Home / بەشی مێژووی كورد / نەورۆز، سەرهەڵدان‌و رەنگدانەوەی لەئەدەبی كوردیدا

نەورۆز، سەرهەڵدان‌و رەنگدانەوەی لەئەدەبی كوردیدا

نەورۆز، سەرهەڵدان‌و رەنگدانەوەی لەئەدەبی كوردیدا

nawroiii


نیشانەی نەورۆز وادەی وەهارەن
یا نەشئەی ئامای نامەی نیگارەن
“مەولەوی”


گەلی كورد ڕۆژی نەورۆز بە جەژنی نەتەوەیی خۆی دادەنێت و سروتی تایبەت بە خۆیی هەیە و بەردەوام بە شێوازی بێ پێشینە لەهەمو ساڵێكدا ئەم یادە دەكاتەوە لەگەڵ ئاگركردنەوەدا.
لەگەڵ ئەوەشدا كە نەورۆز بە یەكەم ڕۆژی ساڵی نوێی كوردی دادەنرێت بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە نەتەوە و گەلانی تریش لەو ناوچەیەی جیهاندا جەژنی نەورۆز نەكەن و وەك بۆنەیەكی نیشتیمانی یان نەتەوەیی خۆیان سەیری نەكەن.
نەورۆز وەك زۆرێك لەسەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدەكەن لەئاڤێستای زەردەشتدا هاتووە و بەمانای ڕۆژێكی گەش و باڵا و پیرۆزیش سەیر دەكرێت.
لە ساڵی 1999 دا ڕێكخراوی یۆنسكۆ ڕۆژی نەورۆزی لەلیستی فەرهەنگی و كولتوری خۆیدا دانا و مۆركێكی مرۆیی و جیهانی پێ بەخشی و دواتریش نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژی 21 ی مانگی 3 ی كردە ڕۆژێكی جیهانی.
گەلان و نەتەوەكانی تریش جەژنی نەورۆز دەگێڕن لەوانە فارسەكان، تاجیكی و تو‌ركمانەكان لەتوركەمەنستان وپاكستانیەكان و ئازەریەكان و قر‌غیزیەكانیش.
ئاریاییەكان لە سەردەمی كۆندا دوو وەرزی سەرما و گەرمایان هەبووە، لەهەر كام لەم وەرزانەدا جێژنیان گرتووە كە هەركامیان بە سەرەتای ساڵی نوێ داناوە، یەكەمیان ناو ناوە نەورۆز دوەمیشیان ناو ناوە مێهرەگان.

جەژنی نەورۆز مێژووەكەی‌ بەپێی‌ هەندێك سەرچاوە بۆ 15- 12 هەزار ساڵ پێش زاین و دواتریش بۆ سەردەمی‌ سۆمەرییەكان دەگەڕێتەوە. 
لەگەڵ ئەوەشدا لەئەدەبی‌ كوردیدا نەورۆز، جێگەیەكی‌ دیاری‌ هەیە و شاعیرە كلاسیك و هاوچەرخەكانی‌ كورد شیعریان بۆ ئەو جەژن و بۆنە كوردیە نوسیوە وەك: ئەحمەدی‌ خانی‌، مەلای‌ جزیری‌، مەولەوی‌، نالی‌، حاجی‌ قادری‌ كۆیی‌ ، پیرە مێرد، گۆران و چەندین شاعیری‌ دیكە. لەم چەند سەرنجەوە ئەوە ڕوون دەبێتە كە نەورۆز، مێژوویەكی‌ دوورو درێژی‌ لەگەڵ كورد هەیە. دەكرێت بوترێت، زیاتر لە هەر نەتەویەكی‌ دیكە و لەهەموویان زیاتر گرنگیان پیداوە و ، دەوڵەتانی‌ دەوروبەریش سنوری‌ ئازادی‌ چالاكیان لەو مانگەدا و بەتایبەت لەو رۆژەدا لە كورد، كەمكردوەتەوە. وەك ئەوەی‌ لە نەورۆزەكانی‌ ڕابردوودا لە كوردستانی‌ توركیا، رۆژئاوا و رۆژهەڵات و پێشتریش لەباشور بینراوە. 
مامۆستا جەمال بابان لە وتارێكیدا بەناوی (نەورۆزو مێژووی نەورۆز: لێكدانەوەیەكی زانیاری و فەلسەفی) دەنوسێت “پیرەمێردی نەمر دەڵێت: (منداڵ بووم، لای (مەلا حسێنە گۆجە) ئەمخوێند، كەدەگەیشتینە دەمەو بەهار، مامۆستا دەیوت بڕۆن (نەورۆزانە بێنن) ئێمەش بەسەر دایكمانا ئەگریاین، سادایك و باوكمانیش، هەرچییەك لەباردابوایە (چەرمی) (قڕانی محە شایە) (پەنابات) دەیانداینێ، ئەمانهێنا، ئەویش بەشی خۆی لێهەڵدەگرت و یەكی (قەمەری)یەكی دەداینێ، دەچووین لەمزگەوتی شێخ ئەوڕەحمانی شێخ ئەبوبەكر (واتە مزگەوتی بابا عەلی قەرەداغی كەئەوڕەحمان پاشای بابان دروستیكردووە-ج.ب) شێخ ئەولا سووری دۆڵپەموویی خەتی خۆش بوو نەورۆزنامەی بۆ دەنووسینەوە:
نوروزشد، نوروزشد، نوروزی ما، فیزوشد بابا، بدە نوروزیم، تا برخوری ازروژیم
واتا نەوروزمان پیرۆز، بابە بدە نەورۆزانە، تا بەربخۆی لەرۆژانەم، مامۆستای خوالێخۆش بوو (حیلمی عەلی شەریف لەكتێبـی: داستانی نەورۆزو نەورۆزی كوردستان كەساڵی 1991 لەبەغدا چاپكراوە، دەڵێت:
پێویستە نووسەرو مێژوونووسانی كورد لەسێ لایەنەوە بڕواننە ئەم رۆژە بەنرخ و گرانبەهایە: یەكەمیان نەورۆزو داستانی نەورۆز لەنێو گەلانی ئاریاییدا، كە بناغەو پایەیەكی قایم و لەبیرنەچوەوەی دامەزراندووەو پرشنگی خۆشی و بەختیاری و رووناكی تیابلاوكردۆتەوە، دووەمیان نەورۆز داستانی ئەفسانەپۆشی كاوەی ئاسنگەر لەناو كۆمەلانی خەڵكی كوردستانا كە بۆیە مەشخەڵ و نیشانەو سەرمەشقی جوامێری و نوێخوازی وكامەرانی و بڕوا بەهێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەرو ئومێد پەیداكردن بەسەركەوتن، سێیەم: داهاتنی وەرزی بەهار، كەژیانی كۆمەلانی خەڵكی كوردستان لەسەرماو سۆڵەو بێ دەرامەتییەوە گواستۆتەوە بۆ ئاستێكیتر.

سەرچاوە: 
* فەرهەنگی فارسی مۆعین.
*بێبەری‌ كردن لەمێژوو؛ نەورۆز وەك نمونە-دیاری خالید. 
*نەورۆزو مێژووی نەورۆز: لێكدانەوەیەكی زانیاری و فەلسەفی- جەمال بابان.) 
خاك: هەردی محەمەد

About زريان احمد

Check Also

شۆڕشی دوەمی بارزان ١٩٤٣_١٩٤٥

بێگەرد عەلیبەشی مێژوو-زانكۆی سۆران شۆڕشی دووەمی بارزان بەسەرۆکایەتی مەلا مستەفای بارزان یەکێکە لەو شۆڕشە نیشتیمانیانەی …