Home / ناوداران / پیرەمێرد و برایم ئەحمەد و شارستانێتی ئەدەب

پیرەمێرد و برایم ئەحمەد و شارستانێتی ئەدەب

پیرەمێرد و برایم ئەحمەد و شارستانێتی ئەدەب

BARIMM

 

عومەر مەعروف بەرزنجی

وتەیەكی بەرایی
كام سەردەمی مێژوویی بگرین ‌و بەدووچاوی سەرنج لێی وردبینەوە، دەبینین كە وەك كارێكی سروشتی دەستەیەك خوێندەوار و شاعیر ‌و نووسەر ‌و كەسانی باڵای بەخۆوە گرتووە ‌و سەرجەم شەقڵ ‌و تام ‌و بۆی ئەو رۆژگارەیان پێوەلكاوەو بوونەتە نوێنەری قۆناغەكە.
لەنیوەی یەكەمی سەدەی رابردوودا (1900-1950) خوالێخۆشبوو حاجی تۆفیقی ناسراو بەپیرەمێرد (1867-19/6/1950) وەك كەسێكی دیار ‌و دڵسۆز لەبوارەكانی شیعر ‌و چیرۆك ‌و پەخشان ‌و وەرگێڕان‌و سەربوردی دێرین ‌و نووسین ‌و چاپكردنی كتێب ‌و كاری رۆژنامەنووسی ‌و خولیا‌و سەوداسەری نەورۆزی كورد, گەیشتبووە ئاستێكی باڵا‌و شێوەی فەیلەسوفێكی دەنواند.
پیرەمێرد كەسێكی بەتوانست ‌و بەرچاو روون بووە، یەكێك لەخاسیەتە درەوشاوەكانی پەلگرتن ‌و رێنمایی ‌و هاندانی نەوەی تازەپێگەیشتوو بووە، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەرەتاوە پرشەی زرنگی ‌و لێهاتوییان پێوە دیاربووە، لێرەدا دەتوانین كەرووناكبیری خوالێخۆشبوو (برایم ئەحمەد) بكەینە نموونەیەكی رەزا سووكی ئەم رەوتە شارستانییە.
-1-
(برایم ئەحمەد) لەدایكبووی ساڵی 1914ی گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانییە، لەسەرەتاوە وەك خوێندەوارێكی تازە كوورەی تەمەن هەژدە ساڵان بەكوڵ ‌و دڵەوە رووی لەڕۆژنامەی (ژیان)ی پیرەمێرد كردووە و نۆبەرەی نووسینی تێدا بڵاوكردۆتەوە، ئەم بابەتە سەرەتاییە بەبێدەنگی بەسەر خوێندەواران‌و بەڕێوەبەری رۆژنامەكەدا تێنەپەڕیووە، بەڵكو پیرەمێردی نەمر بەچاوی سەرنج‌و رێزەوە بابەتەكەی نرخاندووەو بەخۆشنوودییەوە پێشوازیی لێكردووەو بووەتە یەكەم هاندەری ‌و لەهەمان ژمارەدا نووسیوویەتی: (ژیان چاوەڕێی ئەمجۆرە كوردییە رەوانەیە، پیرەمێردیش بەهیوای نەوجەوانانە) (1) ‌و مزگێنی دەداتێ‌ كە لاپەڕەكانی رۆژنامەكەی بۆ ئەمجۆرە بابەتە بەپێزانە ئاواڵەیە، دیارە لەم نووسینەوە برایم ئەحمەد وەك قەڵەمێكی بەتوانست ‌و نووسەرێكی درەوشاوە دەكەوێتە بەرچاوی پیرەمێرد ‌و پەیوەندیی نێوانیان بەرەو بەهێزی ‌و هەڵكشان دەڕوات، ئەوەتا لەكاتێكدا كە برایم ئەحمەد كۆلێژی- حقوق- تەواو دەكات‌و دەبێتە پارێزەر, پیرەمێرد یەكەم كەس بووە كەبەشەوق‌و ئەلهاوە پیرۆزبایی لێكردووەو لەرۆژنامەكەیدا هەواڵەكەی بەخوێندەواران گەیاندووەو نووسیوێتی: (لەخوێندەوارە هەڵبژێراوەكانمان ئیبراهیم ئەحمەد كۆلێجی -حقوق-ی تەواوكردووە، سەودای وەزیفەی نەكەوتۆتە كەللەوە، هاتووە- ئەوقات-ی ئەكا، ئەم كوڕە ئێمە ئەیناسین، لەهەرچی زمان هەیە شێوەیەكی زۆر پەسەندی بۆخۆی داناوە، خەلەفی- خەلەف شەوقی-یە، بەزەوقێكی عیلمی جەزبەیەكی شاعیری هەیە، ئەتوانێ دەعوا لەپەردەیەكی جوان دا تەسویر بكاو بیباتە زیهنی گوێگرانەوە، خوا وێنەیان زیادبكات) (2).
ئەو بیروڕایەی كەپیرەمێرد بەرامبەر بەبرایم ئەحمەد نووسیویەتی, تابڵێی كارێكی شایستەو دانسقەیە، لەو تەمەنەدا برایم ئەحمەدی كردووە بەجێگرەوەی نووسەری گەورە و زمانزان ‌و رۆژنامەنووسی سەركەوتوو (خەلەف شەوقی داودی)(3) كە لەو رۆژگارەدا لەقەڵەمە دەركەوتووەكان بووەو خاوەنی چەندین كاری چاپكراوە.
-2-
گۆڤاری گەلاوێژ 1939-1949 لەمێژووی رۆژنامەنووسیی كوردیدا شوێنێكی شایستە و بەدیمەنی گرتووە، لەلایەن نووسەر‌و شاعیرە ناسراوەكانی كوردەوە هاوكاری كراوەو چەندین قەڵەمی ناوازەو بەتوانستی لەدەور كۆبووەتەوە، لەپێش هەموویانەوە (پیرەمێرد)ی نەمر لەیەكەم ژمارەوە تاكۆتایی لەهاوكاری نەپچڕاوەو بەردەوام ئاگای لەگۆڤارەكە بووە‌و بەبینینی گەشاوەتەوەو بەلاوازبوونیشی دڵتەنگ بووە، ئەوەتا ساڵی 1943 كەدەبینێ‌ لەبەر نەدارایی ماوەیەك لەكار وەستاوەو سەرلەنوێ بووژاوەتەوە، لەرۆژنامەی (ژین)دا نووسیوویەتی:
ئۆخەی گەلاوێژ وا دەركەوتیەوە
وەك چرای بەختی كورد سەركەوتیەوە (4)
  یان ساڵی 1948 دەربارەی دەوری چراخانی گەلاوێژ دیسانەوە روودەكاتە گۆڤارەكەو دەڵێ:
گەلاوێژەكەی سەرچیای گمۆ
ئێستا هیوامان هاتووەتە سەرتۆ
لەناو گێتی دا هەرتۆمان ماوی
بۆ بەدخوای كوردان تانەی سەرچاوی (5)
لەلایەكی ترەوە لەساڵی پێنجەمی گۆڤارەكەوە تا ساڵی نۆیەم, هەموو ساڵێك بە شیعر پیرۆزبایی لێكردووەو شیعرەكان لە گەلاوێژدا بڵاوكراونەتەوە.
-3-
پێوەندی ‌و دۆستایەتی ‌و هەڵچوون ‌و لێكدابڕان سروشتێكی ئاسایی مرۆڤە و بەشێكی دانەبڕاوی ژیانێتی، بەڵام گەورەیی ‌و سەربڵندی لەوەدایە كە ئەم كارە نەخرێتە پێش بەرژەوەندیی گشتی ‌و مەسەلە بنەڕەتییەكەی ژیانی نەتەوەوە، دیارە ئەمەیش نیشانەی بەرچاوڕوونی ‌و تێگەیشتن ‌و بەئاگاییە لەبنەماكانی شارستانێتی ئەدەب.
نووسەر‌و رووناكبیری دڵسۆز خوالێخۆشبوو (عەبدوڵڵا جەوهەر 1920-1/6/1982) چەند جارێك ‌و لەبۆنەی تایبەتیدا پێوەندی نێوان پیرەمێرد‌و برایم ئەحمەدی بۆ باسكردووم، تەنانەت لەو چاوپێكەوتنە پێنج سەعاتییەدا كە كاك (حسێن محەمەد عەزیز) لەگەڵا (برایم ئەحمەد)دا سازی كردووە، خوالێخۆشبوو مەسەلەی پێوەندی ‌و دووركەوتنەوەی وەك نموونەیەكی هەڵوێستی وروژاندووە، بەڵام گەر ئاوڕێك بدەینەوە‌و بۆ رۆژگاری داخستنی گۆڤاری گەلاوێژ‌و بەندكردنی خوالێخۆشبوو (برایم ئەحمەد)‌و چاوێك بگێڕین بەژمارە (978)ی رۆژنامەی ژین-ی رۆژی 25ی ئابی 1949, دەبینین كەچۆن پیرەمێرد ئۆقرەی لێدەبڕێ ‌و بەهەموو لایەكدا چەپۆكان دەكات ‌و نامەیەكی پەلەی ماتەمیش بۆ مامۆستا (سەجادی) دەنێرێ‌ ‌و لەرۆژنامەی ژین-دا بۆ گۆڤارەكە دەلاوێنێتەوەو كۆڕی شیوەنی بۆ گەرم دەكات ‌و ناوی (برایم ئەحمەد)‌و (عەلائەدین سەجادی) دەخاتە شیعرەكەوە:
داد لەدەست جەورت هەی چەرخی سەرچەوت
وا گەلاوێژ كەوت، گەلاوێژ بۆچ كەوت
ئاسۆی ئەدەبی كوردی پڕ تەمە
سفیدەی بەیان شینە، ماتەمە
ژین بۆ گەلاوێژ بووبوو بەپەرژین
ئێستا لەدوای ئەو بێزارە لەژین
(ئیبراهیم) لەناو (نار)ا سوتاوە
(سەجادە)ی تەقوا بێ رایەڵ ماوە
هیوامان وایە كەچەرخ وەرگەڕێ
سەجادەم بەسەر شەتدا بگەڕێ
پیاوێكمان بمرێ تەعزێی بۆ دەگرین
بۆچ بۆ گەلاوێژ نەگرین تا دەمرین
گەلاوێژ هەرچەند جارجارە هەڵدێ
لەبورجی خۆیدا دوایی هەر هەڵدێ

سەرچاوەو پەراوێزەكان:
1-(ژیان) ژ: 326 رۆژی 11ی حوزەیرانی 1932
2-ژیان، ژ 528، رۆژی 30ی ئابی 1937.
3-خەلەف شەوقی ساڵی 1898 لەدایكبووە، نووسەرێكی دیار‌و شارەزابووە، بەكوردی‌و توركی‌و عەرەبی بەرهەمی هەیە، لەچەندین گۆڤار‌و رۆژنامەی رۆژگاری خۆیدا كاری كردووە، خاوەنی كۆمەڵێ بەرهەمی چاپكراوە، ساڵی 1939 كۆچی دوایی كردووە.
4-ژین، ژ 717 رۆژی 5/8/1943.
5-گەلاوێژ، ژ 1/ ساڵی 1948.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …