Home / بەشی مێژووی كورد / بارەگاکانی یەکێتی لەسەرەتاکانی شۆرشدا

بارەگاکانی یەکێتی لەسەرەتاکانی شۆرشدا

بارەگاکانی یەکێتی لەسەرەتاکانی شۆرشدا

پێشەكی
شاخی مامەندە دەكەوێتە سەرسنوری نێوان عیراق‌و ئێران‌و شاخێكی گرنگ‌و ستراتیژی‌و كلیلی ناوچەكە بوو، كە دەڕوانێتە سەر گوندی شێنێ. زێوكە، ئالیەڕەش، رەزگە، مارەدو، قەڵاتوكان، پشكاوێ، بێدەلان، سونێ هەندێ لەو گوندانە بوون كە رژێمی بەعس وەك تەرحیل‌و چۆڵكرابون‌و تێكدرابون‌و سەرچاوەو كانی ئاوەكانی تەقێندرابونەوەو پڕكرابونەوە. رێگای سەرەكی هاتوچۆی پێشمەرگە بوون. دواتر  شێنێ، زەڵێ، قولەهەرمێ، توژەڵە دەستی بەعسی پێنەگەیشت. خڕی نێرزەنگ وەك هەندێ ناویان دەبردو هەندێكیش نیوزەنگ یا ناوزەنگ وەك خۆمان ناومان دەبرد، یەكێك بوو لە پلانە ستراتیژیەكانی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چونكە ئەتوانم بڵێم هەر سێ پارێزگای سلێمانی‌و هەولێرو كەركوكی پێكەوە دەبەستەوە لەڕێگای ریكخستنە نهێنییەكانی سلێمانی‌و هەولێرو سەرەرێگای قاچاخچێتی بوو لە نێوان ئێران‌و عیراقدا، بەمەش كەلوپەل‌و پێداویستی‌و خۆراكی پێویست بۆ پێشمەرگەو بارەگاكان دابین دەكرا.
نووسین‌ و ئا: عوسمان عومەر
زەڵێ
با لە زەڵێ-وە دەستپێبكەم، تا رادەیەك تەختایی كەمە، هەندێ شوێنی لێڕەوار، هەندێ گردی بەرزو لەدووریشەوە شاخی مامەندەی لەپشتە. ئەوكات بەفرێكی زۆر ناوچەكەی دەگرت، كە بووم بە پێشمەرگە ساڵی ١٩٨٢، بارەگای مەڵبەندی ٣ی یەكێتی لێبو، كە هەڤاڵ د.خدر مەعصوم كارگێڕی بوو لەگەڵ خوالێخۆشبوو لالۆ رەحمان (سڵاو لەگیانی پاكی) سەرپەرشتیان دەكردو كاروباری رێكخستن‌و هەندێ كاری ناو شۆڕشیان بەجێدەگەیاندو وەك مەڵبەندێكی پێگەیاندنی كادری سیاسی‌و رێكخستن‌و سەربازی وەك كاك پشتیوان هەمزەو مامۆستا ئازادو كاك رەهبەرو دواتر وەك فەرماندەیەك دەركەوت‌و كادری تری وەك كاك شێخ چاپوك‌و كاك حەمە زیادو شەهید دكتۆر كاوەو مامۆستا كازم‌و كاك دارا كە هەردووكیان وەك فەرماندەیەكی سەربازی دەركەوتن و دەیان كادری بەشەكانی تری پێشمەرگایەتی.
مەكتەبی عەسكەری كە كاك مولازم عومەرو خاڵە سەید مەجیدو كاك مستەفا چاوڕەش‌و چەندین فەرماندەی تر سەرپەرشتی ئەو مەكتەبەیان دەكرد كاریان راپەڕاندنی كاری پێشمەرگەو چەكداركردنیان‌و رێكخستنیان‌و دابینكردنی پێداویستیەكانیان دەكرد، دواتر چ وەك مەفرەزەو كەرت‌و هێزو ناردنە خوارەوەیان، راپەڕاندنی كاروبارەكانی هێزەكانی خوارەوەو سەرپەرشتیكردنی هێزی پێشمەرگە. بەدالەیەكی سەربازیی لێبوو بەوایەر راكێشرا بو و بەسترابۆوە بە بەدالەی سكرتاریەتی هەڤاڵ مام جەلال، هێڵ بۆ زۆربەی بارەگاكان چووبوو كە تەلەفۆنی مەیدانی (باتل فیلد) بە هاندل كاری دەكردو بەكاردەهێنراو زۆرجار لەئەنجامی بەفربارین هێڵەكان دەپچڕان، ناچار پێشمەرگەی بارەگاكان دەبوایە چاكی بكەینەوەو جۆینی بكەینەوە. یەكێ لەكارەكانی (م.ع) دابەشكردنی نهێنی شەو بوو بەردەوام ئەو بارەگایە جمەی دەهات بەهۆی مانەوەی پێشمەرگەكانی خوارەوە تا جێبەجێكردنی كارەكانیان هەردوو بارەگا پاسەوانی شەوانەی تێدا ئەنجام دەدرا.
هەر لە زەڵێ، بارەگای مەكتەبی ئیدارەو میوانخانەو چەند خەیاتێكی شۆڕش‌و شوێنێكی بچوكی وێنەگرتنی لێبو، كاك موبارەك كارەكانی دەكردو یەك دوو شوێنی فرۆشتنی كەلوپەل‌و پێداویستی هەبوو، بەڵام بۆ زۆربەی پێداویستیە سەرەكییەكان روو دەكرایە ناوزەنگ یان قاسمەڕەش. یەك دوو ماڵیش پیشەو كاریان نانكردن بوو بۆ ئەو بارەگایانە بەكرێ. لەخوارئەمانیشەوە بارەگای ناوەندی بزوتنەوەی سۆسیالیستی كە مامە جەمال ئاغاو مامۆستا عەلی حەوێزو مامۆستا نازم‌و مامۆستا چەتۆ حەوێزی‌و چەندین كادری سیاسی‌و رێكخستن‌و پێشمەرگایەتی سەردانی دەكردن‌و راگەیاندنێكی سەربەخۆیان هەبوو، ئەو بارەگایە ئەرك‌و فەرمانەكانی ئەوكاتی شۆڕشیان بەجێ دەگەیاندو بەردەوام قەرەباڵغ بوون بەهۆی سەردانی پێشمەرگەو كادرەكانیان. بەرامبەر ئەوانیش لە قوڵە هەرمێ نەخۆشخانەی شۆڕشی لێبو كە كاك د.خدر سەرپەرشتی دەكردو چەندین دكتۆری بەتواناو یاریدەدەری پزیشكی بە ئیمكانیاتێكی دیاریكراو و كەمەوە رۆژانە خزمەتی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكەیان دەكرد كە روویان تێدەكردن بۆ چارەسەری نەخۆشی‌و پزیشكی‌و هەندێ رووداو. لە سەرووی زەڵێ، پێش گەیشتن بەناوزەنگ، لە دۆڵێكدا بەقەدپاڵێكەوە بەرامبەر شاخی نۆكان، بارەگای بەندیخانەی لێبوو، كە ئەوكات كاك عەلی شامار لێپرسراوی بو و چەندین كادرو پێشمەرگە لەوێ خزمەتیان دەكردو چەندین دیلی سەربازی‌و چەكدارو گومانلێكراو و هەندێ جاریش پێشمەرگە لەسەر سەرپێچی سزا دەدران‌و دەخرانە ئەوێ، بەڵام شوێنی پێشمەرگە لەوانی تر جیا بوو، نان‌و خواردن دروستكردن بە بەندیەكان دەكرا، دەتوانم بڵێم ئەو بەندیخانەیە نەبوو كەبەردەوام لەژووردا بن، تەنها تاوانبارو بكوژەكان نەبێ‌و دەتوانم بڵێم ئەوكاتیش پەیڕەوی مافەكانی مرۆڤی تێدا دەبینراو هەستی پێ دەكرا، بارەگاكان بۆیان هەبوو بەندكراوەكان ببەن بۆ كاركردن بە نوسراو و دواتر گێڕانەوەیان بۆ بەندیخانە بە پاسەوانییەوە.
ناوزەنگ یان خڕی نێوزەنگ
ناوزەنگ یان خڕی نێوزەنگ یا وەك لەهەندێ خەڵكی شێنیم گوێ لێبوە كە وتویانە (خڕی نێزەنگ) گوند نەبووە، بەڵام سەركردایەتی ی.ن.ك، بنكەو بارەگاكانی خۆی لێ بنیاتناوە. زۆربەی خانوی بارەگاكان لە قوڕو بەردو هەندێكی بە خشتی قور دروستكرابوون. چەمێكی بچوك دەیكرد بە دوو بەرەوە، ستونی سنوری تێدا چەقێنرا بوو، وەك گوێم لێبوەو باسكراوە كاتێ سەركردایەتی یەكێتی چوونەتە ناوچەكە، هێزەكانی سوپای ئێران نەیانهێشتوەو ویستویانە دەریان بكەن. كاك د.خدر مەعصوم دەچێتە سەر یەكێ لەپایەكانی ستونەكان‌و دادەنیشێ بەفەرماندەی هێزەكە دەڵێت ئەوە نە خاكی ئێرانە نە خاكی عیراقە، بۆیە ئەفسەرەكە هێزەكەی دەكشێنێتەوە.
نێوزەنگ بازاڕێكی قەرەباڵغی هەبوو، رۆژانە سەدان قاچاخچی‌و وڵاغداری پێدا تێدەپەڕی، هەریەكە جۆرە كاڵایەك‌و جۆرە خواردن‌و خۆراكێكیان پێبوو، كە دەگوازرایەوە بۆ قەڵادزێ‌و ئۆردوگاكانی پێمالك‌و بەستەستێن‌و ژاراوە، كە لە ئێرانەوە دەهات‌و لەعیراقیشەوە بەهەمان شێوە بەشێك لەو كاڵایانە بۆ دوكاندارەكان بوو، بەشەكەی تر بۆ ناو خاكی عیراق. لەمبەر ناوزەنگ، دوكانیك بە نایلۆن‌و خەیمە هەبوو، بەردەوام جمەی دەهات. ئەو دوكانەی ئەحمەد ساروخ بوو وەك باسدەكرا لە بۆردومانی فڕۆكەكانی عیراقدا، ساروخێك بەر دوكان‌و ماڵەكەی كەوتوە، هەندێ لە ئەندامانی خێزانەكەی تیاچون‌و خۆی‌و یەك یا دووان سەلامەت بوون. ئەو دوكانە وەك كۆگایەكی گەورە هەرچی پێداویستی بارەگاكان هەبوو دەتوانرا دابینی بكات‌و زۆرجاریش بەقەرز بوو، مانگانە پارەی دەدرایەوەو شتێكی وا لەناو هێزی پێشمەرگە لەئارادا هەبوو، نازانم تا چەند راستە گوایە لەسەردەمێك ٢٠٠ هەزار دیناری سویسری بەقەرز داوەتە سەركردایەتی ی.ن.ك، بەڵام بەڕاستی قەرز كوێر نەبوین، كە پارە هەبوایە دەیاندرایەوە. چەند هەنگاوێ لەولا ئەوەوە دوكانێكی بچوكی پڕ پێداویستی هەبوو، كە خاوەنەكەی ناوی سمایل ئاغا بوو، سەری مارومێروی تێدا بوو، هەر لەخۆراكی لە قتونراوی ئێرانی‌و لایتی قەڵەمی كە پێشمەرگە زۆر بەكاریدەهێناو هەموو جۆرە پیلێك‌و هەرچی داوات بكردایە هەیبوو، ئەوەشی نەیبوایە رادەسپێردراو دواتر لێمان وەردەگرت كە بۆی دەهێناین. لەوبەر ئەوانیشەوە دوكانی حاجیە رەشی شێنەیی هەبوو، تایبەت بوو بە كەلوپەلی خۆراكی وەك ئاردو شەكرو برنج‌و رۆن‌و ساوەرو نیسك‌و نۆك‌و فاسۆڵیاو دۆشاوی تەماتەو زۆربەی پێداویستی بارەگاكان لەوێ دەكڕدرا، جارجار نەوت‌و بەنزینی بەجلیكانە بۆ دەهات‌و لەكاتی زستان‌و بەفردا پێشمەرگە بەشان دەیگواستەوە بارەگاكانی خۆیان‌و بەندەش یەكێك بووم لەوانەی شتم بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی لێ دەكڕی.
چەند خەیمەیەك وەك موسافیرخانەو چایخانەو كەبابخانە هەبوو، لەلایەن ئەوكەسانەی سەربازی هەڵاتوو بوون‌و پێشمەرگە نەبوون، دانرابوو. بەردەم ناوزەنگ مەكتەبی دارایی لێبو كە كاك رەفعەتی مەلاو كاك دڵزاری بەكر ئاغاو چەند كادرێكی گومرگی لەوێ كاریان دەكردو چەند پێشمەرگەیان هەبوو لەوانە رەحمەتی سەرداری فایەق ئاغا، ئەوكاتانە قەرەباڵغ دەبوو كە نەسریەو یارمەتی پێشمەرگە دەهات. وەك لەیادم بێ پێشمەرگە پێنج دیناری وەردەگرت‌و ئەوەی خێزاندار بوایە ١٠ دینار بوو، گەر هەڵە نەبم.
پاش ماوەیەكی زۆر لە نەدانی یارمەتی‌و نەسریەی بارەگاكان دیاربوو پارەهاتبوو، ئەوكات‌و سەردەمە كڵاو لەسەركردن‌و هەندێ سوعبەت لەناو پێشمەرگە باوی هەبوو، كاك دكتۆر خدر لە بارەگاكەی جەنابی مام جەلال-ەوە تەلەفۆنی كردو برادەران ئاگاداریان كردم لیستی پیشمەرگەو قەرزەكان لەگەڵ خۆم ببەم بۆ مەكتەبی دارایی‌و پارە وەربگرم، لەملاشەوە بەڕێزی لەگەڵ رەحمەتیی شێخ دارای حەفیدو هەڤاڵ مام جەلال‌و هەندێ لە پێشمەرگەكانی سكرتاریەت‌و دەستەی پاسەوانی، تەگبیریان كردبوو كە چومە خوارەوەو لەوسەر گەڕامەوە، پەلامارم بدەن‌و پارەكەم لێ بسێنن‌و چەكیشم بكەن تا دەعوەتێكی گۆشتیان بۆ نەكەم پارەكەم نەدەنەوە، هەڤاڵ مام جەلال-یش رازی ببوو، دكتۆر خدری خۆیشمان سەری لەو كارانە دەخورا، بەندە بە بەرچاوی حاكم فەرهادو مامۆستا عادل‌و كاك دلاوەرە قەڵەو و یەك دووانێكی تریان چومە خوارەوە لەڕێگای چونە خوارەوە بۆ دارایی زۆر پرسیاریان لێكردم، بەندەش گومانێكم لا پەیدا بوو، دوای ئەوەی هەستم كرد دوو پاسەوان بەدوامدا دێنە خوارەوە‌و چاودێریم دەكەن كەی دەگەڕێمەوە، كە گەیشتمە بەرامبەر بارەگاكەیان پەلامارم بدەن، هەر دەیانوت پارەت وەرگرت؟ منیش دەموت بەڵێ. كەی دەگەڕێیتەوە؟ دەموت كەمێكی تر. بەوە گومانم زیاتر بوو، بۆیە بەوانم وت ئێوە وردەوردە سەركەون تا پاكەتێك دەكڕم‌و ئێستا منیش لەدواتانەوە یەم، بەڵام رێگای گەڕانەوەم گۆڕی بەشوێنێكی زۆر سەخت‌و بەفرێكی زۆر لە پشت دوكانەكانەی سمایل ئاغاوە سەركەوتم‌و گەیشتمەوە بارەگاكەی خۆمان، بەڵام زۆر زۆر هیلاك بوم. دواتر تەلەفۆنم بۆ حاكم فەرهاد كردو وتم: نەیخۆن تاڵە. حاكم زۆر سەیری پێ هات‌و وتی خوا بتگرێ چۆن بەو رێگایەدا سەركەوتی؟ چۆنە نەمردوی؟ كە بە هەڤاڵ مام جەلال-یان وتبوو لەدەستمان دەرچووە، فەرموبووی: وەڵا ئافەرین، ئێوە بەتەمای كڵاو بوون، كەچی لەدەستتان دەرچوو. ئەوەش بەسەرهاتێكی بەندەبوو، ئەو رۆژە سەلامەت دەرچووم.
دەستەی پاسەوانی هەڤاڵ مام جەلال، كاك قوبادی حاجی رەفیق‌و شەهید فەخرەدین‌و خوالێخۆشبوان مام ساڵح مالومەیی‌و حاجی عوسمان كلاوسورانی‌و چەندین پێشمەرگەی باڵەكایەتی‌و چۆمان‌و هەندێ ناوچەی تری لێبوو.
سكرتاریەتەكەی هەڤاڵ مام جەلال، حاكم فەرهادو كاك عەلی حەمەساڵح‌و كاك نەهرۆ باقی‌و مامۆستا عادل‌و خارە ئازادو كاك مەحمود خۆشناو ‌و ئەردەڵان مەنگوڕی لێبو دواتر (مامۆستا عادل، كاك مەحمود خۆشناو، خارە ئازاد بونە عەدەد بێتەلی هەڤاڵ مام جەلال‌و هەریەكەیان لەسەردەمێك و دواتریش بەندە). بەدالەیەكی سەربازی لەو بارەگایە هەبوو بە وایەر راكێشرابوو بۆ زۆربەی بارەگاكان ئەوەی ناخۆش بوو كە هێڵێك ئەپچرا، دەبوایە لەژێر ئەو بەفرە زۆرەوە بهێنرێتە دەرەوە تا جۆین بكرێتەوە. لەسەروو ئەوانیشەوە بارەگای كاك نەوشیروان مستەفای لێبو، كە چەندین پێشمەرگەی وەك كاك حەمە سەعیدە قەڵەو (شێخ حسێن )و كاك نەورۆز و كاك سەیوان‌و كاك شەهاب‌و حەمەعەلی لێبو، ئەوانیش زۆر قسەی خۆش‌و سوعبەتیان لابوو، مام شێركۆو مامەقالە دووانەیەكی زۆر خۆش بون‌و كاك بەختیاری برای. دوای دامەزراندنی تۆڕی بێتەل، بێتەلێك لەوێ دانرابوو. زۆرێك لەسەركردەكانی وەك رەحمەتی شازاد صائب‌و شەهید سەڵاحی موهەندیس‌و زۆرێك لە فەرماندەكان لەو بارەگایە بوون. هەر لەودیوەی بارەگای كاك نەوشیروان، لەو قەد پاڵە بارەگای یەكێتی نووسەران‌و چاپخانەی شەهید برایم عەزۆ ماندونەناسانە كاریان دەكردو هاوڕێیەكی خۆشەویستی سەردەمی ئامادەییم شەهید حەمید كافرۆشی لەوێ كاری دەكرد، دواتر لە عەودالانی كۆیە شەهید كرا (سڵاو لەر‌وح‌و گیانی پاكی). هەروەك بارەگای رزگاری‌و ئاڵای رزگاری لەپارتەكانی سەربە باكووری كوردستان بوون‌و بارەگاو هاوكاری‌و یارمەتی پێشمەرگانەیان دەدرا بۆ شارەزابوون لە شەڕی پارتیزانی جەولەیان لەگەڵ پێشمەرگەكانی ی.ن.ك-دا دەكرد. هەروەها بارەگای هەڤاڵ خەجۆش گەر هەڵەنەبم وەك رێكخراوی كاوە لەو دەوروبەرە بوو.
كەرتی سكرتاریەت شەهید مامۆستا حەمید كەریم شانە سەرپەرشتی دەكردو چەند برایەكی خۆی‌و چەند پێشمەرگەیەك بوون، هەر لەو بەرەوەو لەو ریزە ژوورێكی رەحمەتیی مام ئەحمەدی دادی هەبوو، لەخوار ئەوانیشەوە بەرامبەر ماڵ‌و بارەگای سكرتاریەت، بارەگایەكی كاك شاڵاوی عەلی عەسكەری هەبوو، ئەویش چەند پێشمەرگەیەكی لەگەڵ بوو. زۆربەی بارەگاكان هاوینان دەچوینە توژەڵە، هەر بارەگایەك شوێن‌و خەیمەی بۆ خۆی چاك دەكرد، كە بارەگای ئیزگەی دەنگی شۆڕشی عیراقی ئەوكات‌و دەنگی گەلی كوردستانی ئێستای لێبو، گەر هەڵە نەبم ئەو ماوەیە كاك ئەرسەلان بایز بەرپرسی بوو، چەندین ئەندازیاری وەك كاك رەنجەو كاك رێبوارو كاك پشتیوان‌و چەندین كادری بەتوانای راگەیاندنی وەك مامۆستا جەعفەرو كاك وشیار عابدو كاك سەعدون فەیلی‌و چەندین بێژەری بەتوانای وەك پشكۆ ناكام‌و فەرهاد سەنگاوی‌و زێرەڤانی بەشی بادینی‌و دواتر حاكم فەرهادی لێبو.
بیرەوەرییەكی بچوك
ساڵی ١٩٨٢ بەفرێكی زۆر باریبوو، حاكم فەرهادو مامۆستا عادل‌و برادەرانی سكرتاریەت ئیزگەیەك كە لە (ریكۆردێك‌و رادیۆیەك) دروستیانكردبوو، ناویان لێنابو (ئیزگەی لێقەوماوان)، قسەی خۆش‌و هەندێكجار نوكتەی سەیر لەسەر بارەگاكان‌و یەكتری‌و هێرشكردنە سەربەندەی تێدا پەخش دەكرا، بۆ نمونە دەوترا پێشمەرگەكانی بەنیسك‌و نۆك‌و فاسۆلیا كوشتوە. گەر هەڵە نەبم، حاكم فەرهاد لەوەوە دەنگی پەسندكرا بۆ بێژەری‌و ئەو بێژەرە بەتوانایەی لێدەرچوو.
لای راستی ناوزەنگ، بارەگای مەكتەبی سیاسی هەبوو، پێش گواستنەوەی كاك د.خدر وەك كارگێڕ رەحمەتی دكتۆر كەمال خۆشناو بەرپرسی بوو، بەڵام پاش دامەزراندنی كۆمیتەی سەركردایەتی هەولێر لەساڵی ١٩٨٢ لە وەرتێ، لەگەڵ چەندین سەركردەو فەرماندەی وەك خاڵە سەید مەجیدو فەرماندەی شەهید ملازم سەید كەریم‌و مامۆستا نازم‌و كاك ملازم فوئادو چەندین كادری سەربازی‌و ئیعلامی‌و رێكخستن‌و دارایی‌و چەندین كادرو پێشمەرگە لەوەرتێ جێگیر بوون‌و دواتر بەهۆی فراوانی ناوچەكەیانەوە كرا بە دوو مەڵبەند ٣ و ٤، ئێمە لەگەڵ كاك د.خدر چوینە شوێنەكەی كاك د.كەمال. كەمێ لە سەرووی ئێمەوە بارەگاو ماڵی كاك فەرەیدون عەبدولقادرو كاك زیرۆ بوو، لەسەر گردێكی بەرز بارەگای ناوەندی كۆمەڵەو هۆڵی شەهید شیهاب كە زۆرجار ساڵیادو سیمینارو ئاهەنگی تێدا دەگێڕدرا، هەبوو. هەروەها بارەگاو ماڵی كاك مەلا بەختیارو كاك سالار عەزیزو بارەگای شەهید ئازاد هەورامی لێبو. ناوەندی كۆمەڵە بەردەوام بەهۆی سەردانی كادران‌و پێشمەرگەكانی خوارەوە بۆ كاری رۆژانەو رێكخستن، قەرەباڵغ بوو.
زۆربەی بارەگاكان لە كانیەكەوە ئاومان بە سۆندە راكێشابوو بۆ بارەگاكانمان‌و زۆرجار لەكاتی بەستەڵەك دەبوایە سۆندەكە لەژێر بەفرەكە دەربهێنرێ یا بە راوەشاندن یاخود بە فو تێكردن بەردەدرا. هاوینانیش هەموو بارەگاكان دەچووین بۆ داربڕین لە دووری بارەگاكان، بە وڵاخی خۆمان‌و هەندێكجار قاچاخچیەكان دەمان هێنایەوە بارەگاكان، بەهۆی ئەوەی زستانی ئەو شوێنە بەفراوی‌و ساردو دوورودرێژ بوو، جاری وا هەبوو لەناوەڕاستی زستاندا ناچار دەبوین لەو كەشە بەفراویەدا بچین بۆ داربڕین، بەڵام ئەویش نەدەسوتاو دووكەڵی زۆری دەكردو دەچوە چاومانەوە‌و ئەزیەتی دەداین، لەكاتی خەفەریات‌و چێشت ئامادەكردندا ئەویش بە نۆرە بوو، زۆربەی بارەگاكان تەندوری نانكردنمان هەبوو، چەند پێشمەرگەیەك خۆیان راهێنابوو لەسەر نانكردن، جگە لە پاسەوانی رۆژانەو شەوانە، خواردنەكانمان تەنها برنجی سوور بوو كە گڕدارمان ناونابو، فاسۆڵیا، غازۆلیای ناونرابوو، پەتاتەی سوورو بەدۆشاوی تەماتە سپی كۆلاو، ساوەر، نیسك زۆرجار بەتامی گۆشتی گیسك دەمانخوارد، نۆكاو، مریشك هەر مەپرسە دەگمەن دەخورا یا هەرنەبوو. گۆشت گەر پارە هەبوایە چەند مانگ جارێ دەمانخوارد.
لەخەفەریاتدا مەرج بوو خواردنەكە باش بێ، پاش ئەو هەموو دوكەڵ چوونە چاوەو چاو سووربونەوە، ئەگینا دووبارە دەكرایەوە. ماست هەو‌ێن كردنیشی تێدا بوو، گیانی تەبایی‌و هاوكاری‌و خۆشەویستی بە هیچ شتێ بەراورد نەدەكرا. زۆربەی بارەگاكان حەمامیان هەبوو، هەفتانە یا دەرۆژ جارێ دادەگیرسا، زۆرجار ئەملات گەرم ئەولات تەزیو، چاریش نەبوو كە لەكاتەكەی خۆت لات بدایە، لە دەرگایان دەدا. لەقاسمەڕەش، حەمامی نمرە هەبوو، جارجار سەردانی دەكرا، لەولاشەوە كانی زەردو وەردێ بۆ هەندێ پێویستی روویان تێ دەكرا. ئەوكات‌و سەردەمە وا باو بوو لەبەر خەباتی نهێنی ناوی خۆت دەگۆڕی، هەركە لەشار دەردەچویت، ناوێكی نهێنیت بۆ خۆت هەڵدەبژارد، كە زۆربەیان كوردی بوون، ئەوەی ناوی كوردیشی هەبوایە ناوێكی تری لە خۆی دەنا، بەندە ناوی خۆم نەگۆڕی.
شەڕەكەی (شێنێ)و جەنەراڵ بەفر
شێنێ فەرموی: “نا بۆ راگواستن، نا بۆ تەعریب، نا بۆ تەبعیس، بەڵێ بۆ بەرەنگاری‌و مقاوەمەت”. شێنێ گوندێكە دەكەوێتە سەرسنوری عیراق – ئێران لەبناری شاخی مامەندەی سەركەش، پێش دەستكردن بەڕاگواستنی گوندە سنوریەكان‌و چۆڵكردنیان بەپێی رێكەوتننامەی شومی جەزائیر، گەر هەڵە نەبم ٥٠ تا ٦٠ ماڵێك دەبوو، دوای تێكدان‌و راگواستنی گوندەكانی زێوكە، ئالیەڕەش، بێ پالان، رەزگە مارەدو، سونێ …هتد، رژێمی تۆتالیتاری بەعس بەهەموو توانای سەربازی‌و ئیماكانیاتیەوە هەوڵی راگواستنی شێنێ-شی دەدا لەڕێگای گرتنی شاخی مامەندەی ستراتیژیەوە. گەر هەڵەنەبم، بارەگاكانی كاك مەلا بەختیارو شەهید مامۆستا حەمیدی كەریم شانەی‌و یەك دوو بارەگای تری لێبو. وەك لەپێشەوە ئاماژەم پێدا هەڵبژاردنی ئەو ناوچەیە گرنگییەكی تایبەتی هەبوو لای سەركردایەتی یەكێتی، هێشتا زامی كارەساتی هەكاری ساڕێژ نەببو، هێشتا بنكەو بارەگاكان شوێنی خۆیان باش نەگرتبو یا تەواو نەببون. بەندە ئەوكات‌و سەردەمە پێشمەرگە نەبووم، نە بەشداری ئەو شەڕەش بووم، بەلام دوای هاتنە دەرەوەم‌و دۆستایەتی‌و ناسینی زۆر پێشمەرگەو فەرماندەو كادری دێرین‌و پرسیاركردن‌و وەك ئەوانەی بۆیان باسكردوم دەیخەمەڕوو. وەك كاك حەمە سەعید بۆی باسكردم، سەرەتا بێتەلێكی PRC دەچوە سەر شاخی مامەندە بۆ پەیوەندیكردن‌و وەرگرتنی زانیاری چالاكییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە بە بێتەلی وكی توكی لە شاخی ئاسۆس‌و كۆسرەت‌و ئاوەگردو هەورێ‌و سەری وەرتێ‌و تەنانەت گەرمیانەوە جارجارێ، پێشمەرگەیەك كاری لەسەر دەكرد كە لە سەربازیەوە شارەزا بوو بەناوی (سیروان ژسێ)، گەر لە ژیان ماوە یادی بەخێرو گەر لە ژیان نەماوە سڵاو لە رۆح‌و گیانی پاكی. بێتەلێكیش لەبارەگای كاك نەوشیراون، بەڕێكەوت ئەو پێشمەرگەیە لە ئەنجامی گەڕان بەناو شەپۆلەكاندا لەگەڵ شەپۆلی چەكدارەكان‌و سوپا یەكانگیر دەبێ‌و گوێیان لێ دەگرێ بێ قسەكردن باسی ئەوە دەكەن، كە سەردەكەون بۆ شاخی مامەندەو باسی ئەوەش دەكەن كە بەیانی مژدەی سەركەوتن دەدەن بە فەرماندە سەربازیەكەیان، ئەویش بەمشێوەیە بەپەلە بە سەركردایەتی رادەگەیەنێ، سەركردایەتیش بەپەلە هێزێكی ٢٠ تا ٣٠ كەسی لە پێشمەرگەی بارەگاكان كۆدەكەنەوەو كاك ملازم عومەرو كاك مەلا بەختیارو كاك حەمەسەعید خۆیشیان سەردەكەونە سەر شاخ‌و لە چەند شوێنێ دابەش دەبن‌و كەمین دادەنێن، بەڵام ئەو شەوە هێرشەكە روونادات، رۆژی ٨ ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٨ سەعات ١٠ی شەو هێرشەكە دەستیپێكردو شەڕێكی قورس لە نێوان هێزی پێشمەرگەو سوپاو چەكدارەكان لە دوو قۆڵەوە بەرپا دەبێت‌و چەند رۆژێكی خایاند، بەسەرپەرشتی (وەلید مەحمود سیرەت ئەوكات فەرماندەی فیرقەی ٢٤ی چوارقوڕنە بوو، دواتر لەلایەن سەدامەوە ئیعدام كرا) هێزەكانی دوژمن توشی شكست دەبن‌و ٢٠ كەسیان لێ دەكوژرێ‌و بەسەرشۆڕی دەگەڕێنەوە بۆ سەربازگەی گۆجار. رۆژێكی تر ئەمجارەیان لە بێگەلاس‌و شاخی مامەندەوە دووبارە دەستدەكەنەوە بە هێرش‌و پەلامار، شەڕ لەسەعات ٥ی بەیانیەوە تا ئێوارە دەخایەنێ‌و بەهەمان جاری پێشوو، تووشی شكست دەبن‌و بەسەرشۆڕی دەگەڕێنەوە، لەئەنجامی ئەو شەڕەدا، شەش كوژراو دەبێ، هێرشەكانی ١٢ و١٤ و ١٥ تشرینی دووەم هەر بەشی شكستدەبێ، بۆیە پەنا بۆ هێلیكۆپتەرو دابەزاندنی هێز دەبەن لەقۆپی جاسوسان‌و سادر بۆئەوەی لەوێشەوە هێرش بكەن، بەڵام بەهۆی بەفربارینەوە ناچاردەبن هێزەكانیان بكێشنەوە. لەولاشەوە جەنەڕاڵ وەفیق سامەرایی ئەوكات بەرپرسی هەماهەنگی بوو لەگەڵ سوپای ئێران، بە هێلیكۆپتەر هاتوچۆی بوو. رۆژی ١٦ی تشرینی دووەم جارێكی تر دەستیان بە هێرش‌و پەلامار كردەوە، ئەمجارەیان توانیان هەندێ پێشڕەوی بكەن‌و بگەنە لای مەركەزی پۆلیسەكەو چەند ماڵێك بتەقێننەوە. پاش ئەم پێشڕەویكردنەی دوژمن، سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆبوونەوەیەكی پێشوەخت لە ئەگەری كشانەوە لە شێنێ‌و زەڵێ‌و ناوزەنگ، خرابوە بەر باس‌و لێكۆڵینەوەو نەخشەی دەربازكردنی رادیۆ (وەك كاك د.خدر بۆی باسكردین ئەو رادیۆیە لەلایەن ئەندازیار تەڵعەت گلی كڕدرا بوو، بەڵام هێشتا دانەمەزرا بوو، كاك نەوشیروان لەكتێبەكەی خۆی باسی كردوە) دۆكیومێنت‌و بڵاوەپێكردنی ئەندامانی سەركردایەتی‌و جێهێشتنی بارەگاكان لەبەرچاو گیرابوو.
ئەوەی جێی سەرنجە، هەڤاڵ مام جەلال لەیەكەم رۆژی شەڕەكەوە فەرمویەتی: خوا لەسوڵتان مەحمود گەورەترەو جەنەڕاڵ بەفر بەفریامان دەكەوێ. سەرەتای دەستپێكردنی شەڕەكە كەشوهەوا خۆش بووە، بەڵام كەشوهەوا بەرە بەرە سارد دەبێ‌و بەفر دەستدەكات بەپڕوشەو بەرە بەرە زیاد دەكات‌و بەقورسی دەبارێ، بەمەش هێزەكانی دوژمن سەریان لێدەشێوێ‌و پێشمەرگەو خەڵكە قارەمانەكەی شێنێ پەلاماری هێزەكانی سوپای داگیركەر دەدەن‌و رۆژی ١٧ی تشرینی دووەم بەتەواوی تێكدەشكێنرێن‌و بڕیاری كشانەوە دەدرێ. لە ئەنجامی ئەو شەڕە ٩ رۆژیە، زیاتر لە ٣٦ سەرباز دەكوژرێن‌و لاشەكانیان تا بەهار لەژێر بەفردا دەمێنێتەوە. وەك باس دەكرێ زیاتر لە ١٥٠ تا ٢٠٠ سەربازو پلەدار لەناو بەفردا رەق دەبنەوە، بەمەش شاخی مامەندە بەسەربەرزی‌و شێنێ-ش بەخۆڕاگری مایەوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی كۆمكردۆتەوەو وەرمگرتوون، هێزەكانی هەرێمی ٦ و ٧و هێزەكانی سەركردایەتی‌و فەرماندەكان لەو بەرەنگاری‌و تەحەدای هێزەكانی سوپای عیراقدا بەشداریان كردووە. قوربانییەكانی ئەو داستانە پڕ سەروەریە شەهیدبوونی چەند پێشمەرگەیەكی لێكەوتۆتەوە لەوانە شەهید محەمەد خالیدو چەندین بریندار هەبووە.
ساڵی ٢٠١٦، 28 ساڵ بەسەر ئەو داستانەدا تێدەپەڕێ، سڵاو لەو رۆژانەی ئەمڕۆیان بۆ دروستكردین. سڵاو بۆ گیانی پاكی گشت شەهیدان‌و سەری رێزو نەوازش دادەنەوێنم لەئاست گڵكۆی یەك بەیەكیان كە خوێن‌و گیانی خۆیان بەختكردوە لەپێناو شۆڕشی نوێ‌و سەرفرازی گەلەكەیان.
تێبینی:
*ئەو زانیاریانەم بەپرسیاركردن لە بەڕێزان كاك د.خدر مەعصوم، كاك محەمەد وەتمان، كاك حەمەسەعید لە بیرەوەریەكانمدا تۆمارم كردبوون، دواتر دامڕشتۆتەوە لەگەڵ هەندێ زانیاری تر.
*لەناخی دڵەوە زۆر سوپاسی هەر هەڤاڵێك دەكەم گەر زانیارییەكانم كەموكوڕی یا هەڵەیەك یا ناوێكم نەنوسی بێ، كە بەشداری ئەو داستانەی كردبێ یا رۆژەكانی شەڕەكە بەهەڵە تۆماركرابێ‌و ناوی شەهیدەكانی ئەو داستانە، بۆم راستبكەنەوە، چونكە بەندە ئەو رۆژگارە پێشمەرگە نەبوم، بۆیە راستكردنەوەی هەر كەموكوڕییەك لەبەشەكانی تریشدا، جێگەی تەقدیرە بۆ مێژووی رۆژانی سەختی خەبات.

About زريان احمد

Check Also

ڕاپه‌ڕینی دەرسیم

ئامادەكردنی:بەلقیس سلێمان زانكۆی سۆران -فاكەلتی ئاداببەشی مێژوو قوناغی چوار ئەو راپەرینە بۆ كە لە ساڵی …