Home / مێژووی ئیسلام / دادوەری لە سەردەمی عەبباسیدا

دادوەری لە سەردەمی عەبباسیدا

دادوەری لە سەردەمی عەبباسیدا

Abaseakan 9

لە سەردەمی عەبباسیدا سیستمی دادوەری پێشكەوت چونكە ژیانی كۆمەڵایەتی زۆر ئاڵۆزتر بوو و چەند پێناوێكی نوێ‌ هاتنە ناو كۆمەڵگەكە لایەنە كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و ئابوریەكانیان دەگرتەوە. ئەمە هۆكار بوو بۆ دەركەوتنی چەندین كێشە كە پێویستیان بە دادوەر هەبوو تا بەپێی شەریعەتی ئیسلامی دادوەری بكەن. وێڕای دەركەوتنی چوار مەزهەبە فیقهیەكە: حەنەفی و شافیعی و مالیكی و حەنبەلی. ئیتر دادوەر دەبوو بەپێی یەكێ‌ لەو مەزهەبانە حوكمەكانی دەربكات، دادوەری عێراق بەپێی مەزهەبی ئەبوو حەنیفە بڕیاری دەدا. لە میسردا مەزهەبی شافعی زاڵ بوو، لە شام و مەغریب و ئەندەلوس مالیكی هەبوو. لە میسر لە ڕۆژانی فاتیمیەكاندا مەزهەبی شیعی زاڵا بوو. لەمەوە گیانی ئیجتیهاد لە حوكمەكاندا لاواز بوو، هەر ویلایەتێك دادوەرانێكی هەبوون كە سەر بەو مەزهەبانە بوون و بە دیدی مەزهەبی بڕیاریان دەدا لەسەر ناكۆكی و كێشەی نێوان خەڵك. هەوڵی زۆر درا بۆ یەكخستنی حوكمەكان بەڵام سەركەوتوو نەبوون، خەلیفە مەنسور داوای لە ئیمام مالیكی كوڕی ئەنەس (ت5179) كرد تا كتێبی (الموطأ) بكات بەبنەڕەتێ‌ بۆ یەكدەنگی موسڵمانان لە بواری حوكمەكانی شەریعەتدا بەڵام مالیك ڕازی نەبوو چونكە خەڵك پشتیان دەبەست بە چەند فەرموودەو گێڕانەوەیەكی جیاجیا كە لە هاوەڵانەوە گێڕدرابوونەوە.

عەبباسیەكان گەشەسەندنێكی بنەڕەتییان لە دەسەڵاتی دادوەریدا ئەنجامدا كاتێ‌ دەسەڵاتی دانانی دادوەریان تەنها بۆ خەلیفەكان دانا تا لە سەردەمی دەستڕۆیی بیانیشدا كە دەسەڵاتی سیاسی خیلافەت لاواز بوو ئەوە هەر هەبوو. بەوە پایەی دادوەر بەهێز بوو و سەربەخۆ بوو لە ئەمیرەكان. ئەبو جەعفەری مەنسور یەكەم كەس بوو لەلایەن خۆیەوە دادوەری بۆ ویلایەتەكان دانا، ئەمە واتە دادوەری سەربەخۆیی هۆی لەدەستداو كاریگەر بوو بە سیاسەتی گشتی دەوڵەت، هەرەك هەندێ‌ خەلیفەی عەبباسی ویستیان دادوەری ناچار بكەن بەپێی خواستی ئەوان بڕۆن تا كارەكانیان سیفەتی شەرعی وەربگرن، ئەمە زۆر فیقهناسی والێكرد ئامادە نەبن ببن بە دادوەر تا ناچار نەبن پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی فەتوایەك بدەن. كاتێ‌ خەلیفە مەنسوور ویستی ئەبو حەنیفە بكات بە دادوەر ئەو ڕازی نەبوو بەمهۆیەوە بەنكراو لێی درا، هەروەك خەلیفە مەهدی دادوەری مەدینەی ناچار كرد بەزۆر ببێ‌ بە دادوەر، لە شریكی قازیەوە هاتووە ڕازیبوون بە دادوەری وەك ڕازیبوون بە فرۆشتنی ئایین دابنێ‌. هەندێ‌ فەرموودەناس هەڵوێستی گومانیان هەیە سەبارەت بە فەرموودەكانی ئەبوو یوسف لەبەرئەوەی لەگەڵا سوڵتان بووەو دادوەریی قبوڵ كردووە عەبباسیەكان بە شێوەیەكی وردو ڕێكخراو گەشەیان دا بە كارگێڕی دادوەری و پیشەی (قاضی القضاة) دادوەری دادوەرانیان داهێنا تا سەرپەرشتی هەموو دادوەری دەوڵەت بكات و وریای دادوەری كردنیان بێت. ئەمە وەك وەزیری دادی ئەمڕۆمان وایە، لەپاڵ خەلیفەدا بوو و لە مەسەلە ئایینی و دنیاییەكانی دەوڵەتدا فەتوای بۆ دەدا، دانانی دادوەران لە ویلایەتەكاندا بە دەستی ئەم بوو. هەر دادوەرێ‌ بە بڕیاری ئەو دادەنرا یان لادەبرا. یەكەم كەس ئەو نازناوەی وەرگرت ئەبوو یوسف یەعقوبی كوڕی ئیبراهیم هاودەمی ئیمامی گەورە ئەبو حەنیفە بوو لە خیلافەتی مەهدیدا كە دواتر خەلیفە هارونە ڕەشید لەو پۆستەدا هێشتیەوە. لەوانە ئەوەش لەبەر زۆری زانست و شارەزایی لە كاروباری كارگێڕی و دادوەری بوو بێ‌ كە بەڵگەی بواری فیقه بوو.

لەو بارەوە ئیبنولعیمادی حەنبەلی لە كتێبی (شذرات الذهب) دا وا دەڵێت: (فیقهناسترین كەسی سەردەمی خۆی بوو. كەس لە سەردەمی خۆیدا پێشی نەدەكەوت. لەوپەڕی زانست و نەرمو نیانی و گەورەیی و شكۆو توانادا بوو، یەكەم كەس بوو لەسەر بنەڕەتەكانی فیقه لەسەر مەزهەبی ئەبوو حەنیفە كتێبی نووسی و مەسەلەكانی بڵاوكردەوەو زانستی ئەبو حەنیفە لە ناوچەكانی سەرزەویدا بڵاوكردەوە. هێندەی نەبرد ئەو سیستمە لە ڕۆژانی فاتیمیەكاندا گوازرایەوە بۆ قاهیرەش لەوێ‌ گەورەی دادوەران پێی دەوترا (دادوەری دادوەران) دەبوو ئەو نازناوە جیابكرێتەوە لە نازناوی (أقضی القضاة) كە لە سەردەمی بوەیهیدا دەركەوت، ئەمە شكۆو پایەی كەمترە لە نازناوی (قاضی القضاة).

*پلەوپایەی دادوەری عەبباسی:

دەسەڵاتی دادوەر فراوان بوو و لەگەڵا یەكلاكردنەوەی كێشەی نێوان كەسەكاندا داوای هەندێ‌ مافی گشتی موسڵمانانی دەكرد كاتێ‌ دەیڕوانیە سامانی كەسانی شێت و هەتیوو ئامادە نەبوو و سەرپەرشتی حەج بۆ خەڵك و وتاردان لە مزگەوتدا و ڕوانینە چاككردنی ڕێگەوبان و بیناكان لەگەڵا ئەمەشدا هەندێ‌ خەلیفە سەركردایەتی سوپایان دەدایە دەست هەندێ‌ دادوەریان وەك یەحیای كوڕی ئەكسەم كاتێ‌ لە ڕۆژانی مەئموندا بۆ جەنگی دژ بە ڕۆم سەركردایەتی سوپای كرد. ئەحمەدی كوڕی ئەبوو داود لە ڕۆژانی موعتەسمدا، هەروەك زیادی كوڕی غەلەب بۆ سەركردایەتی هەڵمەتی ئەغالیب بۆ سەر صقلیە لە ساڵی 212 كۆچی دادوەر ئەسەد ئیبنولفوراتی نارد. دادوەری عەبباسی پاكی و هێزو دادپەروەری تیا بوو. دانە پاڵ لایەنێكی تیانەبوو یا خودی خەلیفەش یان كەسێكی نزیكیش بووایە، كاتێ‌ ئەبو جەعفەری مەنسورو ئوم مەهدی خێزانی كێشەیان لە نێواندا دروست بوو چوونە لای غەوسی كوڕی سولەیمانی دادوەری میسر، ئەویش هاتە عێراق بۆ حوكمكردنی نێوانیان، ئوممولمەهدی وەكیلێكی گرت و لە بەردەم دادوەردا دانیشت، داوای لە ئەمیری باوەڕدارن كرد لە دادگاكەدا هاوئاستی بێ‌، لە جێگەكەی دابەزی و لەگەڵا بەرامبەرەكەیدا دانیشت. دوای ڕوانینە كێشەكە دادوەر لە بەرژەوەندی ئوممولمەهدی بڕیاریدا. هەروەها مەولای سەید زوبەیدەی ژنی ڕەشید كێشەی هەبوو و وەكیلی لای دادوەر موحەممەدی كوڕی مروق ئامادەبوو، دادوەر داوای كرد ئەویش ئامادەبێ‌ ئەوە بوو چوار مشقی لە بەردەمیدا دانیشت. دادوەر فەرمانی كرد دە داری لێدرا هەرچەندە وەكیلی ژنی خەلیفەش بوو.

لە ئەبو یوسفەوە دەگێڕنەوە كەسێ‌ هات بۆلای بانگەشەی ئەوەی دەكرد باخێكی هەیە لای خەلیفەیە. ئەویش داوای خەلیفەی كرد تا بێت بۆ كۆڕی دادگا. داوای لە سكاڵاكار كرد بەڵگە بهێنێتەوە، ئەویش وتی مەهدی دەستی بەسەردا گرتوەو هیچ بەڵگەیەكیشم لا نیە، با خەلیفە سوێند بخوات، ئەمیری باوەڕداران وتی: (باخەكە هی منەو مەهدی بۆی كڕیوم و هیچ بەڵێننامەیەكیش بەدیناكەم) دادوەر ئەبوو یوسف سێ‌ سوێندی دانا بۆ خەلیفە، كاتێ‌ خەلیفە سوێندی نەخوارد دادوەر باخەكەی دایەوە بە كابرا.

*مەرجەكانی دادوەر:

خەلیفە عەبباسیەكان گرنگییان دەدا بە هەڵبژاردنی دادوەری لێهاتوو و چەند مەرجێكی بنەڕەتییان بۆ دادەنان، گرنگترینیان:

  1. نێری و باڵغ بوون: تەبەری ڕێی داوە ژن لە هەموو شتێكدا ببێ‌ بە دادوەر، ئیمام ئەبو حەنیفە ڕێی داوە لە هەرچیەكدا بكرێ‌ شایەتی بدات دادوەریش بكات، باڵغی چونكە منداڵا ناتوانێ‌ جوان شتەكان جیابكاتەوەو توانای بەسەر خۆیدا زاڵ نیەو ناتوانێ‌ بڕیاری دروست بۆ خەڵك بدات.
  2. عەقڵ و دادپەروەری و ئازادی و شارەزابوون لە حوكمە شەرعیەكان.
  3. موسڵمانی: ناكرێ‌ ناموسڵمانێ‌ دادوەری نێوان موسڵمانان بكات.
  4. سەلامەتی هەستەكان وەك بیستن و بینین و قسەكردن تاپرسیاریان لێبكات و گوێ‌ لە قسەكانیان بگرێ‌.
  5. شەرەفمەندی و نەرمونیانی و لەسەرخۆیی و شارەزایی، دەگێڕنەوە ڕەشید كەسێكی هێنا تا بیكات بە دادوەر كەچی ڕازی نەبوو بە بەڵگەی ئەوەی نازانێ‌ چاك دادوەری بكات و فیقهزان نیە، ڕەشید پێی وت: سێ‌ سیفەتت تێدان: شەرەفمەندیت هەیە كە ئەمە ڕێی سوكی لەو كەسە دەگرێ‌ نەرمونیانیت هەیە كە ڕێی پەلەكردن لێ دەگرێ‌، هەركەس پەلە نەكات كەم هەڵە دەكات، تۆش كەسێكیت لە كارتدا ڕاوێژ دەكەیت، هەركەس ڕاوێژبكات ڕاست پێكانی زۆرە. سەبارەت بە فیقهیش كەسێ‌ دێنین بۆ لات كە شارەزایی فیقهی هەبێ‌.

* كۆڕی دادگا: دادوەر لە مزگەوتی گەورەدا دادەنیشت بۆ دادوەری چونكە پایەكەی زیاتر لەوەی دنیایی بێ‌ ئایینی بوو، هارونی كوڕی عەبدوڵا لە ساڵی 217ك. لە میسر دوو كۆڕی بۆ دادگا دانابوو، یەكەمیان لەناو مزگەوت كە لە زستاندا بوو، دووەمیان لە هاویندا لە دەرەوەی (حەوشە)ی مزگەوت. دادوەری دادوەران لە میسری فاتیمیدا لە مزگەوتی عەمری كوڕی عاص دادەنیشت و شایەت و پێنج پەردەدار لە بەردەمیدا بوون. لە ساڵی 279 كۆچیدا خەلیفە موعتەزید ڕێی نەدا دادوەران لە مزگەوتدا دابنیشن وەك ڕێزو حورمەتێ‌ بۆ دادوەری و (مزگەوت).

دواتر دادوەر لە ماڵی خۆیدا دادەنیشت كاتێ‌ ئیبراهیمی كوڕی جەراح لە میسر بوو بە دادوەر لە ساڵی 205ك . ماڵی خۆی كرد بە كۆڕی دادگا. هەندێ‌ جار هەندێ‌ دادوەر لەنێوان مزگەوت و ماڵی خۆیاندا دەهاتن و دەچوون وەك دادوەری میسر، جار هەبوو لە شاردا دەهات و دەچوو، جار هەبوو دادوەر لە كۆشكی خیلافەت دادوەری دەكرد بەتایبەت ئەگەر مەسەلەكە پەیوەست بووایە بە سكاڵای ستەم لێكران.

كۆڕی دادوەری پێكدەهات لە دەرگاوان و نووسەرو وەرگێڕ كە قسەی عەجەمەكانیان وەردەگێڕا. لەگەڵا شایەتی دادپەروەرو ئەوانەش كە كۆڕبەندی دانیشتەكەیان تۆمار دەكرد، پەردەدار كە لایەنەكانیان دەكردنە ژوورەوە. لەو سەردەمەدا تۆمارەكان پێشكەوتوو بوون و وەسیەت و دیوانەكانیشیان لەخۆدەگرت. دادوەر چەند ڕێوڕەسمێكی تایبەتی بۆ خۆی دانابوو. تەیلەسانی (عەبا) لەسەر شانی دادەناو لە بەردەمیدا شمشێرێكی دانابوو و بەرگی ڕەشی دەپۆشی. یەكەم كەس جلی دادوەرانی تیابەت كرد دادوەر ئەبو یوسف بوو، دادوەران نازناوی نەرم و جوانیان هەبوو و لەگەڵا كاروانەكەیاندا تەپڵا و ئاڵا هەبوو.

دیاردەیەكی دادوەری عەبباسی كە بەڵگەی بەرزی پایەی دادوەران بوو لای عەبباسیەكان ئەوە بوو یەحیای كوڕی ئەكسەم ئەوا دادوەرانەی تاقیكردەوە پێ‌ دەكرد كە لە كەسانی دیاری فیقهناس بوون و دەویسترا بە بڕیاری خەلیفە مەئمون دابنرێن. واتە خەلیفە ڕێی ئەوەی دا بە یەحیا. هەروەك دیدێكی بەهێز دەركەوت بۆ بە میراتی كردنی پایەی دادوەری لە هەندێ‌ خێزاندا. ئەوە بوو هەشت كەس لە ماوەی سەدەی سێیەم و چوارەمی كۆچیدا لە بنەماڵەی ئال ئەبو شواریب پۆستی دادوەرییان وەردەگرت. بۆ ئەوەی خەلیفەكان دڵنیابن لە دووری خەلیفەكان لە بەرتیل وەرگرتن مووچەو بەخششی زۆریان بۆ دانابوون، مووچەیان یەك نەبوو، بەڵكو بەپێی سەردەمەكان دەگۆڕا، لە كۆتاییەكانی سەردەمی ئومەویدا مووچەی دادوەری میسر عەبدوڕەحمانی كوڕی سالم مانگانە بیست دینار بوو، لە كاتێكدا دادوەری میسر عەبدوڵای كوڕی خەزامە لە ساڵی 105ك.دا ئامادە نەبوو مووچەو وەرگرێ‌ بەرامبەر دادوەری. لە كاتێكدا دادوەر خەیری كوڕی نەعیمی حەزرەمی لە میسر كاری بازرگانی زەیتی دەكرد لەبەر كەمی مووچەی. خەلیفە عەبباسیەكان مووچەی دادوەرانیان بەرزكردەوە، قازی موفەزلی كوڕی فزالە كە لە سەردەمی مەهدیدا دادوەری میسر بوو مانگانە سی (30) دیناری وەردەگرت. لە سەردەمی مەئمومدا مووچەكە زۆر زیادی كردو بۆ دادوەر فەزلی كوڕی غانم سەدو شەست دیناری مانگانەی بڕیەوە، هەندێ‌ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن هەندێ‌ دادوەر لە سەردەمی عەبباسیدا بۆ كارەكانیان مووچەیان وەرنەدەگرت، ئەمەشیان لەپێناو خوادا دەكرد تا لە گومان دوور بن، لەوانە دادوەر سیرافی حەسەنی كوڕی عەبدوڵای كە لە ساڵی 369ك. مردو كاری ڕستنی دەكرد. دادوەر موحەممەدی كوڕی صالحی كوڕی ئادەمی هاشمی كە لە ساڵی 366ك. مرد بۆ بوونە دادوەر مەرجی دانا بوو مووچە وەرنەگرێ‌. دادوەری دادوەرانی بەغداد ئەبوبەكر موحەممەدی كوڕی موزەفەری شامی كە لە ساڵی 488ك.دا مرد تا مردنی بە كرێی خانوویەكی دەژیا. لە سەردەمی فاتیمیدا مووچەی دادوەران كەمی كرد، ئەمە بەڵگەی ئەوەیە موسڵمانان پایەیەكی بەرزو باڵایان داناوە بۆ دادوەری و یاسا.

* سەیركردنی سكاڵاكان:

دەسەڵاتی دادوەری لە دەوڵەتی ئیسلامیدا سیفەتی گەشەو زیندوێتی هەبوو. دیاردەی زیندوێتیەكەشی گەشەسەندنی دامەزراوەیەكی دادوەری زۆر گرنگی تایبەت بوو لەپاڵا بازنەی دادوەردا كە تایبەتمەندیەكی سەیركردنی سكاڵا بەرزكراوەكانی خەڵك بوون بۆ لای خەلیفە یان والی یان نوێنەریان تا ئەو ستەمەیان لەسەر نەمێنێ‌ كە كارمەندانێكی دەوڵەت و دەزگاكان ئەنجامیان داب. ئەوەی سەیری سكاڵاكانی دەكرد دەیڕوانیە هەر حوكمێ‌ كە دادوەر لە ئاستیدا دەستەوسان بووایە و كەسی بەهێزتر لەو سەیری دەكرد. ئەمە دەسەڵاتێ‌ بوو بۆ سەركوتكردنی ئەوەی گوێ‌ ناگرێ‌ لە دادگاو جێبەجێی ناكات.

ئیبن خەلدون ویلایەتی سەیركردنی سكاڵاكان وا وەسف دەكات (ئەركێكی تێكەڵەی هێزی دەسەڵات و نیوەیی دادگا بوو كە پێویستی بە دەسەڵاتی باڵاو ترسی زۆر هەبوو) سكاڵاكان دوو جۆر بوون:

یەكەم:سكاڵا لە ستەمی والی و زەكات و صەدەقە كۆكەرەوەو كارمەندان.

دووەم: ستەمی تاكەكان بەرامبەر هاوڵاتیان. خوێنەری سكاڵاكان دەبوو كەسێكی زۆر بەتواناو پایەبەرز بێ‌.

پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم یەكەم كەس بوو سەیری سكاڵاكانی دەكردو بەدڵاو چاوو دەستی وریای ئوممەت بوو و سوور بوو لەسەر پاراستنی مافەكان و لێدانی دەستی ستەمكاران و تۆڵە وەرگرتنەوەو سزادانی توند. پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم عەلی كوڕی ئەبو تالیبی نارد بۆ خوێن بایی دانی كوژراوانی بەنی جوزەیمە كە خالیدی كوڕی وەلید بە هەڵە كوشتبوونی. هەروەك موحاسەبەی بەرپرسی صەدەقاتی بەنی سەلیمی كرد كاتێ‌ سامانەكەی دایە دەست پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و وتی (ئەوە سامانتانەو ئەوەش خەڵاتی خۆم كراوە). پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم پێی فەرموو (با لە ماڵی باوك و دایكت دابنیشتایتایە تا ئەو خەڵاتەت بۆ بێ‌ ئەگەر ڕاست دەكەیت).

شتێكی چەسپاوە سەردەمی پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و خەلیفە ڕاشیدیەكان پڕ دادپەروەرترین سەردەمی دەوڵەتی ئیسلامی بوو لە ڕوانگەی بەداوادا چوون و لێپێچینەوەی كاربەدەستان و سەیركردنی سكاڵاكان، سكاڵاكان لەو دوو سەردەمەدا وانەبوون تا پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم و خەلیفەكانی كەسی بۆ تایبەت بكەن چونكە خەڵكی لە سەرەتای ئیسلامدا ڕووەو حەق گرتنەبەر هەنگاویان دەنا یان سەركۆنەو ئامۆژگاری ڕێی ستەمیان دەگرت.

خەلیفە عەلی صلى الله عليه وسلم یەكەم كەس بوو سكاڵاكانی سەیر دەكرد تا پایەی دادپەروەری بچەسپێنێ‌ و مافەكان بۆ خەڵك بگێڕێتەوە، بەڵام بە تەنها ڕۆژێكی دیاری نەكرد بۆ ئەوە، بەڵكو هەركات كەسێ‌ بهاتایە مافی بۆ دەسەندەوە. دواتر ڕۆژێكی بۆ ئەو كارە تایبەت كرد.

لە سەردەمی ئومەویدا لە سەردەمی خەلیفە عەبدولمالیكی كوڕی مەڕواندا دادگای سكاڵاكان ناسرا، یەكەم كەس بوو سەیری سكاڵاكانی دەكردو ڕۆژێكی بۆ تایبەت كرد تا گوێ‌ لە سكاڵاكان بگرێ‌، بەڵام ئەگەر لە كێشەیەكدا گیری بكردایە و پێویستی بە حوكم هەبووایە دەیگێڕایەوە بۆ ئەبو ئیدریسی ئەزوی دادوەری تا لێی بڕوانێ‌. بەمە دادوەر بەشدار كەر بوو و عەبدولمەلیك فەرماندەر بوو. ئەمە بەڵگەی ڕوونە لە سەر چاكی هەڵسوكەوتی عەبدولمەلیكی كوڕی مەڕوان و ئاستی دادپەروەری و ڕەچاوكردنی باری موسڵمانان. هەروەك عومەری كوڕی عەبدولعەزیز خۆی ڕاسپارد بوو بۆ سەیركردنی سكاڵان و گێڕانەوەی دادپەرەری بۆ كەسەكان. ناوی عومەری كوڕی عەبدولهەزیز لەگەڵا دادپەروەریدا بەرچاو دەكەوێ‌.

لە سەردەمی عەبباسیدا مەنسور یەكەم كەس بوو سەیری سكاڵاكانی دەكرد، تەبەری دەگێڕێتەوە كەسێ‌ لای مەنسور سكاڵای ئەو كاربەدەستەی كرد كە شمەكەكەی برد بوو، خەلیفە مەنسور بۆی نووسی (ئەگەر دادپەروەر بوویت سەلامەت دەبیت. دەی ئەم ستەمە لەسەر ئەم ستەم لێكراوە بە جوانی لابەرە) هەروەك خەلیفە مەهدی و هادی و ڕەشیدو مەئمون سەیری سكاڵاكانیان دەكردن، یەكەم كەس ئەو كارەی دەكرد خەلیفە موهتدی بوو كە گومەزی مەزالیسی دروست كرد تا لەوێ‌ دابنیشێ‌ بۆ سەیركردنی سكاڵاكان و گێڕانەوەی مافەكان بۆ خاوەنەكانیان.

دادگای سكاڵاكان بە سەركردایەتی خەلیفە یان نوێنەرێكی لە مزگەوت یان كۆشكی خیلافەتدا دەبەستراو ڕاستەوخۆ خەڵكی لە ڕۆژی تایبەتیدا دەچوونە ئەوێ‌. لە سەردەمی مەئموندا ڕۆژی یەكشەمەی هەموو هەفتەیەك دانرا بوو، موعتەزید ڕۆژانی هەینی دانا بوو. ئەحمەدی كوڕی تۆڵۆن لە هەفتەیەكدا دوو ڕۆژی لە میسر دانا بوو تا وای لێهات حەوت ساڵا خەڵك پێویستیان پێی نەبوو. سكاڵاكان بە نوسراوی و بەڕێكخراوی كە كارمەندێكی تایبەت ڕێكیدەخستن دەخرانە بەردەستی خەلیفە تا لەگەڵا دادوەرو فیقهناسەكاندا سەیری بكات. ئەگەر ڕای چەسپاندووە بڕیاری لەسەر دەدرا و لایەنی گرنگی پێدەر دەبوو یەكسەر جێبەجێی بكات. لەباری ئەوەیدا ئەو شتە تایبەت بووایە بە خودی خەلیفە یان ئەندامێكی خێزانەكەیەوە خەلیفە خۆی سەیری نەدەكرد بەڵكو دادوەری سەیری دەكردو بڕیاری لەسەر دەدرا.

بەرپرسی مەزالیم پێنج كۆمەڵی لەدەور بوون كە بەبێ‌ ئەوان ئیشی بەڕێوە نەدەچوو:

  1. پارێزەر و هاوكاران: بۆ سەركەوتن بەسەر كەسێكدا كە پەنا بباتە بەر هێزو توندو تیژی یان هەوڵی ڕاكردن لە دادگا بكات.
  2. دادوەرو فەرمانڕەوایان: كاریان ئاماژەدان بوو بە ڕای ڕاست بۆ بەرپرسی مەزالیم تا مافەكان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنەكانیان و لایەنە جۆربەجۆریەكانی بارەكەی بۆ بخەنەڕوو.
  3. فیقهناسان: دادوەری مەزالیم لە هەر مەسەلەیەكی شەرعیدا كێشەی هەبووایە دەگەڕایەوە بۆ لای ئەوان و ڕای ئەوانی وەردەگرت.
  4. نووسەران: تا چی هەیە بینووسن و بڕیارو مافەكان تۆمار بكەن.
  5. شایەت: كاریان شایەتی دان بوو لەسەر بڕیارەكانی دادوەر كە لەگەڵا حەف و دادپەروەریدا نەگونجاو نین.

* دەستڕۆییەكانی دادوەری مەزالیم:

دەكرێ‌ دەستڕۆییەكانی دادوەری مەزالیم و ئەركەكانی لەمانەدا كورت بكەینەوە:

  1. سەیركردنی ئەو سكاڵایانەی كە هاوڵاتیان دژ بە دەستدرێژی والی و فەرمانڕەواو نوسەرانی دیوانەكان و كۆكەرەوەكانی باج و توندییان بەرزیان كردبوونەوە چونكە ئەوانە ئەمیندارانی موسڵمانانن بۆ چەسپاندن و پاراستنی سامانیان و سزادانی ئەوانەی سەلماوە تاوانبارن.
  2. جێبەجێكردنی فەرمانی دادوەران لەبەر لاوازی و دەستەوسانی لەسەر حوكم لەسەردراو جێبەجێ‌ نەبوون لەبەر بەهێزی یان زۆری توانای كەسەكە چونكە والی مەزالیم قەڵەمڕەو و دەسەڵاتی لەوان زۆر بەهێزتر بوو.
  3. سەیركردنی ستەم لە سەربازان بەتایبەت مورتەزەقەكانیان ئەگەر موچەیان كەمی كرد یان دانی دواكەوت، لە پێدانی بەخششی دادپەروەرانەدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دیوانەو بەسەریاندا جێبەجێی دەكات.
  4. چاودێری ئەنجامدانی دروشم و پەرستشە دیارەكانی وەك هەینی و جەژن و حەج و جیهاد، هەندێ‌ لەو دەستڕۆییانە دواتر بوون بە پیشەو ئەركی موحتەسیب.
  5. سەیركردنی ئەو مەسەلانەی بەرژەوەندیە گشتیەكان كە ڕوانەری حەسبە دەرەقەتی نایەت وەك خراپە بە ئاشكراكردن و دەستدرێژی سەرە ڕێگەكان بۆ سەر خەڵك.
  6. سەیركردنی كێشەی دوو مشتومڕكەرو حوكمدانی حەق لەنێوانیاندا.
  7. چاودێری و سەرپەرشتی ئەوقافی گشتی و تایبەت، گشتیەكەی تا لەسەر ڕێی خۆی بڕوات. تایبەت تا ڕێ‌ بگرێ‌ بە ستەم لە خاوەنی لەكاتی ناكۆكی لەسەری.

بەو جۆرە تێبینی ئەوە دەكەین دەسەڵاتی سەیركەری سكاڵاكان و قەڵەمڕەوی زۆر لە هی دادوەری پەیوەست بە ڕوانینە دەعوامان زیاتر بووە. ماوەردی لە كتێبەكەیدا چەندین جیاوازی لەنێوان ئەو دووانەدا دیاری كردووە.

About كه‌یفی عمر

Check Also

پەیمان شکێنی جوولەکەکانی مەدینە بەرانبەر پێغەمبەری خواﷺ

{بنی قینقاع، بنی النضير، بنی القریظە} بەنموونە ئامادەکردنی: ئەحمەد سەباح بەشی یەکەم: بنی قینقاع      …