Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی نەتەوەکەت بناسە

مێژووی نەتەوەکەت بناسە

میر وەیسی

مێژووی نەتەوەکەت بناسە

9457567-b-300x281

میر وەیسی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی: پێشڕەو ماد

زنجیرە ووتارێکە لە پەڕتووکی “گەڕانەوەی مادەکان” دەرهێنراوە

حەمە میروەیسی نوسەری پەڕتووکی “گەڕانەوەی مادەکان”ە. “گەڕانەوەی مادەکان” بۆ یەکەم جار بە زمانی ئینگلیزی لە ئەمریکا چاپ کراوە. میروەیسی زنجیرە ووتارێکی لە پەڕتووکی “گەڕانەوەی مادەکان” ئامادە کردوە بۆ بڵاوکردنەوەی بە زمانی کوردی. ئەم زنجیرە ووتارە بەشێکی بچوکە لە پەڕتووکی “گەڕانەوەی مادەکان”.

پێشڕەو ماد ئەم ووتارانەی لە زمانی ئینگلیزیەوە کردوە بە زمانی کوردی وە هیوادارین لە داهاتویەکی نزیکدا هەموو پەڕتووکەکە بە زمانی کوردی بە چاپ بگەیەنین.
پەڕتووکی داستانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماده‌کان

گەڕانەوەی مادەکان ئه‌و داستانه‌یه‌ که خودای گه‌وره له‌ ئینجیلدا فه‌رموویه‌تی: رۆژگارێک دادێت، مرۆڤ تێیدا تووشی سه‌رلێشێواویی ده‌بێت و نازانێت چی بکات و چۆن لێی ده‌ربچێت؟

میلله‌تی ماد (کورد) له‌ چیاکانی زاگرۆسه‌وه‌ شۆڕش ده‌کات، ده‌نگی ژن و پیاو و منداڵ ووردە ووردە، به‌رزده‌بێته‌وه‌ و له‌ پێناوی ئازادییدا دژی زوڵم و سته‌م گیانی خۆیان بەخت دەکەن ده‌که‌ن..

داستانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ماد (کورد) بەسەرهات و چیرۆکی مرۆڤه‌کانی ئاریانە نه‌ژاده‌، که‌ راستیی و درۆ و‌ دوو ڕوویی له‌ یه‌کتر جیاده‌کاته‌وه‌، ئه‌م پەڕتووکە وه‌ڵامی چەندان پرسیاری تر ده‌داته‌وه‌، له‌ یه‌کێتیی و هاوپه‌یمانی مرۆڤه‌کان دەدوێت و رێگای ئازادییان نیشان ده‌دات..

ئه‌م پەڕتووکە بخوێنه‌ره‌وه‌، تا به‌سه‌رهاتی راسته‌قینه‌ی میلله‌تی ئاری باشتر بزانیت
ووتەی وەڕگێڕ: لەم جیهانە شارستانیەی ئەمڕۆدا، هیچ نەتەوەیەک نیە وەکو کورد سەرگەردان، چەوساوە و ژێردەستە بووبێت. خاک، مێژوو، ئایین، زمان و کولتوری چەواشە کراوە. داگیرکەرانی دڕندە لە کەوتنی ئیمپڕاتۆڕی مادەوە تا ئەمڕۆ دەیانەوێت نەتەوەی کورد بنبڕ بکەن، دەیانەوێت ڕەسەنێتی کورد بگۆڕن و بیتوێنەوە لە چەند نەتەوەیەکی تردا بە بیانووی گوایە کورد نەتەوەی ڕەسەن نیە و ئەو خاڵانەی کە ڕەسەنێتی نەتەوەیەک دەسەلمێنێ کورد نیەتی. بۆ نمونە دوژمنان درۆ دەخەنە پاڵ مێژووەو و دەڵێن کورد بێ خاک بووە هەرگیز خاوەنی نیشتمان و زمانی جیای خۆی نەبووە. بێگومان یەکسەر پێچەوانەی درۆکانی دوژمن ڕاستە چونکە پێنج هۆکار بوونی نەتەوەی ڕەسەن دەسەلمێنن، ئەو پێنج هۆکارەش بریتین لە خاک، مێژوو، ئایین، زمان و کولتور. کورد خاوەنی هەر پێنجیەتی و لەوەش زۆرتر سەرەتای ئایینی جوان و شارستانی مرۆڤایەتی باپیرانی کورد دایمەزراندووە. مێژووی کورد دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵی پێش زایینی کاتێک لەگەڵ براکانیدا خاکی نەتەوەی ئاری نەژادیان ئاوەدان کردۆتەوە و سنوری خاکی نیشتمانی میدیان پاراستووە. ڕەسەنترین زمانی هەیە و سەرچاوەکەشی زمانی ئاریە کە زەردەشتی مەزنی پیرۆز ئاڤێستەی پێنوسیوە. کورد خاوەنی زەردەشت و ئایینی زەردەشتە کە بڕوای بە تاک و تەنیایی خودا هەبووە و سەرچاوەی هەموو ئایینەکانی سەر زەمینە. کورد زۆر لە مێژەوە دابونەریت و کولتوری جوانی خۆی هەبووە، شەوی یەڵدا، هۆرە و موزیکی زەردەشتی، نەورۆز، دەهۆڵوزووڕنا، هەڵپەڕکێ و پوشاکی کوردی چەند نمونەیەکی ڕەسەنی کولتووری کوردیە.
ئەی ئەم نەتەوە ڕەسەنە بەهێزە بۆچی لە زەردەشت و ئیمپڕاتۆری مادی دیاکۆوە بۆسەرگەردانی ئەمڕۆ؟ کێ هۆ بوو کۆرش یان گریک یان ئەرەب و سامیەکان؟

ناوەڕۆکی پەڕتووکی “گەڕانەوەی مادەکان” جگە لەم وەڵامانە، دەیان وەڵام و شیکردنەوەی مێژوویی تێدایە کە خوێنەر ئارەزوو دەکات زووتر بەشەکانی تری پەڕتووکەکە بخوێنێتەوە. “گەڕانەوەی مادەکان” ڕاستیەکان بۆ نەتەوەی ئاری گەڵاڵە دەکات و ڕۆشنبیری کورد ووشیار دەکاتەوە.
خوێنەری بەڕێز: لە وەرگێڕانی ئەم بابەتە کۆششمان کردوە بۆ ئەوەی بە زمانی کوردی پاک و ڕەسەن بنوسین. زۆر سوپاستان دەکەین ئەگەر یارمەتیمان بدەن لە بەهێزکردنی زمانەکەدا لە ڕووی ووشەکاری و ڕێزمانەوە.

تێبینی: ووشەی ئووریڤان واتە گیان. ئەمڕۆ بە داخەوە کورد زۆربەی ووشەی ئەرەبی بەکاردێنێت. ووشەی گیان یەکێکە لەو ووشانەی کە بە هۆی بە ئەرەب کردنی کوردەوە، واتای خۆی وون کردوە. گیان ووشەیەکی زۆر کۆنی کوردیە وە بە واتەی لەش نایەت، بە پێچەوانەوە لەش تەنە بەرجەستەکەی مرۆڤە و ئووریڤان یان گیان لە ناخیدایە و لەش بەڕێوە دەبات. کە لەش دەمرێت گیان دەردەچێت.

ووتاری یەکەم:

شاهنشا دیاکۆی مەزن و دادپەروەر، دامەزرێنەری ئیمپڕاتۆری ماد باش بناسە

نوسینی: میروەیسی

وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە بۆ کوردی: پێشڕەو ماد

تێبینی نوسەر: مەزن بوون و پایەداری لە ناو کۆمەڵگادا هه‌روا به‌ ئاسانی دەستگیرنابێت. مرۆڤ لە سەرەتادا کە دێتە ژیانەوە هەمووی وەکو یەکن و جیاوازیان نیە لێ فێربوونی ڕه‌وشتی به‌رز و کردنی کاری چاک و سو‌دمه‌ند له‌ پێناوی پێشخستنی مرۆڤایه‌تیدا، بێ گومان مرۆڤ سه‌ربه‌رز و مه‌زن ده‌کات. مه‌زنی ناودار دیاکۆ یه‌کێک بوو له‌و مرۆڤه‌ به‌ده‌گمه‌ن ناودارانه‌ی مێژوو که‌ به هۆی‌ ڕه‌وشتی به‌رز و جوانی توانی ببێته‌ جێگای بڕوای نه‌ته‌وه‌ی ئاریانیم ڤه‌چە. ئەو ئووریڤانێک(گیانێک) بوو توانی نه‌خشه‌ی ڕزگاری یه‌ک میلله‌ت بکێشێت و له‌ جه‌نگ و دوژمن ڕزگاریان بکات وه‌ ژیانێکی ئاسوده‌یان بۆ دابین بکات. دیاکۆ ستایش کرابوو له‌ لا‌یه‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ چوارچێوه‌ی بوون. دیاکۆ ژماریه‌کی زۆر له‌ ڕاوێژکارانی هه‌بوو که‌ یه‌کێک له‌وانه‌ له‌ چیای ده‌ماوه‌نده‌وه‌ هات بوو وه‌ شاره‌زاییه‌کی ئێجگار زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر ڕابردوو هه‌روه‌ها نه‌خشه‌ی پوختی پێ بوو بۆ داڕشتنی داهاتوو. زۆربەی میللەتەکە بڕوایان وا بوو که‌ ئه‌م ڕاوێژکاره‌ ئووڕیڤانی نەتەوه‌ی ئاریانیم ڤه‌چەیە چونکه‌ له ‌ناکاودا ده‌رکه‌وت و هات وه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ش له‌ ‌ناکاودا به‌ نهێنی وون بوو له کاتی‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا که‌ شاهنشا دیاکۆ هه‌موو ڕاوێژکارانی کۆکردبوەوه‌ بۆ دامه‌زراندنی ئیمپڕاتۆری ماد و توندکردنی داهاتووی نەتەوه‌ی ئاریانیم ڤه‌چە.

سەرلەشکر هارپاگۆس ووتی، دیاکۆ (٧٢٥-٦٥٦ پ.ز) شازادەی مادە و کوڕی کەیخەسرەوە، سەرۆکی میللەتی ماد و نەوەی مەتینی پاڵەوانی نەتەوەی ئاریانیم ڤەچە بوو. باوک و باپیرانی دیاکۆ شاهنشای شانشینی مەتین بوون پێش ئەوەی بڕوخێنرێت لە لایەن ئیمپڕاتۆڕی ئاسوریەوە. دیاکۆ توانی شەش تیرەی ماد بکات بە یەک هێزی زیندووی چالاک لە ناو نەتەوەی ئاریانیم ڤەچەدا. دیاکۆ لە سەرەتادا لە ساڵی ٧٠١ بۆ ٦٩٥ پ.ز وەکو دادوەر کاری بۆ هەر شەش تیرەکەی ماد دەکرد. یاوەرێکی بە هێزی ئاینی زەردەشتی بوو وە بیروباوەڕی بریتی بوو لە ڕاستی و دادپەروەری لە بەر ئەوە پایە بەرز بوو لە ناو کۆمەڵدا. بە هۆی ئەوەی لە سەر بنچینەی ئەم بیرەباوەڕەی کاری دادگایی دەکرد، ناوبانگی زۆر دەرکرد بوو لە ناو ماد و پارس و هەموو میللەتانی تری نەتەوەی ئاریانیم ڤەچە. دیاکۆ توڕە دەبێت و واز لە کارکردن دەهێنێ کاتێک دەبینێ نەتەوەکەی ناتوانن یەک بگرن بۆ بەرهەڵستی کردن لە هێرشەکانی ئیمپڕاتۆری ئاسوری. دەست کێشانەوەی دیاکۆ لە کارەکەی دەبێتە مایەی سازکردنی کۆبونەوەیەکی نەتەوەیی بەناوبانگی مێژوویی لە لایەن سەرکردەکانی نەتەوەی ئاریانیم ڤەچەوە. شوێنی ئەم کۆبوونەوەیە دوایی ناونرا “هینگمەتانە” ئەگبەتانە(واتە شوێنی کۆبوونەوە). لەم کۆبوونەوەیەدا سەرکردەکان دیاکۆیان هەڵبژارد بە شاهنشای میللەتی ئاریانیم ڤەچە و ئیمپڕاتۆری میدیان دامەزراند. ئیمپڕاتۆرەکە بە ناوی تیرەکانی ماده‌وه‌ ناونرا. پاش ئەوەی دیاکۆ فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆری میدیا کرد لە ساڵی ٦٩٥ بۆ ٦٦٥ پ.ز بە هۆی زۆری تەمەنیەوە تەختی پاشایی بۆ شازادەی کوڕی فرەڤیرتیش بەجێهێشت.

شاهنشا دیاکۆ لە یەکەم هەنگاویدا سوپای دامەزراند. بۆ ئەم مەبەستە باشترین ڕاهێنەر و پسپۆڕی سوپایی کۆکردەوە و گرتنی بەکرێ بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ڕاهێنان بکه‌ن بە سوپاکەی. چەکی پوخت و پێویست و پێویستیەکانی جەنگ و سوپایان دروست کرد وە نەخشەی ژیرانەیان بۆ سوپا داڕشت.
شاهنشا دیاکۆ فەرمانیدا بە ماد کۆشکێکی فەرمانڕەوایی لەو شوێنەدا دروست بکەن کە کۆبوونەوە نەتەوەییەکەی لێکرا واتە لە ئەگبەتانە کەله‌ دواییدا بوو بە پایەتەختی فەرمانڕەوایی ئیمپڕاتۆری میدیا(ماد). دیاکۆ، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردرا به‌ سه‌رۆک، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئەگبەتانە که‌وت بووه‌ شوێنێکی زۆر به‌به‌یاخه‌وه ‌له هه‌موو ڕووه‌کانه‌وه‌ و هه‌موو پێویستیه‌کانی ژیانی لێده‌ست ده‌که‌وت ئەگبەتانەی کرد به‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری کردن له‌ هێرشه‌ یه‌ک له‌ دوای یه‌که‌کانی ئاسوریه‌کان له‌ به‌ری ڕۆژئاواوه. شاهنشا دیاکۆ فه‌رمانیدا به‌ ئه‌ندازیاران و نه‌خشه سازان‌ که‌ کۆشکه‌که‌ی به‌ پێی نه‌خشه‌ی بیرکردنه‌وه‌ی خۆی دروست بکه‌ن. دیاکۆ ‌ هه‌ر زوو له‌ مێشکیدا هه‌موو لایه‌نه‌کانی دروست کردنی کۆشکه‌که‌ی هه‌ڵسه‌گاندبوو به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئاسایش و به‌رگریکردن و خۆڕاگرتنی میلله‌ته‌که‌ی که‌ چۆن بتوانن شانشینیه‌که‌ی به‌ بێ ترس ‌و بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ بپارێزن له‌ په‌لاماری دوژمن. کۆشکه‌که‌ که‌وت بووه‌ سه‌ر لوتکه‌ی گردێکی به‌رز وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یته کۆشکه‌که‌ ‌حه‌وت شورای بازنه‌یی به‌رز له‌ سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ به‌ چوارچێوه‌ی کۆشکه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌ک دروست کرا بوو که‌ شورای سه‌رووتر به‌رزتر بێت له‌ شورای خوارووتر وه‌هه‌ر یه‌که‌یان به‌ ڕه‌نگێکی جیا له‌وی تریان ڕه‌نگ کرابوو. شوراکان، که‌ جێگه‌ی خۆشاردنه‌وه‌ی هه‌بوو بۆ کاتی جه‌نگ و کاتی ئاشتیش، به‌ هێزی سوپای ماد ته‌نرابوو له‌به‌ر ئه‌وه‌‌ گه‌یشتن به‌ کۆشک ئاسان نه‌بوو. شوراکان له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه‌، شورای یه‌که‌م له‌ خواره‌وه‌ یه‌که‌م هێڵی سوپای به‌رگری تیا بوو که‌ شورای دووه‌می سه‌رووی خۆی پاڵپشتی ده‌کرد به‌ پێویسته‌کانی جه‌نگ و زه‌خیره‌ و شورای سێیه‌میش پشتگیری له‌ شورای دووه‌م ده‌کرد و ئیتر ئه‌م بیردۆزه‌ سه‌ربازیه‌ به‌م شێوه‌یه‌ له‌ خواره‌وه‌ بۆ سه‌ره‌وه به ‌دوایه‌کدا‌ دووباره‌ ده‌کرایه‌وه‌. ئه‌گه‌ر شورایه‌ک له‌ خواره‌وه‌ بشکێنرایا و دوژمن چوارچێوه‌ی بگرتایه‌، ئه‌وه‌ هێزه‌که‌ی ده‌گوێزرایه‌وه‌ بۆ شورایه‌کی سه‌رووتر له‌ خۆی. سوپای ماد به‌م شێوه‌ زیره‌کیه‌ به‌ دڵ و به‌ گیان شاهنشا دیاکۆ و شاهنشینی میدیان ده‌پاراست. له‌ ناو دوا و به‌رزترین شورادا واته‌ شورای حه‌وته‌میندا کۆشکی فەرمانڕەوایی، کۆشکی دارایی شاهنشینی میدیا، چه‌ند کۆشکێکی بچووکی تر و به‌رزترین کۆشک، کۆشکی شاهنشا دیاکۆ و شابانوی لێ بوو.

کۆشکه‌کان به‌ نه‌خشه‌سازیه‌کی جوان ڕازابونه‌وه، به‌ش به‌ش و جیا له‌یه‌کتر و به‌ لوتکه‌ی گۆشه‌یی تیژ ڕووه‌و ئاسمان به‌رزکرابوونه‌وه‌. دیواره‌کانی له‌ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه به‌ وێنه‌ و په‌یکه‌ر و‌ ته‌خته‌ی جوانکراوی داپۆشراو به‌ زێر و زیو، دەرەوی کۆشکەکان بە په‌یکەری وورچ کە نیشانەی شاهنشینی ماد بوو وه‌ سەری کۆشکەکان داپۆشراو بە زێڕ و زیو ڕازێنراو‌ بوون.
له‌ ناوه‌ڕاستی کۆشکەکان مه‌له‌وانگه‌ی سه‌رکراوه‌ی تیا‌بوو که‌ زستانان ئاوی گه‌رمی بۆ دابین کرا بوو هه‌روه‌ها گه‌رماوی تایبه‌تی خۆی هه‌بوو بۆ خۆشتن. ئه‌م مه‌له‌وانگانه‌ تایبه‌ت بوو بۆ شابانو و مناڵه‌کانی. زۆربه‌ی ژووره‌کانی کۆشک هه‌یوانی خۆی هه‌بوو که‌ له‌ ڕۆژئاوا‌وه‌ به‌ سه‌ر چیای ئه‌ڵوه‌ندا[٥٠] ده‌یڕوانی و ڕووه‌و باشور و ڕۆژهەڵات چه‌ند دارستانی پڕ له‌ ئاژه‌ڵی کێوی هه‌بوو که‌ شاو شابانو و شازادکان ڕاویان تیاده‌کرد. ڕووه‌و باکور ده‌توانی سه‌یری ناو شاری ئەگبەتانە بکەیت کە میللەتی ماد تێیدا جێنشین بوو. شازادە ئمیاتیس [٥١] له‌م شوێنه‌ خۆشه‌دا گەورە بوو بوو پێش ئەوه‌ی شوو بکات بە شا نەبۆخوزنەسری بابل کە بە ناوبانگترین کۆشکی له‌ بابل بۆ دروست کرد ئه‌ویش کۆشکی باخچە هه‌ڵواسراوه‌کانی بابل[٥٢] بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئمیاتیس بیر له ئەگبەتانە نه‌کاته‌وه‌ و باخچە هه‌ڵواسراوه‌کان وه‌کو ناوچه‌ چیاکانی ئەگبەتانە بنوێنێت.
لە کاتی فەرمانڕەوایی دیاکۆدا هێزی ماد توانی هێرشی ئاسوریەکان لە سنووری دووریەکی زۆرەوە لە ڕۆژئاوای ئەگبەتانەی پایەتەختەوە ڕابوەستێنێت لێ هێشتا ئەم ‌هێزە ئەو توانایەی نەبوو هێرش بکاتە سەر ئاسوریەکان. نەخشەی دیاکۆ بۆ شکاندنی ئاسوریەکان لە هەنگاوی یەکەمدا بریتی بوو لە پێکهێنانی سوپایەکی گەورە و بەهێزی پڕ چەک و باش ڕاهێنراو به‌و مه‌رجه‌ی که‌ هیچ هێزێکی تر نەتوانێ خۆی لەبەردا ڕابگرێ و لە هەنگاوی دووەمدا بریتی بوو لە ڕێکخستن و گۆشگیرکردنی میللەتەکه‌ی بە هێزی بڕوابوون بەخۆ و خۆڕاگری. ئنجا دوای ئه‌وه‌ی کە میللەت و سوپا ئامادە بوو، ‌ هێرش بکەنە سەر دوژمن بۆ تێکشکاندنی چونکە دیاکۆ دەیویست ژیانێکی ئاسایش و بەختیار بۆ میللەتەکەی دابین بکات و نەی دەویست میللەتەکەی لە جەنگێکی ناپارسەنگ تیا بچێت. دیاکۆ میللەتەکەی زۆر خۆش دەویست و زۆر بە یەکسانی تەماشای دەکردن وە بە ڕەچاوکردنی یاسا فەرمانڕەوایی دەکرد نەک بە بەکارهێنانی زەبروزەنگ و ترساندنی میللەت و ئازاردانیان ئەمە جگە لەوەی کە زۆر دژ بە دزی و ناپاکی بوو. ئابوری شانشینی زۆر ڕێکخست بوو وە بە پێی یاسا باجی لە میللەت وەردەگرت بۆ کۆکرنەوەی سامان لە پێناوی دابین کردنی داهاتووی دانیشتوانەکەی و میللەتیش بە هەموو توانایەوە هاوکاری خۆی و ڕێبازەکەیان دەکرد. میللەت خۆشیان دەویست لە جیاتی ئەوەی لێی بترسن. بە هۆی ڕەوشتی بەرزی و دڵسۆزی و پاکی خۆیەوە دیاکۆ بوو بە خۆشەویستترین سەرکردە لە لای نەتەوەکەی.
دیاکۆ لە ماوەیەکی کورتدا توانی لە چەند تیرەیەکی کۆچەر نەتەوەیەک دروست بکات و ئیمپڕاتۆرێکیان بۆ دابمەزرێنێت لێ ژیان ڕێی پێنەدا هەموو بیر و نەخشەکانی مێشکی بە ئەنجام بگەیەنێت ئەگەر چی زۆر بە ئاشتی لە کۆشکی سەر قەڵا لە ئەگبەتانە کۆچی دوایی کرد. میللەتی ماد شاهنشا دیاکۆی مه‌زن، شاهنشای ناودار و سەربەرزیان لەسەر نەریتی ئایینی زەردەشتی پیرۆز لە نزیک کۆشکەکانی ئەگبەتانەی پایەتەختەوە لە گۆشەیەکی کراوەی چیای ئەڵوەند بە خاکی نیشتمانی میدیا سپارد.

گرتنی پرسه‌ و ماته‌مینی بۆ شاهنشای به‌ناوبانگ دیاکۆ زۆر تایبه‌ت و مێژوویی بوو. میلله‌تی ماد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی ئاریانیم ڤه‌چه‌ له‌ سه‌رتانسه‌ری نیشتمانی ئاریانیم ڤه‌چه‌دا چه‌ند مانگ به‌ گۆرانی غه‌مگین و لاوا‌نه‌وه‌یه‌کی زۆر بۆ سه‌رۆکیان شین و ڕۆڕۆیان ‌کرد و به‌ڵێنیان بۆ شا دیاکۆی مه‌زن دووباره‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ڕێبازه‌که‌ی وون نه‌که‌ن. کۆبونه‌وه‌ی گێڕانی پرسه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی ڕێکخراو بوو. له‌ پێش هه‌موواندا یه‌که‌کانی سوپا ڕیزیان گرت بوو. پاشان پیاوان و بانوانی میلله‌ت. موزیک ژه‌ن لێهاتوه‌کان به‌ ئاوازی دڵته‌زێنی ده‌هۆڵوزوڕنایان و ستان بێژه‌ ناسراوه‌کان به‌ گۆرانی به‌سۆزیان ماته‌مین و پرسه‌ی خۆیان ده‌رده‌بڕی. سه‌ربازانی سوپا ڕووی چه‌که‌کانیان سه‌ره‌و خوار کرد بوو. پیاوان سه‌روشانی خۆیان له‌ قوڕنا بوو وه‌ به‌ هه‌ر دوو‌ ده‌ست به‌ سه‌ری خۆیاندا ده‌ماڵی و باوکه‌ ڕۆیان ده‌کرد بۆ باوکی گه‌وره‌ی میلله‌ت. بانوان سه‌رتاپا پۆشاکی ڕه‌شیان پۆشی بوو وه سه‌ریان له‌ قوڕنا بوو‌ وه‌ هه‌ندێکیان پرچیان بڕی بوو به‌ دوای پیاوان ده‌ڕۆیشتن به‌ شیوه‌ن و ڕۆڕۆ سنگیان خۆیان ده‌کووتی و به‌ نینۆک ده‌موچاوی خۆیان ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڕنی تا خوێنی لێده‌تکی. به‌ ده‌م گریان و ڕژانی فرمێسکیان هاواریان ده‌کرد وای وای باوکمان ڕۆ. ئەم شین و گریانه‌ حەوت شه‌و و ڕوژی خایاند. بانوان پۆشاکی ڕه‌شیان بۆ ماوه‌ی یه‌ک ساڵ پۆشی. به‌م شێوه‌یه‌ ڕێز له‌ سه‌رکرده‌ ده‌گیڕێت ئه‌گه‌ر میلله‌ت سه‌رکرده‌ی خۆی خۆش بووێت، ئاریانیم ڤه‌چه‌ شاهنشا دیاکۆی مه‌زنی زۆر خۆش ده‌ویست و هه‌رگیزله‌ بیری ناکه‌ن.
فرەڤەرتیش کوڕی شاهنشا دیاکۆی مه‌زن دوای باوکی بوو به‌ دووه‌م شاهنشای ئیمپڕاتۆری ماد له‌ (٦٦٥ بۆ ٦٥٣) پ.ز [٥٥]. فرەڤەرتیش په‌ره‌ی به‌ شاهنشینه‌که‌ی باوکیدا و هه‌موو میلله‌تانی نه‌ته‌وه‌ی ئاریانیم ڤه‌چه‌ی له‌ ناو ئیمپڕاتۆری ماددا یه‌کخست. فرەڤەرتیش ناسراوه‌ به‌ ئازاترین شاهنشا له‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌ی ئاریانیم ڤه‌چه‌دا چونکه‌ توانی کۆتایی بێنی به‌ ‌هێرشه‌کانی ئیمپڕاتۆری ئاسوری و خۆشی له‌ جه‌نگێکی سه‌ختی خوێناویدا گیانی به‌خشی به‌ ئیمپڕاتۆری ماد له‌ پێناوی به‌ده‌ست هێنانی ژیانێکی سه‌ربه‌ست و کامه‌ران بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی. ئه‌م جه‌نگه‌ خوێناویه‌ش ئاشورپانیپاڵ (٦٨٥-٦٢٧ پ.ز) که‌ فه‌رمانڕه‌وای ئاسوریه‌کان بوون له‌ ساڵانی(٦٦٨-٦٢٧ پ.ز) به‌رپای کرد. ئاشورپانیپاڵ له‌م په‌لاماره‌دا هه‌موو هێزه‌کانی خۆی کۆکرده‌وه‌ و گه‌وره‌ترین هێرشی به‌ربڵاوی له‌ چه‌ندین لاوه‌ کرده‌ سه‌ر ئیمپڕاتۆری ماد لێ شاهنشا فرەڤەرتیش و سوپای ماد توانیان له‌ سه‌ر سنوور به‌رگری له‌ هێرشی دوژمن بکه‌ن و نه‌ته‌وه‌ی ئاریانیم ڤه‌چه‌ بپارێزن و بۆ دواجار کۆتایی به‌ هێرشی دڕندانه‌ی ئاسوریه‌کان بێنن.
تێبینی نوسەر: هەموو یەکێکی ئازا و زرنگ وەکو شاهنشا فرەڤەرتیش پێیان دەووت کورد. لەو ڕۆژەوە ناوی میللەتەکە گۆڕا بۆ ووشەی کورد. ئەمڕۆش هەر دەوترێت کورد و نیشتمانه‌که‌ی ناوی کوردستانە. ئەمانە ڕاستەوخۆ نەوەی ڕەسەنی نەتەوەی ئاریانیم ڤەچەن.

شاهنشا فرەڤەرتیش ووتی، “نەگەرین بۆ من! من کوردم، ئەوانەی ناترسن لە مردن و خۆبه‌خت کردن له‌ پێناوی سەربەرزی نەتەوه‌که‌یان، کورد کەسێکە درۆ ناکات، ئازا و سەربەرزه‌ وه‌ گیانی خۆی به‌خت ده‌کات له‌ پێناوی ژیانێکی سه‌رفراز و ئاسوده‌ بۆ نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌ سه‌ر خاکی کوردستان، نیشتمانی باوک و باپیرانی.

شاهی شاهان باوکی کوردان، شاهنشا کەیخەسرەوی مەزن باش بناسە!

دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی و ڕزگارکه‌ری نه‌ته‌وه‌ی ئاری، خاس ڕەو، شاهنشای شاهان، نه‌خشه‌سازی پاشه‌ڕۆژ بۆ کورد و ئاری، خوداپه‌رستی سه‌ر ڕاست، دڵسوزی نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئاری و باوکی بێ که‌سان! دوای کۆچی دوایی تۆ، میلله‌تی کوردی ئاری یه‌کێتیه‌که‌ی بەرەو هه‌ڵوه‌شان چوو و له‌ ئه‌نجامدا بوون به‌ ژێرده‌سته‌ و کۆیله‌ی نەتەوه‌ی سامی ئەفەریکی داگیرکەر، باوکی خۆشه‌ویست! ‌ گیانی پاکی تۆ له‌ کوێیه؟ با بێت بمانکاته‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو، ئه‌مڕۆ کورد سه‌رگه‌ردان و کۆیلەی دەستی داگیرکەران و نۆکه‌ره‌کانیانن، ئه‌و نۆکه‌رانه‌ی ناوی خۆیان ناوه‌ شێخ و سه‌رکرده‌.
بابه‌ گیان! ئێمه‌ هاوار ئه‌کەین لە سرودی نیشتمانیمان ئەی ڕەقیب (ئه‌ی دوژمن)، ئەڵێین” ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیا و کەیخەسرەوین”. ده‌با گیانی پاکی تۆ جارێکی تر بێته‌وه‌ سه‌ر چیای سه‌رکه‌شی پیره‌مه‌گروونی سلێمانی و هاوار بکات و بڵێ: کوردینه‌ یه‌کگرن! کوردینه‌ یه‌کگرن! ئێوه‌ نه‌وه‌ی مادن، دوای هه‌زار ساڵ سته‌م و زۆرداری جارێکی تر یه‌کگرنه‌وه چونکە خوداوەند لە ئینجیلدا فەرموویه‌تی، نەک ته‌نها خۆتان ڕزگار ده‌کەن بەڵکو جارێکی تر ده‌بنه‌وه‌ ڕزگارکەری هه‌موو نەتەوه‌ی ئاری لە خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاست و پارچه‌یه‌کی گەورەی ئاسیادا.

پاڵه‌وانی نەتەوه‌ی ئاری، دامه‌زرێنه‌ری یه‌کێتی میلله‌تان، ئەندازیاری ڕێگای ڕزگاری ماد لە دەستی شا مەدیوسی سیسیانی ناپاک و ڕزگارکه‌ری نه‌ته‌وه‌ی ئاری لە دەستی سته‌م و زۆرداری ئاسوری سامی ئەفریکی دوژمنی کورد و ئاری و مرۆڤایه‌تی. باپیرە گەورەی میللەتی کورد شاهنشای شاهان کەیخەسرەو! بەداخەوە بۆ چرکه‌یه‌ک نەسرەوتیت و کاتێک نه‌بوو ژیانت بە خۆشی و ئاشتی ببه‌یته ‌سه‌ر، بێ ووچان له‌ خه‌بات و تێکۆشاندا بوویت له‌ پێناوی سه‌ربه‌ستی نەتەوه‌ی ئاری بێ جیاوازی کردن له‌ نێوان میلله‌تانی ئاری نه‌ژاد. ئەمڕۆ، ئێمە ئەتوانین بڵین تۆ دوای باوکت و باپیرت خۆشەویسترین شاهنشای ئیمپڕاتۆڕی ماد بوویت، ئەتوانین دوای پتر لە ٢٥٠٠ ساڵ شانازیت پێوە بکەین وەکو کورد و هه‌موو ئاریه‌کانی تر چونکە ئێوه‌ی شکۆداری مه‌زن گەورە ترین و دڕندەترین ئیمپڕاتۆڕی سامی ئەفەریکیت لە جیهاندا ڕووخاند.

پێنج هه‌زار ساڵ پێش زایینی نه‌ته‌وه‌ جیاجیاکانی ئه‌فریکا وه‌کو گریک، فینیش، لبنان، ئه‌رمه‌ن، ئه‌که‌د، ئاسور، که‌نان، کلدان، ئه‌ره‌ب، بابل و نه‌ته‌وه‌کانی تری ئه‌فریکی له‌ ژێر فه‌رمانده‌ی سوپای میسردا بێ ووچان هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی هندوئه‌وروپی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌راست. پاش چه‌ندان هێرش و په‌لامار که‌ په‌یتا په‌یتا ده‌یان کرده‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی هندوئه‌وروپی و دوای هه‌زاران ساڵ توانیان ده‌ریای سور و سپی داگیر بکه‌ن بگه‌نه‌ خۆرهه‌ڵاتی ده‌ریای سور و سپی. ده‌ریای سور و سپی ته‌نها که‌لێن بوو بۆ په‌یوه‌ندی له‌ نێوان ئه‌فریکا و خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست. ساڵی ٢٣٠٠ پێش زایینی سوپای ئه‌که‌دی گه‌یشتنه‌ به‌غدای ئێستا و نیشتمانی ئیلامی ئاری خاپوور ده‌که‌ن. پاش ئه‌وه‌ی ئیلامه‌کان ڕاوده‌نێن به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات، ئاسوری سامی شاهنشانشینی هەتیتەومەتین خاپوور ده‌که‌ن و ئیتر هه‌موو ساڵیک هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ئاری و ڕاویان ده‌نێن به‌ره‌و خۆرهه‌ڵات. ماد لە ناوچەی کەرکوک و ورمێیه‌ بۆ هەمەدان و تاران و پارس بۆ شیرازی ئه‌مڕۆ ڕاوده‌نێن.

شاهەنشا کەیخەسرەوی ئیمبراتۆری ماد چۆن نەتەوه‌ی ئاری ڕزگار کرد لە دەستی ئیمپراتوری ئاسوری؟
چیرۆکی شاهنشا ئووڤەخۆشاسەرە (کەیخەسرەو)ی یەکەمی ئیمپڕاتۆری ماد

تێبینی نوسەر: کەیخەسرەو(ئوڤەخاستەرە یا چیای خیرەس [٥٦])کوڕی شاهنشا فرەڤەرتیش ده‌بێت به‌ سێهەم شاهنشای ئیمپڕاتۆری ماد دوای ئەوەی شا ئاشورپانیپاڵی ئیمپڕاتۆری ئاسوری باوکی ده‌کوژێت. شاهنشا فرەڤەرتیش ناسراو بوو بە هیڤ کە شاسەرە. ئیمپڕاتۆری ماد زاراوه‌ی شاهنشای داهێنا لەبەر ئەوەی بۆ یەکەمین جار مادەکان بوون توانیان چه‌ند نەتەوەیه‌کی جیاواز کە خاوەنی ئایینی جوداش بوون بخه‌نه‌ ژێر یه‌ک ڕکێفه‌وه و ‌فەرمانڕەوایی بکەن. ئەم نەتەوانە خۆیان هەریەکەیان شانشین و شای خۆیان هەبوو لێ هەموویان لەژێر ڕکێفی شاهنشا کەیخەسرەودا بوون و تەنها ساڵانە باجیان دەدا بە شاهنشا لە ئەگبەتانە.

خەسرەو یان کەیخەسرەو (٦٢٥ بۆ ٥٨٥ پ.ز) پێشیان دەووت ئوڤە خاستەرە واتە ئەو باشترە. کەیخەسرەوی یەکەم کە بوو بە شاهنشا هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی کرد کاتێ درێژەی بە جەنگدا دژی ئاسوریەکان لێ دوایی کە تێگەیشت لەم جەنگەدا سەرناکەوێت، کۆتایی بە جەنگەکە هێنا. میللەتی سیسیانەکان لە ژێر فەرماندەی مەدیوس کوڕی پروتوهایس [٥٧] لە جەنگی دژی ئاسوریەکان یارمەتی شاهنشا فرەڤەرتیشی باوکی کەیخەسرەو ده‌ده‌ن و به‌ هه‌مان شێوه‌ش که‌ شاهنشا فرەڤەرتیش ده‌کوژرێت یارمه‌تی شاهنشا کەیخەسرەو ده‌ده‌ن. کاتێ کەیخەسرەو بڕیاری جەنگ وەستان دەدات، سیسیانەکان لەگەڵیاندا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئەگبەتانە. پاش ماوه‌یه‌ک سیسیانەکان له‌ ئەگبەتانە خۆیان به‌هێز و توند ده‌که‌ن و ده‌ست ده‌گرن به‌سه‌ر ئیمپڕاتۆری ماددا وه له‌ ژێر فشارێکی زۆردا‌ شاهەنشا کەیخەسرەوی گه‌نج و لاو ناچار ده‌که‌ن که‌ فه‌رمانڕه‌وایی بدات به شا مەدیوسی سیسیانەکان کە تیره‌یه‌کی تری نەتەوه‌ی ئاریانی بوون(٦٥٣ بۆ ٦٢٥ پ.ز). مەدیوس خۆی بانگەواز ده‌کات بە شاهنشای ئیمپڕاتۆری ماد و توانی بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک فه‌رمانڕه‌وایی بکات. له‌ ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا میلله‌تی ماد ژیانیان لێ تاڵ ده‌بێت و ئازارێکی زۆ ده‌چێژن به‌ ده‌ست فه‌رمانڕه‌وایی مەدیوس و سوپا داگیرکه‌ره‌که‌یه‌وه‌ چونکه له‌سه‌ر خاک و ماڵی ماد خۆیان زۆر به‌ زه‌بروزه‌نگ هه‌ڵسوکه‌وتیان له‌گه‌ڵ میلله‌تی ماد ده‌کرد. لێ له‌ دواییدا شاهەنشا کەیخەسرەو به‌ پێی نه‌خشیه‌کی داڕێژراوی ژیرانه توانی ماد له‌ سته‌م و زۆرداری شا مەدیوسی سیسیانی ناپاک ڕزگار بکات، پاشان نه‌خشه‌ی ڕووخاندنی دره‌نده‌ترین دوژمن، ئیمپڕاتۆری ئاسوری‌‌ سامیه‌ ئه‌فریکه‌کان که‌ بێ ووچان هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ئاری هندوئه‌وروپی، داده‌نێت.

جەنگی ماد و ئاسوری

شاهەنشا کەیخەسرەوی یەکەم (چیاەخیرەس) شایەکی زۆر زانا بوو لە ڕامیاریدا وە توانایەکی زۆر تایبەتی هەبوو لە ڕێکخستن و نەخشەدانانی زیرەکانە بۆ پاراستن و پێشخستنی ئیمپڕاتۆڕەکەی لە هەمان کاتدا شاهنشا کەیخەسرەو سەرکردەیەکی شارەزا و ئازای سوپای ئیمپڕاتۆڕی ماد بوو. شاهنشا کەیخەسرەو جگە لەمانە، ئایین پەروەرێکی زۆر پاک و خواناس بوو. لە گەڵ دەستپێکردنی کارەکانیدا، چەندان پەرستگای بۆ ئاناهیتا[٦٠] لە سەرتانسەری ئیمپڕاتۆڕی ماد دروست کرد. بۆ ڕێکخستنه‌وه‌ و نوێکردنه‌وه‌ی سوپای ماد، کەیخەسرەوی مەزن هەر زوو چاوی بە هەڵەکانی پێشویدا خشاند و وانەی لە ڕابردوو وەرگرت و دەستبەجێ نەخشەی سوپاکەی لە بناغەوە داڕشتەوە. یه‌که‌م سه‌رله‌شکر بوو داهێنانی کرد له‌ نه‌خشه‌ی سوپاییدا و سوپای دابه‌ش کرد به‌سه‌ر یه‌که‌ی جیاجیادا. لەشکری مادی کرد به‌ چه‌ند یه‌که‌ی جیاوازه‌وه‌ که‌ پێکهات بوون له‌ یه‌که‌کانی کەماندار، نیزەدار و سوارە. په‌یکه‌ری سوپای مادی وا داڕشت که‌ ڕێکخستن و فه‌رمان وه‌رگرتن بنچینه‌ی کارکردنی بێت و سوپای فێرکرد که‌ ڕاهێنانی سه‌ربازی له‌سه‌ر بنه‌مای فێڵ و زانستی جه‌نگ بکه‌ن بۆ ئەوەی سوپایه‌کی به ‌زه‌بر و به‌رگر و ده‌ست وه‌شێنه‌ر ئامادە بکەن. به‌م شێوه‌یه‌ سوپایه‌کی وا به‌هێز، ژماره‌ زۆر، به‌ توانا، شاره‌زا، و پڕ چه‌کی پێکه‌وه‌ نا که‌ له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تی و چۆنیاتیه‌وه‌ زۆر باڵاتر بوو له‌ سوپای فه‌رمانڕه‌واکانی پێش خۆی کە سوپاکانیان تەنها پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک جەنگاوەری بەڕەڵا و کەمتەرخەم.
جەنگاوەرانی لەشکری ماد بە پێی ئاستی توانا و ئازایەتی کرا بوون بە چەند هێزی جیاوە. ‌هێزەکان بریتی بوون لە هێزی وورچ (هورت یا کورد) کە هێزی هێرشبەر بوو و ئەوانە بوون کە ئامادەبوون بۆ هێرش و پەلامار، لە ڕیزی هەرە پێشەوەی لەشکرەکە دەوەستان وە هێزی پڵنگ (ئیلام) و هێزی بەبەری بانی شیر(پارس) لە پشت هێزی وورچەوە دەوەستان.
شاهنشا کەیخەسرەوی یەکەم ئەگەرچی خۆی نەوەی ماد بوو لێ هەرگیز جیاوازی نەدەکرد لە نێوان ماد، ئیلام و پارسدا. ‌هێزی ئیمڕاتۆری مادی لە یەکبوونی هەموو تیرەکانی ئاریانی دەبینیەوە و یەکێتی نەتەوەی ئاریانی زۆر لا گرنگ بوو، تەنانەت لە کاتی جەنگی نێوان ماد و ئاسوریدا، سیسیانەکانی هێنا بۆ لای خۆی بۆ پشتگیری کردنیان لە ئیمپڕاتۆرەکەی.
شاهنشا کەیخەسرەوی مەزن هەموو هۆکانی تێکشکاندن و سەرکەوتنی جەنگی شیکردبوەوە و دەیزانی چی بکات و چۆن بە دڵنیاییەوە کۆتای بە ئاسوریەکان بینێت و تۆڵەی باوکی بکاتەوە کە بە دەستی ئاشوریەکان گیانی لە دەستدا بوو. لە هەمان کاتدا تێگەیشت بوو کە پێویستی بە پشتگیری و هاوپەیمانی هەیە بۆ دابین کردنی زەخیرە، کەلوپەلی جەنگ و هێزی تر چونکە ئاسوریەکان جگە لەوەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ خاوەن لەشکرێکی ئێجگار زل و بەهێز بوون و هەموو ناوچەکانی نزیک نیشتمانی میدیاشیان داگیر کردبوو، زۆریش پسپۆر بوون لە فێڵ و ڕامیاری جەنگدا. بۆ بەدەست هێنانی ئەم سەرکەوتنە، بانگەوازی هەموو خزمەکانی مادی لە میللەتی ئیلام، پارس، پارسیان، سیسان و هەموو نەوەکانی تری نەتەوەی ئاریانی کرد بۆ بەشداری کردن لەم هێرشەدا بۆ لە ناوبردنی ئیمپڕاتۆری ئاسوری. هەمووان ئارەزووی بەشداریان دەربڕی لەبەر ئەوەی هەموویان ماوەیەکی زۆر درێژ بوو ئازار و ئەشکەنجەیان دەچێژت بە دەست ئیمپڕاتۆری ئاسوریەوە.

کەیخەسرەو ئەوەشی هەڵسەنگاند بوو کە شا نەبۆپۆلاسەر[٦١]ی بابلیەکان زۆر ڕکوکینی بەرامبەر ئاسوریەکان هەیە و بە دوژمنی ترسناکی دەزانێت، هەرچەندە بابلیەکان و ئاسوریەکان دوو میللەتی سامی بوون لێ ئاسوریەکان زۆر دڕندە بوون و پەلاماری هەموو میللەتێکیان دەدا جا ئەگەر لە نەتەوەی خۆشیان بوایە و بۆیان بکرایە بنبڕیان دەکرد. بۆ هاوپەیمانی لە گەڵ بابلیەکان، کەیخەسرەو کچی خۆی، شازادە هەمیتیس، بۆ هاوسەری ده‌بەخشێت بە شازادە نەبوخوزنەسری دوهەم، کوڕی شا نەبۆپۆلاسەر.

لەشکری ماد بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانانی هێرشێکی بەربڵاویان لە یەک کاتدا لە باکوور و باشوورەوە ده‌که‌نه‌ سەر ئاسوریەکان. لە ساڵی ٦١٢ پ.ز نینەڤای(موسڵی ئەمڕۆ) پایەتەختی ئاسوریەکانیان داگیرده‌که‌ن و ئاسوریەکان بنبڕ ده‌که‌ن. لەم جەنگەدا ماد و بابلیەکان کۆتاییان بە ئیمپڕاتۆری ئاسوریەکان ده‌هێنن و لە ڕەگ و ڕیشەیان دەرده‌هێنن. سەرلەشکر هارپاگۆس دەگێڕێتەوە کە ئەم هێرشە پێش لە دایک بوونی هارپاگۆس ده‌بێت بە ٣ ساڵ و شازادە ئەسیاگیش ئه‌و کاته‌ دوو ساڵ ده‌بێت.

دوای تێکشکاندن و نەمانی ئیمپڕاتۆری ئاسوری، هێزی هاوپەیمان ناوچەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش ده‌که‌ن، مادەکان ڕۆژهەڵاتی ڕووباری هەلیاسیان ده‌خه‌نه‌ ژێر دەستی خۆیان وبابلیەکانیش ڕۆژئاوای ئیمپڕاتۆری ئاسوریان ده‌به‌ن بۆ خۆیان. دوای ئەوە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هێمن و ئاشتی ڕووی تێکرد.

توانا و ڕۆڵی بانوانی کورد لە مێژووی میللەتی کوردا زۆر جێگەی بایەخ و سەرنج ڕاکێشانه‌ لێ به‌ داخه‌وه‌ مێژووی سه‌ختی کورد بۆته‌ هۆی له ‌بیرکردنیان. بانوانی کورد خاوەنی زیرەکی و بەهرەیەکی تایبەتن لە زۆربه‌ی بواره‌کانی ژیاندا به‌ گشتی و‌ له‌ ڕۆڵی دایکایه‌تی و پەروەردەکردنی منداڵ و بەختیارکردنی کۆمەڵدا به‌ تایبه‌تی. بانوانی کورد جگە لە ئازاری چەوساندنەوەی نەتەوایەتی، بە داخەوە لە لایەن ئەندامانی کۆمەڵگای کوردیەوە زۆر دەچەوسێنرێنەوە و بە چاوێکی سووک سەیر دەکرێن لێ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بانوانی کورد کۆڵیان نەداوە و بە توانای خۆڕاگری بێ وێنەیان هەر دێنە پێشەوە و دەست و پەنچەی ماڵداری و خۆشەویستی و دانایی خۆیان پیشان دەدەن. سەیری دایکانمان بکەن! بە درێژایی مێژوومان بە شانازی و وورە بەرزیەوە چەندان نەوەی خۆبەختکاریان پێشکەش بە ڕێگای ڕزگاری کوردستان کردوە، سەیری دایکانمان بکەن! چەند خۆڕاگرن لە ڕووبەڕوو بوونەوەی کێشەکانی ژیاندا، سەیری دایکانمان بکەن! چەند جوان و چەند بە خۆشەویستی پەروەردەمان دەکەن. دایکانی کورد مێشکی مناڵانی دەکاتە گەنجینەی زیرەکی و ووتەی نایاب و فێری خۆشی ژیان و مافی مرۆڤ و سەربەستیان دەکەن. نه‌ریتی ڕۆڵی دایکایه‌تی کورد به‌ په‌یامێکی پڕ له‌ ئامۆژگاریه‌وه‌ لە دایکانی گەورەمانەوە نێردراوە بۆ نەوەکانیان. با بزانین بۆچی هەندێ لە بانوان ناونراون مەندانە. ئاوڕ بدەنەوە لە مێژوومان! چیتان بەرچاو دەکەوێ؟ چیرۆکی دایکێکی بە ئازار، چیرۆکی شابانوی ئەنشان، چیرۆکی دایکێکی خۆڕاگر بەرامبەر بە کارە بێدادیەکانی باوکیتان بەر چاو دەکەوێ. چیرۆکی شابانو مەندانە، به‌سه‌رهاتی خەفەتاوی دایکێکی کوردە کە نەوەیەکی وا زیرەک پەروەردە دەکات کە بتوانێت بۆ یەکەم جار لەسەر ڕووی زەمین و مێژووی مرۆڤایەتی، یاساکانی مافی مرۆڤ دابنێت.

تێبینی: ئووریڤان واتە گیان، ئاهوره‌مه‌زدا واته‌ یه‌زدان، ئاتشگە واته‌ پەرستگای زەردەشتیان، لیدیا شانشینێ بوو لە تورکیای ئەمڕۆدا

ووتەی نوسەر:

شابانو مەندان کچی‌ شاهنشا ئەستیاگی چواره‌م ئیمپڕاتۆری ماده و دایکی مه‌زنترین مرۆڤی سەر زه‌مین، شاهنشا کۆڕشی ئیمپڕاتۆری ماده. دایکی مه‌زن و زانا مناڵی مه‌زن و زانا په‌روه‌رده‌ ده‌کات. ڕاسته‌، ده‌ڵێن دایک فێرگه‌ی مناڵه‌. پێویسته‌ میلله‌تی کورد کچانی بنێرێته‌ به‌ر خوێندن تا ببنه‌ دایکی زانا و لێهاتوو وه‌ بتوانن مناڵه‌کانیان وه‌کو شابانو مه‌ندان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن.
شابانو چێگای شانازی میلله‌تی کورده‌ و شارستانیه‌تی کۆنی میلله‌تی کورد پیشان ده‌دات. ئاواتی من وه‌کو نوسه‌رێکی کورد ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌موو دایکێکی کورد خوێنده‌وار و زانا بێت. هه‌موو شه‌وێک پێش نوستن، چیرۆکی باپیرانمان بۆ مناڵانمان بگێڕنه‌وه تا مناڵانی کورد هوشیار بن. زۆر که‌س مێژووی ژیانی شاهنشا کۆڕش که‌ زانایه‌کی گریگی پتر له‌ پێش ٢٠٠٠ ساڵ نوسیویه‌تی، ده‌خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ببن به‌ مرۆڤێکی مه‌زنی وه‌کو شاهنشا کۆڕش کوڕی شابانو مه‌ندانە.
ئه‌رێ! ڕابردووی کورد بریتیه‌ له‌ ڕابردووی شابانو مه‌ندانە و باپیرانی مه‌ندانە که‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی پیری مۆغانی ماد و زانایانی مادن که‌ ئه‌مانیش ‌زاناییان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ‌ وانه‌کانی په‌یام هێنه‌ران زه‌رده‌شت و مه‌هاباد که‌ په‌یامی بیروباوه‌ڕی ته‌نها خودایین پێش 11 هه‌زار ساڵ بۆ مرۆڤ هێناوه‌.

ئه‌ره‌بی ئه‌فریکی به‌ ناوی ئایینی ئیسلامه‌وه، شارستانییه‌تی و نیشتمانی باپیرانی کورد و ئاریان له‌ ناو برد لێ ئێمه‌ی کورد خاوه‌نی شابانو مه‌ندان‌ و شاهنشا کۆڕشی مه‌زنین که‌ جێگای شانازیمانن‌ له‌ نێو میلله‌تانی جیهاندا. ده‌با سه‌ربه‌رزانه‌ چیرۆکه‌کانیان بگێڕینه‌وه‌ و بڵێین، ئێمه‌ خاوه‌نی شابانو مه‌ندانە‌ و شاهنشا کۆڕشین.

‌‌چاوپێکەوتنی مەندان لە گەڵ ئووڕیڤانی(گیان) نەتەوەی ئاری، لە کاتێکدا کە گیانەکە لە شێوەی مروڤێکی پیرۆزی ئاینی دەردەکەوێ شین و فرمێسک ڕژاندنە، گریانی مەندانه‌ دەنگی دەدایەوە لە چیای ده‌ماوه‌ند، کردارە نا دادپەروەریەکانی باوکی مەندانه‌ دەبیستم. من، ئووڕیڤانی نەتەوەی ئاری، هەمیشە ویستومە و کۆششم کردوە بە هەر ڕێگایه‌ك بێت و بە پێی توانام یارمەتی هەمووان بدەم. زۆر دێوی[٢٩] کردار پیس هه‌یە لە چیای ده‌ماوه‌ند دەگەڕێن بەدوای نێچیردا، جنۆکە پیسەکان کاری خۆیانیان کردووە بە شاهه‌نشا ئەستیاگ(ئاشتی ڤیگەوو)[٣٠] تا بتوانن کاری بەدی پێ ئەنجام بدەن دژی کچەزاکەی خۆی. باوکی مەندانه‌ کەوتە داوی ئەم بەد کارانەوە و وای لێ دەکەن کەدژی نەوه‌ی خۆی بێت. دێوی ئازاردەر و جنۆکە بچکۆلەکان دەتوانن خۆیان لەبەر چاو وون بکەن واتە نەبینراوبن و دەتوانن بفڕن یا خۆیان بگۆڕن بە هەر جەستەیەکی تر بەپێی پێویست. ئەمانە زۆر لە مێژەوە ناسراون بەکرداری پیسیان و زۆر جار ژنی لاویان فڕاندوە. توانایان هەیە مرۆڤ دەستگیر بکەن و بیکەن بە کۆیلەی خۆیان یان ببنە مایەی ترساندنی. خۆشیان دەتوانرێت بکرێنە کۆیلە لە لایەن مرۆڤەوە ئەگەر یەکێ لێی بزانێ دەست بگرێت بەسەر ئووڕیڤانی ئەواندا. من دەستم گرتووە بەسەر ئووڕیڤانی دێوێکدا لەناو ئەو گۆزەدایە و لەگەڵمایه. هەر کاتێک ئووڕیڤانی ڕادەوه‌شێنم، په‌یدا دەبێت و دەڵێت “گەورەم من نۆکەرتم، فەرمان بدە هەر چیەک دەخوازی بۆت بکەم.”

منیش ئەمشەو لێرە، لە سەر چیای ده‌ماوه‌ند، دڵم تەنگە، پێم ووت بفڕە و بمبە بۆ ئەنشان، پایته‌ختی ئیلام. وه‌رزی زستانە ده‌مەوێت بفڕیت و بمبه‌یت بۆ ئەوێ با چێژ لە کەشێکی گەرمتر وەرگرم. کاتێ گه‌یشتمە ئەنشان، دانیشتوانی شار له‌ دوای کار ی ڕۆژانه‌یان، ده‌گەڕانەوە بۆماڵەوە بۆ خواردنی ئێوارەیان و بە سەربردنی کاتێکی هێمن لەگەڵ خێزانه‌کانیاندا. من وەکو ئووڕیڤانی نەتەوەی ئاری، گەشت دەکەم لەسەرتاسەری ئەم نیشتمانە بۆ ئەوەی بینین و گوێگرتن لە چیرۆکی دانیشتوانی نیشتمانی میللەتانی ئاری و ئاگاداری خۆشی و ئازاریان بم. بەم شێوەیە دەتوانم بەشداری بکەم لە خۆشی و ناخۆشی ژیانی میللەتانی نەتەوەی ئاری تا ئەو ڕۆژەی دەگەنە شوێنی کۆتایی و هەمیشەییان لە دوای ژیان.

ئا لەم شەوەدا ئازار و دەردی شابانو مه‌ندانەم بیست بە گوێی خۆم. چیرۆکەکەی زۆر کاریگەر بوو لەسەرم، بڕیارم دا یارمەتی خۆی و هاوسەرەکەی بدەم لە کاتی ئەم سەردانەمدا بۆ ئەنشان. دەمزانی مەندانە بێ ووچان سەردانی ئاتشگە[٣١] دەکات، لێ تا ئەو شەوە نەمدەزانی بۆچی؟ ژمارەیەکی زۆر سه‌ردانی ئاتشگە یان دەکرد، لێ ئەمشەو مه‌ندانە لەوێ بوو بپاڕێتەوە بۆ چارەنووسی کوڕە وون بووه‌کەی. شێوەی خۆم گۆڕی بوو بۆ ئەوەی زۆرتر تێبگەم لە کێشەکەی و بڕیارمدا لە نزیکەوە سه‌یری بکەم.

من خۆم گۆڕی بوو بە پیرە پیاوێکی ئاینی مەزن، بەڕیشێکی سپی جوانی پەخش بوو لەژێر چەناگەمەوه، سمێڵێکی پڕی سپی دەممی، کە پڕبوو لەددانی زەرد بوو بە دووکەڵی توتن، بە تەواوی داپۆشی بوو. بەلای پاساوەنە‌کانی دەرەوە تێپەریم و چوومە ناوئاتشگە‌کەوه، شابانو مه‌ندانە لەگەڵ چەند ژنێکی ئاینیدا دەپاڕایه‌وە. تا توانیم نزیک بوومەوە لێیان بە پێی نەریتی خۆمان پیشانمدا کەمنیش وەک ئەوان دەپاڕێمەوە. کات لەسەرخۆ ده‌ڕۆی و خەریک بوو دره‌نگ دەبوو، مه‌ندانە پاڕانەوه‌ی تەواوکرد لێ دیاربوو کە نیگەرانە و ڕەنج دەکێشێت. من خۆم لێ نزیک کردەوە و به‌ ڕێزه‌وه پرسیم “چی نیگەرانی کردوویت ڕۆڵه؟” مەندانه‌ لە وەڵامدا ووتی ” ئۆە ئەی پیرۆزی مەزن! من ئەوە پێنج ساڵە هەموو شەو دێم بۆ ئێرە و دەپاڕێمەوە، ئەمشەو نەبێ تۆم لەمەو پێش هەرگیز نەدیووە، دەبینم تۆ پیاوێکی زۆر خودا پەرستی، من دەپاڕێمەوە بۆ کوڕه‌ وون بووەکەم.”
” زۆر ڕاست دەکەیت! ڕۆڵەکەم ئەمە من یه‌کەم جارمە لێره، من گەشتیارم و تێدەپەڕم بە ئەنشاندا بەره‌و شوێنەواری مەزن لە ڕهاگێس(شاری ڕێ لە ناو تاران، ئێرانی ئێستا) بۆ ئەوه‌ی بپاڕێمەوە لەنزیکی ئەو شوێنە کە ئاهورەمەزدا پەیام هێنه‌ر زەردەشتی نارد بۆی دوای ئەوەی که‌سوکاری زەردەشت زۆریان لەخۆی و خێزانه‌کەی کرد کە شوێنی لە دایک بوونی بە جێبێڵێت چونکە بڕوایان بە پەیامەکەی زەردەشت نەبوو. منیش ئاواتم ئەوه‌یە کە نزیکی ئووڕیڤانی زەردەشت بم بۆ ئەوەی بە ناوی ئەوەوە جەنگ لەگه‌ڵ ئووڕیڤانی دێو و جنۆکانی کردار پیس بکه‌م.
هەر کە شابانو مه‌ندانە گوێ بیستی ووته‌کانم بوو یەکسەر زەردەخەنە کەوتە سەر لێوانی. شابانو مەندانە ڕووی تێکردم و فەرمووی، “خێزانەکەمان زۆر سەربەرز ئەبێت ئەگەر تۆ بتوانی لای ئێمە بمێنیتەوە تا ئەو کاتەی لە ئەنشانیت”. ووتم، ” نامەوێت ببم بەئه‌رک بەسەر خێزانی ئێوه‌وه‌‌، من زۆرشادمانم و لام په‌سه‌نده لە ئاتشگە بم.” پێشم ووت پێم باشترە یارمه‌تی میلله‌ت بده‌م و خەریکی پاڕانەوە بم کاتێک گەشت دەکەم و بە هەر شوێنێکدا تێپەڕدەکەم.
بە چاوێکی خه‌فه‌تاوی و غەمگینەوە ‌سه‌یری کردم و ووتی، ” ئێمەش پێوستیمان بەیارمەتی تۆ هه‌یه هەر وەک ئەوانی تر.” خواستی زۆر کرد و فەرمووی، “لەو کاتەوە که ‌کوڕه‌کەمان وون بووه، من و هاوسه‌ره‌‌کەم په‌یوه‌ندیمان نەماوە لەبەر ئەوە ئێمە زۆر پێوستمان بە ڕێنمایی مرۆڤێکی ئایینی وەک تۆ هه‌یه‌.”

منیش وام پیشاندا کە کەمێک بیر له‌ خواسته‌که‌ی ده‌‌کەمەوە، کەمێک ڕیشم خوراند و پرسیم، ” پێم خۆشە کە سەربەرزم بکەیت و بە ‌سه‌رهاتەکەتم پێبڵێیت پێش ئه‌وه‌ی به‌ڵین بدەم کە دەتوانم یارمەتیت بدەم.”

هەرچەندە من دەمزانی کە ئەو هەرگیز خۆی پێناسە ناکات لێ لە وه‌ڵامدا ووتی، ‌”من، شابانو مەندانه‌م و زۆر دڵم خۆش دەبێت ئەگەر بتوانی لەگەڵمانا بێیتەوە بۆ کۆشک تا به‌سه‌رهاتی خۆمت بۆ بگێڕمەوە.”

منیش کەوتمە بیر‌کردنەوە و پرسیارم لە خۆم دەکرد، ئاخۆ شابانو چ جۆرە ئازارێکی هه‌یە. نامەوێ درۆ بکەم چونکە ئه‌گەر ماندوو و بێکار نەبوومایه‌، خواسته‌که‌یم په‌سه‌ند نه‌ده‌کرد و ئەویش دڵشاد نەده‌بوو. ئەوەی ڕاستی بێت من لە سەر ئاره‌زووی خۆم یارمەتی میلله‌ته‌که‌م دەدەم، ئه‌گینا کە بەزەییم بە مەندانە هاتەوە و بڕیارمدا یارمەتی بدەم لەبەر ئەوە نەبوو کە لە‌ بنەماڵه‌ی شازاده ‌و میرە لە هەمان کاتدا پاڕانەوه‌کەی زۆر کاری تێکردم. هەر چۆنێ بێت، پێم باش بوو کە خواسته‌که‌ی په‌سه‌ند بکه‌م. پاش ماوەیەک لە گەڵ خۆی و پاسەوانەکانی بەرەو کۆشک بەڕێ کەوتین و کە گەیشتین منیان برد بۆ هۆڵی میوان کە شوێنێکی زۆر گەورە بوو بۆ پیاوێکی پیری ئاینیی وەکو من. بەڕاستی من پێویستم بە شوێنی وا خۆش نەبوو لێ سوپاسی پاسەوان و بەردەستانی کۆشکم کرد و خۆمم ئامادە کرد بۆ گوێگرتن له‌ به‌سه‌رهاته‌که‌ی مەندانە.
بۆ سبه‌ینێ، دوای نان خواردنی به‌یانی، شابانو ناردی بە دواما. کاتێک دەستی کرد بە گێڕانەوه‌ی چیرۆکەکەی خۆی، بیرم پەرش وبڵاوبۆوە و چیرۆکەکەی بە شێوەیەک کاری لێکردم کە بووە هۆی ئەوەی بۆ یه‌کەم جار به‌ درێژایی ئەم چەند ساڵی ڕابردوودا، دەست بخەمە کاروباری مرۆڤه‌وه‌.
کاتێک من چوومە ژوورەوە بۆ ته‌ختی فەرمان ڕەوایی، شابانو دانیشت بوو لەسەر ته‌ختێکی مەغمەڵی مۆر و کەنەیزەکەکانی لە گۆشه‌یه‌کدا کاتی خۆیانیان بە یاری کارت دەبردە سەر و چاوه‌ڕوان بوون شابانویان ووتووێژ بکات لەگەڵ مندا. هەرچەندە ئاسایی نیە که پیاوێک بە تەنها بچێتە لای شابانو لە شوێنی تایبه‌تی خۆی لێ بۆ پیاوێکی پیری ئاینیی مەزنی وەکو من ئاسایی بوو. دەستی ئاڕاستە کرد و پیشانی دام کە دانیشم لە سەر ته‌ختێک بەرامبه‌ری و منیش بەشادییه‌وه‌ دانیشتم هەرچەندە ئه‌م ڕووداوە‌ زۆر ئاسان نەبوو بۆمن چونکە فێرنەبووم وەک مرۆڤ هەڵسوکەوت بکەم.

کاتێک دانیشتم، شابانو بە ڕێزەوە سوپاسی هاتنەکەی کردم و لەو کاتەدا ژنێک بەدوو پیاڵە چاوە هات [٣٢]. ژنه‌کە بە جۆشه‌وه‌ چاکەی ئامادە کرد و ئێمەش دانیشت بووین بەبێ دەنگ بۆ ئه‌وه‌ی شابانو ووته‌کانی ته‌واو بکات.

من کلیانه‌کەم دەرهێنا و دەستم کرد بە باخەڵما دەگەڕام بۆ توتن. ووتم “سوپاس بۆ میوانداریاکه‌ت گەورەم، سەربەرزم کارت بۆ بکه‌م ، چۆن ده‌توانم پشتگیریتان بکەم؟” ئەوەی ڕاستی بێت هیچ زیانم نەدەکرد ئەگەر خۆم بکەم بە مرۆڤ هەرچەندە زۆر بێزار بووم کە لە لەشی مرۆڤدا بووم. هەر چۆنێک بێت خۆشی توتن شتێک بوو چێژم لێ وه‌رده‌گرت لەبەرئەوە کیلیانه‌کەم داگیرساند و پاڵمدایاوە لە سەر ته‌خته‌که. پاشان دووکەڵه‌کەم هەڵمژی و سیه‌کانم پڕدەکرد لە دووکەڵی خەست و‌ بە چێژه‌وه‌ فووم دەکردە دەره‌وە.

شابانو مەندانە ووتی، ” بێگومان دەبینی کە من شابانوی ئەم نیشتمانه‌م لێ لەبەر ئەوەی دانیشتووی ئەم ناوچەیه‌ نیت لەوانه‌یە نەزانیت من باووباپیرانم کێیە.” کە ئەم ووشانەی ووت، کەمێک وەستا. وا هەستم کرد تۆزێک دوو دڵ بوو لە ووتەکانی و پێی دەچوو دەیوویست زۆرتر بیر بکاتەوە. پاشان ووتی “من نه‌وه‌ی شاهنشام، دایکم شابانو ئاریانیسە و باوکم شاهنشا ئەستیاگ، شاهنشای ئیمپڕاتۆڕی ماده‌”

له‌ وه‌ڵامدا ووتم ” ئه‌رێ، زۆر باش تێدەگەم، من شاهنشام بیستووه‌‌، تۆ له بنەماڵه‌یه‌کی زۆر پڕهێز کاریت. لەم گەشته‌‌مدا زۆرم بیستووە لە باره‌ی باوکت، شاهنشا ئەستیاگ، و چیرۆکی باپیرە گەوره‌ت، دیاوکاکۆ(دیاکۆ).” بێگومان من زۆرم دەزانی لە باره‌ی باپیرە گەورەی مەندانە چونکە من یه‌کێک بووم لە گەورە ڕاوێژکارانی دیاکۆ. دیاکۆ هەر زوو لە کاتی گه‌نجیەوە بەناوبانگ دەبێت و دەناسرێت بە مرۆڤێکی یاساناس و دادپەروەر کە لە دواییدا دەتوانێت شه‌ش هۆزی ماد بکات بە یه‌ک و سوپایه‌کی یه‌کگرتوویان لێ دروست بکات بۆ بەرگری کردن لە ستەم و زۆرداری ئیمپڕاتۆری ئاسوری. دیاوکاکۆ(دیاکۆ) دەبێت بە مەتینێکی تر لە ناو نەتەوەی ئاریدا.
شابانو مەندان لە درێژەی چیرۆکەکیدا ووتی، “باوک و دایکم ژیانی هاوسه‌ریان زۆر خۆش و بەختیار بوو هەرچەندە لە ساڵانی سه‌ره‌تادا دایکم زۆر هه‌ستی به‌ ته‌نیایی ‌کردبوو. دایکم له بنەڕەتدا لە لیدیاوه‌ هاتبوو. هه‌ر دوو شانیشینی ماد و لیدیا بۆ ماوه‌ی پێنج ساڵ دژ بە یەک جه‌نگان، ساڵی پێنجەمی جه‌نگ بوو خۆرده‌گیرێت و تاریک دایه‌ت، ئه‌مه‌ش بە نیشانەیه‌ک دانرا بۆ وه‌ستانی جه‌نگ لە نێوان هەردوو لادا. ئیتر بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان ماد و لیدیا بچەسپێنرێت، بڕیاڕ دەدرێت دایکم کە کچێکی زۆر گەنج دەبێت، ببێتە هاوسه‌ری باوکم. دایکم ژنی یه‌کەمی باوکم نەبوو، شازادە ڤەشتی کە خزمی خۆی بوو ژنی یەکەمی باوکم بوو، پاشان دایکمی هێنا بوو. لێ زۆری پێ نەچوو کەخۆشه‌ویستیه‌کی زۆر لەنێوانیان دروست بوو.
بە بۆنەی لە دایک بوونمەوە، باوکم ئاهەنگێکی زۆر گەورەی گێڕا بوو و میوانه‌کان زۆر ناویان بۆم پێشنیار کرد بوو. هەر وەکو باوە زۆریان ناوی کۆنی کەسوکار یان مروڤێکی ئاینیان پێشنیارکرد بوو، هەر چۆنێبێت باوکم نەخشەی جیاوازی خۆی هەبوو، خۆی و دایکم ناویانام مه‌ندانە. مه‌ندانە لە دوو ووشەوە هاتووە؛ مەن لەگەڵ دانا واتە من دانام. باوکم زۆربەی کات بانگی دەکردم کچە داناکەم، زۆر منی خۆش دەویست. دایکم زۆر گەنج بوو لەو کاتەدا، ئەویش بانگی دەکردم؛ کچە داناکەم، کچەکەم یان هاوڕێکەم. من زۆر دڵخۆش بووم ئەو کاتانە.”
مه‌ندان دەنگی گیرا و چاوی پڕ لە گریان بوو کاتێ بیری ده‌کردوە لە ڕۆژە خۆشەکانی ژیانی. بەش بەخۆم، لەسەرخۆ گوێم لێدەگرت، جگەریه‌کی ترم پێچایەوە و چایه‌کی ترم خواردەوه. ماوەیەکی زۆربوو کە لەگەڵ مرۆڤدا دانەنیشتبووم، گۆڕانێکی باش بوو.

مه‌ندان لە درێژەدا ووتی، “بێگومان من خەوەکانی باوکم بیست بوو، یەکە بە یەکی ئەوانەی ناو کۆشک چیرۆکەکەی بیست بوو کەچی هەرگیز کەسێک بۆ منی نه‌گێڕایەوه. زۆر زۆر جار گوێم لێدەبوو کە کارماندانی ناو کۆشک گفتوگۆی خەوەکەیان دەکرد. دوای لە دایک بوونم، باوکم لە خەویدا دەبینێ من میزم زۆر کردووە و زۆربەی شاری ئەگبەتانە (هەمەدان، ئێران)ی پایته‌ختی ئیمپڕاتۆری ماد و لایه‌کی ئاسیای کردوە بەلافاو. باوکم پیاوە زاناکانی پیری مۆغانی(مەگەئۆش) بانگ دەکات بۆ ئەوەی پێیبڵین مەبەست لە خه‌وەکەی چیه. دوای چەند ڕۆژیک دەگەڕێنەوە بۆ شیکردنەوه‌ی خه‌وە‌کەی باوکم، دەڵێن کە ڕۆژگارێک دێت مه‌ندانه‌ کوڕێکی دەبێت باپیری لە سەر ته‌خت لا دەبات و دەست دەگرێت بەسەر هەموو ئیمپڕاتۆری ماددا. باوکم منی زۆر خۆشدەویست، هیچ کاتێک ئازاری نەداوم لێ زۆرجار دەمبینی بەنیگه‌رانیه‌وە زۆر سەرنجی دەدام و هەندێ جار لەوە دەچوو بیرەکانی هەزاران جار دوور بێت لە خۆی. لەوانه‌یە باوکم ترسابێت لێ هەرگیز هیچی بە من نەدەووت. منیش ئەو کاتە منداڵ بووم و زۆریش لە خۆشەویستی باوکم دڵنیا بووم.
من لە دایک بوونمەوه لە لایه‌ن کۆمەڵێک دایەنەوە گەورە کرام کە ئێستاش لە ئەنشان لە گەڵمان. کاتێک تەمەنم گه‌یشتە پێنج ساڵان مامۆستایه‌کی ژنیان بۆ هێنام، ناوی مۆغانزادە بوو بۆ ئەوەی خوێندنم فێربکات.”

منیش کەوتمە بیرکردنەوە و ووتم ئەگەر مۆغانزادە مامۆستای بووە ئەمە ژنێکی ئاسایی نیه، چونکە مۆغانزادە مامۆستایه‌کی ئاسایی نیه! لە هەمان کاتدا بیرم دەکردوە دەبێت ئێستا مۆغانزادە لە چ شێوەیەکدا بێت. ئایا وا لەم نزیکانه؟ دووبارە چاوێکم خشاند بە کەنیزەکاندا هیچیان مۆغان[٣٤] نەبوون. مۆغان کۆمه‌لێک زانای زیرەکن، زانای ئه‌ستێره‌ناسن و زۆر بەناوبانگن لە ناو نەتەوەی ئاریدا و شارەزایه‌کی زۆریان هه‌یە دەرباره‌ی جیهان لێ ئەبێ هەموو کاتێک ووریا بیت کاتێک لە نزیکەوە پەیوەندی دەکەیت لەگه‌ڵ مۆغاندا چونکە لێیان بخوازی خەوت بۆ شیبکنەوە شتێکە، بڕوایان پێبکەیت منداڵەکەت پەروردە بکەن ئەوەیان شتێکی ترە. لە مێشکی خۆمدا دەمووت، تۆ بڵییت شاهنشا ئەستیاگ زانیبێتی ئەم مامۆستایە کێ بووە. له‌ هه‌مان کاتدا زۆر ئاگاداری خۆم ده‌کرد چونکه‌ مۆغانزاده‌یه‌کی زۆر که‌م زان ‌یه‌کسه‌ر ده‌زانێت من کێم. بیرم ده‌کرده‌وه‌ چۆن خۆم ڕزگار بکه‌م ئه‌گه‌ر مامۆستا مۆغانزاده لێره‌ بێت چونکه‌ من به‌ هیچ جۆرێک نه‌ خۆم ئاماده‌ ‌کرد بوو ڕووبه‌ڕووی فڕوفێڵی مۆغانزاده‌ بم‌ و نه ئاماده‌ بووم خۆم ئاشکرا بکەم که‌ من کێم.

به‌ ده‌م بیرکردنه‌وه‌ ووته‌کانم به‌ مه‌ندانه‌ پچڕی و ووتم، ” شابانوم! ئێوه‌ منداڵیتان زۆر بەختەوەر بووە، ئه‌ی ئایا به‌ هه‌مان شێوه‌ بەختەوەر بوویت کە به‌رده‌سته‌کانت و مامۆستاکەت لە گەڵتابێت کاتێک ماڵی باوکت بەجێهیشت؟”

“به‌رده‌سته‌کانم لێرەن و هه‌موو کاتێک لە گەڵما دەبن بۆ هەرکوێ بڕۆم. کاتێک ژیانی هاوسه‌ریم ده‌ستی پێکرد، باوکم نەیهێشت مۆغانزادە لە گەڵما بێت. ئای چه‌ند بیری دەکەم! ده‌زانی چه‌ند سەختە بۆ من کە بیری لێدەکەمەوە مۆغانزادە ئەوەندە دوورە لێمەوە چونکە زۆرم خۆشدەوێت. پاش ئه‌و ڕۆژه‌ی لای کۆشکی بنەماڵەکەم لە سه‌ر چیای ڕێگای ئه‌گبەتانە (هه‌مه‌دان)، بۆ یه‌که‌م جار شازادە کامبۆژیان [٣٥]ی هاوسه‌رم ناسی، مۆغانزادەی مامۆستام یه‌کسه‌ر چارەنووسی چاوەڕوانکراوی خۆمی پێ ووتم. دوای ماوه‌یه‌ک لە ناو هەمووان دەنگی دایەوە کە کامبۆژیان و من ‌حه‌زمان له‌ یه‌کتر کردوه. له‌ هه‌موو لایه‌کیش ئاشکرا بوو کە هاوسەری من و کامبۆژیان دەبێتە مایەی دروست بوونی هاوپەیمانیه‌کی ڕامیاری بەهێز. باوکم زۆر زۆر ئه‌م بیره‌ی به‌ دڵ بوو و په‌سه‌ندی کرد ببم به‌ هاوسه‌ری شازادە کامبۆژیان، کوڕی شای ئیلام.

شایی و زەماوەندەکەمان زۆرخۆش بوو وه‌ چەندان شەو و ڕۆژی خایاند. چه‌ندان دەستەی جیاواز دەهۆڵ و زووڕنایان لێدەدا و زرمەی هەڵپەڕکێ ئاهەنگەکەی زۆر گەرم کرد بوو. من و کامبۆژیان زۆر به‌ جۆشه‌وه‌ لە زەماوندەکەماندا بە بازنەیی بە چوارچێوەی دەهۆلێکی گەورەدا هەڵدەپەڕین. بارودۆخی ئاهەنگەکە زۆر خۆشبوو لە بەر ئەوە هیچ هۆیەک نەبوو کە من گومان بکەم له‌ ناخۆشی و ئاژاوه‌ جگە لە هێنانی شادیی و کامەرانی بۆ یەگرتووی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
ته‌مه‌نی خۆشی و کامه‌رانیمان زۆر کورت بوو چونکه‌ دوای ماوەیەکی کەم کوڕێکمان بوو کە چی باوکم بردی و پێیان ووتین کە جارێکی تر چاوتان پێیناکەوێتەوە. ئیتر من و کامبۆژیان هیچ هیوایەکمان نه‌ما. ئێستاش پێنج ساڵی پڕ لە ئازارمان بڕیوە و هێشتا هیچمان دەربارەی کوڕەکەمان نەبیستوە.”

من، ئووڕیڤانی نەتەوەکانی ئاری، بە دەموچاوێکی غەمگینەوە سەیرم کرد و ووتم ، “من، دەگەڕێمەوە بۆ ئاتشگە بۆ ئەوەی له‌ ئاهوره‌مه‌زدای مه‌زن بپاڕێمەوە تا کوڕه‌که‌تان له‌ بەڵا بپارێزێت. هه‌روه‌ها هیوادارم پێش ئەوەی ئەنشان بە جێبێڵم، بتوانم جارێکی تر سەر لە خۆتان و هاوسەرەکەتان بدەم.” مه‌ندانه‌ زۆر سوپاسی کردم و فەرمانیدا به‌ پاسه‌وانه‌کانی بمبه‌نه‌وه‌ بۆ ئاتشگە.
دوای چەند ڕۆژێک، من، ئووڕیڤانی نەتەوەکانی ئاری، خواستم کە چاوم بکەوێت بە شا کامبۆژیان و شابانو مەندانه‌ی ئەنشان. لە شوێنی تایبەتی کۆشکی شاهانه‌ چاوم پێیان که‌وت و بینیم کامبۆژیان زۆرنیگەرانه‌ و باری ده‌روونی به‌ ته‌واوه‌تی ڕووخاوه‌ له‌ دووری کوڕەکەی. دوای ئه‌وه‌ی لە سەرخۆ چاک و چۆنیان لەگەڵ کردم و سوپاسی سەردانەکەمیان کرد، پێم ووتن کە خەوم بینیوە و کوڕەکەیان دەژی و زۆر به‌خته‌وه‌ره‌ و هه‌روه‌ها لە خەوما بینیم کوڕه‌که‌یان دەگەڕێتەوە بۆ لایان و سه‌رتاپای نەتەوەی ئاری دڵخۆش دەکات. له‌ کۆتاییدا ووتم که‌ بڕوایان بە خودا هەبێت و خۆڕاگربن چونکه‌ ئاهوره‌مه‌زدا یارمەتی هەردووکیان دەدا کە سەرکەوون بەسەر ئەم کاتە سەختەدا. پاشان سوپاسی میوانداریانم کرد و بەجێمهێشتن.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …