Home / به‌ڵگه‌نامه‌ / كــــورد لــەنـامـەكـانـی ״مـیـس بـێـڵ״ دا ‌

كــــورد لــەنـامـەكـانـی ״مـیـس بـێـڵ״ دا ‌

كــــورد لــەنـامـەكـانـی ״مـیـس بـێـڵ״ دا ‌

1458723681939

خــوێـنـەری بـەڕێــز:
خاتوو گێرتروود بێڵ، كە بە میس بێڵیان خاتوونی بەغدا ناسرابوو، كەسێكی وریا و بلیمەت و شارەزای وڵاتانی دوورگەی عەرەب و عێراق بوو، عەرەبی و فارسی بە چاكی دەزانی و ساڵی 1917 لەگەڵ سوپای بەریتانیادا هاتبووە عێراق و سكرتێری كۆمیسیاری باڵا و بڕیار بەدەستێكی كاریگەر بووە لە سیاسەتی ئینگلیزدا سەبارەت بە عێراق و مەسەلەی كورد. باوكی ئەم خاتوونە لۆردێكی بەریتانی بوو و ئەمیشبەردەوام لە عێراقەوە نامەی بۆ ناردووە بەشێوەیەكی تاڕادەیەك رۆژانە و راوێژی پێكردووە بۆ راییكردنی كاروباری عێراقی ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا. پاشان لە ساڵی 1926 دا هەر لە بەغدا كۆچی دوایی كردووە و نێژراوە.
من ئەو نامانەم لێرەدا هەڵبژاردووە كەوا كەم تا زۆر پەیوەندییەكیان بە كوردەوە بووە و سەرچاوەی یەكەمم دەقی ئینگلیزیی نامەكانی «میس بێڵ» ە كە خراونەتە سەر تۆڕی ئینتەرنێت. دواتر سوودم لە كتێبێكی بۆ عەرەبی وەرگێڕدراو وەرگرت لەلایەن جەعفەر خەیاتەوە بەناوی «العراق فی رسائل المس بیل» كە لەلایەن «الدار العربیە للموسوعات»ساڵی 2003 چاپ و بڵاوكراوەتەوە و ئەو دەقانەشم كە لەوێ دەستكەوت بەراوردم كردن بە ئینگلیزییەكەی. لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بنكەی ژین، لە سلێمانی، بكەم كەوا ئەم كتێبە دانسقەیەیان خستە بەردەستم.
بەهیوام ئەم نامانە هەندێك رووناكی بخاتە سەر ئەو زەمان و سەردەمەی كەوا بڕیار بەدەستانی بەریتانیا لە عێراق و ناوچەكەدا چۆن لە پشتی پەردەوە كاریان كردووە و چۆنیان روانیوەتە مەسەلەی كورد لەو دەمەدا.
لەئینگلیزییەوە: محەمەد حەمە ساڵح تـۆفـیـق
به‌شی دووەم
5
5ی ئەیلوولی 1920 ، بەغدا
دایكی ئازیزم، بەڕاستی گەرما تەواو شەكەت و ماندووی كردووم و وا هەستدەكەم ئەم مانگی ئەیلوولەم لێناڕوات. چەند ڕۆژێكی ئەم هەفتەیە گڕەیەكی پیس هەڵیكردبوو بەڵام ئێستا كەمێك باشترە و تا دەی سەرلەبەیانی پێویستمان بە پانكە نیە، بەڵام لە دواینیوەڕۆدا پانكە ببێت ونەبێت پلەی گەرما لەسەدی فەهرنهایت نزیك دەبێتەوە.ئەم نامەیەی من وەڵامی نامەكەی 28 ی تەمووزی تۆیە(بەهەمان شێوە ئەوەی باوكیشم)، چونكە تۆ لە سەر تێبینیەكانی من قسەت كردووە لەبارەی سڵێمان فەیزییەوە. ئەو لەو جۆرە پیاوانەیە كە شت قورسدەگرێت و زەحمەتە لێی تێبگەیت و ئەو یەكێكە لە جێگرانی جارانی كۆمیتەكەی سەید تالیب. تۆ وا دەزانی لە هەوڵی چارەسەرێكی بەجێدایە، نەخێر وانیە و لە پاش ئەو مشتومڕەبە ماوەیەكی كەم بە دزە خۆی گەیاندەوە بەسرە و لەگەڵ پیاو ماقووڵانی ئەوێدا هەوڵ و تەقەلایەكی زۆری دا بۆ بەرپاكردنی ڕاپەڕینێكی چالاك و پێی وتوون كەوا شوورەییە بۆیان كە نادەنە پاڵ بەغدا. پێموایە دەیەوێ لەگەڵ ئەحمەد پاشا ئەلسەنادا حیزبێك دروست بكات ئەگەر ئەمیان بەقسەی بكات. بەشێكی مشتومڕەكەی لە سەر ئەوە بوو كەوا من و سێرئێدگارsir edgarبە توندی بەرهەڵستیی كۆمیتەكەیانین. كاتێ كلكی خستە ناوگەڵی و بەدەستی بەتاڵ گەڕایەوە بۆ بەغدا ناردمە شوێنی و پێموت هەموو شتێكم بیستووە و لەمەدا سوپاسی ئەحمەد پاشا دەكەم.
هەروەها بیروڕای خۆمم لەبارەیانەوە بۆ ڕوونكردنەوە. كەچی سووك و ئاسان كەوتە درۆكردن و نكووڵیی لەهەموو شتێك دەكرد و بەردەوامیشە لە سەر ئەوپەڕی هەوڵدانی بۆ ناكۆكی نانەوە. باشە دەبێ چۆن لەگەڵ ئەو جۆرە پیاوانەدا هەڵسوكەوت بكەیت؟ئایا دەكرێ ڕێزیان لێبگیرێت؟ من ئەو ڕۆژە گفتوگۆیەكی خۆشم لەگەڵ نەقیبدا هەبوو، وابزانم پێشموتی. نەقیب وتی: «تاچەند باشە بۆ تۆ ئەگەر من لە ڕەمەزاندا چوومە سەر مینبەر و بە خەڵكم وت كەوا مەولوود و زكریان بۆ مەبەستی سیاسی پێچەوانەی ئیسلامە؟ من كاریگەریم تا سنووری هندستانیش بڕ دەكات.مەسەلەكە وا دەكەوێتە كە من كافرم و ئینگلیز كڕیومی. باشە ئەمە یارمەتی من یان تۆ دەدات؟ تۆ دەزانی من بە تەواوی مەیلم بەلای ئێوەوەیە، بەڵام ئەگەر بە كافر لە قەڵەم درام پێتوایە چیتر كەڵكم بۆتان دەبێت لەناو ئیسلامدا؟». ئەڵبەتە ئەم پرسیارە وەڵامی نیە تا ئەو كاتەی ئەقڵییەتی موسڵمانەكان دەگۆڕێت و ئەمەش كاتی دەوێ.
جەنگ پریشكی خۆی هەیە و كۆسپ و ئاستەنگیش بەردەوامن.من بەهیوام ئەم هەفتەیە هێڵی ئاسنی ئێران بەدەستبێنن. وا ئەفسەرێكی ترمان لەدەستچوو، كە جێگری ئەفسەری سیاسیی كفری بوو، من ئەم ئەفسەرەم نەدەناسی و لەلایەن خێڵەكانەوە دیلكرابوو و بە دیلی كوشتبوویان، وەك بزانم1. ئەمە چیرۆكێكی ڕاچڵەكێنە بەڵام كە خەڵكی دڕندە شەڕ دەكەن كاری دڕندانە ئەنجامدەن و كەس ناتوانێ لەم چەرخ و زەمانەدا بەر لە دڕندەیی ئەمانە بگرێت. ئێمە دەنگوباسی ئەم ئیعدامانە هەر دەبیستین ئەگەر بێت و هەندێك دەستكراوەیی بۆ سەربازە ئاساییەكانمان نەڕەخسێنین وابزانم ئەمە ڕای ئەی. تی وێڵسنیشە.بەگشتی من بەلای بەراوردكردنی ئەم مەسەلەیەدا بە ئێرلاند دایدەشكێنم.كێشەكە لە پاشەرۆژدایە چونكە خێڵەكان نایانەوێ ببنە بەشێك لە دەوڵەتێكی یەكگرتوو، شارەكانیش بێ ئەمە بەڕێوە ناچن. كەواتە چۆن پشتگیریی توخمەكانی جێگیربوون بكەین و بیانپارێزین و لەهەمان كاتیشدا بیانگونجێنین لەگەڵ باری ئابووریی وڵاتەكاندا؟ چونكە حكومەتێكی سێنتراڵت نابێ ئەگەر كەس باج نەدات و زۆرینەی دانیشتوان نەیانەوێت باج بدەن و ناتوانن كاروباری بازرگانی ڕایی بكەن؟ كارەكە بەو جۆرەش ناڕوات كەوا تی. ئی. لۆرەنس لە سەركاغەز نووسیوێتی. قسەكردن لە سەرپێكهێنانی دوو تیپ لە سوپایەكی عەرەبی بە تەواوی بێمانایە، چونكە بێجگە لەوەی ئەفسەران چ كەرەستەیەكی ترمان نیە و سوپایەك تەنها لە ئەفسەران پێكهاتبێت هیچ سوودێكی نیە.ئێمە بە شێوەیەكی پچڕ پچڕ لەشكرێكمان لە كرێكاران دروستكرد و ژمارەی گەیشتە نزیكەی 20 هەزار. وا ئێستا من بەسەر بۆچوونەكانمدا دەچمەوە. لەشكری كرێكاران شەست هەزار  دەبن و من باسی ئەوەم كرد كەوا لە ماوەی نزیكەی دووساڵدا بیست هەزار پیاومان دەستكەوتووە بێ سەربازگرتنی  زۆرەملێ و بەڵام ناتوانی بیانكەیتە سوپایەك لە ماوەی كەمتر لە پێنج ساڵدا. هەمو كەس دەزانێ كە بارگرانیی لە سەر كۆمەڵگەی كشتوكاڵی لە ڕادەبەدەرە و لە هەندێ وەزری ساڵدا پێداویستیی كشتوكاڵ زیاد دەكات وەك پەین كردنی دارخورما و دروێنەی مەرەزە و جۆ و شتی لەم جۆرە كە پیاوی زۆری دەوێ. كەواتە ئەم دوو فیرقەیەت لە كوێ پەیدا كرد؟ ڕەنگە بتوانی دوو لیوا پێكەوە بنێی و تەنانەت ئێستا سێ هەزار لێڤی یان زیاترمان پێكەوە ناوە و لە حیللە كاری باش دەكەن. بەڵام من تاڕادەیەك دڵنیام لەوەی كە وەختێكی زۆری دەوێ پیاوی تەواو لەم وڵاتەدا پەیدا بێت بۆ ڕاگیركردنی یاسا و نیزام. تورك توركی بەدەستەوەیە و ناتوانن یاسا و نیزام بچەسپێنن و لەگەڵ ئەوەشدا سەربازگیریی زۆرەملێیان هەیە و من بەگومانم لەوەی حكومەتێكی عەرەبی بتوانێ سەربازگیریی زۆرەملێ بسەپێنێ. من ناتوانم بیر لەوە بكەمەوە كەوا بۆچی ئۆفیسەكانی هندستان رێگە بەم خراپی و گەندەڵییە دەەدەن. سوورییەكان لەمەدا خراپیان كرد.با دیسان بێینەوە لای تی. ئی.لۆرەنس كاتێ كە دەڵێ ئێمە بە زۆر زمانی ئینگلیزیمان بەسەر خەڵكی وڵاتەكەدا سەپاندووە تەنها هەر درۆ ناكات بەڵكو زۆر باش دەزانێ ئەوە درۆیە. لێرە ورد و درشتی كاری ڕەسمی هەر بە عەرەبییە، لە قوتابخانە، دادگا، نەخۆشخانە زمانی تر بەكار ناهێنرێت.ئەمە یەكەم جارە ئەمە ڕووبدات لە دەمی ڕووخانی عەباسییەكانەوە.
دوێنێ ئێوارە لەگەڵ سەید تالیب شیومان كرد بە ئامادەبوونی جەنەراڵ هەمبرۆ، ئیڵمەر، كاپتن كلاتیۆن ئەی تی، سێر ئێدگار و مستەربۆلارد. ئاهەنگێكی خۆش نەبوو بەڵام وابزانم سەید تالیب پێیخۆش بوو. ئەی. تی خراپ نەخۆش كەوتبوو و من تەواو دڵم پێ دەسووتا و ئاگام لێبوو، من هەمیشە سەرنەكەوتووم لە پەیوەندیدا و لێی تێناگەم و سەرسام بووم بەوەی دڵی هەر لای میزۆپۆتامیا بوو. ڕاستە ئێمە بە تەواوی دەناڵێنین بەدەست باروزرووفێكەوە كەوا كۆنترۆڵیناكەین. باری هەڵوەشاوی ناشنالیزم لە سوریادا و هەمان باری ئیسلام لە توركیادا بە تەواوی بۆ ئێمەی سەلماندووە كە دووربین بین، بەڵام نامانبەخشێ لەوەی كە كوێربین لە ئاستیدا.
6
14ی ئابی 1921
…راپرسییەكە كراو فەیسەڵ بە كۆی دەنگ هەڵبژێردرا، تەنها كەركوك نەبێت كە دەنگی بۆ نەدا. خەڵكی شار و شارۆچكەكان لە كەركوكدا توركمانن و دانیشتوانی گوندەكانیش كوردنو هەردوولا حوكمی عەرەبییان ناوێ. لەبەرئەوە دووگەڕەك لە كەركووك مەلیكێكی توركیان دەویست. كوردەكان دژی بەریتانیا نین بەڵام دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆیان دەوێ كە لەژێر چاودێریی ئێمەدا بێت. بەڵام مەبەستیان لەمە چیە نە خۆیان دەزانن و نە هیچ كەسێكی تر. هەروەها بەهیچ شێوەیەك نایانەوێت ببەسترێن بە ناوچەی سلێمانییەوە. كە پێشتر دەنگیان بە جیابوونەوە دابوو لە دەوڵەتی عێراق پێش هاتنی فەیسەڵ. من لەمە زیاتر هیچم لە زەین و بیردا نیە لەبارەی نەتەوەی كوردەوە كەوا رەنگە لەم چەند مانگەی داهاتوودا زۆر شتی پروپووچی لەبارەوە ببیسترێت ئەگەر سێرپێرسی نەتوانێ كەركوك قایل بكات كەوا مل بۆ ئەقڵ و مەنتیق كەچ بكەن.بەڵام هەولێر و تەواوی ناوچە كوردییەكانی دەوروبەری موسڵ هاتوونەتە سەر ڕێ، پاش ئەوەی كەزانییان بەرژەوەندیی سیاسی و ئابوورییان بەستراوە بە مووسڵەوە ئەوان سازشیان لە سەر هەندێك ئیمتیازات كرد و ئەڵبەتە بەدەستی دەهێنن وەك دامەزراندنی فەرمانبەری كورد بۆیان و شتی هاوشێوە. هەندێكیشیان داوا دەكەن كەوا خوێندن هەمووی بە كوردی بێت لە قوتابخانەكاندا ئەمەش داواكارییەكی رەوایە ئەگەر زمانی كوردی لەو زمانانە نەبوایە كەزەحمەتە پێی بڵێی زمانی نووسراوە و ئەگەر مامۆستایانی كورد دەست بكەوتنایە دەكرا راهێنانی زمانی عەرەبییان پێ بكرایە لەبەرنەبوونی كتێبی كوردی.
…ئێستا كاری من ئەوەیە كە دەوڵەتێكی عەرەبی لە عێراقدا دروست بكەم و تاقە دوژمنی بەرچاوی ئەم دەوڵەتەش كەمالییە هاوپەیمانەكانن لەگەڵ بەلشەفیكدا. ئەوان لەئێستادا بەشێكی شاخاوییان لە وڵاتمان داگیر كردووە كە دەكەوێتە باكووری هەولێرەوە، بەهێزێك كە لە شەست كەس تێپەڕ ناكات و حكومەتێكی توركییان تێدا پێكهێناوە2. ئەم بزووتنەوەیەش تەنها شانۆگەرییەكی گاڵتەجاڕە و هیچیتر. بەڵام ئێمە حاڵی حازر لەشكر و سوپایەكی ئەوتۆمان نیە. بینێرین بۆ ئەو شاخانە، بەڵكو تەنها دەتوانین لە ئاسمانەوە دەست بوەشێنین و ئەوەش ناتوانێ مەبەست بپێكێ. لەبەرئەوە پێویستە لە سەرمان لەكارەكەبگەڕێن و ئەنجامەكەشی ئەوە بوو هەرەشەخواز و پیاوخراپێك بە درێژایی سنوور بە ئاگا بێتەوە خۆی ئامادە بكات. جەعفەر عەسكەری هەواڵی پێداین كەوا لە كاتێكدا رۆژنامەی»دیجلە» ئەو برووسكانە بڵاو دەكاتەوە لەبارەی سەركەوتنەكانی توركەوە ئەم خۆێ بەدەستەوسان دەزانێ كەوا سەرباز پەیدا بكات بۆ سوپای عێراقو خەڵكی وابیر دەكەنەوە كە لەوانەیە تورك بگەڕێتەوە بۆ وڵات!
لەبەرئەوە دەبوو شتێك بكەم. نووسەرەكەی «دیجلە» برادەرێكی نزیكی گەنجێكی كەری ترە، واتە كوڕەكەی عبدالمجید الشاوی. عبدالمجیدی پیاوباش كوڕەكەی دەگێڕێتەوە بۆئەوەی خەفەت بخوات بەدەست كارو كردەوە لاسار و پووچەكانیەوە. من عبدالمجیدم بانگ كردو بۆم روونكردەوە كە ئەمە شتێكە زیاترە لە گاڵتەجاڕی، پاشان بڕگەیەكم بۆ باس كردو بارودۆخی راستەقینەی تورك و یۆنانیەكانم بۆ روونكردەوە…
7(أ)
28ی ئابی 1921
…بەڵام بەشی سێیەمی ئامادەبووان كاریگەرییان لە هەمووان زیاتر بوو و لە سەرۆكە كوردەكانی نزیك سنوور پێكهاتبوو و پێیان باشتر بوو بچنە ناو دەوڵەتی عێراقەوە تاوەكو بە چاوی خۆیان ئەگەری دروستبوونی كوردستانێكی سەربەخۆ ببینن كە بگونجێت لەگەڵ ئاڕاستە و بۆچوونیاندا. هەمووان بە ڕۆڵی خۆیان دەگەڕانەوە بۆ لام پاش ئەوەی سێرپێرسییان دەبینی و ماوی چارەكە سەعاتێك لای ئەو دەمانەوە.
كوردەكان دوا كەسان بوون كە هاتن و زۆرترین كات لای من مانەوەو سەرۆكی شارەوانی پێیڕاگەیاندم كەوا ئەوان هەلیان بۆ نەڕەخساوە باسی پاشەرۆژی كوردستان لەگەڵی (واتە لەگەڵ سێرپێرسی كۆكس) و ئاخۆ من رام چیە لە سەر ئەم مەسەلەیە؟ منیش لە وەڵامدا وتم كەوا رای من ئەوەیە كە ئەو ناوچانەی ئەوان لێیەوە هاتوون هەمیشە پشت بە مووسڵ دەبەستێ لە رووی ئابوورییەوە، هەرچەندێك بێت ژمارەی ئەو دەوڵەتۆچكە كوردیانەی تیایدا دروست دەكرێن. ئەوان لەمەدا لەگەڵ من هاوڕا بوون بەڵام داواكارییان ئەوە بوو كە پێویستە فەرمانبەرانی كورد لە ناوچەكانیان دابمەزرێن و منیش وتم هیچ زەحمەت و گرانییەك لە جێبەجێ كردنی ئەو كارەدا نابینم. هەروەها داواكاریش بوون كە پێویستە منداڵەكانیان لە قوتابخانەدا بە كوردی بخوێنن، بەڵام من ئەوەم بۆیان باس كرد كە ئەوەیان رەنگە تووشی كۆسپ و تەگەرە بێت چونكە یەك كتێبی قوتابخانە و غەیری قوتابخانەش نیە بە زمانی كوردی نووسرابێت و ئەم قسەیەم بوو بەهۆی پەژارە و نیگەرانی بۆیان، بەڵام پاش بیركردنەوەو تێڕامان لە مەسەلەكە لە وەڵامدا وتیان دەكرێ خوێندن بە عەرەبی بێت، بەڵام بیروڕای منیان لە سەر حوكمی زاتی ناوخۆیی پرسی..منیش وتم ئایا كارەكەتان لەگەڵ فەیسەڵی گەورەمان باس كردووە؟ وتیان نەخێر.ئەوجا لێرەدا پێموتن»وا باشتر دەسبەجێ ئەو كارە بكەن، دەتانەوێ كاتێكی چاوپێكەوتنتان بۆ وەربگرم؟» ئەوانیش سەری رەزامەندییان بۆ لەقاندم و تەلەفونم بۆ رۆستەم حەیدەر3 كرد و كاتی چاوپێكەوتنم بۆ وەرگرتن و ئێستا پەرۆشم كە بزانم ئەنجامی ئەو چاوپێكەوتنە چی بوو. شتێكی باشە، وانیە..ئەڵبەتە فەیسەڵ بانگهێشتی كردن بۆ چا خواردنەوە لەگەڵی…
په‌راوێزه‌کان:
1.ئەم ئەفسەرە كابتن جی.ئێج. سالمۆن بوو. وردەكاری ئەم رووداوە ویڵسن نووسیویتی لە كتێبی»الپورە العراقیە» دا. كۆمەڵێك لە عەشیرەتی دەلۆ بەسەركردایەتی وەیسی بەگ و ئیبراهیم خان هێرشیان كردە سەر كفری و لە 24 ی ئابی 1920 دا گرتیان.
2.مەبەستی ئەو كاروكردەوانە بوو كەوا ئۆزدەمیری ئەفسەری تورك كردی لە ناوچەی رەواندز لەو رۆژگارەدا بزووتنەوەی كەمالی رایسپاردبوو بۆ ورووژاندنی كوردەكان.
3.ئەو دەمە رۆستەم حەیدەر سەرۆكی دیوانی پاشایەتی بووە.

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …