Home / بەشی مێژووی كورد / زانایه‌کی بابانزاده‌ی له‌ بیرکراو: ئه‌حمه‌د نه‌عیم 1872- 1934

زانایه‌کی بابانزاده‌ی له‌ بیرکراو: ئه‌حمه‌د نه‌عیم 1872- 1934

12963601_1089150237813122_1164577536345245131_n

جه‌بار قادر
“گه‌لی کورد ڕۆڵه‌کانی له‌ نێو گه‌لانی ئێرانی، تورک، عه‌ره‌ب و ئه‌رمه‌ن بزرکردوه‌‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی وه‌ک شاعیر، مۆسیقازان و سه‌رکرده‌ی به‌ناوبانگ مێژووی گه‌لانیان ‌ڕازاندوه‌ته‌وه‌”‌. زانای به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نی ئه‌کادێمیک ئۆربیللی.
دکتۆر جەبار قادر
ئەحمەد نەعیم بابانزادە کوڕی مستەفا زیهنی پاشای بابانە، ساڵی ١٨٧٢ لە بەغدا هاتۆتە دونیاوە. مستەفا زیهنی بە خۆی لە سلێمانی لە ساڵی ١٨٣٨ لە بنەماڵەی میرانی بابان لە دایکبووە. لە دوای لە نێوچوونی میرنشینی بابان، ئەندامانی بنەماڵەکە پەرتەوازە دەبن، هەندێکیان بۆ دورگەی کریت دوور دەخرێنەوە، هەندێکی تریان تێکەڵ بە دام و دەزگاکانی دەوڵەتی عوسمانی دەکرێن. مستەفا زیهنیش بۆ خوێندن ڕووی لە بەغدا کرد. هەر لەوێش لە دەزگا میرییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا دەستی بەکارکردن کرد. لە سەردەمی والێتی مەدحەت پاشای ڕیفۆرمخوازدا لە بەغدا، مستەفا زیهنی مۆرهەڵگر “مهردار” بووە. مۆرهەڵگر هاوتای سکرتێر و بەرێوەبەری نووسینگەی ئێستایە، لە دەوڵەتی عوسمانیدا جێی متمانەی کاربەدەستان بووە و زۆر جار لە جێگەی ئەوان نووسراوە فەرمییەکانی مۆر ئەکرد. موستەفا زیهنی پاشا لە دەوڵەتی عوسمانی دەستی بە زۆر پلە و پایەی باڵا گەیشتووە. بە پێی سەرچاوەکان لە چەندین ویلایەتی عوسمانی والی بووە وەک ویلاتەکانی سالۆنیک، بورسە، حیجاز، ئەدەنە و حەڵەب …هتد. بۆ چەند ساڵێکیش سکرتێری سەرۆک وەزیران (سەدری ئەعزەم) بووە. هەروەها پۆستی وەزارەتەکانی ئەوقاف، بازرگانی و کشتوکاڵ و دارایی وەرگرتوە. بۆ ماوەیەکی کورتیش لە ساڵی ١٩٠٩ وەک سەعید پاشای خەندان سەرۆکی شورای دەوڵەت بووە. ئەندامی ئەنجومەنی پیاوماقوڵانی عوسمانی (مەجلیسی ئەعیان) بووە. لە دوای شۆڕشی ئیتیحادییەکان لە ساڵی ١٩٠٨ یەکێ لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی هاریکاری و پێشکەوتنی کورد بووە (کورد تەعاون و تەرەقی جەمعیەتی). لە ساڵی ١٩١١ لە ئەستەموڵ کۆچی دوایی کردووە. کۆشکەکەی مستەفا زیهنی پاشا لە ئەستەموڵ ناوبانگی دەرکردبوو و مزگەوت و قوتابخانەی بە ناوەوە هەبوو. مستەفا زیهنی پاشا پیاوێکی دیندار بووە و چەند کتێبێکی لە بواری ئاینییەکاندا نووسیوە. سەرچاوەکان باس لە کتێبەکانی ” بیانی حەقیقەت، علم واسلام، مقیاس الاخلاق، قوای معنویە و اسلامدە خلافت” دەکەن کە مستەفا زیهنی پاشا بڵاوی کردونەتەوە. کتێبی بەیانی حەقیقەت لە ساڵی ١٣٢٧ ڕۆمی (١٩١١) بڵاو بووەتەوە. مستەفا زیهنی پاشا چوار کوڕی هەبووە. کوڕەکانی هەموویان پلە و پایەی بەرزیان لە دەزگاکانی دەوڵەتدا بەدەستهێناوە. ئیسماعیل حەقی بابان سیاسەتمەدار و ڕۆژنامەوان و لە ساڵی ١٩١١ وه‌زیری خوێندن بووه‌، حوسێن شوکری له‌ زانکۆی ئه‌سته‌موڵ مامۆستای زانکۆ و ڕاگری کۆلێجی ئابوری بووه، بۆ ماوه‌یه‌کیش سه‌رنوسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ته‌رجومان بووه‌. ته‌نها حیکمەت به‌ فه‌رمی له‌ سه‌رده‌می کۆماریدا پاشناوی بابانی هه‌ڵگرتبوو. حیکمه‌ت باوکی جیهاد بابانه‌ که‌ ڕۆژنامەنووس و په‌ڕله‌مانته‌ری پارتی گه‌لی کۆماری و وه‌زیر بووه‌ له‌ چه‌ند کابینه‌یه‌کی شه‌سته‌کان و هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو له‌ تورکیا‌. جیهاد بابان ڕۆژنامه‌وانێکی دیاری تورکیا و دامه‌زرێنه‌ری سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌وانانی تورکیا بوو. له‌ کاتی خۆیدا به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ سه‌رنووسه‌ری ڕۆژنامه‌ی ئوڵوس و خاوه‌ن ڕۆژنامه‌ی ته‌سویر، له‌ چه‌ندین ڕۆژنامه‌ی تردا کاری کردووه‌و چه‌ند کتێبێکی بڵاوکردۆته‌وه‌. جیهاد بابان مامی ئایشه‌ خانی هاوسه‌ر‌ی نووسه‌ری گه‌وره‌ی تورکیای به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک کورد یه‌شار که‌ماله. جیهاد بابان‌ لە ساڵی ١٩٨٤کۆچی دوایی کرد.
لە نێو کوڕەکانی مستەفا زیهنی پاشادا، ئەحمەد نەعیمیان شوێن پێی باوکی کەوت لە باوەڕمەندی و نووسین و توێژینەوە لە بواری زانستە ئیسلامییەکاندا. بەو پێیەی ئەو لە بنەماڵەی ناوداری بابانەکان بوو و باوکی خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی دیارو پلە و پایەی باڵا بوو لە دەوڵەتدا، ئەوا دەرفەتی خوێندن و پەروەردە و هەڵکشان بە پایەکانی دەسەڵاتدا لە بەردەمیدا ئاواڵا بوون. وادیارە ئەحمەد نەعیم بابانزادە حەزی بە فەرمانبەری ئاسایی نەکردووە و دڵی زیاتر بۆ خوێندن و زانست لێیداوە. دوای چەند ساڵێک کارکردن لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، بە یەکجاری خۆی بۆ کاری مامۆستایی و نووسین و وەرگێڕان تەرخان دەکات.
ئەحمەد نەعیم خوێندنی سەرەتایی لە بەغدا دەستپێکرد و دوای ئەوە هەر لەوێ چووە قوتابخانەی ڕوشدییەی ناوەندی. دواتر ڕووی لە ئەستەموڵ کرد و لە ساڵی ١٨٩١ ئامادەیی گەڵاتەسەرای سوڵتانی (لیسێی گەڵاتەسەرای ئێستا)، کە منداڵانی کاربەدەستان و گەورەپیاوانی دەوڵەت تێیدا دەیانخوێند، تەواوکرد. لە ساڵی ١٨٩٤ قوتابخانەی موڵکییەی تەواوکرد. ئەمەی دواییان قوتابخانەیەکی باڵا بوو بۆ ئامادەکردنی کارمەندان و فەرمانبەرانی دەوڵەتی عوسمانی. هەرچەندە ئەحمەد نەعیم لە قوتابخانەی دەوڵەتی خوێندبووی و نەچووبووە مەدرەسەی ئاینی، بەڵام بە هەوڵی مامۆستایەکانی و ڕێنمایی باوکی هەوڵی زۆریدا لە زانستە ئیسلامییەکان و زمانی عەرەبیدا شارەزایی تەواو پەیدا بکات. کاریگەری باوکی لەم بوارەدا بە زەقی بە سەرێوە دیارە. بە لێکدانەوەی ئەو سەردەمەی مێژوو، ئەوەی توانای بە سەر زمانی عەرەبیدا بشکیایە و لە زانستە ئێسلامییەکاندا شارەزایی هەبوایە، ئەوا کلیلی کولتوری ڕٶژهەڵاتی لە گیرفاندا بوو. ئەحمەد نەعیم بابانزادە نەک تەنها کلیلی کولتوری ڕۆژهەڵاتی لە گیرفاندا بوو، بەڵکو بە هۆی زانینی زمانی فرەنسییەوە و ئاگاداری لە کولتوری ڕۆژئاوایی و وەرگێڕانی چەند بەرهەمێکی نووسەران و فەیلەسوفە ڕۆژئاواییەکان لە فرەنسییەوە بۆ سەر زمانی تورکی، دەکرێ بڵێین کلیلی کولتوری ڕۆژئاواشی بەدەستهێنابوو. لە قوتابخانەی گەڵاتەسەرای قوتابیان فێری زمان و زانستی ڕۆژئاوا دەکران. ئەو دەمەش زمانی زانست و کولتوری ڕۆژئاوا فرەنسی بوو نەک ئینگلیزی. بە خوێندنی زانستە هاچەرخەکانیش وەک فیزیا، کیمیا، زانستە سروشتییەکان، فەلەك و مێژوو فێرخوازان بە ئامادەکراو و پێگەیشتوو دائەنران. لە قوتابخانەی مولکییەش فێری کاروباری بەڕێوەبردن و کارگێڕی دەکران.
هەر ئەو ساڵەی خوێندنی تەواو کرد، ژیانی فەرمانبەری لە دەزگاکانی دەوڵەت دەستپێکرد. بە وەرگێڕی زمانی عەرەبی لە هۆبەی وەرگێڕانی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی ( نەزارەتی خارجیە) لە ئەستەموڵ دامەزرا. ساڵی دواتر، واتا لە ساڵی ١٨٩٥، لە تەک ئەو کارەیدا دەستیکرد بە وتنەوەی وانەکانی زمانی عەرەبی لە لیسێی (ئامادەیی) گەڵاتەسەرای، کە بۆ خۆی خوێندنی ئامادەیی تێدا تەواو کردبوو. زیاتر لە دە ساڵ لە سەر وانەوتنەوە بەردەوام بوو. بەرهەمی زانستی ئەو کارەی چەند کتێبێک بوو لە بواری سەرف و زمانی عەرەبیدا. ئەوانەی لە ژیان و بەرهەمەکانی دەکۆڵنەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە بابانزادە گرنگییەکی زۆری ئەدا بە ئامادەکردنی ئەو وانانەی دەیوتنەوە و لە دواییدا کۆیدەکردنەوە و ڕێکیدەخستن و دەیکردن بە کتێب. کارکردنی لەم بوارەدا پێخۆش بوو، بۆیە لە دوای شۆڕشی ئیتیحادییەکان بە یەگجاری شوێنی کارەکەی بۆ وەزارەتی خوێندن (نەزارەتی معاریف) گواستەوە.
لەم وەزارەتەدا پلە و پایەی گرنگی بەدەستهێنا. ئەندامی ئەنجومەنی باڵای فەرمانگەی زانستیی وەزارەتی خوێندن (١٩٠٨)، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە ڕوشدییەکان ( ١٩٠٨ – ١٩١١)، بەڕێوەبەری گشتی خوێندنی باڵا و ئەندامی ئەنجومەنی ڕیفۆرمی زانستی (١٩١١ – ١٩١٥) بوو. لە ساڵی ١٩١٤ بوو بە مامۆستا لە کۆلێجی ئەدەبیات و ئیلاهیاتی دارولفنون تا ساڵی ١٩٣٣ لەو کارەیدا بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩١٩ کرا بە بەڕێوەبەری گشتی دارولفنون “واتا سەرۆکی زانکۆ”. هەر لەو ساڵەدا لە سەر پێشنیاری شەیخولئیسلام موستەفا سەبری ئەفەندی بۆ سوڵتان وەحیدەدین، ئەحمەد نەعیم کرا بە ئەندامی ئەنجومەنی پێاوماقوڵان. زۆری لا گران بوو ئەو ئەندامەتییە قەبوڵ بکات و تکای لە شەیخولئیسلام کرد ناوی لە لیستەکە دەربێنن، بەڵام داخوازییەکەی قەبوڵ نەکرا. وادیارە نەدەکرا فەرمانی سوڵتان و داخوازی شەیخولئیسلام ڕەتبکاتەوە، بۆیە بە ناچاری قەبوڵی کرد. لە سەر ناوی فیرقەی حوڕییەت و ئیئتیلاف بووە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە. ئەو سەردەمە هێشتا دەستەواژەی حیزب لە ئارادا نەبوو، بەڵکو وشەی فیرقە بەکار ئەهێنرا. تا دوا مانگەکانی ساڵی ١٩٢٢ ئەندامەتی بابانزادە لەو ئەنجومەنە بەردەوام بوو. لە گەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەڵتەنەت و راماڵینی حکومەتی سوڵتاندا کاری سیناتۆری ئەحمەد نەعیم بابانزادەش کۆتایی پێهات.
لە ئامادەیی گەڵاتەسەرای و دواتریش لە کۆلێژی ئەدەبیاتی دارولفنون, کە لە ساڵی ١٩٣٣ کرا بە زانکۆی ئەستەموڵ، ژمارەیەکی زۆری لە نووسەران، ڕۆشنبیران و کاربەدەستانی دەوڵەت پێگەیاند. بە هۆی ئەو کارە و وتار و کتێبەکانێوە ناو و ناوبانگی پەیدا کرد. زۆر لەوانەی لە سەر دەستی ئەحمەد نەعیم بابانزادە خوێندوویانە لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا پەسنیانداوە و ئاماژەیان بە شیوازی کارکردن و زانایی و هەڵس و کەوتی لە فێرخوازاندا کردووە. ساڵی ١٩٠١ دەستیکرد بە نووسین و بڵاوکردنەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا.
لە دوای گەیشتنی کەمالییەکان بە دەسەڵات، وەزارەتی خوێندن لە حکومەتی کەمالی ڕێگەیدا بە ئەحمەد نەعیم بابانزادە بگەڕێتەوە بۆ مامۆستایی لە کۆلێجی ئەدەبیاتی دارولفنون. ئەحمەد نەعیم بابەتەکانی بنەماکانی فەلسەفە، فەلسەفەی ئیسلامی، میتافیزیك، سایکۆلۆجیا، ئاکاری ئیسلامی و لۆژیك …هتد بە قوتابییەکانی ئەو کۆلێجە دەوتەوەز لە هەمان کاتدا لە سەر نووسین و توێژینەوەش بەردەوام بوو. بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە وەزارەتی خوێندن و زانکۆ بوو، چالاکانە لە ڕیفۆرمی بابەت و پرۆگرامەکانی خوێندن لە قوتابخانە و کۆلێجی ئەدەبیاتدا بەشداری ئەکرد. ڕۆڵی گەورەی هەبوو لە داهێنانی ژمارەیەکی زۆر لە زاراوەکانی فەلسەفە، دەرونزانی و هونەر بە زمانی تورکی. شارەزایانی ئەم بوارانە لە تورکیا دان بەوەدا ئەنێن کە زمانی تورکی قەرزاری بابانزادەیە.
بابانزادە زمانی تورکی، فارسی، عەرەبی و فەرەنسی زۆر بە باشی زانیوە. بە پێی هەندێ سەرچاوە زمانی کوردیشی زانیوە، نازانین تا چەند توانای بەسەریدا شکاوە. بەو پێیەی لە بەغدا هاتۆتە دونیاوە و هەر لەوێ نراوەتە بەر خوێندن و دواییش چووەتە ئەستەموڵ. لە ئەستەموڵ خوێندنی تەواو کردووە و هەموو ژیانی لەوێ بردۆەتە سەرو کتێب و وتارەکانی هەموو بە زمانی تورکی عوسمانی نووسیوە. هیچ سەرچاوە و بەڵگەیەکمان لە بەردەستدا نیە ئەم پرسەمان بۆ یەکلا بکاتەوە.
بابانزادە خزمەتی گەورەی بە زمان و کولتوری تورکی کردووە، بە تایبەتی لە بوارەکانی فێرکردن و خوێندنی باڵا، فەلسەفە و زانستە ئیسلامییەکان. لە نێو توێژی خوێنەوارانی تورکیا لە دوای ساڵی ١٩٠٨ و بە تایبەتی دوای گەیشتنی کەمالییەکان بە دەسەڵات، بازاری بیر و بۆچوونەکانی ئەحمەد نەعیم نەک هەر زۆر کز ببوو، بەڵکو بە توندی دژایەتی ئەکران. لە گەڵ ئەوەشدا تا مرد لە سەر بیر و بۆچوونەکانی خۆی بەردەوام بوو و ملی بۆ خواستەکانی ئیتیحادی و کەمالییەکان نەدا. دەسەڵاتی کەمالی لە ساڵی ١٩٣٣ لە ژێر پەردەی ڕیفۆرمی خوێندنی باڵا، ڕێگەی بە کەسانی وەک ئەحمەد نەعیم نەدا لە زانکۆ بمێننەوە بە بیانوی ئەوەی بڕوانامەی دکتۆرایان نیە. ئەوانەی لە زانکۆی ئەستەموڵ دامەزرێنران دەبوایە هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بن. لەو کاتەدا کە خوێندنی دکتۆرا لە تورکیا نەبوو، هەڵگرانی ئەو بڕوانامەیە یا ئەو کەسانە بوون کە لە ئەوروپا خوێندبوویان و دکتۆرایان بەدەستهێنابوو، یان ئەو پرۆفیسۆرە ئەڵمان و ئەوروپییانە بوون کە لە دەست نازییەکان هەڵهاتبوون و ڕوویان لە وڵاتانی تر کردبوو وهەندێ لەمانە هاتبوونە تورکیا. ئەم دوو گروپەش دەقا و دەق ئەوانە بوون کە مستەفا کەمال پێویستی پێیان هەبوو و لە گەڵ دید و بۆچوونەکانیدا دەگونجان. لە ڕێگەی ئەو ڕیفۆرمەوە، موستەفا کەمال دەیویست ناوەندەکانی خوێندن لە مامۆستایانی سەردەمی پێشوو پاک بکاتەوە. لە ١٥١ مامۆستای دارولفنون تەنها پەنجا ونۆیان ڕێگەیان پێدرا لە ناوەندە نوێکەی خوێندنی باڵادا، واتا زانکۆی ئەستەموڵ بەردوام بن. دەبێت کوردبوون و ئیسلامیبوونی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ڕۆڵی کەمیان نەبووبێت لە پاکتاوکردنی و دوورخستنەوەیدا لە زانکۆ. هەر ئەو ساڵە، واتا لە ١٩٣٣ خانەنشین کرا و ساڵی دواتر، لە ڕۆژی دووشەممە ١٣ ئابی ١٩٣٤ لە کاتی نوێژی نیوەڕۆدا کۆچی دوایی کرد. بۆ ڕۆژی دواتر واتا ١٤ ئاب لە قەبرستانی دەروازەی ئەدڕنە بە خاك سپێردرا.
هەندێ لە نووسەرانی سەر بە ڕەوتی ئیسلامی لە تورکیا بە خەمگینییەوە باس لەوە ئەکەن کە ژمارەی ئەوانەی لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی پیاوێکی وا گەورەدا بەشدارییان کردبوو لە دە کەس تێنەئەپەڕی. هەڵبەتە چاوەڕیی ئەوە نەئەکرا خەڵکێکی زۆر دوای تەرمی کەسایەتییەک بکەون، کە بەڕەچەڵەک کورد و هەڵگری بیرێکی ئاینیی ناکۆکە لە گەڵ بیر و بۆچوونەکانی مستەفا کەمالدا، سەرباری ئەوانەش بە بڕیاری حکومەتەکەی ئەو لە زانکۆی ئەستەموڵ دوور خرابێتەوە.
لە تورکیای پارتی داد و گەشەپێداندا بایەخی زۆر بە ژیان و بەرهەم و لێکدانەوەکانی ئەحمەد نەعیم بابازادە ئەدرێت. وتار و لێکۆڵینەوەی زۆر لە بارەی نووسین و بەرهەمەکانێوە ئەکرێت. زۆر تارەکانی دەبنە بابەتی توێژینەوەی مامۆستایانی زانکۆ، بە تایبەتی ئەوان لە بواری زمانی عەرەبی، فەلسەفە یا زانستە ئیسلامییەکاندا کاردەکەن. کتێبەکانی سەرلەنوێ بە پیتی لاتینی چاپ دەکرێنەوە و توێژینەوەیان لە سەر دەکرێت. ئەوەی بەزەقی سەرنجی مرۆڤ ڕادەکێشێ ئەوەیە کە ئەو نووسەرانە زۆر کەم خۆیان لە قەرەی کوردێتی ئەحمەد نەعیم بابابزادە ئەدەن.
سەرچاوەکان وەک باوەڕمەندێکی ڕاستەقینە و ڕاستگۆ باسی لێوە ئەکەن. ئەوەی باوەڕی پێی هەبووە و بە ڕاستی زانیوە کردوویەتی. نەک هەر بە قسە پێوەی پابەند بووە، بەڵکو لە کەسایەتی خۆیدا بەرجەستەی کردووە. هەرچەندە تا سەر ئێسقان پیاوێکی ئیسلامی بووە و دەکرێت بە یەکێک لە بناغەدانەرانی بیری سیاسی ئیسلامی دابنرێت، لە گەڵ ئەوەشدا بەرامبەر ڕەخنە و دیدی جیاواز کەسێکی دڵفراوان و کراوە بووە. فێرخۆازان و خوێندکارانی ئەو سەردەمە سەرسامی کولتوری ڕۆژئاوایی بوون و بیر و بۆچوونەکانی نووسەران و بیرمەندانی ئەوروپایان بەدڵبوو. بەشێکی زۆریان لە دژی دید و لێکدانەوەکانی کەسانی وەک ئەحمەد نەعیم بوون. لە گەڵ ئەوەشدا گەلێ لە قوتابییەکانی لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا وەک مامۆستایەکی ڕێزدار باسی ئەکەن. ئەو بۆ خۆی بەرامبەر کولتوری ڕۆژئاوایی کەسێکی داخراو نەبوو، داخوازی ئەوەی لە موسوڵمانان ئەکرد کەڵک لە زانست و هونەری ئەوروپا وەربگرن، بەڵام کولتور و بەهاکانی خۆیان لە دەست نەدەن و تا دەتوانن دەبێت بیانپارێزن. قوتابییەکانی وەک کەسێکی دڵفراوان و لێبوردە باسی ئەکەن و ئەڵێن کە پیاوێک بوو جیاوازی بیر و بۆچوونی قەبوڵ ئەکرد و پێی ناڕەحەت نەدەبوو. ئەو کە زمانی فرەنسی بە باشی ئەزانی و لەو زمانەوە بەرهەمی نووسەرانی ڕۆژئاوای دەکردە تورکی، لە بایەخ و گرنگیی زانست و هونەری ئەروپایی گەیشتبوو. لە گەڵ کەسانی وەک حوسێن جاهید، تۆفیق فیکرەت، ئەحمەد ئەمین و ڕەزا تۆفیق، کە شەیدای کولتوری ئەوروپا بوون لە شەڕێکی فیکری سەختدا بوو. لە دژی بیر و بۆچوونەکانی یەکتری نووسینی زۆریان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەدا بڵاوکردۆتەوە. زۆر لە وتارەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەرەوەتی فنون، سیراتی موستەقیم، سەبیلوڕەشاد، کەلیمەی تەیبە، ئیسلام، ڤوڵکان، مەحفەل، تانین، ئیتیفاق، سەروەتی فنون و گەلێکی تر بڵاوکراونەتەوە.
بە گشتی و بە پێی سەرچاوەکان لەو گۆڤارانەدا وتاری زۆری بڵاوکردۆتەوە بە تایبەتی لە ” ثروتی فنون مجموعەسی” ( ١٩ وتار و لێکۆڵینەوە لە ساڵانی ١٣١٤ – ١٣١٥)، گۆڤاری “سراطی مستقیم” ( ٩ وتار کە هەندێکیان زنجیرە وتارن و لە چەند ژمارەیەکدا بڵاو کراونەتەوە). هەر ئەو گۆڤارە دوایی ناوەکەی دەبێتە ” سبیل الرشاد” و لێرەشدا ١٧ وتار بڵاودەکاتەوە کە هەندێکیان لە چەند ئەڵقەیەکدان. لە گۆڤاری “دار الفنون” یش چەند لێکۆڵینەوەیەكی لە بارەی فەلسەفەوە بڵاوکردۆتەوە. دیارە لە گەلێ ڕۆژنامە و گۆڤاری تریشدا وتار و توێژینەوەی بڵاوکردۆتەوە. نووسەرانی ڕەوتی ئیسلامی وتارەکانی کۆئەکەنەوە و بە پێی بابەتەکانیان وەک کتێب بڵاوی ئەکەنەوە. لە کۆتایی ئەم وتارەدا ئاماژە بە گرنگترینیان کراوە.
لەو سەردەمەدا هەستی نەتەوەیی لە نێو گەلانی دەوڵەتی عوسمانیدا گەشەی ئەکرد و پانتاییەکی گەورەی لە هەست و هۆشی توێژی خوێنەواراندا داگیرکردبوو. تورکچێتی لە نێو خوێنەوارانی تورکدا پەرەی ئەسەند و بڵاو ئەبووەوە، لە بەرامبەریشدا خوێنەوارانی گەلانی ناتورک وەک کاردانەوە هەوڵیانئەدا هەستی نەتەوەیی لە لای گەلانی خۆیان بەهێز بکەن. گەلانی بەڵکان خۆیان لە دەستی تورک ڕزگار کرد و عەرەب ڕووی لە عروبە کردبوو. ئەحمەد نەعیم وەک باوەڕمەندێکی ئیسلامی کە باوەڕی بە یەکێتی موسوڵمانان و عوسمانیان هەبوو کە دروشمی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بوو، ئەمەی بە هەڕەشە لە سەر ئەو یەکێتییە ئەزانی. ئەو بە تایبەتی لە دژی تورکچێتی و عروبە بوو. بە نەخۆشی کوشندە و ترسناکی دائەنا و لە نووسینەکانیدا ناو و ناتۆرەی وەک ( مەفهومی قەبیح، سەرەتان، بدعەی ئەجنەبي، نەخۆشی فەڕەنگی) لێنابوو. بابانزادە سوپاسی خودای ئەکرد کە کورد بە وتەی ئەو “تووشی ئەم نەخۆشییە کوشندەیە نەهاتووە”. ڕەنگبێ ئەمەش بەڵگەیەکی تر بێت بۆ دواکەوتنی هەست و بیری نەتەوەیی لە نێو کوردا بە بەراورد لە گەڵ گەلانی تری عوسمانیدا.
بابانزادە بیر و بۆچوونەکانی خۆی لەم بارەیەوە لە کتێبێکدا لە ژێر ناونیشانی ” اسلامدە دعوای قومیەت – دۆزی نەتەوەیی لە ئیسلامدا” بڵاوکردەوە. سیاسەتی ڕەگەزپەرستی کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی و پەرەسەندنی تورکچێتی تەنگی بەگەلانی ناتورک هەڵچنی بوو. عروبەش وەڵامدانەوەی عەرەب بوو بۆ ئەو ڕەوتە، ئەمەش ناکۆک بوو لە گەڵ ئەو بنەمایانەی ئەحمەد نەعیم باوەڕی پێێان هەبوو. لەم بارەشەوە شەری فیکری گەرمی هەبوو لە گەڵ ڕابەرانی دیاری ناسیۆنالیزمی تورکیدا، لە گەل کەسانی وەک ئەحمەد ئاغائۆغڵو، زییا گیۆک ئەلپ و یەحیا کەمال، کە لاپەڕەکانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمەیان داگیر کردبوو .
وەک لە سەرەوەش بە کورتی ئاماژەی پێکرا، بابانزادە لە دوو بواردا خزمەتێکی گەورەی بە زمان و کولتوری تورکی کردووە، ئەوانیش بواری فەلسەفە و فەرمودەکانی پێغەمبەرە. لە بواری یەکەمیاندا وەک مامۆستای فەلسەفە نزیکەی بیست ساڵ وانەی فەلسەفەی لە دارولفنون وتووەتەوە. لەم بوارەدا بابەتەکانی بنەماکانی فەلسەفە، فەلسەفەی ئیسلامی، لۆژیک، دەرونزانی، ئاکار …هتد دەوتەوە. بۆ ئامادەکردنی وانەکانی ئەرکی زۆری دەکێشا و لە دواییدا کۆیانی دەکردەوە و دەیکردن بە کتێب و بڵاوی دەکردنەوە. کتێبی فەیلسوفی فرەنسایی جۆرج فۆنسیگریڤ (Georges Fonsegrive لە بواری فەلسەفەدا (Des Elements de Philosophie) کرد به‌ زمانی تورکی. له‌ گه‌ڵ وه‌رگێڕانی کتێبه‌که 1900زاراوه‌ و‌ چه‌مکی فه‌لسه‌فی به‌ تورکی که‌ سه‌د لاپه‌ڕه‌ بوون، خسته‌ سه‌ر وه‌رگێڕانه‌که‌. نووسه‌رێکی تورک له‌م باره‌یه‌وه‌ بابانزاده‌ له‌ گه‌ڵ حونه‌ینی کوڕی ئیسحاق و سابیتی کوڕی قوڕه‌ به‌راورد ئه‌کات. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌وان له‌ سه‌رده‌می عه‌بباسیدا به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فییه‌ یۆنانییه‌کانیان وه‌رگێڕاوه‌ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی و چه‌مک و زاراوه‌ی عه‌ره‌بییان له‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌واژه‌ و زاراوه‌ یۆنانییه‌کان داهێنا و دانا، بابانزاده‌ش له‌ دوای یازده‌ سه‌ده‌ هه‌مان شتی بۆ زمانی تورکی کرد، کاتێ له‌ به‌رامبه‌ر تێرمینه‌لۆژییه‌ ئه‌روپاییه‌کان چه‌مک و زاراوه‌ی تورکی داهێنا. ئه‌مه‌ داهێنانێکی گه‌وره‌ بوو و گه‌لێ له‌و نووسه‌رانه‌ی باس له‌ به‌رهه‌مه‌کانی ئه‌حمه‌د نه‌عیم ئه‌که‌ن، ئه‌م کاره‌ی به‌ خزمه‌تێکی گه‌وره‌ به‌ زمان و کولتوری تورکی داده‌نێن و ئاماژه‌ به‌وه‌ ئه‌که‌ن که‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانی تورکیا تا ساڵانێکی زۆر ئه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و تێرمینه‌لۆژییانه‌ی له‌ کاتی خۆیدا ئه‌و دایهێنابوون.
بواری دووه‌میش بواری فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌. به‌ لای بابانزاده‌وه‌ کارکردن له‌م بواره‌دا گرنگترین و پیرۆزترین کار بووه‌ له‌ ژیانیدا. په‌شیمانی له‌وه‌ش ده‌ربڕیوه‌ که‌ هه‌موو ژیانی خۆی بۆ ئه‌و بواره‌ ته‌رخان نه‌کردووه‌ و به‌ وته‌ی خۆی به‌ شتی تره‌وه‌ خه‌ریک بووه‌ و کاتی زۆری به‌ فیڕۆدا. یه‌کێ له‌و نووسه‌رانه‌ی زۆرترین وتار و لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌ سه‌ر ئه‌حمه‌د نه‌عیم بڵاوکردۆته‌وه، دکتۆر‌ حوسێن حوسنی له‌ یه‌کێک له‌ توێژینه‌وه‌کانیدا نازناوی (عاشقی فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ری) لێناوه‌. فێربوونی زمانی عه‌ره‌بی له‌ سه‌ر ده‌ستی زانایانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و ئامۆژگارییه‌کانی باوکی له‌ لایه‌که‌وه‌، وتنه‌وه‌ زمانی عه‌ره‌بیدا بۆ زیاتر له‌ ده‌ ساڵ له‌ گه‌ڵاته‌سه‌رای و قووڵبونه‌وه‌ له‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌کاندا، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی پێدا له‌ بواری حه‌دیسیشدا داهێنه‌ر بێت. بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر کاری له‌ سه‌ر وه‌رگێڕانی (سه‌حیحی بوخاری) کرد و له‌ ژیانی خۆیدا دوو به‌رگی لێی بڵاوکرده‌وه‌، له‌ سه‌ر به‌رگی سێیه‌م کاری ده‌کرد کاتێ کۆچی دوایی کرد. له‌ دوای مردنی وه‌رگێڕانه‌که‌‌ی به‌ هه‌وڵ و کۆششی پرۆفیسۆرێکی پسپۆر له‌ 13 به‌رگدا بڵاوکرایه‌وه، که‌ به‌رگی دواییان پێرست بوو.
سه‌رباری گرنگیی وه‌رگێڕانه‌که‌ی بۆ سه‌ر زمانی تورکی، ئه‌و پێشه‌کییه‌ی له‌ پێنجسه‌د لاپه‌ڕه‌دا نووسی کردی به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ دوای ئه‌و له‌ تورکیا له‌و بواره‌دا خه‌ریکبوون. له‌و پێشه‌کییه‌دا توێژینه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌ باره‌ی فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ پێشکه‌ش کرد. ڕێبازی توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌م بواره‌دا به‌ دوور و درێژی شیکردۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ ئه‌م ڕێبازه‌ بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مێژوودا به‌کارهاتووه‌ و به‌ ئه‌زموون ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ده‌کرێت که‌ڵکی زۆری لێ وه‌ربگرێت. ئه‌م پێشه‌کییه نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌وانه‌ی له‌ بواری حه‌دیسدا کاریان ده‌کرد بوو به‌ سه‌رچاوه‌، به‌ڵکو له‌ وه‌رگێڕانی قورئانیشدا بۆ‌ زمانی تورکی ڕۆڵی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د نه‌عیم زۆر بوو. زۆر له‌وانه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ بواری زانسته‌ ئیسلامییه‌کاندا له‌ تورکیا کارده‌که‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌ زۆر چه‌مک، زاراوه، بۆچوون و لێکدانه‌وه ناچارن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌م پێشه‌کییه‌ و وتار و به‌رهه‌مه‌کانی تری ئه‌حمه‌د نه‌عیم بابانزاده،‌ که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به‌ تیپی لاتینی و تورکی هاوچه‌رخ بۆ چه‌ندین جار بڵاوکراونه‌ته‌وه‌. بابانزاده‌ میراتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندی له‌م بواره‌دا بۆ پسپۆران و شاره‌زایانی تورک له‌ دوای خۆی به‌جێهێشتووه‌.
ئەحمەد نەعیم لە گەڵ کەسایەتییە ناودارەکانی ئەو سەردەمەدا ئاشنایی و دۆستایەتی هەبووە. لە نێو دۆستەکایدا مەلا سەعیدی کوردی (نۆرسی) و ئەسعەد ئەربیلی، کە سەردەمانێک شەیخولئیسلام بوو، شوێنی تایبەتیان هەبووە. نووسەرانی ڕەوتی ئیسلامی لە تورکیا بە دوور و درێژی باس لە دۆست و هاوڕێ و قوتابییەکانی ئەکەن و یادەوەرییەکانیان لە بارەیەوە تۆمار دەکەن. لە ڕێگەی ئەو نووسینانەوە کەسایەتی ئەم پیاوە دەخرێتە ڕوو. پێدەچێت کەسێک بووە مەرایی بۆ کەس نەکردووە و دووڕوویی نەزانیوە. پابەندی بیر و بۆچوونەکانی خۆی بووە. وەک باوەڕمەندێکی دروست و پاکژ باسی ئەکەن. حەزی لە لێکدانەوەی زانستییانە و لۆژیکییانەی پرس و بابەتەکان کردووە. هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەیانوت، ئەگەر دوو کەس هەبن لە زانستدا جێگەی متمانە بن، ئەوا ئەحمەد نەعیم یەکێکیانە، بیر و بۆچوونی بۆ زۆر لە پرس و بابەتەکان یەکلاکەرەوە بوون. ئەوەی ئەو بە ڕاستی زانیبێت، بەڕاست دادەنرا، چونکە ئەو لە خۆیەوە شتی نەدەوت، پێش ئەوەی شتێك بنووسێ یا ڕایەك دەربڕێ، سەیری سەرچاوە زانستییەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای لە بارەیەوە دەکرد، ئەوجا ڕای خۆی دەرئەبڕی. دەقە بیانییەکانی بە زمانێکی ڕەوان و دوور لە دەربڕینی ئاڵۆز و شێوازی وەڕسکەری باوی ئەو سەردەمە دەکردە تورکی. هەرچەندە بە زمانێکی تورکی ئاست بڵند و جوان دەینووسی، لە گەڵ ئەوەشدا لە لایەن هەندێ لە نووسەرانی ناسیۆنالیستی تورکەوە بە عەرەبچێتی تۆمەتبار دەکرا.
بە پێی سەرچاوەکان ئەحمەد نەعیم سەر بە تەریقەتی خەڵوەتی بووە و حەزی بە هەڵس و کەوت و ئاکاری سۆفی و سۆفیگەرێتی کردووە. لە بارەی سۆفیگەرێتییەوە وتاری بڵاوکردۆتەوە و حەزی لە دۆستایەتی و هامشۆی زانایان و عارفان کردووە. ئەوانەی لە بواری زانست و عیرفاندا قووڵببوونەوە دۆست و هاودەمی بوون. بەر لەوەی کتێب و وتارەکانی بنووسێت لە گەڵ دۆستانیدا گفت و گۆی لە بارەیانەوە دەکرد. ئەم نەریتە زانستییە ئێستاش لە لای مامۆستایانی زانکۆ گرنگەکانی دونیا پەیڕەو ئەکرێت، زۆر جار چەندین کەس ڕەشنووسی کتێب و توێژینەکانیان دەخوێننەوە، تێبینی و بۆچوونەکانیان پێشکەش بە نووسەر ئەکەن پێش ئەوەی بەرهەمە زانستییەکەی بڵاوبکاتەوە. بەداخەوە ئەم نەریتە لە نێو نووسەرانی کوردا زۆر دەگمەنە.
وەکو زۆربەی هەرە زۆری ڕۆشنبیر و خوێنەوارەکانی سەردەمی خۆی، لە دژی دەسەڵاتی ستەمکاری سوڵتان عەبدولحەمید بووە و بە دزییەوە پشتگیری لە نەیارانی کردووە. دوای گەیشتنی ئیتیحادییەکان بە دەسەڵات و هەڵس وکەوتی تورکچییانەی توندیان بەرامبەر بە گەلانی ناتورك، سەرسامییان بە کولتوری ڕۆژئاواوە و عیلمانی بوونیان، ئەحمەد نەعیم خۆی لێێان بەدوور گرت و خەریکی مامۆستایی و کاری زانستی خۆی بوو. لە ژیانی مامۆستاییدا ژمارەیەك زۆر قوتابی پێگەیاندووە و ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە دروستکردنی کەسایەتییاندا، بۆیە لە تورکیا بە تایبەتی کەسانی باوەڕمەند ڕێزی تایبەتیان بۆی هەیە. نووسینەکانی بوونەتە سەرچاوە لە بوارەکانی خۆیاندا. لە مێژووی فەلسەفە لە تورکیا بایەخێکی تایبەتی پێدەدرێت و بە یەکێك لە زانایانی بواری فەلسەفە لە دوا سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دادنرێت. هەروەها لە بوارەکانی مێژووی ئیسلام و لێکدانەوەی فەرمودەکانی پێغەمبەردا، نووسین و وەرگێڕانەکانی مایەی سەرنج و تێڕامانی نووسەرانن. ئەمە سەرباری ڕۆڵی گرنگی لە دانانی زاراوەکانی فەلسەفە، دەروونزانی و هونەردا. ژیان و بەرهەمەکانی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ئەوە دێنن چەند نامەیەکی ماستەریان لە بارەوە بنووسرێت.

13006656_1089150687813077_7977407786191474252_n
سەرچاوەکان لە تەک وتار و توێژینەوە بڵاوکراوەکانی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی چارەکەی یەکەمی سەدەی بیستەمیندا، ئاماژە بەم کتێبانەی ئەحمەد نەعیم بابانزادە ئەکەن:
1. تمرینات، صرفی عربیە مخصوص تمرینات، اسطنبول١٣١٦. ( ڕاهێنانی تایبەت بە سەرفی عەرەبی)
2. مکتبی سولطانیە مخصوص صرفی عربی و تمرینات، اسطنبول ١٣٢٣. ( سه‌رفی عه‌ره‌بی و ڕاهێنان بۆ قوتابخانه‌ی گه‌ڵاته‌سه‌رای سوڵتانی)
3. حکمت درسلری، علومی عالیە دینیە شعبەسندە تدریس اولان فلسفەی اسلامیە حکمت درسلەریدر، اسطنبول ١٣٢٩. (وانه‌کانی حیکمه‌ت، وانه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامی تایبه‌ت به‌ به‌شی زانستی ئاینی باڵا‌). ئه‌مساڵ به‌ پیتی لاتینی بڵاوکرایه‌وه‌: Felsefe Dersleri, Hazirlayan Cahid Sener ve M. Cuneyt Kaya, Istanbul 2016
4. اسلامدە دعوای قومیت، اسطنبول ١٣٣٠. ( دۆزی نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئیسلام)، به‌ دوو ناونیشان به‌ تیپی لاتینی بڵاوکرایه‌وه‌. یه‌که‌میان به‌م ناونیشانه‌ بوو ( له‌ ئیسلامدا ناسیۆنالیزم نیه‌):
İslam’da Kavmiyetçilik Yoktur, Istanbul 2013.; İslam’da Dava-yı Kavmiyet, azirlayan Bedirhan ipek, Nubihar,2013.
5. مبادئ فلسفەدەن برنجی کتاب علم النفس، اسطنبول ١٣٣١ ( ١٩١٥) ” وەرگێڕانی کتێبی جۆرج فۆنسگریف، سایکۆلۆژیا، لە فەرەنسییەوە و فەرهەنگێکی زاراوە فەلسەفییەکانی لە سەد لاپەڕەدا خستۆتە سەری”.
6. علمی منطق، اسطنبول ١٣٣٨ ( ١٩١٩). ( زانستی لۆژیک)
7. قرق حدیث، اسطنبول ١٣٤٣ ( وەرگێڕانی الاربعون للنووي).(١٩٢٥).
8. صحیحی بخاری مختصری، تجریدی صریح ترجمەسی، جلد ١ – ٢ ، اسطنبول ١٩٢٨. بەشی سێیەمی لە دوای مردنی بڵاوکرایەوە.
9. اخلاقی اسلامیە اساسلری، اسطنبول ١٣٤٢ ( ١٩٢٤). ( بنەماکانی ئاکاری ئیسلامی):
Islam Ahlakının Esasları, Ankara 2011.
10. وتارە فەلسەفییەکانی، ئامادەکردنی م. جونەید کایا و جاهید شەنەل، ئەستەموڵ ٢٠١٥.
Felsefe Makaleleri, Hazirlayan M. Cuneyt Kaya ve Cahid Senel, Istanbul 2015.
بۆ ئەوانەی ئەیانەوێ زانیاری زیاتر لە بارەی ئەحمەد نەعیم بابانزادە پەیدا بکەن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئەم سەرچاوانەی خوارەوە:
1. Hansu, Hüseyin, Babanzâde Ahmet Naim, Kaynak Yay., İstanbul 2007,
2. Ahmed Nedim Serinsu, Babanzade Ahmed Naım hayati, Şahsiyeti, Eserleri, Ankara 1978 .
3. Osman Ergin, Ahmed Naım: Zatı ve Eserleri, İstanbul 1945.
4. Yahya Akyüzö, Türk Eğitim Tarihi ( Başlangıçtan 1982 ye), Ankara 1982.
5. M. Ertuğrul Düzdağ, Türkıyede İslam ve Irkçılık Meselesi, İstanbul 1976.
6. Recep Kılıç, Babanzade Ahmed Naimin Felsefi Görüşleri, Ankara. AÜİFD, XXXVI. 1997.
7. Kara, İsmail, Türkiye’de İslamcılık Düşüncesi Metinler, Kişiler, Risale Yayınları, İstanbul 1986, I, 273-308.
8. Vakkasoğlu, Vehbi, Osmanlı’dan Cumhuriyete İslâm Alimleri, Cihan Yayınları, İstanbul 1987.
9. Beyatlı, Yahya Kemal, Siyâsî ve Edebî Portreler, İstanbul 1968, s. 51-58.
10. Çakan, İsmail, “Babanzâde Ahmed Naim”, T.D.V. İslâm Ansiklopedisi, İstanbul 1991, IV, 375-376.
11. Muallim Cevdet Müderris Ahmed Naim [Kitap]. – İstanbul- Ülkü Matbaası : [s.n.], 1935.
ئه‌حمه‌د نه‌عیم بابانزاده‌

About دیدار عثمان

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …