Home / بەشی مێژووی كورد / حەوزە ووشکەکە گێڕانەوەی مێژووی سلێمانی

حەوزە ووشکەکە گێڕانەوەی مێژووی سلێمانی

حەوزە ووشکەکە گێڕانەوەی مێووی سلێمانی

1458976050222

دواڕۆژ، کەیوان قادر:
هەر کەسێک لە شارى سلێمانیدا ژیا بێت، یاخود سەردانی ئەو شارەى کردبێت گوێی لە ناوی بازاڕی حەوزە وشکەکە بووە، بەڵام کەم کەس هەیە بزانێت بۆچی ئەو ناوەى لێنراوەو بۆچی پێی دەوترێت حەوزەوشکەکە.
جەمال بابان; نوسەر و رۆشنبیر، دەڵێت: حەوزە وشکەکە لەلایەن ئەندازیار مستەفا سائیب، مامی هونەرمەند شەماڵ سائیب بنیادنراوە.
بەوتەى شایەتحاڵان لە کاتى خۆیدا ئاوێکى زۆر لەو حەوزەدا هەبووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵانى ٨٠ کانی سەدەی ڕابردوودا سەرچاوەی ئاوەکەی وشکبووەو لە جێگای حەوزەکەش چەند دوکانێک دروستکراوە.
ئەکرەم ساڵحە ڕەش، مێژوونووس بە دواڕۆژی وت “سەرەتا چایخانەی مام نوعمان لەو شوێنەدا هەبووە پاشان لە ساڵی ١٩٢٠ لە سەردەمی مێجەر سۆندا حەوزەکەی بۆ دروستکراوە، حەوزێکی گەورە و چەندین داری تێدابووە، خەڵکی لەم حەوزەوە ئاویان بۆ دوکانەکانیان دەبرد بۆ خواردنەوە و ئاوڕشێنی بەردەم دوکانەکانیان، زۆربەی خەڵکی دەرەوەی شار لای ئەم حەوزە کۆدەبونەوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان هۆکاری کۆبونەوەشیان لێرەدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەم حەوزە دەکەویتە چەقی شارەوە”.
ئاماژەى بەوەشدا لەو کاتەدا چایخانەی مام نوعمانیش هەبووە کە شوێنێکبووە بۆ حەسانەوەی ئەو کەسانەی ڕویان لە شار کردووە، بەوتەى ئەو سەرچاوەی ئەو ئاوەش کە لەو ناوە بووە لە کارێزێکەوە دەهات کە ناوى کارێزی ئەحمەد زەنگەنە بوو، “بەڵام لە کۆتایی ٨٠ کانی سەدەی ڕابردوودا سەرچاوەی ئاوەکەی وشکبوو، لە جێگای حەوزەکەش چەند دوکانێک دروستکراوە، لەو کاتەوە بەم شوێنە دەوترێت حەزە وشکەکە”.
عەتا ڕەجەب یەکێکە لەو کەسانەی لە ساڵی ١٩٢٧ باوکی لە حەوزە وشکەکە دوکانی قوماشی هەبووە و لەسەرەتای تەمەنیەوە لەگەڵ باوکیدا لەو شوێنە کاریکردووە، لە ئێستاشدا دوکانەکەیان دەکەوێتە حەوزە وشکەکەوە.
عەتا وتى “لە دەوروبەری حەوزەکەدا دووکانی هەمەجۆر هەبووە لەوانەش دوکانی گۆڕینەوەی دراو و قوماشفرۆش و پێڵاو فرۆش و تۆمارگای گۆرانی و کۆنە فرۆش و سەرتاشخانە و کڵاشفرۆش…… هتد تێدا بووە”.
بازاڕی حەوزە وشکەکە دەکەوێتە نزیک قەیسەری نەقیبی شاری سلێمانی و سەروو بازاڕی نەورۆز، لە ئێستاشدا یەکێکە لە شوێنە قەرەباڵغەکانى شارى سلێمانى.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …