Home / مێژووی ئیسلام / عومەری كوڕی عبدولعەزیز(99-101ك)

عومەری كوڕی عبدولعەزیز(99-101ك)

عومەری كوڕی عبدولعەزیز(99-101ك)

نووسنی: پرۆفیسۆر دكتۆر عبدالشافی محمحد عبداللطیف

وەرگێڕانی : نهاد جلال حبیب الله

عومەری كوڕی عەبدولعەزیزی كوڕی مەڕوانی كوڕی حەكەمی كوڕی ئەبولعاصی كوڕی ئومەییەیە، دایكی ئوم عاصمی كچی عاصمی كوڕی عومەری خەتتابە، لە مەدینە منەوەرە

Mezhw5

لەدایك بووە، ڕاجیاوازی هەیە لەسەر ساڵی لەدایك بوونی(59ك،61ك،62ك)(1) ، زەهەبی چەند سیفەتێكی بەرز و شكۆداری دێنێت كە بەلًَگەیە لەسەر ئاستی سەرسام بوونی پێی، دەڵێت: پێشەوای فەرموودەناس و زانانی موجتەهید دنیا نەویست خواپەرست سەید و گەورە ئەمیری باوەڕداران بە مانای تەواوی خۆی، ئەبو حەفسی ئومەوی پاشان مەدەنی پاشان میسر خەلیفەی دنیا نەویستی ڕاشید گەورەی ئومەویەكان) (2) ، ئەمیری باوەڕداران عومەر نموونەی ناو خیلافەتی ئومەوی و بەڵكوو خیلافەتی ئیسلامیش بوو و یەكێكە لەوانەی كە ئیسلام و موسڵمانان شانازیان پێوە دەكەن، بەڵكوو یەكێكە لەوانەی مرۆڤایەتی لەهەموو سەردەمێكدا شانازی پێوە دەكات، ئەو ئەستێرە درەوشاوەی ئاڵای حەق و ڕاستی لە نێو خەڵكدا بەرز كردەوە و هیوای دادپەروەری و ڕەحمەت و میهر و چاكە و ژیانی خۆشی و شادی مرۆڤایەتی لە دەروونی مرۆڤەكاندا نوێ كردەوە.

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە مەدینە گەورە بوون ئەمەش لەسەر خواستی داوای باوكی كە پاش لەدایك بوونی ئەم كوڕەی -بە كەمێك-بوو بە والی میصر و لەوێ‌ مایەوە تا (65-85)ك، لەوێ‌ والی بوو و لە ساڵی(85ك) دا مرد، بەڵام عومەری لە مەدینەدا هێشتەوە،(3) تا لەنێو خاڵوانیدا-نەوەكانی فاروقی عومەری كوڕی خەتتاب- گەورەبێت و زانست لە زانایانی مەدینە وەربگرێت و ڕەوشتی ئەوان وەربگرێت.

چونكە ئەوكات زانست و فیقه و فەرموودە و لەخواترسی و نەرمونایانی و چاكە لە ئایینیدا ڕازابوویەوە، بێگومان عومەریش تەواو كەوتبوویە بەر كاریگەری ئەو پەروەردە و سروشتە چاكەیە، فەرموودەی لە زۆر هاوەڵ و تابعیەوە گێڕاوەتەوە، لە ئەنەسی كوڕی مالیك و عەبدوڵای كوڕی جەعفەری كوڕی ئەبوتالیب و سائیبی كوڕی یەزید و سەهلی كوڕی سەعد و یوسفی كوڕی عەبدوڵڵای كوڕی سەلام و سەعیدی كوڕی موسەیب و عروەی كوڕی زوبەیر و ئەبو سەلەمەی كوڕی عەبدوڕەحمان و قاسمی كوڕی موحەممەدی كوڕی ئەبوبەكر و سالمی كوڕی مەسعودەوە فەرموودەی گێڕاوەتەوە. (4)

عومەر فیقهناس و موجتەهید و تابعیەكی گەورە بوو، بەڵگەی لای زانایان بوو، ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەل دەڵێت(قسەی هیچ تابعیەك نابینم بەڵگە بێت جگە لەقسەی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز). (5)

زۆرێك لە هاوەڵانیش فەرموودەیان لێ گێڕاوەتەوە، لەوانە: ئەبوبەكری كوڕی حەزم و ڕەجائی كوڕی حەیوە و ئیبنولمونكەدیر و زوهری و عەبنەسەی كوڕی سەعید و ئەیوبی سوختیانی وعەبدولعەزیزی كوڕی زەبانی برای و چەندینی دیكەیش، لەبەرئەوەش كە فیقه و ئیجتیهاد و چاكەی زۆبوو مامۆستاكانی فەرموودەیان لێوەردەگرت، ئەبو سەلەمەی كوڕی عەبدوڕەحمان كە مامۆستای بووە فەرموودەی لێ دەگێڕێتەوە، وەك لەبارەیەوە وتراوە (مامۆستای زانایانە) لە مەیمونی كوڕی میهرانەوە دەگێرنەوە كە وتویەتی (كاتێك چووین بۆلای عومەری كوڕی عەبدولعەزیز وامان زانی پێویستی پێمانە، بەڵام هێندەمان بینی بووین بە خوێندكاری) (6) عومەر لە مەدینە تا ساڵی مردنی باوكی لە ساڵی(85ك) مایەوە، ئینجا عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕوانی مامی بردی بۆ دیمەشق و لەگەڵا كوڕەكانی خۆیدا داینا و فاتیمەی كچی خۆی پێدا، (7) پاشان كردی بەوالی میرنشینێكی بچووكی شام كە ئەویش میرنشینی ناوچەی (خناصرە) ی سەر بە حەلەب بوو، عەبدولمەلیك بەوە دەیویست دەرفەتی پێبدات تا لەسەر كارگێڕی و هونەری فەرمانڕەوایی ڕایبهێنێت، بەردەوام والی بوو تا عەبدولمەلیكی مامی لەساڵی(86)دا مرد.

عومەری كوڕی عەبدولعەزیز والی مەدینەیە

كاتێك وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیك دوای باوكی لەساڵی(86ك) خیلافەتی گرتە دەست، بەرامبەر بە ئامۆزاكەی چاكەی دەنواند و

 

3wmar3

 

وەك باوكی هەڵسوكەوتی لەگەڵا دەكرد ولەساڵی (78)دا كردی بە والی مەدینە،(8)دیاریكردنی عومەر بەوالی مەدینە بەڵگەیە لەسەرئەوەی وەلید حەزی كردووە لەنێویاندا دادپەروەری و چاكە بڵاو بكاتەوە و چاكەیان لەڕوودا بنوێنێت، چونكە هیشامی كوڕی ئیسماعیلی مەخزوومی والی مەدینە لەپێش عومەر لەگەڵیاندا خراپەی زۆری نوادند بوو، وەلید ویستی بەكەسێك قەرەبوویان بۆ بكاتەوە كە بە یەكێك لەخۆیان سەیریان دەكرد، بێگومان خەڵكی مەدینە بە بوون بەوالی عومەر دڵخۆش بوون، ئەویش لەیەكەم كەسایەتیەوە حەزی خۆی بۆ دادپەروەری نیشاندا و دە كەس لە كەسە چاكەكانی كۆكردەوە كە مامۆستا و هاوڕێكانی بوون كردنی بە یاریدەدەی و ڕاوێژكاری خۆی، زەهەبی دەڵێت:(كاتێك عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بوو بەوالی مەدینە، نوێژی نیوەڕۆی كرد و دە كەسی بانگكرد(عروە و عوبەیدوڵڵا و سولەیمانی كوڕی یەسار و قاسم سالم و خارجە و ئەبوبەكری كوڕی عەبدوڕەحمان و ئەبوبەكری كوڕی سولەیمانی كوڕی ئەبو حەثمه و عەبدوڵڵای كوڕی عامری كوڕی ڕەبیعە)، سوپاس و ستایشی خوای كرد و پاشان وتی(من بۆ شتێك بانگم كردوون كە پاداشتی لەسەر وەردەگرن و لەسەری دەبنە پشتیوانی حەق، نامەوێت بەبێ ئێوە هیچ بڕیارێك بدەم یان تەنها ڕای یەكێك لە ئێوە بێت، ئەگەر بینیتان یەكێك لادەدات و دەستدرێژی دەكات یان كاربەدەستێكی ستەمكارتان بینی، لەبەردەم خوادا بەرپرسیای دەكەم كە ئەوەم پێبگەیەنێت، ئەوانیش وتیان خوا پاداشتی چاكەت بداتەوە، ئینجا چوون و بڵاوەیان لێكرد), (9).

عومەر نزیكەی شەش ساڵ والی مەدینە بوو و تیایدا جێی ڕەزامەندی خەڵكەكە بوو، لەكاتی والیەتی خۆیدا چەند جارێك والیەتی بەڕێوەبرد، هەروەك بنیادی مزگەوتی پێغەمبەری(صلى الله عليه وسلم) لەسەر فەرمانی خەلیفە وەلیدی كوڕی عەبدولمەلیك نوێ كردەوە، عومەر ماوەی والی بوونی خۆی لە مەدینە بە خۆشترین ڕۆژەكانی ژیانی دەزانێت، لەو ڕۆژانەدا تەنها ڕوداوەی خوبەیبی كوڕی عەبدوڵای كوڕی زوبویر هەبوو، وەلید نامەی بۆ عومەر نووسی تا لە خوبەیب بدات، ئەویش لەسەر داوای خەلیفە جێبەجێیكرد، لەو ئەنجامەدا خوبەیب مرد، ئەو ڕووداوە دەروونی عومەری هەژاندو بە درێژایی ژیانی بە پەشیمانی و ترسەوە دەیگێڕایەوە، ئەگەریش بیبیستایە كەسێك وەسفی دەكات دەیوت، ئەی بۆ خوبەیب چی بكەم؟(10)

لەساڵی 93ك دا وەلید لەسەر داوای حەججاجی كوڕی یوسفی سەقەفی والی عێراق عومەری لەسەر مەدینە لابرد، چونكە حەججاج سكاڵای لای وەلید كرد كە سەركەشانی ناو عێراق پەنا دەبەن بۆ عومەرو بە پەناگە و پارێزگەی خۆیانی دەزانن. (11)

دەڵێن چونكە ڕازی نەبووە وەلید سولەیمانی برای لە جێگرایەتی لاببات و عەبدولعەزیزی كورٍی دابنێت، بە وەلیدی وت: سولەیمان بەیعەتی لە گەردنمدایە، لابردنی لەسەر مەدینە كاریگەری خۆی هەبوو لەسەر دەروونی و بەوە بێًزار و دڵتەنگ بوو، ئەو دەترسا یەكێك بێت لەوانەی مەدینە دەری كردوون،(12) گەڕایەوە بۆ شام و لەماوەی خیلافەتی وەلیددا بەڕەسمی ئیشی نەگرتە دەست، كاتێك وەلید مرد و سولەیمانی كوڕی عەبدولمەلیك (96-99ك) خیلافەتی وەرگرت، عومەر بوو بە نزیكترین كەسی و گەورە نزیك و ئامۆژگاریكەر و ڕاوێژكاری و بەدرێژایی خیلافەتی هاودەمی بوو.

 

عومەری كوڕی عەبدولعەزیزو خیلافەت

زانیمان سولەیمان كارە چاكەكانی خۆی تەواو كرد بەوەی عومەری كورٍی عەبدولعەزیزی كرد بە خەلیفە، چونكە زانی چاكە و لە خواترسی و حەزی دادپەروەری تیایە، لە ڕاستیدا عومەر خۆی حەزی بە خیلافەت نەبوو،(13) بەڵكوو دەیزانی بارێكی قورس و بەرپرسیارێتیەكی سەختە و دەترسا كەمتەرخەمی تیا بنوێنێت.3wmar2

سالمی سدی كەكەسی تایبەتی بوو پاش ئەوەی خیلافەتی وەرگرت چوویە لای، عومەر پێی وت: پێت خۆشە بووم بە خەلیفە یان پێت خۆش نیە؟ وتی: بۆ خەڵك پێم خۆشە و بۆ تۆش حەزناكەم، وتی: دەترسم ستەمم لە خۆم كردبێت، وتی: ئەگەر بترسی زۆر باشە، من دەترسام نەترسیت، وتی: ئامۆژگاریم بكە، وتی: باوكە ئادەممان بەیەك تاوان لە بەهەشت دەركرا. (14)

خیلافەتی ئەو خاڵێكی گرنگی وەرچەرخانی بوو لە ژیانیدا لەلایەكەوە، لەلایەكی دیكەشەوە كاریگەریەكی گەورەی هەبوو لە مێژووی دەوڵەتی ئومەوی و هەموو مێژووی ئیسلامیشدا، كاریگەری لەسەر ژیانی خودی عومەر ئەوەبوو كە دووسەردەمی جیاكردەوە، قۆناغی بەرگی نەرم و خواردنی خۆش و كەشخەیی لە ڕۆیشتندا بە جۆرێك ڕۆیشتنەكەی ناسار و بوو بە عومەری، ئەگەر بە كۆڵانێكدا تێپەڕ بوایە بۆنی میسك كۆڵانەكەی دەگرتەوە، هەروەك گرنگی زۆری دەدا بە شانە كردنی قژی و خۆڕازاندنەوەی. (15)بەڵام قۆناغی ژیانی دووەم لە خیلافەتدا تایبەتمەندی دنیا نەویستی و دوور لە خۆشی و ڕازاوەیی ژیانی و سەرفكردنی هەستی قوڵی خۆی بەبەرپرسیارێتی خۆشگوزەرانی جارانی پێش خیلافەتی لە خۆدەگرت تا ئەوەی بەرامبەر بەخۆی قەرەبووی بكاتەوە، بۆ ئەمەش ئامادەنەبوو پاش بەیعەت وەرگرتنی كاروان و كەژاوەی خیلافەت وەربگرێت لەبەرەوەی شكۆی لە خۆدەگرت، پارەكەشی خستە ناو بەیتولمالەوە). (16)

سەرچاوەكان چەندین نموونەی دنیا نەویستی خۆی دەگێڕنەوە تا ئەوەی لە چەند لایەنێكدا كەسایەتی عومەری كوڕی عەدبولعەزیز خەلیفەی زاهید لای موسڵمانان گەیشتە ئەوپەڕ و جێی سەرسوڕمانیان بوو، چونكە پێدەچێت زوهد تایبەت بێت بەوەوە، بەڵام بۆ موسڵمانان و مێژوو بەرنامەی دەسەڵات و شێوەلای كارگێڕی بوو، وەك دوایی بڕێكی دەخەینە ڕوو، سەبارەت بە كاریگەری خیلافەتی عومەری كورٍی عەبدولعزیز لە مێژووی ئیسلامیدا با لەوەدا پوختی بكەینەوە كەبەڵگەی درەوشاوەی لەسەر ئەوە پێشكەش كرد كە ئەگەر ویستی فەرمانڕەوای موسلًَمانان دروست بێت و هەست بەبەرپرسیارێتی ئوممەت لەبەردەم خوادا بكات، دەتوانین لار و لەوێریەكانی ئوممەت ڕێك بكاتەوە و لادەران بەرەو ڕێی ڕاست بگێڕێتەوە، بێگومان هەندێك خەلیفەی ئومەوی و چەندین سەركردە حەزیان لە ژیانی خۆشگوزەرانی بوو گرنگییان بە كۆشك و ڕازاندنەوەی كۆشك دەدا، پێدەچێت نەگەیشتبنە ئاستی حەرام، وەك عومەری كوڕی خەتتاب موعاویەی لەوپەڕی شان و شكۆ و ڕازاوەیی بینی و ڕێگری لێنەكرد، ئەگەر حەرام بوایە عومەر ڕێگەی پێنەدەدا، بەڵام عومەڕی كوڕی عەبدولعەزیز بەوە دەیویست لەبەردەم ئەو ڕەوتەی تاودانە خۆشیەكانی ژیاندا بوەستێت، چونكە دەترسا بەسەر جموجۆڵ و زیندوێتی ئوممەتدت زاڵ بێت، ئەمەش گەورەترین مەترسیە بۆ گەلان، چونكە پیاو لەكاری گورجوگۆڵ و گرنگ سارد دەكاتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو كەسانە بەرپرسیارێتی دەوڵەت وكارگێڕی كارووباریان لەئەستۆدا بێتـ شاراوەش نیە ئەوەی عومەر لێی دەترسا دواتر ڕوویدا و گرنگیدانی خەلیفە ئومەویەكانی دواتر بە ژیانی خۆشگوزەرانی زیاتر لە گرنگیدانیان بە كارووباری دەوڵەت زیاتر بوو، و ئەركەكەیان بۆ والی و كاربەدەستەكان بە جێهێشت، ئەمە گرنگترین هۆكاری نەمانی دەوڵەتەكەیان بوون. (17)

 

سیاسەتی ناوخۆیی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز

سیاسەتی ناوخۆیی عومەر بە گرنگترین لایەنی خیلافەتەكەی دادەنرێتـ لەگەڵ ئەوەشدا ئەو لایەنە تا ئێستایش گرنگییەگی زۆری پێنەدراوە تا ئەو ڕێباز و بەرنامەی ڕوون بكاتەوە و لایەنەكانی بخاتە بەرچاو بەتەواوەتی و جوانی لەڕووی بەرنامە و بابەتەوە وێنەی نیشان بدات، پێدەچێت هۆكاری ئەوەش سەرقاڵبوونی خەڵك بێت بەو سیفەتە دیارانەی دادپەروەری و دنیا نەویستی و لە خواترسی كە خەلیفە هەیبوو.

لێرەدا لە هەموو لایەكەوە باسی ئەو لایەنە ناكەین، بەڵام تیشك دەخەینە سەر چەند لایەنێكی بەڵكوو لێكۆڵەران و كەسانی دیاری مێژوو لای بەلادا بكەنەوە. (18)

عومەر كەسێكی كارگێڕی كارا بوو، ئەمەش نامۆ نیە، چونكە لەو كاتەوەی بوو بە والی(خناصرە) و مەدینە ئەزموونی كارگێڕی وەرگرت، پاشا ئەزمونی بەرەو پێش چوو پاش ئەوەی بوو بە نزیكترین كەسی سولەیمان لە ماوەی خیلافەتدا..لە نزیكەوە ئاگادری ڕووداوەكان بوو كارووباری دەوڵەتی بەڕێوە برد و جڵەوی دەسەڵاتی بەڕێوە دەبرد، كاتێك خیلافەتی وەرگرت هەموو هەوڵی خۆی خستە گەڕ و ماوەی دواتری تەمەنی بۆ چاككردنی كارووباری دەوڵەت و سەقامگیری ئاسایش و خۆشگوزەرانی لەبەشەكانی وڵاتدا خستە كار بەڵكوو دادپەروەری و لێهاتویی لە هەموو بەشەكانیدا بەدی بهێنێت بۆ ئەمەش بەرنامەیەكی گرتەبەر، دیارترین مەشخەلًەكانیشی بریتی بوون لە : سوور بوون لەسەر سامانی موسڵمانان و پاراستنی كات و هەوڵ و خێرایی بەڕێوەبردنی كارەكان و دووركەوتنەوە لە بیرۆكراتی و بە چاكە هەڵبژاردنی دادوەر و والی و كارمەندەكان و لابردنی جێدەستی هەر كارێكی پێچەوانەی گیانی ئیسلامەتی و بەدیهێنانی هاوسەنگی نێوان خەڵك و بە چاكە نواندی دەرچووان لەدەسەڵاتی دەوڵەت تا ڕازی بكرێن و بێنە سەر بار و بگەڕێنەوە بۆ ناو كۆمەڵ، هەروەك مۆركی ئەو ڕێباز و بەرنامەیش دادپەروەری و ویژدان و سۆز و چاكەكاری بوو.

عومەر بەهای سامان و كاتی دەزانی، لەكاتێدا موسلًمانانی ئەمڕۆ بە بێ سوود وەرگرتن بەسەری دەبەن و بەدەست دواكەوتوییەكەوە دەناڵێنن كە هەموویانی گرتووەتەوە، بەڵام عومەری فیقهناس دەیزانی ڕێكخستنی سامان و ڕێزگرتنی كات گرنگترین شتێكە كە ئیسلام جەختی لێدەكاتەوە تا ئوممەتی ئیلامی بەرەو پێش بچێت و هەنگاوی خۆی بنێت، بزانە عومەر كاتێك نامەیەكی ئەبوبەكری كوڕی حازمی والی مەدینەی بۆ هات چی دەڵێت، ئیبن حەزم داوای پەڕەیەكی دەكرد تا تیایدا كارووباری ویلایەتی بۆ بنووسێت، لەوەڵامدا خەلیفە وتی:(پێنوسەكانت جوان بگرە و نێوانی دێڕەكانت كەمكەرەوە، چونكە پێم ناخۆشە بەبێ هودە پارە و سامانی موسڵمانان خەرج بكەم) (19) جا بزانە تا چ ئاستێك سوور بووە لەسەر سامان و كات و هەوڵ تا فەرمان بە والیەكان دەكات نێوان دێڕەكانی كەم بكاتەوە و قسەكانی پوخت بكاتەوە تا كات و سامانیشی بۆ بگەڕێتەوە، پێدەچێت ئەمە بۆ هەندێ كەس سادە بێت، بەڵام بەڵگەیەكی گەورەیە لەسەر هۆش و تێگەیشتنی فەرمانڕەوای موسڵمانان بۆ بەهای سامان و كات كە بنەڕەتەكانی ژیانن.

عومەر لەسەر كات زۆر سوور بوو، ئەو ئیشی ئەمڕۆی نەدەخستە سبەی، ڕۆژەكانی هەمووی كاركردن بوو، كاتێك هەندێ لە دەوربەرەكەی هەستیان كرد لە تاو كاری زۆردا دیمەنی ماندوێتی پێوە دیارە یەكێكیان پێی وت( ئەی ئەمیری باوەڕداران ئەگەر كەنارت بگرتایە و كەمێك بحەسایتەوە باش بوو)، ئەویش وەڵامی دانەوە: ئەی كێ پاداشتی كاری ئەو ڕۆژەم دەداتەوە؟ وتی: بەیانی قەرەبووی دەكەیتەوە، عومەر وتی: ئیشی ڕۆژێكم لەسەر سەختە چ جای ئەوەی ئیشی دووڕۆژم لەسەر كۆبێتەوە؟!).(20)

هەروەك كاری دەكرد تا خێرا كارەكان بەڕێوە بچن و فشاری لەسەر كاربەدەستێك دادەنا بەچاكی ئیشی نەكردایە یان ئەوەی ئەمڕٍۆ پێی دەڵێن بیرۆقراتی كە دەبێت هەموو سەركردە گەورە بچووكەكانمان لەبەر چاو بێت، عومەر نامەی نووسی بۆ والی مەدینە(دەهەزار دینار بەناو كوڕانی عەلی كوڕی ئەبو تاڵیبدا دابەش بكە، ئەگەر بنووسم بەرخێك سەرببڕی دەنووسیت سپی یان ڕەش؟ ئەگەر ئەم نامەت گەیشتە دەست لەنەوەی فاتیمە(رەزای حوای لێبێت)دەهەزار دیناریان بەسەر دا ببەخشە، چونكە دەمێكە مافیاتن دەخورێت). (21) عومەر بە كاری هەندێ كاربەدەستی ئومەوی ناڕازی بوو حەزی نەدەكرد بەو جۆرە كارووباری دەوڵەت ببەن بەڕێوە، پێی وابوو لە دڵڕەقی و خۆسەپێنی لایانداوە، پێشتریش وتمان كاری كردە سەر سولەیمانی كوڕی عەبدولمەلیك و توانای پاشماوەی خوێندكارانی حەججاج و كوڕانی خوێندنگەكەی لە گارگێڕیدا نەهێڵێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا لە كارگێڕی دەوڵەتدا كەسانێك مابوون لەگەڵ ڕێبازی عومەردا جیاواز بوون، وەك یەزیدی كوڕی موهلەب و كەسوكاری كە عومەر لە بارەیانەوە دەڵێت:(ئەوانە خۆسەپێنن و كەسانی وام ناوێت) بەڵام ئەوانە پیاوانی سولەیمان بوون و هێشتنیەوە، كاتێك عومەر خەلیفەتی گرتە دەست بڕیاریدا هەر والیەك كە پێی ئاسودە ودڵنیا نیە لایببات، بۆیە یەزیدی كوڕی موهەلەب(22)و هاوشێوەكانی لابرد و چاكترین كەسانی هەڵبژاردو داینان، (لە خستنە ڕووی ناوی والی و دادوەر و ئەوكارمەندانەی عومەڕی كوڕی عەبدولعەزیز هەڵیبژاردوون بە ڕوونی دەردەكەوێت كە سور بووە لەسەر پشت بەستن بەوانەی كە زیاترین لێهاتویی و باوەڕ و زانستیان هەبووە و لای جەماوەری موسڵمانان زیاتر جێی ڕەزامەندی بوون).(23).

عومەر بەوەوە نەدەوەستا، بەڵكوو بەردەوام پرسیار و چاودێری بەسەریانەوە هەبوو و ئەو ڕێبازەی بۆ دەنووسین كە دەبوو پەیڕەوی بكەن تا لەنێو خەڵكدا دادپەروەری بچەسپێنن، نامەی نووسی بۆ والی كوفە عەبدولحەمیدی كوڕی عەبدوڕەحمانی كوڕی زەیدی كوڕی خەتتاب(سەلامت لێ بێت، پاشان: خەڵكی كوفەش لەدەست حوكمی خواش (بەحەق) و هەنگاوێكی پیسیش كە كاربەدەستانی خراپ لەسەریان دانابوون دووچاری سەختی و ستەمی زۆر بوون، بەهێزی و ڕیشەی ئایین دادپەروەری و چاكەیە، بۆیە هیچ شتێك لە خۆت گرنگتر نەبێت لات چونكە تاوان كەمی نیە و هەمو تاوانێك زۆرە، خراپە بەسەر بنیادوبەسەر كاولی و خراپەدا مەدە، بڕوانە بۆ خراپە و چەندە كردار وەربگرە، هەوڵ بدە چاكەبكە تا بنیاد بنرێیت، لەكەسی بنیاد نەریش تەنها بە نەرمی و سوكنایی خەڵكی ئەوێ‌ پیشەی خەراج دابنێ، هەركەسیش موسڵمان بووە خەراجی لەسەر نیە، لەمەدا ئەم فەرمانەم بگرەبەر، چونكە من لەوەدا كارێكم پێ سپاردویت كە خوا پێی سپاردوم، بەرامبەر هیچ كەسی دیكەش هیچ مەكە تا پیًَم بڵێیت، بشزانە كێ ماڵ و مناڵی هەیەو دەیەوێت حەج بكات، دووبارەی سەلام) (24)

بەو جۆرە عومەر هەوڵیدا هەموو شوێنەوار و جێدەستێكی پێشوو لەناو ببات كە لێی ڕازی نەبوو یان پێی وابوو لەگەڵ گیانی ئیسلامیدا ناگونجێت، لەبەر ئەوەش خۆی یەكێك بوو لە ئەمیرەكانی ئومەویەكان بۆیە دیاری وخەڵاتی زۆری بۆ دەهات، خۆیشی دەیزانی ئەمانە مافی ئەو نین، بۆیە لە خۆیەوە دستی پێكردو گێڕایەوە بۆ بەیتولمال، هەر كەسی بدیبا سامانێكی هەیەو بە بێهەقی خۆی وەری گرتووە لێی وەردەگرتەوە و دەیبردەوە بۆ بەیتولمال و قسەو سكاڵای كەس لەوبوارەدا دادی نەدەدا، ئەو سكاڵای فاتیمەی پوری وەرنەگرت كاتێك هەندێ كەس داوایان لێكردتا لای عومەری كوڕی عەبدولعەزیز سكاڵایان بۆ بكات. (25)

شوێنەوارێكی دیكەی خراپ كە عومەر سووربوو لەسەر لابردنی وەرگرتنی سەرانە بوو لەوانەی تازە موسڵمان ببوون، چونكە هەندێ كاربەدەستی ئومەوی كاتێك بەهۆی جەنگ و شۆڕشەوە سامانیان پێ نەدەما سەرانەیان لەسەر ئەوانەش دەهێشتەوە كە تازە موسڵمان ببوون لە وڵاتە فەتح كراوەكاندا، بۆ ئەمەش دەیانوت ئەوانە بەڕاستێ‌ موسڵمان نەبوون و لێبووردن لەسەرانەیان زیانە بۆ بەیتولمال، بەمە بیدعەیەكیان داهێنا و هەركەس موسڵمان بوایە دەیانپشكنی بزانن خەتەنە كراوە، بەڵام عومەر لەوە بێداری كردنەوە ونامەیەكی بۆ نووسی بۆ جراجی كوڕی عەبدوڵڵای حیكەمی والی خوراسان(بڕوانە هەركەس لە پێشتەوە بەرەو ڕووگە (قیبلە) نوێژی كرد سەرانەی لەسەر لابە)، بەوە خەڵكی بە لێشاو بەرەو ئیسلام هاتن، بە جراح وترا: خەڵكی كە بەرەو ئیسلام دێن لەدەست سەرانە ڕادەكەن، بۆیە بە خەتەنە تاقییان بكەرەوە، جراحیش نامەی بۆ عومە نووسی و پێی وت:عومەریش نامەی بۆ نووسی:خوا موحەممەد(صلى الله عليه وسلم)ی نارد تا بانگخوازبێت نەوەك بۆ خەتەنە،(26) بۆیە جراحی لەسەر خوراسان لابرد و عەبدوڕەحمانی كوڕی نەعیمی قوشەیری دانا، پاشان عوقبەی كوڕی زەرعەی تائی لەسەرخەراج دانا و بۆی نووسی(سوڵتان چەند پایەیەكی هەن كە بەبێ ئەوانە ناچەسپێن، والی پایەیەكە، دادوەر و خەزنەدار هەركام پایەیەكن، منیش پایەی چوارەمم، هیچ سنورێكی موسڵمانانیشم لا گرنگر و گەورەتر نییە لە خوراسان، بۆیە وریای خەراج بەو بەبێ ستەم پەیڕەوی بكە، ئەگەر بەخشی خۆیان بەشی كرد باشە، ئەگەر نا نامەم بۆ بنووسە تا پارەت بۆ بنێرم، و بەشی موچە و بەخششیان بكات). (27)

سامان و پارە گرنگە، بەڵام لای خەلیفە عومەر دادپەروەری گرنگتر بوو، چونكە پارە كۆكردنەوە لای ئەو پێناو بوو نەوەك ئامانج، پێدەچێت سەخت بێت چاكسازیە دارایی وكارگێڕیەكانی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بێنێتە پێش چاو، بەڵام هێندە بەسە بەكورتی بڵێین: سیایەتی دارایی ئەو هەژاری نەهێشت و هاوسەنگی نێوان خەڵكی بەدی هێنا، تا ئەوەی كەس پێویستی بەخێر و صەدەقە نەما، زەهەبی لە عەبدوڕەحمانی كوڕی یەزیدەوە لە عومەری كوڕی ئوسەیدەوە دەگێڕێتەوە كە دەڵێت(سوێند بە خوا عومەری كوڕی عەبدولعەزیز نەمرد تا كەسێك پارەیەكی زۆری بۆ دەهێنان و دەیوت ئەمە ببەن و شتێكی پێبكەن، كەچی هەروا هەمووی بۆ دەگێڕایەوە، چونكە عومەر خەڵكی دەوڵەمەند كردبوو لەوە بێباكبوون) (28)

لەبەرئەوەی عومەر خۆی بەبەرپرسیاری بەردەم هەموو ئوممەت دەزانی، بۆیە كەسی پێش كەس نەدەخست، لەڕوانگەی ئەو تێڕوانینەوە دەیڕوانییە ئەو خەواریجانەش كە دژبە دەوڵەتی ئومەوی هەر لە سەرەتاوە لێنەویبوون و ململانێیان بەردەوام بوو، عومەر زانی پێدەچێت ئەوانە ڕۆژی دواییان بوێت، بەڵام بە هەڵە چووبن و لە مەیدانێكی دیكەدا هەوڵی بۆ بدەن، واتە لە بیاباندا قولاپ بۆ ماسی هەڵبدەن، بەوەش بە جەنگی ناوخۆ وزەی خۆیان و دەوڵەتیش لەناو دەبەن، بۆیە بە پێویستی زانی بەرچاو ڕوونی بەو هەڵەیان بدات، بۆئەمەیش داوای كرد پێكەوە دابنیشن و قسەی لەسەر بكەن، ئەوانیش ڕازیبوون و ڕێبەرەكەیان(شه وژەبی خارجی) دوو كەسی نارد بۆ لای تا بیدوێنن، عومەر دەستی كرد بە گفتوگۆ و پێی وتن:(من دەزانم ئێوە بۆ ویستی دنیا لاتان نەداوە، بەڵكوو بۆ ڕۆژی دوایی وا دەكەن، بەڵام بەهەڵە ڕێتان گرتووەتە بەر، من لەسەر چەند شتێك پرسیارتان لێبەكەم، سوێندتان دەدەم بە ڕاستی وەڵامم بدەنەوە) ئینجا پرسیاریان لێدەكرد و ئەوانیش وەڵامیان دەدایەوە تا ئەوەی بەڵگەكەی بەسەر هەموو مەسەلەیەكدا زاڵ بوو جگە لەیەك باس و خواس كە عومەر نەیتوانی بیانوی بۆ بهێنێتەوە، ئەویش ویلایەتی عەهدی بوو بۆ یەزیدی كوڕی عەبدولمەلیك، ئەویش داوای كرد مۆڵەتێكی بدەن تا بیر لێبكەنەوە، ئەوانیش ڕازی بوون، یەكێكیان وتی(تا ئێستا كەسێكم نەدیوە هێندەی تۆ بەڵگەی ڕوون و نزیك و بەهێزبێت، من شایەتی دەدەم كە تۆ لەسەر حەقیت و من بەدوورم لەوەی لە تۆ بەدوورە) لای عومەر هەستا و مایەوە ئامادە نەبوو بچێتەوە بۆلای خەواریجەكان، دووەمیش عومەر پرسیاری لێكرد: تۆ چی دەڵێیت؟ وتی: زۆر بە جوانی ڕونت كردەوە و وتت، بەڵام فەتوای شتێك لەسەر موسڵمانان نادەم تا قسەی تۆیان پێ بڵێم و بزانم بەڵگەیان چییە؟(29)

بەڵام ئەو مەسەلەیە بەبێ چارەسەر مایەوە، چونكە عومەر نەیدەتوانی یەزید لاببات لە ترسی ئەوەی ئاشوب ئومەویەكان نەگرێتەوە، هەروەك تەمەن ڕێی پێنەدا تا بزانین چی دەكات، چونكە كەمێك دوای ئەوە مرد، بەڵام ئەوەی ئێستا لامان گرنگە ئەوشێوازە نوێیە كە عومەر بەرامبەر بە خەواریجەكان بوویەوە و كاریگەرییەكی گەوەری هەبوو لەسەریان بەوەی لە دژیان شۆڕشیان نەكرد، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوانە سەریان لێ شێواو بوو و چارەسەریان دەویست، پێدەچێت پاش ئەوەی گورزیان بەركەوت ئامادەبوونایە بچنە ناو ئوممەتەوە ئەگەر دوای عەمەر كەسێكی دیكە بهاتایە بەهەمان شێوە هەڵوێستی بنواندایە، بەڵام كوا خیلافەتی وەك عومەر؟!

 

سیاسەتی دەرەكی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز

هەروەك عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لە سیاسەتی ناوخۆیدا سیاسەتی هەبوو نا لاساریەكان چاك بكاتەوە و هەوڵ بدات چی لادان دەبینێت چاكی بكاتەوە، ئایا لە لایەنی كارگێڕیەوە دەبێت یان دارایی یان …هتد، بەهەمان شێوەیش لە سیاسەتی دەرەكی دا هەڵوێستێكی هاوشێوەی هەبوو، ئەو وای دەبینی ڕووبەری دەوڵەت فراوان بووە و بەشەكانی زۆر و دوورن، پێدەچێت زۆر كێشە و هەڵە كە والی تێیكەوتوون لە ئەنجامی بەرفراوانی زۆری ڕووبەری دەوڵەتەوە بێت، چونكە هەر هەرێمێك یَِیشەیەكی نوێی بۆ دەوڵەت زیاد دەكرد، بۆیە بەباشی زانی فتوحات بوەستێنێت یان بەلایەنی كەمەوە سنورداری بكات، چونكە وەستان لە سنوری ئەو وڵات و هەرێمانەی فەتحكراون و كاركردن لەسەر چارەسەری كێشەكانیان و نیشاندانی ئیسلام وتیایاندا بەشێوەیەكی ورد و ژیرانە و پێشەنگیەكی چاك باشترە لەوەی درێژە بە فتوحات بدەن، بەڵكوو پێدەچوو دوای ئەوە پێویستی بە فتوحاتی نوێ نەبوایە، چونكە خەڵك خۆیان بەرەو ئیسلام دەهاتن، چونكە ئەوەی ئەوان دەیانویست لە ئیسلامدا بەدییان دەكرد لە هەردوو لایەنی و ماددی و ڕۆحیشەوە، بەوە كامەرانی دنیا و دواڕۆژیان بۆ دەهاتە دی و بزوتنەوەی ڕووكردنە ئیسلام لە وڵاتە فەتحكراوەكاندا لەسەردەمی ئەودا تەواو زیادی كرد، عومەر كەوتە ناردنی بانگخوازانی نێو گەورە زانایان تا خەڵك بانگبكەن بۆ ئیسلام(30)لە جیاتی ئەوەی سوپا بنێرێت بۆ فتوحات.3wmar1

هەروەك نامەی بۆ پاشاوسەركردەو هاوسەردەمەكان دەناردن بانگی دەكردن بۆ ئیسلام و گوێڕایەڵی لەبەرامبەر ئەوەی وڵاتەكەیان بۆ خۆیان بمێنێتەوەو ئەرك و مافی هەر موسڵمانێكی دیكەیان هەبێت، كاتێك نامەكەیان گەیشتە دەست و ژیان و دادپەروەری ئەویشیان بیستبوو ڕازیبوون و موسڵمان بوون و ناوی عەرەبیان لە خۆیان نا. (31)

هەروەك نامەی نارد بۆ ئیمپڕٍاتۆریەتی دەوڵەتی بێزەنتی وبانگی دەكرد بۆئیسلام، (32) پاش ئەوەی ترسی لە موسڵمانان لێنیشت، بۆیە فەرمانی كرد بە ناردنەوەی ئەوسوپایەی كە بەبێ وەستان لەسەردەمی سولەیمانی كوڕی عەبدولمەلیكەوە گەمارۆی قوستەنتینیەی دەدا.

كورتەی قسە ئەوەیە: عومەری كوڕی عەبدولعەزیز لەماوەی دووساڵ وچەند مانگێكدا توانی لەناوخۆدا چەندین چاكسازی بكات وڕێڕەوی دەوڵەتی ئیسلامی ڕێك بكاتەوە و جێی ڕەزامەندی و ڕێزی دوژمنانی سەرسەختی ئومەویش بێت وەك خەواریج و شیعەكان، لای زانایانی ئوممەتیش یەكێكە لە خەلیفە ڕاشیدینەكان و زانا ئیشكەرەكان. (33)

خەلیفە عومەر ناوبانگێكی پاك وجوانی هەبوو كە سنوری دەوڵەتی ئیسلامی تێپەڕاندبوو، سەرچاوەكان دەگێڕنەوە كاتێك ئەو وەفدەی عومەر ناردبووی بۆ لای ئیمپراتۆری ڕۆم تا بانگی بكات بۆ ئیسلام، هەواڵگرەكانی ئیمپڕاتۆر هەواڵی مەرگی عومەریان بۆ هێنا، ئەویش سەرۆكی وەفدەكەی بانگكرد، كاتێك هات ئیمپڕاتۆر پرسیاری لێكرد دەزانیت بۆچی ناردم بە شویًَنتا؟ وتی: وتم:نا، وتی:نوێنەرەكەم نامەی بۆ ناردووم كە پیاوی پاكە خوازی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز مرد، دەڵێت: منیش گریام و دەنگم بەرزبوویەوە، پێی وتم بۆچی دەگریت؟ بۆ خۆت یان بۆ ئەویان بۆ هاوئایینەكانت؟ وتم بۆ هەموویان، وتی:دەی باشە بۆ خۆت و هاوئایینەكانت بگری، بەڵام بۆ عومەر بۆی مەگری،چونكە خوا ترسی دنیا و دواڕۆژیشی بۆ دانانێت، پاشان وتی:(سەرم لەو راهیب و دنیا نەویستە سوڕدەمێنێت كە دونیای وەلانا، بەڵام چۆن دنیا ملكەچی بوو كەوتە دەستی كەچی وازی لێهێنا).

پاشان ئیمپڕاتۆر وتی( باسی چاكی و ڕاستگۆی ئەوی بۆ كردووم بە جۆرێك ئەگەر دوای عیسا كەسێكم مردووی زیندووبكردایەتەوە گومان دەبەم ئەو بێت، هەواڵی ئاشكرا و نهێنیم پێگەیشتووە، نابینم دوڕوو شێوەی لەگەڵ خۆی هەبێت، بەڵكوو ناخی بەهێزتر بوو كاتێك بە گوێڕایەڵی كردنی مەولای(خوای گەورە) چۆڵەوانی دەگرت). (34)

ئەمە شایەتی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمە بۆ خەلیفەی موسڵمانان، ئەبو حەفس ڕەحمەتی خوای لێبێت وپاداشتی خێرت بداتەوە لەسەر ئیسلام، لەو كاتەوەی ئەو نزایەم بیست كاتێك ئەو كەسەی پێی وتیت:(بەڵكوو خوای گەورە لەسەر ئیسلام پاداشتی خێرت بداتەوە) بەخوا لەو قسەتەوە گومانی خێرم پێت هەبوو.

 

مردنی عومەر

ژیانی خەلیفە بەڕێز و بەرەكەتاویە درێژەی نەكێشا و مەرگ هاتە ڕێی و تەمەنی لە چل ساڵ تێنەپەڕی، پێدەچێت ڕۆچوونی زۆری لەكاری موسڵمانان وشەونخونی وكاركردن لەكارووباری دەوڵەت و گرنگی نەدانی بە خواردن و خواردنەوەی كاریگەری لەسەر جەستەی هەبووبێت تا ئەوەی بەرگری نەمابێت، بەوە بەر ِەزامەندی دڵی هاوڵاتیان لێی گەڕایەوە بۆ لای خوا و دراوسێ دەوڵەتەكانی بەلەدەستدانی كاریگەر بوو، گەڕایەوە لای خوا ئوممەت لێی ڕازی بوون.

ئەوەش كە هەندێ مێژوو نووس دەگێڕنەوە ئومەویەكان ژەهرخواردیان كردووە هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نیە و تەنها یەكێكە لەو پڕوپاگەندانەی دوژمنانی ئومەویەكان دایاننابوو، ئەوان موعاویەیان(ر.ض )تۆمەتباركرد بەوەی حەسەنی كوڕی عەلی و ئەشتەری نەخەعی و عەبدوڕەحمانی كوڕی خالیدی كوڕی وەلیدی ژەهر خوارد كردوون، سولەیمانی كوڕی عەبدولمەلیكیش بەرامبەر بە ئەبوهاشمی كوڕی موححەمەدی كوڕی حەنەفی ئەوەی كردووە(هەموویان داخی دڵیانە بەرامبەر بە دلێرانە).

بەهەرحاڵ ئەوگیانە پاكە لە بیست و پێنجی ڕەجەبی ساڵی (101)ك دا گەڕایەوە بۆلای پەروەردگاری، مردنی عومەر گەیشتە بەر گوێی ناوچەكانی حیمس و یەزیدی ئامۆزای شوێنی گرتەوە، عومەری لە دوای خۆی چواردە كوڕی بەجێهێشت. (35)

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

1. ابن سعد (5/330).، ابن خياط(ص321،322)، الطبري(6/565)، اليعقوبي(2/301)، مروج الزهب(3/192)، الفخري(129)، الكامل في التاريخ(5/38)، البداية والنهاية(9/192)، سير اعلام النبلاء(5/114)ز

2. اسیر اعلام النبلا‌و(5/114)، عومەری كوڕی عەبدولعەزیز بەو دادپەروەری و دنیا نەویستەی زۆربەی خەڵكی كۆن و ئەمڕۆشی سەرسام كردووە، بۆیە زۆریان لەسەر نووسیوە، لە كۆنەكان (سیرە عمر بن عبدالعزیز) ی عبدالحكم (سیرە عمر بن عبدالعزیز)ی ابن الجوزیو(سیرە عمر بن عبدالعزیز) ی اجوری، لەسەردەمی نوێشدا نووسینەكەی مامۆستا عەبدولعەزیز سەید و دكتۆر و عیمادەدین خەلیل.

3. سير الاعلام النبلاء(5/116).

4. البداية والنهاية(9/192).

5. البداية والنهاية(9/192).

6. سير اعلام النبلاء(5/120)

7. البداية والنهاية(9/193).؛ سير اعلام النبلاء (5/120).

8. ابن خياط، ص(301).

9. سير اعلام النبلاء(5/118)، البداية والنهاية(9/149).

10. سير اعلام النبلاء(5/120)، الطبري(6/482).

11. الطبري(6/481،482).

12. الذهبي: سير اعلام النبلاء(5/121)، الطبري(6/481،482).

13. الطبري(6/551),

14. مروج الذهب(3/194).

15. سير اعلام النبلاء(5/116)، المسعودى: مروج الذهب(3/196).

16. سيراعلام النبلاء(5/125)، البداية والنهاية(9/198).

17. مروج الذهب(3/241).، عبدالحى الكتاني: التراتيب الادارية(1/14،15)ز

18. زانای مێژوو ناسی سەردەم د.علی محمد صلابی ئەم هیوایەی پرۆفیسۆری بەدی هێنا و لەو بارەوە نوسینێكی تایبەتی هەیە و خوێنەر دەتوانێت لێی سوود مەند بێ بەتایبەت پاش ئەوەی كراوە بە كوردی. ژیانی عومەری كوڕی عەبدولعەزیز. وەرگێڕ.

19. سير اعلام النبلاء(5/132)ز

20. ابن عبد الحكم: سير عمر بن عبدالعزيز، ص(49)ز

21. المسعودي: مروج الذهب(3/149).

22. الطبري(6/556-558).

23. د.عماد الدين خليل: ملامح الانقلاب الاسلامي، ص(156)، سةبارةت بة كاربةدةست و دادوةرانى عومةر برِوانة: ابن خياط، ص(322-325)ز

24. الطبري(6/569)، الكامل في التاريخ(5/61).

25. البدايةوالنهاية(9/200)، الكامل في التاريخ (5/64).

26. الطبري(6/559)، الكامل في التاريخ(5/51).

27. الطبري(6/568)ز

28. الذهبى: سير اعلام النبلاء(5/131).

29. المسعودي: مروج الذهب(3/201،201)، الطبري(6/556).

30. ابن عذاري: البيان المغرب(1/48).

31. فتوح البلدان(540).

32. سير اعلام النبلاء(5/142).

33. هەمان سەرچاوە (5/120).

34. مروج الذهب(3/190)، سير اعلام النبلاء(5/124=143).

35. المعارف(363).

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …