Home / مێژووى جیهان / ناگازاکی و هێرۆشیما

ناگازاکی و هێرۆشیما

682012645551

ناگازاکی و هێرۆشیما

ئامادەکردنی؛ لاوک ئەمجەد

67 ساڵ لەمەوبەر و لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، فڕۆکەیەکی ئەمەریکی لە جۆری (ئینۆلا گای) بە سەرکردایەتی کۆلۆنێل بۆل تیبیتسی فڕۆکەوان، بۆمبێکی ئەتۆمی لە جۆری A بەسەر شاری هیرۆشیمادا خستە خوارەوە و بوە هۆی وێرانکردنی 90%ی ئەو شارە و کوشتنی زیاتر لە 80 هەزار کەس و بریندارکردنی 90 هەزار کەسی دیکە و بە سەدان هەزار کەسیش بێ شوێن و جێگە مانەوە، وەشاندنی ئەو چەکە بۆ سەر شارێک و کوژرانی هەزاران خەڵکی مەدەنی، زۆربەی مرۆڤایەتی هێنایە دەنگ و پاش ئەوە چەندین بڕیاری گرنگ دەرکران، کە دیارترینیان قەدەغەکردنی بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی بو، بەڵام پاش نیو سەدە جارێکی تر چەکێکی کۆمەڵکوژ بەرامبەر کوردستانی عێراق بەکارهێندرا و لە ماوەیەکەی کەمدا پێنج هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستدا و زیاتر لە ١٠ هەزاری تر بریندار بون و بە هەزارانی تریش ئاوارە بون، بەو هۆیەشەوە ئێستا هەڵەبجەی شەهید بە دەستەخوشکی ناگازاکی و هێرۆشیما ناودەبرێت.

هۆکارەکان:

لە میانەی شەڕی جیهانی دوەمدا و بە هۆی خۆڕاگری و کۆڵنەدانی جەنگاوەرە ژاپۆنییەکان و خۆنەدانیان بەدەستەوە، کە بوە هۆی کەوتنەوەی زیانی گیانی لە ریزەکانی سوپای ئەمەریکا، هەر بۆیە ئەمەریکا ویستی پەیامێک بنێرێت بۆ شکاندنی ئەم کۆڵنەدانە، کە بریتیبو لە بۆمبی هێرۆشیما، بەڵام ژاپۆنییەکان چۆکیان دانەدا تا دوای بۆمبی ناگازاکی، پاشان ژاپۆن ناچار بو بێ مەرج ملکەچی ئەمەریکا بێت.

هەڵبژاردن:

پێش ئەوەی دو بۆمبە ئەتۆمییەکە بتەقێندرێنەوە، دەزگای هەواڵگری ئەمەریکی لیستێک لە ئامانجەکانی دا بە کۆشکی سپی، کە بە ئامانجی زیندو دادەنران، ئەوانیش بریتی بون لە شارەکانی؛ تۆکیۆ، هێرۆشیما، یۆکۆهاما، کوکورا، نیگاتا، لەنێو ئەو لیستەشدا شاری هێرۆشیما هەڵبژێردرا و شاری تۆکیۆیان گۆڕی بە ناگازاکی، بەوپێیەی هەریەک لەو دو شارە (هێرۆشیما و ناگازاکی) ناوەندی پەیوەندی جوڵەی سوپای ژاپۆن بون و هەروەها هیچ بەندیخانەیەکیان لە خۆ نەدەگرت کە بەندکراوە ئەمەریکییەکانی تێدا بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەم شارانە کارگەی سەربازی گەورەی ژاپۆنی تێدا نەبو.

دروستکردنی بۆمب:

هەردو بۆمبەکە لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بە هاوکاری زاناکانی شانشینی یەکگرتو و کەنەدا لەگەڵ زانا ئەمەریکییەکانیاندا دروستکرا، ناوی نهێنی پڕۆژەکە پڕۆژەی مانهاتن بو و یەکەم بۆمب تاقی کرایەوە لە ناوچەی ئالامۆگۆردۆ لە ویلایەتی نیومەکسیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا.
دواتر لەلایەن هاری ترۆمانی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکاوە بڕیاری وەشاندنی بۆمبەکان دەرکرا.

هەندێک زانیاری لەسەر بۆمبەکە:

ئەو بۆمبەی لەسەر شاری هێرۆشیما خرایە خوارەوە، کێشەکەی 4.5 تۆن دەبو و لە رۆژی 6ی ئابی 1945 خرایە خوارەوە و بە دیاریکراویش بەسەر پردی (ئایوی)ی ئەو شارەدا خرایە خوارەوە.
کاتی هەڵدانی بۆمبەکە 8:15 خولەکی بەرەبەیان بو، تەنها لەماوەی یەک خولەکدا بۆمبەکە 66 هەزار کەسی کوشت و 69 هەزار کەسی دیکەشی بریندارکرد.
ئەو تیشک و دوکەڵەی لە بۆمبەکە بەرزبۆیەوە، تیرەکەی گەشتە 1.5 میل، هەروەها بە تیرەی یەک میل شاری هێرۆشیمای وێرانکرد و بەتیرەی 2.5 میلیش شارەکەی سوتاند.

جێبەجێکردن:
پۆل تبیتستی فڕۆکەوان، کە فڕۆکەیەکی لە جۆری B-29 بەڕێوە دەبرد، راسپێردرا بۆ وەشاندنی بۆمبە ئەتۆمییەکە لەسەر شاری هێرۆشیما کە ناونرابو بە (کوڕی بچوک)، بە پێی سەرچاوە ئەمەریکییەکان فڕۆکەوانەکە نەیزانیوە، کە بۆمبی ئەتۆمی هەڵگرتوە و بڕیاری دانانی ئەو فڕۆکەیە لە مۆزەخانەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکادا لەلایەن زۆربەی لایەنەکانەوە ناڕەزایی لێکەوتەوە.

ئەو فڕۆکەیەی بۆمبە ئەتۆمیەکەی وەشاندە سەر هێرۆشیما:

ناوەندی سەرەکی پەیوەندییەکان لە تۆکیۆ زانی کە کێشە هەیە لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هێرۆشیما، چونکە هەمو پەیوەندییەکانیان پچڕابو لەگەڵ شارەکە، سەرکردایەتییەکی ژاپۆنی پۆلێک فڕۆکەی نارد تا بزانن چی ڕویداوە، دوای ٢٠ خولەک فڕۆکەوانە ژاپۆنییەکان هەورێکی چڕیان بینی لەسەر شارەکە لە دوری ١٦٠کم و سەرکردایەتی ژاپۆنی درێژەی روداوەکەیان نەزانی تا دوای ١٦ سەعات، کاتێک هاری ترۆمان سەرۆکی ئەمەریکا وتاری دا لەسەر وەشاندنی بۆمبە ئەتۆمیەکە لەلایەن کۆشکی سپیەوە.

دەرەنجامەکان:

•    وێرانبونی %٩٠ی بینا و دامەزراوەکانی شارەکە.
•    زیاتر لە ٨٠ هەزار کەس کوژران و ٩٠ هەزار کەسی تر بریندار بون، بە دەیان هەزار کەس بێ جێگە و شوێن مانەوە (ساڵی ١٩٤٥ ژمارەی دانیشتوانی شارەکە ٣٥٠ هەزار کەس بوە).
•    نزیکەی ١٤٠ هەزار کەس بە هۆی بۆمبەکە و کاریگەرییەکانی دواتری بونە قوربانی.
•    %٩٥ قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی بون.
•    کۆی گشتی قوربانیانی تەقینەوەی هێرۆشیما و ناگازاکی یەک ملیۆن و ١٣٦ هەزار و ٦٨٤ کەسە.

کاردانەوەکان:

•    شارەزایان جیاوازبون لە هەڵسەنگاندنی ئەم رەفتارە ئەمەریکییەدا، هەندێکیان لایەنگری بۆچونی ئەمەریکییان کرد بۆ خێرا کۆتایی هێنان بە جەنگی جیهانی دوەم.
•    ئەوانی تر ئەوە تەنها بە بەهانەیەکی نا لۆژیکی دادەنێن، وای دەبینن کە جەنگەکە گەیشتبوە کۆتاییەکانی و ماوەکەی لەوە زیاتر درێژ نەدەبویەوە، ئەوەی ئەمەریکا پێی هەستاوە تەنها دەرخستنی پاڵەوانێتی بو بۆئەوەی هێزی خۆی دەربخات و بۆ دەستگرتن بەسەر جیهاندا.

شایتحاڵێک چی دەڵێت:

یەکێک لەو ئافرەتانی لە روداوەکە رزگاری بوە رایگەیاندوە، کاتێک ئەو روداوەیان بەسەردا هاتوە، تەمەنی تەنها 12 ساڵ بوە و دەڵێت: لە چرکەیەکدا گوێبیستی تەقینەوەیەکی گەورەبوم و لەماوەیەکی کەمدا تاریکی باڵی بەسەر شارەکەدا کێشا، قژم بژ بو، کراسەکەم دڕا و پێستی لەشم لێ دەبۆیەوە و ئێسکەکانم بە دەرەوەبون.

سەرجەم خەڵکەکە بەهۆی سوتاویەوە دەیانناڵاند و روخساریان زۆر شێواوبو، کێڵگەکان گڕیان گرت و شتێک نەمابو ناوی بنێن ژیان.

ئەو ئافرەتە کە تائێستا 15 نەشتەرگەری جوانکاری بۆکراوە، دەڵێت: بەختم هەبوە لەبەرئەوەی تائێستا لە ژیانمدا ماوم.

کوڕەزای سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکا لە هێرۆشیمایە:

کلیفتۆن ترۆمان، کوڕەزای هاری ترۆمانی سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمەریکایە، کە بڕیاری وەشاندنی بۆمبەکەی هێرۆشیما و ناگازاکی دەرکرد، دوێێنێ (٥-٨-٢٠١٢) سەردانی ئەو شارەی کرد بە مەبەستی بەشداربون لە رێورەسمی یادکردنەوەکەدا.
کلیفتۆن کە تەمەنی 55 ساڵە سەردانی ئەو باخچەیەی کرد کە، یادگارییەکانی قوربانیانی هێرۆشیمای تێدا هەڵگیراوە.
ناوبراو بە یەکەمین کەس دادەنرێت لە خێزانی سەرۆکی ئەمەریکا کە سەردانی ئەو شارە بکات و دڵگرانی خۆی نیشاندا لە رودانی کارەساتێکی لەو شێوەیە.

About گۆران حكيم

https://www.facebook.com/goran.hakem.5

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …