Home / مێژووى جیهان / مێژووی دەوڵەته‌ شیعیه‌کان

مێژووی دەوڵەته‌ شیعیه‌کان

مێژووی دەوڵەته‌ شیعیه‌کان

28/11/2015

و: ئارام مەحمود ئەحمەد

کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەوڵەتێکی شیعەیە، یەکەم دەوڵەتی شیعە نییە کەلە مێژوودا دروست بووە و بە نۆیەم دەوڵەت دادەنرێت، کە شیعەکان تێیدا نیشتەجێ بوون.

1.دەوڵەتی ئەدراسە (دولة الأدراسة)
یەکەم دەولەتی شیعە بووە، کە ساڵی ٧٨٨ زاینی دامەزراوە و ساڵی ٩٩١ روخاوە. ئەم دەوڵەتە لە (مەغریب) لەلایەن (ادریس بن عبداللە) نەوەی (حسن بن علي بن ابی طالب)وە دامەزراوە.پایتەختی ئەم دەوڵەتە شاری (والیلي) و دواتر (فز) و دوای ئەویش (حجر النصر) بووە. ئایینی ئەم دەوڵەتە (شیعەی زەیدی) بووە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی (هارونە رەشید) خەلیفەی عەباسیدا دوو جوڵانەوەی شیعە هەبوون، یەکێک لەو جوڵانەوانە بە رابەرایەتی (ادریس بن عبداللە) لە مەغریب و دووەمیشیان بە رابەرایەتی (یەحیا)ی برای لە ئێرانی ئێستا بووە. ئەم دوو برایە، برای (محەمد و ئیبراهیم) بوون کە لەسەردەمی خەلیفە (منصور)دا شۆڕشیان راگەیاند.
ئیدریس توانی لەو تەڵەیەی لە مەکە بۆیان نابووەوە رزگاری بێت و رابکات بۆ مەغریب بۆ ناو خێڵی (اوربة) کە گەورەترین خێڵی بەربەری بووە و ناویان لێنا (امیر المٶمنین). بانگەوازی ئیدریس لەناو خێڵە بەربەرییەکاندا دەنگیدایەوە و سوپایەکی بەهێزی پێکهێنا.
هارونە رەشید، خەلیفەی ئەو کاتەی عەبباسییەکان، بە هێزی ئەو دەولەتەی بۆ دەرکەوت و زانی کە لە رێگەی سەرازیەوە کێشەکە چارەسەر نابێت، پەنای برد بەر فێڵ و لەخشتە بردن و لە کۆتاییدا توانی ئیدریس دەتس بەسەر بکات.
ئامانجەکانی دەوڵەتی (الأدراسة) بریتی بوون لە وەستانەوە دژی ئەمەوییەکان لە ئەندەلوس و بانگهێشت بۆ دەوڵەتی عەلەوی و مەزهەبی شیعە و هەوڵدان بۆ زیندوکردنەوەی روداوەکانی کەربەکا و بابەتی شەهید کردنی (الحسین بن علي)، هەروەها هەوڵدان بۆ سەرخستنی شیعە و رزگارکردنیان لە کوشت و کوشتار.
هەروەها ئەم دەوڵەتە بەشداری کرد لە بڵاوکردنەوەی ئیسلام لە ناوچەکانی رۆژئاوای دوور و پەرەپێدانی جوڵانەوەی زناستی و کردنەوەی خوێندنگە و گەشەپێدانی ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی شار و بڵاوکردنەوەی ئیسلام لە ناو خێڵە بەربەرییەکان.

٢. دەوڵەتی عەلەوییەکان
ساڵی ٨٦٤ دامەزراوە و ساڵی ٩٢٨ زایینی روخاوە. ئەم دەوڵەتە لەلایەن (حسن بن زید) لە ناوچەی (طبرستان، الدیلم، جیلان) لە باکوری ئێران دامەزراوە، پایتەختی ئەم دەوڵەتە شاری (ئامول) بووە، ئایینی دەوڵەتەکە بریتی بووە لە شیعەی زەیدی.
سەرەتای دامەزرانی لە ناوچەی (طبرستان) بووە، بەڵام لەلایەن (سامانی)ەکانەوە لەنێوان ساڵانی ٩٠٠ تا ٩١٤ز دەستی بەسەردا دەگیرێت و دواتر دەوڵەتی عەلەوی دەخاتەوە ژێر رکێفی خۆی، بەڵام دواتر بە هۆی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە لەسەر دەسەڵات دوبارە لەسەر دەستی سامانییەکان داگیر دەکرێتەوە.

٣. دەوڵەتی (بویهیین)
(بویهیی)ەکان لە رەچەڵەکێکی ناوچەی (الدیلم) لە باشوری دەریای خەزەر بوون. ساڵی ٩٣٤ تا ١٠٦٢ز دەوڵەتیان هەبووە. دەوڵەتەکە لەسەر دەستی (علی بن بویا) ساڵی ٩٣٤ز دامەزراوە و شاری شیراز پایتەختی بووە، ساڵی ٩٤٥ برا بچوکەکەی (احمد بن بویا) توانی دەست بەسەر عێراقدا بگرێت و بەغدا بکاتە پایتەختی خۆی.
لەو ماوەیەدا دەوڵەتەکیان بەرفراوان کرد و هەریەکە لە وڵاتانی (ئێران، عێراق، کوەیت، سوریا، بەشێک لە عەمان، ئیمارات، تورکیا ئەفغانستان، پاکستان)یان لەژێردەستدا بووە. لە سەدەکانی دەیەم و یانزەیەمدا بوهییەکان بەهێزترین و کاریگەرترین بوون لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئایینی رەسمی دەوڵەتەکە بریتی بووە لە ئیسلامی شیعەی دوانزە ئیمامی، لەگەڵ ئەوەی بوهییەکان لەسەرەتادا زیدی بوون، هەروەها زمانی فارسی لەگەڵ عەرەبی زمانی رەسمی بووە، هەروەها سیستمی دەسەڵات لە دەوڵەتەکەدا کۆنفیدراڵی بووە لە سێ ئیمارەتی (فارس، جیبال، عێراق).

٤. دەوڵەتی حەمدانی
ئەم دەوڵەتە لە ساڵانی ٨٩٠ تا ١٠٠٤ گەشەی کردووە، ئەم دەوڵەتە لەلایەن (حمدان بن حمدون) دامەزراوە و لەژێر دەسەڵاتیدا گەشەی بەرچاوی بینیوە.
حەمدانییەکان دەگەڕێنەوە بۆ هۆزی (تغلب بن وائل)، کە یەکێک لە هۆزە نەسرانییەکان بووە، کە لە ناوچەی جەزیرەی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بوون.
حەمدانییەکان لاوزای دەوڵەتی عەباسیان بە هەل زانیوە و لە موسڵ سەربەخۆیی خۆیان راگەیاندووە و دواتر حەڵەب-یشیان خستۆتە سەر.
کاتێک کە دەوڵەتی حەمدانی دژی تورکەکان وەستایەوە کە ببوونە هۆی لاوازی دەوڵەتی عەبباسی، خەلیفە (المتقي) پەنای بۆ حەمدانییەکان برد و (الحسن بن عبداللە الحمدان) رۆیشتنە ناو بەغدا و خەلیفە پێشوازی لێکرد و نازناوی (امیر الامراء)ی پیبەخشی و هەر کاتێک خەلیفە تینی بۆ دەهات پەنای دەبردە بەر حەمدانییەکان.
دوای ئەوە تورکەکان بە سەرۆکایەتی (توزون) یەکیانگرت و دژی حەمدانییەکان وەستانەوە و حەمدانییەکان بە هۆی نەتوانینی پێدانی موچە بە سوپاکەیان و وەستانەوەی ژمارەیەک لە سوپاییەکانیان دژیان، شکستیان خوارد و کشانەوە بۆ حەڵەب و کردیانە پایتەختی خۆیان. لە حەڵەب حەمدانییەکان روبەڕووی شەڕ لەگەڵ بیزەنتییەکان بوونەوە، هەروەها جیهاد دژی رۆمەکان.

٥. دەوڵەتی فاتمی
یەکێک لە خەلافەتەکانی ئیسلامە، کە یەکەم خەلافەتە شیعە مەزهەبی رەسمی بووە، بەتایبەتی ئیسماعیلی. ئەم دەوڵەتە هەوڵیداوە بۆ زیندوکردنەوەی رەچەڵەکی (حسێنی) و بانگهێشتی خەڵکە کردووە بۆ سير بە ناوی (الامام المهدي)، بە ۆی هەڕەشەکانی عەباسییەکانەوە رۆیشتوون بۆ مەغریبی عەرەبی و خەلافەتیان راگەیاندووە.
ئەم دەوڵەتە بەرفراوان بووە و سەرجەم کەنارەکانی باکوری ئەفەریقای کۆنترۆڵکردووە، لە مەغریبەوە تا میسر، هەروەها دورگەی سەقەلییە و حیجاز و شام و بوونە گەورەترین رکابەری دەولەتی عەبباسی.
دامەزرێنەرەکەی (عبیداللە المهدي باللە) بووە و ئاماژەی بە ئەوە کردووە کە رەچەڵەکی فاتمییەکان دەگەڕێتەوە بۆ (محمد بن اسماعیل بن جعفر الصادق) و عەلەوییەکان دەگەڕێنەوە بۆ فاتیمەی کچی پێغەمبەر (د.خ).
ئەم دەوڵەتە ساڵی ٩٠٩ تا ١١٧١ز بوونی هەبووە. ساڵی ٩١٣ز شاری (المهدیة)یان کردۆتە پایتەخت و دواتر گواستویانەتەوە بۆ (المنصوریة) لە ساڵی ٩٤٨دا و دوای دەست بەسەردا گرتنی میسر شاری قاهیرەیان دامەزراند و کردیانە پایتەختی خۆیان و میسر بووە ناوەندی رۆشنبیری و رۆحی و سیاسی دەوڵەتی فاتمی تا روخانی دەوڵەتەکە.
ژمارەیەک خەلیفەی فاتمی بە هۆی دەمارگیریان بۆ مەزهەبی ئیسماعیلی ئازاری شوێنکەوتووی مەزهەب و ئایینەکانیتریان دەدات، بەڵام باس لە لەخۆبوردوویی  زۆرێک لە خەلیفەکان کراوە.
فاتمییەکان بەوە بەناوبانگ بوون کە لە دەسەڵاتیاندا سودیان لە سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگە وەرگرتووە لە بەربەرییەکان و تورک و حەبەش و ئەرمەنییەکانیش بۆ بەڕێوەبردنی وڵاتەکەیان.
مێژوونووسان پێیانوایە کە سەردەمی فامییەکان درێژکراوەی سەردەمی زێڕینی ئیسلام بووە، لەوڕووەوە کە (الازهر) و (دار الحکمە) گەورەترین ناوەندی پەروەردە و فێرکردن بوون و لە گرنگترین زانایانی ئەو سەردەمە (الحسن بن هیثم) زانای فیزیا بووە.

٦. دەوڵەتی سەفەوی
سەفەوییەکان لە ساڵی ١٥٠١ تا ١٧٨٥ وڵاتی فارس (ئێران)یان بەڕێوەبردووە. ساڵی ١٥٤٨ پایتەختیان لە تەورێزەوە گواستۆتەوە بۆ قەزوین و ساڵی ١٥٩٨ گواستویانەتەوە بۆ ئیسفەهان تا روخانیان پایتەختیان بووە.
(شێخ سەفییەدین ئەردبیلی) تەریقەتی سەفەوی لە ئازەربایجان لە ساڵی ١٣٠٠ز دامەزراندووە، کە گۆڕاوە بۆ سەفەوی سیاسی و توانیویانە دەسەڵاتی ناوچەکە بگرنە دەست.
ساڵی ١٤٩٤ (ئیسمایلی سەفەوی) سەرۆکایەتی گرتۆتە دەست و سەرجەم وڵاتی فارسی خستۆتە ژێر رکێفی خۆی و مەزهەبی شیعەی دوانزە ئیمامی کردۆتە مەزهەبی رەسمی وڵات.
لەسەردەمی ئاڵتونی دەولەتی سەفەویدا شاری ئیسفەهان گرنگترین شار بووە و بازرگانی و ئابوری و هونەر و تەلارسازی گەشەی کردووە.
دەوڵەتی سەفەوی هۆکاری سەرەکی بووە بۆ وەرچەرخانی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە پێش سەفەوییەکان ئێران دەوڵەتێکی سوننەی شافعی بووە بە بەشداری کەمایەتییەکی شیعە.

٧. دەوڵەتی زەندی
لەلایەن (کەریم خانی زەند)ەوە ساڵی ١٧٥٠ لە وڵاتی فارس دامەزراوە و تا ساڵی ١٧٩٤ ماوەتەوە و پایتەختەکەی شیراز بووە.
زەندییەکان لە ژمارەیەک هۆزی کوردی فەیلی پێکهاتبوون و جەند ناوچەیەکی باشوری ئێرانیان بەڕێوەبردووە. زەند ناوچەی مازندەرانی کۆنترۆڵکردووە و دواتر ئازەربایجان بۆ ئەوەی سنوری دەسەڵاتی لە ئێران بەرفراوان بکات، هەروەها بەسرە و خوراسانیشی کۆنترۆڵکردووە. ئەم دەوڵەتە لە رێگەی بازرگانی لەگەڵ هیندستان و باج وەرگرتنەوە گەشەی کردووە.

٨. دەوڵەتی (أودة)
ئەم دەوڵەتە لە هیندتسان بووە لە نێوان ساڵانی ١٧٢٢ تا ١٨٥٨ز حوکمی کردووە. بە دەسەڵاتدارانی ئەم دەوڵەتەیان وتووە (نواب أودة) کە شیعەی بە رەگەز ئێرانی بوون. دامەزرێنەری ئەم دەوڵەتە (سەعادەت عەلی خان) بووە. دامەزرانی ئەم دەوڵەتە دوای لاوازی مەغۆلەکان دێت.

٩. کۆماری ئیسلامی ئێران
کۆماری ئیسلامی ئێران دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ دامەزراوە. ئێران لە رووی روبەرەوە هەژدەهەمین وڵاتی جیهانە و ژمارەی دانیشتوانەکەی زیاتر لە ٧٥ ملیۆن کەسن و پایتەختەکەی تاران-ە و ناوەندی رۆشنبیری و سیاسی و پیشەسازییە. کۆماری ئیسلامی ئێران شیعەی دوانزە ئیمامی مەزهەبی رەسمییەتی.
رابەر (رەهبەر) گەورەترین دەسەڵاتە و بەرپرسی سیاسەت و فەرماندەی سوپا و هەوڵگرییە و لەلایەن ئەنجومەنی (خبرگان)ەوە هەڵدەبژێردرێت، بەڵام سەرۆک کۆمار لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێت.
س:
http://www.wattan.tv/news/155248.html

About كه‌یفی عمر

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …