Home / بەشی مێژووی كورد / پاشاکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد

پاشاکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد

پاشاکانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد

FB_IMG_1458587179977

 

دیاکۆ (٧٠٨ تا ٦٥٥ی پێش‌ زایین) ٥٣ساڵ درێژەی ھەبووە.

فرۆرتیش (٦٥٥ تا ٦٣٣ی پ.ز.) ٢٢ساڵ درێژەی ھەبووە.

ھەڤەخشترە (٦٣٣ تا ٥٨٤ی پ. ز.) ٤٩ساڵ درێژەی ھەبووە.

ئەژیدەھاک (٥٨٤ تا ٥٥٠ی پ. ز.) ٣٤ساڵ درێژەی ھەبووە.

 

دیاکۆنزیکەی ٧٠٠ ساڵ پێش لە زایین لە نێو مادەکان‌دا کەسایەتییەک دەژیا بە ناوی دیاکۆ کە لەلای ھەموو مادەکانەوە ڕێزێکی تایبەتیی ھەبوو. دیاکۆ مرۆڤێکی باش‌ناسیاو، تێگەیشتوو و ھەڵکەوتەی گوندەکەی بوو. خەڵک کە لێزانی و تێگەیشتوویی و دادوەریی دیاکۆیان دیبوو بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفت و کێشە و ئاژاوەکانیان ھانایان دەبردە بۆ ئەو. دیاکۆ بوو بە خۆشەویستی ھەمووان و ناوبانگی داخست، وای لێ ھات کە لەبەر دادگەری و پیاوچاکییەکانی لە لایەن خەڵکەوە داوای لێکرا کە ببێ بە سەرۆک و پاشایان. ئەویش کە بشێوی و بەربڵاوی و ھەتەران و تەتەرانی ناوچەکە ئازاری دەدا، بە داخوازییەکەیان قاییل بوو و بڕیاری دا مادەکان لە دەوری یەک کۆکاتەوە و لەوان نەتەوەیەکی یەکگرتوو و ھاوبەش پێک بێنێ.

لە یەکەم ھەنگاودا داوای‌کرد لە خەڵک کە واز لە جودایی بێنن و لە دەوری یەکدا کۆبنەوە و فەرمانی دا کە پایتەختێک ساز کەن. ئەوە بوو کە شاری ئیکباتانیان ساز کرد. شارەکە حەوت شوورەی بازنەییی بەدەوردا کێشرابوو و ھەر شوورەیەک لەوی‌تر بەرزتر بوو و بارەگای شا و خەزێنەکانی لە نێو ئاخرین شوورەکەدا بوو. چێوەی دیوارە دەرەکییەکانی زۆر لە دیوارەکانی ئاتێن پایتەختی یۆنان دەچوو. ڕەنگەکانی ئەو شوورە حەوتەوانانە بە ڕیز بریتی بوون لە سپی، ڕەش، ئەرخەوانی، شین و نارنجی. لە سەربانی دوو شوورە دوایینەکە، یەکێکیان بە زێو و ئەوی دیکەشیان بە زێڕ داپۆشیبوو.

بە شاری ئیکباتان، ھەگمەتانەش وتراوە و ئەوڕۆکە پێی دەڵێن ھەمەدان. دیارە درێژایی زەمان ھەموو شتێکی لێ سڕیوەتەوە و بۆنوبەرامەی مادەکانی لێ نایە، بەتایبەت کە پاش مادەکان ئەو شارە ھەمیشە لەدەستی ناحەزانی ماد بووە و ھەرچی شارستانیەتی ئەو شارە بووبێ سڕیویانەتەوە یان بۆ خۆیان بردوویانە.

فرورتیشفرورتیش پاش دیاکۆ دەسەڵاتی گرتە دەست و بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لە نێوان ساڵانی ٦٥٥ و ٦٣٣ حوکمی گێڕا. لە کاتی ھاتنە سەرتەختی فرورتیش، ھۆزی سەکا کە تیرەیەکی شەڕانی و جەنگاوەر بوون لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان. پارسەکانیش لە باشوور دەژیان. فرورتیش ھەردەم ھەوڵی دەدا کە سنوورکەی ئیمپراتۆریی ماد بەربڵاوتر بکا، ئەوە بوو ھێرشی بردە سەر پارسەکان و مەڵبەندەکەیانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی و قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریی مادی بەرینتر کرد. بەڵام ئەو لە خولیای ئەوەدا بوو کە ھێرشیش بەرێتە سەر ئیمپراتۆریی ئاشوور و کۆتایی بە زۆڵم و ستەمی ئاشووریەکان بێنێ و گەلێ نەتەوە کە ناچار بوون باج و پیتاک و سەرانە بە ئاشووریەکان بدەن لە ژێری ئەو بێدادییەدا ڕزگار بکات.

سوپایەکی گرانی کۆ کردەوە و بەرەو نەینەوا پایتەختی ئاشوووریەکان کەوتە ڕێ. ھەواڵ گەیشتە ئاشووریەکان، ئەوان لە پێشەوە بەرپەرچی مادەکانیان دایەوە. سەکاکانیش کە لە دەوروبەری زەریای ورمێدا دەژیان و ھاوپەیمانی ئاشووریەکان بوون، سوپایەکی گرانیان لە پشتەوە خستەڕێ بۆ ھێرش‌بردنە سەر مادەکان و پشتیوانی لە ئاشووریەکان. ماوەیەکی دوورودرێژ گەلێ شەڕی قورس و گران لەو نێوەدا کرا. مادەکان کەوتبوونە گەمارۆی سەکاکان و ئاشووریەکانەوە.

لە یەکێ لەو شەڕانەدا لە ساڵی ٦٣٣ی پێش زایین فرورتیش کوژرا و دەوڵەتی ماد کز بوو و سەکاکان کە ھەلیان بە لەبار دەزانی کەوتنە داگیرکرتن و تاڵان‌کردنی مەڵبەندی مادەکان. ئەوان نزیکەی ٢٨ ساڵ ھەتەران و تەتەرانیان لە وڵاتی ماددا دەکرد و کەوتبوونە کوشتوبڕی مادەکان.

ھەڤەخشترە (سیاگزار)پاش کوژرانی فرورتیش، کوڕەکەی کە ناوی ھەڤەخشترە یان بە کوردی کەیخەسرەو بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. دیارە ئەو کێشەی زۆری لەگەڵ سەکاکان ھەبوو. ھەڤەخشترە پێشەوایەکی لەبار و لە بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات‌دا سەرکردەیەکی بێ‌وێنە بوو. ئەو بۆ ئەوەی کە بتوانێ بەرەنگاری سوپای دوژمن بێت، سوپایەکی ڕێک‌وپێکی کۆکردەوە و پسپۆڕانە باری‌ھێنان. سوپایەک بریتی لە سوارە و پیادە. سوارەکانیان شانیان لە شانی سوارەکانی ئاشووری دەدا و پیادەکانیان لە تیرھاویشتن بێ‌وێنە بوون و بە تیروکەوان و نێزە چەکدار بوون.

لەبەر ئەوەی کە وڵاتی ماد جێگەیەکی لەبار بۆ پەروەردەی ئەسپ بوو و مادەکان ھەر لە منداڵییەوە شارەزای ئەسپ‌سواری و تیرھاویشتن بوون، کاری ھەڤەخشترە ئاسانتر دەبوو بۆ پێک‌ھێنانی سوارەیەکی خاوەن ئەزموون. ھەڤەخشترە توانیی جەنگاوەرانی ئازا و بەجەرگی وا بار بێنێ کە لە ھیچ شتێ نەترسن. ھەر بە یارمەتیی ئەو سوپا نەبەزە توانیی سەکاکان کە دەمێک بوو لە وڵاتی ماددا کەوتبوونە تاڵان و کوشتوبڕ تێک بشکێنێ و لە وڵات وەدەریان نێ. بەوجۆرە تۆڵەی باوکی و وڵاتە تاڵان‌کراوەکەی مادی لە سەکاکان کردەوە.

پاشانیش لەگەڵ نەبوو پۆلاسار پاشای بابل کە پێشتر بە یارمەتیی مادەکان سەربەخۆیی خۆیان بەدەست ھێنا بوو، یەکی گرت و بە سوپایەکی گرانەوە ھێرشی بردە سەر ئاشووریەکان و شاری نەینەوای لە ٦١٢ی پێش لە زاییندا گرت کە پایتەختی ئاشووریەکان بوو. ساراکوس (سەنا خەریب) کە پاش مەرگی ئاشوور بەنیپال ببووە پاشای وڵاتی ئاشوور، کە دی بەرگەی مادەکان ناگرێ ئاگرێکی گەورەی ھەڵکرد و خۆی و خاووخێزانی خستە ناو ئاگرەکە و بەوجۆرە چرای تەمەنی ھەزار ساڵەی ئیمپراتۆریی ئاشوور کوژرایەوە.

لە سەردەمی ھەڤەخشترەدا وڵاتی ماد گەلێک پەرەی سەند. ھەڤەخشترە بە تێگەیشتوویی و زانایی خۆی خزمەتی گەورەی بە مادەکان کرد. ئیمپراتۆریی ماد لە سەردەمی ئەودا زۆر بڵاو و بەرین ببوەوە.

ھەڤەخشترە لە ساڵی ٥٨٤ی پێش زایین کۆچی دواییی کرد.

ئەژیدەھاک (ئاستیاگ)پاش ھوڤخشەترە، کوڕەکەی کە ناوی ئاستیاگ بوو دەسەڵاتی گرتە دەست. ئەویش نزیکەی ٣٤ ساڵ دەسەڵاتداریی کرد. لە سەردەمی ئەودا وڵاتی ماد ھێمن و کڕوکپ بوو. ئاستیاگ بە لاساییکردنەوەی پاشایانی ئاشووری بارەگای دروست کرد و خەڵکێکی زۆر تێیدا کەوتنە کار کردن. دەربارییەکان جلی ڕەنگاوڕەنگیان لەبەر دەکرد و لە ڕێوڕەسم و بۆنە تایبەتییەکاندا زنجیر و ملوانکەی زێڕینیان دەکردە مل.

ئاستیاگ کچێکی ھەبوو بە ناوی ماندانا، ئەم کچە درابوو بە مێرد بە یەکێ لە سەرکردەکانی پارس لە باشوور. ئەویش دواجار کوڕێکی دەبێ کە ناوی دەنێن کوورش. کاتێ کوورش گەورە دەبێ خۆی بە پارسێکی تەواو دەزانێ و بڕیاریش دەدا کە وڵاتی ماد داگیر بکات.

سوپایەک کۆ دەکاتەوە و بە سیاسەتیش خۆی لە بابلییەکان نێزیک دەکاتەوە و داوایان لێ دەکا کە پێکەوە ھەڵمەت بەرنە سەر ئیمپراتۆریی ماد. بابلییەکانیش کە دەمێک بوو لە حەسرەتی (ھاران)دا بوون کە ڕێگای ھاتوچۆی نێوان سووریا و بابل بوو و لەژێر دەستی مادەکاندا بوو، دەبن بە ھاوپەیمانی پارسەکان و دوو قۆڵی ھێرش دەبەنە سەر وڵاتی ماد و پاش گەلێ شەڕی قورس و گران، ئاستیاگ کە زۆریش بەتەمەن بوو وپاشا و سەرکردەی سوپای ماد بوو، لە لایەن پارسەکانەوە بە دیلی دەگیرێ و چەمەسەریی زۆر دەبینێ. بەوجۆرە دەسەڵاتداریی مادەکان دەکەوێتە دەستی پارسەکان و کوورش دەتوانێ حکوومەتی ھەخامەنشیەکان بۆ یەکەمجار دامەزرێنێ. بەوجۆرە ئیمپراتۆریی ماد لە ساڵی ٥٥٠ی پێش لە زاییندا سەرەوژێر دەبێ

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

1475586543132

خويندنەوەيەكى تر سەبارەت بە نــــەخشە هەڵكۆڵراوەكەى قزقەپــان

‌ه. دكتۆر ج.ج.كامیرۆن لە دانشگای شیكاگۆ وا دەبینێ كە گۆڕی قزقەپان بۆ سەردەمێكی دواتر لە …