Home / شوێنەوارى کوردستان / دووپەیکەری گرینگ لەسەر چیایی بالوقایە دۆزرایەوە

دووپەیکەری گرینگ لەسەر چیایی بالوقایە دۆزرایەوە

دووپەیکەری گرینگ لەسەر چیایی بالوقایە دۆزرایەوە

baluqe-300x223

ئادەکردنی: جەمال نەجاری

“عومەر فارووقی” ئاشکرای کرد کە دوو پەیکەرەی مێژووی لەسەر چیای “بالوقایە”ی ئەحمەدئاوا لە ناوچەی “سەرا”ی نێوان شارەکانی سەقز و بۆکان دۆزراونەتەوە. شیمانە دەکرێ کە مێژوویی ئەو پەیکەرانە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەو بگەڕێنەوە.

عومەر فارووقی, نووسەر و شارەزا لە بواری شوێنەوارناسی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رایگەیاند کە دوێنێ[١٥ی خاکەلێوە، ٤ی مارس] لەکاتێکدا کە بە مەبەستی ئامادەکردنی فیلمێکی بەڵگەنامەیی سەبارەت بە شاری سەقز لەگەڵ چەند کەسێک سەردانی چیای بالوقایەیان کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە دوو پەیکەر بە قەد چیاکەوە نەخشێندراون”.

ناوبراو لە درێژەدا دەڵێ “یەکێک لەو پەیکەرانە ریشێکی درێژی هەیە و بە ڕوونی دیارە کە سەری پاشایەکە. درێژی پەیکەرەکەش سێ میتر دەبێ و ئەوەی دیکەشیان پەیکەرەی ژنێکە کە لە شانی ئەویتر هەڵکەوتووە و سەیری چیاکەی رووبەڕووی دەکات”.

فارووقی مەزەندە دەکات کە مێژووی ئەو دوو پەیکەرە بۆ سێ هەزار ساڵ لەمەوبەر بگەڕێتەوە و بەم هۆکارەش شێوەی پەیکەرەکان تا ڕادیەک لەناوچووە. بە گوتەی ناوبراو لە رووبەڕووی پەیکەرەکان گۆڕستانێک هەیە کە هی سەردەمی سکائییەکانە. پەیکەرەکان سەیری ئەو گۆڕستانە دەکەن. فارووقی هەروەها دەڵێ کە لەکاتی سەردانیان بۆ ئەو شوێنە دیتوویانە کە گۆڕستانەکە هەڵکەندراوە و بە شێوەیەکی نایاسایی پشکنینی تێدا دەکرێ.

ئەو شارەزایەی شوێنەواری دێرین لە درێژەدا باس لەوە دەکات کە “ئەو پەیکەرانە بەقەدی شاخەکەوە نەخشێندراون و تێکەڵ بە گاشەبەردەکان بوون بۆیە پێشتر نەدۆزراونەتەوە” ئاماژە بەوەش دەکا کە “چەندین تاق و ژوور و ئەشکەوتی مێژوویی لەناو چیای بالوقایە هەیە”. ناوبراو وتیشی کە پێشتر گرووپێک لە بۆکانەوە هاتوون فیلمێکیان دەربارەی ئەو چیایە ئامادە کردووە بەڵام بە شوێنی پەیکەرەکانیان نەزانیوە و تەنانەت خۆشی کە چەندین ساڵ بەرپرسی بەشی شوێنەواری شاری سەقز بووە بەو نهێنییەی نەزانیوە و دوێنێ ئەو دوو پەیکەرەیان بەقەد چیاکە بۆ دەرکەوتووە.

فارووقی دەڵێ کە یەکێک لە پەیکەرەکان کە مەزەندە دەکرێ یەکێک لە پاشاکانی دێرینی ناوچەکە بێ، سەری لە شێوەی پەیکەری “ئەبولهول”ی میسرییەکان دەچێ بەڵام لە شێوەی پاشای هەخامەنشییەکان تاجی لەسەرە. ناوبراو دەڵێ “ئێمە پێنج کەس بووین کە ئەو پەیکەرانەمان دۆزییەوە و شک مان نییە کە ئەوانە دوو پەیکەرەی مێژوویین”.

عومەر فارووقی دوێنێ لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووکدا رایگەیاندبوو کە “ئەگەری ئەوە هەیە پەیکەرەی پیاوەکە “لوقا”، یەکێک لە شوێنکەوتووانی حەزرەتی مەسیح بێ و رەنگە چیاکەش هەر بە ناوی ئەوەوە کرابێ” و لە درێژەی لێدوانەکەیدا نووسیبووی کە “هەزاران ساڵ لەمەوبەر شوێنکەوتووانی حەزرەتی مەسیح لەو ناوچەیە ژیاون و بە گومانی خۆم دەبێ چیای بالوقایە شوێنی عیبادەتی “لوقا” بێ و ئەو تاقانەی لە لەچیاکە دروستکراون بە هیچ شێوەیەک ناچێتەوە سەر مێعماری ئێرانی و بۆ عیبادەت دروستکراون و روو بە “بەیتولموقەدەس”ن و لە مێعماری ئیسلامیش دوورن چونکە ئەگەر ئیسلامی بوایە روو بە قیبلە دروست دەکران”.

عومەر فارووقی دەڵێت: دەبوایە تا هاتنی شارەزایان و پسپۆرانی بواری شوێنەوار ئەو مەسەلەیە بە نهێنی مابایەوە، بەڵام بۆ یەکەمجار من ئەو نهێنییەم بۆ ئاگادارکردنی رای گشتی ئاشکرا کرد.

ناوبراو وتیشی: ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە ناوی سەقز لە سکاوە هاتووە، ئێستا بە دۆزینەوەی گۆڕستانی سکائی و پەیکەرەکانی چیای بالوقایە دەردەکەوێ کە ئێرە “سکا دژ” بووە لە رەوتی مێژوودا بووە بە سەقز.

فارووقی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە لایەنی پەیوەندیداری ئاگادار کردۆتەوە تا کەسی شارەزا دیتن، لێکۆڵینەوە و بایەخدان بۆ شوێنەکە بنێرن. بە گوتەی ئەو “چیای بالوقایە زۆر شوێنێکی تایبەتە و هێشتا زۆر شتی شاراوە و نهێنی تێدایە کە نەدۆزراوەتەوە و قەرارە سبەی گروپێکی شارەزا لە شاری سنەوە بگەنە چیای بالوقایە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی دۆزینەوەی ئەو پەیکەرانە”.

About زريان احمد

Check Also

ئەشکەوتی گەلیمگۆش

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە …