Home / بەشی مێژووی كورد / پێشەوا قازی محمد سەرۆک کۆماری کوردستان

پێشەوا قازی محمد سەرۆک کۆماری کوردستان

پێشەوا قازی محمد سەرۆک کۆماری کوردستان

1459757690532

نوسینی:فەلاح شەریف

پێشەکی:

ئەمڕۆ 69 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد سەرکۆماری کوردستان و هاوڕێیانی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد  تێدەپەڕێ.

پێشەوا و هاوڕێیانی لەلایەن حکوومەتی پاشایەتیی ئێرانەوە لە دادگایەکی سەربازی و نادادپەروەرانەدا دادگایی کران و دواتر پاش رووخانی کۆمار لە بەرەبەیانی 29 -3 1947ی زایینی لە مەیدانی چوارچرا و لەو شوێنەی کە کۆماری تێدا راگەیەندرا و پاش یازدە مانگ کۆماری کوردستان لەسێدارە دران.

لە بەرەبەیانی‌ ‌ 10ی‌ خاكەلێوەی‌ ساڵی‌ ‌ 1326ی‌ هەتاوی (1947.3.30 زایینی)دا پێشەوا قازی‌، حەمەحوسێن خان‌ سەیفی‌ قازی‌(ئامۆزای‌ پێشەوا) ‌و ئەبولقاسم‌ سەدری‌ قازی ‌(برای‌ پێشەوا) بە دوای‌ حوكم دران لە دوو دادگای‌ ناعادلانە‌ و فەرمایشیدا بەدەستی‌ چەپەڵی‌ دوژمنانی‌ گەلی‌ كورد لە چوارچرای‌ شاری‌ مەهاباد، واتە هەر لەو شوێنەی‌ كە 2ی‌ رێبەندانی‌  1324 هەتاوی (1946.1.22زایینی)دا كۆماری‌ كوردستانی‌ لێ‌ راگەیەندرابوو، لە سێدارە دران ‌و شەهید كران‌ و هەر ئەو رۆژە لەسەر شان ‌و پیلی‌ خەڵكی‌ بە شەڕەفی‌ مەهاباد لە گۆرستانی‌ مەلا جامی‌ بە خاكی‌ پیرۆزی‌ نیشتمان سپێردران.

حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان لە 10ی‌ خاكەلێوەی‌ 1358هەتاوی (1979.3.30 زایینی) ئەو رۆژەی‌ وەك رۆژی‌ شەهیدانی‌ كوردستانی‌ راگەیاند. ئەگەر پێش ئەودەم، لەبەر زەخت ‌و زۆری‌ بەكرێگیراوانی‌ شای‌ دیكتاتۆر مەجالی‌ بەڕێوەبردنی‌ رێوڕەسم بەو بۆنەیەوە نەبوو، بەڵام بە دوای‌ رووخانی‌ حكوومەتی‌ پاشایەتید و بەتایبەتی‌ دوای‌ ئەوەی‌ كە حیزب ئەم رۆژەی‌ بەو ناوە ناودێر كرد، هەموو ساڵێ‌ لە وەها رۆژێكدا رێز لە شەهیدان ‌و سەرقافلەیان پێشەوا قازی‌ دەگیرێ‌.

راستە پێشەوا قازی‌ سەركۆماری‌ كوردستان‌ و بەدیمەنترین كەسایەتیی‌ موكریان بوو و لە هەموو ناوچەكان نێو بەدەرەوە‌و ناسراو بوو، بەڵام تا چەند ساڵ‌ دوای‌ شەهید كرانیشی‌ بۆ گەلی‌ كورد بە تێكڕا بەو شێوەیە كە دەبێ‌ بناسرێ‌ نەناسرابوو، یا ئەگەر ناسرابووش ئەو رێزەی‌ لەو سەردەمەدا لێی‌ دەگیرێ‌ لێی‌ نەدەگیرا. پێویستە زۆر لەوە زیاتر لێكۆلینەوە لەسەر كەسایەتیی‌ پێشەوا بكرێ‌ تا بەو جۆرەی‌ شیاوی‌ ئەوە، بناسرێ‌.

ژیانی پێشەوا:

قازی‌ محەمەد كوڕی‌ قازی‌ عەلی‌، كوڕی‌ میرزا قاسم قازی‌یە. رابردووی‌ ئەو بنەماڵەیە لە شاری‌ سابڵاغ بۆ چوار سەدە پێشتر دەگەڕێتەوە. ئەوان نەتەنیا لەلای‌ خەڵك بەڵكوو لەلایەن دەسەڵاتداران‌ و بەرپرسانی‌ حكوومەتییش، جێگەی‌ رێز‌و تەقدیر بوون.

قازی‌ عەلی‌ باوكی‌ پێشەوا، لە ‌ 1930 لە مەهاباد رێكخراوێكی‌ كوردی‌ بەناوی‌ “بزووتنەوەی‌ محمد” پێكهێنا. ناوبراو لەگەڵ‌ جووڵانەوەی‌ شێخ محەمەد خیابانی‌ لە تەورێز پێوەندییان هەبوو، تا ساڵی‌ ‌ 1934یش كە فەوتی‌ كردووە لەسەر ئەو كارە بەردەوام بووە.

قازی‌ عەلی‌، دوو كوڕی‌ هەبووە، یەكیان ئەبولقاسم قازی‌ ناسراو بە سەدری‌ قازی‌ بووە كە یەك دوو دەورە لەلایەن خەڵكەوە كراوەتە نوێنەری‌ مەجلیس ‌و ئیعتیبار‌ و نفووزێكی‌ تایبەتی‌ هەبووە. دوای‌ تەواوبوونی‌ دەورەكەشی‌ لەسەر راسپاردەی‌ پێشەوا، بۆ راپەڕاندنی‌ كارە سیاسییەكان ‌و یاریدەدانی‌ خەڵك هەر لە تاران مابۆوە. قازی‌ محەمەدیش كە ساڵی‌ ‌ 1900ی‌ زایینی‌ لەو بنەماڵە بە فەرهەنگەدا لەدایك بووە، هەر لە سەرەتای‌ لاوییەوە هەستی‌ نیشتمانپەروەریی‌ تێدا بە هێز بووە ‌و زۆر‌ ئۆگری بە خوێندنی‌ علوومی‌ كۆن‌و تازە هەبووە‌و زۆر زوو لەم بارەیەوە پێگەیشتووە‌و زۆری‌ هەوڵ‌ داوە زمانی‌ بێگانانیش فێر بێ‌. جگە لە عەرەبی‌‌و فارسی‌‌و كوردی‌ لەگەڵ‌ زمانی‌ فەرەنسی‌‌و ئینگلیزی‌‌و تا رادەیەكیش رووسی‌ ئاشنایەتیی‌ هەبووە.

قازی‌ محەمەد زۆری‌ حەز لە تێكەڵاوی‌ لەگەڵ‌ ئەهلی‌ فەزڵ‌و زانایانی‌ زەمان‌و پیاوچاكان‌و كوردانی‌ نیشتمانپەروەر‌و سەرۆك عەشیرەتەكان هەبووە.

بە دوای‌ فەوتی‌ باوكی‌ بووە بە قازیی‌ شار. لە بەر ئۆگریی‌‌ زۆر‌ بە كاری‌ فەرهەنگی‌‌و بەرەو ژوور بردنی‌ زانیاریی‌ خەڵك، لە ساڵەكانی‌ بەر لە  1941و دواتریش بۆ یەك دوو ساڵ‌ بەرپرسایەتیی‌ ئیدارەی‌ فەرهەنگ‌و ئەوقافی‌ شاری‌ مەهابادی‌ بە ئەستۆوە گرتووە‌و خزمەتی‌ بەرچاوی‌ فەرهەنگیی‌ كردوە‌و لە كاتی‌ بەرپرسایەتیی‌ ئەودا، یەكەم مەدرەسەی‌ كچان لە مەهاباد كراوەتەوە.

هەر لەو پێوەندی‌یەشدا لەگەڵ‌ زۆربەی‌ خوێندكاران، رۆشنبیران‌و مامۆستاكان زۆر نزیك بووە. قازی‌ محەمەد حورمەتی‌ تایبەتیی‌ بۆ دامەزرێنەرانی‌ كۆمەڵەی‌ ژـ ك هەبووە. لە چەند ساڵ‌ دەورەی‌ بێ‌ حكوومەتییش دا واتە 1941 تا 1945 كە كۆماری‌ كوردستان پێكهاتوە، لە بەڕێوەچوونی‌ كار‌وبارەكاندا و بە تایبەتی‌ لە چارەسەركردنی‌ كێشە‌ عەشیرەیییەكاندا نەخشی‌ بەرچاوی‌ هەبووە. زۆر لە دامەزرێنەرانی‌ ژـ ك راوێژیان لەگەڵ‌ كردووە‌و زۆریان خۆشویستوە‌و گەلێكیان هەوڵ‌ لەگەڵ‌ داوە تا ببێتە ئەندامی‌ ژ ـ ك. زۆر لە گرێوگۆڵی‌ كاری‌ رۆژانەی‌ خەڵك لە دیوانی‌ ئەودا كە “مەحكەمەیان” پێگوتووە.

قازی‌ لە روانگەی‌ نوێنەرانی‌ بیگانەشەوە كە ئەوكات ئێرانیان لەنێو خۆیاندا دابەش كردبوو، حورمەتی‌ تایبەتیی‌ هەبووە. هەركەس چۆتە مەهاباد تێكۆشاوە بەرلە هەموو كەس چاوی‌ بە ناوبراو بكەوێ‌. بانگ كرانی‌ بۆ سۆڤیەت هەر لەم پێوەندییەدا بووە، كە لەگەڵ‌ هەیئەتێكی‌ گەورە چۆتە باكۆ.

قازی‌ محەمەد كە بوو بە ئەندامی‌ “كۆمەڵەی‌ ژ ـ ك”و ناوی‌ نهێنیی‌ “بینایی‌” بۆ دانرا، ئومێدێكی‌ زیاتری‌ بە بەرپرسان‌و خەڵك دا. لە ئاكامی‌ دەركی‌ بە وەخت‌و شەهامەتی‌ سیاسیی‌ ئەو و بە قەناعەت گەیشتنی‌ بەرپرسانی‌ كۆمەڵەدا بوو كە “ژـ ك” بوو بە “حیزبی‌ دێمۆكراتی‌ كوردستان”‌و وەك حیزبێكی‌ دێمۆكرات‌و پێشكەوتوو دەستی‌ كرد بە تێكۆشان. قازی‌ لەبەر حورمەتی‌ تایبەتی‌ كە بۆ “ژـ ك”ی‌ هەبوو،. بزووتنەوەی كورد لە كاتی رێبەریكردنی ئەو مەزنەدا پەلوپۆی‌ هاویشت‌و تێكۆشانی‌ لە هەموو ناوچەی‌ ئازادی‌ كوردستاندا پەرەی‌ سەند. قەیرانی‌ بە زۆر لكاندنی‌ كوردستانی‌ بە ئازەربایجانەوەی‌ رەواندوەو ناچاری‌ كردن‌ كردن حیسابی‌ جیاواز بۆ كوردستان بكەن. لە ‌ 2ی‌ رێبەندانی‌ 1324ی‌ هەتاوی (1946.3.30) ‌دا بە بەشداریی‌ نوێنەری‌ پارچەكانی‌ دیكەی‌ كوردستان‌و مەلا مستەفای‌ بارزانی‌‌و سەرۆك عەشیرەت‌و نوێنەرانی‌ هەموو چین‌و توێژەكانی‌ كوردستان پێكهاتنی‌ یەكەم كۆماری‌ كوردستانی‌ راگەیاند.

ئەگەر تا ئەودەم جارجار لە رۆژنامەی‌ “كوردستان”دا بە ناوی‌ پێشەوا باسی‌ لێ‌ دەكرا، لە دوای‌ دامەزرانی‌ كۆمارەوە بە شێوەی‌ رەسمی‌ عینوانی‌ پێشەوایی‌ پێ‌ بەخشرا‌و ئەو ناوە تا ئێستاش لەنێو كۆڕ‌وكۆمەڵی‌ خەڵكدا هەر باوە. پێشەوا مرۆڤێكی‌ گەلێك بە فەرهەنگ، دڵساف، خۆش بەیان، ئەدەب‌و هونەر دۆست، بە راوێژ‌و لە هەمانكاتدا سیاسی‌‌و دێمۆكراتێكی‌ نیشتمانپەروەر‌و گەل خۆشەویست بوو، رێبەرێكی كاریزما، شوێندانەر و رۆشنبیر بوو لەگەڵ‌ هەموو چین‌و توێژێك جۆشی‌ دەخوارد‌و لە كاتی‌ پێویس دا لە هەست‌و هێزیان كەڵكی‌ وەردەگرت.

پێگەی پێشەوا:

قازی‌ محەمەد برایەتی‌‌و یەكگرتوویی‌ كوردی‌ پێ‌ گەورەترین هۆی‌ سەركەوتن بوو. هەربۆیە لە زۆربەی‌ وتارەكانی‌ كە لە رۆژنامەی‌ “كوردستان”ی‌ ئەوكات دا چاپ كراون لەسەر مەسەلەی‌ یەكیەتی‌‌و برایەتی‌ دواوە‌و بە مەرجی‌ سەركەوتن‌و كۆڵەكەی‌ راگرتنی‌ كۆمار‌و هۆی‌ سەركەوتن بەسەر دوژمنانیدا زانیوە.

هەرچەند دەیزانی‌ دوژمنەكانی‌ كورد راست ناكەن، بەڵام لە وتووێژدا زۆر بە راشكاوی‌ رایدەگەیاند كورد حەز دەكا لە رێگای‌ ئاشتییەوە بە مافی‌ خۆی‌ بگات، بەڵام ئەگەر وا نەبێ‌ ئەوەی‌ بۆی‌ بكرێ‌ دەیكات.

ئەوەی‌ پێویست بوو زۆر بە راشكاوی‌ بە شا‌و قەوامی‌ راگەیاندووە، قامكی‌ لەسەر لاوازییەكانیان بەرانبەر بە گەلی‌ كورد داناوە. بە ئاشكرا پێیگوتون، ئێوە لە قسەكانی‌ خۆتاندا دوودڵن‌ و ناتانەوێ‌ مەسەلەی‌ كوردستان چارەسەر بكەن.

كاتێك پێشەوا لەلایەن “قوام السلگنه” بۆ تاران دەعوەت دەكرێ‌‌و لە رێكەوتی‌ ‌ 28ی‌ ژوئەنی‌ ‌ 1946 دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەك لە وەزیران، نوێنەرانی‌ پارلمان‌و نوێنەری‌ كوردەكانی‌ تاران‌و نوێنەری‌ حیزبەكان‌و یەكیەتیی‌ كرێكاران لە فڕۆكەخانە پێشوازیی‌ لێ‌ دەكرێ‌.

رۆژنامەی‌ “ایران ما” هەر ئەوكات دەنووسێ‌: “ئێستا كە قازی‌ محەمەد لە تارانە‌و ئازادیخوازان چاویان پێیكەوتووە، دەردەكەوێ‌ كە بیر‌وڕای‌ ئەو بەرقەراریی‌ ئازادی‌‌و دێمۆكراسی لە تەواوی‌ ئێران دایە‌ و مافی‌ كۆمەڵایەتی‌‌و سیاسی‌‌و ئینسانی‌ بۆ نەتەوەی‌ كوردیش لە گۆڕێ‌ دایە. هەر كارێكی‌ بە سوودی‌ دێمۆكراسی بێ‌ لەلایەن پێشەوای‌ كوردستانەوە بە دڵەوە پێشوازی‌ لێ‌ دەكرێ‌. هیوادارین جەنابی‌ قەوام لەو سەفەرە مێژووییە كەڵك وەرگرێ‌.”

ئەو لە كاتی‌ ماڵئاوایی‌ لەگەڵ‌ مەلا مستەفا دەڵێ‌: “من خۆم فیدای‌ خەڵكی‌ دەكەم‌و هیچكات وەك پیشەوەری‌‌و سەرانی‌ ئازەربایجان ناكەم تا وڵاتەكەم لە خوێندا شەڵاڵ بێ‌‌و هەزاران كەس بە كوشت بچن.”

پێشەوا ‌و هاوڕێیانی‌ ئەوەندەی‌ لە ماوەی‌ یازدە مانگی‌ كۆماردا هەوڵیان دا، هەر ئەوەندەش لەو دادگا فەرمایشییانەی‌ بۆ موحاكەمە كردنیان دانرا بوو، لەخۆبردوویی‌‌و ئازایەتییان لە خۆیان نیشان داوە.

لەگەڵ‌ هەموو ناڕەحەتیی‌ دەروونی‌‌و ئەو ژیانە تاڵەی‌ كە لە بەندیخانەی‌ پادگانی‌ مەهاباددا بۆیان پێكهاتبوو، نەتەنیا بڕوایان بە كوردایەتی‌‌و رزگاری لاواز نەبوو، بەڵكوو زۆر جیددیتر‌و بە ورەتر ببوون.

ئەوان لە مولاقاتێكی‌ نهێنیدا كە لەگەڵ‌ یەك دوو مرۆڤی‌ جێی‌ باوەڕ بوویانە، فەرموویانە: “ئێمەیان فریودا، با نەتەوەی‌ كورد فریو نەخوات ‌و خەباتی‌ خۆی‌ بۆ رزگاری‌‌و سەربەستی‌ درێژە بدا‌و چەك دانەنێ‌”. هەروەها گوتبوویان كە زۆریان زەخت خستووینە سەر تا نامەیەك بۆ مەلا مستەفا بنووسین دەست هەڵ‌بگرێ‌، بەڵام ئێمە نەتەنیا شتی‌ وا نانووسین.

ئازایە‌ییان لە دادگاكاندا بە رادەیەك بووە كە ئەفسەرەكان سەریان سوڕماوە. لەراستیدا ئەو دادگایە هەندێ‌ وڵاتی دەرەكیی لە پشت بوو. هەرچەند جگە لە كاربەدەستانی‌ خۆیان كەسی‌ غەریبەی‌ لێ‌ نەبووە، بەڵام هەر لە رێگای‌ ئەو لایەنانانەوە زۆر شت بڵاو بۆتەوە كە پێویستە بیزانین.

پێشەوا هەر جارێك لەو دوو جارە كە بەناو دادگایی‌ كراوە، زیاتر لە چوار سەعات قسەی‌ كردوە‌و بە قەولی‌ سەروان شەریفی‌ كە وەكیلی‌ بووە “ئەوە قازی‌ محەمەد بووە كە حكوومەتی‌ موحاكەمە كردوە‌و لە هەموو بوارێكەوە هێناویەتە ژێر پرسیار”.

رۆژنامەی‌ “ئازادی‌” كە لەو سەردەمدا لە بەغدا بە زمانی‌ كوردی‌ دەردەچوو، لەمەر پشتگیریی‌ ئەمریكا‌و ئینگلیز لەو موحاكەمەیە نوسیبووی‌: “ئیستیعماری‌ ئینگلیس‌و ئەمریكا لە وجوودی‌ قازی‌ محەمەد ‌و هاوڕێكانیدا دوژمنی‌ هەرە سەرسەختی‌ خۆیان دەدی‌. ئومێدیان هەبوو بتوانن بە چۆكیاندا بێنن‌و لە بەندیخانەش نوێنەرەكانیان چوون لەگەڵیان دوان تا بتوانن بۆ لای‌ خۆیانیان رابكێشن، بەڵام هیچكات سەركەوتوو نەبوون. دواتریش رۆژنامەی‌ “ئازەربایجان” لە باكۆ نوسیبووی‌ قازی‌ محەمەد بە نوێنەری‌ ئەمریكا (جورج ئالێن)ی‌ گوتبوو، گەلی‌ كورد چاوەڕوانیی‌ هیچ چاكەیەكی‌ لە وڵاتانی‌ ئیستیعماری‌ نییە.

“نەجەفقولیی‌ پەسیان” وتەكانی‌ پێشەوا لە دادگادا لە چەند رستەدا خولاسە دەكاتەوە‌و دەنووسێ‌: “لە كاتی‌ موحاكەمەدا قازی‌ محەمەد پەلاماری‌ دەبردە سەر سیاسەت‌و ئاكاری‌ دەوڵەتی‌ تاران‌و دەیگوت: “من لە قوژبنی‌ گرتووخانە دەنگی‌ خۆم بەرز دەكەمەوە لە دژی‌ دەوڵەتی‌ تاران‌و سەرۆكەكانی‌‌و دەڵێم تاوانبار ئێوەن نەك ئێمە. ئێوە وڵاتتان لێ‌ داگیر كردووین”

رۆژنامەنووسێكی‌ دیكە بە نێوی‌ “سلیمان.خ” لە نووسراوەكانی‌دا دەڵێ‌، قازی‌ گوتی‌: “تەواوی‌ ئەم بەسەرهات‌و رووداوانە ئاكامی‌ سیاسەتی‌ داگیركەرانەی‌ دەوڵەتە. ئەگەر دەوڵەت تەواوی‌ كوردان بە خائین دەزانێ‌ با دەست لەو مەڵبەندە هەڵبگرێ‌، ئەگەر بە نیشتمانپەروەریشیان دەزانێ‌ با لێ‌ بگەڕێ‌ خۆیان كاروباری‌ خۆیان بگرنە دەست.”

لە بەڵگە ‌و رۆژنامەكانی‌ یەكیەتیی‌ سۆڤیەتی‌ پێشوودا زۆر شت لەم بابەتانە نووسراون‌و لە زمان ئەفسەرە ئێرانییەكانەوە دەگێڕنەوە كە قازی‌ گوتوویە: “ئەو رووداوانە لە ئاكامی‌ ئەوەی‌ دابووە كە ئێوە خۆتان قانوونی‌ بنەڕەتیتان لەژێر پێ‌ ناوە. ئێستاش من تەنیا خۆم پەرەپێدەری‌‌ دێمۆكراسی لە كوردستانم‌و هیچ هێزێكی‌ بیگانە منی‌ هان نەداوە. بێ‌بەشیی‌ كورد منی‌ بۆ بەڕێوەبردنی‌ ئەو كارانە هان داوە.” كاتێك سەرۆكی‌ دادگا یا دادستان بە خەیانەت تاوانباری دەكا لە وەڵامدا دەڵێ‌: “ئێرە ماڵی‌ منە، خاكی‌ كوردستان خاكی‌ باب‌و باپیر‌و ئەجدادی‌ منە چۆن دەتوانم دەستی‌ لێ‌ هەڵگرم.” ئەگەر موحاكەمەی‌ یەكەم لە 19ی‌ مانگی‌ ژانویە دەستی‌ پێكرد‌و چەند رۆژی‌ خایاند‌و حوكمی‌ ئیعدامی‌ قازییەكانی‌ دا، موحاكەمەی‌ دووەم لە ‌ 28ی‌ مارسی‌ 1947 واتە ‌ 7ی‌ خاكەلێوە دەستی‌ پێكرد‌و رۆژی‌ ‌ 30ی‌ مارس كۆتایی‌ پێهات.

گۆڤاری‌ “خەباتی‌ قوتابیان” ژمارە ‌ 37 لەم دوایانەدا لە زمان سەروان كیومەرس ساڵح‌ هەواڵنێری‌ گۆڤاری‌ ئەرتەش كە لە دادگاكەدا بووە‌و دوایە لەسەر نووسینی‌ راپۆرتێك لەو پێوەندییەدا دەگیرێ‌‌و ساڵێك دەبەندیخانەدا دەمێنێتەوە، هێندێك رستە لە وتەكانی‌ پێشەوای‌ بڵاو كردەوە.

پێشەوا فەرموویە: “من لە زووەوە خۆم بۆ ئەوە ئامادە كردوە، بە باوەشی‌ ئاواڵەوە پێشوازی‌ لەو مردنە سەربەرزانەیە دەكەم كە لە رێگای‌ ئازادیی‌ میللەتەكەمدا دەكوژرێم. ئەوە بەڵێنێكە كە بە نەتەوەكەمم داوە لەگەڵیان بژیم‌و بۆ ئەوانیش بمرم، تازە چۆن ئامادەم بەڵێنی‌ خۆم بشكێنم.”

سەروان كیومەرس هەروەها دەنووسێ‌: “من لە زۆربەی‌ دادگاكانی‌ مەیدانی‌‌و سەربازی‌ وەك هەواڵنێر بەشداریم كردووە، بەڵام هەرگیز هیچ كەسێكم بە رادەی‌ قازی‌ محەمەد بە جەرگ‌و بوێر نەدیوە. ئەو لە كاتی‌ دادگایی‌كردندا نەیدەزانی‌ ترس چییە. زۆر بە بێباكی‌ قسەی‌ دەكرد ‌و وەڵامی‌ پرسیارەكانی‌ دەدایەوە.”

هەر ئەو بە جەرگی‌‌و لەخۆبردوویییەش بوو كە لە پای‌ سێدارە ئیزنی‌ نەدا چاوی‌ ببەستن‌و فەرمووی‌: “حەز دەكەم لە ئاخرین چركەی‌ ژیانیشمدا بە سەربەرزی‌‌و چاوی‌ كراوەوە لە نیشتمانی‌ خۆشەویستم بڕوانم.” هەروەها فەرموویەتی‌:

“ئێوە قازی‌ محەمەدێك دەكوژن، بەڵام بزانن لە هەر تنوكە خوێنێكی‌ من قازی‌ محەمەدێك شین دەبێتەوە. داوا لە گەلی‌ كورد دەكەم خەباتی‌ خۆی‌ لەپێناو رزگاریی‌ كوردستاندا پەك نەخا، باوەڕ بە دەوڵەتی‌ خۆفرۆشی‌ تاران مەكەن. بژی‌ كورد‌و كوردستان”.

وەسیەتی پێشەوا:

بسم الله‌ الرحمن الرحیم
نه‌ته‌وه‌ حه‌ق خوراوه‌که‌م، کورو خوشک‌و برا خۆشه‌ویسته‌کانم
ئێستا له‌ ئاخرین ساته‌کانی ژیانم دا ده‌مهه‌وێ چه‌ند دێرێکتان بۆ بنووسم.
له‌ دوژمنایه‌تی کردنی یه‌کتر ده‌ست هه‌ڵگرن، یار و یاوه‌ری یه‌کتر بن، پشت به‌ یه‌کتر ببه‌ستن و له‌ به‌رابه‌ر دوژمنی زۆردار دا ئازایانه‌ رابوه‌ستن. خۆتان بێهوده‌ به‌ دوژمن مه‌فرۆشن. دوژمن هەر ئه‌وه‌نده‌ ئێوه‌ی ده‌وێ که‌ کاری پێتانه‌، ده‌نا هیچ روحمتان پێناکا، له‌ هیچ ده‌رفه‌تێک ناگوزه‌رێ بۆ زه‌ربه‌ لێدانتان.

دوژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆرن و زۆردارن، توانایان هه‌یه‌و بێ ره‌حمن. ره‌مزی سه‌رکه‌وتنی ئیوه‌ له‌ یه‌کگرتن دایه‌، ته‌نیا یه‌کگرتنه‌ له‌ به‌رابه‌ر ئه‌و هێزه‌ زۆردارانه‌دا، هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر یه‌کێتیی نه‌بێ هه‌میشه‌ له‌ ژێرده‌ستی دایه‌. ئیوه‌ نه‌ته‌وه‌ی کورد شتێکتان له‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ که‌متر نیه‌ به‌ڵکو له‌ ئازایه‌تی و پیاوه‌تی دا زۆر له‌وانەی به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌ژین، زیاترن. ئه‌و گه‌لانه‌ی سه‌رکه‌وتنیان به‌ ده‌ست هێناوه‌ هه‌ر وه‌ک ئیوه‌ بوون.

رێنوێنم بۆ ئیوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێ‌گەڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه‌ ره‌مزی پێگه‌یشتوویی و سه‌رکه‌وتن له‌ خۆینده‌واری دایه‌. با له‌ گه‌لانی دیکه‌ دوا نه‌که‌ون، ئیوه‌ نابێ به‌ کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، هێشتا زۆری دیکه‌مان ده‌بێ له‌و رێگه‌یەدا له‌ ده‌ست بچن تا به‌ ئاره‌زوی خۆمان دەگه‌ین.


کوردستان ماڵی هه‌موو کوردێکه‌. دانیشتوانی ئه‌م خاکه‌ به‌ پێی توانایی هه‌ر کامه‌مان گه‌ر شتێکمان له‌ ده‌ست دێ نابێ منه‌ت له‌ سه‌ر ئه‌وانی دیکه‌ بکه‌ین. ئه‌گه‌ر زانیتان که‌سانێک کاریان له‌ ده‌ست دێ لێ گه‌رێن با بیکه‌ن، به‌رد مه‌خه‌نه‌ سه‌ر رێیان، گرفتی بۆ دروست مه‌که‌ن. ئه‌گه‌ر من به‌رپرسیارێتی گه‌وره‌م نەبوایه‌ ئیستا له‌ ژێر حوکمی سێداره‌ دا نه‌ده‌بووم، به‌ خاتری ئه‌وه‌ منه‌تتان به‌سه‌ر دا ناکه‌م. به‌ قه‌ولی سه‌عدی ده‌لێ:


مراد ما نصیحت بود و گفتیم / حوالت به‌ خدا کردیم و ر‌فتیم.


هیوای ئیمه‌ ئامۆژگاری بوو کوتمان، بە خودام ئەسپاردن و رۆیشتم.


خزمه‌تکاری گه‌ل و نه‌ته‌وه
‌ قازی محه‌مه‌د

پاش 69 ساڵ لەسێدارەدانی پێشەوانی نەمر، قازی محەمەد و هەڤاڵانی، ئێستاش نەتەوەی وریای كورد بە رێزەوە یادی خەبات و قوربانیدان و تێۆكشانی قازی محەمەد دەكەنەوە و وتە و ئامۆژگارییەكانی چراری رێگای خەباتمانە و رێبازەكەی هەتا سەركەوتن بەردەوامە. هەزاران سڵاو لە قازی محەمەد سەرقافڵەی كاروانی شەهیدانی رێگای كورد و كوردستان و سەرجەم شەهیدانی نیشتمان.

سەرچاوەكان:

ـ ئینتێرنێت

ـ كتێبی پێشەوای رابوون، بیرەوەرییەكانی سەعید هومایۆن وەرگێڕانی رەسووڵ سولتانی

ـ رۆژنامەی كوردستان

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …