Home / مێژووی ئیسلام / سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

1461005268654

بەشی دووەم

نوسینی:شاسوار هەرشەمی

دوای ئەوەی کە لە بەشی یەکەمی ئەم گوتارەمدا، زانیمان لە ڕۆژھەڵاتەوە چیمان بەسەرھاتووە و چۆنمان لێقەوماوە، ئێستاش با ئاوڕێک لە سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بدەینەوە و، بزانین لە بەرەبەری دەرکەوتنی ئەستێرەی سەلاحەددین، ئەو تخوب و سەرحەدانەی ئەوێ، لە چ بارێکدا بوون؟

بەشێکی بەرچاوی ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای کوردستان، بە زمانێکی وردتر، ھەر لە ماردین و ئەخلاتەوە، تا دیاربەکر و ئۆرفە، بۆ ماوەی پتر لە ھەزار ساڵ، سنوری بەیەکگەیشتنی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بووە. ئەمەش وایکردووە کە ئەو ناوچانەی سەرەوە، ناوچەی ھەمیشەیی شەڕو نائارامی و، ھێرش و پەلامار و پێکدادانی، ھێزی جۆراوجۆری وەک گرێکی، رۆمانی، بێزەنتی، پارتی، ساسانی. هه‌روه‌ها میرنشینه‌کانی کوردی، ئەرمەن و عارەبانی موسولمان و تورکان بووە، تا بە مەغۆل و تەتەرانیش. واتا ناوچەکان شوێنی شەڕگەی نەبڕاوە و بێ پسانەوە و بێ پشودان بوون. تەنانەت لە شەپۆڵی سێیەمی پەلاماری خاچپەرستانی ئەوروپیشدا، لە سەردەمی ژیانی سەلاحەددین، ناوچەی ئۆرفە (ڕوھا)و ھەندێ شوێنی دەوروبەری، کەوتنە بەر ھەڵمەتی ڕۆژئاوا. لە سەدەکانی پێنج و شەشەمی زاینیدا، چەندان ھۆزو تیرەی ئارامی زمانی، بە ئایین مەسیحی، لە دەشتەکانی شامەوە بۆ ئەو ناوچانە کۆچیان کرد، تا پتر لە ڕۆمە بێزەنتیە ھاوئایینیەکانیان نزیک ببنەوە و، لە ڕۆژانی تەنگانەدا پەنایان بۆ بەرن. بەمجۆرە ئەو ھۆزە ئارامیانەی کە بە سریانی، یان سوریایی ناسرابوون, شوێنی خێڵە ڕەوەند و کۆچەریە کوردەکانیان گرتبووەوە و، سەردەمانێک ئەوان زۆرینەی دانیشتوانی نیشتەجێی ئەو سنورانەیان پێکدێنا.

لەو سەردەمانەی کە ئەستێرەی بەختی سەلاحەددینی تێدا درەوشایەوە و، ھەڵۆی دەستەڵات لەسەر سەری وی نیشتەوە، ئەو ناوچانەی ڕۆژئاوا، کە لە سەرەوە ناومان بردن، کەوتبوونە ژێر پاڵەپەستۆیەکی توندی سێ لایەنە. تورکێکی زۆری غەز و سەلجوق، لە ڕووی سەربازیەوە بەسەر ناوچەکەدا باڵادەست بوون. ئەو ھۆزە تورکانە، چونکە شەڕکەر بوون و، شەڕیان وەکو پیشە بەکاردەھێنا، توانیبوویان ناوچەکە بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە، بەڵام لە ڕووی ژمارەوە، ئەوان تەنیا توێژاڵێکی کەمی دانیشتوان بوون. ھاوکات سەتان ھەزار کوردی ئاوارە و پەرێشان و بێ شوێن و جێ، چ ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا ئاوارەی کۆنی ئازەربێجان بوون و، باوک و باپیرانیان لەوێ وەدەرنرابوون، یاخود ئەو ھۆزو خێڵ و تیرە و بنەماڵانەی، کە لەلایەن کوردانی ئاوارەی ئازەربێجانەوە، شوێن و ھەواریان داگیرکرابوو و وەدەرنرابوون، ئەوانیش بە ناچاری و، لەبەر بێ لەوەڕگەیی، ڕوویان لە ڕۆژئاوا کردبوو، بەو ھیوایەی شوێنێکیان دەست بکەوێت، بۆ تێداحەوانەوە و نیشتەجێ بوون و تێدا گیرسانەوە. لایەنی سێیەمی ھاوکێشەکەش بریتی بوون لە سریانیەکان. ئەوانیش توشی بارودۆخێکی تازە و ئاڵۆز ببوونەوە. سریانەکان دەیانەویست ئەو شوێنانە لە دەست خۆیان نەدەن، کە چەند سەدەیەک پێشتر و، دوای باڵادەست بوونی ئیسلام، لە دەشتەکانی سوریاوە، کە وڵاتی بنەڕەتی ئەوان بوو، ڕوویان لەو ناوچانە کردبوو. سریانەکان لە بەرامبەر نابەرامبەری ھێز، دەستەڵاتیان لەدەست دا، بەڵام تا درەنگانێکیش، ئه‌وان لە شارەکاندا ھێشتا زۆرینەی دانیشتوان بوون.

ساڵنامەی دەوڵەتی عوسمانی، کە ھاووڵاتیانی لەسەر بناغەی ئایین دابەشکردووە, تا سەدەی شازدەش، دان بە ڕێژەی بەرزی سریانیان، یان (مەسیحیەکان) دادەنێت. دیارە وەک بەرەنجامی شەڕو ململانێکان، توخمی دیش کەوتبوونە ناو ھاوکێشەی دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە. بۆ نمونە ھێزێکی خاچپەرستانی ئەوروپی، لە نێوان ١٠٩٨ تا ١١٤٤ زایینی، لە شاری ڕوھا(ئۆرفا) و ناوچەکانی دی باکوری فرات، بۆ ماوەی ٤٦ ساڵان، میرنشینێکی سەربەخۆیان ڕاگەیاندبوو. ئه‌وان کەوتبوونە نیشتەجێ بوون لەوێ. بە کورتی، ئەو شوێنانەی کە ئەمڕۆ بەبێ ھیچ گومان و دوودڵیەک، بەشێکی گەورە و گرنگی باکوری ڕۆژئاوای کوردستان پێکدێنن، لە سەردەمی دەستەڵات گرتنە دەستی سەلاحەددیندا، ئەگەر گونجاو بێت و بگوترێت، ھێشتا ناوچەی ململانێ لەسەر بوون و، ھێشتا چارەنوسیان یەکلایی نەببووەوە و، ھێشتا دیار نەبوو کە ئاخۆ کێ و چ لایەک، لەو سێ لایەنەی له‌ سه‌ره‌وه‌دا ناومان هێناون، یان ھێزێکی دی بێگانەی لە دوورەوە ھاتوو، بەسەریدا زاڵ دەبێت و، کامە گەل و نەتەوە تێیدا دەبنە زۆرینە لە خاکەکەیدا.

* * *

کاتێک کە سەلاحەددین بووە فەرمانڕەوا، (ساڵی ١١٨٦زایینی)، سەرەڕای ئەو نەھامەتیە گەورانەی کە تورکان بەسەر کوردستانیان دا ھێنابوو، سەلاحەددین بووە میراتگری شەڕو پەلامارێک، کە نەوەت ساڵ پێش دەستەڵات گرتنە دەستی وی ھەڵگیرسابوو. مەبەستمان لە شەڕو ھەڵمەتەکانی ناسراو بە هه‌ڵمه‌ت و په‌لاماری خاچپەرستانە. ئەو ھەڵمەتەیەی کە بۆ یەکەمینجار لە ساڵی ١٠٩٧ زاینی، بە مەبەستی ڕزگارکردنی شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحیان لە فەلەستین، لە دەست تورکانی سەلجوقی، یان موسوڵمانان دەستی پێکرد. تا سەردەمی سەلاحەددین، دوو ھەڵمەتی گەورەی خاچپەرستانی ئەوروپی، کۆتاییان ھاتبوو، (دیارە بە مانەوە و نیشتەجێ بوونی ژمارەیەک لە خاچپەرستان و، دروستکردنی فەرمانڕەوایی ئه‌وروپیان لە چەندان شوێنی ناوچەکە). سەلاحەددین لە ساڵی ١١٨٧زایینیدا، ھەڵمەتی سێیەمی خاچپەرستانی تێکشکاند، کە گەورەترین و کاریگەرترین شاڵاوی ئەوروپی بوو. بە تێکشکانی دوا هه‌ڵمه‌ت، نزیکەی کۆتایی بە شەڕەکانی خاچپەرستان ھات.

ھەرچەندە زۆرجاران سەرچاوەکان، خۆیان لە ھۆکارە ڕاستەوخۆکانی ھەڵگیرسانی شەڕی ئایینی لە نێوان موسوڵمانان و مەسیحیانی ئەوڕوپی دەپارێزن، بەڵام دەستپێکردنی شەڕەکە، لەسەر دەستی تورکان بوو. واتا تورکان دوای ئەوەش کە بەڵایەکی گەورەیان بەسەر کوردانی ئازەربێجان ھێنابوو، جارێکی دیش، کوردستان و ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشیان توشی نەھامەتیەکی یەکجار گەورە کرد. شەڕی خاچپەرستان بەوە دەستی پێکرد، کاتێک کە سوڵتان قلیج ئەرسەلانی سەلجوقی(١٠٩٢-١١٠٧)زایینی، میری میرنشینێکی بچوکی سەلجوقیانی تورک، ڕێگای بە کاروانی حاجیانی مەسیحی گرت، کە بۆ سەردانکردنی ساڵانەی شوێنە پیرۆزەکانی شاری ئورشەلیمی قودس، بەڕێگاوە بوون. ئەرسەلان حاجیەکانی کوشت و ڕێگای گەشتکەرانی مەسیحیشی بەست. لە ئەنجامی ئەو ڕووداوەدا، شاڵاوی خاچھەڵگرانی مەسیحی، لە ھەموو ئەوڕوپاوە دەستی پێکرد، بە مەبەستی ڕزگارکردنی شوێنە پیرۆزەکانی مەسیحی، لەدەست موسوڵمانان. ئەو شاڵاوە، نزیکەی ٢٠٠ ساڵی خایاند. (لە کۆتایی سەدەی یازدەوه‌، تا سەرەتاکانی سەدەی سێزدەی سێزدەی زایینی). شەڕی خاچپەرستان، جگە لەوەی کە لە سەرەتا زووەکانی دەسپێکردنیدا، گەیشتبووە سنورەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بۆ دوو سەدەی ڕەبەقیش، خەریکی دادۆشینی داھاتی کوردستان بوو. ھەروەک بە ھەزاران گەنجی کوردستان، بە ناوی پاراستن و بەرگریکردن لە ئایین، دەچوونە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ (فەڕەنگان).

لە یەکەم ھەڵمەتەوە، تا دەرکردنی خاچپەرستەکان، لە سەر ھەموو کەنارەکانی دەریای ناوەڕاستدا، وەک گوتمان، نزیکەی دوو سەدەی خایاند. کوردستان بە درێژایی ئەو دوو سەدەیە، بەرەی پشتەوەی شەڕ بووە. لەو ماوە درێژەی شەڕدا، لە کوردستاندا نەک ھەر بواری کەڵەکە بوونی سەرمایە و بەدیھاتنی خۆشگوزەرانی دانیشتوان نەبوو، تا میرانی کورد لەشکر پێکبێنن و، بیر لە دەوڵەت و دەوڵەتداری بکەنەوە، بەڵکو قووت و بژێوی خەڵکەکەیشی، بە ناوی جیھاد، بۆ پشتیوانی کردنی شەڕکەران دەچوو. بە ھەزاران ھەزار گەنجی کوردستانیش، وەکو خۆبەخش چوونەتە ئەو شەڕانەوە و، ھەرگیز جارێکی دی بۆ وڵاتەکەیان نەگەڕاونەتەوە. زۆرێک لەوانە، لە پێدەشتەکانی شام بوونەتە قۆچی قوربانی و، بە گۆڕغەریبی و دوور لە وڵات نێژراون. لە ھەندێک کات، بەشێکی خودی کوردستانیش دەکەوتنە بەر ھەڵمەتی خاچپەرستان. بۆ نمونە ئەوروپیەکان لە ساڵی ١٠٩٨ز، لە شاری ڕوھا، یان ئۆرفە و دەوروبەری باکوری ڕوباری فورات، میرنشینێکی مەسیحیان ڕاگەیاند و، دەستیان بەسەر دەوروبەرەکەیدا گرت. دوای ٤٦ ساڵ، واتا لە ساڵی ١١٤٤زایینی، ھێزێکی موسوڵمان بە سەرکردایەتی عیمادەدین زەنکی، توانی ڕوھا و ناوچەکانی باکوری فورات، لەدەست مەسیحیە ئەوروپیەکان دەربێنێت. ئەوان دواتر جارێکی دیش ناوچەکانی (ئەنتاب و ڕوھا)یان داگیرکردەوە.

ئەگەر ھەموو ئەو باسەی سەرەوە، وەک سەرەنجامێک پوخت بکەمەوە و، پێناسەیەکی کورتی کوردستانی سەدەکانی دە و یازدەی پێبکەم، دەڵێم لەو ڕۆژگارانەدا، کە ئەستێرەی بەختی سەلاحەددین لە میسرو، دواتریش لە شام درەوشایەوە، دەکرێت بڵێین کوردستان، (جگە لە ھەولێری سوڵتان موزەفەر، کە ئاوەدان بووە)، لەژێر بارێکی ئابوری سەختدا دەتڵایەوە. غەزای خاچپەرستان، ھیچی لە ماڵ و بژێوی خەڵک نەھێشتبووەوە. ھاتنی پەیتا پەیتای تورکانی غەز و سەلجوقیش، باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان بە تەواوەتی تەنیبووەوە و، بۆ ھەمیشە مۆرکی کوردیان بە بەشێکی زۆری ئەو خاکانەوە نەھێشت. لە قوڵایی کوردستانیشدا، خەڵک ھەمیشە لە ڕاکردن و گەڕان دابوون، بۆ دۆزینەوەی کونجێک کە داڵدەیان بدات. بە دوای لەوەڕگا و پاوان وێڵ بوون بۆ ئاژەڵەکانیان و، جێھەوارێک بۆ پشودانێکی کورت، بێ ئەوەی لە ھیچ شوێنێک، بۆ چرکەیەکیش، تارمایی تورکیان لێ دوورکەوتبێتەوە. کوردستان بریتی بووە لە وڵاتێکی پەرێشان و برسی و، کوردیش گەلێکی ئاوارە و ھەڵکەندراو لەناو خاکی خۆیدا، ڕەنگە پوختترین پێناسە بێت، بۆ ئەو وڵاتەی کە سنورەکانی لە ئاڵوگۆڕی و، خەڵکەکەیشی لە جێگۆڕکێیەکی زۆر خێراو نائاساییدا بوون.

* * *

ئێستا کەمێک لەگەڵ بارودۆخی ئەو سەردەمەی کوردستان ئاشنا بووین، کە ئێمە لێی دەدوێین. ھەروەک بە چاوخشاندنێکی خێرا بە باری ئەتنی و نەتەوەیی و گۆڕانە خێراکاندا، لە ھەردوو لای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوای کوردستان، تا ئەندازەیەک تێدەگەین کە نەخشەی ئەو کاتی کوردستان، لەگەڵ ئەو نەخشەیەی کە ئەمڕۆ بۆ کوردستانی لەبەر چاو دەگرین، لە زۆر ڕووەوە جیاوازی زۆری ھەیە.

کاتێک کە باری کوردستان ئاوا شەپڕێو بوو، باری سەلاحەددین و دەوڵەتەکەی زۆر لەوە باشتر نەبووە. ئەو وەک بابایەکی کورد، لە دووری ھۆزو تیرە و میللەتەکەی، فەرماندەیی لەشکرێکی موسوڵمانی، له‌ ڕووی ئه‌تنی تێکەڵ و پێکەڵی دەکرد، کە بە زۆری لە تورک و کورد پێکھاتبوو، بەڵام خۆبەخشکەرانی موسوڵمان، لە ھەموو جیھانی ئیسلامیەوە ھاتبوونە ناو لەشکرەکەیەوە. لە وڵاتی فارس و ھیند. لە وڵاتانی حیجاز و یەمەن. باکوری ئافریکا و شوێنانی دیش. سەرچاوە ئەوروپیەکان بەو لەشکرەی سەلاحەددینیان دەگوت (سەراسێن، یان سەراسێنەکان)، بە واتای سارانشینەکان. بارودۆخی سەلاحەددین لەسەروبەندی دەستەڵات گرتنە دەستی، زۆر باش و چەسپاو و جێگیر نەبووە. زۆرێک لە سه‌رکرده‌ تورکەکان، ڕیزی سوپایان چۆڵ کردبوو، چونکە له‌ جێگای شێرکۆ، کەسانی دیان بە شایانی فەرماندە دەزانی. ھەندێک لە سەرکردە موسوڵمانەکان، ژێر بە ژێر لەگەڵ ھێزی خاچپەرستان ڕێککەوتبوون، بۆ دابەشکردنی ناوچەکە لە نێوان خۆیاندا. خەلیفەی موسوڵمانان لە بەغدا، لە جیاتی پشتگیری لێکردنی، لە شەڕ دژی خاچپەرستان، ھانی ھەر کەسێکی دەدا، تا لە سەلاحەددین یاخی بێت. بەنگکێشە ئیسماعیلیەکانیش، دەستیان دابووە تیرۆرکردنی سەرکردە و نزیکانی ئەو. تەنانەت زۆری نەمابوو، خودی سەلاحەددینیش تیرۆر بکەن. بەمجۆرە، ئەو ھێشتا شوێن پێی خۆی بە باشی جێگیر نەکردبوو، کە توشی ھەڵمەتێکی گورژم ئاسای ھاوبەشی ھەموو ئەوروپای مەسیحی بووەوە. بێگومان لە بارێکی وادا، ئەوەی بۆ سەلاحەددین گرنگ و زۆر پێویست بووە، پاراستنی دەستەڵاتی و، لادانی ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ بووە لەسەری. ئەو ھەڕەشەیەش، خۆی لە شەڕی خاچپەرستانی ئەوروپیدا دەدۆزیەوە. بێگومان جگە لە ھەڕەشەی ڕاستەوخۆ، ھۆکاری ئایینیش ڕۆڵی گرنگیان بینیووە لە ڕابەرایەتی کردنی ئەو جەنگەی، کە ئەو، بە خۆیی و باوکی و مامی، تێیدا گەورە ببوون و پێگەییون. بێ ھیچ گومانێکیش، بە جیھادی زانیوە. ڕەنگە ھەر ئەو ھۆکارە ئایینیەش بووبێت، وایکردووە تا ھەمووان ڕێبەرایەتی ئەو بسەلمێنن. ھەروەک ئه‌مه‌ش بووه‌ که‌ بۆتە پێکەوە ھەڵکردنی، توخم و ڕەگەزە جۆراوجۆرەکانی ناو لەشکره‌که‌ی. ئەو کارە سەختەی، کە کەوتبووە ئەستۆی سەلاحەددین، ھەموو توانای ئەوی بەخۆیەوە خەریک کردووە. بۆیه‌ ئه‌و کاره‌ زۆرانه‌ی، بواری پڕژانە سەر ھیچ کارێکی دی بۆ نەھێشتۆتەوە.

کوردستان چی لە سەلاحەددین دەویست و، ئەویش چی پێدەکرا؟

وەک دەزانین و لێرەشدا بە درێژی ڕوونمان کردۆتەوە، سەلاحەددین دەستەڵاتدار، یان میرێکی دەستڕۆیشتوی کوردستان نەبوو، تا گلەیی ئەوەی لێ بکەین، پشتی لە گەل و وڵاتەکەی کردووە و، خۆیی و لەشکرەکەی، ڕوویان لە ده‌شته‌کانی شام کردووە و، له‌وێ شەڕی بە خاچپەرستان فرۆشتووە. بە پێچەوانەوە، ئەمە ئەو ڕووداوانە بوون، کە خودی سەلاحەددینیان دروست کرد، بۆیە ئه‌و هه‌رگیز بواری ئەوەی نەبووە، تا پشت لەو ڕووداوانە بکات و، بە ئاراستەیەکی دی بڕوات، بە ھەمان گوڕو تین و پاڵپشتی خەڵکیشەوە، بچێت و کارێکی دیمان بۆ بکات. ئەو سەرەتای ناسراوبوونی، لە قاھیرە، دەبێتە فەرماندەی لەشکری تورکانی ئەتابەکی، بە فەرمانداری نورەددین مەحمود(١١٤٦-١١٧٤ز)، کە لە دوای بەدرەدینەوە، ببوە فەرمانداری موسڵ و حەڵەب و دیمەشق. دیارە ڕێژەیەکی زۆری کوردیش لە سوپاکەیدا ھەبوون. سەلاحەددین ساڵانێکی زۆر، له‌ ناو ئه‌و له‌شکره‌دا، لەژێر سێبەری مامیدا دەمێنێتەوە. ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو، دەرگاکانی سەرکەوتنی بە فراوانی بۆ سەلاحەددین خستە سەر گازەرای پشت. لەشکرێکی خاچپەرست، بە دەستکیسی و ھاوکاری، ھەندێک لە وەزیرە شیعەکانی، فرمانڕەوایەتی فاتمی دەستەڵات لە دەستی قاھیرە، دێنە سەر خاکی میسر. نورەددین، کە سەرپەرشتی شەڕی موسوڵمانانی، لە دژی خاچپەرستان دەکرد، ھەستی بە مەترسی ھاوکاری کردن کرد، لە نێوان شیعە و مەسیحیەکان. ھەر بۆیە داوای لە شێرکۆ کرد، تا پەلاماری خاچپەرستەکان بدات لە میسر. شێرکۆ بۆ ئەو ئەرکە سەربازیەی، سەلاحەددینی برازاشی لەگەڵ خۆی برد. شێرکۆ لە کارە پێسپێردراوەکەی دا سەرکەوتوو بوو. ئەو بە فەرمانی نورەددین، بۆ چاوەدێری کردنی بارودۆخەکە، لەوێ مایەوە. ئەوەبوو شێرکۆ ساڵی ١١٦٩زاینی، هه‌ر لە قاھیرە مرد. دوای ململانێیەکی کورت، لەگەڵ ھەندێک سەرکردەی تورک، جڵەوی لەشکر درا سەلاحەددین، کە ئەو کاتە تەمەنی تەنیا٣٢ ساڵ بوو. لەو کاتەشدا، توخمێکی گرنگی خۆ بە کورد ناساندنی سەلاحەددین و کەسانی نزیکی دەوروبەری دەردەکەوێت. ھەندێک لە خزمە نزیکەکانی سەلاحەددین، پێیان وابووە کە ئەو منداڵکارە و، بۆ ئەو کارە گرنگە ناشێت. بە گوێرەی گێڕانەوەکانی مێژونوس (ئیبن خەلەکان)، وا دەردەکەوێت، یەکێک لە یاوەرە ھەرە نزیکەکانی سەلاحەددین، بە ناوی (شێخ عیسای ھەکاری)، کە جگە لەوەی میر و فەرماندەی لەشکرێکی ھەکاری بووە، زانا و مەلاو پیاوێکی دیپلۆمات و کارامەش بووە. ئەو یەکە یەکە دەچێتە لای خزمەکانی سەلاحەددین و، پێیان دەڵێ کە ئەگەر ئەو ئەرکە بەو نەدرێت، ئەوا فەرماندەیی ناکەوێتە دەست کوردان، چونکە کەسانی دی لێوەشاوە ھەموو تورکن. واتا ھەستی نەتەوایەتیان دەجوڵێنێت و، وایان لێدەکات بێنە لای سەلاحەددین و، سەرکردایەتی وی بپەژیرێنن.

سەلاحەددین له‌ تێڕوانینی بۆ کێشه‌کانی وڵاتی میسر، لە مامی ڕادیکالتر بوو. ئەو لە ساڵی ١١٧١ زایینی دەستەڵاتی شیعەی فاتمی لە میسر ھەڵوەشاندەوە. ھەوڵی دا تا لە جێگای ئەوە، مەزھەبی خۆی، واتا (شافیعی) بڵاوبکاتەوە و بیچه‌سپێنێت. ھاوکات ھەر خۆی، بوو بە فەرماندەی یەکەمی وڵاتی میسر و سودان و لیبیا. پاش ئەوەی کە نورەدین مەحمود لە ساڵی ١١٧٤زایینی مرد، سەلاحەددین ھەلی بۆشایی ده‌سته‌ڵاتی قۆستەوە و، بە شێوه‌یه‌کی ئاشکراو دیوانیی، دەوڵەتی ئەیوبی لە میسر، بە ڕێبەرایەتی خۆی ڕاگەیاند. ئەو ھەر ھەمان ساڵ، پێش ئەوەی کەسێکی دی بارەکە بەکاربێنێت، بە لەشکرێکەوە بەرەو شام ھەڵکشا و، شاری دیمەشقی گرت. ساڵی ١١٨٣زایینی، توانی حەڵەبیش بخاتە ژێر دەستەڵاتی خۆی. سەلاحەددین بۆ یەکەمینجار لە ساڵی ١١٨٦ زایینی، توانی ناوچەی جزیرێ و، دواتر ھەموو ڕۆژئاوای کوردستانیش بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، ئەمەش تەنیا بە ڕاماڵینی دەستەڵاتی ھۆز و میرە تورکەکان جێبەجێکرا. دوای ئەو سەرکەوتنانە، ئیدی ھەموو میرە کوردیەکانی دی، پێشوازیان لە دەستەڵاتی سەلاحەددین کرد. بە ھەمان شێوەش، میرە تورکەکانی ئەنادۆل و ھەولێر و موسڵ، دەستەڵاتی ویان پەژیراند. ته‌نیا خه‌لیفه‌ی عه‌باسیان له‌ به‌غدا مابووه‌وه‌، که‌ نه‌ک هه‌ر دانی به‌ ده‌سته‌ڵاتی سه‌لاحه‌ددین دا نه‌ده‌نا، به‌ڵکو خه‌ڵکیشی له‌ دژ هان ده‌دا.

پێش ئەوەی بێمە سەر ئەوەی کە سەلاحەددین کوردستانی چۆن دیت و چی بۆ کرد، دەپرسم کە ئاخۆ بیرکردنەوە لە دروستکردنی دەوڵەتێک بۆ کورد، ئەرکی کوردێک بووە، کە دوور لە کوردستان دەستەڵاتدار بووە، یاخۆ ئەوە ئەرکی میرو فەرمانڕەواکانی کورد، لەسەر خاکی کوردستان بووە؟ من گلەیی لە میرانی کوردی ئەو کاتە ناکەم، چونکە یەک لە دوای یەک، بە دەستی ھۆزە تورکەکان لەناو بردرابوون. ڕەنگە میرنشینی دۆستەکی، کە تا سەدەی یازدەش مابوو، تەنیا میرنشینێکی کوردی زیندوو بووبێت. ھەروەک نەک سەلاحەددینی دوێنێ، ئەمڕۆش ئەگەر کوردێک، لە گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا دەستەڵاتی بکەوێتە دەست، نایەت دەستبەرداری ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی بێت، بە بیانوی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی. دەوڵەتی سەلاحەددین، لە باکوری ئافریکاوە، تا یەمەن و حیجازو شام و، ئینجا بەشێکی کوردستان درێژ دەبووەوە. بە توانایەکی گەورەی دارایی و ئابوریه‌وه‌. ھەروەھا ئه‌و پیرۆزترین شوێنی موسوڵمانانیشی، واتا (مەککەو مەدینە) لەبەر دەست دابووە. ئایا ئەو دەستبەرداری ھەموو ئەمانە بێت و، بێ لەسەر بەرده‌نێکی ڕەق و ڕووت، ڕاوی تیرە تورکەکانی باش دامەزراو لە کوردستان بنێت، بە نیازی دامەزراندنی دەوڵەتێکی (نەتەوەیی) بۆ کورد؟ لە کاتێکدا ھێشتا کورد خۆی، وەکو نەتەوە ڕەفتاری نەدەکرد. ته‌نانه‌ت دیاردەی نەتەوایەتی، هێشتا لە ھیچ گۆشەیەکی دنیاش دانەکەوتبوو. بۆیە لەجیاتی گلەیی کردن لە سەلاحەددین و میرەکانی ئەو کاتمان، ئێمە دەبێ گلەیی لە سەرۆک و ڕێبەران و پارتە سیاسیە ھاوچەرخەکانمان بکەین، کە نەیانتوانیووە ئەو پێویستیە ھاوچەرخەی دەوڵەت، بۆ گەلەکەیان دابین بکەن. نەوەکانی دوێنێمان، قەرزاری ئەو نەبوونیەی دەوڵەت نین.

جگە لەو داخوازیە زەق و ھەنوکەییە، بۆ دەوڵەت دروستکردن، کە کەسانی نەشارەزا لە سەلاحەددینی دوێنێی دەکەن، سەلاحەددین کە دێتە کوردستان، (دیاره‌ لێره‌دا ته‌نیا مەبەستمان ڕۆخەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە)، کێشەکان و بارو دۆخەکە، له‌وێ بە جۆرێکی دی دەبینێت. ئەو ئەوەندەی کە دەستی پێڕاگەییووە، دەست بەکار بووە. ئەوەی لەو کوردستانە پاشاگەردانەی ئەو سەردەم دەبا بکرابایە، ئەو پتریشی کرد. با تێی ورد بینه‌وه‌ و بزانین چی کردووه‌.

وەک پێشتریش به‌ شێوه‌یه‌کی کورت و پوخت ڕوونمان کردۆتەوە، کوردان ئەو سەردەم، لە پەرێشانیەکی ئەوتۆ دابوون، کە باس لە دەوڵەت دروستکردن، پتر لە خەیاڵێکی خۆش، یان کۆمیدیایەکی پێکەنیناوی دەچوو، تا ڕاستی. ئەوەی بەلای خەڵکەوە گرنگ بوو. هه‌روه‌ها کار و ئەرکی بە پەلە بوو، بریتی بوو لە جێگیرکردن و گیرسانەوەی خەڵکی و، پارێزگاری لێکردنیان، تا جارێکی دی نان و بژێویەک بۆخۆیان پەیدا دەکەن و، دیسان بە ژیانی نیشتجێیی ڕادێنەوە. بەمەش لە نەمان و لەناوچوون و ئاوارەبوونی پتر دەردەچن و ڕزگاریان دەبێت. سەلاحەددین، بۆ بەدیھێنانی ئەو مەبەستە، دوو ڕێگای لەبەردەمدا بوو. یان ئەوەتا دەبا لەشکر پێکەوە بنێت و، ھەڵبکوتێتە سەر ئازەربێجان، بۆ ئه‌وه‌ی تورکان لەوێ وەدەرنێت، تا تۆڵەی دەستەڵات لەدەستچوونی باپیرانی بکاتەوە و، یارمەتی دانیشتوانە ڕەتێندراوەکەشی بدات، دیسان بگەڕێنەوە سەر زێدی باوک و باپیرانیان. یاخود ڕێگای دووەم ھەڵبژێرێت. واتا خەمێک لەو خەڵکە ئاواره‌یه‌ بخواو، لە شوێنی دی، کە دەستی بەسەری دا ڕادەگا و، دەتوانێت بیپارێزێت، جێگا و ڕێگایان بۆ بدۆزێتەوە و بیانپارێزێت، تا سەقامگیر دەبن.

ئەنجامدانی کاری یەکەم، بە ھەموو پێوەرێک ئەستەم و نەگونجاو بوو. پتر لە سەت ساڵ دەبوو، کە تورکان لە ئازەربێجان جێگیر ببوون. زۆر لەو ھۆزو خێڵە کوردانەی، کە لە بنەڕەتدا لە ئازەربێجان ھەرەتە کرابوون، بە تێپەڕ بوونی کات و، ھاوپەیمانەتی کردن لەگەڵ ھۆزی دی، ھاتبوونە سەر خاک و لەوەڕگای ھۆزو تیرەی دی ناو کوردستان. واتا لە جێی هۆزی کوردی دی گیرسابوونەوە و، جێگاشیان بەوان لەق کردبوو. بە کورتی لەو ماوەیەدا، جێگۆڕکێیەکی ئەمەندە ئاڵۆز لە کوردستان ھاتبووە ئاراوە، کە بە چ کەسێ وەکو خۆی لێنەدەھاتەوە. سەرەڕای ھەموو ئەمانەش، زستانی ئازەربێجان ھەوەنتە نەبوو، کە لەشکرێکی پیادە و سوارەی، پشت بەستو بە ئالیک و خۆراک، بتوانن بە ئاسانی خۆیانی لێبدەن. لەمپەرێکی دی ئایدیۆلۆژی زۆر گرنگ ھاتبووە پێشێ. شەڕ کردن لەگەڵ تورکان، لە سەردەمێکدا کە ھەمووان لە ژێر چەتری (ئسلام) و ڕێبەرایەتی سەلاحەددیندا، پێکەوە بەشدار بوون، لە ڕووبەڕوو بوونەوەی پەلاماردەرانی مەسیحی خاچپەرستی لە ئەوروپاوە ھاتوو، کارێکی نادروست و، ناژیرانە و، دوور لە ھەر لۆژیکێکی ئەو سەردەم بوو. خۆ بەشێکی گەورەی سوپاکەی سەلاحەددین خۆی، لە توخمی تورکان پێکھاتبوو. لەبەر ئەو ھۆیانە و، ھۆی دی هێشتا بۆ ئێمه‌ نەزاندراویش، ڕێگای یەکەم لەسەر نەخشەی بیرکردنەوەی سیاسی، بوونی نەبووە. ئه‌و سه‌رده‌م ھۆشی نەتەوایەتیش، ھێشتا چەکەرەی نەکردبوو، تا ختۆکەی کەسانێک بدات و، بیر لەو ڕێگایە بکەنەوە، بە ناوی مافی خوراوەوە.

ڕێگای دووەم، بریتی بوو لە بەدەم خەڵکەوە ھاتن و نیشتەجێ کردنەوەیان و پاراستنیان. ئەمەیان دەکرا جێبەجێ بکرێت، ئەگەر تواناکانی دەستەڵاتێکی بەھێزی بۆ تەرخان بکرێت و، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. سەلاحەددین مەردانە شانی داوەتە بەر ئەم ئەرکە. ناڵێم ئەم کارەی لە ھەستێکی نەتەوایەتی کردووە، لە کاتێکدا ئەو ھەستە ھێشتا لە مرۆڤ شاراوە بووە. بەڵام بێگومان، ئەو بوونی کوردانی ھاوڕەگەزی، لە گەڵ خۆیی و لە شوێنی ستراتیژی وڵاتەکەی و، لە پێگە گرنگەکانی ده‌سته‌ڵات، وەک دڵنیاییەک بۆ مانەوەی دەستەڵات، بێ کێشە داناوە و زانیوە. ئەو بۆ ئەمە، سەردار و فەرماندە و میرە کوردەکان، بە تایبەت ئەوانەی ھەکاری، لەخۆی نزیک دەکاتەوە. هه‌روه‌ک پۆستی سەربازی و، بەڕێوەبەرایەتی گرنگیان پێ دەسپێرێت. شوێنی ستراتیژیش لەو سەردەمە بۆ ئەو، شاری حەڵەب و ناوچەکانی باکوری ئەو سنورە بووە، کە ھێشتا ململانێکان لەسەر چارەنوسیان یەکلایی نەببووەوە. هه‌روه‌ک ده‌سته‌ی (حه‌شاشونی ئیسماعیلی) له‌و ناوچانه‌ خه‌ریکی جموجۆڵ و چالاکی بوون. کە بە وردی سەرنج لە ھەنگاوەکانی سەلاحەددین دەدەین، زوو بۆمان دەردەکەوێت، کە ئەویش چاوی بڕیبووە سەر ئەو ناوچانە و بەلایەوە گرنگ بووە، کە لەوێوە کێشەی بۆ دروست نەبێت. وەک زووتر لێیدواوین، ئەو ناوچانەی کوردستان، کە لە سەرەوە ئاماژەمان بۆیان کردووە، نزیکەی ھەموویان لە ژێر دەستەڵات و فەرمانڕەوایی، تیرە و ھۆز و بنەماڵەی تورکی غەز و سەلجوقی دابوون. بەڵام دانیشتوانەکەیان تێکەڵێک بوون، لە کوردو سریانی و، ھەندێکی دی لە کەمایەتی دی ناسراوی ناوچه‌که‌، وەک تورکمان، جولەکە، ئەرمەن و کەمایەتی دی ئایینی و نەتەوەیی. جارجارەش ھەندێک لەو ناوچانە، دەکەوتنە دەستی ھێزە خاچپەرستەکانی ئەوروپیەوە، کە لە ڕێگای دەریا و ئەنتاکیەوە، یان لە ڕێگای کوستەنتینیە و ئەنادۆلەوە دەھاتن. لەوانە ناوچەی (ئەنتاب)، کە شێرکۆی مامی سەلاحەددین، لە ساڵی ١١٤٩ زایینی لە دەست خاچپەرستانی دەرھێنا. ھەروەھا ناوچەی (ڕوھا)، کە جارێک لە ساڵی ١١٤٤زاینی، عیمادەدین زەنکی لەدەست خاچپەرستانی دەرھێنابوو، بەڵام ئەوان دواتر گەڕانەوە. ئەمجارە سەلاحەددین ساڵی ١١٨٠ زایینی، بۆ دواجار لەدەستیانی وەرگرتەوە. وەک سەرچاوەکان نوسیویانە، ئەو کلێسای شارەکەی ڕوخاند و، بە بەردەکانی مزگەوتێکی لە شاری (حەڕان) پێ دروست کرد. زۆرینەی دانیشتوانی حەران، تا ئەو کات، ئێزدی، یان ئایینێکی زۆر کۆنی سەردەمانی بابلیان ھەبووە.

سەلاحەددین پێویستی بەوە ھەبوو، تا باری ئەو ناوچانە سەقامگیر بکات. کارێکی ھەرە گرنگ کە کردی و، بۆ خەڵکی ئەو کاتی کوردستان، بایەخی مان و نەمانی ھەبوو، ئەوەبوو کە ئەو کوڕێکی خۆی، واتا (غەیاسەدین غازی ئەیوبی، ١١٨٦-١٢١٦زایینی) کردە فەرمانداری ھەموو ناوچەی (حەڵەب و باکوری فرات). ھەروەک (مەلیک ئەشرەف موسای ئەییوب)یش، لە ١٢١٠ تا ١٢٣٧ز، بووە خاوەنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی حەڵەب، واتا حەران و ڕوھا و ئەخلات، کە تا پەلاماری ھاوبەشی مەغۆل و دەستە مەسیحیە خۆجێیەکان، لە ساڵی ١٢٥٧ زایینی، ناوچەکان لە دەست بنەماڵەکەیدا مانەوە.

غەیاسەدین، دوای مەرگی سەلاحەددینی باوکی، بووە پاشای دەوڵەتی ئەیوبی، کە تەنیا تا ساڵی ١٢٦٠ زایینی، توانی بەسەر پێوە بمێنێت. لەو ساڵەدا بوو، کە ( مەلیک ناسر سەلاحەددین یوسف کوڕی محەمەدی ئەیوبی)، سوڵتانی حەڵەب و دیمەشق بوو. کە بە ھۆی پەلاماری مەغۆلان، بە ھاوکاری دەستە مەسیحیە خۆجێیەکان، دواتریش ھاتنی سوپای (مەمالیک)ی میسری، فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌که‌یان لەناوچوو. لەشکری مەغۆلان، بە سەرکردایەتی (کیتبۆکا)، کە مەسیحیێکی نەستوری ئاسوری ناوچەکە بوو، توانی ساڵی ١٢٥٩زایینی، دەست بگرێت بەسەر میافارقین، ڕوھا، نسێبین، حەران و ھەموو ناوچەی جزیرێ بۆتان. کاتێ کە لەشکری مەغۆلان، گەیشتنە ناو دیمەشقی پایتەختی ئەیوبیانیش، سێ فەرماندەکەی لەشکری مەغۆل، ھەموویان مەسیحیانی خۆجێیی بوون. واتا ھەیتومی پاشای ئەرمەنیەکانی (مەڕاش)، بیمەندی فەرمانداری ئەنتاکیە و، زاوای ھەیتوم. ھەروەھا کیتبۆکای فەرماندەی ئاسوریانی نەستوری. واتا شەڕەکە ھێشتا وەک درێژەدانی شەڕی خاچپەرستان دەھاتە بەرچاوی خەڵکەکە. مەلیک ناسر سەلاحەددین یوسف کوڕی محەمەدی ئەیوبی، دوا پاشای ئەیوبی، هه‌ر لە دیمەشق بەدیل گیراو، دواتریش بە دیلی کوشتیان. چیرۆکی نەوەکانی سەلاحەدین لە کوردستان، بە کۆتایی ھاتنی دەستەڵاتی بنەماڵەکە و، لێرە دوایی نایەت. لە کاتی پەلاماری تورکانی شیعەی سەفەوی بۆ سەر کوردستان، بە ڕێبەری شا ئیسماعیلی سەفەوی، ئەوان کوردستانیان سوتماک کرد. میرە کوردەکان، بە بیستنی بەڕێکەوتنی سوڵتان سەلیمی عوسمانی بۆ شەڕی شیعە، ھەریەکە و لە لای خۆیەوە، کەوتنە ھێز کۆکردنەوە و، پەلامار بردنە سەر ئۆرد و قشونی شا لە شارەکان. وەک لە شەرەفنامەدا ھاتووە، نەوەیەکی سەلاحەدین، یەکێک بووە لەو میرە ئازایانە. مەلیک خەلیل، کە لە نەوەکانی سەلاحەددینی ئەیوبی بوو، توانی ھەسەنکێف و سێرت ڕزگار بکات.

ئەو چەند دێرەی سەرەوە، دەریدەخەن کە لەو ساڵانەی سەلاحەددین بۆتە تاکە دەستەڵاتداری بێ ڕکەبەری شام و میسر، کوڕەکانی خۆی ناردوونەتەوە کوردستان، یان ئەو ناوچانەی کە ھێشتا کێشەیان لەسەر بووە و، دەستەڵاتی ڕەھای لەو شوێنانە پێداون. ھاوکات توانیویەتی پەیوەندیەکی زۆر باش، لەگەڵ سەرجەم میرە کوردەکان دابمەزرێنێت. ئەو، پەیوەندی و دۆستایەتی، لەگەڵ میرە تورکەکانی دەستەڵاتدار لە کوردستانیش، ھەر خۆش و بەھێز بووە. سەلاحەددین، بە بایەخدانی زۆر و لە ڕادەبەدەری بەو ناوچانەی ڕۆژئاوای کوردستان، جا بە ئاگایی بووبێت، یان لە نائاگاییەوە، توانی چارەنوسی ئەو دەڤەرە بەرفراوانە، بە قازانجی نیشتەجێ بوونی کوردان، یەکلایی بکاتەوە. ئەگەر سەرەنجامەکانی ئەو کارو کردەوەی سەلاحەددین ھەڵبسەنگێنین، ئەوا دەڵێین، لەو سەردەمە کورتەی دەستەڵاتی ئەیوبیان، کە تەنیا بەسەر ڕۆخێکی کوردستان ڕادەگەیی و، ھەرگیز ئارامییشی بەخۆیەوە نەدی، کورد لە بەرامبەر ئەو خاکەی کە سەت ساڵ زوتر، لە ڕۆژھەڵات و ئازەربێجان، بە دەستی ھۆزە تورکەکان لە دەستی دابوو، لە ڕۆژئاوا پتریش لەوەی وەرگرتەوە.

دەبێ ھەمیشە ئەوەمان لەبیر بێت، کە فەرمانڕەوایی بنەماڵەی کوردی ئەیوبی، بە کردەوە تەنیا لە ڕۆخێکی کوردستان، یان لە جزیرێ و حەڵەب بوو، لە نێوان ساڵانی ١١٨٣ز، تا ١٢٦٠ زایینی. واتا تەنیا ماوەیەکی کورتی پشودانی ٧٧ ساڵە بووە، لە نێوان دەیان شەپۆڵە کۆچی یەک لە دوای یەکی، ھۆزە تورکەکان، لە ناوەڕاستی ئاسیاوە بۆ کوردستان و وڵاتی ڕۆم. خودی دەوڵەتی ئەیوبی، دەبێتە قوربانی یەکێک لەو شەپۆڵە کۆچانە، واتا شەپۆڵی کۆچی مەغۆلان، لە ناوەڕاستی ئاسیاوە. دوای ئەوەش، ئەو شەپۆڵانە ھەر بەردەوام بوون. ئەوان دیسان فەرمانڕەوایی نزیکەی تێکڕای کوردستانیان کەوتەوە بەردەست. ھەر لە ئێلخانی و جەلایەریانەوە، تا ئاق قۆینلو و، تەیموری لەنگ و، قەرە قۆینلو، ئینجا نۆرە به‌ هه‌ر یه‌ک له‌ سەفەویان، قاجاره‌کان و عوسمانیانیش ڕادەگات. تورکان دەستیان بەسەر ھەموو شتێک ڕادەگەیی. تورکانی ئازەربێجان، لە سەرەتای سەدەی پازدە، بوونە ئاڵاھەڵگری عەلیپەرستی و، دواتریش شیعەگەری. ئەوان ئەمجارە لەژێر ناوی شەڕی دوژمنانی عەلی، شەڕیان لە دژی کوردان ڕاگەیاند و، نزیکەی تێکڕای وڵاتەکەیان گرت و سوتماک کرد. دواتر شەڕەکە کەوتە نێوان تورکانی شیعە و، تورکانی سوننە. بەمە کوردستان ئاھێکی بەبەردا ھاتەوە، ئەگەرچی سەربەخۆیی خۆی لەدەست دا. ھەموو ئەو داگیرکردن و پەلامارە زۆرانەی دەستە تورکەکان، چیتر نەیانتوانی لە سنورەکانی ناوەوەی کوردستان، گۆڕانی ئەتنی و نەتەوەیی گەورە بێننە کایەوە. ھەروەک ئەو سنورەی سەلاحەددین و نەوەکانی وی، لە ڕۆژئاوا دا بۆ کوردستانیان داڕشت، تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، کە ٨ سەدەی بەسەردا تێپەڕیوە، نزیکەی ھەر وەکو خۆی ماوەتەوە. تاکە ھەڕەشەیەکی مەترسیدار کە لەو سنورانە کرابێت، ئەوا لە دوای شەڕی یەکەمی جیھان بوو. کاتێک کە وڵاتانی ھاوپەیمان، له‌ شه‌ڕه‌که‌دا زاڵ بوون، ویستیان سزای کوردان بدەن، هاوکاتیش پاداشتی لایەنگرەکانیان بدەنەوە. ئەو پاداشتەیان خستە چوارچێوەی چەند بەندێکی پەیماننامەی سیڤەر. بە گوێرەی ئەو بەندانەی په‌یمانه‌که‌، بەشێکی زۆری زەوی کوردستانیان، بە ھۆز و تیرە و کەمایەتی و، دەستەی ئایینی ناوچەکە بەخشی. بە قوربانیەکی زۆری باپیرانمان و، مرخی تورکان لەو ناوچانە، پەیماننامەکە لە گۆڕ نرا. تورکانیش له‌ کۆماری تورکیادا، دوای ھەشتا ساڵ سەرکوتکردنمان، کەچی نەیانتوانی تەنیا دێیەکیش بە تورک بکەن.

دیارە بەرەنجامی ئەو کارە گرنگەی سەلاحەددین لە ڕۆژئاوای کوردستان، بووە ھۆی ساڕێژ کردنی بەشێک لە برینەکانی ڕۆژھەڵاتمان. من دڵنیام گەر سەلاحەددین ناوەندی دەستەڵاتی خۆی، دوور له‌ کوردستان و لە میسر ھێشتبایەوە، ئەمڕۆ نەخشەی کوردستان و، ئەو خاکانەی کە کوردنشینن، ھەرگیز بەمشێوەیەی ئێستا نەدەبوون. لەمەش ھەر دڵنیام، کە لە ڕۆژگارێکی جەنجاڵی نێوان دوو شەپۆڵە پەلاماری گەورەی شەڕکەرانی لەبن نەھاتوودا، ( مەبەست لە پەلامارە شەپۆڵ ئاساکانی ھەردوو، تورکان لە ناوەڕاستی ئاسیاوە و، پەلاماری خاچپەرستانی مەسیحیش لە ئەوروپاوە)، کارێکی لەمە گەورەتر و گرنگتر، لە ماوەی تەنیا ٧٧ ساڵدا لە دەست ھیچ فەرمانڕەوایەکی دی نەدەھات.

ئەگەر بە دوای ھەندێک وردەکاری دیشدا بچین، ئەوا دەمەوێ ئاماژە بۆ ئەمە بکەم کە لەناو ھۆزە کوردەکانی ڕۆژھەڵاتی شاری موسڵ و تا کەناری دیجلە، واتا ( زراریەکان، باجەللان و شێخ بزێنی و ھیدیش) دا، بۆچوونێکی وا باوە، کە سەلاحەددینی ئەیوبی، ئەوانی وەکو پشتێنەیەک لەو ناوچانە نیشتەجێ کردووە و، زەوی و زاری بەسەردا دابەشکردوون. ناوچەکە تا سەردەمی سەلاحەددینیش، تێکەڵەیەک لە دەستە مەسیحیە نەستوری و سریانیەکان، ھەروەھا کورد و کەمینەیەکی عارەبی لێ بووە، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک هۆزی کۆچه‌ری تورک. من تا ئێستا نەمتوانیوە شتێکی وا لەمبارەیەوە، لە سەرچاوەی نوسراودا ببینمەوە، بەڵام شتەکە زۆر ڕێی تێدەچێت. موسڵ خۆی شارێکی بێگانە بە سەلاحەددین نەبووە. ئەو بەشێکی تەمەنی منداڵی خۆی، لەوێ بەسەر بردووە. ھەروەک بە گوێرەی نوسراوەکانی ابن حوقل، له‌ (صورة الارض)، ھەزبانیەکان و ھۆزی دی کوردی، لە شاری موسڵ گەڕەکی تایبەت بەخۆیان ھەبووە. ئەمانە ھەمووی، بۆمان دەردەخات کە لەوانەیە سەلاحەددین، بایەخێکی تایبەتی بە شارەکە دابێت.

زۆر پرسیار ھەن لە ژیانی سەلاحەددین، کە هێشتا بێ وەڵامن. یان وەڵامدانەوەیان پتر لێکدانەوەیە. ئەو دەوڵەتی ئەیوبی لە میسر ڕاگەیاند، ھۆی چی بوو کە گەڕایەوە شام؟ ھەروەک بۆچی کوڕەکەی خۆی کردە فەرمانداری حەڵەب و جزیرێ, بەڵام بیری لە حیجاز و شوێنی دی نەکردەوە، لە کاتێکدا ئەو شوێنانە، ڕووگەی پیرۆزی ھەموو موسوڵمانانی لێ بوو؟ ئاخۆ بۆچی خوشکی خۆی بۆ ھەولێر نارد و، لەوێ بە شوی دا؟ ئاخۆ لە پای چی، پەیوەندی وا بەھێزو نزیکی، لەگەڵ میری ھەکاری و، شێخ و مەلا و زانایانی کورد دامەزراندبوو؟ دەکرێت وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە و، پرسیاری دیش تاوتوێ بکرێن و، ھەندێک ڕاستی و فاکتەیان لێ ھەڵبکڕێندرێت. بەڵام ئەمانە ھەمووی هه‌ر ھۆکارن. ھۆکارەکان تەنیا لە سەردەم و گەرماوگەرمی ڕووداوەکاندا زۆر گرنگ و بە بایەخن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، بایەخی ھۆکارەکان نزم دەبنەوە و، لە خامەی مێژونوسان دەکەون. ھاوکات تەنیا بەرەنجامەکانن، کە بەرچاو دەبن. ئێمە دەزانین کە ئەگەر سەلاحەددین بەو ئاراستەیە کاری نەکردبا و، ڕووداوەکان بەو شێوەیە نەھاتبانایە پێش، سەرەنجامەکانیشی بۆ ئێمەی خەڵکی کوردستان جۆرێکی دی دەبوو.

سەلاحەددین ھێشتا لە ڕۆژانی تەنگانە بە ھانامانەوە دێت!

سه‌رنجی خوێنه‌ری ئه‌م بابه‌ته‌ ڕاده‌کێشمه‌ سه‌ر یه‌که‌مین دێره‌کانی ئه‌م گوتاره‌. ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌ڵام، یان ڕوونکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕووداوه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌دا ئاماژه‌م بۆ کردووه‌.

سەلاحەددینی ئەیوبی، بەو ئاکار و ڕەفتارو خەسڵەتە مرۆڤایەتیەی، کە لە شەڕ و ململانێ، لەگەڵ دوژمنەکانی دەینواند، ھەروەھا بە شێوەی تایبەت و ناوازەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتەکەی، دوور لە ھەر دەمارگیریەکی ئایینی و ناوچەیی، کە پێی ناسرابووەوە، تا ئێستاش، بەڵێ تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە خزمەتکردن بە گەلەکەی خۆی. ئەو، بە کارەکانی، ئەو خزمەتەی خۆی، نزیکەی تەنیا بۆ گەلەکەی خۆی، واتا بۆ کوردان بە میرات بەجێھێشتووە. زۆر لە خوێنەران ڕەنگە ئەم بۆچوونەی منیان بەلاوە سەیر بێت! بۆیە دەمەوێت بە شێنەیی ڕوونی بکەمەوە.

یەکەمجار لەمەوە دەست پێدەکەم، کە تا ڕادەیەکی باش زاندراوە، دیاردەیەکی پۆزەتیڤ و چاک ھەیە، کە پتر لای بەشێک لە کوردانی دانیشتوانی وڵاتانی ئەوڕوپا و ئەمەریکا، دەبیندرێت و ھەستی پێ دەکرێت. بەشێکی بناغەیی و ھەرە زۆری ئەم دیاردەیە، بۆ خودی کەسایەتی زۆر بەرز نرخێندراوی سەلاحەددینی ئەیوبی، لە کۆمەڵگای ئەوروپی دەگەڕێتەوە.

دیاردەکە لەمەدا خۆی دەبینێتەوە، کە کوردان بە گشتی، لای ھاووڵاتیانی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی، ھەروەک لە پەیوەند لەگەڵ دامودەزگای دیوانیی، ناحکومی و حیزبی، یان ڕێکخراوە دیموکراتیەکانەوە، ڕێزێکی تایبەتی لێدەگیرێت و، ھەمیشە پشتگیری لە داخوازیە ڕەواکانی دەکرێت. ئێمە لە زۆر ڕووداو و پێشھات، بە چاوی خۆمان بینیومانە کە تاکی ئەوروپی، ھەمیشە لە پێشھات و ڕووداوەکانی ڕۆژانەدا، کوردان، لە عارەب و تورک جیادەکەنەوە. (ئێمە باسی ھەڵوێستی سیاسی حکومەتەکان ناکەین، کە لەسەر بناغەی پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان لە لایەک و، گوشاری خەڵکیش لە لاکەی دیەوە، پارسەنگ ڕادەگرێت).

من زۆر جاران لە خۆمم پرسیوە کە ئایا بۆچی ھەڵوێستی تاکی وشیاری ئەوروپی بە گشتی، لەگەڵ عارەب و تورکان بەو ئەندازەیە دۆستانە نیە، وەک بۆ نمونە لەگەڵ کوردان دا ھەیە. ئەمەندە بەس نیە، کە ئێمە خاوەنی کێشەیەکی ڕەواین و، میللەتێکی ماف خوراوین. من گەواھی دەدەم، کە لە زۆر پێشھات، ئه‌وروپیان ھەر کە دەزانن کەسی بەرامبەریان کوردە، ڕوویەکی دی تەواو جیاو دۆستانە پیشان دەدەن. ئایا بۆچی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا، زۆر جار بە خۆڕایی لەسەر ئێمە و داواکانمان ریپۆرتاژ دەنوسن، لەکاتێکدا کاربەدەستانی تورک و عارەب، دەبێ پارەیەکی زۆر بدەن، تا گوتاری جێویستی خۆیانیان لەسەر بڵاوبکرێتەوە؟. جارێک ڕۆژنامه‌نوسێکی رووس گێڕایه‌وه‌ که‌ چۆن له‌ به‌رامبه‌ر بڕه‌ پاره‌ی زۆر، گوتاری له‌سه‌ر تورکیا و ڕێکخراوی ئازادیخوازی فه‌له‌ستینی نوسیوه‌. ئەم مەسەلەیەم زۆر جار لەگەڵ دۆستانی کورد و، تەنانەت کەسانی بیانیش تاوتوێ کردووە. دوای وتووێژ و تاوتوێ کردنی بابەتەکە، لەگەڵ چەندان کەسی پسپۆڕ، ڕاستیەکی سەرنجڕاکێشم بۆ دەرکەوت:

* * *

سێ ڕووداوی زۆر گەورە و کاریگەری مێژویی، لە پەیوەندی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، ھەمیشە لە ھەستی نادیاری ھاووڵاتی ئەوروپی بە گشتی و، ڕۆژئاوایی بە تایبەتی، ئامادەن و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لەودیو ناخی تاکەوە، کاریگەریان لەسەر ھەڵوێست وەرگرتنیان لە ڕووداوە ھاوچەرخەکان دەبێت. به‌ تایبه‌ت کاتێک کە ئه‌وان چ وه‌ک تاک و، چ وه‌ک کۆمه‌ڵ، ڕووبەڕووی پرسە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەبنەوە.

ئەگەر بە گوێرەی سەردەم، ئەو سێ ڕووداوە مێژوییە ھەمیشە زیندووە، لای تاکی ئه‌وروپی و له‌ ئەوروپا پۆلێن بکەم، ئەوا بریتین له‌:

ڕووداوی یەکەم: بریتیە لە پەلاماری موسوڵمانانی عارەب بۆ سەر ئیسپانیا و داگیرکردنی ئه‌م نیمچه‌ دوورگه‌یه‌. ئەو پەلامارەی، کە چی وای نەمابوو، سەرە سمی ئەسپی پەلاماردەران، بگاتە ناو شاری ئەو کات گەورە و گرنگی پاریس. ئەو داگیرکردنە بوو، کە بۆ یەکەمینجار ھەڕەشەیکی ڕاستەوخۆ و مەرگباری، بۆ سەر دابو نەریت و ئاینی ھاوبەشی ئەوروپیەکان پێکھێنا. داگیرکردنی ئیسپانیا له‌لایه‌ن عاره‌بی موسوڵمانه‌وه‌، بە ڕادەیەکی زۆر ئەوانی لە مەترسی لەناوچوون و نەمانیان نزیک کردەوە.

ڕووداوی دووەم: ھەڵمەتە یەک لەدوای یەکەکانی خاچپەرستانی ئەوروپی بوو، بۆ ڕزگارکردنی ئورشەلیمی قودس و شوێنە پیرۆزەکانی دی مەسیحیان، لە ژێر دەستی موسوڵمانان، یان وەک ئەوان ناویان نابوون (سەراسێنەکان). سەرەتای شەڕو پەلامارەکان ئەو کاتە ڕوویاندا، کە تورکانی سەلجوقی، بە ڕێبەرایەتی فەرماندەکەیان (ئەرسەلان)، ئەو گەشتیارە مەسیحیە بێچەکانەیان تاڵان و ڕووتکردەوە و، ئینجا کوشتنیانن، کە ئه‌وان وەک ھەمیشە، بە ڕێگای ئەنادۆلەوە، بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی ئورشەلیمی قودس بە ڕێگاوە بوون. مەسیحیەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا، یان ئەرتەدۆکس و کاتۆلیک، کە تا ئەو کات لەگەڵ یەک ھاوکاریان نەکردبوو، ئەوجارە یەکیان گرت بۆ ڕزگارکردنی ئورشەلیم لە دەست سەراسێنەکان. شەڕەکە دووسەت ساڵی خایاند. ئەوان توانیان بۆ ساڵانێکی زۆر، جێپێی خۆیان لە گەلێک شوێنی ناوچەکە قایم بکەن.

خاڵی وەرچەرخانی ئەو پەلامارانە، ھەڵمەتی سێیەمی ئەوروپیان بوو. ئەوان لەو پەلامارەیاندا، لە شەڕگەی بەناوبانگی (حتێن)، ڕووبەڕووی سەلاحەددینی ئەیوبی بوونەوە. ئه‌وروپیان لە شەڕەکەدا تێکشکان. ئه‌وان بۆ یەکەمینجار، نزیکەی له‌ دوای دوو سەدە، شوێنە پیرۆزەکانی ئورشەلیمیشیان لەدەست دەرچوو. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە، ئەمەیە کە ئەوروپیەکان، سەلاحەددینیان چۆن ناسیوە و، چۆن ھەڵیانسەنگاندووە. لە ھەموو سەرچاوە ئەوروپیەکاندا، ئەو دوژمنەیان بەوە پێناسە کردووە، کە سەرکردەیەکی کوردی جوامێر و، لێوەشاوە و، مرۆڤدۆست و، دڵفراوان و، بە بەزەیی و، شارەزا لە ھونەرەکانی جەنگ و کاری دیپلۆماتی بووە. ئەو یەکەمین کەس بووە کە یاساو پرەنسیپی مرۆڤانەی، لە شەڕدا پەیڕەو کردووە و، شەڕی نەخستۆتە ناو ڕق و تۆڵە کردنەوە و، تێکشکانی یەکجارەکی بەرامبەره‌که‌ی. ئەو تەنیا و تەنیا، شەڕی بۆ سەپاندنی مەرجی باشتر، وەک ئامرازێک بەکاردێنا. ھەموو ئەمانە، بۆ ئەوروپیان شتی تازە بوون. ئەو بریندارە بەجێماوەکانی دوژمنی، لە مەیدانی شەڕ تیماردەکردن، ئینجا دەیناردنەوە. دیلەکانیانی ئازاد دەکرد. تەنانەت ئەو، لە گەرمەی شەڕو ململانێشی دا، پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ ریچارد شێردڵی پاشای بەریتانیای گەورە نەپچڕاند. کاتێک کە زانی ریچارد نەخۆشە، پزیشکی تایبەتی خۆی ناردە سەری، تا چارەسەری بکات. کە لە دوا شەڕیشدا سەرکەوت و، چەکدارانی ئەوروپی لە قودس و ھەموو فەلەستین وەدەرنا، ئاگاداری کردنەوە، کە شوێنە پیرۆزەکانیان دەپارێزێت و، ھەر لە ساڵی ئایندەوە، بۆیان ھەیە وەک جاری جاران، بۆ سەردانی ئەو شوێنانە بێنەوە. هه‌روه‌ک له‌ کاتی هاتنیان بۆ ئه‌و شوێنانه‌، ئه‌وان ژیانیان و کلێسا و کەلوپەلەکانیان پارێزراو دەبێت. تەنانەت لەوەشی تێپەڕاند و ڕێگای پێدان، تا لە شارەکانی سور، تەرابلوس و ئەنتاکیا، بنکە و بارەگا و ھێزیان بمێنێتەوە. سەلاحەددین ڕەنگە یەکەمین سەرکردەی مێژو بێت، کە بە شێوەیەکی دیپلۆماتانە، پەیمانی ئاشتی لەگەڵ لایەنی دۆڕاو لە شەڕ بەستبێت، تا لە باری دەرونیەوە ھەست بە دۆڕاوی نەکەن و، خۆیان بۆ تۆڵە و شەڕی دی ئامادە نەکەن.

بەشێکی زۆر لە ھەڵوێستە جوامێرەکانی سەلاحەددین لە شەڕدا، دواتر بوون بە بەشێکی گرنگی بناغەی پرەنسیپە مرۆڤایەتیەکانی شەڕ. ئەوروپیەکان کە مێژوی ئەو سەردەمە دەنوسنەوە و دەخوێنن، یان بە شێوەی رۆمان و فیلم دەریدەخەن، شەرم لەخۆیان دەکەنەوە، کە ئەوان لەو شەڕانەدا، چەندە نەزان و کەودەن و نامرۆڤانە بوون، له‌ کاتێکدا ئەو فەرماندە کوردەی بەرامبەریشیان، چەند جوامێر بووە.

ڕووداوی سێیەمیش: پەلاماری پەیتا پەیتای تورکەکانی عوسمانی بوو، بۆ ناو خودی ئەوروپا. سه‌ره‌تا له‌ ڕۆژئاوای ئه‌نادۆله‌وه‌ ده‌ستی پێکرد، که‌ بە گرتنی شاری (کوستەنتینیە، ئەستەمبۆل) لە ساڵی ١٤٥٣ زاینی، گه‌یشته‌ چله‌پۆپه‌ی. ئەو شارەی کە واتایەکی سیمبولی زۆر گەورەی ئایینی بۆ ئەوروپا ھەبوو. ئاخر ئەستەمبۆل، جگە لەوەی پایتەختی ئیمراتۆریەتی ڕۆمی بێزەنتی بوو، ناوەندی ئایینی ئەرتەدۆکسیش بوو لە جیھانی ئەو کاتدا. ھەروەک پێگەیەکی گرنگی زمانی یۆنانیش بوو، وەک زمانی ئایینی مەسیحی، لەناو کلێسای ئەرتەدۆکسیدا.

ئەو پێشڕەویەی تورکان لە ڕۆژھەڵات و ناوەڕاستی ئەوروپا، زوو ئەوەی لێکەوتەوە کە دەست بەسەر یۆنان، بالکان، بولگاریا، نیوە دوورگەی کیرم، رومێنیا و مۆڵداڤیا دابگرن. پێشڕەوی تورکان، بەو ئەندازەیە پەرەی سەند، تا توانیان لە نێوان مایسی ١٦٨٣زایینی بۆ مانگی ئەیلولی ئەو ساڵە، بگەنە پاڵ دیوارەکانی شاری ھەرە گەورە و ئاوەدانی ئەو کاتی ئەوروپا، واتا ڤیەنا و گەمارۆی بدەن. ئا لەو سەردەم و کاتانەدا بوو، کە تورکان گەورەترین ھەڕەشەیان لەسەر زمان و ئایین و فەرھەنگ و، بگرە مان و نەمانی ھەموو ئەوروپیان پێکھێنا. مەترسیەک کە تا ئێستاش، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی، لەرز دەخاتە ناو ھەناوی خەڵکانی وشیارەوە.

ئەو سێ ڕووداوە مێژوییە گرنگە، لە ھەموو قۆناغەکانی خوێندن و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا، بوونێکی هه‌میشه‌ییان هه‌یه‌. بە شێوەی جۆراوجۆر، ھاووڵاتی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی پێ گۆش دەکرێت و، ھەمیشە لە بیریان ئامادەیە، بە جۆرێک کە بۆتە بەشێک لە ھەستی نەدیوی تاکی ئەوروپی. ھاوکات ڕووداوەکان بەشێکی گرنگی ھەستی ھاوبەش و ئەوروپی بوونیان، لای گەلانی ئەو ھەرێمە ئافراندووە.

کە تاکی ئەوروپی و ڕۆژئاوایی، ڕووبەڕووی کوردان دەبێتەوە، یان پرس و کێشەی کوردی دێتە پێشێ و، داوای ھەڵوێست لێوەرگرتنی لێ دەکرێت، ئەو کاتە ھاوکێشەکە بۆ ئەو زۆر سادەو ئاسان و ڕوونە: کوردان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەژین. ئەوان لەوێ و لەسەر خاکی خۆیان، کێشەیان لەگەڵ عارەب و تورکان ھەیە. عارەب و تورکیش، ھەر نەوەی ئەوانەن، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان، زۆری نەمابوو ئەوروپا و فەرھەنگ و دابونەریتەکەی، تەفروتونا بکەن. ھاوکات کوردانیش جۆرە پەیوەندیەکی کۆنیان بە ئەوروپیانەوە ھەبووە. ئەوان نەوەی سەلاحەددینی ئەیوبین، ئەو دوژمنەی، کە جوامێرانە جەنگیی و، لە چاکە و ستایش بەولاوە، ھیچی بۆ دوژمنە پەلاماردەرەکانی بەجێنەھێشت. ئەمە ئەو ھاوکێشە سادەیەیە، کە ئەودیو بیری تاکی ڕۆژئاوایی پێکھێناوە، لە پێکھێنانی دیدی تایبەتیدا بۆ کێشەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. سەیر دەکەین، لەمەشدا گیانی نەمری سەلاحەددین، ھەروەک سوپەری تارمایی، لە پێشماندایە و، فریامان دەکەوێت. ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ که‌ لە ناو نەوەی دوژمنە کۆنەکانیدا، دۆستمان بۆ کۆدەکاتەوە.

سەرەنجام

سەلاحەددینی ئەییوبی، کەسایەتیەکی ناسراوی کورد، یان بە ڕەگەز کوردە. ئەو لە دەرەوەی کوردستان لەدایک بووە و، ژیاوە و، پێگەییوە و، مردوە. ئەو بە دەست و بازوی خۆیی و، لێھاتویی و لێوەشاوەیی باپیر، باوک و مامی، توانی ھەزاران کیلۆمەتر دوور لە کوردستان، فەرمانڕەوایەتیەک دابمەزرێنێت. ئەمە لە سەردەمێکدا بووە، کە ناوچەکە بەوە دەناسرایەوە کەوتبووە بەر شەپۆڵی گەورە و یەک لەدوای یەکی، تیرەو ھۆزی لێکجیای تورکان. ئەوان زۆر زوو، باڵیان بەسەر کوردستاندا ڕاکێشا و، لەگەڵ شەپۆڵی زووتری عارەبان، لەنگەریان بە یەکتری دەگرتەوە. ئەو لە سەردەمێکدا و لە ناوچەیەک دەرکەوت، کە ناوچەکەی بۆ چرکەساتێکیش سانەوەی نەبووە و، ھەمیشە یان لە شەڕ دابووە، یان لە باری خۆئامادەکردن دابووە، بۆ شەڕی داھاتوو. سەلاحەددینیش وەکو فەرمانڕەوایەک، لەسەر ئەو ناوچە شەڕاویەدا، بووە میراتگری شەڕ. تەنانەت ئەو ھەر کوڕی شەڕ و، پەروەردەی دۆخی شەڕ بوو. زەقتر دەڵێم، شەڕ بوو کە ئەوی خەمڵاند و پێگەیاند. سەلاحەددین، سەرەڕای خەریک بوونی بەردەوامی بە شەڕەوە، توانی ئاوڕێکیش لە زێدو وڵاتی خۆی بداتەوە. چواردەوری ھەمیشە، بە میر و مەلا و زانایان وشەڕکەرانی کوردی، ناوچە جیاجیاکانی کوردستان گیرابوو. ئەو کوڕو خزمەکانی خۆی، ناردنەوە کوردستان و، لەسەر ناجێگیرترین بەشی ئەوکاتی خاکی کوردستان، کردنی بە فەرمانڕەوا. مەبەستمان ئەو ناوچانەی ئەوپەڕی ڕۆژئاوای کوردستانە، کە ئەوکات، ھێشتا ململانێیەکی گەرمی لەسەر بوو. ئەو کارەی وی، ھاندەرێکی باشی خۆگرتنەوەی کوردان و، باڵادەست بوونی ڕەگەزی کورد بوو، لەو ناوچانەی کە لە سەرەوەدا ناومان ھێنان. ئەو باڵادەستیەی، کە تا ئەمڕۆش، ھەر درێژەی ھەیە و، گۆڕانێکی پێچەوانەی پێوە دیار نەبووە.

ئەگەر ئەمەش ڕاست بێت، وەکو خەڵکەکە پشتاوپشت دەیگێڕنەوە، کە بە فەرمانی ئەو بووە، ھۆزو تیرە کوردەکانی زراری، باجەللان و شەبەک، لە ڕۆژھەڵاتی شاری موسڵ، یان (ده‌شتی نه‌ینه‌وا) جێگیر بوون و گیرساونەتەوە، ئەوا دووربینیەکی دی بە کارەکانی ئەو کەڵە پیاوە دەدرێت. ئەمڕۆ ئەو بوونەی کوردان، که‌ ھەر ئەو ھۆزانەی سەرەوەن، وایکردووە ھێزی مرۆیی کوردان، تا سەر ڕوباری دیجلە بکشێت و دەستەڵاتی ھەبێت.

ئێمە تەنیا جەخت لەمە ناکەینەوە، کە ئاخۆ سەلاحەددین لە کوردستان چی لەدەست دەھات و، چی کردووە. لە پاڵ کارەکانیدا، ڕەوشت بەرزی ئەو فەرماندەیە، لە شەڕ لەگەڵ دوژمنەکانیدا، بۆتە قه‌ڵغان و سوپەرێکی لەبڕین نەھاتوو، کە تائێستاش گەلەکەی وی دەپارێزێت و، تا دێت پشتیوانیشی بۆ پتر دەکات. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئێمە وازمان لەو سەرکردەیە ھێناوە و، چیتر ئەو وەک بەشێکی زیندوی مێژوی خۆمان و، دابونەریت و ڕەفتاری مێژویی گەلەکەمان ناخەینە بەرچاوان. ئەو ناوبانگەی سەلاحەددین لای دوژمنانی پەیدای کردووە، ئەمەندە بەرزو گەشاوەیە، کە ئێمە بە شانازی پێوەکردنی ناترسین، لە کاتێکدا عارەبەکان ناتوانن بە ھەمان شێوە، بە سەرکردەی بە ڕەگەز ئەمازیگ (به‌ربه‌ر)، تاریقی کوڕی زیادەوە بنازن لای ئەوروپیانەوە. ئەو پیاوەی ڕێبەرایەتی و سه‌رکردایه‌تی داگیرکردنی خاکی ئیسپانیا، یان ئەندەلوسی کرد. ھەروەک تورکانیش، ھەرگیز لای ئەوروپیان، شانازی بە موحەمەدی فاتیح و سوڵتانەکانی دیانەوە ناکەن، کە لە پان و بەرینی خاکی ئەوروپا، تەڕاتێنیان به‌ سوپاکانیان دەکرد، چونکە ھەردوو لای ململانێکان، لەسەر ھەڵسەنگاندنیان کۆک نین.

ئه‌مه‌ دیاردەیەکی مێژویی دەگمەنە، کاتێک کە ئێمەی کورد، بە شانازیەوە خۆمان بە نەوەی سەلاحەددینی شکێنەری ئەوروپیان دەناسێنین، بێ ئەوەی ئەم کارەمان ھەستێکی پێناخۆشبوون، لای ئەوان وەدیبێنێت. لێرەدا بۆمان ھەیە کە لەخۆمان بپرسین، ئایا ئەمە چۆن وا ھاتووە؟ لە کاتێکدا کە سەلاحەددین، نە میرێکی کوردستان بوو، نە لەشکرێکی (تەنیا) کوردی لە پشت بوو، تەنانەت لە دووری کوردستانیش ژیا و گەورە بوو و پێگەیی و خەباتیشی کرد، تا هه‌ر له‌ دوور وڵاتیشدا سەری نایەوە!. ته‌نانه‌ت ئەو، ھەموو ژیانیشی بۆ کێشەیەک بەخت کرد، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە نەبوو.

دەکرا ئەو ھەرگیز خۆی بە کورد دانەنابایە، وەک چەندان کوردی دەستەڵات بەدەستی ھاوچەرخ، لە شارو وڵاتانی میترۆپۆل وایان کردووە. کەچی ئەو نەک ھەر وای نەکردووە، بەڵکو داوای لە نوسەری تایبەتی خۆیشی کردووە، تا ئاماژە بە کوردبوونی وی بکات. دوژمنەکانی وی، بە ھەموو خەڵکی ناوچەکەیان دەگوت سەراسێنەکان، یان سارانشینان، جا ھەرچی ڕەگەزێکیان ھەبایە، کەچی سەلاحەددین ھەر زوو توانی لای ئەوانیش، ئەو نازناوە لەسەر خۆیی و بنەماڵەکەی لابدات، کە بۆ کەمکردنەوە و سوکایەتی کردن بە دوژمن، داھێندرابوو. سەرچاوە ئەوروپیەکان، ھەموو بە تێکڕایی، باسی سەلاحەددینی کورد دەکەن، کە بە توانا و لێوه‌شاوه‌یی ڕێبەرایەتیی کردنی بەرزی خۆی، توانی سەراسێنەکانی ناوچە ڕێکبخات و، بەرەو سەرکەوتنیان بەرێت.

______________

تێبینی: ئەم گوتارەم ماوەیەکی زۆرە نوسیوە. بەداخەوە دوا لاپەڕەی، کە ناوی سەرچاوەکانی تێدابوو، کەوتووە. بەڵام لەکاتی پێداچوونەوەی دا، سودم لەم دوو سەرچاوەیە وەرگرتووە:

١- دکتۆر موحسین محەمەد. سەڵاحەدین بدوێنین، یان خۆمان بە بەرپرسیار بزانین. وەرگێڕانی ئاواز فاتح جاف. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس.٢٠١٢.

٢- ابن خلکان. وفیات الأعیان وأنباء أبناء الزمان. تحقیق احسان عباس. دار صادر. بیروت. ١٩٩٤.جزء ٧.

About زريان احمد

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …