Home / بەشی مێژووی كورد / کۆمەڵکوژی کۆمەڵە بە دەستی سوپای پاسداران

کۆمەڵکوژی کۆمەڵە بە دەستی سوپای پاسداران

کۆمەڵکوژی کۆمەڵە بە دەستی سوپای پاسداران

61632016_as cdef vb

ڕاپۆرتی: هونەر حەمەڕەشیدو ئەرسەلان یارئەحمەدی 
ئایا بیستووتە لە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەدا دەیان پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی كوردستان یان بە كیمیایی یان بە دەستی سوپای پاسداران كۆمەڵكوژ كراون؟ چیرۆكی ئەوان لە پەنای كارەساتە مەزنەكەدا خامۆش بووه،‌ ئەوان كاتێ دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لە خەباتی چەكدارییدا بوون لە دامێنی چیای سورێن بنكە و بارەگایان دانابوو، كەچی خاغڵگیرانە كەوتنە داوی ئەو پاسدارانەی كە بە ناوی هێرش بۆ سەر هەڵەبجە هێنرابوونە سەر سنوور.

هێشتا روون نییە چۆن نزیكەی هەزار چەكداری كۆمەڵە و دیموكرات لەبەردەم هێزێكی زەبەلاح و پڕ چەكی پاسداران لە دامێنی چیای سورێن لە باكووری شاری هەڵەبجە دەمێننەوە كاتێ دەزانن كە ئەوان بە نیازی هێرشێكی بەربڵاون بۆ سەر هەڵەبجە و دەریاچەی سیروان؟ ئایا ئەو دوو حیزبه گەورەی رۆژهەڵات‌ هێندە بێ ئاگا و بێ زانیاریی بوون لە مەرامی كۆماری ئیسلامی ئێران؟

ئەی هاوكاری حیزبەكانی باشووری كوردستان –یەكێتی، بزووتنەوەی ئیسلامی، سۆسیالیست،شیوعی- كە لە پاڵ سوپای پاسداران نەخشەی رزگاركردنی هەڵەبجە دەكێشن چی بووە بۆ قوتاركردنی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات؟ دوای 28 لە كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بەشێك لەو چیرۆكانە دەگێڕینەوە كە بەسەر ئەو دوو حیزبەی رۆژهەڵاتدا هاتوون.

سەرەتای چیرۆكەكە
رۆژی 13/3/1988 سوپای پاسدارانی ئێران لە پاڵ بەشێك لە پێشمەرگەكانی باشووری كوردستان لەسێ‌ قۆڵەوە- ناوچەی نەورۆڵ، ئەحمەدئاوا، هەورامان- هێرشیان كردە سەر شاری هەڵەبجە و دەشتی سیروان و پردی زەڵم. مەرامی سوپای پاسدارانی ئێران پێكانی دوو ئامانجی سەرەكی بوو لەم هێرشەدا یەكەم: كۆتاییەكانی شەڕی ئێران عێراق نزیكبوو ئەوكات ئێران ناوچەی (فاو)ی لە باشووری عێراق كۆنتڕۆڵ كردبوو، سوپای عێراق فشارێكی زۆری لەسەر سوپای پاسداران لەو ناوچەیە دروستكردبوو، ئێرانیش بۆ كەمكردنەوەی ئەو فشارانە هێرشی بۆ سەر هەڵەبجە دەستپێكرد. 

دووەم: ئێران دەیویست لەم هێرشەدا زەبرێكی كوشندە لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە چەكدارەكانی لە ناوچەی هەڵەبجە و هەورامان بووەشێنێ. ئەوكاتە رێكخراوی زەحمەتكێشانی ئێران- كۆمەڵە ‌و حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران بارەگایان لەو ناوچەیە هەبوو كۆمەڵە بە هێزێكی 100 كەسی و دیموكراتیش نزیكەی 1000 كەس.

ئەو رۆژەی ئێران نزیك دەبێتەوە لە هەورامان تاریك و لێڵەی رۆژی 12ی ئازار، بە فێڵ دەست دەكات بە جێبەجێكردنی نەخشەی پەلاماردانی پێشمەرگەكانی كۆمەڵە و دیموكرات‌ كە لە بیارە و گوندی هاوار (كە گوندێكی كاكەییەكانی هەڵەبجەیە) پێشمەرگەكانی كۆمەڵە ژمارەیان 72 كەسە و لە بیارە بارەگایان داناوە و دیموكراتیش لە دەوروبەری هاوارن.
    
لە شەڕێكی سەختدا لە نێوان پێشمەرگەكانی دیموكرات و پاسداران، سێ پێشمەرگەی دیموكرات شەهید دەبن و دوو دیكە بریندار دەبن، بەڵام پاسداران ناتوانن نزیكی بارەگاكان ببنەوە. وا دیارە ئێران نەخشە و پلانەكانی واز لێدێنێ بۆ ئەو كاتەی هێرشە گەورەكە بۆ سەر هەڵەبجە دەست پێدەكات.

دیموكرات ئاگادارە و كۆمەڵە بێ ئاگا
رێككەوتێكی سەیرە، بەرپرسانی دیموكرات و كۆمەڵه كە لەو كارەساتەدا لە ناوچەی هەڵەبجە و هەوارامان بوون دوو باسی جیاواز دەگێڕنەوە سەبارەت بە ئاگاداركردنەوەیان لە مەرام و پیلانەكانی ئێران. لە كاتێكدا ئەو كاتەدا هەردوو حیزب لەگەڵ حیزبەكانی باشوور نێوانیان ئاسایی بووە و لە نزیكەوە ئاگاداری پلانەكانی رزگاركردنی هەڵەبجەبوون.

‌گوردانی شوان كە هێزێكی 74 كەسی پێشمەرگەكانی كۆمەڵەیە و لە بیارە جێگیربوون، تا رۆژی 16ی مانگ رۆژی كارەساتەكەی هەڵەبجە ئاگادار نەبوون ئێران هێرش دەباتە سەریان. لەو رۆژەدا كاتێ دەزانن كە كات درەنگی كردووە و دەرفەتی قوتاربوون نەماوە بۆیە توشی سەر لێشێوان دەبن.

لەو گوردانە تەنیا دوو كەس رزگاریان بووە و 72 یان شەهید كراون. یەكێك لە رزگاربووەكان ژنێكە بەناوی (نەسرین رەمەزانعەلی) نەسرین ئێستا لە ئەوروپا دەژی و ئەندامی رێبەریی حیزبی رێكخراوی كۆمۆنیزمی كرێكارانی ئێرانە لە لێدوانێكدا بۆ گۆڤاری شار نكوڵی لەوە دەكات لە مەرام و پیلانەكانی ئێران ئاگادار كرابنەوە.

نەسرین دەڵێ: ” ئێمە ئاگادار نەبووین و نازانم بەرپرسانی حیزبەكانی باشوور بەرپرسانی ئێمەیان ئاگادار كردووەتەوە یان نا. تازە كار لەكارترازابوو بڕیاربوو لەنزیك شارۆچكەی سیروان ئێمە بە هاوكاری هێزێكی حیزبمان  بەكەڵك وەرگرتن لە بەلەم و قایەق بپەڕینەوە بۆ ئەوبەری ئاوی سیروان، ئەو بەلەمەی كە بۆ هاوكاری ئێمە هاتبوو كەوتە كەمینی پاسدارانەوە و چوار كەسیان شەهیدبوون. دواتر هێزەكانی گوردانی شوانیش پێكڕا كەوتنە كەمینەوە.”

نەسرین ئێستا بەمجۆرە ئەو رووداوە هەڵدەسەنگێنێ ” ‌هێزە ناسیۆنالیستەكانی كوردستانی عێراق بە هۆكاری سەرەكی ئەو كارەساتە دەزانم چونكە كەوتنە بەر جاش و پاسدارانی ئێران و هێنایانن بۆ كوردستان. جاش و پاسداران تەنانەت بەسەر تەرمی خەڵكی بێ تاوانی هەڵەبجەدا دەرۆشتن و دەستیان كرد بە تاڵانی و دزیی لە ماڵ و سامانی ئەو خەڵكە لێقەوماوە.”

تێكڕا لە هێزی گوردانی شوان 60 پێشمەرگەیان لە دەوروبەری سیروان كۆمەڵكوژكران یان كەوتنە ناو دەریاچە و 12 پێشمەرگەش بە برینداری كە بە گوللە و چەكی كیمیایی پێكرابوون بە دیلی كەوتنە دەستی پاسداران و دواتر لە شاری سنە ئیعدام كران.

ئەحمەد ساڵحی ئەندامی سكرتارێتی ئێستای كۆمەڵە كە ئەوكات لە ناوچەی باساك‌و چنارە لە نزیك دەربەندیخان بووە،دەڵێ لە نزیكەوە ئاگاداری رووداوەكانی ئەوكات بووە چونكە بە بەردەوامی بە ئامێری بێتەل پەیوەندییان لەگەڵ پێشمەرگەكانی گوردانی شوان ‎هەبووە.

ساڵحی سەبارەت بە كارەساتی كۆمەڵكوژیی گوردانی شوان لێدوانی بۆ گۆڤاری شار دا تێیدا وتی: ” دوای ئەوەی هاوڕێیانمان كە ژمارەیان 72 دوو كەس بوو زانییان سوپای پاسداران لە سەروبەندی هێرشدایە بۆ سەر هەڵەبجە و ئەوانیش ئامانجن، هەوڵیانداوە خۆیان لەو پیلانە دەرباز بكەن. بۆ ئەمە چەند رێگەیەكیان لە بەردەست بووە. رێگەی یەكەم ئەوە بووە لە بیارەوە رووەو ئێران بڕۆن، كە ئەمە رێگەیەكی مەترسیداربووە، بۆیە هەڵیاننەبژرادبوو، رێگەی دووەم پەڕینەوەبووە بە شاخی سورێندا، بەڵام بەهۆی ناشارەزایی ناوچەكه،‌ ئەو رێگەشیان هەڵنەبژاردووە، رێگەی سێیەم رۆشتن بووە بەرەو ناو شاری هەڵەبجە بۆ ئەوەی لە رووباری سیروان بپەڕنەوە بۆ ناوچەكانی باساك‌و چنارە.”

بساڵحی درێژەی پێدەدا “دوای ئەوەی رێگەی سێیەمیان هەڵبژارد، رۆژی 16 ی مانگ ئەو 72 پێشمەرگەیە بە ئاراستەی رووباری سیروان هاتوون تا ئێوارەی هەمان رۆژ گەیشتوون بەرووبار، لەوێ ئامادەكارییان كردووە بە بەلەم بپەڕنەوە، بەڵام هێزەكانی ئێران پێیانزانیون‌و شەڕو پێكادان لەنێوانیاندا روویداوە و تا بەرەبەیان درێژەی هەبووە. بەهۆی ناهاوسەنگی هێزو كاریگەریی چەكی كیمیایی لەسەر هاوڕێكانمان، رۆژی 17ی مانگ 60 كەس لەو هاوڕێیانەمان شەهیدبوون و 12 تریان بە زیندوویی كەوتوونەتە دەست پاسداران. دواتر ئەوانیش لە سنە لەسێدارە دران.”

بەڵام بەرپرسانی حیزبی دیموكرات دەڵێن كە لە لایەن یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ئاگاداركراونەتەوە لەو پیلانەی ئێران، بۆیە رەنگە ئەوە هۆكارێكی باش بووبێ كە دیموكرات قوربانی زۆر كەمتربووە لە كۆمەڵە.

كاوە بەهرامی یەكێ لە بەرپرسانی ئەو كاتی كۆمیتەی هەورامانی دیموكرات بۆ گۆڤاری شار دەڵێ: “بەهۆی ئەوەی تێكەڵاوییەكی زۆرمان لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتی لەو ناوچەیە هەبوو، پێشتر لەلایەن بەرپرسانی یەكێتییەوە ئاگاداركراینەوە كە هێزەكانی سوپای پاسداران هێرش دەكەنە سەر هەڵەبجەو بڕیاروایە هەتا سلێمانی بگرن‌. هەروەها پێیان وترابوو كە دواتر ناوچە ئازادكراوەكان رادەستی هێزە كوردییەكان دەكەن‌. وتیشیان پاسداران هێرش ناكەنە سەر بنكەكانی دیموكرات‌ گوایە یەكێتی‌و ئێران لەسەر ئەوە رێككەوتبوون!.”

بەهرامی زیاتر لەسەری رۆیش و وتی: ” بەهۆی ئەوەی رێبەرایەتی ئێمە باش لە پیلان و مەرامی رژێمی ئێران تێگەیشتبوو، بە مەبەستی پێشگرتن لە ئاوارەبوونی ئەندامان‌و لایەنگرانمان لە سنووری (نەوسود) كە لەژێر كۆنترۆڵی ئێمەدا بوو، بڕیاردرا هەموو هێزەكەمان كە بریتی بوون لە ٨٥٠ پێشمەرگە بخرێنە دۆخی ئامادەوەو هێزەكانی یەكێتیشمان ئاگاداركردەوە كە بنكەو بارەگاكانمان ئامانجی سەرەكی پەلامارەكەی ئێران دەبێ.”

بەپێی گێڕانەوەكانی بەهرامی بە گشتی پێشمەرگەكانی دیموكرات و پاسداران لە گوندی هاوار ١٨ سەعات شەڕیان كردووە و هێزەكانی ئێران تێكشاون و سێ پێشمەرگەی دیموكرات شەهیدو دووی دیكە برینداربوون.

بەهرامی ئەو كات بەرپرسیاری سەرەكی پێشمەرگەكانی دیموكرات بووە لەو ناوچەیە و چۆنێتی دەربازكردنی پێشمەرگەكانیان بەمجۆرە دەگێڕێتەوە

“دوای ئەوەی زانیمان پردی زەڵم تەقێنراوەتەوە، بۆ پاراستنی ئەندامەكانمان پاشەكشەمان كرد ئێمە كادرو پێشمەرگەكانمان لە عەنەب كۆكردەوەو ئەوانەی كە بەهۆی گازی كیمیاییەوە برینداربوون گەڕاندەوە بۆ شاری پاوەو دوای كۆبوونەوەیەكی رێبەرایەتی ئەو كات، من وەكو فەرماندەی گشتی هێزەكان ئەركی دەربازكردنی ٨٥٠ كادیرو پێشمەرگەو بنەماڵەكانیانم پێسپێردرا. لەیەكەم هەنگاودا ئێمە پەیوەندیمان بە یەكێتی‌و سۆسیالیستەوە كرد كە هاوكاریمان بكەن‌و پاش دوو رۆژ بە هانامانەوە هاتن‌. كادیرێكی یەكێتی‌و دووی سۆسیالیست كە  بەداخەوە یەكێكیان لە بناری سورێن بەهۆی تۆپبارانی ئێرانەوە شەهیدبوو، هاوكارییان كردین.”

ئەحمەد ساڵحی یەكێ لە بەرپرسانی كۆمەڵە سەبارەت بە ئاگادار نەكردنەوەیان لە پیلانەكانی ئێران وتی: “ئێمە تائێستاش نازانین و سەر دەرناكەین كە هەڤاڵانی حیزبەكانی باشوور ئێمەیان بۆچی لەو هێرشە ئاگادار نەكردەوە، چەند جارێكیش لەكاتی خۆیدا داوای روونكردنەوەمان كرد، كەچی هەر  وەڵامی قانعكەرمان دەست نەكەوتەوە.”

دیسان ناكۆكی كورد
لە سەروەختی روودانی كارەساتی هەڵەبجەدا، حیزبەكانی رۆژهەڵات كە لەو ناوچەیە بارەگایان لە نزیكی یەك هەبوو، بەڵام لە شەڕێكی سەختی ناوخۆ و دەستەو ئێخەدابوون لەگەڵ یەكتر و رووداوی ترسناك لە نێوان پێشمەرگەكانیان رووی دابوو. بۆیە تەبا نەبوون و كاری هاوبەشیان لە نێواندا نەمابوو. كاوە بەهرامی بەرپرسەكەی دیموكرات روونی دەكاتەوە لەو كاتەی یەكێتی هۆشداریی پێدابوون لەسەر پەلاماری پاسداران بۆ سەریان، ئەوانیش بەرپرسانی كۆمەڵە و گوردانی شوانیان ئاگادار كردبووەوە كەچی وەڵامیان وەرنەگرتبۆوە و گوێ بە هۆشداریدانەكەیان نەدراوە!

بەهرامی وتی: “ئێمە پەیوەندییمان بە بەرپرسانی كۆمەڵەوە كرد تا پێكەوە لەو قەیرانە دەربازبین، كەچی ئەوان وەڵامیان نەداینەوەو رێگەیەكی دیكەیان گرتەبەر.”

شەهیدەكان لە باشوور فەرامۆشكراون
بە گشتی كۆمەڵە 60 شەهید و دیموكراتیش سێ شەهیدیان لەو رووداو و كارەساتەدا هەیە لە هەڵەبجە و دەوروبەری روویدا، كەچی تائێستا لە لایەن وەزارەتی كاروباری شەهیدانی كوردستانەوە وەكو شەهید تۆمار نەكراون و هیچ ئیمتیازێك بە كەسوكاریان نادرێت. هەرچەندە بەرپرسانی كۆمەڵەو دیموكرات دەڵێن چەندینجار هەوڵیانداوە لەڕێی وەزارەتی شەهیدانەوە‎ ئەو شەهیدانەیان وەك شەهیدانی هەڵەبجە بۆ ئەژمار بكرێت بێ ئەوەی داوای هیچ ئیمتیازێك بۆ حیزب و كەسوكاریان بكەن.

ئاراس عابد جێگری سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە لە لێدوانێكدا بۆ شار ئاشكرایكرد چەند ساڵێك لەمەوبەر بەرپرسانی كۆمەڵە ناوی شەهیدەكانیان بردووە بۆ كۆمەڵەی قوربانیان و داوایان لێكردوون كە كارئاسانیان بۆ بكەن تا قوربانییەكانیان بە شەهیدی هەڵەبجە تۆمار بكرێن‌. ئەوانیش لەگەڵ ئەوەدان ناوی شەهیدانی كۆمەڵە و دیموكراتیش بخرێتە سەر ناوی شەهیدانی كیمیاباران.

مەحمود حاجی ساڵح وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان بۆ شار وتی: ئەو داواكارییە لەسەردەمی وەزیری مندا پێشكەشنەكراوە، ئەگەر داواكارییەكی لەو جۆرەش بكرێ، ئەوا رێوشوێنی پێویست بۆ ئەو مەبەستە دەگرینەبەر.”

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …