Home / په‌رتووكخانه‌ / کارل مارکس لەدیدی فریدیک ئەنگلس دا

کارل مارکس لەدیدی فریدیک ئەنگلس دا

کارل مارکس لەدیدی فریدیک ئەنگلس دا

1459957968924

 

وەرگێڕانی له‌ ئینگلیزیه‌وه: ‌کامل ئەحمەد    

پیاچوونه‌وه‌ی: جه‌مال موحسین

کارل مارکس، ئەو مرۆڤه‌ی كه‌ یەکەم کەس بوو بناغەیەکی زانستی ببەخشێت بە سۆسیالیزم و به‌مپێیه‌ش بە سەرجەم بزووتنەوەی کرێکاری سەردەمی ئێمە، لە ساڵی ١٨١٨ دا لە ترایەر لە دایک بووە. لە بۆن و بەرلین خوێندنی ته‌واو كردووه‌ كه‌ سەرەتا یاسای خوێندووە، بەڵام زۆری پێنەچووە خۆی بۆ خوێندنی مێژوو و فەلسفە تەرخانکردووە. لە ساڵی ١٨٤٢ دا له‌سه‌روبه‌ندی دامەزراندندا بووه‌ وەک پرۆفیسۆری یاریددەدەر لە بواری فەلسفەدا کاتێک كه‌ ئەو بزووتنەوە سیاسییەی لە کاتی مەرگی فرێدریك ویلیامی سێهەمەوە سەریهڵدابوو، ئاڕاستەی ژیانی ئەوی بە ئاقارێکی جیاوازدا گۆڕی. بە هاوکاری ئەو، سەرکردەکانی بوروژوا لیبڕالیە ڕاینیەکان، کامپهاوسینس Camphausens ، هانسەمانس Hansemanns و هتد. بڵاوکراوەی ڕاینیچە زەیتونگ Rheinische Zeitung یان لە کۆلن دامەزراند. لە پایزی ساڵی ١٨٤٢ دا و لە کاتێکدا کە ڕەخنەکانی لە جێبەجێکردنی نیزامی خۆراکی ڕاینەوە یاخود (ڕژێمی خۆراکی ناوچەیی) بووە جێگای سەرنجێکی زۆر، مارکسی بردەئاستی به‌رپرسی یه‌كه‌می ڕۆژنامەکەوە. ڕاینیچە زەیتونگ بە شیوەیەکی ئاسایی لە ژێر چاودێریدا چاپ دەکرا، بەڵام چاودێریکردن نەیدەتوانی بە سەریدا زاڵبێت. [یەکەم چاودێری ڕاینیشچە زەیتونگ ڕاوێژکاری پۆلیس دۆلێسکهاڵ Dolleschall بوو، هەمان ئەو كه‌سەی کە هەستابوو بە سڕینەوە و لابردنی بڵاوکراوە و ئاگاداریەک لە کۆلنیشچە زەیتونگ Kölnische Zeittung دا لەسەر وەرگێڕانی كتێبی کۆمیدیا خودایی یەکانی دانتێ ەوە لە لایەن فیلالێتەسPhilalethes ( جۆن پاشای ساکسۆنیای ئه‌وده‌م later King John of Saxony)، کە ئەم سەرنجەی نووسیبوو: “کەس نابێت گاڵتەجاڕی بە شته‌ پیرۆزەکان بکات.”[تێبینی لە لایەن ئەنگلسەوە]

marx u hawsarakayڕاینیچە زەیتونگ زۆربەی کات ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌ ده‌ست ده‌گه‌یشت كه‌ قابیلی كێشه‌ نانه‌وه‌ بوون. یەکەم جاربابەتی بێ نرخ دەکرایە خۆراکی چاودێرەکە بۆ لابردنیان، تا وای لێ هات کە چاودێرەکە یان خۆی ڕیگای دەدا یان ناچار بوو کە ڕێگا بدات لە ژێر هەڕەشەی ئەوەدا کە ئەوکات بڵاوکراوەکە ڕۆژی داهاتوو بڵاوناکرێتەوە. دە (١٠) بڵاوکراوە بە هەمان ئازایەتی ڕاینشچە زەیتونگ و ئەوانەی کە بڵاوکەرەوەکانیان ئامادەبوون کە چەند سەد تالێرێکی زیادە خەرجبکەن لە چاپکردندا وایان لە چاودێریکردن کردبوو کە مەحاڵ بێت لە ئەڵمانیادا تا نزیکی سەرەتای ساڵی ١٨٤٣. (thaler تالێر پارەیەکی زیوین بوو کە بۆ نزیک بە ٤٠٠ ساڵ لە ئەوروپادا بەکاردەهێنرا. وەرگێڕ). بەڵام خاوەنی ڕۆژنامە ئەڵمانیەکان بیرتەسک و ناڕۆنشنبیری شەرمنۆک بوون بۆیە ڕاینیشچە زەیتونگ ئەم کێشمەکێشەی بە تەنها دەبردە پێشەوە. سانسۆر دوای سانسۆر دەپوان. لە دواجاردا وای لێهات کە بە نێو دوو سانسۆردا تێپەڕێت، لە دوای سانسۆرکردنی یەکەم ده‌بوا جارێکی تر و بۆ کۆتایی لە لایەن سەرۆکی دەوڵەتەوە بپشکێنرایە. ئەمەش هێشتا بێسوود و بێ ئه‌نجام بوو. لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٣ دا، دەوڵەت ڕایگەیاند کە ناشێت ئەم ڕۆژنامەیە لەژێر چاودێریدا ڕابگیرێت بۆیە بە بێ هەراوزەنای زیاتر ڕۆژنامەکەی داخست.

مارکس، لەو کاتەدا کە هاوسەرگیری لەگەڵ خوشکی وێستفالندا كرد، کە دواتر بوو بە وەزیرێکی کۆنەپەرست، گواستیه‌وه‌ بۆ پاریس و له‌وێ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئا روژ ساڵنامەی ئەڵمانی_فەرەنسی یان بڵاوکردەوە کە لەوێدا زنجیرەیەک لە نووسینە سۆسیالیستیەکانی ده‌ست پێ كرد به‌ (ڕه‌خنه‌گرتن له‌ فه‌لسه‌فه‌ی حه‌قی هیگڵ) وە دواتر، پێکەوە لەگەڵ فریدریک ئەنگلس ( خێزانی پیرۆز و له‌ دژی برونو باوه‌ر و هاوكاره‌كانی) یان نووسی كه‌ ڕه‌خنه‌یه‌كی پلارهاوێژانه‌یه‌ لە یەکێك لە هەرە تازەترین شێوەکان لە فەلسفەی ئایدیالیزمی (مثالی) ئەڵمانی کە گەوجانە و بە تێکەڵ وپێکەڵی خۆی دەنواند لەو کاتەدا.

خوێندن و لێکۆڵینەوەی ئابووری سیاسی و مێژووی شۆڕشی گەورەی فەرەنسا هێشتا بواریان بە مارکس دەدا بۆ هێرشی جاروبار بۆ سەر حکومەتی پروسی. كه‌ ئه‌مه‌ش وای كرد حكومه‌تی پروسی تۆڵەی خۆی بە دەرکردنی مارکس لە فەرەنسا لە بەهاری ١٨٤٥ دا لە ڕێگای وەزارەتەکەی گیزۆوە بكاته‌وه‌. باس لەوە دەکرێت کە ئەلێکساندەر ڤۆن هەمبۆلدت ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ لەم دەرکردنەی مارکس دا. مارکس شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی بردە برۆکسل وە لەوێ بە فەرەنسی لە ساڵی ١٨٤٧ دا (هه‌ژاری فه‌لسه‌فه، ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌ فه‌سه‌له‌فه‌ی هه‌ژاری پرودون) و له‌ ساڵی ١٨٤٨ دا( باسێك ده‌رباره‌ی بازرگانی ئازاد)ی بڵاوكرده‌وه‌. لە هەمان کاتدا سوودی لەو هەلە بینی بۆ دامەزراندنی کۆمەڵەی کرێکارانی ئەڵمانی لە برۆکسل و بەم شێوەیە دەستی کرد بە ئاژیتاسیۆنی (هاندانی) عەمەلی. ئەم کاری هاندانە گرنگی زیاتری پەیداکرد لە لای مارکس لە کاتێکدا کە ئەو و هاوڕێ سیاسیەکانی لە ساڵی ١٨٤٧ دا پەیوەست بوون بە ڕێکخراوی نهێنی یەکێتی کۆمۆنیستەکانەوە، کە لە چەند ساڵێک لەوە و بەرەوە دامەزرابوو. سەرتاپای بونیادی ئەم ڕێکخراوە ئیتر بە شێوەیەکی ڕادیکاڵانە گۆڕا به‌جۆرێك كه‌ ئەم کۆمەڵەیە، کە لە پێشتردا کەم تا زۆر کۆمەڵەیەکی پیلانگێڕی بوو، گۆڕا بەرەو ڕێکخراوێکی سادە بۆ پڕۆپاگەندەی کۆمۆنیستی، کە نهێنی کاریەکەی زه‌روره‌ت بەسەریدا سەپاندبوو، بوو به‌ یەکەمین ڕێکخراوی پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمان. یەکێتیەکە لە هەر جێگایەک کۆمەڵەی کرێکارانی ئه‌ڵمانی دامبەزرایە لەوێ بوو؛ بە نزیکی لە نێو هەموو ئەو کۆمەڵانەی کە لە ئینگەلتەرا، بەلجیکا، فەرەنسا و سویسرا، وە لە زۆرێک لەو کۆمەڵانەی کە لە ئەڵمانیادا هەبوون ئەندامە پێشکەوتووەکانی سەر بە یەکێتیەکە بوون و جێگاوڕێگای ئەم یەکێتیە لە بزووتنەوەی کرێکاریی تازە سەرهەڵداوی ئەڵمانیادا زۆر به‌رچاو بوو. سەرەڕای ئەوەش، یەکێتیەکەمان یەکەم بوو کە جەختی لە سەر گەوهەری ئینتەرناسیۆنالیستی ته‌واوی بزووتنەوەی کرێکاری و بەجێهێنانی به‌ كرده‌وه‌ی كرده‌وه‌، کە ئەندامەکانی لە ئینگلیزەکان و بەلجیکیەکان و هەنگاریەکان و پۆڵۆنیەکان و هتد. پێکهاتبوو، کە کۆبوونەوەی ئینتەرناسیوناڵی کرێکاریان ڕێکدەخست بە تایبەتی لە لەندەن.

گۆڕانی کۆمەڵەکە لە دوو کۆنگرەدا ڕوویدا کە لە ساڵی ١٨٤٧ دا بەستران. کۆنگرەی دووم بڕیاریدا لەسەر پوختەکردن و بڵاوکرنەوەی پەیڕەوە بنەڕەتیەکانی حزبەکە لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن مارکس و ئەنگلس ەوە داڕێژرابوو. بەم شێوەیە مانیفێستی حزبی کۆمۆنیست سەریهەڵدا کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٨٤٨ دا بڵاوبووەوە بە ماوەیەکی کورت بەر لە شۆڕشی شوبات. لەو کاتەوە تا ئێستا بۆ زۆربەی زمانە ئەوروپایی یەکان وەرگێڕدراوە.

بڵاوکراوەی ئەڵمانی/ برۆکسلی Deutsche-Brüsseler-Zeitung کە مارکس تیایدا بەشداربوو، وە کە بێ ڕەحمانە نزاکانی ڕژێمی پۆلیسی بۆ نیشتمان ئاشکرادەکرد بووە هۆی ئەوەی کە جارێکی تریش دەوڵەتی پروسی هەوڵبدات بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دەرکردنی مارکس ، بەڵام بێ هۆدەبوو. لە کاتێکدا، بە هەر شێوەیەک بێت، شۆڕشی شوبات بووە هۆی بزووتنەوەیەکی جەماوەری لە برۆکسلیشدا، وە گۆڕانکاریەکی شۆڕشگێڕانە خەریک بوو ڕووی دەددا لە بەلجیکا، دەوڵەتی بەلجیکا مارکسی دەستگیرکرد بە بێ ئاگادارکرنەوە و له‌ ووڵات ده‌ریکرد. لەو کاتەدا دەوڵەتی کاتی فەرەنسا داوەت نامەیەکی لە ڕێگای فلۆکۆن ەوە ئاڕاستەی مارکس کرد بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ پاریس و ئەویش ئەم بانگەوازەی قبوڵکرد. لە پاریس لە دژی دەستبڕین و پارە لێکێشانەوە هاتە مەیدان کە ئەو کات بە شێوەیەکی بەربڵاو لەنێو ئەڵمانیەکانی ئەوێدا هەبوو بە نیازی ئەوەی کە ئۆردوویەکی چەکدار لە کرێکارانی ئەڵمانی نیشتەجێی فەرەنسا دروست بکەن بۆ گواستنەوەی شۆڕش و دەوڵەتی کۆماری بۆ ناو ئەڵمانیا. لە لایەک، ئەڵمانیەکان پێویستە خۆیان شۆڕشی خۆیان بکەن، و لە لایەکی تریشەوە، هەر ئۆردویەکی شۆڕشگێڕانەی دەرەکی دروستکراو لە فەرەنسادا پێشوەخت فریودراوە لە لایەن لامارتینیه‌كانی دەوڵەتی کاتی یەوە بۆ دەوڵەتێک کە لەوانەیە بروخێنرێت، هەر وەک چۆن لە بەلجیکا و بادەن ڕوویدا.

لە دوای شۆڕشی مارسەوە، مارکس چوووە کۆڵن و لەوێ بڵاوکراوەی ڕاینیچەی نوێی (Neue Rheinische Zeitung) دامەزراند کە ماوەی تەمەنی لە نێوان ١ ی حوزەیران ١٨٤٨ بۆ ١٩ ی ئایاری ١٨٤٩دا بوو. ئەم ڕۆژنامەیە تاکە ڕۆژنامە بوو کە نوێنەرایەتی دید و بۆچوونی پرۆلیتاریای دەکرد لە سنووری بزووتنەوەی دیموکراتیکی ئەو کاتەدا هەر وەک لە خەبات و قارەمانێتی یە بێ سنوورەکەیدا دیارە لە یاخیبوونە شۆڕشگێڕانەکەی حوزەیرانی پاریس دا کە بووە هۆی هەڵهاتنی زۆربەی زۆری بەشداربووەکانی. بێ هۆدە بوو کاتێک کە کروزە زەیتونگ (Kreuz-Zeitung) [ڕۆژنامەی خاچ ، چونکە دروشم و هێمای ڕۆژنامەکە خاچێکی ئاسنین بوو. ئەم ڕۆژنامەیە لە بەرلین بڵاو دەبووەوە لە نێوان ١٨٤٨- ١٩٣٩ دا. وەرگێڕ] دەیویست زیاتر ئاماژه‌ بۆ ”حه‌یاچوونه‌كه‌ی چیمبۆرازۆ” بكات [چیمبۆرازۆ، چیایەکی بورکانیە لە ئیکوادۆر و جۆری ئەم بورکانە چین چینە و لە هەزارەی یەکەمی میلادیدا ڕوویداوە. وەرگێڕ] به‌وه‌ی کە بڵاوکراوەی ڕاینیچەی نوێ هێرشی کردۆتە سەر هەموو شتە پیرۆزەکان، لە پاشا و جێنشینەکەیەوە لە تەختی پاشایەتیه‌وه‌ بگره‌ تا دەگات بە جەندرمەكانی و قەڵای پروسیاش بە ئۆردووە ٨٠٠٠ کەسیەکەیەوە لەو کاتەدا. شێتگیری و هەڵچوونی ڕاینیە لیبڕاڵه‌ ناڕۆشنبیره‌كان کە کتوپڕ بوونە کۆنەپەرست بێ هۆدە بوو. ڕاگرتنی بڵاوکراوەکە بە دەسەڵاتی سوپایی لە کۆڵن بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە پایزی ١٨٤٨ دا بێهوده‌ بوو. ىێ سوود بوو کاتێک وەزیری دادی ویلایەتی فرانکفۆرت پەنجەی تاوانی بۆ بابەت لە دوای بابەتی ڕۆژنامەکە ڕادەکێشا و دەیویست سەرنجی داواکاری گشتی کۆڵن ڕابکێشێت تاوەکو پرۆسەیەکی یاسایی بە دژی ڕۆژانه‌مه‌كه‌ بگرێته‌ به‌ر. بە بەرچاوی پۆلیسەوە بڵاوکراوەکە بە ئارامی دەڕۆی بۆ بڵاوبوونەوە و چاپکردن. بڵاوکردنەوە و ناوبانگی بڵاوکراوەکە هەتا دەهات دەچووە سەر لەگەڵ چوونە سەری جۆش و توند وتیژی هێرشەکانی بۆ سەر دەوڵەت و بورژوازیەت. کاتێک کودەتا سەربازیەکەی پروسیا لە تشرینی دووهەمی ١٨٤٨ دا ڕوویدا، بڵاوکراوەی ڕاینیچەی نوێ لە مانشێتی هەر ژمارەیەکیدا بانگەوازی خەڵکی دەکرد کە باج نەدەن و توند وتیژی بە توند و تیژی وەڵامبدەنەوە. لە سەر ئەم کارانە و بڵاوکردنەوەی بابەتێکی تری لەم چەشنە بڵاکراوەکە ڕووبەڕووی دادگا بووەوە لە بەهاری ساڵی ١٨٤٩ دا، بەڵام لە بەرامبەر هەر دوو کەیسەکەدا بێ تاوان دەرچوو. لە کۆتاییدا، وە لە کاتێکدا کە خرۆشانەکانی ئایاری ١٨٤٩ ی درێسدن و ناوچەی ڕاین سەرکوتکرا و هێرشی پروسی بۆ سەر خرۆشانەکەی بادن- پالاتینەیت دەستیپێکرد بە کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هێزێكی زۆر، دەوڵەت هاتە ئەو باوەڕەی کە بڕوا بە بەهێزی خۆی بکات بۆ سەرکوتی بڵاوکراوەی ڕاینشچەی نوێ بە زەبری هێز. دوا ژمارەی بڵاوکراوەکە ، کە بە مەرەکەبی سوور چاپکرا، لە ١٩ ی ئایاردا دەرچوو.

هەوڵدان بۆ بە بەردەوام دەرکردنی بڵاوکراوەی ڕاینیچەی نوێ لە شێوازی بڵاوكراوه‌ی ڕه‌خنه‌ییدا (لە هامبۆرگ لە ساڵی ١٨٥٠ دا) بێ سوود بوو وە سەرنەجام ناچار بوون کە واز لەمەش بهێنن به‌هۆی ئه‌و په‌رچه‌كرداره‌ توندوتیژئامێزانه‌‌وه‌‌. ڕاستەوخۆ دوای کودەتا سەربازیەکەی فەرەنسا لە کانونی یەکەمی ١٨٥١ دا، مارکس (١٨ ی برۆمێر، لویس بۆناپارت) بڵاوکردەوە (نیو یۆرک، ١٨٥٢؛ چاپی دووەم، هامبۆرگ ، ١٨٦٩، بە ماوەیەکی کەم پێش جەنگ). لە ساڵی ١٨٥٣ دا (نهێنیه‌كان ده‌رباره‌ی دادگاییكردنی كۆنۆنیسته‌كانی كۆڵن) ی نووسی (یەکەم جار لە بازل چاپکرا، دواتر لە بۆستن، وە هەروەها جارێکی تر لە لایپزیگ).

دوای تاوانبارکردنی ئەندامانی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لە کۆڵن، مارکس دەستی لە کاری ئاژیتاسیۆنی سیاسی کێشایەوە و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ خۆی تەرخان کرد، لە لایەک بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەو هەموو گه‌نجینه‌ بە پێز و دەوڵەمەندانەی کە له‌ کتێبخانەی مۆزەخانەی بەریتانی لە بواری ئابووری سیاسیدا له‌به‌رده‌ستدا بوو، وە لە لایەکی تریشەوە بۆ نووسین بۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تریبیۆن، تا کاتی بەرپابوونی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا کە نەک تەنها هەندێ بەشداری ئەمی بڵاودەکردەوە، بەڵکو زۆرێک لە سه‌رووتاره‌كان بە پێنووسەکەی ئەو لەسەر بار و دۆخی ئەوروپا و ئاسیای تیادا بڵاوبووەوە. هێرشەکانی مارکس بۆ سەر لۆرد پاڵمەرستۆن، بە پشت بەستن بە لێکۆڵینەوەیەکی ووردی بەڵگەنامە فەرمی یە بەریتانیەکان، دووبارە لە لەندەن بە شێوەی نامیلکە لە چاپدارایەوە.

marxوەک یەکەم بەروبوومی ئەو هەموو ساڵە لە لێکۆڵینەوە لە بواری ئابووریدا، لە ساڵی ١٨٥٩ دا (به‌شداریكردن له‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ئابوری سیاسی) بڵاوکردەوە، بەشی یەکەم (بەرلین، دونکەر). ئەم بەرهەمە یەکەمین لێکدانەوەی لێكهه‌ڵپێكراوی ماركسیانه‌ی تیۆری بەها بە زانستی پارەشەوەی له‌ خۆ ده‌گرت. لە کاتی شەڕی ئیتاڵیادا، مارکس، لە بڵاوکراوەیەکی ئەڵمانیدا لە ژێر ناوی داس فۆڵک (خەڵك) کە لە لەندەن بڵاو دەبووەوە هێرشیکردە سەر بۆناپارتیزم کە لەو کاتەدا وا خۆی دەردەخست کە لیبڕاڵیە و نەخشی هەیە لە ڕزگارکردنی نەتەوە ژێردەستەکاندا. هەروەها هێرشی کردە سەر سیاسەتە پروسیەکانی ڕۆژ کە لە ژێر ناو و پەردەی بێ لایەنیدا هەوڵی دەدا لە گۆمی پیسدا ڕاو بکات.هه‌روه‌ها لەم پەیوەندەدا وا پێویستی دەکرد هێرش بکاتە سەر کارل ڤۆگت، کە ئەو لەو کاتەدا ئەرکێکی لە لایەن شازادە ناپلیۆن (پلۆن پلۆن) پێسپێردرابوو وە لە لایەن لویس ناپلیۆنەوە پارەی پێدەدرا بۆ ئەوەی بانگه‌شه‌ی بێ لایەنی بکات کە لە ڕاستیدا لایه‌نگیری بوو لە ئەڵمانیا. کاتێک ڤۆگت لیپاولیپ بوو لە کرداری پیس و ناپەسەند و بە دەستی ئەنقەست بوختانی درۆی دەکرد، مارکس بە بڵاوکردنەوەی (به‌ڕێز ڤۆگت Herr Vogt ) وەڵامی دایەوە (له‌ لەندەن، ١٨٦٠)، کە لە وێدا ڤۆگت و پیاوماقوڵەکانی تری باندی ئیمپریالیستی دیموکراتیەیتی درۆینەو هەڵخەڵەتێنەری تیادا ئاشکرا کرا، وە تاوانبارێتی خودی ڤۆگت سەلمێنرا بە بە وەرگتنی بەرتیل لە ئیمبراتۆریەتی کانوونی یەکەم بە پێی بەڵگەنامە ناوەکی و دەرەکیەکان. دوای ١٠ ساڵ بەڵگەکان دەرکەوتن لە لیستی ناوی بەکرێگیراوەکانی بۆناپارت دا کە لە کۆشکی تویلەری Tuileries دا دۆزرایەوە لە ساڵی ١٨٧٠ دا و لە لایەن دەوڵەتی ئەیلولەوە بڵاوکرایەوە، کە ئەم تۆمارە لە ژێر پیتی V دا نووسرابوو کە “ڤۆگت لە ئابی ١٨٥٩ دا ٤٠٠٠٠ فرەنکی پێ دراوە”.

لە کۆتاییدا، لە ساڵی ١٨٦١ و لە هامبۆرگ (كاپیتاڵ، شیكردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی له‌ به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری) بەرگی یەکەم، به‌رهه‌می سه‌ره‌كی مارکس بڵاوکرایەوە کە تیایدا بناغه‌کانی چەمکە ئابوری سۆسیالیستیه‌كانی و جیاکەرەوە سەرەکیەکانی ڕەخنەی خۆی لە کۆمەڵگای مەوجود و شێوازی سەرمایەداریانەی بەرهەمهێنان و ئاكامەکانی لێکداوەتەوە. چاپی دووەمی ئەم به‌رهه‌مه‌ مێژووییه‌ گرنگه‌ لە ساڵی ١٨٧٢ دا بڵاوکرایەوە کە نووسەر خۆی بۆ دانانی بەرگی دووەم ته‌رخان كرد.

لە وکاتەدا بزووتنەوەی کرێکاری لە ووڵاتە ئەوروپیە جیاجیاکاندا هەتا ڕادەیەک هێزی خۆی بەدەستهێنابووەوە کە مارکس بتوانێ بیر لە بیرۆکەی هێنانەدی هیوایەک بکات کە دەمێک بوو چاوەڕیی دەکرد: دامەزراندنی یەکێتیەکی کرێکاران کە زۆربەی ووڵاتە ئەوروپیە پێشکەوتووەکان و ئەمریکا بگرێتە خۆی کە بە شێوەیەکی جەستەیی (فیزیکی)، ئەگەر بتوانین وا بڵێین، کارەکتەرە نێونەتەوەیی یەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی بۆ خودی کرێکاران خۆیان و هەروەها بورژوازی و حكومه‌ته‌كان نیشان بدات- له‌ پێناو هاندان و بەهێزبوونی پرۆلیتاریا، بۆ ترس خستنە نێو دڵی دوژمنەوە. لەپێناو به‌رژه‌وه‌ندی پۆڵەندادا، کە بۆ جارێکی تریش لە لایەن ڕوسیاوە تێکشکێنرابوو، کۆبوونەوەیەکی جەماوەری بەسترا لە ٢٨ ی ئەیلول ١٨٦٤ دا لە سانت مارتینس هاڵ لە لەندەن کە هۆکاری بردنە پێشەوەی مەسەلەکەی خستە بەردەست کە زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەرزکرایەوە. كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرێكاران (واته‌ ئینتەرناسیۆنالی یەکەم) دامەزرا؛ شورای گشتی کاتی کە بارەگاکەی لە لەندەن بوو هەڵبژێردرا لە کۆبوونەوەکەدا و مارکس گیان و دڵی ئەم ئەنجوومەنە بوو لەگەڵ هەموو شورا گشتیەکانی دواتریشدا هەتا کۆنگرەی لاهای. ڕەشنووسی زۆربەی زۆری بەڵگەنامەکان کە لە لایەن شورای گشتی ئینتەرناسیوناڵە وە دەرکرا لە لایەن مارکسەوە ئامادەکرابوو هەر لە (ووته‌ی ده‌ستبه‌كار بوون)ه‌وه‌ لە ساڵی ١٨٦٤ دا تا (ووته‌ ده‌رباره‌ی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ فه‌ڕه‌نسا) لە ساڵی ١٨٧١ دا. بۆ وه‌سفکردنی چالاکیەکانی مارکس لە ئەنتەرناسیۆنالدا پێویستە مێژووی ئەم كۆمه‌ڵه‌یه‌ بنووسرێتەوە کە به‌هه‌رحاڵ ئێستاش لە یادەوەری کرێکارانی ئەوروپادا زیندووە.

ڕووخانی کۆمۆنەی پاریس ئەنتەرناسیۆناڵی خستە بارێکی نالەبارەوە. ئینته‌رناسیۆنال له‌ مێژووی ئه‌وروپادا توانی له‌و ساتانه‌دا بە گوژمەوە بڕاوەتەوە پێشەوە کە له‌ هەموو شوێنێک له‌ بواری سه‌ركه‌وتنی به‌ كرده‌وه‌ بێبه‌شكرابوو.ئەو ڕووداوانەی کە بوونه‌ مایه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی پلە و پایەی ئەنتەرناسیونال بۆ ئاستی حەوتەمین هێزی گەورە، هاوکات بوونە هۆی ڕێگەگرتنیش له‌ ڕێکخستن و به‌گه‌ڕخستنی توانا خه‌باتكارانه‌كانی‌. ئه‌مه‌ش به‌ داخه‌وه‌‌ بووه‌ هۆی تێکشکانی مسۆگەر و پاشه‌كشه‌ی بزووتنەوەی کرێکاریی بۆ چەند دەیەیەک. سەرەڕای ئەمە، لە چه‌ند لایه‌كه‌وە و چه‌ند كه‌سێك هەوڵیان دەدا کە خۆیان بەرنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ سوودوه‌رگرتن لە ناوبانگی كتوپڕی کۆمەڵەکە بە مەبەستی دامركاندنه‌وه‌ی مه‌رامه‌كانیان و به‌دیهێنانی خواستە تایبەتەکانیان، بە بێ تێگەیشتن لە جێگا و ڕێگای ڕاستەقینەی ئەنتەرناسیۆناڵ یاخود ڕێزگرتن لێی. دەبوایه‌ بڕیارێکی ئازایانە بدرێت، وە ئەوە دووبارە مارکس بوو کە ئەو بڕیارەی دا و جێبەجێی کرد لە کۆنگرەی لاهایدا. لە بڕیارنامەیەکی بەشکۆ دا ئەنتەرناسیۆناڵ حاشای لە هەموو بەرپرسیارێتیەک کرد لە بەرامبەر کاروکردەوەکانی باکۆنینەکاندا کە چەقی دروستکردنی هەموو ئەو پێکهاتە ناماقوڵ و ناپەسەندانە بوون. پاشان، بە هۆی دەستەبەرنەبوونی کۆبوونەوەکان و سه‌ره‌ڕای پەرچەکرداری گشتی و چوونە سەری داواکاریە بەسەردا سەپێنراوەکانی، وە پاراستنی کاریگەرێتی یە تەواوەکەی سەرەڕای کۆمەڵێک قوربانی کە ئه‌بوونە مایه‌ی ووشككردنی ده‌ماری بزووتنەوەی کرێکاری، سه‌رئه‌نجام به‌ هۆی ئه‌م دۆخه‌وه‌وە، ئەنتەرناسیۆناڵ لەم کاتەدا خۆی کشانە دوواوە بە گواستنەوەی شورای گشتی بۆ ئەمریکا. ئەنجامەکان ڕاست و دروستی ئەم بڕیارەیان سەلماند کە لە کاتی خۆیدا و ئێستاشی لەسەر بێت زۆر جار لۆمە دەکرێت. لە لایەکەوە، ئەمە توانی کە کۆتایی به‌ هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ بهێنێت کە لەو کاتەوە بەڕێوەیە بۆ به‌رپاكردنی كوده‌تا بێسووده‌كان بە ناوی ئینتەرناسیۆناڵەوە، لە کاتێکدا لە لایەکی ترەوە، ئەو پەیوەندی یە بەردەوام و نزیکەی نێوان ئەحزابە کرێکاری یە سۆسیالیستەکان لە ووڵاتە جیاجیاکاندا ئەوەی سەلماند کە هۆشیاریی ناسنامەیی سەبارەت بە به‌رژه‌وه‌ندی و هاوپشتی پرۆلیتاریای ووڵاتە جیاجیاکان کە لە لایەن ئەنتەرناسیۆناڵەوە بانگهێشتی بۆ کرابوو دەتوانێ خۆی بسه‌پێنێ ته‌نانه‌ت بە بێ خۆبه‌ستنه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌کی فەرمی نێونەتەوەییه‌وه‌، کە لەو ساته‌دا بووبووە له‌مپه‌رێك.

لە دوای کۆنگرەی لاهایه‌وە، مارکس بۆ دوا جار توانی ئارام بگرێت و کاتی زیاتر بدۆزێتەوە بۆ ده‌ستكردنه‌وه‌ به‌ بەرهەمە تیۆریەکانی، وە وا ئومێد دەکرا کە بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا بەرگی دووەمی (كاپیتاڵ) ئامادە بكات بۆ بڵاوکردنەوە.

لە نێو زۆرێک لەو داهێنانانەدا کە به‌ هۆیانه‌وه‌ مارکس ناوی ده‌رکردووە لە تۆماری زانستدا دەتوانین لێرەدا تەنها له‌سه‌ر دوانیان بدوێین.

یەکەمیان ئەو شۆڕشە بوو کە ئەو خوڵقاندی لە ته‌واوی تێگەیشتنه‌كان لە مێژووی دنیادا. هەموو تێڕوانینی پێشوو بۆ مێژوو لەسەر ئەو چەمکە دامەزرابوو کە هۆکارە بنچینەیی یەکانی هەموو ئاڵگۆڕێکی مێژوویی دەتوانرێت لە گۆڕانکاری یەکانی هزری مرۆڤەوە سۆراخ بکرێت، وە لە هەموو گۆڕانکاریە مێژوویی یەکاندا گۆڕانی سیاسی لە هەموویان گرنگترە و كۆنترۆڵی ته‌واوی مێژوو ده‌كات. بەڵام ئەو پرسیارە نەدەکرا کە ئایا هزر کەی هاتۆتە مێشکی مرۆڤەوە و هۆکارە پاڵنه‌ره‌كانی گۆڕانە سیاسییەكان چین. ئه‌و باوه‌ڕه‌ی کە لانی کەم لە سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاستەوە هیزی پاڵنەر لە مێژووی ئەوروپادا بریتی بووە لە کێشمەکێشی بوژوازی پێشکەوتنخواز لەگەڵ فیوداڵە ئەریستۆکراسیەکان (دەرەبەگە بەگزادەکان) بۆ دەسەڵات و زاڵبوون لە ڕووی کۆمەڵایەتی و سیاسی یەوە، تەنها به‌سه‌ر مێژووناسەكانی سەر بە قوتابخانە نوێیه‌ فەرەنسی و هەروەها هەندێک لەوانەشی کە سەر بە قوتابخانەی ئینگلیزی بوون خۆی سه‌پاندبوو. ئیتر مارکس سەلماندی کە هەموو مێژووی پێشوو مێژووی کێشمەکێشی چینایەتی یە، بە واتایەک لە هەموو کێشمەکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتی یە جۆراوجۆرەکاندا تاكه‌ مه‌سه‌له‌ دەسەڵاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی چینە کۆمەڵایەتیەکان و پاراستنی دەسەڵاتدارێتی یە لە لایەن چینە کۆنەکانەوە و گرتنە دەستی دەسەڵاتدارێتی یە لە لایەن چینە تازە درووستبووەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئایا ئەم چینانە قەرزارباری کێن لە بنه‌چه‌ و لە بەردەوام بوونی مانەوەیاندا؟ ئەوان قەرزارباری ئەو هەلومەرجە هەستیارە مادی و سروشتی یە تایبەتانەن کە تیایاندا کۆمەڵگا لە سەردەمی دیاریکراودا هۆکارەکانی بەردەوامبوونی خۆی بەرهەم دێنێته‌وه‌ و ئاڵۆگۆڕی به‌سه‌ر دێنێت. ده‌سه‌ڵاتی دەرەبەگایەتی لە سەدەکانی ناوەڕاستدا لەسەر خۆبژوێنی ئابوری (سەربەخۆیی ئابوری) کۆمەڵگا جووتیاریە بچوكه‌كان ڕاوەستابوو کە تیایدا خۆیان زۆربەی پێداویستیەکانی خۆیانیان دابین دەکرد و زۆربەی کات هیچ ئاڵو وێرێک تیایاندا ڕووی نە دەدا وە تا ئەو ڕادەیەی کە خانەدانانی خاوه‌ن چه‌ك یان له‌ ده‌ره‌وه‌ یان له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌‌ یان سیاسیه‌وه‌‌ پارێزگاری كردنیان له‌ خۆیان به‌ ده‌ست ئه‌هێنا. کاتێک شارەکان سەریانهەڵدا و لەگەڵ خۆیاندا سەرهەڵدانی پیشەسازی دەستی سەربەخۆ و په‌یوه‌ندی بازرگانیان سەرەتا لە نێوخۆدا و دواتر لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی دا هێنا، بورژوازی شاری گەشەی سەند، وە هه‌ر لە سەدەکانی ناوەڕاسته‌وه‌ و لە کێشمەکێشمی خۆی لەگەڵ خانەدانی دا، خۆی خزانده‌ نێو نیزامی دەرەبەگیه‌وه‌ به‌ وێنه‌ی ویلایه‌تێكی خاوه‌ن موڵك. بەڵام لەگەڵ دۆزینەوەی جیهانی دەرەوەی ئەوروپادا لە ناوەڕاستی سەدەی پانزدەهەمەوە بە دواوە، ئەم بورژوازیە پێویستی بە ناوچەیەکی زۆر فراوانتر بۆ بازرگانی و لەسەروو ئەوەشەوە ڕێڕەوەی نوێ بۆ پیشەسازیەکەی هه‌بوو؛ لە نێو گرنگترین بەشەکاندا کاری دەست لە لایەن پیشەسازی یەوە (مانیفاکتۆرەوە) وە لانرا، ئیتر لە سەر ئاستی کارگەدا، وە ئەمەش جارێکی تر بە پیشەسازی گەورە جێیگیرایەوە، کە بە هۆی دۆزینەوەکانی سەدەی پێشوەوە بە دەستهێننانی فەراهەم بووبوو بە تایبەتی دۆزینەوەی ماشێنی هەڵمی. پیشەسازی گەورە، بە دەوری خۆی، کاردانەوەی لەسەر بازرگانی هەبوو لە ڕێگای وەلانانی کاری دەستی کۆن لە ووڵاتە دوواکەوتووەکان و ‌داهێنانی ئامرازە تازەکانی پەویوەندیگرتنی ڕۆژ وەک: ماشێنی هەڵمی، هێڵی ئاسنی و تەلەگرافی کارەبایی لە ووڵاتە زۆرتر پێشکەوتووەکاندا. بەم شێوەیە بورژوازی توانی زیاتر و زیاتر سامانی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتی لە دەستی خۆیدا کۆبکاتەوە، لە کاتێکدا کە تا ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی سیاسیدا مایەوە کە ئەو کات لە دەستی خانەدانەکان و سیستەمی پاشایەتیدا بوو كه‌ لە لایەن خانەدانیه‌وه‌ پشتیوانی لێده‌كرا. بەڵام لە قۆناغێکی دیاریکراودا_ لە فەرەنسا لە کاتی شۆڕشی مه‌زنەوە_ دەستی گرت بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا و ئیتر به‌مجۆره‌ بوو بە چینی دەسەڵاتدار بەسەر پرۆلیتاریا و جووتیارە بچووکەکەکانەوە. لەم گۆشە نیگایەوە هەموو دیاردە مێژوویی یەکان به‌ ساده‌ترین شێوه‌ شایه‌نی لێته‌گه‌یشتنن_ لەگەڵ بوونی زانیاری تەواو دەربارەی باری ئابووری تایبەتی کۆمەڵگا، کە ڕاستی ئەمە بە تەواوەتی وونە لە لای مێژووناسە لێهاتووەکانەوە، بە هەمان شێوه‌ تێگه‌یشتنه‌كان و بیروباوەڕی هەر سەردەمێكی مێژوویی زۆر بە سادەیی دەتوانرێت لەسەر بنه‌مای باری ئابووری ژیان و پەیوەندی یە کۆمەڵایەتی و سیاسی یەکانی ئەو سەردەمەوە ڕوونبكرێتەوە، کە ئه‌وانیش لە لایەن ئەم هەلومەرجە ئابووری یانەوە دیاری دەکرێن. بۆ یەکەم جار مێژوو لە سەر بنچینە ڕاستەکانی خۆی دانرا؛ ڕاستی یەکی ڕوون و ئاشکرا، بەڵام بە تەواوەتی نابیناگیراو لە پێشوودا، کە مرۆڤ پێویستە بەر لە هەموو شتێك بخوات و بخواتەوە و جێگای حەوانەوە و پۆشاکی هەبێت، وە لەبه‌رئه‌وه‌ ئه‌بێ كار بكات، بەر لەوەی شەڕی دەسەڵاتدارێتی بکات و شوێن سیاسەت و دین و فەلسفە و هتد بکەوێت_ سه‌رئه‌نجام ئەم ڕاستی یە بەرجەستەیە حه‌قانیه‌ته‌ مێژووییەکانی خۆی بەدەستهێنا.

ئەم تێگەیشتنە تازەیە لە مێژوو، هەرچۆنێک بێت، بایەخێکی باڵای هەبوو بۆ ڕوانگەی سۆشیالیستی. ئەمە ئەوەی نیشاندا کە هەموو مێژووی پێشوو لە نێو کێشمەکێشمی چینایەتی و خەباتی چینایەتی دا چۆتە پێشەوە، کە تیایددا هەمیشە دەسەڵاتدار و ژێردەستە، چینە چەوسێنەر و چەوساوەکان بوونی هەبووە، ئەمەو زۆرینەی زۆری ئادەمیزاد هەمیشە ناچار بە کاری سەخت و خۆشی بینینی کەم کراوە. ئەمە بۆچی؟ بە سادەیی لەبەر ئەوەی لە هەموو قۆناغەکانی پێشووی پێشکەوتنی ئادەمیزاد دا بەرهەمهێنان ئەوەندە کەم پێشکەوتبوو کە پێشکەوتنی مێژوویی تەنها ده‌یتوانی لەم شێوە دژ بەیەکەدا بڕواتە پێش، كه‌ ئەو پێشکەوتنە مێژوویی یە بە شێوەیەکی گشتی تەرخانکرابوو بۆ جمووجۆڵی کەمایەتییەکی دارا، لە کاتێکدا کە زۆرینەی خەڵک مه‌حكوم به‌ بەرهەمهێنان بوون بە هۆی کارەکانیانه‌وه‌ كه‌ تاكه‌ ڕێگای هه‌ژارانه‌ی مانه‌وه‌ بۆ خۆیان و هاوکاتیش ڕێگای ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی زیاتری داراكانه‌. بەڵام هەمان ئه‌م لێکۆڵینەوە وورده‌ لە مێژوو، کە بەم شێوەیە لێکدانەوەیەکی ماقوڵ و سروشتی دەدات بە دەستەوە سه‌باره‌ت به‌ دەسەڵاتی چینایەتی پيشوو، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی جیاوازتر ته‌نها به‌ بەدکاری مرۆڤ لێكده‌درایه‌وە، هاوکات بەرەو ئەو ڕاستی یە هەنگاو هەڵدەگرێت کە لە ئەنجامی گەشەکردنی مەزنی هێزەکانی بەرهەمهێنان لەم سەردەمەی ئێستادا، تەنانەت دوا پاساوهێنانه‌وه‌ش بۆ دابەشکردنی مرۆڤ بە دەسەڵاتدار و ژێردەستە و چەوسێنەر و چەوساوەدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌، وە لانی کەم لە زۆربەی ووڵاتە پێشکەوتووەکاندا كه‌ بورژوازی گەورەی دەسەڵاتدار پەیامە مێژووی یەکەی خۆی هێناوه‌ته‌دی، کە چیتر توانای ڕابەریکرنی کۆمەڵگای نیە و تەنانەت بۆتە لەمپەرێکیش لەبەردەم گەشەسەندنی بەرهەمهێناندا هەر وەک چۆن قەیرانەکانی بازرگانی و بە تایبەتی هەرەسهێنانە گەورەکەی ئەم دووایی یانە و ڕكودی پیشەسازی لە هەموو ووڵاتەکاندا ئەمەی سەلماند کە ڕابەرایەتی مێژوویی گواسترایەوە بۆ پرۆلیتاریا، چینێک کە بە پێی تەواوی جێگا و ڕێگای لە کۆمەڵگادا تەنها کاتێک دەتوانێت خۆی ڕزگار بکات کە سه‌راپای دەسەڵاتی چینایەتی و هەموو کۆیلایەتی و چەوسانەوەیەک هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌. وە هێزە کۆمەڵایەتی یە بەرهەمهێنەرەکان کە گه‌شه‌یان به‌ دەسەڵاتی بورژوازی داوه‌ تەنها چاوەڕوانی پڕۆلیتاریای ڕێکخراو دەکەن کە دەسەڵات بگرێتە دەست بۆ هێنانە دی بارودۆخێک کە تیایدا هەر تاکێکی کۆمەڵگا دەتوانێت نەک تەنها لە بەرهەمهێنان دا، بەڵکو لە دابەشکردن و بەڕێوەبردنی سامانی کۆمەڵگاداشدا بەشداربێت. وە بەم پێ یەش هێزە کۆمەڵایەتی یە بەرهەمهێنەکان پەرەدەستێنن و بەرهەمەکانیشیان بە کردارێکی نەخشەمەندانە بۆ هەموو کەس فەراهەم دەکرێت بە پێی پێوانەی هەرکەس بە پێی پێداویستی یە ماقوڵەکانی خۆی و بە پێی چوونە سەری ئاستی پێداوسیتی یەکانی.

دووەم داهێنانی گرنگی مارکس بریتی بوو لە ڕۆشنكردنه‌وه‌ی پەیوەندی نێوان کار و سەرمایە. بە واتایەکی تر، نیشاندانی ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن له‌ نێو كۆمه‌ڵگای ئێستا و له‌ ژێر سایه‌ی بوونی شێوازی سه‌رمایه‌داریانه‌ی به‌رهه‌مهێناندا، چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكار له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌وه‌ ئه‌گوزه‌رێت. لەو کاتەوەی کە ئابووری سیاسی ئەو پێشنیارەی خستەبەردەم کە کار سەرچاوەی هەموو سامان و بەهایەکە، مەسەلەکە بووەتە شتێكی حه‌تمی: ئەمە چۆن ڕوو دەدات، دوای ئەوە، بۆ ئەوەی کە قایل بیت بەو ڕاستیەی کە کرێکاری بە کرێ هەموو ئەو بەهایە وەرناگرێت کە لە ئەنجامی کارەکەیەوە بە دەستیهێناوە، بەڵکو دەبێت بەشێکی بدات بە سەرمایەداران؟ هەردووئابوریناسانی بورژوایی و سۆشیالیستەکان هەوڵی خۆیان دا کە وەڵامێکی زانستی بەم پرسیارە بەنەوە، بەڵام بێ هودە بوو تا لە کۆتاییدا مارکس ڕێگاچارەكه‌ی خستە بەردەم. ئەم ڕێگا چارەیەش بەم شێوەیەیە: شێوازی ئەمڕۆی بەرهەم هێنانی سەرمایەداری پێویستی بە بوونی دوو چینی کۆمەڵایەتی هەیە_ لە لایەک چینی سەرمایەدار کە ئەوان خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و گوزەرانن، وە لا لەیەکی ترەوە چینی پڕۆلیتاریا کە ئەوان لەم خاوەندارێتی یە بێبەرین و تەنها یەک کاڵایان هەیە بۆ فرۆشتن ئەویش هێزی کاری خۆیانە، بۆیە دەبێت ئەم هێزی کارەی خۆیان بفرۆشن تا بتوانن هۆیەکانی گوزەرانی خۆیان بەدەستبهێنن. بەهای کاڵایەک، لەگەڵ ئەوەشدا، بە بڕی ئەو کاتە کۆمەڵایەتی یە پێویستە دیاریدەکرێت کە لە بەرهەمهێنانیدا بەرجەستە دەبێت و هەروەها هاوکات لە بەرهەمهێنانیشیدا. هه‌ربۆیه‌ بەهای هێزی کاری تێکڕای مرۆڤێک لە ڕۆژێک، مانگێک یان ساڵێک دا بە بڕی ئەو کارە دیاریدەکرێت کە بەرجەستە دەبێتەوە لە بڕی هۆیەکانی مانەوە کە پێویستە بۆ بەردەوامبوونی ئەو هێزی کارە لە ڕۆژیک، مانگێک یان ساڵێک دا. با وای دابنێین کە هۆیەکانی گوزەرانی کرێکارێک بۆ ڕۆژێک پێویستی بە شەش کاتژمێر کارکردن هەیە بۆ بەرهەمهێنانیان، یان بە هەمان شێوە، ئەو کارەی کە لە خۆی دەگرێت نیشاندەری بڕی شەش کاتژمێر کار دەبێت، وە هەروەها بڕی هێزی کار بۆ یەک ڕۆژ لەو بڕە پارەیەدا نیشان دەدرێت کە شەش کاتژمێر کارکردن لە خۆی دەگرێت. با زیاتر وای دابنێین کە سەرمایەدارێک کرێکارەکەمان بە کرێ دەگرێ ئەم بڕە پارەیەی پێ دەدات لە بەرامبەردا، وە بەم شێوەیە بەهای تەواوی بۆ هێزی کارەکەی پێ ددەدات. ئەگەر ئێستا کرێکارەکە تەنها شەش کاتژمێر کار بکات بۆ سەرمایەدارەکە لە ڕۆژێکدا، ئەوا ئەو پارەیه‌ی کە لە لایەن سەرمایەدارەکەوە خەرجکراوە بە کارەکەی ئەو جێی گیراوەتەوە_ شەش کاتژمێر کار بۆ شەش کاتژمێر کار. بەڵام ئەنجا ئەمە هیچی تێدا نیە بۆ سەرمایەدارەکە و بۆیە ئەو بە شێوەیەکی تەواو جیاواز سەیری مەسەلەکە دەکات. سەرمایەدارەکە دەڵێت: من هێزی کاری ئەم کرێکارەم کڕیوە بۆ هەموو ڕۆژەکە و نەک تەنها بۆ شەش کاتژمێر و بەم پێ یە وا لە کرێکارەکە ەکات کە ٨، ١٠، ١٢، ١٤ کاتژمێر و زیاتریش کار بکات بە پێی هەل و مەرجەکە. بۆیە بەم شێوەیە بەرووبوومی حەوتەم و هەشتەم کاتژمێر و کاتژمێرەکانی دوواتر بەرووبوومی کاری پارە نەدراوون و دەڕژێتە گیرفانی سەرمایەدارەکەوە. بەم شێوەیە کرێکار لە خزمەتی سەرمایەداردا نەک تەنها بەهای هێزی کارەکەی خۆی بەرهەم دەهێنێت کە لە بەرامبەریدا کرێی وەرگرتووە، بەڵکو لە سەروو ئەمەشەوە زێده‌بایی بەرهەم دەهێنێت کە هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ لە لایەن سەرمایەدارەوە دزراوه‌، وە لە دوور ماوەشدا بە پێی یاسا ئابوورییە دیاریکراوەکان لە نێو هەموو نیزامی سەرمایەداریدا دابەش دەبێت و قەواڵەی سەرەکی سەرمایەی بە سوود هێنراو پێکدەهێنێت کە لەمەوە کرێی زەوی و زار و قازانج و کەڵەکەبوونی سەرمایە ی لێوە پەیدا دەبێت. بە کورتی، هەموو سامانێکی کەڵەکەبوو یان بەکارهێنراو لە لایەن چینە نا کرێکاریەکانەوە. ئەمە، بە هەر شێوەیەک بێت، سەلماندی کە دەست بە سەراگرتنی سامان لە لایەن سەرمایەدارنی ئەمڕۆوە بە هەمان ڕادە بەندە لەسەر دەستەبەسەراگرتنی کاری بێ کرێی ئەوانی تر هەر وەک چۆن خاوەن کۆیلەکان و دەرەبەگەکان بەندەکانی خۆیان دەچەوساندەوە، ئەمە و تەنها جیاوازیەک لە نێوان ئەم جۆرە چەوساندنەوانەدا ڕێگا و شێوازە جیاوازەکانی بە دەستهێنانی کاری بێ کرێ یە. ئەمە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەروەها بووە هۆی لابردن و نەهێشتنی دووا بڕوو بیانووی هەموو ئەو دەربڕینە دوو ڕووانانەی چینە داراکان کە دەیانوویست بڵێن لەنیزامی کۆمەڵایەتی ئێستادا ماف و دادپەروەی، یەکسان بوونی مافەکان و ئەرکەکان و هارمۆنی یەکی گشتی بەرژەوەندی یەکان بوونی هه‌یه‌، وە کۆمەڵگای ئەمڕۆی بورژوازی ئاشکرا کرد، کە هیچی کەمتر نیە لە پێشینەکانی خۆی، وەک دەزگایەکی مەزنی چەوساندنەوەی زۆرینەی خەڵک لە لایەن کەمایەتیەکەوە، کەمایەتیەک کە هەمیشە لە بچووک بوونەوەدایە.

سۆشیالیزمی مۆدیرن و زانستی لە سەر ئەم دوو ڕاستی یە گرنگە بنیات نراوە. لە بەرگی دووەمی (كاپیتاڵ) دا ئەمانە و چەند دۆزینەوەیەکی تری زانستی کە هیچیان لە مانە کەمتر نیە دەربارەی سیستەمی سەرمایەداری کۆمەڵگا زیاتر گەشەیان پێدەدرێت، وە هاوکات ئەو بوارانەی ئابووری سیاسی کە لە بەرگی یەکەمدا تاو و توێ نەکراون ڕۆشنایی زیاتریان دەخرێتە سەر. ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ مارکس کە بتوانێت بەم زووانە ئاماده‌ی بکات بۆ بڵاوبوونەوە.

لە بەرهەمەکانی فریددریک ئەنگلس ١٨٧٧.

لە ناوەڕاستی حوزەیرانی ١٨٧٧ دا نووسراوە. بۆ یەکەم جار لە فۆڵکس کالێندەر، برۆنزویک ١٨٧٨ دا (Volks-Kalender,Brunswick, 1878) بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوە: دەربارەی مارکس.

لە بڵاوکراوەکانی: دەزگای چاپی زمانە بیانیەکان، بەیژین (١٩٧٥). Foreign Languages Press, Peking (1975)

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

c8f08b22a741748539d6d141e6bf0d31

سەرەتایەك بۆ ماتریالیزمی مێژوویی

كاتێك تەماشای مێژوو دەكەین، وادەردەكەوێت فەوزایەك یان پرۆسەیەكی پڕ لە ناكۆكی بێت. ڕووداوەكان لە سەرلێشێوانی …