مێژووی لو باتاکلان

مێژووی لو باتاکلان

 

لەو كاتەوەی كە لەساڵی (1864) ەوە دامەزراوە، سەنتەری شانۆیی (لو باتاكلان) ، چەندین رووداوی مێژوویی بەخۆوە بینیووە، تا ئەوكاتەی لەشەوی هەینی رێكەوتی 13/11/2015 كەوتە بەر ترسناكترین هێرشی تیرۆرستی كە لەمێژووی نوێی فەرەنسادا روویدابێت.
ئەو دامەزراوە هونەرییە، پێشووتر كرابووە نەخۆشخانەیەكی مەیدانی بۆ چارەسەری خێرای بریندارەكانی جەنگی (1870) و لەساڵی (1991) یشدا چووە لیستی شوێنەوارە مێژووییەكانی پاریسەوە.
لو باتاكلان، لەلایەن (چارل دوفال) ی ئەندازیارەوە دروستكراوە كە دیزاینەری (گازینۆی گەورەی پاریس) ی گەورەترین گازینۆی جیهانە. ناوەكەیشی (لو باتاكلان) دەگەڕێتەوە بۆ پارچە پیانۆیەكی چینی كە (جاك ئاوفنباخ) ی میوزیكزانی فەرەنسی ژەنیویەتی. 
لەسەرەتادا ئەم ناوەندە گازینۆیەكی تایبەت بووە بۆ نمایشكردن بە دیزاینی چینی و گەلێك سەما و ئاهەنگی گۆرانیی تێداكراوە و چەندین كەس خاوەندارێتییان كردووە تا ئێستا گەیشتووەتە دەستی (ئۆلیفی بۆبیل و جۆلیس فروتوس).
ئەم دامەزراوە شانۆییە، تیپێكی هەبوو هەر بەناوی خۆیەوە، چەندین خەڵاتی لەسەرەتای سەدەی بیستەمدا وەرگرتووە. دواتر لەپێش جەنگی دووەمی جیهانیدا كراوە بە هۆڵی سینەما، لەساڵی 1933 دا ئاگرێكی گەورەی گرتووەو بەهۆیەوە بەشێكی زۆری لێ سووتاوە. 
ساڵی (1950) یش بەبڕیاری شارەوانیی پاریس و بەپاساوی ئەوەی كە رێزی پێوەرەكانی سەلامەتیی !! نەگرتووە، بینا كۆنەكەی تێكدراوە. هەر لەو ساڵەدا بیناكە كراوەتەوە بەڵام تەنیا وەك شوێنێكی شانۆ و هۆڵی سینەماكەی داخرا.
لو باتاكلان، یەكێكە لەگرنگترین شوێنەكانی كاتبەسەربردن لە پاریسی پایتەختدا كە تێیدا چەندین بەرنامەی هونەریی پێشكەش بەمیوانەكانی دەكرێت وەك نمایشی كۆمیدی و مۆسیقا، هەروەك گازینۆیەكی فراوان و شوێنێكی سەمای شەوانەیشی تێدایە. رۆژانەیش سەدان كەس لەدانیشتوانی پاریس و میوانی دەرەوە سەردانی دەكەن. بۆیە بووە ئامانجێكی رێكخراوی (دەوڵەتی ئیسلامی) كە وایدەبینی لەم بینایەدا رووبەرێك هەیە بۆ ئەوەی زۆرترین قوربانیی لێ بكەوێتەوە، لەگەڵ شوێنەكانی تردا.
تەنیا لێرەدا (82) كەس لە پەلامارەكەی هەینیدا كوژران، بێجگە لەو چوار چەكدارەی كە هێرشەكەیان ئەنجامداو تەقەیان لەخەڵكەكە كرد پێش ئەوەی سیانیان خۆیان بتەقێننەوە و چوارەمیشیان بەگوللەی پۆلیس بكوژرێت.
لەكاتی پەلامارەكەدا، شانۆكە چالاكییەكی مۆسیقای تیپێكی رۆكی تێدا نمایش دەكرا كە لەكالیفۆرنیاوە چووبوون، بەڵام پێش ئەوەی نمایشەكەیان كۆتایی بێت، هێرشەكە دەستی پێكردو نزیكەی سێ‌ سەعات درێژەی كێشا. لو باتاكلانیش جارێكی تر داخرایەوە.

وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

119597748_3256306317738169_4807992721503774463_n

دقڵدیانوس کێ بوو؟

دقڵدیانوس کێ بوو؟ دقڵدیانوس کوری ئەنۆلینۆس بوو لە ساڵی«٢٤٥ز»لە«سالۆنا» سەربەھەرێمی «ئیلیریا»ی سەربەناوچەی «دلماشیا» لەدایکبووە.ئەو لە …