Home / شوێنەوارى کوردستان / شوێنەوارەكان شوناسی نەتەوەیە

شوێنەوارەكان شوناسی نەتەوەیە

شوێنەوارەكان شوناسی نەتەوەیە

1459408622608

 

گفتوگۆ: ژینۆ عەبدولڵا

گرنگیدان بە شوێنەوارە دێرینە كان گرنگیدانە بە ئەمڕۆو ئایندەمان.

 

گرنگی شوێنەوار چیە، بۆچی میللە تانی خۆرئاوا پاراستنی شوێنە وار و خوشەویستیان زیاترە بۆ كلتوری  شوێنەواناسی،  بەڵام بۆ لای ئێمە میللەتی كورد وانیە، كوردستان لە چ ڕوویە كی شوێنەوارەوە دەوڵەمەندە، بۆ وەڵامدانەوەی،  ئەم تەوەرانە و چەند تەوەرێكی تر، ئەم گفتوگۆیەمان لەگەڵ هاشم حەمە عەبدوڵا بەڕێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی، ئەنجامداو سەرەتاش بەو پرسیارە دەستمان پێكرد، گرنگی شوێنەوار چیە؟

 

زانستی شوێنەوار: ئەو زانستەیە كەگرنگی بەتوێژینەوە‌و لێكۆڵینەوەی ئەو پاشماوە‌و كەرەستەو كەلوپەلانە ئەدات كە مرۆڤــ  لەژیانی رۆژانەی خۆیدا لەسەردەمانی كۆنی بەكاری هێناوە.

ئەو شارستانیە كۆنانەی كە ئێستا تەنیا پاشماوەیان ماوە، چەندین سیفات‌و تایبەتمەندی خۆیان هەبووە لەبیناسازی‌و هونەر‌و نەخش‌و نیگار،  ئەمەش وای كردووە گرنگی بەتوێژینەوە‌و دیراسەكردنی هەموو جومگەكانی ئەو شارستانییە كۆنانە بدرێت و زانیاریان لەسەر كۆبكرێتەوە لە:

 

1-زانینی روخسار‌و شێوەی مرۆڤی كۆن لەرێی توێژینەوەی سیفات‌و پێكهاتەی جەستەی مرۆڤی كۆن‌و بەراوردكردنی لەگەڵ مرۆڤی ئێستادا.

2-زانینی بیروباوەڕی ئایینی كۆن‌و شێوازی پەرستن لەرێی خوێندنەوەی دەقە ئایینە كۆنەكان‌و شێوازی پەرستگاو ئەو پەیكەر‌و پێداویستییانەی لەپەرستگاكاندا بەكارهێنراوە.

3-زانینی هونەری بیناسازی سەردەمەكان‌و بەكارهێنانی نەخش‌و نیگار‌و چۆنیەتی بەكارهێنانی كەرەستەو پێداویستی لەخانوو كۆشك‌و پەرستگاو قەڵاكاندا‌و توێژینەوە لەسەر هونەری نەخش‌و نیگاری ناو كۆشكەكان‌و كاریگەرییان لەسەر سەردەمەكانی تر.

4-زانینی زانستی بایۆلۆجی‌و بەكارهێنانی گژ‌و گیا‌و رووەك بۆ چارەسەری نەخۆشی‌و جوانكاری خانمان.

5-دەوڵەمەندی هەر وڵاتێك بەناوچەی شوێنەواریی، سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی ئەو وڵاتەیە لەرێی سەردانیكردنی گەشتیارانی بیناییەوە بۆ ئەو ناوچە شوێنەوارییانە.

6-زانینی رووداوە سروشتییەكانی سەردەمانی كۆن، لەرێی كنەكردنی ناوچە شوێنەوارییەكان‌و زانینی هۆكاری رووخانی ئەو سەردەم‌و شارستانییانە لەرێی زانینی رووداوی سروشتی وەك بومەلەرزەو لافاوو زریانی گەورە.

7-زانینی نەریت‌و چۆنیەتی ژیانی ئێستای ناوچەكە هۆكارێكە بۆ زانینی چۆنیەتی ژیانی كۆنی ناوچەكەو چۆنیەتی بەكارهێنانی كەرەستەو پێداویستی لەسەردەمە كۆنەكاندا.

 

بۆچی میللەتانی رۆژئاوا پاراستنی شوێنەوار‌و كەلتوریان لا مەبەستە؟

1-ئەو وڵاتانە لەرووی قەوارەی سیاسییەوە، وڵاتی خۆیان هەیەو خۆیان حوكمڕانی خۆین دەكەن‌و  گەر كەوتبێتنە ژێر دەسەڵاتی بێگانەشەوە ئەوا بۆ ماوەیەكی زۆر نەبووەو خۆیان حوكمڕانی خۆیان كردووەو یاساو رێسای پتەویان داناوە بۆ پارێزگاریكردنی شوێنەوارەكانیان.

2-جێگیری بارودۆخی دارایی‌و بەرقەراربوونی ئاسایشی وڵاتەكانیان هۆكارێكی گرنگ بووە بۆ گرنگیدان بەشوێنەوارەكانیان‌و ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەسەریان‌و سوود وەرگرتن لەتەكنەلۆجیای نوێ‌ بۆ توێژینەوەی زانستی لەسەر ناوچە شوێنەواریەكان‌و شیكاری تاقیگەیی لەسەر مێژوویی پارچە شوێنەوارییەكان.

3-لەسەدەكانی ناوەراستدا، كڵێسە باڵا دەست بووەو بودجەی زۆری بۆ گەڕان‌و پشكنین لەرێی گەڕیدەكانەوە تەرخانكردووە‌و زانیاری زۆریان لەسەر مێژوو و شوێنەوار‌و جوگرافیا‌و دابونەریتی ئەو وڵاتانەی لەژێر دەسەڵاتیان بووە تۆمار كردووە. ئەمەش وای كرد كە گرنگی زۆر بەشوێنەوار‌و مێژووی ئەو وڵاتانە بدەن‌و بەشێكی زۆری پارچەو پەیكەری شوێنەواری ببەنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان‌و سەرەتا لەكۆشكی پاشاكان‌و دواتر لەمۆزەخانەكان نمایش كران.

 

بۆ لای ئێمەی كورد وانییە؟

گەر بگەرێینەوە بۆ مێژوو، خاكی كوردستان شوێنی یەكلاكردنەوەی ململانێی نێوان دەوڵەتە زلهێزەكان بووەو سەقامگیری سیاسی‌و ئابووری ئەوتۆی بەخۆوە نەبینیوە كە ببێتە هۆی گرنگیدان بە شوناس‌و مێژوو و كەلتوور‌و پاراستنیان لەفەوتاندن، گەر زۆر دوور نەڕۆین و بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی میرنشینی بابانییەكان، دەبینین بەهۆی ململانێ لەسەر دەسەڵات‌و دەستێوەردانی بێگانە، میرە بابانییەكان شوێنەوارێكی ئەوتۆیان بۆ بەجێ‌ نەهێشتووین، جگە لەوەش پێگەی جوگرافی هەر یەك لەمیرنشینە كوردییەكان كارێكی وای كردووە كە نەتوانن حوكمڕانی هەموو خاكی كوردستان بكەن‌و بەشێكی لەژێر دەستی عوسمانی‌و بەشێكی لەژێر دەستی ئێرانییەكاندا بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی زۆری نەخش‌و قەڵاو شوێنەوارەكانمان ماون‌و بەشێوەیەكی وا نەشێوێنراو‌و تێك نەدراون كە ببێتە هۆی سڕینەوەی یەكجارەكیان. هۆكارێكی گرنگی تریش ئەوەیە كە كورد بەدرێژایی مێژوو خۆی حوكمڕانی خۆی نەكردووەو بەردەوام دەسەڵاتی عەرەب‌و فارس‌و تورك حوكمی كردووەو ئەم دەسەڵاتانەش هەوڵیانداوە مۆركی نەتەوەیی لای تاكی كورد بسڕننەوەو شوێنەوارەكانیان بەمەبەست تێكداوەو تاوەكو نیشانی بدەن كە باوباپیرانی كورد خاوەنی شارستانییەتی خۆیان نەبوون.

 

ئەوەندی ئەوروپی‌و ئەمریكییەكان گرنگی بەشوێنەواری كوردستان ئەدەن خۆمان گرنگی پێ‌ نادەین؟

لەبەر ئەو هۆكارانەی پێشتر ئاماژەمان پێ‌ دا، شوێنەواراناسانی كوردستان هێندە زۆر نین‌و ئەزموون‌و شارەزایی‌و پسپۆڕیان لەسەر مێژووی كۆنی كوردستان‌و خوێندنەوەی نووسینە كۆنەكان نییە تاوەكو بتوانن بەشێوەیەكی زانستی كاری كنەو پشكنین ئەنجام بدەن، تاوەكو ئێستاش لەزۆربەی كنەو پشكنینە خۆماڵییەكان پەنا بۆ شوێنەوارناسانی عەرەبی عێراقی دەبەین، چونكە ئەوان ئەزموون‌و شارەزاییان لەشوێنەوارناسانی كورد زیاترە‌و كنەو پشكنینش بودجەیەكی زۆری پێویستەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش گرنگی زیاتری بەسێكتەرەكانی تری ژیانی خەڵكی كوردستان داوە.

لەگەڵ ئەوەشدا سەقامگیری باری ئارامی هەرێمی كوردستان‌و رێگەدان بەتیمە شوێنەوارییە بیانییەكان كە بێنە هەرێمی كوردستان، كارێكی وای كردووە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە تیمە بیانییەكان رووبكەنە هەرێمی كوردستان‌و كنەو پشكنینی تێدا ئەنجام بدەن، خۆشبەختانە تیمێكی زۆری ئەوروپی‌و ئەمریكی‌و یابانیش لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی سلێمانی‌و هەولێر‌و دهۆك‌و هەڵەبجە كاری رووپێوی شوێنەواری‌و كنەو پشكنین ئەنجام ئەدەن‌و زانیاری زۆر لەسەر مێژووی كۆنی ناوچەكە پێشكەش بەئێمە دەكەن، جگە لەوەی بەپێی یاسای شوێنەواری عێراقی هەر پارچە شوێنەوارێك لەكاتی كنەو پشكنین دەردەهێنرێت لەهەرێمی كوردستان دەپارێزرێت‌و رێگەیان پێ‌ نادرێت لەگەڵ خۆیاندا بیبەنە دەرەوە‌و لەمۆزەخانەكانی كوردستان دەمێنێتەوە. هۆكارێكی تری پاڵنەر بۆ تیمە بیانییەكان كە بێنە هەرێمی كوردستان بۆ كنەو پشكنین ئەوەیە كە شوێنەوارەكانی كوردستان پێشتر توێژینەوەی زانستی شوێنەواری لەسەر نەكراوەو ئەمەش بۆ ئەوان خاڵێكی زۆر گرنگەو بۆ ئێمەش بەهەمان شێوە گرنگە چونكە بەشێوەیەكی زانستی توێژینەوەی خۆیان ئەنجام ئەدەن بەنوێنەرایەتی شوێنەوارناسانی بەرێوەبەرێتییەكانی هەولێر‌و سلێمانی‌و دهۆك‌و هەڵەبجەو سۆران.

 

كوردستان لە چ روویەكی شوێنەوارەوە دەوڵەمەندە و درێژترین دەقی نووسینی شاهانە لە كوردستاندا كامەیە؟

 

كوردستان لەرووی گردو تەپۆڵكەی شوێنەوارییەوە زۆر دەوڵەمەندە‌و ئەم گردو تەپۆڵكانەش مێژووی كۆنی كوردستانیان لەئامێزدا گرتووەو تاوەكو ئێستا پاراستوویانەو چاوەڕێی كنەو پشكنینی زانستی شوێنەوارین.

بۆ نمونە یەكێك لەو شوێنە گرنگانەی كە لە كوردستاندا هەیە شوێنەواری پەیكوڵیە، ئەم بەردە نووسراوانەی لەمۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە درێژترین دەقی نووسینی شاهانەی ساسانییە لەجیهاندا. مۆنۆمێنتی پەیكوڵی لەلایەن پادشای ساسانی نەرسە لە (293-302/3ز) بیناكراوە. مۆنۆمێنتەكە كەوتوەتە دۆڵێك لە ڕۆژئاوای ناوەڕاستی چیاكانی زاگرۆس، ئەوپەڕی باشوری  زنجیرە شاخی قەرەداغ. ئەم شوێنەوارە نزیكەی 100كم لەباشوری شاری سلێمانیەوە دورە. مۆنۆمێنتەكە دروست كرا كاتێك كە پیاوماقوڵان و خانەدانەكانی شانشینی ساسانیەكان چاوەڕێی گەیشتنی نەرسە بوون بۆپێدانی متمانە وپەسەندی بكەن وەك پاشای ئیمپراتۆریەتی ساسانی.

بەهۆی ترسی بەتاڵان بردنی لەكۆتایی سەدەی بیستدا، لەپێناوی پارێزگاریكردنی بەشی زۆری بەردە نووسراوەكانی پەیكوڵی‌و پەیكەرەكانی نەرسی گواسترانەوە بۆ مۆزەخانەی سلێمانی.

لەئێستادا 106 بەردی نووسراوو پارچە بەردی بچووك كە بۆ هەردوو زمانی پەهلەوی ساسانی‌و پەهلەوی ئەشكانی دەگەڕێتەوە لێرەدا پارێزراوە، لەراستیدا بەردەكانی پەیكوڵی لەنێوان شوێنە دۆزراوەكان كە لەناوچەكە پارێزراوە، دەریدەخات كە كوردستانی ئێستا لەسەردەمانێكدا دووڕیانێكی رێڕەوی ستراتیجی دڵی ئیمپراتۆریەتێكی مەزن بووە.

ڕوونیشكردەوە، پارچە نەخشێنراوەكانی نێو كۆمەڵەكەی پەیكوڵی، تیشك دەخەنە سەر روخساری هەیكەلی بنەڕەتی یادگارییەكە، بەردە رووچاڵەكان‌و كۆڵەكەی سێ‌ چارەك‌و بنكەی شێوە جەرەسی، هەردوو دیوار‌و لوتكەكەی رازاندۆتەوە.

لەنێوان رەگەزە نەخشێنراوەكاندا پەیكەرە گەورەكانی نەرسی جوانترین شێوازی روخساری شاهانەی ساسانی دەردەخات، چوار نیوە پەیكەر بەهەمان بەرزی‌و هەمان شێوە نەخشێنراوە، هێرزفێڵد وای بۆ دەچێت كە هەر یەكێكیان لەناوەڕاستی هەر دێواریكیدا بەشێكی دانەبڕاوی بیناكە بێت.

بەرێوەبەری مۆزەخانەی سلێمانی ئاشكراشی كرد،  پێنجەمین نیوە پەیكەری نەرسی یەكسەر وازی لێهێنراوە‌و بەكار نەهێنراوە، لەقەدی پەیكەرەكەو بەشێكی گەورەی تاجی سەری نەرسی لەگەڵ ئەوەشدا دەموچاو و روخساری پاشا دیار نییە، لەئەنجامدا وا دەردەكەوێت رێك لەپارچە ئەسڵیەكە بچێت، لەگەڵ ئەوەشدا وردەكاری وردی پشتی پەیكەرەكە نموونەیەكی دەگمەنی هەمە لایەنەی پەیكەری ساسانیمان پێشكەش ئەكات.

هاوكات دەقی ساسانی هەشت چینی بەردەكانە كە تێكڕا 46 دێڕە، بەپێچەوانەوە دەقی ئەشكانی پێكهاتووە لە 43 دێڕ كە 7 چینی داپۆشیوە، بەداخەوە تەنیا یەك چینیش لەكۆی هەموو بەردە نووسراوەكان نەپارێزرا، نە لەئێستا و نە لەرابردوودا كە 146 دانەیە، هێمای نووسینەكان زۆر بەباشی  هەڵكەندراوە، وشەكان‌و بۆشایی نێوانیان زۆر بەرێكی دانراوە لەشێوەو قەبارەدا، سەرەراِی ئەوەش خوێندنەوەی دەقەكە ئاسانە، بۆیە پێی دەوترێت یادگارییەكی مەزن، لەنەخشی ساسانیدا  لەسەدەی سێیەمی زاینیدا باو بووە، بەشێوەیەكی باش هەموو هێمایەك لەوەی تر جیاكراوەتەوە، كە لەپەیكوڵیدا بەكارهێنراوە، لە ساڵی 2006 بەدواوە، بەهەماهەنگی لەگەڵ مۆزخانەی سلێمانی، تیمێكی پسپۆڕی ئیتاڵی، لێكۆڵینەوە لەشوێنەوارەكە دەكەن، رابەرایەتی رووپێوێكی فراوانی دۆڵەكە‌و خوێندنەوەی هێماكانی دەكەن كە ئێستا لەمۆزەخانە پارێزراوە.

ئەنجامی توێژینەوەو خوێندنەوەی بەردەكان لەمەراسیمێكدا لەهۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی خرایە روو لەلایەن پرۆفیسۆر كارلۆ چیریتی سەرۆكی تیمی شوێنەواری ئیتاڵی‌و دكتۆر جۆن فیلیپۆ پسپۆڕی خوێندنەوەی هەردوو زمانەكە، هەردوو بەڕێزان، تیشكیان خستە سەر ئەنجامی ئەو كارانەی كردوویانە بەهاوبەشی لەگەڵ تیمی شوێنەواری سلێمانی لەماوەی (2006-2015) لەرووپێوی شوێنەواری پەیكوڵی‌و كنەو پشكنین تێیداو خوێندنەوەی بەردە نووسراوەكان كە ئێستا لەمۆزەخانەی سلێمانی پارێزراوە.

About زريان احمد

Check Also

ئەشکەوتی گەلیمگۆش

هه‌ڵكه‌وت پشده‌ری لە بیست ساڵی رابردوودا، ڕەچەڵەک، دەرکەوتن، بڵاوبوونەوە و نیشتەجێیەکانی مرۆڤی نوێ (هۆمۆسایپیان) لە …