Home / مێژووی ئیسلام / سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

سەلاحەدینی ئەیوبی لە دیدێکی جیاوازدا

1461005237924

بەشی یەکەم

شاسوار هەرشەمی…

هاوینی ساڵی 1994ز، له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌ک، گه‌شتێکی ئه‌لمانیامان کرد. له‌ شاری مانهایم ئۆتۆمبێله‌که‌مان په‌کی که‌وت. خاوه‌ن ئۆتۆمبێلی ئه‌لمانی، هاوبه‌شی ساڵانه‌ ده‌دات، بۆیه‌ له‌ هه‌ر کوێیه‌ک په‌کی بکه‌وێت، فیته‌ری گه‌ڕۆک، فریای ده‌که‌وێت. ئێمه‌ میوان بووین، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش فیته‌ر هاته‌ لامان. دوای سه‌یر کردن، گوتی ئه‌مه‌ به‌من چاک نابێته‌وه‌ و، ده‌بێ ئۆتۆمبێله‌که‌تان بۆ کارگه‌ی چاککردنه‌وه‌ی مازدا ڕابکێشرێت. ئه‌و به‌ بیانوی ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ ستۆپمان کارناکات و، له‌وانه‌یه‌ له‌ لێژاییاندا، به‌سه‌ر ئه‌ودا بکه‌وین، ئاماده‌ نه‌بوو بۆمانی ڕابکێشێت. پاره‌ی ڕاکێشانه‌کهش‌ی زۆر بوو. فیته‌ر دوی ئه‌وه‌ی ماڵئاوایی لێکردین، له‌پڕ و دیسان گه‌ڕایه‌وه‌ لامان و، لێی پرسین که‌ ئێوه‌ کێن؟ ئێمه‌ش گوتمان کوردین. کابرای فیته‌ر، دوای ئه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی تکای لێ بکه‌ین، ئۆتۆمۆبێله‌که‌مانی تا به‌رده‌م فیته‌رخانه‌ ڕاکێشا. له‌وێش پێیانی گوت که‌ چیه‌تی. تا چاکیشیان کرده‌وه‌، ئه‌و هه‌ر له‌وێ مایه‌وه‌. کاتێ که‌ ویستمان پاره‌که‌ی بده‌ین، ئه‌و لێمان هاته‌ پێشه‌وه‌ و، گوتی پاره‌که‌ی دراوه‌.

ئه‌م ڕووداوه‌ نه‌ک هه‌ر به‌لامه‌وه‌ زۆر سه‌یر بوو، به‌ڵکو ناچاریشی کردم، تا بۆ هۆکاره‌کانی بگه‌ڕێم. ئه‌م بابه‌ته‌، وه‌ڵامی ئه‌م هۆکاری هه‌ڵسوکه‌وتی که‌سانی ئاوا‌شت ده‌داته‌وه‌.

* * *

کەم نین ئەوانەی ڕەخنە لە سەلاحەددینی ئەییوبی دەگرن و، بەوە تاوانباری دەکەن، کە لە کاتێکدا ئەو دەستەڵاتی ڕەھای بەسەر ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەشکا. له‌ کاتێکدا ئه‌و، ھەرچیەکی ویستبا، دەیتوانی بێ کێشە و لەمپەری زۆر و ئاڵۆز، بیکات، کەچی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ گەلەکەی دانەمەزراند. بەڵکو ھەموو ھەوڵ و تێکۆشان و ماندووبوون و سەرکەوتنەکانی وی، چوونە گیرفانی ئەو گەلانەی دی ناوچەکە، کە ئه‌مڕۆ بەشدارن، لە چەوساندنەوە و داگیرکردنی خاکی گەلەکەی خۆی. ته‌نانەت زۆر جاران هه‌ر له‌ خەڵکی سادەوه‌ بگره‌، تا ده‌گات به‌ خه‌ڵکانی خوێندەوار و، تا ڕۆشنبیرانیش، ئەو بە بێخەمی و کەمتەرخەمی تاوانبار دەکەن، لە بەرامبەر گەلی کوردەوە. دەگوترێت ئەو، سەرەڕای ھەموو ئەو توانا و دەستەڵاتەش کە ھەیبوو، (ھیچی) بۆ گەلەکەی نەکرد، بەڵکو ھەموو توانا و تەمەنی خۆی، لە بەرژەوەندی ئیسلام بەکارھێنا و، ھیچی وای بۆ نەوەکانی خۆی بەجێنەھێشتووە، تا ئه‌مڕۆ، یان له‌ دواڕۆژدا شانازی پێوە بکەین، یان ببێتە ھۆی شانازی پێوەکردنمان.

ئەوانەش کەم نین کە سەلاحەددین دەخەنە بەر تیرو توانج و پلاری ڕەق و توندەوە و، بە پەژارەوە باسی ئەو کاتە زێڕین و زۆر باش ھەڵکەوتووە دەکەن، کە ئەو بەو جۆرەی دەبا، سودی لێ وەرنەگرت.

دەبێ جەخت لەمە بکەمەوە کە بیروباوەڕ و ھەڵوێستی لەوجۆرەی سەرەوە، بەدەگمەن لای مێژونوس و نوسەران، یان ڕۆشنبیرانی کوردەوە بەرچاو دەکەوێت. بە گشتی ھاووڵاتیانی کەم خوێندەوار و سیخناخ بە ھەستی نەتەوایەتی، کە زۆر شارەزاییان لە ڕووداوە مێژوییەکان نیە و، لە بارودۆخی ژێردەستەیی خۆیان و گه‌له‌که‌یان بێزار بوون، لەبەر بێھیواییان، ھەڵوێستی لەو جۆرە و، دەربڕینی وێکچوو لەگەڵ ئەمانەی سەرەوە دەردەبڕن. بەشێکی ئەو ھەڵسەنگاندنەی ھاووڵاتیانی ئاسایی ئەم سەردەمەی کوردستان، وەک ئاماژەمان پێدا، بۆ ئەمە دەگەڕێتەوە، کە ئەوان لە ژێر ھەلومەرجی ژێردەستەیی و، بێمافی و، وڵات داگیرکراویدا دەتلێنەوە و، پرزەیان لێ بڕاوە. بۆیە بە ناچاری و، لەژێر کاریگەری ھەست و سۆزی بەدیھاتووی ئەم بارودۆخەی خۆیاندا، بڕیارو ھەڵوێست لە ڕووداوەکانی دوێنێی مێژو وەردەگرن، بێ ئەوەی بتوانن، یان بەلایانەوە ئەمەندە گرنگ و بە بایەخ بێت، لە ئەگەر و ھۆکارەکان، بە گوێرەی کات و سەردەم و شوێن، بکۆڵنەوە. واتا خەڵکی لەمجۆرە پڕوکاوو بێھیوایە، ھەر بە ھەمان ھەست و سۆزی ھەنوکەییان، مێژو و ڕووداوەکانیشمان ھەڵدەسەنگێنن. بەشێکی دی ئەو لێکدانەوانە، بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە، کە ئێمە نەمانتوانیوە، یان بوارمان پێنەدراوە و، بۆمان نەگونجاوە، تا خوێندکاران و نەوەی نوێمان، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست، بە گوێرەی میتۆدەکانی مێژو، لە ڕووداوەکانی مێژوی وڵاتمان و دەوروبەرمان بگەیەنین. بۆ نمونە، ئەو بوارەمان پێنەدراوە، تا ھەموو ڕاستیەکانی سەردەمی ژیان و ھەڵسوڕانی سەلاحەددین، ھەروەھا ئەو کارو کردەوانەی، کە وەک دەرەنجامی بارودۆخەکانی ئەو سەردەم وەدیھاتوون، لە گۆشە نیگای مێژوی وڵاتی خۆمان، شی بکەینەوە و ھەڵیانبسەنگێنین.

ئەمانەی سەرەوە، ھەموو بەیەکەوە، وایان کردووە کە بەشێکی ھەراوی کۆمەڵانی خەڵکی وڵاتمان، ھەڵوێستی نێگەتیڤ و نەرێنیان لەسەر کۆمەڵێک ڕووداو و کەسایەتی ھەڵسوڕاوی ناو مێژوی دوورو نزیکمان ھەبێت. سەلاحەددینی ئەیوبی و کارو کردەوەکانی، یەکێکن لەمانە و، تا ئێستاش ئەم دیدە نەرێنیە لەسەری، بە فراوانی ھەستی پێدەکرێت. لەملا و لەولا، بە شێوەی نوسینی کرچ و کاڵی بێ سەرچاوە بێت، یان بە شێوەی تیرو توانج تێگرتن، ھەڵوێستی لەمجۆرە، دەیبینین و دەیبیستین. ھەر لەوبارەیەوە، مامۆستای بەڕٍێز، پرۆفیسۆر دکتۆر موحسین محەمەد حوسێن دەڵێت: لە ساتەکانی شکستھێناندا، میللەتە ژێرکەوتووەکان، ھەوڵ دەدەن بگەڕێن بە دوای ڕابردوویان، بۆ پاساودانی ڕووداوەکان، یان دۆزینەوەی پەیوەندییەک لە نێوان شکست و بەختی ڕێککەوت، کە بە ھانایانەوە نەھات!. کەواتە پێش گلەیی کردن لە سەلاحەددین، دەبێ گلەیی لە خۆمان و باوک و باپیرانی نزیکترمان بکەین، کە ھیچیان لە باردا نەبووە و، نەیانتوانیوە بە کەناری ئازادیمان بگەیەنن.

* * *

بابەت و نوسین، تا بە پیەس و فیلم و ڕۆمانیش دەگات، بە زۆر زمانی زیندوی دنیا، لەسەر ژیان و کارو کردەوەکانی سەلاحەددین، گه‌لێک زۆرن و، من نامەوێت شتی دی بخەمە سەر ئەو خەرمانەوە. ئەوەی کە من لێرەدا دەمەوێت شەن و کەوی بکەم و، بۆ تۆی خوێنەری ڕوون بکەمەوە، خۆی لە سێ خاڵدا دەبینێتەوە، کە وەک سێ پرسی گەورە، ڕووبەڕووی مێژونوسی کورد دەبێتەوە. خاڵی یەکەم: ئایا سەلاحەددینی ئەییوبی، بە گەیشتنی بەو پلەو پایە گەورەی کە ھەیبوو، قەرزباری گەلەکەی بوو، تا داوەی دانەوەی لێ بکەین؟ ئایا ئەو بە پشتگیری و یارمەتی ڕۆڵەکانی گەلەکەی، یان ھۆزو تیرەکەی، توانی ببێ بە گەورەترین ڕێبەر و، بەناوبانگترین کەسایەتی، لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی سەردەمی خۆیی و، زۆریش دوای ئەوە؟

خاڵی دووەم: بریتییە لە تاووتوێ کردنی ئەو پرسیارە باوەی، کە ئایا ڕاستە سەلاحەددین ھیچی بۆ گەلەکەی خۆی، واتا بۆ کوردان نەکردووە؟ ئایا نەتەوەکەی وی، ئەو کاتە لە چ بارودۆخێکدا بووە و، ئه‌و دەبا چی بۆ بکرابان؟. یان کورد ئەو کات و سەردەمە، چی لە سەلاحەددین و ڕێبەرانی دیکەی خواستووە؟. بە شێوەیەکی دی دەڵێم، ئایا ئەوێ ڕۆژێ کاتی دەوڵەت دروستکردن بۆ کوردان ھاتبوو؟ ئایا ئەو ڕۆژگارە، ئەمە پرسێکی باوی ناو کوردان بووە؟

خاڵی سێیەمیش: لێکدانەوەی ئەو پرسە دیالێکتیکییەیە، کە ئایا سەلاحەددین بەڕاستی شانازییەکی مێژوی ئێمەیە و، پێویستە ئەو شانازیە بە زیندویی و گەشی بھێڵینەوە؟ یان ئەو شانازیە گەورەیە، کە ھەموو مێژوی مرۆڤایەتی گەواھی بۆ دەدات، ھەروا بە خۆڕایی بۆ عارەب و ئاینی ئیسلام بەجێبھێڵین؟ ئایا ئەگەر دوێنێ ھیچمان لە سەلاحەددین دەستنەکەوتبێت، ئەمڕۆ چاوەڕوانی چی لێدەکرێت؟

ئێمە دەمانەوێت لەو کورتە گوتارەدا، ئەم پرسیارانەی سەرەوە تاوتوێ بکەین و، وەڵاممان دەست بکەوێت.

کوردبوونی سەلاحەددین بەڵگەیەکی سەلمێندراوە و، لە دەیان سەرچاوەی لێکجیای سەردەم و ھاوچەرخی خۆی و دواتریش، لە سەرچاوەی ڕۆژھەڵاتی و ڕۆژئاواییش، ئەمە بێ ھیچ گومانێک لەسەری نوسراوە و پشتڕاست کراوه‌ته‌وه‌. تەنانەت ئەو بابەتە وێژەییانەی، وەک ڕۆمانی ھاوچەرخیش لە ڕۆژئاوا، ئاماژە بە کورد بوونی سەلاحەددینیان لەبیر نەچووە. تێرمی ناوی ئەندامانی بنەماڵەکەی سەلاحەددینیش، بە ئاشکرا ئاماژە بۆ کوردبوونیان دەکات. ئەو ناوانەی کە کەسو کاری سەلاحەددین ھەیانبووە و، مێژونوسان تۆماریان کردوون، بریتی بوون لە: شادی. شێرکۆ. سالار. لاشین. خەسرەو. خۆشترین. موسک. چکۆ. توران. خەسرەو ھەزبانی. شاھنشا و ھیدیش. واتا ناوی باوی کوردی، یان سەر بە جیھانی زمانە ئێرانیەکان بوون. ھەروەک مێژونوسی ھاوچەرخی سەلاحەددین، ئیبن ئەسیری موسڵاوی، ئاماژەی بۆ کوردبوونی وی کردووە. نەختێ دواتریش، مێژونوسی بەناوبانگی ھەولێری، ئیبن خەلیکان نوسیویەتی (مێژونوسان لەسەر ئەوە ڕێکن، کە باپیران و کەسوکاری وی، لە دوین ھاتوون، کە شارێکە لەوپەڕی ھەرێمی ئازەربێجان، بە دیوی ئەران و وڵاتی گورجستان. ھەروەەک ئەوان لە کوردانی ڕوادین… ڕوادیەکانیش دەچنەوە سەر ھەزبانیان… کە ھۆزێکی گەورەی کوردانن)

لێرەدا ھەر بە پێویستی نازانین وەڵامی ھەندێک لە شۆڤێنیستانی عارەب بدەینەوە، کە سەلاحەددینیان کردۆتە پاڵەوانێکی عارەب، چونکە گوتەی نازانستیانە و، بێ سەرچاوەی پشتڕاستکراوەی وا، نزمی ئاستی نوسین و بیرکردنەوەی ئەو جۆرە کەسانە دەردەخات.

* * *

بەو شێوە دڵنیایەی کە کوردبوونی سەلاحەددین سەلمێندراوە، بە ھەمان شێوەی جێدڵنیا، نەتواندراوە بزاندرێت کە بنەماڵەکەی خەڵکی چ شوێنێکی کوردستانن. یان سەر بە چ تیرە و ھۆزێکن. لێکۆڵەرەوان، تا نوسەرانی ھاوچەرخی خۆیشی، زانیاری دروست و یەکلاییکەرەوەیان لەمبارەیەوە بە دەستەوە نەداوە. ھەمووان لەسەر ئەوە ڕێکن کە بنەماڵەی سەلاحەددین، بۆ سەر ھۆزی ڕەوادی ھەزبانی کوردی دەگەڕێنەوە، کە پەیوەندیان بە شەددادیەکانەوە ھەبووە. وەک سەرچاوەکان نوسیویانە، ئەوان خانەدان و کوێخا، یان لە گەورەکانی ھەزبانی بوون. ھەزبانیەکان خاوەنی میرنشینێکی کوردی سەربەخۆ بوون. فەرمانڕەوایی ھەولێرو ناوچەیەکی فراوانی ئەو ھەرێمەیان دەکرد. ئەوانیش وەک زۆر میرنشینی کوردی دی، کەوتنە بەر شاڵاوی ھاتنی شەپۆڵی گەورەی تورکان بۆ کوردستان، لە سەدەی دەیەمی زاینیەوە. دەوڵەتی ھەزبانیەکان، لە ساڵی ١٠٧١ زاینی، بە دەستی سوڵتانی سەلجوقی، ئەلپ ئەرسەلان لەناوبردرا. ھەشن بنەماڵەکە بۆ سەر شەددادیان دەبەنەوە، کە میرنشینێکی دی کوردی بووە و، لە نێوان ساڵانی ٩٥١- ١٠٧٤ پایتەختەکەیان شاری (دوین)، لە شوێنێکی سنوری ئەرمەنستان و گورجستان بووە. دواتر بۆ (گەنجە)ی ئازەربێجانیان گواستراوەتەوە. ئەوانیش، واتا شەددادیانیش، کەوتنە بەر شاڵاوی شەپۆڵی تورکان و، ھەمان چارەنوسیان ھەبوو. بە گوێرەی نوسراوەکانی ابن حوقل، صورة الارض، ھەزبانیەکان و ھۆزی دی کوردی، لە موسڵ گەڕەکی تایبەت بەخۆیان ھەبووە. سەرچاوەکان (دوێن) بە شوێنی لەدایکبوونی باپیرانی سەلاحەددین دادەنێن، بەڵام دوێن لە کوێیە؟. یاقوتی حەمەوی دوێنی بردۆتە دەرەوەی کوردستان، لە ناوچەی ئەڕانی نزیک تبلیسی گورجستان. من لە سەرچاوەکانی مێژوی ئەرمەنستانیش ئەو ناوەم کەوتۆتە بەرچاو، ئەو کاتەی کە گورجەکان داگیری دەکەن. لە ساڵی ١٩٨٩ز، سەرێکم لە گورجستان دا، لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە توشی شارۆچکەیەک بووم، کە ھەمووی ئەرمەن بوون. سەرچاوەکان تەنیا شوێنی یەک دێیان بەو ناوە دۆزیوەتەوە، لە نزیک ھاوینەھەواری پیرمام. دیارە گەڕانێکی زانستیانە لەو دوینەی کوردستان نەکراوە و، تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک لەسەر بنەماڵەی سەلاحەددین لەوێ بەردەست نەکەوتووە. ھەندە ھەیە خەڵکی ناوچەکە پشتاوپشت بیستویانە کە سەلاحەددین خەڵکی ئەوێ بووە. لە ناوچەکەشدا، پاشماوەی خانوی کۆن و، ژمارەیەک لە گۆڕی زۆر کۆن ھەن، کە کێڵەکانیان بە وێنە و دروشمی تایبەت ڕازێندراونەتەوە. دوور نیە، دوینێکیان بە یادی ئەوی دیەوە ناونرابێت. واتا بنەماڵەکە دوای ڕاونرانیان، دوینیان لە کوردستان ئاوەدان کردۆتەوە.

بەر لەوەی کە سەلاحەددین لەدایک بێت، بنەماڵەکەی کوردستانیان بەجێھێشتووە. باپیرەی سەلاحەددین، کە (شادی) ناو بووە، لەگەڵ ئەندامانی دی بنەماڵەکەی، ڕوو لە بەغدا دەکەن. وەک دواتر لە ژیانی سەلاحەددین دەردەکەوێت، شادی جگە لە کوڕەکانی، وەک ئەیوب و شێرکۆ، برای ژنەکەی، شەھابەددین مەحمود و، (چکۆ)ی برای و، برا و برازاکانی دی و، ھێشتا کۆمەڵێک خزمی دیشی لەگەڵ بووە.

نازانین کە ئەوان بۆچی ڕوویان لە بەغدا کردووە. چ سەرچاوەیەک لەمە نەدواوە. بە گومانی زۆر، ئەوان وێڵی گەڕاندنەوەی دەستەڵات و گەورەیی بوون. دەستەڵات لە دۆڵە تەسک و تروسکەکانی کوردستان دروست نەدەبوو، بۆیە پێویستی بە جەربەزەیی و بەدوادا وێڵ بوون دەکرد. ئەوەی گومانی ئەمەش بەھێز دەکات ئەوەیە، کە ئەوان پێشتر بنەماڵەیەکی دەستەڵاتدار و فەرمانڕەوا بوون. ھەروەک باویش بوو، سەرکردە گەورەکان لە دەرەوەی (نیشتیمان)ی خۆیان، ئیمراتۆریەتی زەبەللاحیان دروست دەکرد. وەک کیلۆپاترای یۆنانی لە میسر. ئەسکەندەری مەکەدۆنی لە میزۆپۆتامیا و ڕۆژھەڵاتی دوور. چنگیزخان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست. نەوە مەغۆلیەکانی لە ئێران، بەغدا و ھیندستان. تەیموری لەنگ لە ھەمان ناوچەکانی ناسراوی ڕۆژھەڵات. تورکانی عوسمانی لەسەر خاکی بێزەنتیان. ئەمەویەکان لە ئەندەلوس. من پتر بەلای ئەوەدا دەشکێنم کە بنەماڵەی شادی، زوتر ناسراو، خانەدان و دەستڕۆیشتوو بووبن، ھەر لەبەر ئەوەش بووە، کە لای بنەماڵە ناسراوەکانی دی، شوێن و پلەو پایەیان ھەبووە و، لە خەڵکی ئاسایی خێراتر، لای عەبباسیان، ئەتابەگیان و بنەماڵە فه‌رمانڕه‌وایه‌کانی دیش، ئەستێرەی بەختیان درەوشاوەتەوە و، کاری گرنگی دەوڵەتداریان پێ سپێردراوە. ھەر ئەمەشە ئەوان ویستویانە بەرچاو و دیتراو بن. بەغدای ئەو ڕۆژەش، ئەو شوێنە کراوەیە بووە، بۆیه‌ ڕوویان تێکردووە.

شادی ھەزبانی و خزمەکانی، لە بەغدا ڕوو لە موجاھیدین بەھرۆز دەکەن، کە لە لایەن سولتانی سەلجوقیەوە کرابووە لێپرسراوی ئاسایشی بەغدا. ئەوان لەگەڵ بەھرۆز خەریکی کاری ئاسایش و پاراستنی شار بوون، تا ئەو ڕۆژەی کە بەھرۆز لێپرسراوەتی بەڕێوەبردنی شاری تکریتی پێ بەخشرا. ئەو، بەھۆی جێباوەڕی زۆری، داوای لە شادی و خزمەکانی کرد، تا لەگەڵی بێن بۆ تکریت. شادی لەوێ بووە دژدار. واتا ئەو ئەفسەری پاراستن و قەڵاداری تکریت بوو.

وەک دەزاندرێت، ئەو سەردەمانە شاری تکریت، دەکەوتە سەر تخوبەکانی باشوری کوردستان. ئیبن حەوقەل لە بارەی دانیشتوانی تکریتەوە نوسیویەتی” بەشی ھەرەزۆری دانیشتوانی نیشتەجێی تکریت، لە کوردەکان و بیاباننشینان پێکھاتووە”. واتا شارەکە بە کوردان نامۆ نەبووە. ھەروەک دەشزاندرێت کە تکریت، بۆ ماوەیەک مەفریانی کلێسەی سریانی بووە. واتا ناوەندی ئاینی ھەموو سریانیەکانی کوردستان و، دنیای ئەو کات بوو. بایەخی ئەمە ئەو کاتە دەردەکەوێت، کە دەزانین سریانەکان، بە تایبەت قەشە و ڕەبەنانی دێرو کلێساکانیان، بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست، ڕۆڵێکی ڕۆشنبیری زۆر گەورەیان، لە نێوان فەرھەنگی کۆن و کلاسیکی گرێکی و سەردەمی خۆیاندا گێڕا. باشترین نوسراوە گرێکیەکان لە بواری فەلسەفە، لۆژیک و زانستە باوەکانی ئەو کات، ئەوان لە گرێکی و سریانیەوە کردنیانن بە عارەبی. تکریت بایەخی دیشی ھەبوو. لەلایەکەوە سەرەڕێی بازرگانی بووە، لە نێوان بەغدا و کوردستان بە گشتی، بە تایبەتیش ناوچەکانی جزیرێ و حەڵەب. واتا سەرچاوەیەکی سەرەکی دابینکردنی باج و داھاتی دەوڵەت بووە. ھەروەک شارەکە، سەرەڕێی قشونی سەربازیش بووە، بۆ بەرە ھەمیشە گەرمەکانی شەڕ، لە باکور و ڕۆژئاوا. ھەموو ئەمانە، ئەوەمان پێدەڵێن کە، شارەکە بە ھەموو لێکدانەوەیەک، شوێنێکی فرە فەرھەنگ و بە بایەخ بووە. شادی ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی، لە تکریت مرد و، ھەر لەوێش نێژرا. ئەیوبی کوڕە گەورەی، لە جێگای باوکی کرا بە قەڵاداری تکریت. ئەیوبیش لە کارەکەیدا، تواناو دڵسۆزی پیشانداوە و، جێپەسەندی بەھرۆز بووە. بەڵام وا دیارە ڕۆژگار، شتێکی دی لە چارەنوسی ئەو بنەماڵەیەدا نوسی بوو.

یەکێک لە کەسوکاری ئەیوب، دەستدرێژی دەکاتە سەر ناموسی ژنێکی شارەکە. کەسوکاری ژنە، سکاڵا دەبەنە بەر ئەیوب، کە دژداری شاریش بووە. ئەو کاتە ھەر شێرکۆی برای لەوێ دەبێ. ئەو بێ ئەوەی چاوەڕوانی گەڕانەوەی ئەیوب بکات، ئەو خزمەی خۆی دەکوژێت. ئەیوب لە بێباکی و سەرەڕۆیی براکەی توڕە دەبێت و دەیگرێت. دواتر لەگەڵ ڕاپۆرتێک لەسەر ڕووداوەکە، براکەی دەنێرێتە پێش بەھرۆز، تا بڕیار لە چارەنوسی بدات. بەھرۆز نامەیەکی ھاوبەش بۆ ھەردوو برا دەنێرێت کە تێیدا ھاتبوو” ئێوە مافی باوکتانم بەسەرەوەیە و، دۆستاییەتیەکی پتەویش لە نێوانماندا ھەیە، بۆیە ناتوانم ھیچ ڕەفتارێکی ناڕێکتان لەگەڵدا بکەم. تەنیا داواکارم ئەمەیە، کە شار بەجێبێڵن و، بۆخۆتان شوێنێکی دی بۆ گوزەرانیتان بدۆزنەوە”

ئەوان بە گەیشتنی نامەکەی بەھرۆز، به‌ ناچاری، بارگەو بنەیان تێکنا و، ڕوویان لە شاری موسڵ کرد، تا لای فەرمانڕەوای موسڵ، عیمادەدین زەنکی بحەوێنەوە. زەنکی بەھۆی پەیوەندیەکی دێرینی لەگەڵ بنەماڵەکە، بەگەرمی پێشوازی لێ کردن. لە موسڵ زەوی و زاری پێ بەخشین. دواتریش، کە ئەو دەستی بەسەر شاخەکانی لوبنان داگرت و، لە خاچپەرستانی سەندەوە، ئەیوبی لەوێ کردە فەرمانڕەوای قەڵای بەعلبەگ.

ئیبن خەلەکانی، مێژونوسی لەدایکبووی قەڵای ھەولێر، لە ھەندێک لە خزمەکانی سەلاحەددینی بیستوە، کە ئەو ھەر ئەو شەوە لە تکریت لەدایک بووە، کە ئەوان خەریکی بارکردن بوون. ھەندێک لە خزمەکانی وی، پێو قەدەمی ویان بە شوم داناوە. ھەندێکی دیش گوتویانە ڕەنگە خێری پێوەبێت. کەواتە ئەو منداڵە ساوایە، کە ناوی لێدەندرێت (یوسف)، لە ساڵی ٥٣٢ی کۆچی، یان ١١٣٨- ١١٣٩ زاینی لەدایک بووە.

بەمجۆرە سەلاحەددین لە تکریت لەدایک بووە. حەفتەی یەکەمی تەمەنی لە ناو تورەگەیەکی سەر پشتی ئەسپ بردۆتە سەر، بەدەم ڕێگاوە بەرەو موسڵ. ئەو بەشێک لە تەمەنی منداڵی، لە موسڵ بەسەر بردووە. زۆری پێناچێت، جارێکی دی خێزانەکەی سەلاحەددین، ھەموویان لە موسڵەوە بەرەو بەعلبەگی لوبنان بەڕێدەکەون و، لە قەڵای ئەو شارە، ژیان دەبەنە سەر. واتا سەلاحەددین دوور لە زێدووڵاتی خۆی، چاوی دەکاتەوە و لە ژیان تێدەگات. ئەو ھەرگیز ھەلی ئەوەیشی دەست نەکەوتووە، تا لەگەڵ منداڵانی ھاوزمان و ھاوتەمەنیدا یاری بکات.

سەلاحەددین، دوای مەرگی باوکی، پەروەردەی دەستی شێرکۆی مامی دەبێ. شێرکۆ ھەر زوو دەریخستووە، کە پیاوێکی ئازاو لێھاتوو و لێوەشاوە بووە. ھەروەک ئەو خاوەنی بیرێکی سەربازی زۆر باشیش بووە. شێرکۆ بە لێھاتویی خۆی، توانی سەرنجی نورەددینی زەنکی فەرمانڕەوا بۆ لای خۆی ڕابکێشێت و، ببێتە سەرلەشکری گەورەترین لەشکری موسوڵمانان، لەو کاتدا. بەچکە سۆنە، ناچارە فێری مەلەوانی ببێت. ئەو، سەلاحەددین فێری ھونەرەکانی شەڕ و نەخشەسازی شەڕ دەکات. ھەروەک کە شێرکۆ ئەرکی پەلاماری فاتمیە شیعەکانی لە میسر پێدەسپێردرێت، سەلاحەددینیش لەگەڵ خۆی دەباتە ئەوێ. سەلاحەددین لە میسر قاڵ دەبێتەوە و، وەک سەرکردەیەکی شارەزا، تواناکانی دەردەکەوێت. ھەروەک لە نەخشەی جەنگ و ڕێبەرایەتی کردندا، لە مامیشی تێدەپەڕێنێت. ئەو لەوێ دەبێتە وەزیر و سەرلەشکر. دوای مەرگی پاشای فاتمیەکانیش، جێگای دەگرێتەوە. زۆری پێناچێت، ھەموو باکوری ئافریکا، شام، حیجاز و یەمەن و کوردستانی دەکەوێتە دەست. ئەمەی سەرەوە کورتەیەکی زۆر کورتی قۆناغە گرنگەکانی ژیانی سەلاحەددین بوو.

* * *

لێرەدا دەمەوێت وەڵامی پرس، یان خاڵی یەکەم بدەمەوە. وەک دەزانین سەرکردەی ھەر گەلێک، لەناو گەل و نەتەوەکەیدا ھەڵدەکەوێت و، ئەستێرەی دەدرەوشێتەوە. ئەگەر دروستتر خۆمان لەگەڵ ئەو سەردەم بگونجێنین، دەڵێین سەرکردە لە ناو ھۆزو تیرەکەی و، ھۆزە ھاوپەیمانەکانیدا پێدەگات. ئه‌و کاته‌شه‌ که‌ ھەستی، بۆ شوێن و خاک و وڵات گەڕانەوەی بۆ دروست دەبێت. سەلاحەددینی ئێمە، لە ھەموو ئەمانە بێبەش بووە. ئەو لە پێگەیشتن و، گەورەبوون و، ئازایەتی و، توانا و لێوەشاوەیی لە ڕێبەرایەتی کردن و، تا ناوبانگ دەرکردنیشی بە جوامێری، پشتی بە ھێزو بازوی خۆی و، توانای بەڕێوەبەرایەتی باشی باوکی و، ئازایەتی مامی بەستبو و، ھیچی دی نا. واتا ئەو، لە درەوشانەوەی ئەستێرەی بەختی دا، خۆی بە منەتبار و، قەرزباری گەل و نەتەوە و ھۆزو خاکەکەی نەزانیوە. دیارە بە لێکدانەوەیەکی لۆژیکیش بێت، ئەو ھەستانەشی لا دروست نەبووە، کە ئێمە چاوەڕێی لێ دەکەین. خەڵکانی لەمجۆرە، ھەمیشە ھەبوون و ھەن، کە لە دەرەوەی ژینگە و، دوورە وڵات گەورە دەبن. زۆرێک لەوانە، ئەو ھەستەشیان بەرامبەر بنەچە و بنەڕەتی خۆیان، لا پەیدا نابێت، وەک کە لێیان چاوەڕوان دەکرێت. دیارە نمونەی لەمجۆرە زۆرن، کە ئەگەر ھەستێکیشیان مابێت، ئەوا ویژدانیان ھەست بە نائاسوودەیی ناکات، بۆ نەکردن و ئەنجام نەدانی کارێک، کە لە توانایاندا بووە، بۆ ( شوووێن و شتێک)، کە بە خۆڕسکی لە ناخیاندا چەکەرەی نەکردووە. ھەمان شتیش، کارێکی ئاساییە بۆ منداڵێک کە بە ڕەگەز کوردە و، لە شام گەورە دەبێت و پێدەگات. بەمجۆرە دەکرێت بڵێین، کە ژینگەی منداڵی سەلاحەددین و، ئەو سەردەمەی کە ئەوی تێدا ژیاوە، دروستکەری ئەو سەرکردە پاڵەوانە بوون. لە بەعلبەگ مانەوەی وی و خێزانه‌که‌ی، کە تازە ھێزی تورکانی زەنکی، لە دەست خاچپەرستانی ئەوروپی دەریان ھێنابوو. واتا ژیانی منداڵی لە بەرەی جەنگ بەسەر بردن. واتا ئەو لە شوێنێک گەورە بووە، کە گۆنگەڵی شەڕو کێشە و تیفتیفەی ململانێی ئایینی بووە، لە نێوان موسوڵمانان، کە زۆرینەی دانیشتوان بوون و، ھێزێکی بێگانەی مەسیحی لە ئەوروپاوە ھاتوو، کە لایان وابوو شوێنە پیرۆزەکانیان، کەوتۆتە ژێر دەستی ناحەزانیانەوە.

ئەو کەسایەتی خۆی دوور لە کوردستان و، دوور لە خزم و خێڵ و ھۆزەکەی، بنیات ناوە. وەک گوتمان، نە باوکی و نە خۆی، لە ژینگەیەکی کوردیشدا نەژیاون. مەگەر لە ماڵەوە بە بن گوێی دادرابێت، کە ئەوان کوردن. تەنانەت ناتوانین ئەمەش بسەلمێنین کە ئاخۆ کوردی زانیوە یان نا!. ھەندێک نوسەر ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە لە ناو سەربازەکانی دا، زمانی کوردی بەکارھاتووە. ھەروەک ھیچ زانیاریەکمان نیە کە ئاخۆ ژن، یان ژنەکانی، کورد و ھاوڕەگەزی خۆی بوون، یان لە شام ژنی ھێناوە و، ژینگەی ماڵەوە و، پێگەیاندنی منداڵەکانیشی گۆڕاوە، یان باشتره‌ بڵێم، لەگەڵ گۆڕانی خۆی گونجاوە!!

سەلاحەددین بەھۆی سەرقاڵبوونی بە شەڕو، کێشەکانی بەڕێوەبردنی وڵات، یان بەھۆی نەبوونی ئەو ھەست و سۆزەی، (لەبەر ھۆیەکانی سەرەوە) لێی چاوەڕوان دەکرێت، ھەرگیز سەردانی کوردستانی نەکردووە. دیارە زۆر وردە ھۆکاری دیش گرنگن تا بزانین ئەو چەندە بە کورد، یان کوردستانەوە گرێدراو بووە. لەوشتانه‌، ده‌کرێت ئاماژه‌ به‌مانه‌ بکرێت: وه‌ک دەبینین باپیری وی لە تکریت مردووە و گۆڕه‌که‌ی له‌وێ بووه‌. باوکی لە بەعلبەگ مردووە و گۆڕه‌که‌ی له‌وێ بووه‌. مامی لە قاھیرە مردوە و، گۆڕه‌که‌یشی وا له‌وێیه‌. خۆیشی لە دیمەشقی شام مردووه‌. ئەوەی ھەیە و تۆمارکراوە، تەنیا خوشکێکی تی، کە بە فەرمانداری ھەولێر، موزەفەرەددین گوگبری (سولتان موزەفەر)ی تورکمانی داوە. پێناچێت چجارانیش، سەردانی ئەو خوشکەی لە ھەولێر کردبێت.

ئێمە لە شیکردنەوە و پێناسەکانی سەرەوە، بە گشتی دەتوانین سەلاحەددین بناسینەوە. ئەو کێ بووە و، لە کوێ و چ ژینگەیەکدا پەروەردە بووە. کێشەی سەرەکی خەڵک لەو سەردەمەدا خۆی لە چیدا دەبینیەوە. بە پێداچوونەوەی وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە، دەتوانین پێوەرێکیش دابنێین، لەسەر واقیعبوون و ڕادەی ھەست بە کوردایەتی، یان کوردبوون کردنی ئەو سەرکردەیە.

بۆ ئەوەی بە باشی لە ھەڵوێستەکانی سەلاحەددین و کارو کردەوەکانی بگەین، ناچارین تا بۆ ئەو سەردەمە (سەدەکانی دە و یازدە)ی زاینی بگەڕێینەوە، لە شوێنێکی وەک کوردستان و دەوروبەریدا.

زۆر گرنگە تا یەکەمجار تێبگەین، کە بە گوێرەی بیرکردنەوەی ئەو سەردەمە، ( واتا سەردەمی پێش سەرھەڵدانی گیان و ھەست و سۆز و بیری نەتەوایەتی)، لە کەسێکی وەک سەلاحەددین، کە لە دەرەوەی کوردستان و، دوور لە ژینگەیەکی کوردی، لەدایک بووە و پێگەییوە. لە ناو لەشکرێکی بێگانەدا، (کە تورکانی سەلجوقی، زەنکی و ئەتابەکی) پێکھێنەری سەرەکی بوون)، ئەو جڵەوی کاری گرتۆتە دەست و، بۆتە فەرمانڕەوایان. واتا توانیویەتی لە دەرەوەی پێکھاتەی نەتەوایەتی خۆی، بە ھۆی جەخت کردنەوە لە ئامانجی ھاوبەش، ملکەچی لەشکرە تێکه‌ڵاوه‌کەی، بۆخۆی دابین بکات. پرسیارەکە لێرەدا ئەمەیە، کە ئێمە لە کەسایەتیەکی ئاڵۆزی وا و، لە سەردەمێکی وا ئاڵۆزدا، چاوەڕوانی چی لە کەسایەتیەکی لەمجۆرە بکەین و، چەندە بواری (خەیاڵ پڵاوی) ھەیە؟

کەسایەتی لە جۆری سەلاحەددین، لە مێژوی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا زۆرن. نزیکەی تێکڕاشیان ملکەچی بارو دۆخ و ژینگەی تازەیان بوون و، ھەوڵیان داوە ڕابردوویان، به‌ هه‌موو ورده‌کاریه‌کانه‌وه‌، لە پشت سەری خۆیان بەجێبێڵن. ئێمە بۆ دۆزینەوەی وەڵامێکی جێباوەڕ، ناچارین بۆ مێژوی نزیکترمان بگەڕێین و، بزانین کەسایەتی ھەڵکەوتوی کوردی، کە کەوتونەتە ناو کۆمەڵگای دی نامۆ، چۆن ڕەفتاریان کردووە. ھەڵوێستی کەسانی لەمجۆرە، لە بەرامبەر گەلەکەیان، ئەمەندە لێکجیاو پێچەوانەن، کە سەخت و ئەستەمە، تا بتوانین ڕێچکەیەکی گشتی، بۆ ھەڵوێست و کارو کردەوەیان دیاری بکەین.

* * *

من بەر لەوەی بگەڕێمەوە سەر سەلاحەددین، دوو نمونەی دی زۆر دیار، لە مێژوی کوردی دوای سەلاحەددین دێنمەوە. ھەڵوێست و کاروکردەوەکانی ھەردوو کەسایەتیەکە، بە دیدێکی ڕەخنەگرانە ھەڵدەسەنگێنم.

کەسایەتی یەکەم: بریتیە لە شەرەفخانی بدلیسی. بدلیسی ھێشتا ھەر لەدایک نەببوو، کاتیک که‌ باوکی گەنجی وی، نێوانی لەگەڵ کاربەدەستانی عوسمانی تێکدەچێت. ئەو پەنا دەباتە بەر شا تورکە قاجارە شیعە دەستەڵاتدارەکانی ئێران. دوای مانەوە و نواندنی دڵسۆزی زۆری خۆی بۆ شا، شای ئێران نه‌ک ڕێز له‌ کاره‌کانی ده‌گرێت، به‌ڵکو کچێکی بنەماڵەکەی خۆیشی لێ مارە دەکات. شەرەفخانی لەمەڕ ئێمە، لەو ژنە شازادە قاجارە شیعەی تورکی ئێرانی، لە شاری، لای شیعان پیرۆزی (قوم) لەدایک دەبێت. ئەو ھەر لەگەڵ منداڵانی شای ئێران، به‌ شێوه‌ی شازادان پەروەردە دەکرێت. هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ شازاده‌کانیش دەخرێتە بەر خوێندن. دوای نەمانی باوکیشی، شەرەفخان چەندان پلەوپایەی گەورەی دەوڵەتی، لای قاجاره‌کان پێدەدرێت. سەرەڕای ھەموو ئەو ژینگە گۆڕاوەش کە بۆی ئامادەکرابوو، ئەو بە ویست و خواستی خۆی، دەست لە ھەموو دەسکەوت و خۆشیەکی ئێران ھەڵدەگرێت و، دەگەڕێتەوە زێدگای خۆی. لەوێ، ڕێک بە پێچەوانەی ئەو ژینگە و پەروەردەیەی کە ھەیبوو، ژیان لە شارێکی بچوکی باوک و باپیرانی (بدلیس) دەباتە سەر، کە وەکو ناوەندی میرنشینەکەی بوو. ئەو ھەر لەوێوە ھەستاوە و، گەورەترین خزمەتی بە گەلەکەی کردووە. ئەو یەکەمین کەسە، کە توانیویەتی مێژویەکی سەرتانسەری بۆ کوردستان بنوسێتەوە. شەرەفخان لەو کارەیدا، بە ھەموو واتایەک پێشەنگ بووە، چونکە پێش سەرھەڵدانی بیری نەتەوەیی، لە ژینگەیەکی سیخناخ بە بیری ئاینی، ئەو لە کتێبەکەیدا، ھەموو ئەوانەی وەکو یەک بە کورد داناوە، کە بە زمانی کوردی دەدوێن، جا ئایین و ئایینزایان ھەرچیەک بووبێت. واتا کوردانی سوننەی موسوڵمان، شیعەی موسوڵمان، یارسان و عەلەوی، یان عەلی پەرستان، تا دەگات بە ئێزدیانیش، بێ جیاوازی کردن، لە نێوان زارو شێوە زارو جۆری ئاخاوتن و وردە جیاوازی دی، ھەموویانی کردۆتە خشتی ڕەنگاوڕەنگی مێژوی کوردستان. ڕەنگە ئەو یەکەمین و دوا میریش بووبێت، کاتێک کە پیر دەبێت، بە ویستی خۆی، تاجی فەرمانڕەوایی لەسەری دادەکەنێت و، دەیداتە یەکێک لە کوڕەکانی. شەرەفخان دەیتوانی وەکو میرێکی دەستەڵاتداری قاجاری، لەوپەڕی خۆشیدا بژیێت، بەڵام بۆ ئەمەی نەکرد؟. چ بەرژەوەندیەکی لەوەدا ھەبوو، کە دەستبەرداری پلەی شازادەیی بێت و، ببێتە میری شارێکی لاپەڕگەی سەر سنوری کوردستان؟ بۆ ئەو ھەموو کاتە زۆرەی خۆی، بە نوسینەوەی مێژوی گەلەکەی بردە سەر و، پاداشی چی بۆ ئەم کارەی وەرگرت؟ شەرەفخان، کەسێکی دەگمەن و تاک ھەڵکەوتووی مێژوە و، بە ھەموو پێوانەیەک ناوازە بووە. بە دەگمەن لە وێنەی وی، لای گەلانی دیش دەبیندرێت.

کەسایەتی دووەممان: (محەممەد عەلی پاشا)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی مۆدێرنی میسرە. وەک مێژونوسان و ھەندێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەش، ئاماژەیان بۆ کردووە، ئەو بە بنەچە کورد بووە. گوایا محەممەد عەلی، کوڕی خانەدانێکی کوردی ناوچەی دیاربەکر بووە. لە ناو ڕیزی سوپای عوسمانیدا بە پلەی بەرز گەیشتووە. ئەو ساڵانێک فەرمانداری ھێزی عوسمانی بووە لە ئەرنائوت، یان وڵاتی ئەلبانیای ئەمڕۆ. سوڵتان، بە فەرمانێک ئەو لە ئەلبانیاوە، بە کارێکی سەربازی بۆ میسر دەنێرێت. محەممەد عەلی، باری میسری پێ لەبار دەبێت، تا خه‌ونێکی خۆی تێدا به‌دی بێنێت. ئه‌و، بە پاڵپشتی ئەو سوپایەی کە لەگەڵی بوو، لە سولتان یاخی دەبێ و، لە ساڵی ١٨١٢ز، دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر زەوی میسر ڕادەگەیەنێت. سولتان بەھۆی تێوەگڵانی لە شەڕی سەربەخۆیی یۆنان و، یاخیبوونی گەلانی دی بالکان و ئەوروپا، نەیدەپرژایە سەر میسری دوورە دەست. محەممەد عەلی، بناغەی میسری مۆدێرنی دانا، کە تا ساڵی ١٩٥٢زاینی، فەرمانڕەوایەتی بەدەست نەوەکانیەوە مایەوە. گەر محەممەد عەلی، بە سەلاحەددین و شەرەفخان بەراورد بکەین، ئەو لەچاو ئەو دوانە، زۆر لە کوردەواری نزیکتر بووە، بەڵام نە خۆیی و، نە نەوەکانیشی، ھیچیان بۆ گەلەکەیان نەکردووە. ئەو، ساڵی 1832ز، برایم پاشای کوڕی، بە لەشکرێکەوە ناردە سەر شام و، تا حەلەب و کیلکیلیەی ھەموو گرت. ئەم پەلامارەی برایم پاشا، ھاوکات بوو لەگەڵ پێشڕەویەکانی میر محەممەدی، میری سۆران بۆ سەر ئامێدی و بۆتان. ھەندێک مێژونوس، ئاماژە بە جۆرێک لە پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نامە، لە نێوان ھەردوو سەرکردە دەکەن. بەڵام ئەمە به‌ به‌ڵگه‌وه‌ پشتڕاست نەکراوەتەوە. دوای ئەوەی سوڵتان لە ساڵی ١٨٤٠، دانی بە پاشایەتی بە میرات بۆماوەی محەممەد عەلی دانا لەسەر میسر، ئەویش به‌ مه‌رامی خۆی گه‌یشت و، به‌ یه‌کجاره‌کی لە شام کشایەوە.

جگه‌ له‌م دوو نمونه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌ مێژوی هاوچه‌رخماندا، هێشتا که‌سایه‌تی دی کورد، له‌ لوتکه‌ی ده‌سته‌ڵاتی وڵاتانی هاوسێ ده‌رکه‌وتوون، که‌ به‌ لایانه‌وه‌ نه‌نگی بووه‌، ئاماژه‌ به‌ کورد بوونی خۆیان بکه‌ن، یان دژی کوردانیش وه‌ستاونه‌ته‌وه‌. له‌ تورکیا ده‌کرێت ئاماژه‌ به‌ عیسمه‌ت ئوینونو و تۆرگۆت ئوزال بکه‌ین. له‌ سوریاش، سێ سه‌رۆک کۆمار کورد بوون. واتا حوسین زه‌عیم، فه‌وزی سلۆ و ئه‌دیب شیشه‌کلی، له‌ نێوان ساڵانی 1949 تا 1954ز.

* * *

ئەگەر پرسیاری ئەوەم لێ بکرێت، کە کامە لەو دوو کەڵە پیاوەی ھەڵکەوتەی مێژو، مەبەستم شەرەفخانی بدلیسی و محەممەد عەلی پاشایە، ڕێچکەی سەلاحەددینیان گرتووە؟ یاخۆ دەکرێت بڵێین ئاخۆ ڕێچکەی سەلاحەددین، لە ڕوانگەیەکی کوردیەوە، لە کامە لەو دوو شێوە و نمونانەی سەرەوە دەچێت؟، ئەوا بێ ھیچ گومانێک دەڵێم شەرەفخان و سەلاحەددین، لە یەک بەرە دان. دیارە خوێنەر چاوەڕوانی ئەمەم لێدەکەن، تا ئەم بۆچوونەم بسەلمێنم و، دەریبخەم کە داخۆ سەلاحەددینی ئەیوبی، چ شتێکی وا گەورەو گرنگی بۆ گەلەکەی کردووە؟. دەبێ خۆیی و نەوەکانی وی، چ خزمەتێکی گەلەکەیان کردبێت، تا من بێ پەروا لە ڕیزی کەڵە پیاوێکی وەکو شەرەفخانی دابنێم، یاخود ھێشتا بەرزتریش!. بۆ ئەوەی بتوانین لە وردەکاریەکانی کاری سەلاحەددین و کاریگەریە گەورەکانی لە کوردستان بگەین، زۆر زۆر گرنگە لە بارودۆخی ئەوکات و سەردەمەی کوردستان و خەڵکەکەی بگەین. دەبێ بزانین ئەو سەردەمە کوێ کوردستان بووە و، باری دیمۆگرافی وڵاتەکە چۆن بووە و، دانیشتوانەکەیشی لە چ بارودۆخێکدا بوون و، چیان پێویست بووە و، چەندیان لە باردا بووە؟ ئایا کێشەی ھەرە گەورەی کوردان لەو سەردەمانەدا، دەوڵەتداری و سەربەخۆیی بووە؟ یان نان و ژیان و گوزەرانی بووە؟ ئایا چەند شاری کوردنشین و، چەند ناوەندی شارستانی لە کوردستان ھەبوون؟ چەند لە سەدی دانیشتوانی وڵاتەکە کۆچەر بوون و، تەنیا لە بیری دابینکردنی جێگاو ڕێگا و لەوەڕی باشدا بوون بۆ ئاژەڵەکانیان؟ کێشەی سەرەکی خەڵک چی بوو؟ ئایا ئەرکی سەلاحەددین بوو، واز لە دەستەڵات و دەوڵەتە تازە دامەزراوەکەی خۆی بێنێت، تا بە تەنگ ئەو کێشانەوە بێت و، چارەسەریان بکات، یان ئەرکی میرە فەرماندار و دەستەڵاتدارانی سەربەخۆی میرنشینە کوردیەکان بوو؟ ئایا سەلاحەددین بە ئەرکی سەر شانی خۆی ڕابووە؟ ئەگەر ئا، چی کردووە و، چۆن چارەسەری ھەندێک لەو کێشە سەرەکیانەی کردووە؟ بۆ زانینی وەڵامی ھەموو ئەو پرسیارانە، دەبێ بە یەکەوە، ھەزار ساڵ بۆ دواوە بگەڕێینەوە و، چاوێک بە کوردستانی سەدەی دەیەمدا بخشێنین.

مێژونوسان بۆیان تۆمار کردوین کە نزیکەی ھەزار ساڵ پێش ئێستا، واتا ساڵی ١٠٢٩زاینی، بۆ یەکەمینجار دەستەیەک چەکداری تورکزمانی سەلجوقی، لەسەر خاکی کوردان، لە ناوچەیەکی ئازەربێجان نیشتەجێ کران. میر وەھسودانی کوردی، که‌ پاشای میرنشینی کوردی ئازەربێجان بوو، ئەو سەلجوقیانەی بەکرێ گرتبوون، تا لە دژی میرنشینێکی دی کوردی ڕکەبەر، واتا (شەدادیەکانی باپیرانی سەلاحەددین) بەکاریان بێنێت. تا ئەو ڕۆژانەش، چ تورکزمانێک لە ئازەربێجان نەبوون. خەڵکەکەی بە زاراوەی ئازەری دەدوان، کە بە گوێرەی چەند نوسراوێکی کەمی بەجێماو، زاراوەیەکی لە کوردی زۆر نزیک بووە، یاخۆ زاراوەیەکی کوردی بووە. دوای ئەوە، تورکان دەرگایان بۆ کەوتە سەر پشت. ئه‌وان پەیتا پەیتا و، بە لێشاو ڕوویان لە ناوچەکە کرد. زۆری نەبرد، ئەوان بە ھەموو کوردستان وەربوون. (ئێرە جێینابێتەوە باسی وردەکاریەکانی پەلامار و جێگیربوونی تورکان ھەمووی بکەم). دەتوانم بڵێم شوێنێک لە کوردستان نەما، بەو شوێنانەشەوە کە پێشتر، لەبەر سەختی و دژواری و لەمپەری سروشتیەوە، دەستی ھیچ داگیرکەرێکیان نەگەیشتبووێ. تا ئەو شوێنە سەختانەش کەوتنە ژێر دەستەڵاتی تیرەو ھۆزە تورکەکانی سەلجوقی و، دواتریش تیره‌ی تورکی دی. بە کورتی، کوێستان و گەرمیان، پێدەشت و شاخ، دۆڵ و دەشت، شارو گوند و، ھەرکوێیەک لە کوردستانی گەورە، کە بەسەر زارت دادێت، تورکی تێچوو. ژمارەی ئەو میرنشین و دەستەڵاتداری و دەوڵەتە تورکانەی، کە فەرمانڕەوایی کوردستان، یان بەشێکی کوردستانیان دەکرد، یاخود ناوەندی دەستەڵاتیان لە شارێکی کوردستان بوو، لە بیست تێدەپەڕن. شەپۆڵی یەک لە دوای یەکی هاتنی تورکان، نزیکەی (٥٠٠) ساڵی خایاند. ئه‌م داگیرکردنه‌، ھەموو ناوچە بە پیتەکانی وڵاتانی ڕۆم و، کوردستان و، ئازەربێجان و، ئێران و، زۆر شوێنی دیشی گرتەوە. سەلجوقی، غەز، تورکان، مەغۆل و، دواتریش تەتەر، ھەموو ناوچەکەیان تەنی. ھۆزە تورکەکان، لە ھەر کوێیەک نیشتەجێ دەبوون، بەیادی نیشتمانی کۆنیان، ناوی سەرجەم شارو دەشت و دێھات و شاخ و چیا و چۆم و ڕوبار و دار و بەرد و پەردویان دەگۆڕی. تورکان دوای میرنشینە جۆراو جۆرەکانی سەلجوقیانیش، چەندان دەوڵەتیان یەک لە دوای یەک لە ناوچەکە دامەزراند، کە کوردستانیش بەشێک بووە لێیان، وەک: دەوڵەتی سەلجوقی گەورە(١٠٤٠ – ١١٦٣) زاینی. ئێلخانی (١٢٥٦ – ١٣٣٦ ) زاینی. جەلایەری(١٣٣٦ – ١٤١١ ) زاینی. دەستەڵاتی تەیموری لەنگ (١٣٧٠ – ١٤٠٥ ) زاینی. قەرە قۆینلۆ (١٣٨٠ – ١٤٦٨ ) زاینی. ئاق قوینلو(١٤٠٣ – ١٥٠٨) زاینی. دەوڵەتی عوسمانی (١٣٠٠ – ١٩٢٤) زاینی. دەوڵەتی سەفەوی(١٥٠٢ – ١٧٣٦ ) زاینی. دەوڵەتی ئەفشاری (١٧٢٦ – ١٧٤٩ ) زاینی. دەوڵەتی قاجاری (١٧٩٤ – ١٩٢٥) زاینی. کۆماری تورکیا لە(١٩٢٣) زاینەوە تا ئێستا. جگە لەمانە، لە گۆشە و کەناری ناوەوەی کوردستانیشدا، چەندان میرنشینی تورکی دی، ھاتنە کایەوە. وەک: میرنشینی ساجی لە ئەردەوێل (٨٧٩ – ٩٣٠) زاینی. دانشمەندی لە سیواس و مەلاتیە (١٠٧١ -١١٣٧) زاینی. سلدقی لە ئەرزەرۆم (١٠٧١ – ١٢٠١) زاینی. مەنکوچەک لە ئەرزنجان و کمخ (١٠٧١ – ١٢٢٨) زاینی. سەکمانی قوتبی لە ئەخلات (١١٠٠ – ١٢٠٧) زاینی. ئەرتەقی لە ماردین(١٠٠٨ – ١٤٠٨ ) زاینی. توغان ئەرسەلان لە بارزین و بدلیس و دوین (١١٢١ – ١١٤٨) زاینی. ئەتابەکیە زەنگیەکان لە موسل و ھەولێر (١١٢٧ – ١٢٦٢) زاینی. قارەمانی لە قۆنیە (١٢٥٦ – ١٤٨٣) زاینی. زیقادری لە ئەلبستان و مەڕەش و مەلاتیە (١٣٣٩ – ١٥١٥) زاینی. بەنی رەمەزان لە مەلاتیە(١٣٧٨ – ١٦٠٨) زاینی. بەنی بورھانەدین لە سیواس (١٣٨١ – ١٣٩٨) زاینی و… هیدیش.

شوێنەواری مۆڵگەی تورکان، تەنانەت لە شوێنە دوورە دەستەکانیش ھەستی پێدەکرێ. ھەر بۆ نمونە، ناوی بەشێک لە دێیەکانی دۆڵی جافەتی، ناوچەی سورداش، دواتر ناوچەی ئاغجەلەر و… تا دوایی. تەنانەت شاخی (دابان)یش، لە بنەڕەتدا ناوی شاخێکە، کە تا ئێستاش لە سیبیریا و، لە کلکەی خواروی دەریاچەی بایکال، بەو ناوە ماوە. شاخی ھەیبەت سولتان، شوێنی کوێستانی تورکان بووە و، زستانیشیان لە گوند، یان بەزمانی خۆیان (کۆی) بردۆتەسەر، کە ئەمڕۆ بۆتە شاری (کۆی)یە.

ئا لەو سەردەمانەدا بوو کە تورکان، ڕٍەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان، گەورەترین مەترسیان، لەسەر مانی گەلی کورد و زمانەکەی دروست کردبێت. جێپەنجەی تورکان، بەسەر ھەموو شتێکی کوردی دیار و بەرچاوە. زمان و کەلەپور، خواردن و جلوبەرگ، باری دەرونی و کەسایەتی تاک، ناوی گوندو شارو کێو، ناوی ڕوبارو دۆڵ و دەشت و… تا دوایی.

گەورەترین شوێنپەنجەی تورکان، وا بەسەر نەخشەی ئەو خاکەوەیە کە پێیدەگوترێت کوردستان. وەکو باسمان کرد ئازەربێجان، ھەر لەسەردەمی دەستەڵاتی میدیان و ڕەنگە زووتریش، تا دەگات بە سەدەی دەیەمی زاینیش، خاکێکی کوردی بووە. تیرە و ھۆزە تورکەکان، لە داکشانیان بەرەو خۆرئاوا، ئازەربێجانیان کردە گرنگترین پێگەی نیشتەجێ بوونی خۆیان. کوردان لە ئازەربێجان، بۆ ماوەیەکی درێژ، کەوتنە بەر ھەڵمەتی پاکتاوکردن. ئه‌مه‌ش بە شێوەی جۆراوجۆر ده‌کرا. وەک وەدەرنان و ھەڵکەندنیان لە زێدی خۆیان. ملکەچ بوونیان و پەسەندکردنی مەرجی ھۆزە تورکەکان، کە زۆرجاران لە پێشەوەیدا، گۆڕینی مەزھەب و ئایینیان بوو.

وەک بەرەنجامی شەڕو پەلامارو وەدەرنان، بە سەتان ھەزار کورد، ناچار کران دەست لە خاک و زێدو گوند و شارەکانیان ھەڵگرن و، ڕووەو ڕۆژئاوا بەگشتی و، باکوری ڕۆژئاوا بەتایبەتی سەرھەڵگرن. شەدادی و ھەزبانیانی ماڵە باپیرەی سەلاحەددین، یەکێک بوون لەوانەی، کە کەوتنە بەر ئەو ھەڵمەتەی پاکتاوکردنی تورکان بۆ سەر زێدیان. ئەوان بە چەند قۆناغێک، بۆ ھەتا ھەتایێ کوردستانیان بەجێھێشت. دیارە پرۆسەی نیشتەجێبوونی تورکان لە ئازەربێجان و، ڕاونانی کوردان لەوێ، پرۆسەیەکی مێژویی درێژ بووە. ئەو ھۆز و تیرە و بنەماڵە کوردانەی، کە ناچاری کۆچکردن دەبوون، بە ساڵان و، زۆر جاریش بۆ چەندان نەوە، دەبوونە کۆچەر و، بۆ سەر ژیانی ڕەوەندایەتی پێشوی باپیرانیان دەگەڕانەوە. واتا بێ خانو و ماڵی چه‌سپاو و هه‌میشه‌یی دەبوون. ئەم گۆڕانی سیستەمی ژیانە، ئەوانی ناچار دەکرد، تا لە پێناو دابینکردنی لەوەڕگا و شوێن ھەوار بۆخۆیان و ئاژەڵەکانیان، دەبا لەگەڵ یەکدی و، لەگەڵ دانیشتوانی گوندو دۆڵەکانی سەر ڕێگایان، ھەمیشە لە شەڕی مان و نەمان دابان. پاشخانی ئه‌م یه‌کدی خۆشنه‌ویستنه‌ی ڕه‌وه‌ند و سه‌پانانی نیشته‌جێ، تا ئێستاش شوێنه‌واری ماوه‌ته‌وه‌. لەوەش ناخۆشتر ئەوەبوو، کە ئاواره‌ و ده‌رکراوه‌کان، بۆ ھەر کوێیەک چوبان و، ڕوویان لە ھەر کوێیەکی دی کوردستان کردبا، ئەوا بە تیرە و ھۆزی تورکی دیکە دەورە درابوون و، ناچار دەکران تا باج و سەرانەیان پێبدەن. ئەم کۆچپێکردن و ئاوارە بوونانە، تیرەی دی ھاوسێی کوردانیشی گرتبووەوە. وەک دەیلەمیەکانی دانیشتوانی نێوان کەناری خەزەر و ئازەربێجان، کە ھاوسێی لەمێژینەو، زمان نزیکی کوردان بوون. ئەوان لە کوردان باشتریش ڕێکخراوبوون. لە سەردەمی دەستەڵاتی خەلیفەی بیست و دووەمی عەباسیاندا، واتا لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتی (ئەلموستەکفی ٩٤٤-٩٤٦زاینی)، بوەیھیە دەیلەمیەکان، پەلاماری شاری بەغدایان دا و داگیریان کرد. وەک گوتمان بوەیھیەکان، گەلێکی بە ڕەگەز ئێرانی، ناسراو بە دەیلەمی، ناوچەی کەنارەکانی دەریای خەزەر بوون. زمانیان تا ڕادەیەکی زۆر، لە ھەردوو زاراوەی لێکچووی کوردی، ھەورامی و زازاکی، ھەروەھا زاری باجەللانی، گۆران و شەبەکان دەچوو. ئەوان بە پێچەوانەی باوەڕی زۆرینەی دانیشتوانی بەغدا، کە مەزھەبی سوننە بوو، سەر بە ئایینزای شیعە بوون. واتا خۆیان بە پێڕەوانی کوڕ و نەوەکانی عەلی، ئامۆزای پێغەمبەر دەزانی. گومان وایە بوەیھیە دەیلەمیەکان، کە لە ساڵانی ٩٣٢ -١٠٥٥ دەوڵەتێکی بەھێزیان دامەزراند و بەغدایان داگیر کرد، تات بووبن. واتا ئەو گەلەی کە لە کەنارەکانی باشوری ڕۆژئاوای دەریای خەزەر دەژین و، ئەمڕۆ بە گیلەکی و تات ناودەبرێن. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەی بەراوردکاری زمانەوانی و شیکردنەوەی ناویشەوە، گومان وایە باجەللان، زازا، ھەورامی، شەبەک و چەند تیرەیەکی دی پەرتوبڵاوی کوردی، بۆ سەر ھەمان دەیلەمیان بگەڕێنەوە. زازا، کە تیرەیەکی گەورە و بەربڵاوی کوردن، لە چەند شوێنێکی لێکجیاوازی باکور و باکوری ڕۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن. ناوەندی ھەرە گەورەی زازاکان، شاری دێرسیم/ تونجەلی یە، لەوپەڕی باکوری ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ئەوان لە نزیک دیاربەکر و ئادی یەمانیش ھەن. زۆریشیان کەوتونەتە ئەستەمبۆڵ و شارەکانی دی تورکیاوە. زۆرێک لە زازاکان عەلەوین و، کەسایەتی ئەفسانەیی عەلی، ناوەندی پەرستن و بیروباوەڕیانە. واتا پێڕەوی لەو ئایینە دەکەن، کە لە سەدەکانی ناوەڕاست بە (قزلباش) دەناسران. زازاکان خۆیان بە خۆیان دەڵێن دملی. بە زاراوەکەشیان دەڵێن دملکی. لەبەر ئەوەی دملیەکان، دەنگی “ز” وەک “ظ” ی عارەبی گۆدەکەن، بۆیە تورکان ناویان لێناون ظاظا، کە هه‌ر بە (زازا) گۆدەکرێت. واتا ئەوان لە بنەڕەتدا ناویان زازا نەبووە. زاراوەی دملکی، لە زۆر ڕووەوە ھەمان زاراوەیە کە لە ھەورامان و باکوری کرماشان قسەی پێدەکرێت. گۆران و باجەلان و شەبەکەکانی نزیک موسڵیش، ھەر بەو زاراوەیە دەدوێن. وەک دەبینین، دەیلەمی و دملکی، ( کە ناوی زازاییەکانە بە زاراوەی خۆیان)، دوو ناوی ھاوڕەگن. ھەر وەک بە پێی ھەندێک لێکدانەوەی سەرپێیی، لە زۆر ڕووەوە لێکچوون لە نێوان زمان و زاراوەکانی تاتی (گیلەکی) و ھەورامی/ دملکی (زازاکی) دەبیندرێت. پەرتوبڵاوی دملیەکان لە دەرسیم و دیاربەکرەوە، تا موسڵ و ھەورامان و، ئینجا کرماشان، ئاماژەن بۆ چەندان شەپۆڵی کۆچکردنێکی بەناچاری، بە سەردەم و ئاراستەی لێکجیاشەوە. من بە دووری نابینم کە ئەوانیش، قوربانی ھاتنی شەپۆڵی گەورەی تورکانی مەغۆل و سەلجوقی بووبن بۆ ناوچەکە. بۆیە بە گومانی زۆر، ئەوان لە ڕۆژھەڵاتی ئازەربێجان و کەنارەکانی دەریای خەزەرەوە، بەرەو قوڵایی کوردستان ڕاونراون. ئەگەرێکی دیش بۆ بڵاوبوونەوەیان، بۆ دەستەڵاتی به‌رفراوانیان دەگەڕێتەوە. ئەوان لە ناوچە جیاوازەکانی وەک پارس، ئێراقی عەجەم و عارەب، خوزستان، کرمان، ڕەی و ھەمەدان میرنشینیان ھەبوو. کاتێک کە تورکانی سەلجوقی هاتن، میرنشینەکانیان یەک لەدوای یەک داگیرکرد، ئیدی ئه‌وان نەیانتوانی بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنەوە، چونکە ئەوێ ماوەیەک بوو تورکی تێچوبوو.

بەمجۆرە سەرەتای گەورەترین گۆڕان لە نەخشەی کوردستان، تەنیا ١٠٩ ساڵ بەر لەدایکبوونی سەلاحەددینی ئەیوبی دەستی پێکردووە. بێگومان گۆڕانی سنورەکانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و، دۆڕاندنی ھەزاران کیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاک، پرۆسەیەکی درێژخایەن بووە، بۆیە لە سەردەمی لەدایکبوونی سەلاحەددینیش دا، بەرەنجامەکانی هێشتا بەرچاو و، برینەکانیشی هێشتا زەق و خوێنتێزاو بووە.

ڕەنگە چارەنوسی بنەماڵەی سەلاحەددین، بە دەست و لە دەست تورکان، باشترین نمونە بێت، کە چۆن قوربانی ھەرچی بکات، ھەر دەچێتەوە بەردەستی جەللاد. بنەماڵەکەی وی، بەھۆی پەلاماری تورکانەوە، دەستەڵاتیان لەدەست چوو و، بە ناچاری شوێنی خۆیان بەجێھێشت. نازانین بە چەند قۆناغ ھاتوونەتە (دوین)ەوە. دوای ئەوەش ڕوو لە بەغدا دەکەن و، دەبنە کاربەدەستی بەردەستی تورکێک. بە ھەمان کارەوە دێنە تکریت. کە لەوێش وەدەرنران، ڕوو لە تورکانی زەنکی خاوەنی موسڵ و حەڵەب دەکەن. ژیانیان لە موسڵ، بەعلبەگ، قاھیرە و دیمەشق درێژە پێدەدەن. شێرکۆ و سەلاحەددین، وەک دوو ئەفسەری ناو لەشکری تورکانی زەنکی و ئەتابەک، پێدەگەن. ئه‌وان هه‌ردووک، له‌وێ بواری ئەوەیان بۆ دەڕەخسێت ببنە فەرماندە. واتا بنەماڵەکە ھەروەک چۆن ڕاونراوی دەستی تورکان بوون، ئاواش بۆ نان پەیدا کردن، ناچار بوون ھەر ڕوو لەوان بکەنەوە. بە واتایەکی دی، سەلاحەددین، ئەگەر کوردیش بووبێت، ئەوا ھەڵشێلراوی دەستی تورکان بووە و، بەسەر شانی ئەوانیشەوە بە پلەو پایەی بڵندی خۆی دەگات.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

1516611239wefayi

وه‌فایی

جام کوردی: میرزا عەبدوڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی ١٢٦٤ی ھەتاوی …