Home / بەشی مێژووی كورد / ڕەمزی نافیع قوربانییە زلەکەی هەولێر

ڕەمزی نافیع قوربانییە زلەکەی هەولێر

ڕەمزی نافیع قوربانییە زلەکەی هەولێر

1458059554409

 

دەمێکی لە مێژەوەیە خوولیای «ڕەمزی نەوازی» لە گەڵمدا دەژیت و خووتکەی هەستی ڕوح پەرەییم بۆ گیانی کوردایەتی لێ دەبزێوێ. خوولیا ساڵە و ساڵ لە دڵمدا ترنجۆکی شەبەنگی خۆی تەنیوە و باڵەوباڵ بە پێپلیکەی نرخە بەرزەکاندا بەرەو تۆقەڵەی سەنگاندنەوە تێهەڵکشی، خوولیای نرخاندن و سەنگاندن، بەرەبەرە، لێم بوو بە هەستی فەرمانی قەومایەتی بەسەر شانمەوە. بۆچی شەبەنگی وەها گەش و پرشنگدار لە زیندانی فەرامۆشیدا ژەنگ هەڵبێنێ؟ خۆ پەنجە چیلکە نین قەڵەم و گۆڤاریش کلچووک و کفنی بەڵەک نین بە‌ هەموویان نەتوانن وێنەی ئەم قارەمانه لە گۆڕخانەی نەبەردییەوە بۆ بەر چاو و دڵ و مێشکی میللەتەکەی نەخش بەستوو بکەن!! دوو ساڵ دەبێ بڕیاری پیرۆزم بە دڵی خۆمدا هێنا کە تۆز لە وێنەی ئەم خۆبەخت کردووە بتەکێنم و ڕیسی جاڵجاڵۆکەی فەرامۆشی لێ داڕنم و بەسەرهاتەکەی بکەم بە دیاری دووەم لە خۆیەوە بۆ زیندووان: شاباشی یەکەمی لە ئاهەنگی میللەتپەرستندا گیانی بوو، شاباشی دووبارەی لە زەماوەندی بیرەوەریەکەیدا ئەم دراویلکانەن وا لە ورشەخانەی زەینی منەوە دڵۆپ دڵۆپ بە نووکی خامە بەرەو تۆمارخانەی مێژوو بە بەرچاوی خوێنەردا گلۆر دەبنەوە. قۆڵ و باسکی پەرۆشم لێ هەڵماڵی و خامەم بە مەرەکەب داشت و لە مەزرای کاغەزم گیرساند. وەک خەتە جووتی جووتیاری کورد کە بەسەر خاکی پاکی زەویەکانی کوردستانەوە وەردی ڕەش دەدەنەوە بە پیت و بەرەکەتی دانەوێڵەی هەژاران منیش بە نووکی خامە کاغەزم دایە بەر خەت لە دوا خەتی هاتوچۆی مێشک بە ناو تان و پۆی ڕایەڵەی کارەساتی قوربانی دانی ڕەمزی نافیع ڕۆڵەی نازدار و شەرەفداری شاری هەولێر لە پێناو تیکڕای میللەتی کورددا کە هەمووی لە تەرازووی بەراورد و هەڵسەنگاندندا هەر هەژاری دانەوێڵە و ترووسکەی ئاگری سەرمای ڕێبەندان بووە لەوەتەی زەقەی چاوی لە پێڵووی شڵەقاوی مێژوودا هاتووە.

دەست و قەڵەم کە گەرم ڕاهاتن لە نووسین دەکەونە بڕشت : «خومخانەی خەیاڵی ئەرجومەندی ـ حاجی قادر» لە گۆبەندی یاد کردنەوەی ڕەمزیدا، پەیتا پەیتا، لەجیاتی مەرەکەب بژێوی شەرابی بە خامەم دەبەخشی و منیشی پێوە سەرگەرم دەبووم و «هەیپێ» م لە نووسین دەکرد: چرای گەشی چیهرەی ڕەمزی «شەمعی موتاڵا ـ نالی» م بوو.

جارێ، وەکوو ئێستاکە، لە سەرەتاکانی پێشەکیەکەدا هاتوچۆی ئەمسەر و ئەوسەری کاغەزم بە قەڵەم دەکرد، لە وتووێژدا، دۆستی ڕێزلێگیراووم د. کەمال مەزهەر پێی ڕاگەیاندم کە کتێبێک بە ئەڵمانی لە لایەن سەرپەرشتیکەری ئەو ڕووداوەی کە ڕەمزی تێیدا بوو بە قوربانی دەرچووە. نوسخەیەکیشی لای خۆی هەیه، کە بۆ نیازێکی سەر بە باسی مێژووی کوردەوە دەردەستی کرد بوو. هەر کە ئەمەم زانی لە نووسین وەستام. ناشێ سەرچاوەیەکی وەها گرنگی مێژوویی پشتگوێ بخرێ کە پڕ بێ لە باسی ڕەمزی. د. کەمال کتێبەکەی بۆ هێنام لەگەڵ چەند لاپەڕەیەک لە پاڵاوتەی کورتەی کتێبەکە، لە لایەن مامۆستا سەردار میرانەوە هێنرابووە سەر عەرەبی. ویستم پتر لەم کتێبە سوودمەند ببم بە تەرجەمەیەکی بین دریژتر. بۆ ئەم مەبەستە کتێبەکەم دایە د. فەوزی رەشید ئەویش دوای خوێندنەوەی هەر ئەوەندەی پێکرا بە قسە باسی ناوەڕۆکەکەیم بۆ بکات چونکە دەرفەتی تەرجەمەی بە نووسینەوە نەبوو. لە نێوان ڕاگەیاندنەکانی نووسینی مامۆستا سەردار و گێڕانەوەکەی د. فەوزی نەختێک جوداوازی هەبوو کە بە من نەدەکرا تێیدا بەریوان بم. ئەم تەگەرەیەش وەستاندمی. ڕەنگە ساڵێک، زۆرتر کەمتر بەسەر وازهێنانم لە نووسیندا تێپەڕی بێ بە دیار پەیدابوونی خێرەومەندێکی ئەڵمانیزان و دۆست و خاوەن دەرفەت تەگەرە بچووکەکەم بۆ بڕەوێنێتەوه، بە داخەوە چەندێکی هەوڵم دا و برادەری نزیکیشم هەوڵی بۆ دام بە هیچ ئامانجێک نەگەیشتم، تا ئەوەی هەستم کرد کە شەرم و  خۆداشکانەوە لە ئاست گیانی ڕەمزی چی دیکەم خاڵەبەخش ناکات. بۆیە بوو وا بەم شێوەیەی لێرەدا دێتە بەر نیگای خوێنەرەوه ‌هاتمەوە سەر باری نووسین هەمیشەش ئاگاداری ئەوە دەبم شتێک نەیەتە ناو نووسینەوە لەگەڵ ڕاستییەکی شرایەوەدا نەگونجێ. چی باسی دەکەم جێی دڵنیایی خوێنەرە، شتێکی لەوانە بێ لەگەڵ ناوەڕۆکی نەزانراوی ئەو کتێبەدا ڕێک نەیەت، تا پێم بکرێ، خۆمی لێ لا دەدەم، ئەوەی کاریشمان پێیەوە هەبێ لەو بەسەرهاتەی پێوەندیدار بێ بە ڕەمزییەوه، وەکوو خەتێکی ڕۆشن ڕێگە بۆ سەر مەبەست دەردەکات. بەڵام دەبێ بڵێم ئەو کتێبە سەرچاوەیەکی مێژوویی گرنگ و فەرامۆش کراوە لەوانەی بە کوردەوە خەریک بوون، سەرگورشتەیەکی خۆشیشە لە گۆشەیەکی کەینوبەینی شەڕی گەورەی دووەم لێی دێت نەختێک تەڕایی ببەخشێ بە دەماغی خوێنەر کە وشک بۆتەوە بە زوربەی ئەو نووسینە وشکین و برینگێنەی خۆ بە مل حاڵوباری ڕۆشنبیریماندا دەدەن. بەر لە 1300 ساڵ پتر پێغەمبەر د.خ فەرموویەتی «روحوا القلوب ساعة‌ بعد ساعة…» ناوناوە دڵتان بحەسیننەوە… ڕاستییەکەی، لە دەستم هاتبایە سەرلەبەری کتێبەکەم بە کوردی یان بە زمانێکی ئاشنا لەبەر گوێی کورد بڵاودەکردەوە هەر دەشبێ ڕۆژەک لە ڕۆژان بکرێ…

ئەم کتێبە ساڵی 1959 لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا، لە ژێر سەر ناوی In brenneden Orient لە لایەن گتفرید یۆهانس مولەر- ەوە ‌نووسراوە و بڵاوکراوەتەوە. واتای عینوانەکە بە عەرەبی «فی الشرق الملتهب» ی لێ دراوەتەوە لە لایەن مامۆستا سەردارەوە، ئنجا خوینەر با دەقێکی کوردی بۆ پەسەند بکات وەک: لە ڕۆژهەڵاتی هەڵایساو ـ بڵێسەدار ـ ئاگرتیبەربووی ـ بڵێساوی… یان هەرچی دیکەی لەبارتر بێ.

مولەر لە کتێبەکەیدا دەنووسێ کە وەکوو ئەڵمانیێکی بە پەرۆش بۆ میللەتەکەی لە جەنگی دووەمدا بیر لە پلانێک دەکاتەوە یارمەتی وڵاتەکەی بدات بەرەو سەرکەوتن. لە کولانەی پێویستی ئەڵمانیا بە نەوت یادی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتەوە کە پێشتر گەشتێکی تێدا کردبوو، لە بەشێکی گەشتەکەیدا بە یارمەتی شێخ مەحموود گەڕانێکیشی لە کوردستاندا کردبوو. لە ساڵی 1943 نەخشەی پلانێک بۆ سەرکردایەتی جەنگی ڕایخی سێیەم دەنێرێ لە بارەی چۆنیەتی سوود دیتن لە نەوتی عێراق بەهۆی کوردی عێراقنشینەوە. وەک خۆی دەڵێ، دوای حەفتەیەک فەرمان لە سەرکردایەتی سپا دەردەچێ بۆ ڕێکخستنی پێداویستی بزووتنەوەیەکی ئەوتۆیی، زوو بە زوو تاقمێک لە دۆستانی ڕێک دەیەخێ بۆ تێهەڵچوون لەو پلانە بەڵام دەمێنیتەوە تەگەرەی هەرە گەورە بڕەوێتەوە. دەبێ کوردێکی وریای ئازا و دڵسۆزی عێراقی پەیدا بکەن لەگەڵیاندا چاوساغ و هاومەبەست بێ. بە بیری دێتەوە، پێشتر لە 1942، بە ڕێکەوت و لابەلایی لە شاری ئەستەنبووڵ شناسایی لەگەڵ «ڕەمزی نافیع» دا پەیدا دەکات کە کوردێکی هەولێری و لە بنەماڵەیەکی بە دەسەڵاتە. گورج دێتەوە بۆ ئەستەنبووڵ و بەهۆی عێراقییەکی سەر بە «مخابرات» ی ئەڵمانیاوە بە دوا «ڕەمزی نافیع» دا دەنێرێ. ڕەمزی بێوەخران مل دەنێ بۆ ئەوێ و لەگەڵ مولەردا دیدەنی دەکات و بە پێشنیازی مولەر ڕازی دەبێ کە هەوڵ بدرێ بۆ بەرپاکردنی بزووتنەوەیەکی کورد بە یارمەتی ئەڵمانیا، لە ئەنجامدا کورد بە مافی نەتەوایەتی بگات و ئەڵمانیاش لە نەوتی عێراق بەرخوردار بێ. (ئەڵمانیا لە ساڵی 1941 بەرەو نیازی گەییشتن بە نەوت ڕۆیی کە ڕەشید عالی گەیلانی سەرپێچی لە ئینگلیز کرد و ئەڵمانەکانیش بۆ یارمەتی دانی کەوتنه خۆیان بەڵام ئەو ماوەیەیان چنگ نەکەوت هێزی پێویست بگەیەننە سپای عێراق. م. م) مولەر دەگێڕێتەوە، ڕەمزی لەگەڵیدا دەچێ بۆ ئەڵمانیا، لەوێ لەگەڵ ئەو تاقمەی کە بەشداری دەکەن لەو پلانەدا خەریکی ڕاهاتن بە چەتربازی و خستنە ئیشی لاسلکی و ئەو جۆرە فەرمانانە دەبێ و بە زوویی تێیاندا ماهیر دەبێ.

پلانەکە بریتی دەبێ لەوەی کە مولەر و دوو پسپۆڕی دیکەی ئەڵمان لەگەڵ ڕەمزی بە فڕۆکە بەرەو کوردستان بێن و لە شەودا بە پەرەشووت دابەزن و پێوەندی بە شێخ مەحموودەوە ببەستن. بە پێی گێڕانەوەی د. فەوزی ژووان ئەوە بووە لە دوورایی 130کیلۆمەتر لە ڕۆژاوای شاری ورمێ (رضائیە) بەسەر سنووری عێراقەوە لە شوێنێکدا دابەزن. نووسینەکەی مامۆستا سەرداریش دەڵێ دەبوو لە دوورایی 200 کیلۆمەتر لە مووسڵەوە دابەزن، دیارە مەبەست ڕۆژهەڵاتی مووسڵە.

فڕۆکەیەک لە ئەڵمانیاوه دەیانهینێ بۆ قرم، لەوێوە بە ڕێگەی ئاسماندا بەرەو ئامانج دێن. هەر لەو دەمەدا کە بە زاهیر نزیکی جێ ژووان دەبنەوە و فڕۆکەوانەکە چەند سووڕێک بە دەوری شارێکی کارەباگەشدا دەدات، مولەر دەکەوێتە گومانەوە، فڕۆکەوان لەجیاتی جێ ژووان لە ڕۆژاوای مووسڵ هەڵیان دەدات. ڕەمزی بە پرسین دەزانێ جێی دابەزینیان کوێیە و چ خزمایەتی لەگەڵ ئامانجی ئەواندا نییە. موولەر ڕوونی دەکاتەوە کە هەموو کارەکە لە ئەڵمانیاوە بە ئینگلیزەکان فرۆشرا بوو. بۆی دەردەکەوێ کە ناحەزەکانی لە ئەڵمانیادا هەروەکوو لە سەرەتاوە ویستیان تەگەرە بیەخنە پلانەکەیەوه، دواتریش کە نەیتوانی بیوەستێنن بە دوژمنیان فرۆشت.

بەهەمە حاڵ بەرەو کوردستان مل دەنێن و بە مووسڵدا تێ دەپەڕن و لە زێی بادینان دەپەڕنەوە و بەرەو هەرێمی هەولێر کە لەوێوە بگەنە شاخەکان لەو ڕەت بوونەیان بەرەو کوردستان جلکی کوردی لەبەر دەکەن کە لە ئەڵمانیاوە لەگەڵ خۆیاندا هێنابوویان… سەر ئەنجام لە دێیەکی بنەماڵەی ڕەمزی خۆیان حەشار دەدەن بۆ دەرفەتێک… پۆلیسیش بە دوایاندا دەگەڕێ. ڕەمزی بۆ سۆراغی دۆزینەوەی ڕێگایەکی ڕزگار بوون لە ئەڵمانەکان دوور دەکەوێتەوە، لەو ماوەیەدا خەبەری حاڵ و شوێنیان بە حکومەت دەگات و دەردەست دەکرێن.  ڕەمزیش دواتر لە خزمی خۆیەوە تەسلیم بە حکومەت دەبێ. لە سەرەتاوە بۆ حەپسخانەی مووسڵ لەوێوەش بۆ بەغدا بەڕێ دەکرێن. سەرەنجامیان دەگاتە حەپسخانەی «مزە» لە قاهرەی میسر. دوای لێدان و ئەشکەنجە ڕەمزی لە بەغدا موحاکەمە دەکرێت و بە20 ساڵ حوکم دەدرێت، بەڵام بەهۆی ئازاردانەوە تێک دەچێت. دوای بەسەر بردنی دوو ساڵ لە بەندیخانە بە نامەی «نەخۆشیەکی کە لێ دەرباز بوونی بۆ نییە» عەفوو دەکرێت و هەر بەو دەردەی که لە ئازاردانەوە دووچاری بووبوو دوای دوو ساڵی دیکە لە تەمەنی30 ساڵیدا گیان دەسپێرێت.

لەماوەی حەپس بوونیدا، بە دوا ئەویشەوە کە بەڕەڵڵا دەکرێ خزم و کەس و دۆستەکانی هەمیشە بە دەورییەوە دەبن و بەدەم دڵراگرتن و خزمەت کردنیەوە لەبارەی چەندوچۆنی بەسەرهاتەکەی پرسیاری لێ دەکەن. ئەویش لەوباره ‌نالەبارەی نەفسیدا کەمتاکورتێکی لێدەگێڕێتەوە بۆیان، پێشیان دەڵێ بەخێر کە چاک بوومەوە هەموو شتێکتان بۆ دەگێڕمەوە.

حیکایەتی ئەو هێندە بەسەرهاتەی دوای گەڕانەوەی بۆ بەغدا و حەپس بوون و بەڕەڵڵا کردن و مردنی لەسەرچاوەیەکی جودا لە کتێبەکەوە دێت چونکە کابرای ئەڵمان لە ووردیاتی ئەم لایەنە بێئاگایە. بۆ وەدەست هێنانی خەبەراتی ئەو قۆناغە پڕ سفتوسۆیەی سەرگورشتەی ڕەمزی پرسم لە خزمەکانی کرد لەوانیشەوە چەند لاپەرەیەکم باس و خواس لەو بارەوە بۆ هات و بەوەدا سەرچاوەکان بوون بە سێ. هەرچەند جوداوازی لە نێوان وردیاتی ئەو سەرچاوانەدا هەشبێ، هەموویان شایەدی دان بۆ مەردایەتی ڕەمزی یەک دەگرنەوە، هەر ئەمەیشە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕووداوەکە و لەگەڵ چارەنووس و سەرەنجامی ڕەمزیشدا ڕێک دێت. ئەو لاپەڕانە، دوای نەختێک لێ کورت کردنەوە بەم جۆرە دەدوێن:

ڕەمزی لە ساڵی 1917 لە هەولێر پێ دەنێتە دونیاوە. لە ساڵی1947 هەر لە هەولێر کۆچی دوایی دەکات. لە ساڵی 1939 بۆ خوێندن دەچێتە زانکۆی ئەمەریکایی لە بێروت و لەوێ پلەی «فرێشمان» تێدەپەڕێنێ. بەدوا ئەودا لە ساڵی 1942 دەچێتە «ڕۆبەرت کۆلێج» لە ئەستەنبووڵ. لەوێ پەیوەندی بە د. کامران بەدرخانەوە پەیدا دەکات. ڕەمزی ئەندامێکی پارتی «هیوا» بووە و لە کوردایەتیدا دەستی هەبووە. لەم کولانەوە بەڕێ نموونی کامران بەگ لەگەڵ ئازادیخوازانی کوردی تورکیادا تێکەڵی پەیدا دەکات بۆ بەرهەمهێنانی بزووتنەوەیەکی گشتیی کورد. ساڵێک لەو مەیدانەدا چالاک بووە و یەکێکی لەوانەی پێوەندی پێیانەوە دەبەستێ «نووری مستەفا بابۆلی» بووە. کاربەدەستانی تورک هەست بە چالاکی ڕەمزی دەکەن و نیازیان بووە بیگرن و بیگێڕنەوە بۆ عێراق، ئەویش بە یارمەتی کامران بەگ پەنا دەبرێتە بەر باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا و پاسپۆرتێکی ئەڵمانی بۆ ڕێک دەیەخەن و لەگەڵ موستەشاری ئەڵمانەکان لە نەمسا بە نامەی ئەوەی کە سکرتێریەتی دەینێرن بۆ سۆفیای پایتەختی بولغاریا (من بەرپرسیار نیم لە چۆنیەتی لوانی ئەو تەرزه تەگبیرە و پەیدا بوونی موستەشاری ئەڵمانەکانی نەمسا لە تورکیا و غافڵ بوونی تورکەکان لەوەدا کە بە دوا کاتەوە سکرتێرێکی تازە بۆ موستەشار پەیدا دەبێ ئەمانە لە نووسینی خزمەکانی ڕەمزییەوە بە من گەییشتووە دەرفەتیشم نەبووە توێژینەوەی تێدا بکەم. م. م) لە سۆفیا کوڕی شەریف شەرەف ـ ئەو شەریف شەرەفەی لە بزووتنەوەی ڕەشید عالی بوو بە وصی لە بەغدا ـ کە دەبینێ ئەڵمانەکان وەها بە ڕژدی لەگەڵ ڕەمزی خەریکن لێی داوا دەکا یارمەتیەکی بدات بۆ ڕەپێش خستنی حاڵوباری لای ئەڵمانەکان… (ئەم خەبەرە لابەلاییە ڕوونکەرەوەیە بۆ پلەی بایەخی ڕەمزی لای ئەڵمانەکان و دەخلی بەسەر شتێکی دیکەوە نییه. م. م) دوای ئەوەی ئەڵمانەکان دڵنیا دەبن لەوەدا کە ڕەمزی کەسێکی خاوەن جێوڕێیە لە وڵاتی خۆی و کوردێکی پاکە، نە جاسووس و نە مفتەخۆرە، لە کۆتایی ساڵی 1942 دا دەینێرین بۆ بەرلین، ئەوسا حکومەتی ئەڵمانیا دوو تاقمی ڕێک خستبوو لە گەنجانی ئەڵمان، یەکێکیان بۆ پێوەندی بەستن بە ئازادیخوازانی خەلیجی عەرەبی، ئەوی دیکەشیان لەگەڵ ئازادیخوازانی کورد (دیارە ئەم خەبەرە لە ڕەمزییەوە بە خزمەکانی گەییشتوە. م. م) ئیتر ڕەمزی پێوەندی بە مێجەر مولەرەوە دەبەستێ و بۆ ماوەی سێ مانگ خۆی و تاقمەکەی خەریکی گرد و کۆیی دەبن. لەو دەمانەدا کابرایەک لە تورکیا بە وەکالەتی ڕەمزی ئەو پارە و پوولێکی لە عێراقەوە بۆی دەچێت وەری دەگرێت و بە ناوی کوردستانەوە بە صەلیبی سووری دەبەخشێت ڕەمزی لەو ماوەیەدا دەزانێ ئەڵمانەکان بە نهێنی دۆستایەتییان لەگەڵ سوارغای سەرەک عشیرەتی بڵباس لە بێتوێنی سەر بە قەزای ڕانیە هەیە.

ڕەمزی مەشقی بەکارهێنانی چەکی نوێی ئەوسا و ڕاهاتن بە ڕۆییشتن لە چۆڵی و شاردنەوەی ئەو شتانەی لە فڕۆکەوە هەڵدەدرێن و ئەو جۆرە فەرمانانە دەکات. لە مارشال کاتیل بەڵێن وەردەگرێ بەهێنانەدی ئامانجەکانی ئازادیخوازانی کورد بەرانبەر بە نەوت، هەر لە بنکەی سەرکردایەتی ئەویشدا خۆی و هاوڕێیە ئەڵمانەکانی کە بریتی بوون لە مولەر و هوفمان و کۆنیچین ـ بەئەسڵ پۆڵۆنی ـ سوێند دەخۆن. ڕەمزی بە ئاڵای کوردستان ئەوانیش بە سوێندی ڕەسمی خۆیان، کە خیانەت لەگەڵ یەکدیدا نەکەن و هەردوو لا بەڵێن بگەیەننە جێ ئەم کارەش بە بەرپاکردنی شۆڕشێکی کورد و هاتنی یارمەتی پێویست لە ئەڵمانیاوە مەیسەر دەبێ لە هەمان کاتدا ڕێگەی یارمەتی هێزەکانیان وەیا چەک و ئازووقەی دەوڵەتە سوێندخوارەکان کە لە ڕۆژاواوە بۆ ڕووسەکان دەچێت دەبەسترێ.

لە سەرەتاکانی هاوینی 1943 ئەم کۆمەڵەی چوار کەسی بە فڕۆکەوە لە ئەڵمانیاوە دێن بۆ قرم لەوێشەوە فڕینێکی شەوانە لە دەوروبەری23 ی تەمووز دەکەن بۆ عێراق بە نیازی ئەوەی لە بیتوێن بە چەتر دابەزن کەچی فڕۆکەوان لە نێوان موصل و دهۆک دایان دەبەزێنێ بۆ سەر زەوی (بیتوێن لەگەڵ ئەو قسەیەی کە بڵێ دەبوو لە دوورایی200 کیلۆمەترەوه ‌دوور لە موصل دابەزن ڕێک دێت چونکە لە موصلەوە بۆ بیتوێن نزیکی 200 کیلۆمەتر مەودا هەیە، جێگاکەش مەڵبەندی دەسەڵاتی سواراغا بوو. م. م) لەو شوێنەدا چی کەرەستە و پارەی زیاد و چەکێکی لەگەڵیاندا بوو بەجێ دەمینێ خۆیان دێن تا لە قەیاغی گوێر بەرەو قەزای مەخموور، لیوای هەولێر، دەپەڕنەوە. (پەرڕینەوەیان لە گوێرەوە بۆ بەری مەخموور پتر بەلای ئەو قسەیەدا دەچێ کە بڵێ لە ڕۆژاوای مووسڵ دابەزیون نەک لە نیوان دهۆک و مووسڵ چونکە دهۆک خۆی لەبەری ڕۆژهەڵاتی دەجلەیە، زۆریش دووره ‌له گوێر، بێلزوومیش لە شاخەکانیان دوور دەیەخێتەوە. م. م) شەو لە دێی تەرجان (بەری مەخموور) دەبن، لەوێوە بە سواری وڵاغ دێن تاکوو لە دمەو بەیاندا دەگەنە هەولێر. لە باغەکەی پشت ماڵی «عطاء اللە ئاغا» ی مامی ڕەمزی خۆیان پەنهان دەکەن بۆ جلک گۆڕین و لەوێوە بە ڕەفاقەتی ئامۆزایەکی «خورشید» دەچنە دێی بنەسڵاوە کە لە دوورایی سێ سەعات ڕێ به سواری لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر کەوتووە. ڕۆژی دیکە دەچن بۆ دێی بیۆکە بە نیازی ئەوەی بچن بۆ تورکیا و بەوێدا بگەڕێنەوە بۆ ئەڵمانیا چونکە ئاشکرابوونیان هەموو ڕێگەیەکی سەرکەوتنی پلانەکەیان لێ دەبەستێ، بە تایبەتی کە هەرچی کەرەستە و پارە و چەکێکی بۆ شۆڕش پێویست بوو لە کیسیان چوو بوو. ڕێکەوت وەها دەبێ قاچاغچییەکی ئەو دەوروبەرەی بیۆکە دەیانبینێ کە خۆی کونەفلووسەیی بووە، حکومەتیش 1000 دیناری پاداش دانابوو بۆ کەسێک خەبەر لەو کۆمەڵە بدات، کابرای کونەفلووسەییش خەبەرەکەی لە ڕێی جوولەکەیەکەوە بە حکومەت ڕاگەیاند. لە پێشەوە سێ ئەڵمانەکە دەگیرێن. ڕەمزی لەو دەمەدا لەگەڵیان نابێ. حکومەت باوک و مامەکانی ڕەمزی دەگرێت. مامێکی، نورالدین ئاغا، بە ئیزنی حکومەت دەچێ بە سۆراغیەوە و لێی داوا دەکا خۆی تەسلیم بکات و خزمەکانی پێوە ڕزگار بن ڕەمزی ویستبووی خۆی بکوژێت بەڵام مامی تەمای ژیانی لەبەر دەنێت و دەیهێنێتە سەر تەسلیم بوون (خزمانی هیچ هەوڵێک نەما نەیدەن بۆ ڕزگار بوونی ڕەمزی، ڕەنگه هەر ئەو هەوڵەش بووبێ لە ئیعدامی ڕزگار کردبێ) لەوه ‌بەولاوه دەیاننێرن بۆ مووسڵ و بەغدا و قاهیرە، لە قاهیرەوە ڕەمزی دەنێردرێتەوە بۆ بەغدا و بە دوا موحاکەمەدا 20 ساڵ حوکم دەدرێ… ئنجا نەساغی و تێکچوون و مەرگ…

من چەند جاران لە ڕێکەوتدا ڕەمزیم دیتووە. ئەم دیمەنەی ڕەمزی کە لە یادکردنەوەوە دێتەوە بەرچاوم، لە قژی زەرد و چاوی کاڵ و ڕووی سوور و بزەی سەرلێوانی کە وەکوو شکۆفەی گوڵ هەمیشە لێی چەسپ بوو، لە وڕێنەشدا خەیاڵی نەدەبردمەوە بۆ چەتربازی و گیانبازی، بە پێوانەی ئەو ڕۆژگارە ڕەمزی گەنجێکی خواپێداوی حەسایەوەی شەنگی بەرچاوی دەسکە گوڵی هێوا لە دەستدا بوو. لەلایەن پێداویستی ژیانی کامەرانەوە ئەگەر تەماعیشی تێدا بەکار بێت، ڕەمزی بەولای تێری و تەسەڵییەوە بوو. نیازێک نەبوو لەوانەی دڵی گەنجێکی خورتی کوردی ئەوسای بۆ بچێ ڕەمزی پێی نەگات. هەتا خەیاڵی چرووک بە دڵی کرمێدا هاتوچۆی پلانگێڕی بکات بۆ هەڵبەستنی نیازێکی قرپۆک لە ویژدانی ڕەمزیدا لەوە پتر بە دەستەوە نادات کە پیاوەتی وەها مەزن لە ڕەمزییەوە وەک زەهر بێ وەهایە بۆ ناو زار و گەرووی بێگەن. ڕێک کەوتنی بێ دەسەڵاتانەی لەگەڵ ئەڵمانەکان بۆ ئامانجی وەها گەش و پاک و گەورە پاکتر بوو لە ڕێکەوتنی نێوان ستالین و هیتلەر چونکە ڕەمزی بۆ تاکە مەبەستی وەدەستهێنانی مافی میللەتەکەی دەکۆشا، لەوەشدا ڕێی هەموارتر نەدەکرد بۆ داگیرکردنی شوێنی بێ لایەنی وەکوو هۆڵەندە و بەلچیکا و دانیمارک… بەر لە ڕەمزیش خەڵقی دیکە هەبوون بە ئومێدی ڕزگار بوون لە دەسەڵاتی ئینگیلز و فرەنسای ئیمپێریالیست مەیلیان چووبێ بۆ هاریکاری لەگەڵ ئەڵمانیادا. بە هەمە حاڵ میللەتان کە لە مەیدانی مافی نەتەوایەتی خۆیاندا دەکۆشن دەبێ تاکە پێوانەی بەرژەوەندی بێگەردی خۆیان بکەنە عەیارەی نرخاندنی هەڵوەستیان، ئنجا ئەگەر میللەتێک هەبێ عەیارەیەکی دیکە لە نرخاندندا بەکاربهێنێ هەڵەی کوشندە دەکات، خۆ ئەگەر میللەتێکی دیکە وەتەنگ هات لە عەیارەی بەرژەوەندی ڕاستینە و پاکی ئەو میللەتە دیارە هۆی وەتەنگ هێنانی دەچێتەوە بۆ چەوتی و نادروستیی عەیارەی خۆی. کوردێکی دەستی کۆتا بێ لە دراوسێکانی، بزەیی داگیرکەریشی بۆ نەبزوێ چۆن گلەیی لێ دەکرێ هانا بباتە بەر هەرچییەک بێ کە بۆرە ئومێدێکی پێ ببەخشێ بۆ ڕزگار بوون لە زیللەت و کوێرەوەری ئەو حکومەتانەی ئەوسا لە خەباتی یەکێکی وەکو ڕەمزی دەترسان لە نێوان خۆیاندا «میثاق سعداباد» یان بەستبوو کە یەکێک لە ئامانج و بەرهەمەکانی سەرکوت کردنی خەباتی میللەتی کورد بوو. حاجی قادر بە خۆڕایی بەر لە صەد ساڵ نەیگوت:

 گەر هیچ نەبێ بە ئۆیین تابیع بە دەوڵەتێ بن

 لەو ساڵەی 1943دا ئەگەر کورد ئاوێکی ڕوونی شک بردبایە بۆ نەتوانەوە و حەسانەوە نەدەشیا ڕۆڵەی وەها بەناز پەروەردە کراوی، خۆی لە باوەشی گەرم و گوڕی باوک و دایکییەوە هەڵدات بۆ گاڵتە بە گیان کردن، بۆ ڕێی هاتێک و دە جاران نەهات. ئەوەندەی بیستبێتم و زانیبێتم، ڕەمزی یەکەم کورد بووە بۆ کوردایەتی ، یان بۆ هەر نیاز و تەماو مەبەستێک بێ، بە پێلیژەی هەوادا، لە شەوی تاریک، سەرەژێر بووبێتەوە بۆ مەجهوولێکی پڕ لە ترسی سەکەت بوون و ملشکان و مەرگ.

بنەماڵەی ڕەمزی کە ئێستا لە هەولێر بە «حاجی ڕەشیداغا» هەڵدەدرێتەوە لە سەرەتاوە تا دوایی ناحەزی ئینگلیزەکان بوون. جگە لەم هەستە کۆنەی دژایەتی ئەو بنەماڵە لەگەڵ ئینگلیز، تەجرەبەی خۆیان و تێکڕای کوردیش لەگەڵ سیاسەتی عێراقی ئەوسادا بەرانبەر کورد کە پێوەندی بە ئارەزو و بەرژەوەندی ئینگلیزەوە هەبوو، بەناچاری گەنجی وەکوو «ڕەمزی» ی دەبردەوە بۆ لای دڕدۆنگی لەو سیاسەتە. لەم ڕوەوە چ سەیر و سەمەرە لەوەدا نییە گەنجێکی ئەوسای کورد ڕێگایەکی خەبات بگرێتە بەر پشت لە ئینگلیز بێت، تەنانەت پیاوێکی مەلای سەر بەرماڵی وەکوو باوکم پاتەوپات گوتبووی:

سووری موو زەردی چاوشین نەکەی بە ئومیدی بی

بەڵێ لەوەدا سەیر هاتنەوە پەیدا نییە بەڵام سەیرلەوەدایە یەکێکی وەکوو ڕەمزی زیاد لەو هەموو خەڵق و خوایە خۆ بە مل شەپۆلێکدا بدات ئەوەندەی لە مەرگ نزیک بکاتەوە. ئەگەر ئاگری کوردایەتی مێشکۆڵەی ناو ئێسکەکانی نەسووتاندبایە ئەو گوڕەی پێ نەدەبەست کە یەکەم هەنگاوی بە «مل لە چەقۆ» خشاندن دەست پێ بکات، چونکە بە ڕاستی خۆهەڵدان بە چەتر لە تاریکایی شەودا مل لە چەقۆخشاندنە. تۆ لەوە بگەڕێ ئایا هیچ جۆرە سەلامەتی لە بەرەنگاربوونی ئامانجی وەها سەخت و دوورە دەست بە دڵاندا دێت یان نا، هەر لەوە تێبفکرە، ئایا چەند کەسی تێروتەسەل ئامادە بوو لە جیاتی ڕەمزی بەو فڕۆکە لە قریمەوە بە شەو ڕوو لە بیتوێن وەیا هەرێمی ورمێ بکات و لەوێ بە پەڕەشووت خۆی فڕێ بدات بۆ ئەوەی کە بەسەلامەتی گەییشتە سەر زەوی بیکەن بە وەزیر؟ لەوەدا ملشکان و کوژران و تێداچوونم کرده خاترانەی ئەو کەسانەی فکر دەگێڕن بەدوا بەهانەیەکی لە ڕەمزی بەداوێوە بکرێ.

لە لایەن درەختی خانەوادەییەوە، ڕەمزی کوڕی نافیعاغای حاجی ڕەشیداغای یەحیاغای عەبدولوەهاباغای ئەحمەداغای حارساغایه، لە عەشیرەتی مەموندی، ناوچەی مەموندی بناری چیای سپیلک نزیکی دێی سیساوا، بەسەر ڕێی نێوان شەقلاوە و ڕەواندزەوە لە سەردەمی حارساغا، یان باوکی ئەو کە ناوی بۆم ڕوون نەکرایەوە، بنەماڵەکە دەگوێزێتەوە بۆ هەولێر و دەبن بە خاوەن مڵک و ماڵ و دیوەخانە هەر وەک لە شوێنی خۆیاندا خاوەن مڵک و دیوەخانە بوون. ڕەمزی لە لای دایکەوە دەچێتەوە بۆ میرەکانی شەقلاوە، کە وەک بزانم، خوارزای میرانی قادر بەگ و نەوەی میرانی موستەفا بەگ بووە. بەمەدا دیارە ڕەمزی بە ڕیشە و دەمار لە جەرگەی کوردەوارییەوە سەری هەڵداوە، وەک بشزانم ڕەمزی هەرچەند بە اصطلاح، لە ناز و نیعمەتدا پەروەردەی هەولێر بوو، لە لایەن ڕەوشت و تەبیات و ڕەفتارەوە دەماری گیانی عەشرەت و دەشتودەری بەهێزتر بووە.

 

خوێنەری کوردی بەڕێز!
چی لەم ڕووپەڕانەدا هاتە بەر نیگات بایی ئەوە بوو قەرزی ئەدەبی سەرشانمی پێ بدەمەوە بە کورد و مێژوو. نەخشەکێشانی ئەو ژیانە کورتە ناکامە جوانەمەرگانەی ڕەمزی و دۆزینەوەی هەستە قووڵەکانی و باسی سەر جوملەی کۆشان و لەخۆبووردن و ڕەفتار و کرداری کارێکە دەبێ لە دەمی وەرگێڕانی کتێبەکەی مولەر بۆ سەر زمانی کوردی ئەنجام بدرێت. لەم هەڵوەستەمدا هەر ئەوەندەم بۆ دەمێنێتەوە بڵێم: ڕەمزی! ڕۆڵەی بە شەرەفی کورد و هەولێر! نامەوێ لە بیرەوەریتدا چەتری فیزوناز بە قەڵەمەکەم لێ بدەم و بڵێم، پێی ناوێ بۆ شەهیدان شێوەن و گرین… بە هەموو ماناوە شاگوڵیک بوویت لە باغی کوردایەتیدا، بەر لە پشکوتن هەڵوەریت… ئاواتێک بە ناکامی لە کیس نیشتمانت چوویت… بزەیەک بوویت، لە شەبەقی بەیانیدا، بەر لە خۆرهەڵات بەسەر لێوانەوە وشک بوویتەوه. وای لە ڕەنجی بەفیڕۆ ڕۆییشتووت… وای لە زیانی بێ ئامان و سامانی میللەتەکەت بە کوژانەوەت… وای لە بێ ڕەحمی ڕۆژگار بە تەنینەوەی فەرامۆشی لە دەوری پرشنگی ناو و خەباتت!

بڵێم حەسامەوە بە ڕزگار بوون لە شەرمەزاری بەرانبەر یادت؟ جارێ ماومە بۆ خۆم و لە جیاتی میللەتیش بەرباری قەرزت بم. هەزاران هەزار فرمێسکی بە کوڵ بۆ سەر خاکی قەبرە پیرۆزەکەت، نازداری کورد و هەولێر ڕەمزی گیان!

 

ڕوون کردنەوەیەک
لە ساڵیک زیاترە بە هەویا بووم بۆ یادکردنەوەی ڕەمزی دووانێک لەگەڵ مامۆستا د. ئاوڕەحمان عەبدوڵڵا بکەم بۆ تۆمار کردنی ئەو هێندە ئاگادارییەی کە لە بارەی چەندوچۆنی بەسەرهاتەکەی ڕەمزییەوە پێی گەییشتوە. لەو ساڵەی 
1943، د. ئاوڕەحمان «ضابط احتیاط» بووه لە «حامیە» ی هەولێر. ڕووداوی دەستگیر بوون و حەپس کردنی ڕەمزی و ئەڵمانەکانی لەبەرپرسیاری پۆلیسی هەولێر بە درێژی بیستبوو، زۆر شایەدیی بایەخداریشی دەماودەم پێگەییشتبوو لە ئەڵمانەکانەوە دەربارەی پلەی کوردایەتی و مەردایەتیی ڕەمزی. داخم ناچێ، لە ماوەی ساڵێکدا ڕێک نەکەوت ئەو دووانە لەگەڵ شایەدی وەها چاوساغ و ڕاستگۆدا بکەم، سەبەبیش دەچێتەوە بۆ گەڕانی بێسوودم بە دوا ئەڵمانیزانێکی ئەوتۆ ڕوونکردنەوەی تەواوی کتێبەکەی مولەری لێ نەبێتە بارگرانی، یان فەرمانێکی ڕەزاگران. تکای کوردانەم لە دۆستی بەڕێزم د. ئاوڕەحمان ئەوەیە  چی دەیزانیت، یان چی بە بیردا دێتەوە لە بەسەرهاتی ڕەمزی بە نووسین بیپارێزێت، ئاخر بە ساڵدا چوونیش دەماری فەرامۆش کردن لە مرۆڤدا ئەستوورتر دەکات. وا لێرەشدا بە نیازی هاندان ئەو شایەدیەی لێ دەدەم تاکوو ئەمانەتەکە پشتگوێ نەخات و لە فۆتانی چەپارە بدات.

 

مەسعوود محەمەد
وەشانی یەکەم: گۆڤاری كاروان، ژمارە 33، ساڵی 1985، لاپەڕه ‌ 511
وەشانی دووم: سایتی www.mamosta.net  ساڵی 2009

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …