لە دوای شۆڕشی ئۆکتبەری ١٩١٧ بە سەرۆکایەتی لینین.

پەیماننامەی فرسای

مەراسیمی ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەی فرسای

لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩١٩ ئاڵمانیا پەیماننامەی فرسای ئیمزاکرد لەگەڵ ھاوپەیمانە سەرکەوتووەکاندا لە شەڕی جیھانی یەکەمدا دوای وتوێژێک کە شەش مانگی خایاند، و دەستکاری پەیماننامەکە کرا لە ١٠ی کانوونی دووەمی ١٩٢٠ کە دانپیانانی ئاڵمانیای بە بەرپرسیاریەتی شەرەکە لەخۆ دەگرت و ولەسەر ئاڵمانیا دانرابوو کە قەرەبووی ماڵی لایەنە زەرەر لێکەوتووەکان بداتەوە.

و پەیمانەکە چەند مەرجێکی توندی لە خۆ دەگرت بە دابڕینی نزیکەی ٢٥ ھەزار میلی چوارگۆشە لە خاکەکانی ئاڵمانیا و بخرێنە سەر پۆڵەندا و دانیمارک و چیکۆسلۆفاکیا، و ھەموو موستەعمەرە ئەڵمانیەکان گیران، و ئاڵمانیا بە تەنھا بەرپرسیاری شەرەکەی خرایە ئەستۆ و و بەندەکانی ئەم پەیماننامەیە ھۆکار بوو بۆ ئەوەی کە فرسەتی ھاتە بەردەم ڕەتی بکاتەوە و تۆڵەی خۆی بکاتەوە لەوانەی بەسەریاندا سەپاند.

و پەیماننامەکە باسی دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکانی ئەکرد و ئامانج لێی بۆ جڵەوگیری بوو بۆ ئەوەی شەری چەکداری نەکەوێتەوە لە نیو دەوڵەتەکەندا وەک ئەوەی لە شەڕی جیھانی یەکەدا ڕوویدا.

و ئەو بەندە سەربازیانەی دانران لەسەر ئاڵمانیا، مەرجی توند وتیژیان دانا بۆ یەکەی سەربازیە ئەڵمانیەکان تا نەتوانێت شەڕ بکاتەوە، و پەیماننامەکە باسی لەوەکرد کە سوپای ئەلمانی تەنھا ١٠٠ ھەزار سەربازی ھەبێت و ڕژێمی سەربازی ناچاری ھەڵبوەشێنرێتەوە، و ئاڵمانیا ناتوانێت ھێزی ئاسمانی پێک بھێنیت و وبەسترایەوە تەنھا بە بوونی ١٥ ھەزار سەربازی دەریایی لەگەڵ بوونی کەشتی دەریایی بە بێ کەشتی ژێردەریایی، و بۆ سەرباززەکان نیە زیاتر لە ١٢ ساڵ لە سوپادا بمێننەوە تا سوپای ئەڵمانی ھێزی سەربازی ڕاھێنراوی نەبێت.

و بڕگەی ٢٣٢ی پەیماننامەکە بەرپرسیاریەتی شەڕەکەی خستە سەر ئاڵمانیا و قەرەبوو کردنەوەی لایەنە زەرەر لێکەوتووەکانی لەسەر دانرا کە بە ٢٦٩ بلیۆن مارکی ئەڵمانی خەمڵێنرابوو، و ئەم بڕە دابەزێنرا بۆ ١٣٢ بلیۆن مارک، لەگەڵ نزم کردنەوەی بڕەکەدا ئابوریناسەکان ئەو بڕە وادەدەنێن کە زیادەڕۆیی تیا کراوە، و توندکردنی ئەم قەرزانە لەسەر ملی ئاڵمانیا ھۆکار بوون بۆ ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی دووەم لەسەر دەستی ئەدۆلف ھیتلەر.

ئینتیداب

لە کۆنگرەکەدا ڕێکەوتن لەسەر داواکاری ئیستیعماریەکانی ھەریەک لە بەریتانیا و فەرەنسا و دان نان بە شەرعیەتی ئینتیدابدا نا لەسەر دەوڵەتەکانی ڕۆژھەڵاتی عەرەبی لەگەڵ ناڕازیبوونی ئەمیر فەیسەڵ کوڕی حسەین کە وەک چاودێرێک ئامادەی کۆنگرەکە بوو.

چوونە ناوەوەی هێزەکانی بەریتانیا بۆ قودس ساڵی ١٩١٧.

دامەزراندنی ئەنجومەنی نەتەوەکان

سەرۆکی وەفدە بەشداربووەکانی کۆنگرەکە ڕێکەوتن لەسەر دامەزراندنی ڕێکخراوی ئەنجومەنی نەتەوەکان کە سەرۆکی ئەمریکی ویڵسۆن سووربوو لەسەری وەک بەندێکی بنەڕتی چووە ناو ھەموو ڕێکەوتننامەکانی سەرکەوتووەکان لەگەڵ شکستخواردووەکانی شەڕەکە بەستیان، وئامانجی یەکەم لە ئەنجومەنی نەتەوەکان کە بنکەکەی لە جنێف لە سویسرا دانرا چارەسەری ناکۆکی نێوان دەوڵەتەکان بوو بە ڕێگە چارەی ئاشتیانە و ئەمەش کەشێکی یارمەتیدەری دروستکرد بۆ لێک گەیشتن و متمانە لە نیو نەتەوەکاندا.

بەڵام کاروبارەکان بەو ئاڕاستەدا نەڕۆیشتن، و ئەنجومەنەکە لە دامەزراندنیا ھێزێکی سەربازی وای نەبوو کە بڕیارەکانی جێبە جێ بکات ھەروەک بوو بە ئامڕازێک بۆ بەرژەوەندی سەرکەوتووەکانی شەڕەکە کە ئەمەش وای لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریک کرد کە خۆی بەشدار نەبێت لە بە ئەندامبوونیدا لەگەڵ ئەوەی ئەو خاوەنی بیرۆکەی دامەزراندنی بوو.

نیشتیمانی عەرەبی لە ژێر ئینتیدابدا

جێبەجێکردنی تەواوەتی بۆ ڕێکەوتنی سایکس بیکۆی دەستی پێکرد ساڵی ١٩١٨ و جەنگەکان کۆتایی نەھاتن و ژێنەڕاڵ ئەلەنبی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ سێ یەکە دابەش کرد لە ڕۆژھەڵاتی ناوچە عەرەبیەکان؛ یەکەی کارگێڕی فەڕەنسی (کەنار) و یەکەیەک بە کارگێڕی عەرەبی (ناوخۆ) و یەکەیەک بە کارگێڕی بەریتانی بەڵام ڕێکەوتنی نیودەوڵەتی بۆ ئەمە لە کۆنگرەی پاریس کرابەە ساڵی ١٩١٩، کۆنگرەکە تێگەشتنێکی نوێی بۆ ئیستیعمار دەربڕی ئەویش ئەو ئینتیدابە بوو کە سەرۆکی ئەمریکی ویڵسۆن و سەرۆک وەزیرانی باشووری ئەفریقا ژێنەڕاڵ سمتس پێشنیاریان کرد، کە بە پێی ئەو دەوڵەتە گەورەکان کاروباری ئەو دەوڵەتانە بگرنە دەست کە ماوەیەکی زۆرە لە ژێر دەسەڵاتی یەکێک لە ئیمپڕاتۆریەتەکاندان وەک ئیمپڕاتۆری عوسمانی، بەڵام کۆنگرەی گشتی سووری ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ و بەڵێننامەی بلفۆریان ڕەتکردەوە و شانشینی سوریایان ڕاگەیاند و ئەمیر فەیسەڵ وەک پاشا دانرا، و ھاوپەیمانەکان لە شاری سان ریمۆی ئیتاڵی دانیشتنێکی کرد لە نیسانی ١٩٢٠ و بڕیاریان دا وەڵامی کۆنگرە سووریەکە بدەنەوە بە جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ کە سوریا و لوبنانی ئەخستە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسی و عێراق و فەلەستین و ڕۆژھەڵاتی ئوردنی ئەخستە ژێر ئینتیدابی بەریتانی، ھەروەھا کۆنگرەی سان ڕیمۆ بەڵێنی ئیشکردنی دا لەسەر بەڵێننامەی بلفۆر ھەروەھا بەریتانیا پەیوەندیاربوو بە میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان و عومان بە ڕێکەوتنی پارێزگاری و ھەروەھایە پارێزگاری خۆی سەپاند بەسەر میسر و سوودان و ئیتالیا دەستی گرت بەسەر لیبیا و فەرەنسا وڵاتەکانی تری ڕۆژئاوای عەرەبی داگیرکرد و دەسەڵاتی خۆی سەپاند بەسەر ھەر یەک لە توونس و مەغریب و جەزائیر و سۆمالیا و مۆریتانیا.

سەرچاوە:

 Irving Werstein, “1914-1918: World War I”, Cooper Square Publishers; Inc, New York, 1964

 

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …