Home / مێژووى ئاینەکان / ئاینى ئیسلام / موعته‌زيله‌, یه‌كه‌مين قوتابخانه‌ى نوێ گه‌راي و عه‌قڵانيه‌ت.

موعته‌زيله‌, یه‌كه‌مين قوتابخانه‌ى نوێ گه‌راي و عه‌قڵانيه‌ت.

موعته‌زيله‌, یه‌كه‌مين قوتابخانه‌ى نوێ گه‌راي و عه‌قڵانيه‌ت.

1459581765037

 

نوسینی:هیمداد تەها

ناكرێت باس نوێ گه‌راى و عه‌قڵاني بوون بكه‌ين و به‌سه‌ر موعته‌زيله‌كاندا تێبپه‌ڕين و باس له‌ ڕيشه‌و چۆنێتي درووست بونيان و نوێ گه‌رييه‌كانيان نه‌كه‌ين. چونكه‌ موعته‌زيله‌ به‌باوكي هه‌موو ئه‌م گروپه‌ عه‌قڵانه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت كه‌ ده‌يانه‌وێت نوێ گه‌ري بكه‌ن و له‌ژێر حوكمي عه‌قڵياندا درێژه‌يان به‌ بزاوته‌كه‌يان داوه‌.

موعته‌زيله‌, چيه‌ و كێن…؟

موعته‌زيله‌ گروپێكه‌ له‌گروپه‌ ئيسلاميه‌كان كه‌له‌سه‌رده‌مي ئه‌مه‌ويه‌كاندا دروست بوه‌ و ته‌نها پشت به‌عه‌قڵ ده‌به‌ستن بۆ تێگه‌شت له‌ بيروباوه‌ڕي ئيسلامي و چه‌ندين گۆڕانكاريان هێنايه‌ ناو ئيسلام و بيروباوه‌ڕي ئه‌هلي سوننه‌ و جه‌ماعه‌ به‌تايبه‌تي.(1)

ڕيوايه‌تێكي زۆرمان به‌ده‌شت گه‌يشتوه‌ ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تي دروست بون و سه‌رهه‌ڵداني موعته‌زيله‌. بڵاوترين به‌سه‌رهات له‌باره‌ى دروست بونيان,

ده‌گێڕنه‌وه‌ ڕۆژێك پياوێك دێت بۆلاي حه‌سه‌ني به‌سري و پێي ده‌ڵێت ئه‌ى ئيمام كه‌سانێك په‌يدابوون له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ساني خاوه‌ن تاواني گه‌وره‌ ته‌كفير ده‌كه‌ن كه‌ خه‌واريجه‌كانن, و پێيان وايه‌ هه‌ركه‌سێك تاواني گه‌وره‌ ئه‌نجام بدات پێي كافر ده‌بێت, كه‌سانێكي ديكه‌ش په‌يدابوون , كه‌ مورجيئه‌كانن, پێيان وايه‌ تاواني گه‌وره‌ هيچ زياني بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى نيه‌, هه‌روه‌ك چۆن ئه‌نجامداني كاري باشه‌ سودي بۆخاوه‌نه‌كه‌ى نيه‌ ئه‌گه‌ر بێ باوه‌ڕبێت, ئه‌وا تاوانيش زياني بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى نيه‌ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕداربێت.

جا پێش ئه‌وه‌ى حه‌سه‌ني به‌سري وه‌ڵام بداته‌وه‌ و , هێشتا له‌بيركردنه‌وه‌دابوو , يه‌كێك له‌ئاماده‌بواني كۆڕه‌كه‌ به‌ناوي واسڵي كوڕي عه‌تا, وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌و وتي من پێم وايه‌ ئه‌نجامده‌ري تاواني گه‌وره‌ نه‌ باوه‌ڕدارێكي ته‌واوه‌ و نه‌ بێ باوه‌ڕيشه‌, به‌ڵكو له‌ پايه‌يه‌كدايه‌ له‌نێواني ئه‌وو دوو پايه‌يه‌دا, و هه‌ندێك له‌ئاماده‌بوان ئه‌م بۆچونه‌ى واسڵ به‌ ڕاست ده‌زانن و, واسڵ هه‌ڵده‌ستێت به‌جێيان ده‌هێڵێت و له‌نزيك پايه‌يه‌ك له‌پايه‌كاني مزگه‌وت داده‌نيشێت, حه‌سه‌ني به‌سريش ده‌ڵێت (اعْتَزَلَنا واصل): واسڵ خۆي لێ جيا كردينه‌وه‌. ئيتر لێره‌وه‌ واسڵ و شوێن كه‌وتواني به‌ ( المعتزلة): خۆجياكه‌ره‌وه‌كان ده‌ناسرێن.(2)

له‌گرنگترين بيرو باوه‌ڕ و سيماكاني موعته‌زيله‌.

له‌به‌سه‌ر هاتي خۆجياكردنه‌وه‌ى واسڵه‌وه‌ بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌نجامده‌ري تاواني گه‌وره‌ به‌لاي موعته‌زيله‌كانه‌وه‌ نه‌باوه‌ڕدار و نه‌بێ باوه‌ڕه‌ و له‌ پايه‌ى نێوان كوفر و ئيمان دايه‌.

به‌ڵام له‌ڕۆژي دوايدا به‌هه‌ميشه‌ى له‌ دۆزه‌خدا ده‌مێنێته‌وه‌, به‌ڵام سزاكه‌ى له‌ سزاى بێ باوه‌ڕ سوكتره‌.

هه‌روه‌ها كاريگه‌ريه‌كي زۆري فه‌لسه‌فه‌و مه‌نتيقي يۆنانيان له‌سه‌ربوه‌ و ئايه‌ته‌كاني قورئانيان به‌و جۆره‌ لێكداته‌وه‌ كه‌له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌و مه‌نتيقدا بگونجێت و, باوه‌ڕيان به‌ زۆرێك له‌فه‌رمووده‌كان نه‌بوه‌ كه‌له‌گه‌ڵ فه‌لسه‌فه‌دا نه‌گونجاوه‌.(4).

تانه‌يان له‌هاوه‌ڵاني پێغه‌مبه‌ر درودي خواى له‌سه‌ربێت داوه‌ و به‌چاوي بێ رێزيه‌وه‌ سه‌يريان كردوه‌.(5).

به‌ته‌واوه‌تي خۆيان خستۆته‌ ژێر حوكمي عه‌قڵه‌وه‌ و حوكمي عه‌قل به‌و نور و ڕوناكيه‌ تێده‌گه‌ن كه‌وا تاريكيه‌كاني ژيان روناك ده‌كاته‌وه‌ و عه‌قيده‌ و حوكمه‌ شه‌رعيه‌كانيش هه‌ر به‌پێي عه‌قل وه‌رده‌گرن و تائه‌و ئه‌ندازه‌يه‌ لايان په‌سه‌نده‌ كه‌ عه‌قليان به‌باشي بزانێت.

موعته‌زيله‌كان كۆده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا بيرو بۆچونه‌كانيان له‌سه‌ر پێنج بنه‌ماى سه‌ره‌كي بونياد بنێنن. ئه‌وانيش ( التوحيد- العدل- الوعد والوعيد- المنزلة بين المنزلتين- الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر).

مه‌به‌ست به‌ بنه‌ماى يه‌كه‌م( التوحيد) له‌لاي موعته‌زيله‌ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئه‌وو سيفاتانه‌ى خوداى گه‌وره‌  كه‌ له‌ قورئان و فه‌رموده‌دا هاتون, له‌كار بخرێن و به‌و مانايانه‌ لێك نه‌درێنه‌وه‌ كه‌له‌ زماني عه‌ره‌بي هه‌يانه‌.

پاشان باوه‌ڕيان وابوه‌ كه‌ قورئان دروست كراوي خودايه‌ نه‌ك كه‌لامي خودا.

ابن ئه‌سير ده‌گێڕێته‌وه‌ كه‌يه‌كه‌مين كه‌س باسي له‌ ئه‌وه‌ كردوه‌ كه‌قورئان مه‌خلوقه‌ نه‌ك كه‌لامي خودا له‌بيدي كوري ئه‌عصه‌م ه‌ – ئه‌و يه‌هوديه‌ى كه‌ سيحري له‌ پێغه‌مبه‌ر كردوه‌- پاشان طالوتي خوشكه‌ زاى يه‌كه‌م كه‌س بوو له‌نێو موسوڵمانان ئه‌م وته‌يه‌ى له‌بيدي بڵاو كرده‌وه‌ و باوه‌ڕي پێكرد(6).

هه‌روه‌ها باوه‌ڕنه‌بوون به‌بينيني خودا له‌ رۆژي دوايدا.

دووه‌م بنه‌ما( العدل) كه‌ هه‌ندێك جار موعته‌زيله‌كاني پێ ناوزه‌ند ده‌كرێت( ئه‌هلي عه‌دل), مه‌به‌ست پێي ئه‌وه‌يه‌ كه‌ خودايان به‌ داد په‌روه‌ر داناوه‌ له‌وه‌ى كه‌ مرۆڤي كردوه‌ته‌ به‌دي هێنه‌ري كاره‌كاني خۆي به‌ چاكه‌ و خراپه‌يه‌وه‌ و باوه‌ريان به‌قه‌ده‌ر نه‌بوه‌, چونكه‌ مرۆڤيان به‌خالقي كرده‌وه‌كاني خۆيان زانيوه‌.

سێ يه‌م بنه‌ما( الوعد واالوعيد), به‌پێويستيان زانيوه‌ كه‌وا خوداى گه‌وره‌ ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى داويه‌تي له‌پاداشت دانه‌وه‌ى چاكه‌كاران و سزا داني خراپه‌كاران جێ به‌جێي بكات و خۆئه‌گه‌ر خودا سزاى خراپه‌كاران نه‌دات به‌ڵێني به‌جێ نه‌هێناوه‌.

چواره‌م بنه‌ما ( المنزلة بين المنزلتين), كه‌سي ئه‌نجامده‌ري تاواني گه‌وره‌ نه‌بڕواداري ته‌واوه‌ و نه‌ بێ باوه‌ريشه‌.(7).

پێنجه‌م بنه‌ما( الأمر بالمعروف والنهي عن المنكر), پێيان وابوه‌ كه‌وا پێويسته‌ هه‌موو كه‌سێك فرمان بكات به‌چاكه‌ و رێگري بكات له‌خراپه‌ و له‌م رێگه‌يه‌شه‌وه‌ به‌و باوه‌ره‌گه‌شتون كه‌ ده‌رچوون له‌ حوكمي ده‌وڵه‌تي سته‌م كاريان به‌ پێويست زانيوه‌ و ده‌بێت جه‌نگيان له‌گه‌ل بكرێت(8)

 

ئه‌توانين له‌ كۆتاي ئه‌م لێكۆلينه‌وه‌يه‌ له‌ مێژوي نوێ گه‌راي له‌لاي عه‌قڵانيه‌كان, ( موعته‌زيله‌كان-قورئانيه‌كان- ڕه‌وتي نوێ گه‌راي جه‌ماله‌دين و محمد عه‌بده‌ ..), به‌تێڕوانين له‌ كار و به‌رهه‌مي نوێ گه‌راكان, بگه‌ينه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ى كه‌وا توانرا نوێ گه‌راي و زيندوو راگرتني ئاين له‌لايه‌ن بيرمه‌ندو عه‌قڵانيه‌كانه‌وه‌ .

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

dcrs_1_0

كەسێتیی ئیبراهیم لەنێوان داب‌ونەریتی یەهودی و دەقە ئیسلامیەكاندا

سەروەر پێنجوێنی دەقە یەهودیەكان، لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست كاریگەریی زۆریان …