Home / مێژووى جیهان / (14)ی تـەموز شۆرشێک کەدنیا دووژمنی بوو ‌

(14)ی تـەموز شۆرشێک کەدنیا دووژمنی بوو ‌

 

(14)ی تـەموز شۆرشێک کەدنیا دووژمنی بوو ‌

alugor164

نوسینی:ئەردەڵان عەبدوڵڵا ‌

خـوێندنەوەیەک بـــۆ کتێبی ئـاڵۆگۆڕ
شۆڕشی 14 تەموزی ساڵی 1958 لە عیراق یەکێکە لە رووداوە گرنگ و پڕ بایەخەکانی مێژووی عیراق و ناوچەکە. لەسەر ئەم ڕووداوە گرنگەی عیراق کۆمەڵێک کتێب و لێکۆڵینەوەی زۆر نووسراون. دیارە هەر لایەنەو هەوڵیداوە  خۆی بە سوارچاکی شۆرشەکە دابنێت و پاشانیش خۆی وەکو قوربانی دەستی چەتە بەعسیەکان دابنێت. لەماوەی پێشوودا کتێبێکی جوان و نایابم دەستکەوت لەبارەی ئەم شۆرشەوە ئەویش کتێبی “ئاڵۆگۆڕ” لەنووسینی د.ئیبراهیم عەلاوییە و د.شێرکۆ عەبدوڵڵا کردوویەتی بە کوردی.
دیارە ئیبراهیم عەلاوی خۆی یەکێک بووە لە کادیرە دێرینەکانی حیزبی شیوعی و پاشانیش یەکێک بووە لەسەرکردە دیارەکانی ڕێکخراوی “قیادە مەرکەزی حزبی شیوعی”. واتە نووسەر لەنزیکەوە ئاگادری ڕووداوەکان بووەو لەگەڵ ڕۆژە خۆش و ناخۆشەکانی سەردەمی شۆڕشدا ژیاوە.
سەرەتاکانی پێش شۆرش
نووسەر لەسەرەتای دەستپێکردنی کتێبەکەیدا گەشتێکی کورتی بە مێژووی پێش شۆرشەکەدا کردووەو پاشانیش باس لە ڕه‌وشی  ئابووری و سیاسی عیراق ده‌کات و له‌هه‌مانکاتیشدا سیاسەتی ئینگلیزەکان لە عیراق و گرنگی  بۆ ئینگلیزەکان دەخاتە روو، کە بەلای ئەوانەوە گەورەترین بنکەی ستراتیژی بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و وەکو پردێک وابووە بۆ بەستنەوەی هیندوستان بە به‌ریتانیاوە. سەرەتا ئینگلیزەکان کۆمەڵێک پرۆژەی ئابووری و پیشەشازی باشیان داناوە لە عیراقدا بیکەن، بەڵام پاشان لەم پرۆژانە پاشگەزدەبنەوە و زیاتر سامانی سروشتی عیراق، وەکو یەدەگێک بۆ کاتی پێویست بەکاردێنن.
ئینگلیزەکان لە نوری سەعید نیگەرانن
نووسەر لەم کتێبەدا باس لە تێڕوانینی ئینگلیزه‌کان بۆ عیراق ده‌کات که‌ لەوکاتەدا پێیان وابووە،چیتر ئەم ڕژێمەی عیراق ناتوانێت بەردەوام بێت، بۆ ئەمەش پشتی بە کتێبێکی ڕۆژنامەنووسی نێوداری ئینگلیزی “پاول جۆنسن”  بەستووە، کە لەساڵی 1958 دا کتێبێک بەناوی “گەشتێک بۆ ئاژاوە” دەنوسێت، دیارە جۆنسن کەسێکی نزیک دەسەڵاتداری بەریتانیا بووە، سەرەتا ئه‌ندامی پارتی کرێکاران بووەو پاشان بۆتە ئەندامێکی پارتی پارێزگاران. جۆنسن لەو کتێبەیدا پێشنیازی  کردووە کە بەریتانیا واز لە پاراستنی حکومەتی کۆنەپەرست و پاشا و شێخەکان بهێنێت، داواشیکردووه‌ که‌  حکومەتی ئایندەی پارتی کرێکاران بایەخبدات بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەوانەی کەناوی لێنابوون (سۆشیالیستە عەرەبەکان، ل59).
دیارە ئەم کتێبە ڕۆڵێکی زۆر نێگەتیڤی بینی بۆ گەلی عیراق، چونکە پاشتر ئینگلیزەکان پشتیان بەو سۆسیالیستە عەرەبانە بەست کە ئەوانیش بەعسیە فاشیستەکان بوون.
شۆڕشه‌که‌  زلهێزەکان
 تووشی شۆک دەکات
دیارە یەکێک لەو خاڵە جوانانەی کەلە شۆرشی 14 تەموزدا دەردەکەوێت، ئەم شۆرشە زۆر خۆرسکانه‌ بووه‌و  هەستی نیشتمانپەروەری تێیدا زاڵ دەبێت و دوور دەبێت لە پلانی زلهێزە ئیمپریالیستەکانی جیهان، بە پێچەوانەی کودەتاکەی 1952 ی میسرەوە، کەبە پاڵپشتی ئەمریکا “ناسرو ئه‌فسه‌ره‌ هاوڕێکانی” ڕژێمی پاشایەتییان رووخاند. بەڵام ئەم دوورە دەستیەی زلهێزە ئیمپریالیستەکان وایان لێدەکات کە تووشی هیستریایەکی گەورە بن و بکەونە پیلان دانان لەدژی شۆرشەکە.
ئایزینهاوەر، سه‌رۆکی پێشووی ئه‌مریکا  لە بیرەوەریەکانیدا بەمشێوەیە باس لە شۆرشی 14 تەمووز دەکات و ئەو حاڵەتە دەروونییه‌ دەردەخات کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تووشی بوون.
“ئەمە ئەو وڵاتەیە کەبە هەموو هێزی خۆمان پشتمان پێی بەستبوو ببێتە قەڵای سەختی سەقامگیری و پێشکەوتن لە ناوچەکەدا. ئەگەر وەرچەرخانی ڕووداوەکان بەم شێوە ترسناکە، وەڵامی توند نەدرێتەوە لەلایەن ئێمەوە ئەوا تەواوی دەسەڵاتی خۆرئاوا لە خۆرهەڵاتی ناوەراستدا لەناو دەچێت”. (ل 61).
هەوڵەکانی ئەمریکا و ئینگلتەرا
 بۆ لەباربردنی شۆرشەکە
لەپاش ڕوودانی شۆرشەکە هەریەکە لە به‌ریتانیاو ئەمریکا دەکەونە ئامادەکردنی کۆمەڵێک نەخشە بۆ لەباردنی شۆرشە تازەکەی عیراق. بەڵام لەوکاتدا  ململانێی سەخت لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دروست دەبێت، هەرئەمەش وا دەکات کە ئەمریکاییەکان بە جیا لە لوبنان دابەزن و ئینگلیزەکانیش بە جیا لە ئوردون هێزەکانیان دابەزێنن، ئەم دابەزاندنی هێزەش زیاتر بۆ سنوردارکردن و بڵاونەبوونەوەی پەتای شۆرش بوو لەناو ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا.
هەوڵەخراپەکانی تورکیا
دیارە تورکیا هەمیشە چاوی بڕیوەتە سەرەوت و سامانەکەی عیراق، لەکاتی سەرهەڵدانی شۆرشی 14 تەموزیشدا بەهەل زانی و  هەوڵێکی زۆریداوە بۆ ئەوەی لەڕووی سەربازیەوە پەلاماری عیراق بدات، لێ ئەوەی جێگەی سەرنجە بەریتانیەکان دژی هەوڵەکانی تورکەکان وەستاونەتەوە و نەیانهێشتووە پەلاماری عیراق بدات. لەمبارەیەوە “هاڕۆڵد  ماکمیلان” سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت: “لە ڕاستیدا هێرشی تورکیا لە “شێتی” خراپتر دەبێت، بەڵکو شێتیەکی تاوانکــارانەیە، ئێمە لەم کارەدا یارمەتی هاوڕێ کوژراوەکانمان نادەین”. (ل 64).
گەرچی ئەمریکا ئەم هێرشە شێتانەی تورکەکانیان پێ باشبووە بەڵام ئینگلیزەکان ترسیان لەوەبووە، گەر تورکەکان عیراق داگیربکەن، ئەوا دەست بەسەر تەواوی سامانی عیراقدا دەگرن و ئەمەش لەبەرژەوەندی ئەواندا نییە.
شای ئێران و
 سعودیە ترسیان لێنیشتووە.
شۆڕشی 14 تەموزی عیراق1958 وەکو شۆرشە مەزنەکەی 14 تەموزی 1789 ی فەرەنسا، تەواوی هێزە کۆنەپەرستەکانی تووشی شڵەژان و شۆککردووەو بەهەموویانەوە هەوڵی لەناوبردنی ئەم شۆڕشەیانداوە. هەرچەندە شۆرشی عیراق 169 ساڵ لەپاش شۆرشی فەرەنسی ڕوویداوە، بەڵام کاتێک سەیری هەوڵەکانی دەوڵەتانی دراوسێی عیراق دەکەیت، ڕێکدەڵێیت دەوڵەتە دراوسێکانی فەرەنسان،  هەموویان هەوڵی لەناوبردنی شۆرشەکە دەدەن.  دیارە لەپاش رووخانی ڕژێمی پاشایی لە عیراق و بەهێزبوونی ڕۆڵی شیوعیەکان، تەواوی ڕژێمە کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە  دژی ئەم شۆرشە وەستاونەتەوە، لەسەروو هەمووشیانەوە شای ئێران و شای سعودیە. شای سعودیە نێردراوێكی تایبه‌تی خۆی بۆ به‌ریتانیا ده‌نێرێت و  داوا لە ئینگلیزەکان دەکات و ده‌ڵێت:”هەرچیتان کردووە نەهێڵن شیوعیەکان لە عیراقدا دەسەڵات بگرنە دەست”. هەوڵی شای ئێرانیشە لەکاتی شۆرشەکەدا پەلاماری ناوچە سنوریەکانی باشوری عیراق دەدات و داوای ناوچەی “شەتول عەرەب” دەکات، هەموو ئەمەش وەکو فشارێکی سیاسی بووە بۆ  سه‌ر شۆرشە نوێکەی عیراق.
سۆڤێت و شۆرشەکەی عیراق
هەمیشە یەکێتی سۆڤێت خۆی  وا پیشانداوە کە دۆستی گەلانی جیهانی سێهەمەو دژی هێزە ئیمپریالیستەکانە، بەڵام لەکاتی شۆرشی 14 تەموزدا سۆڤێت بەسه‌رۆکایەتی “خرۆشۆف” ڕۆڵێکی ئێجگار خراپی گێڕاوە، ئەمەش لەڕێگەی بەکارهێنانی هەژموونی خۆی بەسەر حزبی شیوعیەوە بووە. لەوکاتەدا بە فشاری سۆڤێت، شیوعیەکان ناچاردەبن کە دەست بۆ دەسەڵات نەبن، بگرە پێویستە پشتگیری قاسم بکەن، لەلایەکی ترەوە بەهەموو شێوەیەکیش هەوڵیداوە شۆرشەکەی عیراق بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کێشەی بەرلین و ئەڵمانیای لەگەڵ ئەمریکا پێ چارەسەر بکات.
گۆڕینەوەی بەغدا بە بەرلین
هەمیشە ئەڵمانیا ترسێکی گەورە بووە بۆ سه‌ر یەکێتی سۆڤێت، دیارە ئەمە راستیەکی حاشا هەڵنەگریشە کە ئەڵمانیا له‌ جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا بەوپەڕی دڕندەییەوە پەلاماری ئەم وڵاتە دەدات و زیاتر لە 20 ملیۆن کەس دەکوژێت و کۆمەڵێک چەتەگه‌ری گەورە دەرهەق بە گەلانی سۆڤێت دەکات، هەربۆیە ئامانجی سەرەکی سۆڤێت لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی ئەوه‌ بوو، کە چیتر نەهێڵن ئەڵمانیا پڕچه‌کبکرێتەوه‌.  بەڵام چ ئینگلیزەکان و چ ئەمریکیەکانیش لەگەڵ ئەوەدابوون کە ئەڵمانیا بۆ دژایەتیکردنی سۆڤێت پڕچەکبکرێتەوە. لەمبارەیه‌وە “چڕچڵ”  دەڵێت: چەکدارکردنەوەی ئەڵمانیا تاقە شتێکە مۆسکۆ لێی بترسێت، دەمەوێت ئەڵمانیا و سیستەمی بەرگری ئەوروپا بەرکابهێنم بۆ ئەوەی روسیا ئاقڵ ببێت، بۆ ئەوەی لەگەڵماندا بێتە ناو گەمەکەوە(گەمە نێودەوڵەتیەکە) هەروەها روسیاشم پێویستە بۆ ئەوەی ئەڵمانیا لە کۆنتڕۆڵ دەرنەچێت. (ل138).
خرۆشۆف بۆ ئەوەی مەسەلەی ئەڵمانیا  لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا چارەسەر بکات، شۆرشەکەی عیراق دەکاتە کارتێک و لەدژیان بەکاریدەهێنێت، هەرچەندە خرۆشۆف لەم گەمەیه‌یدا سەرکەوتوو نابێت، بەڵام هەوڵی زۆری بۆ دەدات.  جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ کتێبه‌که‌ش هه‌ر به‌م ناوه‌وه‌ نراوه‌، چونکه‌ نووسه‌ر پێی وایه‌ که‌ شۆرشی عیراق له‌گه‌ڵ کێشه‌ی به‌رلین ئاڵوگۆڕی پێکراوه‌.
ڕۆڵی نێگەتیفی ناسر و میسر
هەمیشە میسریەکان “ناسر” وەکو کەسێکی دژە ئیمپریالیست و پێشكەوتنخواز نیشاندەدەن و خۆشیان وەکو یارمەتیدەری گەلان جیهانی سێهەم پیشان داوە بۆ دژایەتیکردنی هێزە ئیمپریالیستەکان. بەڵام لەڕاستیدا ناسر و رژێمەکەی ڕۆڵی ئێجگار خراپ و قێزەونیان لە دژی شۆرشە گەنجەکەی عیراقدا بینیوە. بگرە ناسرو هەوادارانی لەناو گێتی عەرەبدا دەبنە باشترین هاوکاری ئەمریکا بۆ لەناوبردنی شۆرشی عیراق، ئەمەش لەکاتی  بزووتنەوە دژە شۆرشەکەی شەواف لە موسڵ دەردەکەوێت، کە بە یارمەتی ناسر کۆمەڵێک ئەفسەری نەتەوەیی هەوڵی لەناوبردنی شۆرشەکە دەدەن. جێگەی ئاماژەیە ئەمریکا هەتا ماوەیەکی زۆر پشت بە ناسریەکان دەبەستێت بۆ لێدانی شیوعیەکان لەناو عیراق و تەواوی وڵاتە عەرەبیەکاندا. گاڵتەجاری گەورەش لەوەدایە، کە یەکێتی سۆڤێت گەورەترین پاڵپشتیکەری ناسر و رژێمەکەی بووە!.
ڕۆڵی باشی چینیەکان
ئەوەی جێگەی سەرنجە لەم شۆرشەدا، تاکە دەوڵەتی جیهان کە ڕۆڵێکی ئێجگار جوان و شۆرشگێری هەبووە، کۆماری میللی چین بووە. لەوکاتەدا کاتێک چینیەکان زانیویانە کە شۆرشی 14 تەموز مەترسی دەستێوەردانی ئەمریکاو بەریتانیای لەسەرە، هه‌زاران چینی ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی بێن  بەرگری لە شۆرشی 14 تەموزی عیراق بکەن. ئەمەش خۆی لەخۆیدا یەکێکە لە هەڵوێستە جوانەکانی ئەم کۆمارە لە مێژووی سیاسیدا.
نەوت و خوێن
دیارە لەپاش جەنگی یەکەمی جیهانیەوە نەوت ڕۆڵێکی گرینگ دەبینیت لە ستراتیژی بەریتانیاو ڕۆژئاوادا. هەمیشە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستیش، سەرچاوەی سەرەکی ئەم ووزە گرنگ پر بایەخە بووه‌. عیراقیش بەهۆی بوونی سامانێکی زۆری نەوتەوە، هەمیشە جێگەی بایەخی هێزە ئیمپریالیستەکان بووە. دیارە لەپاش هەوڵە شکستخواردووەکەی مسەدەق لە ئێران بۆ خۆماڵیکردنی نەوت، هەمیشە هێزە ئیمپریالیستەکان بەوپەڕی هێزیانەوە دژی هەموو هەوڵێکی خۆماڵیکردنی  نەوت بوون لە ناوچەکەدا. لەکاتی سەرهەڵدانی شۆرشی عێراقیشدا تەواوی ئیمپریالیستەکانی جیهان ترسیان لە خۆماڵیکردنی نەوت بووە لە عیراق. لە مباریەوە خروۆشوف بە ناسر  دەڵێت: “ئەمەوێ بۆتان باسبکەم کاتێک من و بۆلگانین ساڵی 1956 لە لەندەن بووین (ئایدن) چی پی گووتین؟: گوتی: ئەگەر پێداویستیە نەوتییەکانی بەریتانیا تووشی هەر مەترسی و هەڕەشەیەک ببن ئێمە شەڕ دەکەین. قسەکەی زۆر بە جددی دەکرد. رووداوەکەی حاڵی حازریش ئەمە روون دەکاتەوە”. (ل 71).
سەرەتا قاسم هەوڵ دەدات کە بەریتانیا و ئەمریکا لەم ترسە برەوێنێتەوە دەست بۆ خۆماڵیکردنی نەوت نابات، بەڵام پاشان بەهۆی فشاری شیوعیەکانەوە باس لە خۆماڵیکردنی نەوت دەکات و لە ساڵی 1961 یاسای ژمارە 80ی دەرکرد، کەبە بەردی بناغەی خۆماڵیکردنی نەوت لە عیراقدا دەژمێرێت. لەلایەکی ترەوە ئەوەی جێگەی سەرنج و تێرامانە، لە 7 شوباتی 1963 قاسم پرۆژە یاسای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عیراقی دەرکرد، ڕۆژێک پاش ئەوە کودەتای بەسەردا دەکرێت. لەلایەکی ترەوە  لە 8ی شوباتدا کاتێک بەعسیەکان کودەتا خوێناویەکەیان دەکەن و قاسم لەسێدارە دەدەن، پرۆژە یاساکەی لە گیرفاندا بووە. ل383.
شیوعیەکان و شۆرشی 14 تەموز
دیارە شیوعیەکان ڕۆڵیکی ئێجگار بەرچاویان هەبووە لە هەڵگیرساندن و پاشان پاراستنی شۆرشە مەزنەکەی 14 تەموزدا، هیچ کاتێکیش ناتوانین باس لەم شۆرشە بکەیت و ڕۆڵی شیوعیەکان باس نەکرێت. نووسەریش باش ئاگاداری ئەم ڕاستیە بووە، هەربۆیە بەشێکی گەورەی کتێبەکەی بۆ رۆڵی شیوعیەکان داناوە. دیارە سەرەتا شیوعیەکان پشتگیری قاسمیان کرد، هەرچەندە پاشتر چەندین هەوڵ هەبوون بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن شیوعیەکانەوە بەتایبەتی لەکاتی سەرۆکایەتی سەلام عادل دا، کە سەرکردەیەکی شۆرشگێری ناو حزبەکە بووە. بەڵام پاشان بەفیتی سۆڤێت لە مانگی تەمووزی 1959 دا پلانێک لەدژی سەلام عادل دەکرێت و لەسەرکردایەتی حزب دوور دەخرێتەوە، کەئەمەش  بە کۆبوونەوە فراوانەکەی کۆمیتەی ناوەندی مانگی تەموزی 1959 دەناسرێت.  سۆڤێت بەهەموو هەوڵێکی  فشاری بۆ شیوعیەکان هێنا کە دەست بۆ دەسەڵات نەبەن بەڵکە پشتگیری دەسەڵاتێکی  بەناو نیشتمانی بەسەرۆکایەتی قاسم بکەن. جێگەی ئاماژەیە ستالین لەکاتی شۆرشی چینیشدا دژی شیوعیەکانی چین وەستایەوەو دانی  بە حکومەت کۆنەپەرستەکەی کۆمینتانگدا نا، بەڵام بەحوکمی بوونی سەرکردەیەکی مەزنی وەکو ماوتسیتونگ ئەم سیاسەتەی ستالین فەشەلی هێنا، بەڵام بەداخەوە لە عیراقدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا. هەر ئەم سیاسەتە چەوتەی سۆڤێتیش بوو، کە وایکرد پاشتر شیوعیەکان باجی گەورەی ئەم سیاسەتە هەڵەیان بددەن و پۆل پۆل لە قەسابخانەکانی بەعسیەکاندا لەناویان بەرن.
خۆماڵیکردنی نەوت و
 بەشداربوونی شیوعیەکان لەدەسەڵات
هەر لەسەرەتاوە شیوعیەکان داوای خۆماڵیکردنی نەوتیان دەکرد، کەئەمەش  گەورەترین ترس بوو بۆ هێزە ئیمپریالیستەکان. لەلایەکی تریشەوە مەسەلەی بەشداریکردنی شیوعیەکان لەدەسەڵات، ترسێکی تری ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بووە. جێگەی ئاماژەیە لەوکاتەدا پڕه‌نسیبی “ئایزینهاوەر” سەرۆکی ئەمریکا پەیدابوو، کە ئامانج لێی لەناوبردنی هێزە کۆمۆنیستەکان بوو لەو ولاتانەی کەترسی گرتنە دەستی کۆمۆنیستەکانی لێیە.
بۆچی بەعسیەکان
 بوونە  ئەلتەرناتیفی ئینگلیزەکان
لەکاتی شۆرشی 14 تەموزدا ئینگلیزەکان و ئەمریکیەکان دوو سیاسەتی دژ بەیکیان هەبووە بۆ لەونابردنی شۆرشەکە. ئەمریکیەکان پشتگیری تەواوی خۆیان  بۆ ناسر دەربڕی تاوەکو شۆرشەکە لەناوبەرێت، ئەمەش لە بزووتنەوەکەی شەوافدا دەرکەوت، گەرچی ئینگلیزەکان دژی ئەم سیاسەتەی  ئەمریکا  بوون. دیارە ئینگلیزەکان ڕقێکی ئەستووریان لەناسر بوو، چونکە لە ساڵی 1956 نۆکەندی سوێسی لەدەست دەرهێنان، لەلایەکی تریشەوە ئینگلیزەکان زۆر متمانەیان بە ناسر و هەوادارانی نەبوو. لەمبارەیەوە رۆژنامەی هیرالد تریبۆن دەنووسێت: “لەکاتێکدا کە واشنتۆن ئارەزووی یارمەتیدانی ناسری عەرەبپەروەرێتی دەکات کە رکابەری قاسمە، کەچی لەندەن وەکو ئەمریکیەکان دەڵێن، بەپێی سیاسەتێک دەڕوات کە دەڵێت: تۆزێک کۆمۆنیزم باشترە لە زۆرێک ناسریی”. رۆژنامەی، هیراڵد تریبۆن 27. مایسی 1959.
بەڵام پاشتر ئینگلیزەکان لایەنێکی تر دەدۆزنەوە کە دەبنە هاوپەیمانیان، ئەوانیش بەعسیەکانن. لێرەدا بەعسیەکان بۆ ئەوان زۆر باش دەبن چونکە هەم دژی ناسری عەرەپچێتین، هەم دوژمنێکی گەورەی شیوعیەکانن، هەربۆیە ئینگلیزەکان بەوپەری هێزو توانایانەوە پشتگیری بەعسیەکان دەکەن و دەبنە باشترین ئەلتەرناتیف بۆ شیوعیەکان و ناسریەکان لە عیراقدا.  لەمبارەیەوە عەلی سالح سەعدی کە یەکێکە لەسەرکردە بەعسیەکان، دان بەو راستیەدا دەنێت  و دەڵێت: ئێمە بە شەمەندەفەری ئەمریکایی گەیشتینە دەسەڵات. ل 360.
چەند سەرنجێک
دیارە نووسەر زۆر هەوڵیداوە  بەشێوەیەکی ئەکادیمی باس لە ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان بکات، بەڵام لە زۆر شوێندا سەرکەوتوو نەبووە، بۆ نموونە کاتێک باسی “زەکی خیری” دەکات، خوێنەر هەست دەکات کەشەڕی ” کۆنە قین” دەکات. نووسەر دەیەوێت هەموو هەڵەکانی حزبی شیوعی بخاتە ئەستۆی زەکی خیری و عامر عەبدوڵڵا. ئەوە ڕاستە پێدەچێت ئەم دوو کەسایەتییە ڕۆڵێکی خراپیان بوبێت لە مێژووی حزبی شیوعیدا، بەڵام نابێت هەموو هەڵەکانی حزبێکی سیاسی بخرێتە ئەستۆی دوو کەس.
مەسەلەی کورد
خاڵێکی تر کە جێگەی سەرنجم بوو، نووسەر چ بە مەبه‌ست بووبێت یان بەبێ مەبەست باسی لە بزووتنەوەی کورد ناکات کەلە مێژووی کوردا بە شۆرشی ئەیلول دەناسرێت.  نووسەر چ بە باش یان بە خراپ باس لە ڕۆڵی کورد ناکات، بە بروای من دەبوایە ڕۆڵی بزووتنەوەی سیاسی کوردی باسبکردایە، چونکە تاڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی لە رووخاندنی قاسم هەبووە.
مەسەلەی کوەیت
مەسەلەیەکی تر کە نووسەر گرینگی زۆری پێداوە مەسەلەی کوەیتە. ئەوەی جێگەی سەرنجمە، نەک ئەم نووسەرە بگرە تەواوی نووسەرانی عیراق بە چەپ و ڕاست و ئیسلامی و عیلمانییەوە، دەیانەوێت بەزۆر  وڵاتی کوەیت بکەنە بەشێک لە عیراق. من نازانم گەر کوەیت بەشێک لە عیراق بوایە یان نا، چ سوودێکی بۆ گەلانی عیراق دەبوو؟ بگرە بە بڕوای من باشتر کە کوەیت سەر بەعیراق نەبوو، چونکە ئەوکاتە بەعسیەکان هەموو سەرەوت وسامانی کوەیت و عیراقیان بۆ بەهێزکردنی خۆیان بەکاردەهێنا و زۆر زەحمەت دەبوو بروخێن، بگرە تەواوی ناوچەکەیان تووشی کارەساتی گەورە دەکرد، بەڵام سەیر لەوەدایە نووسەر  دەیەوێت بە پشت بەستن بۆ کۆمەڵێک سەرچاوەی مێژوویی ئەو راستیە بۆ خوێنەر دەربخات کە کوەیت بەشێک بووە لە عیراق و کۆلۆنیالیزمی بەریتانی بەزۆر لەعیراقی دابڕیوە. پاشان ئەمە چ پەیوەندییەکی بە شۆرشی 14 تەموزەوە هەیە؟ نازانم بۆچی تێکەڵی ئەم کتێبە کراوە.
عەقڵیەتی پیلانگێڕی
نووسەر وەکو بەشێکی زۆری نووسەرانی تری گێتی عەرەب، پێیان وایە کە هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی گێتی عەرەب، ئیمپریالیستەکانی جیهانن و هەمیشە ئەوانن لە پیلان لە دژی گەلانی عەرەبی، هەربۆیە گێتی عەرەب پێش ناکەوێت و هەمیشە لە کێشەدایە،  بەڵام  هەمیشە بە چاوێکی کوێرەوە سەیری هەڵەی خۆیان دەکەن. ئەوە ڕاستە کە ئەمریکا سوودمەندی گەورەبوو لە جەنگی کوەیت، بەڵام نابێت ئەوەشمان لەبیربچێت، کە ڕژێمی بەعسی سەدامی، ڕژێمێکی فاشیستی و عەسکەرتاری بوو، هەمیشە باوەڕی وابووە کە تەنها لەڕێگەی هێزەوە کێشەکان چارەسەر دەکرێت. لەلایەکی ترەوە گەر جەنگی کوەیت نەبوایە، ئەوا هیچ کاتێک نەدەتوانرا ڕژێمی بەعسی سەدامی برووخێت، چونکە سەدامیش وەکو هیتلەر، تەنها لەڕێگەی هێزێكی دەرەکییەوە دەتوانرا لەناوببرێت، چونکە هێزە ناوخۆییەکان زۆر لەوە لاوازتربوون کە بتوانن ڕژێمێکی فاشیست برووخێنن.
دوا قسە
بە دڵنییایەوە خوێندنەوەی ئەم کتێبە زۆر گرینگە بۆ ئەوەی  لە مێژووی 14 تەمووز بگەیت و له‌ وورده‌کاریه‌کانی  ئه‌و قۆناغه‌  شاره‌زابیت.  لێرەشدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە د.شیرکۆ بکەین و لەهەمانکاتیشدا رەحمەت بۆ گۆڕی نووسەری کتێبەکە د.ئیبراهیم عەلاوی بنێرین.
سەرچاوە:
د.ئیراهیم عەلاوی. ئاڵوگۆڕ. بەرلین – بەغداد. شۆرشی 14ی تەموزی عێراق لەسیاسەتی نێودەوڵەتیدا. وەرگێرانی: د.شیرکۆ عەبدوڵڵا. چاپی یەکەم. دەزگای دوا ڕۆژ  بۆ ڕوناکبیری و ڕاگەیاندن. سلێمانی. 2015.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …