Home / بەشی مێژووی كورد / رۆلی پاشای گەورە لە گرنگی دان بە زانست و کتێبخانە

رۆلی پاشای گەورە لە گرنگی دان بە زانست و کتێبخانە

 

 

رۆلی پاشای گەورە لە گرنگی دان بە زانست و کتێبخانە

1459184488837

 

قسە کردن لە سەر زانست و خوێندن لە کوردستان ، دەبێت بگەرێینەوە بۆ مێژووێکی کۆن لە حوجرەو مزگەوت و تەکیەو خانەقا و مەدرەسە ئاینیەکان، دەسپێکی ئەم کاروانەش، دەگەرێتەوە بۆ چەند گوندو شار وشارۆچکەیەک کە ھەندێکیان بوونەتە مەڵبەندێکی گەورەی ئاین و زانست و خوێندن،کە لە سەر دەستی زاناو رۆشنبیر و مەلا و شێخ و مامۆستا ئاینیەکان بووە ،

یاسین برایم

تیدا رۆلی گەورەیان گێراوە لە بڵاوکردنەوەی چرای زانست و خوێندەوارکردنی خەڵک .ئەگەر بڕوانیینە میرنشینە کوردیەکان لایەنی زانست و خوێندنیان فرامۆش نەکردووە ، ئەگەر چی مێژوونووسان و رۆشنبیران کە باس لە میرنشینەکان دەکەن تەنھا شەرو شۆرو دووبەرەکی و زوڵم و ستەمی و ئازایەتی پاشا و میرەکان و لایەنی سەربازی و سیاسەت و سنووری فراوانخوازیەکانیان دەخەنەروو ،لایەنە رۆشنبیری و زانست و شارستانیەتەکەی بەکەم سەیردەکەن و یاخود وەک پێویست گرنگی پێنادەن .لەم نووسینە پەنجەیەکی ڕاستی حاشا ھەڵنەگر دەخەینە سەر میرنشینی سۆران بە تایبەتی لە سەردەمی پاشای گەورە ، کە چۆن گرنگی بە خوێندن و زانست و کتێبخانەی داوە. چۆن رواندزی کردۆتە مەڵبەندێکی گەورەی زانست ورۆشنبیری و مەعریفە .خۆ میرنشینەکانی تریش ھەروابوون ” تەنانەت ئەومەدرەسە گەورانەش کە میرانی سەردەمی خۆیان دروستیان کردوون و لەو سەردەمانەدا ناوبانگی زۆریان ھەبووەو بەکەڵە مەلای ئەو چەرخە و فەقێی زیرەکی ھەموو ناوچەکانی کوردستان ئاوەدان بووە ….(المدرسە الجدیدە)لە شاری رەواندوز و چەندین مەدرەسەی تر ھەرناوەکانیان ماوەو، ئەو دەورەی کە لە کاتی خۆی گێڕاویانە ولە خزمەت بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریدا…. ١”

ئەم گرنگیدانەی پاشای گەورە لە بواری رۆشنبیری و زانست بۆ رۆشنبیری و ھۆشیاری و تێگەیشتووی و کارامەی خودی خۆی بووە ، دەبینین لە سەردەستی گەورەترین و ناسراوترین زانای ئەو سەردەمەی میرنشین و کوردستان( ئیبنو ئادەم) پەروەردەکراوەو فێری زانست و زانیاری و قورئان و شەرح بووە . لە کاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتی میرنشینی سۆرانیش ، وەکو وەفایەک و خۆشەویستیەک بۆ ئەم زانا گەورەیە دەیھێنێتە رواندزو مەدرەسەیەکی گەورەیی ئاینی بۆ دروست دەکات ، تا وانە بە قوتابی و فەقێیەکان بڵێتەوە ولە زۆر شوێنی تری کوردستان خەڵک روودەکەنە ئەم مەدرەسەیە . دەتوانین بڵێین بۆ ئەوکات وەکو زانکۆیەک بووەو لە رووی ناوبانگی و گەورەیی و زانستەکەی ، گەڵێک شوێنی تر لە ژێر قەڵەمڕەوی میرنشینی سۆران خاوەن ناوبانگی خۆیان بوون . نموونە ” ناوی مەڵبەندی (ماوەران) و (خەتێ) و ( کۆیە) و( سۆران )و گەڵێک فێرگەی گەورەی (ھەولێر) و (مووێل ) و (رەواندوز)و (شەقلاوە) ….ھتد. ٢”. ھەموو ئەمانەش لە لایەن مەلاو گەورە زانایانی کورد بەڕێوەدەبران و فەقێ و قوتابی و منداڵانیان بە زانستەکانی ئەو سەردەمە ئاشنادەکرد و ئەوانەی بەردەوامیش دەبوون لە بەدەستھێنانی زانستەکانی قورئان وتا تەواوکردنی قۆناغەکانی زانست ، ئەوجا مۆڵەتی خوێندنیان وەردەگرت ، دواتر ئەمانیش بەردەوام دەبوون لە خزمەتکردنی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و زانست و خوێندن و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری لە نێو کۆمەڵگای کوردەواری . رۆلی بنەماڵەکانیش بایەخی خۆیان ھەیەو بنەماڵەی وامان ھەیە بۆ چەندین سەدە چرای زانستیان بەردەوام لە گەشانەوە دابووە و ئەمەش بونەتە جێگای شانازی کوردو فێرگەیەکی دەوڵەمەند لە زانست و زانیاری و رۆلیان دیارە لە پێگەیاندن و دروستکردنی زاناو مرۆڤی مەزن . لە میرنشینی سۆرانیش بنەماڵەی وامان ھەیە ، قوتابخانەیەکی گەورە بوینە لە پێگەیاندنی مرۆڤی رۆشنبیروناودار.”لەدەوروبەری شەقلاوەو رواندزو گەلی زانای پایە بەرز و بنەماڵەی دێرین ھەبووە . بەناوبانترین بنەماڵەی ئەو ناوچانە بنەماڵەی (حەیدەری)یە کە پتر لە (٣٠٠) ساڵ لە دەشتی ھەریردا پشتاو پشت سەرۆکی گەورەترین مەڵبەندی زانیاری بوون و زنجیرەیەک ئیجازەی مەلایەتی کوردستان بە زانایانی ئەم بنەماڵەیە پڕ بۆتەوە ، جگە لەو بنەماڵەیەش گەلی ناوی ورشەدارتر ھەن ….٣”

وەکو مێژوونووسان پێمان دەڵێن رواندز لە سەردەمی پاشای گەورە لە گەشەسەندن و پێشکەوتن و ناوبانگی دابووە لە رووی سەربازی و سیاسی و شارستانیەت ودانانی کارگەو دروستکردنی چەک و تۆپ ، لە لایەن وەستا رەجەب و لێدانی دراوی خۆمالی و گەیشتنی میرنشینی سۆران بە ناوبانگیەکی زۆرو ترس خستنە نێو دڵی دەسەڵاتدارانی فارس و عوسمانی . ھەروەھا نووسینی مێژوو و رووداوەکانی ڕۆژ لە (مەلیخا*) کە لە لایەن محەمەد نیگاری نووسەری پاشا ئەنجامدراوە .ئەمەش جۆرێکە لە گرنگی دان بە رووداوەکان و نووسینەوەی کارەسات وشەر و ئەرشیفکردنی کارەکانی میرنشین .لە بواری پەروەردەو فێرکردنیش ئەوا رواندز لەو سەردەمە مەڵبەندێکی گەورە بووە و خەڵک بۆ زانست و زانیاری و فێربوون روویان لەم شارە کردووە،چەندین زانای گەورەی تیدا ھەڵکەوتووە ، بۆیە پاشای گەورە وەک کەسێکی رۆشنبیر و دەسەڵاتدار بە گەورەیی وبە بەرنامەو بریاریکی ژیرانە ئاوڕ لەم بوارە گرنگە دەداتەوە .” لەوەختی خۆیا حەمە پاشای رواندز کە بە پاشای کۆرە ناوبانگی دەرکردبوو لە ھەموو قەڵەمڕەوەی خۆیا ئەمری دەرکردبوو ئەو گوندانەی کە کەمترنین لە پەنجا ماڵ دەبێ مەلاو مەدرەسەو فەقێیان ھەبێ و نان و شیوی ئەم فەقێیانەش دەبێ ھەرماڵێ بۆ خۆی بۆیان بەرێ لە سەر ئەم ڕەوشتەی ئەوان رۆیشتوون….٤”

ھەموومان ئەو ڕاستییە دەزانیین کە پاشای گەورە لە دەرکردنی فەرمان و بڕیارو یاسا ، جێبەجێکردنی چۆن بووە .ئەمەش نیشانەی خەمخۆری و دڵسۆزی و گرنگی دانی بووە بە خوێندن و فێربوون.ئەم بریارەش لە زەمانی خۆی چەسپاوەو کە گوندێک لە پەنجا ماڵ کەمتر نەبێت دەبێ مزگەوت و مەدرەسەی ھەبێ ، ھەم بۆ خودا پەرستی و ھەم بۆ فێرکردنی فەقێ و ئەو قوتابیانەی روو لە حوجرەو مزگەوت دەکەن بۆ فێربوون.بێگومانیش کە مەلای باشیش بۆ گوندەکان دابینکراوون ، خاڵێکی تریش کە جێگای سەرنج و تێڕوانینە، ئەویش دابینکردن (نان و خواردن)لە لایەن خەڵکی گوندەکە ، بۆ ئەو فەقێیانەی لە حوجرەو مەدرەسە خوێندویانە.ئەمەش ھۆکارو ھاندەرێکی باش وبەھێز بووە بۆ ئەو کەسانەی بەردەوام بن لە خوێندن و خەمی زگ ونان و خواردنیان نەبێت، ئەمە ڕاستییەک دەردەخات ، چەند ڕەوشی ژیان و گوزەرانی فەقێ وقوتابی باش بێت ، ئەوەندە زیاتر پەرۆشی زانست و فێربوون دەبێت. تا ئەم ساڵانەی دوایش بە خێوکردنی فەقێ و دابینکردنی نان و خواردن لە ئەستۆی خەڵکی گوندەکان بووە ، ئەمەش نیشانەی زانستدۆستی و خۆشەویستی خەڵک بووە بۆ (ئاینی ئیسلام )و (فەقێ و مزگەوت) و (کتێب وزانست).

لە سەردەمی پاشای گەورە کاروانی زانست و فێربوون لە بڕەو دابووە ، ئەوەش لە سەر دەستی ئەو مرۆڤەمەزنانەی دڵسۆزانە خزمەتی رۆلەکانی خۆیان کردووە، ئەو گرنگی پێدان و بەرەو پێشوەچوونە لە ژێر سایەی قەڵەمڕەوی پاشای گەورەدابووە.ئەگەر سەیرکەین ئەوکتێبخانە گەورەو زەنگینەی پڕکتێب و دەستنووس و سەرچاوەی جۆراوجۆرکە لەو سەردەمە ھەبووە ،لانەیەکی رۆشنبیری و پێگەیاندن بووە. چەندین زانا و نووسەرو رۆشنبیری و شارەزاو کەسایەتی و ناوداری کورد ئەسپی خۆیان تاوداوەو مەشخەڵی زانست و زانیارییان بە نێوکۆمەڵگای کوردەواری ھەڵدەگرت و رێگایان بۆ نەوەکانی خۆیان رووناک دەکردەوە.ئەگەر سەیری بەڵگەنامە مێژوویەکانی عوسمانی بکەین ئەو ڕاستیەمان باش بۆ دەردەکەوێت.

لە ژمارە دووی ساڵنامەی (نفارات المعارفە عمومیە)یە باس لە دام و دەزگاکانی رۆشنبیری و پەروەردەیەکانی ولایەتی مووێل دەکات و لیستێک لە ناوی کتێبخانەکانی کوردستانی تیدایە ، لەوانەیە زۆریش ھەبێت تۆمار نەکرابن ، ئەوی جێگای بایەخە لەم لیستە باس لە دوو کتێبخانەی شاری رواندز دەکات.

یەکەم :کتێبخانەی کورد محەمەد پاشا ، ئەم کتێبخانەیە لە گەرەکی سەرای لە شارۆچکەی رواندز سەر بە پارێزگای ھەولێر لە لایەن محەمەد پاشا_ پاشای کۆرە دامەزراوەو ژمارەی کتێبەکانی (٤٠٠٠)کتێب بووە.٥لە نێو ئەو ھەموو کتێبخانانە ، کتێبخانەی پاشای گەورە زۆرترین کتێبی تێدابووە ، بێجگە لە زمانی دایک ، زمانی تورکی و عەرەبی و فارسی لە خۆگرتووە ،جا بڕوانە بۆ ئەو سەردەمە کتێبخانەیەک بەو دەوڵەمەندییە بوونی ھەبووە ، ئەوە ھیچ گومانی تیدا نییە ئەو کتێبخانەیە کە لە لایەن پاشای گەورە داندرابێت دەبێ چ کتێبی بەنرخ و کۆن و دگمەنی تیدا بێت و چەندین دەستنووس و بەڵگەنامەو حاشیەی بەنرخ لە زانستە جۆراوجۆرەکانی و کتێبەکانی زاناو مەلاوشێخ و شاعیرو کەسایەتیەکانی ئەو شارەو گەلی کوردی تیدابێت. رواندزیش لە رووی دانیشتوانەوە لەوانەیە لە ژمارە کتێبەکان زۆر کەمتر بێت و ئەمەش دەردەخات کە کتێب و خوێندنەوە لەم سەردەمە رۆلی خۆی گیراوەو جێگای بایەخ بووە.ئەگەر بەراورد بکەین دەبینین کتێبخانەی پاشای گەورە دوو ئەوەندەی کتێبخانەکەی مزگەوتی گەورەی ھەولێرە کە ساڵی ١٦٦٩ دروستکراوە.

دووەم: کتێبخانەی ئەم شارە کە ناوی ھاتووە ، کتێبخانەی( پاشا )یە ئەم کتێبخانەیە لە گەرەکی نوعمانییە لە شارۆچکەی رواندز لە لایەن عەبدوڵڵا پاشا دامەزراوە و ژمارەی کتێبەکانی (٣٠٠) کتێب بووە .٦خۆ گەلێک کەسایەتی تریش ھەبووە خاوەن کتێبخانەی تایبەتی خۆی بووە، لە دەوروبەری رواندزیش گەڵێک گوند ھەبووە مەدرەسەی تیدابووەو وانە بە فەقێیان وتراوە، ئەومامۆستایانەی وانەشیان وتووە خاوەن کتێب ونامیلکەو پەڕاوی تایبەت بە خۆیان بوینەو شتیان لەبەردەست دابووە لە سەر برۆن . ھەرھیچ نەبێ ، کۆمەڵێک کتێبیان ھەبووە بۆ فێرکردنی قوتابیەکانی خۆیان.ھەر لە بەر کتێب و گرنگی دان بەکتێبخانە و زانین و پەڵکێشکردنی کتێب بۆ ژێر قەڵمڕەوی خۆی داواکاریەکی زانایەکی گەورەی کورد بە بەڵگە دێنینەوە کە چۆن پاشای گەورە پێشوازی لەداواکەی کردووەو پارەی پێداوە بۆ کڕینی کتێب.

مەلا ئەبوبەکری میررۆستەمی خاوەن کتێبی (وچع واسعارە)و مەلایەکی زۆر چاک بووە لە سەردەمی پاشای گەورە ، جارێکی دەچێتەلای پاشای گەورە. دەفەرمووێ : پاشا کتێبخانەیەک ھەیە لە شاری سەقز دەفرۆشن بە ١٠٠ قڕانە و پارەکەم بدێ و ئەچمە سەقزێ کتێبخانەکە دەکرم و خێری پاشای تیا بێ . پاشاش ١٠٠ قڕانەکەی دەداتێ ….٧

لە داواکاریەکەی ئەم مەلاناسراوە ئەوە تێدەگەین کە پاشای گەورە چۆن ڕێزی لە زانایەکانی خۆی گرتووەو داواکەی بە گرنگ زانیووە و راستەوخۆ بەوە رازی بووەو ، پارەکەی بداتێ و تا کتێبەکانی ئەم کتێبخانەیەی پێ بکڕێت ،ئەمەش پەرۆشی و خەمخۆڕی و دڵسۆزی پاشای گەورە نیشان دەدات لە گرنگی دان بە کتێب و ھێنانی سەرچاوەی جۆراوجۆر بۆ خزمەتکردن و بەرو پێشەوە بردنی خەڵک و میرنشینەکەی خۆی ، تا لەم رێگایە شارستانیەت و رۆشنبیری و پێشکەوتنی خۆی بسەلمێنێت و میرنشینەکەی ، نەک ھەر بەچەک و سوپا ، بەڵکو بە زانست و زانیاری ڕۆژ بە ڕۆژ پتەوترو پێشکەوتووتری بکات.بەداخەوە ئەم کتێبخانە دەوڵەمەندی پاشای گەورە بە ھۆی شەرو ماڵوێڕانی شارەکە فەوتان وبە تایبەتی لە دوای ھەڵگیرسانی جەنگی یەکەمی جیھان و وێرانکردن و سوتاندنی شاری رواندز لە لایەن رووسەکان لە ساڵی ١٩١٦ونبوون و لەناوچوون .ئەمەش گەورەترین زیان نەک بەمێژووی رواندزو میرنشینی سۆران ، بەڵکو بە مێژووی گەلی کورد گەیشت و ئەم گەنجینە بەنرخەی چەندین ساڵەی بابو باپیرانی ئێمە ببێتە خۆڵەمێش و بە سەدان بەڵگەنامەو دەستنووس و نامیلکە وکتێب وحاشیەو نامەی گرانبەھای میرنشین خۆری گەشیان لێمان ئاوا بێت .

لە دوای ڕووخانی میرنشینی سۆران ،خەڵک ھەر تامەزرۆی خوێندنەوەو خۆپێگەیاندن بووە و شاری رواندز پێگەی خۆی لە دەست نادات . ئەوکاتەی مدحەت پاشا ، یەکەم رۆژنامە لە عێراق بە ناوی (الزوراْ **)دەردەکات لە ساڵی ١٨٦٩ . دەبینین لە یەکێک لە ژمارەکانی ئەم رۆژنامەیە ئاماژە بە خوێنەری رۆژنامەکە دەدات لە شاری رواندز لە ژمارە(٧٦٣) ئەم ڕۆژنامەیە ، بەم شێوەیە ھەواڵێک تیدا بڵاوکراوەتەوە (شارۆچکەیەکی لاتەریبی وەکو رواندز لە ساڵی ١٨٧٧ ژمارەی بەشداربوانی گەیشتۆتە ١١ کەس دواتر لەماوەی ساڵێک گەیشتۆتە ٢٩ کەس….٨ئەمەش ھەم لە رووی رۆژنامەگەریەوە گرنگە ، لە ھەمان کاتیش بەڵگەیەکە ھەم وەک خوێنەری رۆژنامەکەو ھەم بوونی رۆشنبیران لە گرنگی دان بە خوێندنەوە چاودێریکردن و بە دواداچوونی زانیاری نوێ بە تایبەتی بۆ ئەو رۆژنامەیەی لە بەغدا دەرچووەو زۆر بە زەحمەت گەیشتۆتە ئەم شارە و وەکو ئێستا رێگاو بان ئاسان نەبووە .ئەوە ڕاستیەکی حاشا ھەڵنەگرە ھەبوونی ئەم پێگە رۆشنبیری و ناوبانگیەی وایکردووە، لە لایەن دەوڵەتی عوسمانی بایەخی پێدەدرێت و ئاورێکی جدی لەم شارە دەدرێتەوە . لەوکاتەی کەسێکی توورک بە ناوی (کەنعان پاشا) دەبێتە موتەسەڕیفی رواندز. لە ساڵی ١٨٩٤یش قوتابخانەی (روشدیە)لە سنجاقەکانی سەر بە ولایەتی مووێڵ بەم شێوەیە کرایەوە .قوتابخانەی ڕوشدیەی کوڕان لە ھەولێر ژمارەی قوتابییەکانی (٢٩) بوو، قوتابخانەی روشدیەی کوڕان لە ڕواندز ژمارەی قوتابییەکانی (٣٠) بوون….٩

ئەگەر ژیرانە چاوێک بە کردنەوەی قوتابخانەی روشدیە بگێرین، ڕواندز بە قوتابییەک زیاترە لە ھەولێر ، ئەمەش بەڵگەیەکە کە عوسمانیەکان بە گرنگی بڕوانە ئەم شارە. ئەم ژمارەیەش بۆ ئەو سەردەمە کەم نییە ، ئاستی رۆشنبیری خەڵکەکەو پەڕۆشبوونیان بۆ زانست و پەروەردە دەردەخات ، کە چۆن خەمخۆڕبوینە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی کارامەو شارەزاوچاوکراوە، ئەمەش بۆ ئەو باگڕاوەندە مێژووی و رۆشنبیری ئەم شارە دەگەرێتەوە، کە بناغەیان لە سەر بنیات ناوە، کە چۆن بە عەشق و خۆشەویستیەوە ئامێز بۆ کتێب و زانست بکەنەوە و خۆیان پەروەردە بکەن.

 

پەڕاوێزو سەرچاوەکان :

١_ محەمەدامین عەلی قەرەداغی ، مێژووی حوجرەو مەدرەسەکانی کوردستان ، گ (واتە) ، شوباتی ٢٠١١، ژ (٧)، ل١٦.

٢_ محەمەدامین عەلی قەرەداغی ،دەقنامە ، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی موکریانی ، بەرگی یەکەم ، چاپی یەکەم ، ھەولێر ، ٢٠٠٨ ، ل ٤٠.

٣_ دەقنامە ، ل ٤١.

* د . ئەسعەد خەیلانی دەڵێ “ئەم مەلیخایە دوو دانە ھەبوو ، یەکێکیان لە کتێبخانەکەی مەلاکەریمی خەیلانی لە ساڵی ١٩٦٣ کتێبخانەکەی سووتاوەو ئەو مەلیخایەش بەرکەوتووە .دانەی دووەمیش لای حوزنی موکریانیە” .ھەفتەنامەی (بەدرخان) ،٢٤_٤_٢٠١١ ، ژ(١٥٥)، ل٣.

٤_ گۆڤاری (واتە) ، ل٢١ .

٥_عەلی کەندی ، ئینسکلۆپیدیای مێژوونامە ، بەرگی یەکەم ، چاپی یەکەم ، ھەولێر ، ٢٠٠٩ ، ل٦٤٧_٦٤٨.

٦_ سەرچاوەی پێشوو ،٦٤٨.

٧_ مەلا محەمەدی عەلیاوەیی ، غەمڕەوێن ، بەرگی یەکەم ، ھەولێر ، ٢٠٠٩ ، ل١٥٩.

** (الزوراْ ) ئەم رۆژنامەیە لە (١٥)ی حوزەیرانی ١٨٦٩ بە ھەردوو زمانی تورکی و عەرەبی بابەتەکانی بڵاوکردۆتەوە و تاساڵی (١٩١٧)ە و ھاتنی ئینگلیزەکان بۆ بەغدا بەردەوام بووە ، ئەو رۆژنامەیە بە سەریەکەوە (٢٦٠٦)ژمارەی لێ چاپ کراوە، دەوروبەری (٤٨) ساڵ ژیاوە ، ئەمەش بە تەمەنترین و بەناوبانگترین رۆژنامەیە لە مێژووی عێراق. سەرچاوە : یاسین برایم ، کاروانی دیرۆکی رۆژنامەگەری کوردی لە رواندز ، ھەفتەنامەی(زاری کرمانجی)، ژ (٩٤)، ٢٣_٤_٢٠٠٧ ، ل٨.

٨_ ئیبراھیم تۆفیق سەیدا ، یەکەمین ڕۆژنامەی عێراق (الزوراْ )لە رواندز دەفرۆشرا ، گ (ئاڕاستە) ، ژ (١)، ٢٠٠٧ ، ل ٣٦.

٩_غازی حەسەن ، خوێندەواری ڕێگەیەکی سەخت و درێژ لە کوردستاندا،دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس ، ھەولێر ،٢٠٠٨ ل١٣.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …