Home / مێژووى جیهان / وێستگەكانی پێشكەوتنی دەستەواژەی جینۆسایدو چەسپاندنی

وێستگەكانی پێشكەوتنی دەستەواژەی جینۆسایدو چەسپاندنی

وێستگەكانی پێشكەوتنی دەستەواژەی جینۆسایدو چەسپاندنی

 

1458730708742ته‌ها سلێمان‌

بە كورتی
دەستەواژەی جینۆساید، بەپێی رێككەوتنامەی ساڵی 1948ی نەتەوە یەكگرتوەكان بۆ تاوانێك بەكاردەهێنرێ ئەمانەی خوارەوە لە خۆبگرێ: یەكەم: كوشتنی ئەندامانی گروپێك. دووەم: گەیاندنی زیانی گیانی یا رۆحی ترسناك بەئەندامانی گروپێك. سێیەم: بەمەبەست دانانی ئەندامانی گروپێك لەژێر بارودۆخێكی وادا كە ببێتەهۆی فەوتاندنی بەشێك یان تەواوی ئەندامەكانی. چوارەم: پێشگرتن لە زاوزێكردن (منداڵ بوون) لە نێو گروپێكدا. پێنجەم: دابڕانی بەزۆری منداڵان و گواستنەوەیان لەو گروپە بۆ گروپێكی تر “جیاكردنەوەیان لەخانەوادەی خۆیان”. هەروەك دەستەواژەی جینۆسایدو ناساندن‌و جێگركردنی لە یاساو رێسای نێودەوڵەتیدا، بەكۆمەڵێك وێستگەو قۆناغی مێژووییدا تێپەڕیوە، هەوڵدەدەین لای خوارەوە پۆلێنیان بكەین، بۆئەوەی خوێنەر بەرچاو روونییەكی وردو دروستی لەبەردەستدا بێت.
1900، رافائیل لیمكین
رافائیل لیمكین، خاوەن‌و دانەری دەستەواژەی جینۆساید، لەساڵی 1900 لەخانەوادەیەكی “پۆڵۆنی – یەهودی” لەدایكبوە. رافائیل، دوای ئەوەی خانەوادەكەی لەلایەن نازییەكانەوە روبەڕوی كوشتن و لەناوبردن دەبێتەوەو پێش ئەوەش لە تەمەنی شانزە ساڵیدا، كە سەرەتای پێگەیشتنی بوەو كەم و زۆر ئاگاداری كۆمەڵكوژی “جینۆساید”ی ئەرمەنەكان بوە لەسەردەستی عوسمانیەكان، ئەو باوەڕەی لادروستبوە كە پێویستە یاسایەك هەبێ بۆ پاراستنی تەواوی كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤەكان. هەروەك زۆر سەرچاوەی تریش هەیە، مكوڕن لەسەرئەوەی بەشێكی بیركردنەوەكانی “رافائیل” لەژێر كاریگەری لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەكەیدایە، لەم بارەوە “دەستەواژەی جینۆساید” بەهێزتر بوە، تا گەشتوەتە ئەو ئاستەی “جینۆساید” بەرامبەر ئەو جۆرە تاوانە دابنێ، كە لەسەرەوە رووكنەكانیمان باسكرد.
1933، ئەدۆلف هیتلەر
لەساڵی 1933، هیتلەر وەك راوێژكاری ئەڵمانیا “سەرۆكی حكومەت” دەسەڵاتی گرتەدەست، هاوكات دەسەڵاتی بەسەر حزبی نازی ئەڵمانیشدا گرت. لەمانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا، وەفدی ئەڵمانیا لەگفتوگۆكانی “جنێف” بۆ دانانی چەك پاشەكشێیان كرد، بەدوای ئەمەشدا ئەڵمانیا لەكۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتوەكان “عصبە الامم” پاشەكشێی كرد. هەر لەم كاتەدا لەكۆنگرەی یاسای نێودەوڵەتی مەدرید، “رافائیل لیمكین” پێشنیاری كرد دەستەواژەی “جینۆساید” وەك رێكارێكی یاسایی بۆ كۆڕو كۆمەڵە مرۆڤایەتیەكان لەكاتی دەستدرێژی‌و پەلاماردا بەكاربهێنرێت، بەڵام بیرۆكەو پێشنیارەكەی لەوكاتەدا سەركەوتن یان پشتیوانی پێویستی بەدەستنەهێنا.
1939، جەنگی دووەمی جیهانی
لە 1ی دیسەمبەری 1939دا، جەنگی دووەمی جیهانی دەستیپێكرد، ئەویش بەگرتنی پۆڵۆنیا لەلایەن ئەڵمانیاوە. لەبەرامبەریشدا لە 17ی دیسەمبەری 1939دا سوپای سۆڤێت بەشێكی خۆرهەڵاتی پۆلۆنیای داگیركرد، لەوكاتەدا “رافائیل لیمكین” بەڕێگای یەكێتی سۆڤێت، پۆڵۆنیای جێهێشت و لەوێشەوە گەیشتە وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا. ئاگرو كورەی جەنگ زیاتر كڵپە دەسێنێ و “رافائیل”یش بە لەدەستدانی ئەندامانی خێزانەكەی ژیانێكی نوێ‌و پڕ لەجەنجاڵی‌و پرسیار دەستپێدەكات.
1941، تاوانێك بەبێناو
لە 22ی یونیوی 1941، ئەڵمانیای نازی هێرشیكردە سەر یەكێتی سۆڤێت‌و بەشێك لەخاكەكەی داگیركردو بەرەو خۆرهەڵاتی سۆڤێت پێشڕەوی كرد، سوپای سەربازیی گشتی‌و تایبەتی ئەڵمانیا كاری زۆر دڕندانەیان ئەنجامدا، ئەوەش وایكرد سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا “ونستون چەرچڵ”، لە مانگی ئوگستسی 1941 بڵێ: “ئێمە لەبەردەم تاوانێكداین هیچ پێناسەیەكی نییە”.  هاوكات وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا هاتە ناو جەنگەوە لەبەرژەوەندی هاوپەیمانان و كاتێك “رافائیل” گەشتبوە ئەمریكاو گوێی لە قسەكەی “چەرچڵ” بوو، دووبارە دەستەواژەی “جینۆساید” بەواتای كۆمەڵكوژی خستیە بیركردنەوەو رامان وەك پێناسەیەك بۆ تاوانەكان، بە تایبەت ئەو ئازار چەشتەی دەستی تاوانەكانی نازییەكان بوو.
1944، داڕشتنی
 دەستەواژەی جینۆساید
سەركردایەتی ئەڵمانیا “نازییەكان”، كۆمەڵێك سیاسەتی پەیوەست‌و تایبەت بە رێژەو پێكهاتەی دانیشتوانی ئەوروپای لەسەر بنەمای رەگەزی جێبەجێكرد. ترسناكترینیان كوشتنی بە كۆمەڵ، وەك میكانیزمێك بۆ زاڵكردنی رەگەزی نازییەت و نەتەوەی سەردەستی ئەڵمان بەسەر تەواوی رەگەزو پێكهاتەكانی تر. دیارترینیشیان‌و لەنێویاندا، كۆمەڵكوژی یەهودییە ئەوروپییەكان، ئەوەی كە ئێستا پێی دەوترێ “هۆلۆكۆست”. هەروەها كۆمەڵكوژی “خەجەرییەكان”ی ئەوروپا، هەوڵدان بۆ لەناودان‌و سڕینەوەی تەواوەتی لە پۆڵنداو یەكێتی سۆڤێتی پێشوو. هەر لەوساڵەدا واتە 1944 نازییەكان بەو سیاسەتەی گرتبویانەبەر، ترسناكترین‌و دڕندانەترین تاوانیان ئەنجام دەدا، نەك تەنیا دژی یەهودییەكان بەڵكو دژی هەموو پێكهاتەكانی تر، لەو شوێن‌و جێگایەی دەسەڵاتیان هەبوو یان داگیریان دەكرد.
ساڵی 1944، رافائیل لیمكین بنەو بارگەی بۆ واشنتۆن دەگوێزێتەوەو لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەست بەكاركردن دەكات. بەدەم كاركردنەوە دووبارە دەستەواژەی “جینۆساید” دادەڕێژێتەوەو ئەمجارە هەوڵەكانی فراوانتر دەكات، بۆئەوەی تیایدا سەركەوتن بەدەستبێنێ.
1945-1946، دادگای
 سەربازیی نێودەوڵەتی
لەنێوان ساڵی 1945 بۆ 1946، دادگای سەربازیی نێودەوڵەتی لە نوێرمبێرگ، 22 سەركردەی نازییەكانی بەتۆمەتی “تاوانی دژی ئاشتی، تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی” دادگاییكرد. بۆ یەكەم جاریش جینۆساید لە دادگایەكی سەربازیی نێودەوڵەتی لەم شێوەیە بەكارهێنرا، بەڵام وەك گوزارشتكردنێك نەك وەك پێوەرو رێكارێكی یاسایی. هەروەها دەستەواژەی جینۆساید لەنێو یاداشتی تۆمەتباركردنەكەدا جێگای كرابوەوە.
1947-1948، رێككەوتنی
 نێودەوڵەتی لەسەر جینۆساید
ئەوكاتەی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان زۆر نەبوو دروستكرابوو، رافائیل رۆڵێكی گەورەی گێڕا لە چەسپاندنی دەستەواژەی جینۆسایددا، ئەمە لەكاتێكدا بوو كە لەسەرئاستی دنیاو دیدارو كۆبوونەوەی دەوڵەتان و وەفدەكانیاندا، گفتوگۆی گەرمیان بوو، لەبارەی دۆزینەوەی دەستەواژەیەك بۆ تاوانی كۆمەڵكوژییەكان. ئەوە بوو لە 8ی دیسەمبەری 1948 بەكۆی دەنگ، دەقی رێككەوتننامەكە لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان قبوڵ كرا، كە بوە بنەمایەك بۆ قەدەغەكردنی تاوانەكەو لێپرسینەوە لەگەڵ بكەرو ئەنجامدەری تاوانی جینۆساید، كە لە 12ی یەنایەری 1951 چوە بواری جێبەجێكردنەوە، رافائیلیش بەم رێككەوتن و بڕیارە سەركەوتنێكی گەورەی تۆماركرد.
1950-1987 جەنگی سارد
لەساڵی 1950 بۆ 1987، كە بەپێناسە گشتییەكەی بە جەنگی سارد لەنێوان دەوڵەتە زلهێزەكانی جیهان لە سەروویانەوە “ئەمریكا- یەكێتی سۆڤێتی جاران” ناسراوە، بەدەیان بگرە سەدان تاوانی جۆراوجۆر لەدژی دانیشتوانی مەدەنی‌و بێتاوان ئەنجامدراوە، ئەگەر بمانەوێ نموونەیەكی نزیك‌و سەلمێنراو بێنینەوە ئەوە بەسە بۆ سەلماندن تەنها باسی “جینۆسایدی كوردانی فەیلی لە 1963 بۆ 1980، جینۆسایدی بارزانییەكان لە ناوەڕاستی هەشتاكان، كیمیابارانی شاری سەردەشت لە 1987، كیمیابارانی هەڵەبجە 1987و 1988، تاوانی جینۆسایدی ئەنفال 1988” كە لەلایەن حكومەتی عیراق دژ بە باشووری كوردستان ئەنجامدراون، بەبێ ئەوەی بكەر یان ئەنجامدەر بە پێی رێككەوتنی 1948 لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێ و سزا بدرێ، لەو ماوەدا واتە 1950 بۆ 1987. بەڵكو بەشێك لەو وڵاتانەی رێككەوتننامەی 1948یان ئیمزاكردبوو، هاوكارو پاڵپشتی عیراق بوون‌و بە چەك و كەرەستە سەربازی‌و كیمیاییەكانی ئەوان، عیراق تاوانەكانی دژ بە گەلی كوردستانی ئەنجام دەدا.
1988، ئەمریكا
 رێككەوتننامەی 1948 ئیمزا دەكات!
ئەمریكا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی زۆر درەنگ ئیمزای لەسەر رێككەوتننامەی تایبەت بە جینۆساید كرد، رێك پاش 32 ساڵ و لە 5ی نۆڤەمبەری 1988، “رۆناڵد رێگان”ی سەرۆكی ئەوكاتەی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، رێككەوتننامەی ساڵی 1948ی تایبەت بە لێپرسینەوە لەگەڵ بكەرو ئەنجامدەرانی تاوانی جینۆساید ئیمزاكرد. ئەگەرچی بۆ ئەم كارە بێ بەرهەڵستكار نەبوو، پاساوی بەرهەڵستكارەكانی “رێگان” ئەوە بوو ئەمە سیادەی نیشتمانی ئەمریكا پێشێل دەكات. لەبەرامبەریشدا ئەوانەی هاوهەڵوێست‌و پشتیوانی بوون، زۆر بەسەرسەختی داكۆكیان لێدەكرد. بۆ نموونە سیناتۆر برۆكسمار، كە لایەنگیری “رێگان” بوو، لەنێوان ساڵانی 1968 بۆ 1987 زیاتر لە 30 هەزار سیمینارو وتاری دا، وەك داكۆكی لە رێككەوتننامەكەو هەوڵدان بۆئەوەی ئەمریكا ئیمزای بكات.
1991-1995 جەنگی یوگوسلاڤیا
جەنگ لە یوگوسلافیا، لەساڵانی 1991 بۆ 1995، تاوانی ترسناك وەك “تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی” لێكەوتەوە، تا ئاستی ئەوەی ململانێیەك لە “بۆسنە 1992 بۆ 1995” دروستبكات و ببێتەهۆكاری بەرهەمهێنانی توندوتیژی‌و جەنگی ماڵوێرانكەر. یان وەك دەوترێ رەشترین‌و ترسناكترین كوشتارگەی ئەوروپا لەسەردەمی جەنگی دووەمی جیهانیەوە تا ئێستا. بۆ نمونە لە شارێكی بچوكی وەك “سیربیرنیچا” 7800 كەسی بۆسنی لەسەردەستی هێزەكانی سربیا لە ژن و منداڵ و پیرو گەنج كۆمەڵكوژ “جینۆساید” كراون.
1993، بڕیاری 827
وەك وەڵامێك بۆ پەلامارە دڕندانەكانی سربیا لە بۆسنە، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان، بڕیاری ژمارە “827”ی دەركرد، كە لە یەككاتدا زەمینەسازی بوو بۆ دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە یوگوسلاڤیای پێشوو “ICTY ” لە لاهای. دوای دادگای سەربازی نێودەوڵەتی نوێرمبێرگ ئەوە یەكەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بوو، كە ئەم دادگایە لێپێچینەوە لە تاوانەكان بە پێی رێككەوتننامەی جنێفی 1949 و پێشێلكردنی یاساو رێساكانی جەنگ، تاوانی جینۆساید، تاوانەكانی دژی مرۆڤایەتی. هەروەها دادگاكە تایبەت بوو بەو تاوانانەی لە یوگوسلاڤیاو دەوروبەری ئەنجام دەدران.
1994، تاوانی جینۆساید لە رواندا
لەنێوانی مانگی ئەپریل و یۆلیۆی 1994دا، لە رواندا گروپی توتسییەكان نزیكەی 800 هەزاریان لێ كۆمەڵكوژكرا، شێوازی ئەنجامدانی تاوانەكە زۆر بەخێرایی‌و بەشێوەیەكی سەرسوڕهێنەرو ترسناك ئەنجام دەدرا. لەبەرامبەر ئەم تاوانەدا، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان لەبەر رۆشنایی بڕیارەكەی پێشووی “827”، لە مانگی ئۆكتۆبەری هەمان ساڵدا بواری بە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی یوگسلافیا دا، بۆئەوەی دادگایەكی تایبەت بە رواندا لە خۆبگرێ، ئەویش دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ رواندا ” ICTR” لە “ئەروشا، تنزانیا”.
1998، یەكەم
حوكمی ئیدانەی جینۆساید
بۆ یەكەمجار، لە 2ی سێپتەمبەری 1998دا، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە رواندا، یەكەم بڕیاری ئیدانەی تایبەت بە تاوانی جینۆسایدی دا. ئەویش تایبەت بە تاوانبار “جان پۆل ئەكاسیۆ”، كە بە تاوانی جینۆسایدو تاوانی دژی مرۆڤایەتی تۆمەتبار كرابوو، چونكە تاوانبارەكە سەرپەرشتی شاری تابای دەكرد لە رواندا، كە تاوانەكەی تێدا ئەنجام درابوو.
2004، جینۆساید لە دارفۆر
بۆ یەكەمجار لە مێژووی وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا، لە ساڵی 2004، ئاماژە بە قەیرانێكی قوڵ كرا كە ئەویش تاوانی “جینۆساید”ە. لەو ساڵەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا “كۆلن پاوەل”، لە بەردەم لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیران، لەسەر دۆخی دارفۆر وتی: “كۆتایی بەوە هات، كە لەدارفۆر تاوانی جینۆساید ئەنجام دراوە، هەروەها حكومەتی سودان و جەماعەتی ئال جەنجەوید بەرپرسیارێتی هەڵدەگرن”.
1998، دامەزراندنی
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی
لە 17ی یۆلیۆی 1998 لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە ئیتاڵیا، بە پشت بەستن بە رێككەوتننامەی ساڵی 1948، بۆ پێكهێنانی دادگایەكی تایبەتی نێودەوڵەتی بە تاوانەكانی “جینۆساید، دژی مرۆڤایەتی، جەنگ، دوژمنكارانە” كۆبوونەوە. 120 دەوڵەت ئامادەبوون، 7 بە دژ، 21 دەوڵەت بە خۆپارێزی لە دەنگدان، 92 دەوڵەتیش بە بەڵێ كۆكبوونی خۆیان لەسەر ئەوە راگەیاند، كە رێككەوتننامەی ساڵی 1948 بكەنە بنەما بۆ دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. لەو دەوڵەتانەی بە نەخێر دەنگیاندا، “ئەمریكا، ئیسرائیل، چین، عیراق، قەتەر، لیبیا، یەمەن” بوون.
لەساڵی 2002 دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دامەزرێنرا، كە دەتوانێ تەنها لێپێچینەوە لە دۆسێی ئەو تاوانانە بكات كە لەدوای دامەزراندنی دادگاكەوە ئەنجام دراون، واتە ناتوانێ لێكۆڵینەوەو لێپێچینەوە لە دۆسێی تاوانەكانی پێش دروستبون‌و دامەزراندنی بكات.
پێش كۆتایی
بەمشێوەیە، بیرۆكەو پڕۆژەكەی “رافائیل لیمكین” بۆ ناسینەوەو سەلماندنی تاوانی كۆمەڵكوژی “جینۆساید”، سەری گرت، ئەمەش دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە وەك كوردو كوردستان تا ئێستا ترسەو لە پێشمانە، نیشتمانەكەمان بەسەر چوار دەوڵەت “عیراق، توركیا، ئێران، سوریا” دابەشكراوەو دەچەوسێنرێینەوەو تاوانی “جینۆساید”مان لە دژ ئەنجام دراوەو دەدرێ، هیچ كامیان نە رێككەوتننامەی 1998ی رۆمایان ئیمزاكردووەو نە ئەندامیشن لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بۆیە بەردەوام تاوانی جینۆسایدكردنمان، ترسێكی رەوایەو بۆی هەیە بەردەوام لە دژمان دووبارە بكرێتەوە.
سەرچاوە:
-ماڵپەڕی هۆڵۆكۆست “قۆناغەكانی پێشكەوتنی دەستەواژەی جینۆساید”.
-دەقی رێككەوتنامەی ساڵی 1948.
-دەقی رێكەوتننامەی رۆمای ساڵی 1998.

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …