Home / مێژووی ئیسلام / مەرجی وەزیری لە سەردەمی عەبباس و سەلجووقیدا

مەرجی وەزیری لە سەردەمی عەبباس و سەلجووقیدا

مەرجی وەزیری لە سەردەمی عەبباس و سەلجووقیدا

وەرگێڕانی نهاد جلال حبیب الله

 

سیفەتەكانی وەزیری خەلیفەی عەبباسی:

 

خەلیفەكانی بەنی عەبباس زۆر لەسەر ئەوە سوور بوون كە بۆ هەڵبژاردنی وەزیرەكانیان پابەندی هەندێ سیفات بن، جا كەسێ كە خوازیاری گەیشتن بە پایەی وەزارەت بێ دەبوو هەندێ سیفەتی تێدا بێت لەوانە: ڕاستگۆیی و دەستپاكی و پڕزانست و زانیاری.

 

1-زانست:

جا وەزیر فەخرودەولە ئەبو نەسر مووحەمەدی كوڕی مووحەمەدی كوڕی موحەمەدی كوڕی جەهیر كە بوو بە وەزیری خەلیفەی عەبباسی قائیم بیئەمریللا سەركردەیەكی شكۆداری نێو پیاوانی زانست بوو، وەزیر ئەبوو شوجاع موحەمەدی كوڕی حوسەین روزراوەردیش وەزیری خەلیفە موقتەدی بیئەمریللا بە پڕ زانست و ڕۆشنبیر ناسراوە و بەچاكنرین زاناكانی سەردەمی خۆی دادەنرێت، ئەو شارەزای زمانی عەرەبی بوو و چەند دانانێكی هەن لەوانە: (ذیل تجارب اڵامم).

 

2- ڕادروستی:

دەبوو وەزیر سیفەتی ڕادروستی هەبێت، جا وەزیر ئەبولقاسمی كوڕی حوسەینی كوڕی ئەحمەدی مەسلەمەی سەرۆكی سەرۆكەكان بەڕادروستی و هۆشیاری و عاقڵی ناسرا بوو، وەزیر شەرەفەدین عەلی كوڕی تەرادی زەینەبیش كە بوویە وەزیری خەلیفە موستەرشید بیللا و موقتەفی لیئەمریللا بەڕادروستی ناوبانگی دەركردبوو.

 

3-دادپەروەری: لەو سیفەتانەی دەبوو وەزیر هەبێت دادپەروەری بوو تا لە فەرمانڕەوایی و حوكمداندا بە ئینساف بێت و هاوڵاتیان لە ستەمی كەسانی تر و وەزیریش پارێزراو بن، جا وەزیر ئەبو شوجاع زەهیرەدین موحەمەدی كوڕی حوسەینی روزاوردی بە دادپەروەر بوونی لەگەڵ هاوڵاتیاندا ناسرابوو و نوێژی نێوەڕۆی دەكرد و دادەنیشت تا كاتی عەسر گوێی لە ستەمەكان دەگرت.

 

وەزیر عەونودین یەحیای كوڕی هوبەیرەی شەیبانیش كە وەزیری خەلیفە موقتەزی لئیەمریللا و موستەنجید بیللا بوو بە دادپەروەر ناسرا بوو, بۆیە پایەیەكی هەڵكەوتوو باڵای هەبوو، و لەبارەیەوە دەوترا كە: لە نێو وەزیراندا لەبەر دادپەروەرییەكەی هەڵكەوتوو نایابە.

 

4-لێهاتوویی:

بە زیاد لەوانە دەبێ وەزیر لێهاتوویی تێدا بێت كە ئەویش بریتییە لە : شارەزایی كارە سوڵتانیە كان و هەڵس و كەوتەكان و شێوەكانی بەرهەومهێنانی ماڵ و سامان و دەستكەوتەكان تا كار و بارەكان لە شوێنی خۆیدا دابنێ و كارەكان لەسەر بنەمای خۆیان ڕێكبخات، جا وەزیر سەرۆكی سەرۆكان ئەبولقاسم عەلی كوڕی حوسەینی كوڕی مەسلەمە خاوەن فەزڵ و لێهاتوویی بوو.

 

وەزیر عەمید ودەولەی كوڕی جەهیریش ئەو پشێوەی و پێكدادانەی لەناو برد و بەسەركەوتوانە ئەركی كارگێڕی خۆی بەجێ گەیاند، وەزیر ئەبووعەلی كوڕی حەسەنی كوڕی عەلی كوڕی سدقە شارەزایی و ئەزموونی بەكاروباری ژمێریاری و كاروباری سو هەبوو( )، بۆیە لە كارگێڕی كارووباری وڵاتدا سەركەوتوو بوو.

 

5-سیاسەت:

هەندێ لە فیقهناسان مەرجیان داناوە تا وەزیر شارەزای كارووباری سیاسەت بێت و بەڕێوەبردن و پێكهێنان و كۆكردنەوە و بەشبەشكردنی سەربازان بزانێ و شارەزای فێڵە جەنگیەكان و پێچ و پەنای جەنگی بێت و وڵات و سنوور و قەڵاكان بپارێزێت، جا وەزیر سەرۆكی وەزارەت ئەبولقاسم عەلی كوڕی حوسەینی كوڕی مەسلەمە بە چاكدانایی و دابینكاری كاروباری سیاسەت ناسراوە ، جا لە ساڵی 544ك.دا ئەبولموزەفەر یەحیای كوڕی هوبەیر وەزارەتی موقتەفی لیئەمریللای گرتە دەست و گەورەیی لێهاتوویی سیاسی لێوە بەدیار كەوت كاتێ سەربازگەی سەلجوقی دابەزیە ناو بەغداد و ئەویش بە دانایی و چاك بیركردنەوەی خۆی توانی بەشوێن خۆیاندا بیانگێڕێتەوە، خەلیفەیش تامەزرۆی بوو كردی بە وەزیر.

 

6-كارووباری ئایینی:

لەو مەرجانەی دەبوو وەزیر تێیدا بن، شارەزایی كاروباری ئایینی وفیقهو فورمودەی پێغەمبەر(صلى الله عليه وسلم) و هەر شتێ پەیوەستی شەریعەتی ئیسلامی بێت، لەسەر ئەو بنەمایە سەرۆكی سەرۆكان عەلی كوڕی حوسەین وەزارەتی كەوتە دەست، ئەو زانا و فیقهناس و هەڵكەوتوو بوو و شارەزایی تەواوی بە فەرموودە هەبوو، وەزیر ئەبولفەتح موحەمەدی كوڕی مەنسوری كوڕی دارستی وەزیری خەلیفە قائیم بیئەمیرللا ئەگەر لە دار واوەزارە دابنیشتایە زانا و پێشەواو فیقهناسانی دەستكەوتەكانی بۆ دانوستان كۆكردەوە .

 

وەزیر جەلالەیدن ئەبو عەلی حەسەنی كوڕی سدقە وەزیری خەلیفە موستەرشید بیللا ژیان و ئاكاری پاكو چاك بوو، لە خواترس و زانا و خاوەن فەزڵ بوو، وەزیر عەونودین یەحیای كوڕی هوبەیری شەیبانی كە وەزیری خەلیفە موقتەفی لیئەمریللا بوو لە گەورە فیقهناسە پیاوچاكەكان بوو، كتێبی (اڵافصاح)ی داناوە و قورئان و فەرموودەی خوێندووە و لەسەر مەزهەبی ئیمامی ئەحمەد فیقهی وەرگرتووە، چەند كتێبێكی نایابی داناون، لەوانە (اڵافصاح) بە چەند بەرگێك كە تیایدا شیكار و شەرحی فەرموودەی كردووە و تیایدا باسی مەزهەبەكانی زانایانی كردووە( )، لە فیقهو فەرموودە و قورئانی پیرۆز و تەفسیری قورئاندا زانا بووە.

 

7-یاساكانی وەزارەت:

خەلیفە عەبباسیەكان و سوڵتانە سەلجوقیەكان مەرجیان دانابوو كە دەبێ وەزیر شارەزایی یاساكانی وەزارەت بێت، جا وەزیر جەلالەدین ئەبوو عەلی حەسەنی كوڕی عەلی كوڕی سدقە وەزیری خەلیفە موستەرشید بیللا یاساكانی وەزارەتی لەبەر بوو و شارەزای كارووباری سەركردایەتی بوو.

 

وەزیر ئەبولقاسم عەلی كوڕی تەرادی زەینی گرنگی بە یاساكانی وەزارەت دەدا و شارەزای كاروباری سیاسەت بوو، جا كاتێ خەلیفە موستەرشید بیللا كردی بە وەزیر پێی وت: هەركەس وەزارەتی پێدراوە پێی شەرەفمەند بووە، تەنها تۆ نەبێت كە وەزارەت بە تۆ شەرەفمەند بووە.

 

8- ڕەوانبێژی و زمانپاراوی:

خەلیفەكان پێیان چاك بووە كە هەندێ سیفەتی تر لە وەزیردا هەبن وەك ئەوەی ڕەوانبێژ و زمانپاراو و ئەدیب و شاعیر و شارەزا زانستی نەحو بێت، جا وەزیر موحەمەدی كوڕی جەهیر كە وەزیری خەلیفە قائیم بیئەمریللا و موقتەدی بیئەمریللا بوو، بە بەیعی ڕەوانبێژی و شیعرە جوان و پاراوەكانی ناسراو بوو، وەزیر ئەبووشوجاع موحەمەدی حوسەینی روزراوەردیش نووسەرێكی ڕەوانبێژ و شاعیرێكی هەڵكەوتە و كەموێنە بوو، و پەخشانی جوان و جوانی و پاراوای پەیام و نامەكانی و دانایی ئەدەبی و هەڵكەوتەیی گێڕانەوەی هەواڵی لێ بەدیار بوو، وەزیر جەلالەدین ئەبووعەلی حەسەنی كوڕی سدقەیش بە زمانپاراوی قسەی ڕەوانبێژی ناسرابوو، بەجۆرێ سیفەتی ڕەوانبێژی بەسەر نووسینەكانیدا زاڵ بوو، ئەمە وای- كرد ببێتە جێی سەرسوڕمانی خەلیفەكانی بەنی عەبباس.

 

وەزیر ئەبووشروانی كوڕی خالیدی قاشانیش كە وەزیری خەلیفە موستەرشید بیللا و سوڵتان مەسعودی سەلجوقی بووە، ناسرابوو بە كەسێ كە حەزی لە ئەدەب بووە و لە كاركردن و گەشەپێدانی مەقامەكانی حەریردا فەزڵەكەی بۆ ئەو دەگەڕێتەوە، وەزیر یەحیای كوڕی هوبەیرەیش زمان پاراو و ڕەوانبێژ و نووسەری هەڵكەوتە و شارەزای بوارەكانی نەحو زمان و شاعیرێكی گەورە و لێهاتوو بووە.

 

9-خۆشەویستی لای تاك و كۆ:

خەلیفە كان پێیان باش بوو وەزیر لەلای تاك و كۆی خەڵك خۆشەویست بێت، ئەمەیش ڕوونە كاتێ وەزیر فەخرودەولە ئەبونەسر موحەمەدی كوڕی موحەمەدی جەهیر لە سەردەمی خەلیفە موقتەدی بیئەمریللا دا بۆ پایەی وەزارەت دەگەڕێتەوە، خەڵكی زۆرپێی دڵخۆش بوون و چوون بەپیریەوە و مەڕ و ماڵاتیان سەربڕی.

 

وەزیر حەسەنی كوڕی عەلی كوڕی سدقە ئەبو عەلی جەلال ودینی وەزیری خەلیفە موستەرشید بیللایش لەلای تاك و خۆشەویست بوو، ئەمەیش یارمەتیدا تا بەسەركەوتوویی ئەركە كارگێڕیەكانی بەجێ بگەیەنێت.

 

10-شارەزایی بنەڕەتەكانی دیوانی خیلافەت:

لەو سیفەتانەی كە دەبێ وەزیر هەیبێت، شارەزایی تەواویەتی بە بنەڕەتەكانی دیوانی خیلافەت و لە ئەنجامی ئەو مەرجەدا خەلیفەكانی بەنی عەبباس هەندێ وەزیریان لابرد لەبەرئەوەی شارەزایی بنەڕەتەكانی دیوانی خیلافەت نەبوون، جا خەلیفە موستەرشیدبیللا وەزیر ئەبولموعالی كوڕی عەبدولڕەزاقی لە ساڵی 496ك.دا گرت و بە هۆی نەشارەزایی بنەڕەتیەكانی دیوانی خیلافەتەوە لابرد.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە ماوەردی باسی ئەو سیفەتانەی كردووە كە دەبێ لەوەزیردا هەبێ كە بریتین لە ڕاستگۆیی و دەستپاكی و پڕزانستی و گەورەیی و ڕاڕاستی و لێهاتوویی لە هەڵسوڕاندنی كار و بار و ماڵ و سامان و چاكڕەفتاری لە دواندنی دۆست و دوژمندا، سەعالیبیش ئەو سیفەتانەی دەستنیشان كردووە كە دەبێ لە وەزیردا هەبن و دەڵێت: ئەگەر ڕەفتاری جێسوپاس و كرداری ڕێك و پێك و ڕای دروست و لێهاتوویی بیرسازی و دابینكاری و پێكانی ڕای بەسوودی تێدا كۆ بێتەوە و دادپەروەری و پاكی و دلێری و سیاسەتی تێدا بێت، ئەگەر سەردەمی ئاشتی و تەبایی بێت باش وایە وەزیر نەرم و خاوەن سوكنایی بێت، ئەگەریش سەردەمی ئاژاوە و جەنگ بوو، باش وایە وەزیر دلێر و بڕەر بێت.

 

لەو وەزیرانەی كە ڕۆشنبیری گشتی و چاك بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێكەوە هەبوون، یەحیای كوڕی هوبەیرەی وەزیری خەلیفە موقتەفی لیئەمریللا و موستەنجیدبیللایە كە زانیاریگەلێكی زۆر و تەواوی لەسەر دەوڵەتی عەبباسی كۆكردەوە و لە ناسینی كێشەكانیدا لێزانی و توانایەكی باشی هەبوو، ئەمە وایكرد بتوانێ چارەسەری كێشەكانی خیلافەتی عەبباسی بكات، لەوانەیش ڕزگاركردنی دەوڵەتی عەبباسی لە دەستڕۆیی سەلجوقیەكان

 

دووەم: سیفەتەكانی وەزیری سەلجوقی:

 

سوڵـتانە سەلجوقیەكان هەندێ سیفاتیان دەستنیشان كردووە كە دەبێ لە وەزیردا هەبن، لەو سیفەتانەیش:

 

1-خۆشویستنی زانست و زانایان:

دەبێ ڕێز و فەزڵ و گەورەیی بۆ زانست و زانایان هەبێ، جا وەزیر نیزامولمولك ئەبوعەلی حەسەنی كوڕی ئیسحاقی توسی ناسرا بوو بەوەی زانست و زانایانی خۆشدەویست، ئەمەیش بە ڕوونی لە بنیادنانی چەندین خوێندنگە دا ڕوون دەبێتەوە.

 

2-ڕا دروستی:

دەبێـت وەزیر سیفەتی ڕا دروستی هەبێت، جا وەزیر عەبدولمەلیك ئەبونەسر موحەمەدی كوڕی مەنسوری كەندری وەزیری سوڵـتان توغرولبەگ بە ڕا دروستی و هۆشمەندی ناسرا بوو.

 

3-دادپەروەری:

دەبێ وەزیر دادپەروەر بێت و لە ستەمكردن لە هاوڵاتیان دوور بێت جا وەزیر نیزامولمولك ئەبو عەلی حەسەنی كوڕی ئیسحاقی تووسی كەسێكی دادپەروەری بە ئینساف بوو، هاوڵاتیانی دەپاراست و پێی دەوترا: ئەگەر سەربازگەكەی بیدایە بە شوێنێكدا و خراپی بكردایە، قەرەبووی ئەو زیانەی بۆ خاوەنەكەی دەكردەوە.

 

لە ساڵی 533ك.یشدا وەزیر كەمالەدین موحەمەدی كوڕی عەلی خەزانی ڕازی گەیشتە وەزارەتی سولـَان مەسعوودو بۆ بڵاوكردنەوەی دادپەروەری و نەهێشتنی ستەم كاری دەكرد .

 

4-چاك بوون و فیقهزانی:

دەبێ وەزیر چاكەكار و فیقهناس بێت و گوێ لە فەرمودە بگرێت و قورئان بخوێنێت و زانایانی ئایین هان بدات، جا وەزیر نیزامولمولك ئەبو عەلی حەسەنی كوڕی ئیسحاقی توسی سەرقاڵی فەرموودە و فقه بوو، ئەو زانایانی ئایین و فیقهناسانی خۆشەویست و گرنگی دەدا بە پەیوەندی و هاتوچۆیان و ماڵ و سامانی بەسەردا دەبەخشین( )، هەروەك فەرموودەی دەبیست و لەسەر مەزهەبی فیقهی وەرگرت و قورئانی دەخوێند و سەرقاڵی زانست دەبوو.

 

5-زانینی دوو زمانی عەرەبی و فارسی:

دەبێ وەزیر ئەدیب و ڕەوانبێژ و نووسەرێكی سەركەوتوو و شاعیر بێت و بەباشی دوو زمانی عەرەبی و فارسی بەڕەوانی بزانێ، جا وەزیر موحەمەدی كوڕی مەنسوور عەمید ولمولكی كەندری وەزیری سوڵتان توغرولبەگ وەرگێڕێكی هەڵكەوت و لێهاتوو بوو، نوسەرێكیش بوو كە بە ڕەوانی فارسی و عەرەبی كۆدەكردەوە، ئەدیب و شاعیرێكی سەركەوتوویش بوو، لە شیعرەكانی دا دەلێێت:

 

إذا كان بالناس مزاحمتی فالموت قد وسع الدنیا علی الناس

 

قضیت والشامت المغرور یتبعنی إن المنیة كأس كلنا حاسی.

 

6-لێهاتوویی:

هەر دەبێ وەزیر سیفەتی لێهاتوویی تێدا بێت، جا وەزیر سەعدولمولك ئەبی لمەحاسن سەعدی كوڕی موحەمەدی ئابی كە وەزیری سوڵتان موحەمەدی كوڕی مەلیكشاە بوو، بە ڕا دروستی و هۆشمەندی و لێهاتوویی باڵا ناسرا بوو، ئەو وەزیرە توانی سەربازان لەسەر گوێڕایەڵی سوڵتانی كۆ بكاتەوە بەوەیش توانی ناكۆكی و ئاژاوەكانی ناو دەوڵەتی سەلجوقی نەهێڵێت.

 

7-ڕێك و پێككردنی وڵات و سوپاكان:

دەبێ وەزیر تایبەتمەندی چاك ڕێكخستنی وڵات و سوپاكانی هەبێت، جا وەزیر نیزامولمولك ئەبو عەلی حەسەن توسی شارەزایی كاروباری وڵات بوو و بە سەركەوتوویی ڕێكو پێكی دەكرد، گرنگیشی بە كاروبار و بەشبەش كردنی سوپا دەدا و وڵاتی دەپاراست، جا كاتێ مەلیكشاە لە جەنگی دژ بە قاوردی مامی گەڕایەوە، سەربازان كەوتنە ڕێ كە ڕێككردن لەگەڵا سوڵتان و وتیان: ئێمە ئەو فەتحكردنەمان بەدی هێنا و سەركەوتین و سوپایەكی بێشومارمان شكست پێدادا، بۆیە دەمانەوێ ڕۆزیمان زیاد بكرێت، ئەگەر ڕۆزی و پشكمان زیاد نەكرێت، ئێمە بانگەوازی گەڕاندنەوەی قاورد دەكەین، بەڵام وەزیر نیزامولمولك ئەبو عەلی توسی توانی تووڕەیی سەربازان سەركوت بكات و هۆگری گوێڕایەڵ بوونی سوڵتانیان توند و تۆڵ بكاتەوە.

 

8-نەبەردی و خۆڕاگری:

لێرەدا هەندێ سیفەت هەن كە دەبێ لە وەزیری سەلجوقیدا هەبن، وەك: نەبەردی و خۆڕاگری، جا وەزیر عەمیدولمولك ئەبو نەسر موحەمەدی كوڕی مەنسوری كەندری بە نەبەردی و بەڕێزی و بەخشندەیی ناسرا بوو، ئەبوو عەلی حەسەنی توسی بەوە ناسرا بوو كە سەقامگیر و خۆڕاگرە، بە تایبەت لەو تەنگژانەی كە دەوڵەتی سەلجوقی پێیدا تێپەڕی و ئەو تەنگژانەی كە تووشی خودی وەزیر بوون، ئەو نەبەرد بوو، وەزیر نیزامولمولكیش لەلای خەڵك خۆشەویست بوو و لە دەوڵەتی سوڵتان مەلیكشاهدا ڕێز و قەڵەمڕەوی زۆری هەبوو.

 

ئەوەی شیاوی باسە ئەوەیە كە سوڵتانە سەلجوقیەكە كان سووربوون لەسەر ئەوەی ئەم سیفەتانە لە وەزیردا هەبن، چونكە زۆربەی وەزیرەكانیان و كۆمەڵێ سیفەتیان دەست نیشان كردووە كە دەبێ لە وەزیردا هەبن، چونكە زۆربەی سوڵتانە سەلجوقیەكان زانست و مەعریفە و زمان و فیقهو سروشتی دامەزراوە كارگێڕیەكان و چۆنیەتی كارگێڕی كاروباری وڵاتیان نەدەزانی، بۆیە ئەو ئەركانەیان بە وەزیرەكانیان دەسپارد تا ئەركە سیاسی و كارگێڕی و داراییەكان بەڕێوە ببەن، لە كاتێكدا كاروباری سوپا و جەنگ لە دەستی سوڵتانەكاندا دەمایەوە، چونكە ئەوان بە سروشتی خۆیان پیاوی جەنگ بوون، لەگەڵ ئەوەیشدا سوڵتانە سەلجوقیەكان هەندێ وەزیریان هەڵدەبژارد كە سیفەتی وەزیری باشیان تێدا نەبوو، بەڵكوو پاڵنەری هەڵبژاردنیان ئەوە بوو كە سوڵتانەكان ماڵ و سامانیان پێ دەست دەكەوت، بە پێی ئەو باروودۆخە سەختەی كە لە نێوان خێزانی سەلجوقیدا بەڕێوە دەچوو، كورسی دەسەلاتی سوڵتانی دەگۆڕدرا.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …