دوو شه‌ممه‌ , كانونی یه‌كه‌م 10 2018
Home / بەشی مێژووی كورد / مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی رووس دا

مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی رووس دا

مێژووی کورد و کوردستان لە توێژینەوەی زانایانی رووس دا

د. ئەسعەد رەشیدی(دوکتورای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان)

وەرگێڕان لە فارسییەوە: ئه‌فراسیاب گرامی

پێشەکی:

 مێژووی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستان لە ئەدەبیاتی توێژەرە رووسەکانی سەدەی نۆزدەهەم تا بە دەسەڵاتگەیشتنی بلشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧ و هەتا سەردەمی دوای سۆڤییەت، هەوڵێکی شیاوی بایەخ پێدان و هەرەوەها گرینگ لەمەڕ ناسین، ئاگایی و تێگەیشتنی زانستی لە کێشەی کوردەکان، بووە. توێژینەوەی قووڵی مێژوویی، رەچەڵەکناسی، سیاسی ـ ئابووری، زمان و فەرهەنگی کۆمەڵگای کورد لە زۆربەی مێژووزانانی رووس چ لە رووسیەی چاخی تێزار و چ لە سۆڤیەتی پێشوودا و هەروەها لە کۆمەڵگای کوردەواریدا رەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبوە. لەم روانگەیەوە، توێژەرە رووسەکان هەوڵیان داوە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک (مێژوویی، تەوسیفی، هەڵسەنگاندن و بەراوردیی) ریشە و بنەماکانی دۆزی کورد و نیشتمانی کوردان بە وردی نێواخندۆزی بکەن و خولیا و رەوت و لایەنە جۆربەجۆرەکان و زۆرجار ناساز لە مێژووی کورد دا بخەنە بەر توێژینەوە و روانگەی ورد و کارناسانەوە. توێژینەوەی زانایانی مێژووی کورد و کوردستان لە ئەدەبیاتی رووس دا، لە دوو لایەنەوە شایانی هەڵسەنگاندنە:
سەرەتا، نووسراوەی کاربەدەستە ئیداریی و نیزامییەکانی دەوڵەتی رووسیەی تێزاری کە لایەنی ئیداری و مودیرییەتیی لە خۆ دەگرێت و، زۆرجار لە روانگەی بیرەوەرییەکانیانەوە لە کوردستاندا سەرچاوەی گرتوە، بە تێڕوانین و رامانی ژیۆپۆلتیکی ئیمپراتۆری رووسیە هاوئاراستە و لە هێڵێکدا یەکیان گرتۆتەوە، دواتر لەوێڕا کە کوردناسی بە شێوەیەکی سیستماتیک رێکخراوە و لە چوارچێوەی توێژینەوە مێژووییەکاندا هێڵبەندی و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت لە بەرهەمەکانی زانستپەروەرانی توێژەرە رووسەکان کە لایەنی پێشکەوتن و پەرەسەندنی زانستی مێژوو بوە، بایەخی پێدراوە. بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردان، لە خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووس، روانگەی ئەنجومەنە بیانییەکانی وڵاتە ئورووپاییەکانی بەرەو لای خۆی راکێشا و ببووە بەشێکی جیانەکراوە لە کێشە ناوچەیی و نێودەوڵەتیی‌یەکان.

دەستپێکی خوێندنەوەی مێژوو و فەرهەنگی کوردان لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمەوە، واتە کاتێک کە قەفقاز پاش شەڕی رووس ـ عوسمانی، رووس ـ ئێران چووە ناو هێڵی سیاسەتی داگیرکارانەی ئیمپراتۆری رووسیە بەرەو باشوور، بە شێوەیەکی سیستماتیک کەوتە بەر توێژینەوە و تاوتوێکردنی پلاندانەرانی سیاسەتی دەرەکی رووسیەی تێزاریەوە و بووە هۆی بەرهەمهێنانی بەرهەمە کلاسیکەکان لە بەستێنی فەرهەنگی و مێژووییەکانی کوردستان دا. لە سەردەمی سۆڤییەت دا، بارودۆخی چەندایەتی و چۆنییەتی بەستێنەکانی کوردناسی پەرەی ئەستاند، بەڵام بە هۆی بەریانە چەقبەستوو و سنووردارەکانی ئایدۆلۆژییەوە نەیتوانی لە زانستێکی یەکگرتوودا گەشە بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵی توێژەرانی رووس لە پانتایی زمان (ئەدەبیات، شێعر، فەرهەنگی خەڵکی)دا و هەروەها زانستیی مرۆڤناسی، خزمەتێکی بەرچاو و جێگای بایەخ لە پەرەسەندن و فێربوونی مێژووی کورد و کوردستان دا هەبوە.

هەنگاوە سێ تەوەرەییەکان

زانستی کوردناسی لە رووسیەدا و پاش رووسیە دەتوانین بە هەنگاوە سێ‌ تەوەرەییەکان دابەش بکەین:

هەنگاوی یەکەم:

هەنگاوی یەکەم بە روانگە و لێڕوانینێکی ژیۆپۆلتیکی رووسیەی تێزاری لە کوردستاندا ئەناسرێتەوە کە لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم دەستی پێکرد و تا گەیشتن بە دەسەڵاتی بلشویکەکان درێژەی هەبوو.

لەم پێوەندییەدا دەتوانین بە بەرهەمی زانایانی رووس وەک “ی.ئا.ئاربیلی (И. А.Орбели)”، “پ. ی. لیرخ П.И.Лерх))”، “ن.یا.مار(Марр Н. Я)”، بە تایبەتی “نیکیتین (В.П.Никитин)” و “مینورسکی(В. Ф. Минорский) ” وەکوو دوو کەسایەتی زانستی و فەرهەنگی دیاری کورد، کە بەشێکی پڕبایەخیان لە ناسین و نێواخندۆزی مێژووی کورد و کوردستان لەسەر شان بوە، ئاماژە بکەین.

دەستپێکی روانگەی سیاسەتی دەرەکی رووسیە بۆ کوردستان

شەڕە یەک لەدوای یەکەکانی ئیمپراتۆریی رووسیە و عوسمانی لە سەدەی هەژدە و نۆزدەدا، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دۆزی کورد دانا. دەوڵەتی رووسیە هەوڵی دەدا کە لە کێشمەکێشە ناوخۆییەکانی دەوڵەتی عوسمانیدا، دۆزی کوردەکان بۆ درێژەدان بە سیاسەتی دەرەکیی خۆی لە ناوچەی قەفقازدا کە گرینگییەکی تایبەتی هەبوو، کەڵک وەربگرێت. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم و لە سەردەمی سوڵتان مەحموودی دووهەم، میرنشینەکانی بابان، سۆران، بادینان، حەکاری، خاوەنی خودموختاری خۆیان بوون. بە هەڵایسانی شەڕی نێوان دوو وڵاتی رووسیە و عوسمانی، دەرباری عوسمانی هەوڵی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی خودموختاری لە ناوچە کوردنشینەکانی دا، چونکوو پێویستییەکی زۆری بە هێزی ماڵی و ئینسانی بە هەناردنیان بۆ بەرەکانی شەڕ لەگەڵ رووسیەدا هەبوو و بوونی پێکهاتەی دەسەڵاتی خودموختاری لە ناوچە کوردنشینەکاندا لەمپەرێکی گەورەی بەردەم ئامانجە ئیستراتێژییەکانی شەڕی بەرەی عوسمانی لەقەڵەم دەدران. راپەڕینە بێ وێنەکانی کوردان وەکوو : “راپەڕینی ئەوڕەحمان پاشا(١٨٠٦/١٨٠٨) لە مووسڵ، ئەحمەد شای بابان(١٨١٢)، راپەڕینی هۆزی زازا (١٨١٨/١٨٢٠)لە ناوچەی دێرسیم، ئیزەدییەکان(١٨٣٠/١٨٣٣)، راپەڕینی ئیدریسییەکان لە حەکاری(١٨٣٠/١٨٣٣)، شەریف خان بەتلیسی(١٨٣١)، حەمەپاشای کوڕ لە موسڵ(١٨٣٠/١٨٣٣) ، قارزان لە دیاربەکر(١٨٣٣/١٨٣٧)، بەدرخان(١٨٤٣/١٨٤٧)، یەزدانشێر لە بتلیس(١٨٥٥)، هەموو ئەم راپەڕینانە زایەڵەی تووڕەییەکی بەربڵاوی کۆمەڵگای کورد بوو لەهەمبەر زەبر و زەنگ و گوشارەکانی دەوڵەتی ناوەندی دا.

روسییە لە سەرەتای چاخی نۆزدەهەم و پاش بەهێزکردنی پێگەی سیاسی خۆی لە ناوچەی قەفقاز دا، هەوڵی جێگیرکردنی پێوەندییەکی بەرچاو لە گەڵ ئەو نەتەوەگەلەی کە لە ناو ئیمپراتۆری عوسمانیدا دەژین، بدات. تێڕوانینی سیاسیی روسیەی تێزاری لەمەڕ کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ بەستێنی گۆڕانکارییەکانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەی قەفقاز و ئاسیای ناوەڕاست و لەم راستایەدا دەبێ بە رۆڵی گرینگی “ژێنرا پاسکۆئیچ(И.Ф. Паске́вич) ” ئاماژە بکەین کە لە سەردەمی شەڕ لەگەڵ تورکیە(١٨٢٨ ـ ١٨٢٩) بە پڕوپاگەندە لە نێوان کوردەکاندا، سەرنجی ئەوانی بەرەو لای ئیمپراتۆری رووسیە راکێشا. “لەم نێوەشدا عەشیرەتەکانی رەواندز لەپاڵ ئەرتەشی رووسیە بە دژی سوپای تورکیە لە شەردا بەشدار بوون” (١)

لەم پێوەندییەدا هێما بۆ سەرنجەکانی دیکەی تێڕوانینە سیاسییەکانی رووسیە لە هەمبەر قەفقاز و بەتایبەت کوردستان ئاماژە بکەین، لەوانە بۆ نموونە، ئامانجە ئابووری و بازرگانییەکانی ناوچەکە کە رووسییەی لە رێگای کوردستانەوە بە شاڕێیانی بازرگانیی قەفقاز تا رۆژهەڵاتی ناوین دەبەستەوە. گرینگیی ژیۆئۆکۆنۆمیکی کوردستان بۆ رووسیە بە تایبەتی لە نیوه‌ی دووهەمی سدەی ١٩ لە گەشەکردنێکی خێرا دابوو. بە پەرەسەندی سەرمایەداریی لە رووسیەدا، داوێنی دەستێوەردانەکانی ئەم وڵاتە لە قەفقازدا زیاتر پەلی هاوێشت و لە کۆتاییەکانی هەمان سەدەدا، باکووری کوردستان هاوکات لەگەڵ ئەرمەنستانی رۆژئاوا و ئازەربایجانی باشوور بوون بە بەشێک لە موڵکە نیوەداگیرکراوەکانی رووسیە.

لە لایەکی دیکەوە سەرکوتی سیستماتیکی کورد لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە خودموختاریی کەمدەرەتانیان و دەستپێکردنەوەی باج و خەراج و پەلکێشکردنی کوردان بۆ شەڕ لەگەڵ رووسیەدا( بۆ نموونە بەشداری کردنی هۆزەکانی کورد لە ئەرتەشی حمیدییە) هەموو بەستێنەکانی ناڕەزایەتیی لە باکووری کوردستان دا پێک هێنا. لەسەر بنەمای ئەو واقعییەتانە بوو کە تێڕوانین و روانگەی سیاسیی رووسیەی تێزاریی لەهەمبەر کوردەکانەوە کەوتە گەڕ و بوە جێگای سەرنجی پترزبۆرگ.

لەسەریەک، کەوتنەگەڕی دۆکتورینی سیاسیی رووسیەی تێزاری لە پێوەندی لەگەڵ پرسی کورد لە کۆتایەکانی شەڕی ئێران و رووسیە (١٨٠٤ ـ ١٨٠١٢) و هەروەها شکستی ئێران لە شەڕ لەگەڵ رووسیە لە ساڵی ١٨٢٨ کە بە “پەیماننامەی تورکمەنچایی” کۆتایی پێ هات، سەرەتا و تابە دەسەڵات گەیشتی بلشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧ دا درێژەی هەبوو؛ لە چوارچێوەی وەها تێڕوانینێک، سەرنج و روانگەی پترزبۆرگ بۆ زانستی رۆژهەڵاتناسی و توێژینەوە زانستییەکان، بە تایبەتی کوردناسی پەرەی ئەستاند.

“ژێنراڵ سوختلین(П. К. Сухтелен) ” لە ساڵی ١٨٢٨دا، لە رەوتی شەڕ لەگەڵ ئێران و رووسیەدا، کتێبخانەی ئەردەبیلی وەکوو دەسکەوتی شەڕ بەدەست هێنا. لەم کتێبخانەیەدا، کتێبی “شەرەفنامە(١٥٩٩) ” کە لە لایەن نووسەری کتێبەکەوە، “شەرەفخان بەتلیسیی”یەوە، ئیمزاکراو و پێشکەش بە کتێبخانەی ئەردەبیل کراوە؛ لە لایەن ژێنراڵ سوختلین”ەوە دەنێردرێ بۆ پترزبۆرگی پایتەختی رووسیە. زانایانی رووسیە دەستبەجێ جەخت لەسەر گرینگی و بایەخی نموونەی دەسنووسی ئەم کتێبە دەکەنەوە”. (٢) “پڕۆفیسۆر ولیامینف زرنف(В.В.Вельяминов-Зерноф)”، نموونەی سەرەکی کتێبەکەی کە بە زمانی فارسی نوسراوبوو بڵاوی کردەوە، دواتر “پرۆفیسۆر شارمووا (Ф.Шармуа) “وەرگێڕانی چوار بەرگی شەرفنامەی لە ساڵی ١٨٦٨ ـ ١٨٧٥بە زمانی فەڕانسەوەی چاپ و بڵاو کردەوە.

بە وتەی نیکیتین( В. Никитин)، لە ماوەی شەڕی “کریمە”دا کاتێک بەشێک لە کوردەکان کەوتنە داوی سووپای رووس و دیل کران، لە لایەن ئاکادمیای زانستیی رووسییەوە، پ.ئەی.لێرخ ((П. И Лерх نێردرایە لای کوردەکان و بەو شێوەیە یەکەم دەقی کوردی لە ساڵی(١٨٥٦ـ ١٨٥٨)  لە لایەن “پ.ئەی. لێرخ” ەوە بە ژێرنووسەوە و بە شێوەیەکی بەرین، بڵاوکرایەوە. هەروەها دوو کەس لە لایەن زانایانی رووسەوە، “برزین( И. Н. Березин) ” و “دیتیل (В. Ф Диттель)” لە لایەن ئاکادیمیای زانستەکانی رووسیەوە، بۆ فێربوونی زمانی کوردی هەڵبژێردران. (٣) لە هەمان کاتیشدا، دوو دیپلۆماتی رووس، “خاداکو( А. Я. Ходько) ” و “ژابا (А. Д.Жабой) “، بەشێکی زۆر گرینگ لە توێژینەوەی مێژووی کوردانیان لە ئەستۆ گرت. “خاداکو” لە پاریسدا توانی “گۆڤاری “ئاسایاییەکان”لە ساڵی ١٨٧٥ بە زمانی فەڕانسەوی چاپ و بڵاو بکاتەوە کە تایبەت بە زاراوەی کوردیی سلێمانی (سۆرانی) کرابوو. “ژابا”، کۆنسوولی رووسیە لە “ئەرزڕووم(١٨٤٨/١٨٦٦)” پاش فێربوونی زمانی کوردی و بە یارمەتی گرووپێک لە کوردەکان هەوڵیان دا فەرهەنگی وشەی کوردی ـ فەڕانسەوی و هەروەها فەرهەنگی وشە لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فەڕانسە ـ رووس ـ کوردی” دا چاپ و بڵاو بکاتەوە. (٤)

پڕۆفیسۆر، و، ف، مینۆرسکی”(В. Ф. Минорский ١٨٧٧ ـ ١٩٦٦)”:خوێندکاری زانکۆکانی ماف‌‌ناسی و رۆژهەڵاتناسی زانستگای دەوڵەتی مسکۆ لە ساڵی ١٩٠٣دا تا بە دەسەڵات گەیشتنی بلشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧وەکو دیپلۆماتی دەوڵەتی رووسیەی تێزاری لە ئێران و تورکیەدا خزمەتی دەکرد و تا کاتی مەرگی لە پاریس دا ( ١٩٦٦) نەگەڕایەوە بۆ رووسیە.

 هۆگریی مینۆرسکی لە هەمبەر مێژوووی کورد و کوردستان لە ماوەی ساڵەکانی خزمەتی لە ئێران و تورکیەدا زۆرتر بوو، خۆی بە توێژینەوە لەمەڕ مێژووی ئێران، قەفقاز، تورکیە و هەروەها مێژووی ئیسلامەوە خەریک کرد کە نووسراوەگەلێکی پڕبایەخ و بەهاداری لەم بەستێنەدا بەرهەمهێنا.

 کتێبی “کوردەکان(١٩١٥)”، “یادداشتەکانی سەفەر(١٩١٦)”. یادداشتەکانی پترۆگراد(١٩١٥)”، “ئاسەوارە مێژووییەکانی گۆلی ورمێ(١٩١٩)”، لە کارە زانستییەکانی مینۆرسکین کە لە بەستێنی ئاخێزگە و سەرتای مێژووی کوردەکانەوە بە ئەژمار دێت.

مینۆرسکی ریشەو شوێنگەی ژیانی کوردەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی حەوتەمی بەر لە زایینیەوە، دەنووسێت: “شوێنگەی کوردەکان و یان (زمانەکەیان) بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ رۆژهەڵات دەگەڕێتەوە. بە دەرکەوتنی ئارییاییەکان لە سەرەتای سەدەی حەوتەمی بەر لە زایین، دەتوانین بڵێین کە مادەکان و هاوپەیمانەکانیان کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئاشوور لە ساڵەکانی ٦٠٧ی بەر لە زایین هێنا و لەم کاتەدایە کە بەشێکی گەورە ەل وکردەکان بەرەو رۆژئاوا کۆچ ئەکەن، هەروەها بە درێژایی ئەمەیە کە دەبێ بلێین کە ئارمەنییەکانیش وەک دراوسێی کۆنی کوردەکان (کە خاوەنی پێشینەیەکی ئەتنیکی جیاوزان) لە “فرجیا” سەریان هەڵداوە و دواتر بە زاڵبوون بەسەر پاشای “ئورارتۆ” لە کەنار گۆلی “وان”دا نیشتەجێ بوون. لەم روویەوەیە کە رەچەڵەک و شوێنگەی نەژادی ئەرمەنییەکان لە باکووری رۆژئاواوە هەڵکەوتووە. شوێنی نیشتەجێبوونی سەرەتایی کوردەکان دەگەڕێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی ئەم ناوچەیە. بەم شێوەیە ئەم دوو کۆچکردنە ناڕێکە، “جبال توروس”ی بە دوو بەشی سەرەکیی دابەش کردوە”. (٥)

مینۆرسکی کە فێری زمانی کوردەکان ببوو، نیشانی دا کە بە تێڕوانین بۆ چییەتی ئەم زمانە (یەکێک لە میکانیزمە بنەڕەتییەکانی ناسینی سەرەتایی نەتەوەکان) دەتوانین بە باشی هەست بە ریشە و شوێنگەی نەتەوەی کورد بکەین. ئەو دەنووسێت “زمانی کوردی لە گرووپی زمانە ئێرانییەکاندا جێگای کردۆتەوە، کە لەم گرووپە زمانییانە، فارسی، ئەفغان، بەلووچی و داوێنەکانی قەفقازن. زمانی کوردی “فارسییەکی شەل و پێ شکاو” نیە، بەڵکوو زمانێکی بە تەواوی جیاوازو سەربەخۆیە و خاونی رێزمان، دەنگ سازی(Phonetic )تایبەتە، و پێوەندی لەگەڵ زمانی فارسیدا، وەکو پیوەندی زمانی رووسی لەگەڵ سێربی و یان زمانی لادینی سویسییەکانی کوێستان‌نشین لەگەڵ زمانی ئیتالییایی دایە.”(٦)

هەنگاوی دووهەم:

هەنگاوی دووهەم لە کاتی بەدەسەڵاتگەیشتنی بلشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧ەوە دەست پێ دەکات و هەتا کۆتاییەکانی نیوەی دووهەمی دەیەی پەنجا درێژەی هەیە و لە بەرهەمی نووسەرانی وەک “گ.ئاستاخۆف(Г.Астахов) ” و “م.پاگورلۆف(М.Погорелов)” و کەسانی دیکەدا رەنگدانەوەی هەیە.

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم دەورەیە لە زانستی مێژوویی رووسیە و دواتر یەکیەتیی سۆڤیەت، تێڕوانین و روانگەی ئیدئۆلۆژیکیە کە لەسەر بنەمای ئامانج و ئارمانجەکانی وەک شۆڕشی جیهانی، سەرکەوتنی سوسیالیزمی زانستی، و هەروەها دورشم گەلێک کە لەو سەردەمە مێژووییەدا باو بوو،و زۆرتر لایەنی بەهێزی ئەحساسی و پۆپۆلیستییان پەیڕەو دەکرد تا ئەوەی کە توێژینەوەی بنەڕەتی و زانایانە ئەنجام بدرێت. لەو رۆژگارەدا توێژینەوەی بنەڕەتی و نێواخندۆزی میکانینزم و لایەنەکانی بزاڤی نەتەوەیی کورد چ لە رەهەندە ناوچەییەکان و چ لە فەزای پێوەندییە نێونەتەوەییەکانەوە لە لایەن توێژەرانی وەک “ئاستاخۆف” و “م.پاگورلۆف” ، “خالفین( Н.А.Халфин )” بە فەرمی نەدەناسراو و بە شێوەیەکی یەکلایەنانە و بە دوور لە هەر چەشنە بەڵگەهێنانەوەیەکی مێژوویی و بڕواپێکراو، “ئامانجە راستەقینەکانی سەرهەڵدانی کوردەکانیان بە هۆکار و دەستێوەردانی دەرەکیی، بەتایبەتی خەریتەی ئەمپریالیزمی بریتانیا”(7) لەقەڵەم دەدا. وەها تێڕوانینێک و میتۆدێک نەتەنیا لە بەرهەمی نووسەران و توێژەرانی رووس دا بانگەشەی بۆ دەکرا، بەڵکوو لە ئامادەکردن و بەکارهێنانی سیاسەتی دەرەکی یەکیەتیی سۆڤییەتیشدا رەنگدانەوەیەکی بەربڵاوی هەبوو.

خالفین(Н.А.Халфин)  لە کتێببی “خەبات لە رێگای کوردستان” بە هێنانە ئارای پرسیارگەلێک لە بارەی چییەتی و چۆنییەتی کۆمەڵایەتی و سەرهەڵدان و ریشەی بزاڤی نەتەوەی کوردەکان لە سەدەی نۆزدەهەم و کارامەیی و لێڕوانینی سیاسی دەوڵەتە بە دەسەڵاتەکان لە هەمبەر پرسی کورد دا، وەرزێکی نوێی لە زانستی کوردناسیدا هێنایە ئاراوە. خالفین بە ئاماژە بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ـ ئابووری کوردستان، لەوانە بە تایبەتی سەرۆک هۆزەکانی کورد لە مێژووی گۆڕانکارییەکانی کوردستاندا دەنووسێت: “هۆزە کوردەکان رۆڵێکی بەرچاویان لە رەوتی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا گێڕاوە” (8) لە لایەکی دیکەوە ئەو بە ئاماژە بزووتنەوەی کوردەکان کە “بێ بەریی لە هەر ئاماجێکی تایبەت و لە راستای بەرژەوەندییەکانی شێخ و فیودالەکاندا سەری هەڵداوە” دەکات. (9) خالفین، بە تێڕوانین بۆ بزووتنەوەی نەتەوەی کوردەکان بە ڕێبەرایەتی شێخ عوبەیدوڵڵا نەهری لە ساڵی ١٨٨٠ دا، راپەڕينی کوردەکانی لەو سەردەمەدا بۆ ئیرادەی سوڵتانی عوسمانی و سیاسەتی بریتانیا دەگەڕێنێتەوە و دەنووسێت : “جەماوەری بەرینی خەڵکی کورد وەک کارتگەلێک لە بازاڕی فیۆدالیی ئێران و عوسمانی و بریتانیادا و بە ئامانجی لاواز کردنی رووسیە یارییان پێ دەکرا”. (10)

وەها لێکدانەوەیەک لە لایەن “خالفین”ەوە، جیا لەوەی کە خاوەنی پیشتیوانییەکی بەڵگەمەند و جێگای باوەڕ نیە، هەروەها بەری لە هەر چەشنە بەڵگەهێنانەوەیەکی ژیرانە و مەنتقییە. یەکەم ئەوەی کە سنووردارکردنی بزوووتنەوەی نەتەوەیی کورد تەنیا لە چوارشێوەی بەرژەوەندییەکانی شێخ و فیودالەکاندا بوە، لەبەرچاونەگرتنی هەوێنی بزووتنەوەی مێژوویی کوردەکان بۆ رزگاری لە ستەمی نەتەوایەتییە، دواتر، چاوپۆشی کردنی نووسەر لە گرینگیی پێکهاتە سیاسی ـ ئابووری، کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگای کوردستان و لەبەرچاونەگرتن و بە ئاسانی تێپەڕبوون بەسەر کۆمەڵێک رووداوی مێژووییدایە. جیا لەوەش، دەسەڵاتە کۆلۆنیالیستەکان بە تایبەتی بریتانیا، هیچ بایەخێکی بە ئامانجی بزووتنەوەی نەتەوەی کورد وەک جیابوونەوە لە ئێران و تورکیە نەدا و بەڵکوو لە زەمەنێکی تایبەتی مێژووییشدا، گرینگیی بنەڕەتی دەسەڵاتی داگیرکەرانەی خۆیان بە پەرەسەندنی بەربڵاوی داوێنی دەستڕۆشتوویی و کارامەیی سیاسەتی دەرەکیی خۆیان بەسەر دوو وڵاتی تورکیە و ئیراندا بوو و پێیان وابوو کە رەوتی گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا، ئەم دوو وڵاتە و هەروەها سەرزەوینی کوردانیش دەخەنە ژێر رکێفی دەسەڵاتی خۆیانەوە.

هەنگاوی سێهەم:

لە دەیەی شەستی سەدەی بیستەم و رووخانی سیستمی داگیرکاری نوێ و تا دەگاتە سەردەمی ئێستاکە درێژەی هەیە. لەم دەورەیەدا بەرهەمگەلێکی پڕبایەخ و ناوازە لە لایەن توێژەران و مێژوونووسانی رووس، وەک “لازاریف(М.С.Лазарев 1930-2010 ) “، “ژیگالین (О. И. Жигалина)”. “حسرتیان( Гасратян М.А) “، “مگوی( Ш. Х. Мгои) “، “ج.جلیلی( Джалил. Д )”، “ش.عشرف( Ашири.Ш) “، و بە گشتی بەرهەمەکانی دیکە لە بارەی کورد و کورستانەوە بڵاوبوونەتەوە و پانتایی کوردناسییان بە تایبەتی دوای کۆتایی هاتن بە بەربەستە ئایدۆلۆژیی و بەرچاوتەنگی حزبی و دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو گرتۆتەوە؛ یارمەتییەکی جێگای بایەخی ئەو بەستێنە بوون.

بزووتنەوەی کورد لە یەکە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە) و هەروەها کارامەیی لەسەر چۆنیەتی ژیۆپۆلتیکی ناوچەکە وەکوو بزاڤێکی گشتگیر، هاندەرێکی بەهێزی زانایانی رووس بۆ توێژینەوەی بەرچاو و قووڵ لە بەستێنە جیاوازەکانی ژیانی نەتەوەی کورد بوون . پرۆسەی کوردناسی لە رووسیەدا بە شێوەیەکی نەریتی(tradition )لە بەشی رۆژهەڵاتناسی ئاکادێمی زانستی رووسیە، لە شارەکانی “سن پترزبۆرگ، ئیروان، تفلیس و مسکۆدا بەردەوام بوو.

 لە دەیەکانی ٨٠ و ٩٠ی سەدەی بیستەمدا، کوردناسەکانی یەکیەتیی سۆڤییەت، هەوڵیان دا پرۆژەیەکی توێژینەوەی ستراتیژیکی فەراهەم بکەن و بنەمای ئەم بەنایەیان لەسەر بنەرەتی کێشەی کوردەکان دابمرزێنن کە دەبەسرایەوە بە تایبەتمەندییەکانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردان لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا و تایبەتمەندییەکانی پرسی کورد بخرێتە بەر هەڵسەنگاندنی نێواخندۆزانە و هەمەلایەنانەوە.

بەشە جیاکراوەکانی کوردستان

“پرۆفیسۆر.ژیگالنیا(О. И. Жигалина)”، مێژووناس و توێژەری مێژووی کورد، لە نووسینێکدا بە ناوی “بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکان لە ئێران”، زۆرتر لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگای کورد چڕ ئەبێتەوە و نیشان دەدات کە میکانیزمەکانی ئافرێنەری وەها پێکهاتەیەک لەسەر بنەمای پێوەندییە سوننەتییەکانە کە رەوتی سەردەمە مێژووییەکانی ناسراودا، لە هەوێنی کۆمەڵگادا، کەڵەکە بوە. لە روانگەی سیاسیی “ژیگالینا” بە ئاماژەکردن بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکان، دەنووسێت: “قەیرانی کوردەکان لە ئێراندا، یەکێ لە پێکوڵ و تەنگەبەرییەکانی ئەستەمی نێوخۆیی لە پێوەندی لەگەڵ ویست و داخوازییەکانی کوردەکان بۆ دەستڕاگەیشتن بە مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان ناسراوە، لەم روویەوە لە بەرامبەر بەرژەوەندییەکانی دەسەڵات لە ئێراندا وەستاوە و بەشێک لە گرێ کوێرەکانی شەڕو پێکدادانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە خۆیەوە هەڵواسیوە”. (١١)

پڕۆفیسۆر “م.حسرتیان( Гасратян М.А )” یەکێکی دیکە لە مێژووزانانی یەکیەتیی سۆڤییەت، کارناسی مێژووی مۆدێڕنی تورکیە بە تایبەتی لەمەڕ پرسیی کورد لە تورکیە لە کتێبی “کوردەکانی تورکیە لە مێژووی هاوچەرخ دا (ئیروان 1990)” دەنووسێت: “نەریتی خەباتی بزووتنەوەی کوردەکان یەکێک لە تایبەتمەندییەکان کۆمەڵگای کورد لە تورکیە وێنا دەکات کە زایەڵەی خەبات دژی چەوسانەوەی کۆمەڵایەتییە” (12) حسرتیان هەروەها بە ئاماژەکردن بە کیشەکان لەبەردەم پێوەندییەکانی کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەدا، ئاماژە بە یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتەدا دەکات و دەنووسێت “یاسای بنەڕەتی ١٩٨٢ی تورکیە هەروەکوو یاساکانی پێشوو، مافە نەتەوەییەکانی کوردەکانی لەبەرچاو ناگرێت و لە روانگەی حقووقییەوە لەسەربنەمای یەکپارچەکردن و تواندنەوەی کوردەکان و کەمایەتییەکانی دیکە پێداگریی دەکات”. (١٣).بە بڕوای حسرتیان، رەوتی چاکسازی سیاسی لە تورکیەدا دەبێتە هۆی دەربازبوونی تورکیە لەو قەیرانەی ئێستاکە کە تێیدایە.

“ش.مگۆی( Ш. Х. Мгои) ” کارناسی مێژووی کورد، هەوڵ دەدات کە لایەنەکانی گرینگ و بەربڵاوی خەباتی نەتەوەیی لە کوردستان لە هەمبەر سیستمە دیکتاتۆری و سەرەڕۆکانی وڵاتی عێراق و سوریە بەتایبەتی پاش کۆنفرانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ کە بوە هۆی پێکهێنانی دوو وڵاتی عێراق و سوریە، لە کتێبی “دۆزی کورد لە عێراقی ئێستادا” رەنگدانەوەی هەبێت و دەنووسێت: “بزووتنەوە رزگاریخوازانەی کورد لە کوردستان لە راستیدا، هەوڵێکە بۆ دابینکردن و بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کوردەکان لەم وڵاتەدا”(١٤).

یەکێکی دیکە لە رووداوە گرینگەکانی توێژینەوەی دۆزی کورد و کوردستان، توێکاریەکە هەمەلایەنە لە لایەن گرووپێک لە کوردناسانی رووسیەوە، وەکوو “م.لازاریف(М.С.Лазарев 1930-2010 )”، ئا.ژیگالینا،(О. И.Жигалина)”، “ش.مگۆی،( Ш. Х. Мгои )”، “م.حسرتیانГасратян М.А))” لە ساڵی ١٩٩٥ بە ناوی “کوردستانی هاوچەرخ” بڵاو کرایەوە. نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا بە دەربڕینی نیگەرانیی کۆمەڵگای جیهانی لەمەڕ چارەنووسی کوردەکان دەنووسێت: “چارەنووسی لانیکەم ٣٠ میلیۆن کوردێک کە بە درێژایی ٢٥٠٠ ساڵ لە نیشتمانی باوباپیرانی خۆیان دەژین و بەشێکی زۆر گرینگیان لە پێشکەوتنی کولتوور و ژیاری مێژووی نەتەوکان و وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیادا هەبوە، لەگەڵ ئەوەی کە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی خەبات دەکەن، بەڵام تا بە ئێستا لە پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دوا کەوتوون و ئەمەش راستییەکە بۆتە هۆی نیگەرانی نەک تەنیا بۆ رووسیە، بەڵکوو بۆ هەموو جیهان”.(15)

نووسەرانی کتێبی “کوردستانی هاوچەرخ” هەوڵیان داوە کە هەڵسەنگاندنێکی واقعبینانە لە پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردەکان وەک ئەوەی لە ئێران، عێراق، سوریە و تورکیە بکەن و هەروەها وێنەیەکی روون لە کارامەیی فەزایی سیاسەتی جیهانی لەسەر پێگەی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بهێننە ئاراوە.

کێشەی کورد لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا

یەکێک لە ناودارترین توێژەرانی مێژووی کورد و کوردستان :م.س. لازاریف(М.С.Лазарев١٩٣٠ ـ ٢٠١٠ )”ە کە بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک توێژینەوەی زانستی خۆی کە بریتییە لە سێ کتێب بە ناوەکانی “کوردستان و دۆزی کورد، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەهەم هەتا ساڵی ١٩١٧”، “ئیمپریالیسم و دۆزی کورد (١٩١٧ ـ ١٩٢٣)” و “کوردستان و دۆزی کورد( ١٩٢٣ ـ ١٩٤٥)”، توێژینەوەیەکی بەربڵاو و بەرینی لەمەڕ مێژووی کوردستان (شوێنگەی ئەتنیکی و نەتەوەیی، گرینگی ژیۆپۆلتیک و ژیۆستراتیژیک) و هەروەها تێڕوانینی سیاسی ئیمپراتوورەکانی عوسمانی ، روسیەی تیزاری، یەکیەتیی سۆڤییەت و رۆڵی وڵاتانی ئەمپریالیستی لە دابەشکردنی سەرزەوینی کوردستان دا، هێناوەتە ئاراوە.

لازاریف لە کتێبی “کوردستان و کێشەی کوردەکان، دەیەی ٩٠ی سەدەی نۆزدەهەم هەتا ١٩١٧”دا ئاماژە بە سەرهەڵدانی شۆڕشی مەشرووتە(١٩٠٥ ـ١٩٠١١) لە ئێران، رۆڵی کوردەکان، پێوەندییەکانی دوو وڵاتی ئێران و تورکیە دەکات و هەروەها دەستێوەردانی دەسەڵاتە گەورەکان وەکوو رووسیە، بریتانیا و ئاڵمان لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کوردەکان بە سەرنجێکی زانستیی وەسف و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات. لازاریف بە شێوازێکی بنەڕەتی و بەربڵاو پێوەندییەکان و ململانێکانی دەسەڵاتە ئیستعمارەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی کوردەکان تا بە دەسەڵات گەیشتنی دەوڵەتی بلشویکەکان لە ساڵی ١٩١٧ دەخاتە بەر لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنێکی ورد و نێواخندۆزانەوە و هەر لەم راستایەشدا بە پشت بەستن بە بەڵگە و دیکۆمێنتەکانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیەی تێزاری و هەروەها پێوندییە دیپلۆماتیکەکانی رووسیە لە شارەکانی وەک ئیستانبۆل، وان، ئەرزڕووم، بتڵیس، ورمێ، کرماشان، لایەنە تاریک و ناڕوونە پەرواوێزکەوتوەکانی سیاسەتەکانی ئیێستعماری رووسیەی تێزاری لە کوردستاندا ، روون ئەکاتەوە.

لازاریف لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت: “لە دڵی کێشەی کورددا، خەباتی ئازادیخوازانەی کورد هەیە کە رەوتێکە بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی نەتەوەیی، لەوێڕا کە کوردەکان وەک کەمایەتییەکی نەتەوەیی لە چوارچیوەی ئیمپراتووری ئێران و عوسمانیدا سەریان هەڵداوە و لە لایەکی دیکەوە ئەم وڵاتانەش وەکوو ئامرازێک بەرامبەر بە سیاسەتی دەسەڵاتە گەورەکاندا زەق دەکەنەوە، توێژینەوەکە نیشان دەدات نە تەنیا خوێندنەوەی خەباتی ئازادیخوازانەی کوردەکانە، بەڵکوو بەشێکی زۆر لە رووداوە بنەڕەتییەکانی مێژووی دوو وڵاتی ئێرانو عوسمانی لە پێوەندی لەگەڵ سیاسەتی جیهانیشی لە خۆ گرتوە”(١٦).

لە روانگەی لازاریفەوە، بزووتنەوەی کورد لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە بۆتە یەکێک لە دژواری و گرێ کوێرەکانی پێوەندییە نێونەتەوەییەکان و گوشار و سەرکوتی کوردەکانیش لە لایەن پێکهاتە سەرەڕۆییە سیاسییەکانیش بۆتە هۆی شەڕی خوێناویی و درێژماوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕوویەوە، “خوێندنەوەی کێشەی کوردەکان بە گشتی لە روانگەیەکی زانستییەوە، لە رادەبەدەر گرینگە و بە یەكێک لە گرینگترین و بنەڕەتی ترین بەربەستە سیاسییەکانی سەردەمی ئێستاکە دەژمێردرێت”. (١٧)

لازاریف بە خەریکبوون بە رووخانی ئیمپراتۆری عوسمانی پاش شەڕی جیهانی یەکەم و رەوتی روو لە گەشەکردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران و عوسمانیدا دەنووسێت: “لە کۆتاییەکانی دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی قەجەرەکان لە ئێراندا، پرسی کورد بوە خاوەنی پرسێکی گرینک و بزوێنەری ژیانی سیاسی (چ لە ناوەوە و چ لەدەرەوە)ی ئەو دوو وڵاتە. خەباتی کوردەکان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس بەرینتر بووەوە و ببوە بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی سەرتاپاگیرو وەرچەرخانی بەسەرداهات کە لە رووخان و کۆتایی‌هاتن یەکجارەکی مێژووی ئیمپراتووری عوسمانی و هەروەها دەوڵەتی قەجەرەکانیش لە ئێراندا رۆڵێکی بەرچاو و گرینگی گێڕا”. (١٨)

لە ساڵی ١٩٨٩دا پرۆفیسۆر لازاریف بە بڵاوکردنەوەی کتێبی “ئەمپریالیزم و کێشەی کورد ١٩٢٣ ـ ١٩١٧) هەنگاوێکی دیکە لە توێژینەوەی سیستماتیک و مێژووی کوردناسی لە رووسیەدا هەڵهێنا. لەم بەرهەمە ناوازەیەدا، ئەمجارە لازاریف بە بارودۆخی سیاسی پاش شەڕی جیهانی یەکه‌م و بەتایبەتی پارچەبوونی سەرزەوینی کوردستان، (دەرەنجامی کۆنفڕانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣)دا و هەروەها رۆڵی چارەنووسسازی دەوڵەتە ئیستعمارییەکان، وەک ئەوەی کە مانۆڕە دیپلۆماتیکەکانی بریتانیا ئاماژە دەکات و دەنووسێت: “کێشەی کوردەکان نەتەنیا مەسەلەیەکی دەروونی دەوڵەتەکانی عوسمانی و ئێران لە خۆ ناگرێت، بەڵکوو دیارە کە لە پێوەندی لەگەڵ پێوەندییە سیاسییەکانی دوو وڵاتدا سەرهەڵئەدات و لە چوارچێوەی ناوچەی رۆژ‌هەڵاتی نێوەڕاستدا تێپەڕیوە و لەم راستایەشدا لەگەڵ فەزای بەرژەوەندییەکانی ئەمپریالیستەکان و دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی ئەو رۆژگارەدا، لە لایەن بەریتانیا، ئاڵمان، روسیە و تا رادەیەکیش بەرژەوەندییەکانی فەڕانسە و ئەمریکا پێکدادەدرێت”. (١٩)

لازاریف بە تێڕوانین بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکان لە رەوشی نوێی ژیۆپۆلتیکی هاوچەرخی دا، رۆڵ و کارامەیی هەرکام لەم یاریزانە بەهێزەکانی سیاسەتی جیهانی وێنا دەکات. بە باوەڕێ لازاریف بە کۆتایی هاتن بە شەڕی جیهانی یەکەم، سیستمی نەریتی ئیستعمار تووشی وەرچەرخانێکی بەرچاو بوو. سیستمی بەڕێوەبەریی لە وڵاتانی عەرەبی وەک لوبنان، عێراق، سوریە و فەلەستین لایەنی سیاسی و ئابووریی بە خۆیەوە گرت.

کۆنفڕانسی لۆزان

بە هۆی کۆنفڕانسی لۆزان لە ٢٤ی ژوییەی ١٩٢٣دا، باشوور و باشووری رۆژئاوای کوردستان بەسەر پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق و سوریە دابەش کرا. لەم کۆنفڕانسەدا، وڵاتانی کۆلۆنالیست، فەڕانسە و بەتایبەتی بریتانیا، لە بەندەکانی ٦٣ ٦٤ی پەیماننامەی سێڤەر کە بە روونی باس لە خودموختاری بۆ کوردەکان هاتبوە ئاراوە، چاوپۆشییان کرد.

“ماددەی ٦٢، کۆمیسیۆنێک کە لە قەستەنتەنیەدا کۆئەبێتەوە بریتی دەبن لە سێ دەسەڵاتی بڕیاردەری دەوڵەتەکانی بریتانیا، فەڕانسە و ئیتالیا. لە ماوەی شەش مانگدا بە بەڕێوەبردنی پەیمانی ئێستاکەی گەڵاڵەی بۆ خودموختاری کوردەکان لە رۆژهەڵاتی فۆرات، باشووری ئەرمەنستان کە دواتر دیاری دەکرێت و هەروەها ناوچەکانی دیکە لە باکووری تورکیە تا سوریە و بەین‌النهرین، بە پێی ئەوەی کە لە ماددەی ٢٧، ٢ و ٣ دا دیاری کراوە، ئامادە و رێک دەخرێت”.

بە دامەزرانی سنوورە نوێیەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردستان جارێکی دیکە و پاش چوار سەدە * بە چوار وڵاتی جیاواز دابەش دەبێت. لە روانگەی لازاریف “بارودۆخی ئەوکاتە کە لە سەربنەمای پێوەندییە نوێیەکانی ئابووری ـ سیاسی ئامادەکرابوو، کوردەکانی لە دامەزراندنی گەڵاڵەی پێکهاتەی کوردستانی سەربەخۆ، بێ ئاکام هێشتەوە”. (٢١)

لە ساڵی ٢٠٠٥دا، لازاریف کتێبی “کوردستان و مەسەلەی کورد، ١٩٢٣ ـ ١٩٤٥” کە تەواوکراوی دوو بەرهەمی دیکەی نووسەرە، بڵاو کردەوە. لەم بەرهەمە توێژینەوەیەدا نەتەنیا نووسەر ئاماژە بە دژوارییەکانی نێوخۆیی کوردستان دەکات، بەڵکوو گۆڕانکارییە قووڵەکان لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا کە لە چوارچێوەی دوو تەوەرەیی لە جیهاندا رەنگیانداببوەوە و کارامەیی راستەوخۆیان لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی کوردستان هەبوو، بەرجەستە دەکاتەوە. لازاریف بەجەخت کردن لەسەر بەڵگەی بەدەستهاتووەکان لە ئارشیڤی وەزارەتی دەرەوەی فێدراسیۆنی رووسیەدا، لایەنە جیاوازەکانی گۆڕانکارییەکانی کوردستان، لەو چەشنە نێواخندۆزی و هەڵسەنگاندنی ناسیۆنالیزمی کورد، ئاکامەکانی پەیماننامەی لۆزان، پرسی موسڵ، رۆڵی یەکە سیاسییەکانی ئێران، عێراق، تورکیە و سوریە، سیاسەتی دەرەکی دەسەڵاتە ئێستعمارییەکان بە تایبەتی بریتانیا و رۆڵی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو لە ئاوابوون و رووخانی کۆماری کوردستان لە ساڵەکانی ١٩٤٥ ـ ١٩٤٦ دا دەخاتە بەر روانگەی ورد و زانستییەوە.

لازاریف لەمەڕ “پەیماننامەی لۆزان” ئاوەها دەنووسێت: “لە درێژەی پێکهاتنی بریتانیا و تورکیە، پەیماننامەی بریتانیا ـ تورکیە ـ عێراق لە پێنجەمی ژوئیەی ١٩٢٦دا بەسترا کە کوردستان بە شێوازێکی یاسایی دابەش کرا و ئەم رۆژە ڕەشەی بۆ مێژووی نەتەوەی کورد تۆمار کرد. بەم شێوەیە جیایی نەتەوەی کورد نە تەنیا دژوارتر و قووڵتر بوویەوە، بەڵکوو لە روانگەی دۆخی حقووقییەوە، دەتوانین بڵێین کە لایەنی نێونەتەوەیی بە خۆیەوە گرت و کوردەکان بۆ جارێکی دیکە لە مێژووی خۆیاندا بوونە قوربانی دەسەڵاتە چاوەڕواننەکراوەکان”. (٢٢)

پرسی موسڵ (نەینەوا) یەکێک لە گرینگترین قەیرانەکانی بریتانیا و تورکیەی هێنا ئاراوە و لەو روویەوە ئیدی گرینگی ژیۆپۆلیتیکی کوردستانی لە پێوەندییە نێونەتەوەییەکاندا خسته‌روو.

موسڵ بۆ بەغدا خاوەنی گرینگییەکی تایبەت لە بواری دابین کردنی گەنم و بەرهەمە وەرزێرییەکانی دیکە بوو، بەڵام بۆ پێوەندییەکانی بەرامبەری دوو وڵاتی دیکە، نەوتی کەرکووک کە لە ویلایەتی موسڵدا هەڵکەوتبوو، رۆڵی دەگێڕا و یەکێک لە بنەماکانی رەوتی وتووێژەکانی تورکیە و عێراقی پێک هێنا.

پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی بریتانیا و تورکیە لەسەر چاوگە ژێرزەوینەکانی کوردستان، هەروەکوو نەوتی کەرکووک، سەرنجی دەسەڵاتدارانی دیکەی فەزای سیاسەتی جیهانی بەرەو لای خۆی راکێشا. فەڕانسە مافی خاوەنداری سیاسی بە سەر سوریە و لوبناندا بەدەستهێنا و هەروەها بە دامزراندنی وڵاتانی عەرەبستان و ئۆردۆن، تیۆری سیستمی پێشووی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناویندا تووشی گۆران هات.

لکانی بەشی باشووری کوردستان (ولایەتی موسڵ) بە عێراقەوە، خەباتی کوردەکانی لە بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان دژوارتر لە پێشوو کرد و بوە هۆی چڕتربوونی رووداوە ژیۆپۆلتیکەکان لە ناوچەکدا و هەروەها بە دەستێوەردانی دەسەڵاتە ئێستعمارییەکان لە کاروباری کوردستان بە روونی دەردەکەوت؛ دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک و سەرەتای بەرهەمهێنانی بۆ ساڵی ١٩٣٠، خاوەنی گرینگییەکی جوغرافیایی ـ ئابووریی کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردەکانی زیاتر کرد.

لە کۆتاییەکانی شەڕی جیهانی یەکەمدا، ویلایەتی موسڵ (نەینەوا) لە لایەن هێزە نیزامییەکانی بەریتانیاوە داگیر کرا. بریتانیا بە داگیرکردنی موسڵ و دانی سیستمی بەڕێوەبەریی بە عێراق، ئامادە نەبوو سەرچاوە ژێرزەوینەکان لەگەڵ هیچ کام لە دەسەڵاتە ئێستعمارییەکان و تەنانەت تورکیەش دابەشی بکات. رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٢٥دا، ولایەتی مووسڵی بە بەشێک لە دەوڵەتی تازە پێکهاتووی عێراقدا قبووڵ کرد و عێراقی بۆ ماوەی ٢٥ ساڵ لە پاڵ بەڕێوەبەریی بریتانیادا دانا. جیا لەمەش لەگەڵ بەستنی پەیماننامەی لۆزان لە ٢٤ی ژویەی ١٩٢٣دا و پێکهاتنی دواتری نێوان تورکیە و بریتانا لەسەر ئەوەی کە “١٠ لە سەدی داهاتی نەوتی کەرکووک بە دەوڵەتی تورکیە بدرێت، مستەفا کەماڵ، لە ئاڵۆزیی و شەڕەکانی لەسەر سەرزەوینی کوردستانی عێراق و بەتایبەتی شاری کەرکووک چاوپۆشی کرد”. (23)

لازاریف ئەنووسێت “لەم روویەوە سیاسەتی دەرەکی بریتانیا لە لایەن چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوە ناڕوات، کە بەشێک لە پێکاتە و بنەمای پرسی موسڵی پێک دەهێنا. جگە لەوەش هەر دوو وڵاتی بریتانیا و تورکیە، کوردەکانیان وەک هۆکاری گوشار لە راستای بەرژەوەندییە دەرەکییەکانی خۆیان بەکار هێنا”. (٢٤)

کۆماری کوردستان و رۆڵی یەکیەتیی سۆڤیەت

لازاریف لە فەسڵێکی تایبەتدا، ئاماژە بە رووداوەکانی شەڕی جیهانی دووهەم، سەرەتای شەڕی سارد، رۆڵی هەرکام لەم دەسەڵاتانەی سیاسەتی جیهانی، ئاڵمان، بریتانیا، فەڕانسە و ئامریکا و یەکیەتیی سۆڤیەتی بە بەربڵاویی دەخاتە بەر توێژینەوە و هەڵسەنگاندنەوە. نووسەر، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ساڵەکانی ١٩٤١ هەتا ١٩٤٥ و هەروەها پرۆسەی ئاوابوون و رووخانی کۆماری کوردستان لە پێوەندی لەگەڵ بارودۆخی نێوخۆیی خودی کوردەکان و هەروەها بەرژەوەندییەکان و لایەنە سیاسییەکانی هەرکام لە وڵاتانی خاوەن کێشەی کورد و کوردستان و بە تایبەتی تێڕوانین و روانگەی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو لەمەڕ کێشەی کوردەکان لە ئێراندا بە شێوەیەکی سیستماتیک دەخاتە بەرباسەوە.

لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا، سیاسەتی دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤییەت لە کوردستانی ئێران بە بەڵگەهێنانەوە لە وەزارەتی دەروەی یەکیەتیی سۆڤیەت و بەکارهێنانی بەربڵاوی بەڵگە و وتووێژە دیپلۆماتەکانی یەکیەتیی سۆڤیەت بە تایبەتی “مولتف( В.М.молотов ١٩٨ ـ ١٨٩٠ ) “، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤیەت، گۆشەیەک لە سیاسەتی فەرمی دەوڵەتی ستالین لە هەمبەر کوردستاندا ئاشکرا دەکات.

لازاریف بە دەستڕاگەیشتن بە ئارشیوی وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤیەت، دەقی نامەی ساڵی ١٩٤٢ی مولتف، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی یەکیەتیی سۆڤیەت بۆ “سمیرنۆف(Смирнов . А. А ١٩٠٥ـ ١٩٨٢ )” باڵوێزی ئەم وڵاتە لە ئێران لە پێوەندی لەگەڵ کوردەکاندا، ئاوەها دەگێڕێتەوە:

“نوێنەرانی ئێمە تێنگەیشتوون کە بنەمای کۆمەڵایەتیی خەباتی کوردەکانی ئێران بۆ خودموختاری و سەربەخۆیی، لە راستیدا بە ئامانجی پشتیوانی لە عەشیرە و فیۆدالەکان بوە بە مەبەستی جیاکردنەوەی کوردەکان و بەربەرەکانێ لەگەڵ چڕبوونەوەی دەسەلاتی سیاسی لە وڵاتدا بووە. کوردەکان کە زۆرێک لە خێلە جۆراوجۆرەکان ئەژمێردرێن و دابەش بوون، زۆرجار لە دژایەتی و دوژمنایەتی یەکرتدان و وێنەیەک لە یەکڕیزی و یەکگرتووی نەتەوەیی نیشان نادەن.” (٢٥). لەم نامەیەدا “مولتوف”. بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی بە جیایی‌خوازیی لە ئێران تۆمەتبار دەکات و دەنووسێت: “جیایی‌خوازانی کورد لە ئێراندا هەمووکات بە هۆی ئامرازی سیاسییەوە لە لایەن بریتانیا و تورکیەوە بەکار دەهێنران و یەکگرتووییان بە هۆی جیابوونەوە لە ئێران و … هەروەها بە ئیلهام وەرگرتن لە هەندێک دانیشتنەکانی تایبەتی ئینگلیسی و تورکی لە پێناو وەرگرتنی ئیمتیازی جۆراوجۆری سیاسی و ئابووری لە ئیرانن. رێبەرانی کورد کە خاوەنی فەرمانڕەوایی بێ ئەملاو ئەولای کوردەکانن، خۆیان بە خزمەتکاری دەوڵەتە جۆراوجۆرەکانی ئەمپریالیستی و زۆرجاریش بەردەستی دەوڵەتە فاشیستەکان دەژمێردرێن”. (٢٦) “مۆتلف” لە درێژەدا ، سیاسەتی دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤیەت بە نیسبەتی کوردەکانەوە بەم شێوەیە بە باڵوێزی وڵاتەکەی رادەگەیەنێت: “دەبێ بڵێین کە پشتیوانی ئێمە لە هەوڵ کوردەکان لە راستای خودموختاری و سەربەخۆیی کوردستاندا دروست نیە و لە بارودۆخی ئێستای ئێراندا، ویستی کوردەکان بێ بنەما و دواکەوتوانەیە”. (٢٧)

ئەم بەڵگەیە، تێڕوانینی فەرمی دەوڵەتی یەکیەتیی سۆڤیەت لە مەڕ کوردەکانەوە دەرئەخات، لە لایەکەوە نیشانەی سیاسەتێکی کردەوەخۆازانەیە(Pragmatic) کە لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بەرچاوتەنگییەکانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو خۆی دەنوێنێت و هاوکات تێگەیشتنی هەڵە و ناڕوونی سیاسەتمەدارانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە سەردەمی ستالیندا بە نیسبەتی بزووتنەوەی کوردەکانەوە دەرئەخات.

دەرئەنجام:

بەرهەمەکانی توێژینەوە لەمەڕ مێژووی کورد و کوردستان لە لایەن مێژووزانانی رووس ـ کورد*، لە دوو لایەنەوە شایانی هەڵسەنگاندنە: سەرەتا: دابین کردن و بەکارهێنانی سیاسەتی دەرەوەی ئیمپراتووری رووسیەی تێزاری کە لەگەڵ تێڕوانینی ژیۆپۆلتیکی ئەم وڵاتە لە ئاسیای ناوەڕاستدا یەک ئەگرێتەوە و بە ئامانجی پەرەپێدان و بەرینترکردنەوەی سنوورەکانی رووسیە بە تایبەتی پاش پەیماننامەی ڤیەن لە ساڵی ١٨١٥ بوو و لە چوارچێوەی هاوتەریبکردنی دەسەڵاتدا بیچمی گرت. دەستڕاگرتن بەسەر ئاسیای ناوەڕاستدا و پەیوەست بوونی بەشێک لە ئێران، تورکیە و سەرزەوینی کوردستان، سیاسەتی پاوانخوازانەی ئیمپراتووری رووسیە لە لایەکەوە و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتە گەورەکانی وەک بریتانیا و فەڕانسە لە لایەکی دیکەوە دەرئەخات. لەم پێوەندییەدا کارەکانی توێژینەوە لەمەڕ مێژووی کوردستان و هەروەها راپۆرت و چالاکییەکانی باڵوێزەکانی رووس لە پێناو ناسین و زانیاریی زۆرتر و بە مەبەستی بەردەوامی و راگرتنی سیاسەتی دەرەکی رووسیە بوە. دواتر: بەرهەمە بەربڵاو و گشتگیرەکانی زانایای رووس لە مێژووی کوردەکاندا، وەکوو مینۆرسکی، نیکیتین، مار، کوردیۆف و ئەوانی دیکە بەشێکی زۆر مەزن و پڕبایەخ لە ناسینی قووڵی مێژووی کوردستان پێک دەهێنن و یارمەتییەکی بەرچاو و بەرفراوانیان بە زانستی کوردناسی داوە.

بە دەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن بلشویکەکان لە ئۆکتۆربری ١٩١٧دا، بەتایبەتی لە دەیەی یەکەمی دەوڵەتی رووسیەی سۆڤیەت و دواتر یەکیەتیی سۆڤیەت، زانستی مێژوویی کەوتە ژێر گوشاری سیستمی ئایدۆلۆژیکەوە و نووسراوەی توێژەران، وەکوو خلفین، ئاستاخۆف، پارگۆرف و ئەوانی دیکە زۆرتر هاوئاهەنگکردن لەگەڵ تێڕوانینە ئایدۆلۆژییەکان و هەروەها هاوئارستەی تەواو لەگەڵ سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤیەتدا بوون و زۆر بە کەمی کەڵکیان لە میتۆدەکانی توێژینەوە لە مێژوونووسیدا وەرگرتوە.

بە گۆڕانکارییەکان پاش دەورانی ترسناکی ستالین، زانایانی پایەبەرزی سۆڤیەت، وەکوو حسرتیان، جلیلی، مگۆی، عشیرف، ژگالینا، لازاریف و ئەوانی دیکە، زانستی کوردناسی لە یەکیەتیی سۆڤیەت و دوای سۆڤیەت بە شێوەیەکی بەربڵاو بەرینتر گەشه‌ی پێدرا و کوردناسانی روس هەوڵیاندا کە زانستی مێژوویی لە روانگەی ئایدۆلۆژیک رزگار بکەن و مێژوویان وەک خۆی بە رەوتێکی ئازاد و بەری لە سنووردارکردنەکانی ئایدۆلۆژیک بنووسنەوە کە لە سەردەمی سیاسەتی دەرەوەی یەکیەتیی سۆڤیەتدا تێکەڵ بە لێروانینی ژیۆپۆلتیکی تێکەڵ ببوو. بە تایبەتی پ.لازاریف بە سەرنجی ورد و باڵای زانایانەوە، بە پشت بەستن بە بەڵگە و دێکۆمێنتەکانی ئارشیڤی وەزارەتی دەرەوەی سۆڤیەت، هەوڵی دا کە کوردناسی لەو وڵاتەدا ببێتە زانستێکی یەکپارچە و جیاواز و لەم ڕوویەوە، بەرهەمەکانی لازاریف خاوەنی پێگەیەکی بەهێز و درەوشاوە لە توێژینەوەی مێژووی کورد و کوردستان لەقەڵەم دەدرێت و شایانی سپاس و ڕێزلێنانە.

سەرچاوەکان:

Никитин, В. Курды / В. Никитин. М. : Прогресс, 1964.c.400.ا

٢. هەمان سەرچاوە، ل..٤٠١

٣. هەمان سەرچاوە، ل..٤٠١

٤. هەمان سەرچاوە، ل..٤٠٢

В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.5.٥

В.Ф. Минорский. Курды. Петроград, 1915.с.34.٦

 ٧ .Астахов Г. От султаната к демократической Турции. Очерки из истории кемализма / Г.Астахов. – М.-Л.: Госуд. Изд-во, тип. “Красный Пролетарий”, 1926. – 152 с.; Гурко-Кряжин В. А.Ближний Восток и державы / В. А. Гурко-Кряжин. – М.: Научная ассоциация востоковедов приЦИК СССР, 1924. – 244 с.; Погорелов М. Контрреволюционное движение в Курдистане / М.Погорелов // Военный вестник. – 1925. – №11. – С.37–4

.٨  .Борьба за Курдистан: курдский вопрос в международных  отношениях XIX век.1963.c.20-19

٩. هەمان سەرچاوە، ل..٨٧

١٠. هەمان سەرچاوە، ل..٩

.١١Жигалина О. И. Национальное движение курдов в Иране, 1918-1947 гг Изд-во “Наука. , 1988

.١٢Гасратян М.А. Курдская проблема в Турции (1986- 1995). -М., 2001

١١٣. هەمان سەرچاوە،

.١٤Ш. Х. Мгои. Курдский национальный вопрос в Ираке в новейшее время / Ш. И. Мгои. – М.:Наука, 1991. C.3

.١٥Современный Курдистан: проблемы национального движения 1995 – c.3

.1٦М.С. Лазарев .Курдский Вопрос (1891-1917 (c.14

١٧. هەمان سەرچاوە، ل.١٣

١٨. هەمان سەرچاوە، ل.٧٦

Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923).c.98.١٩

* دژواری و پێکوڵبوونی بارودۆخی ناوچەکە لەگەڵ ناسازگارییەکانی سوڵتانی عوسمانی و شا سمائیلی سەفەوی، بوە هپی قەیرانێکی جیدیی لە پێوەندییەکانیاندا. لە شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤دا، کوردستان بە دوو بەش دابەشکرا، بە فەرمی دابەشبوونی کوردسیان لە ساڵی ١٦٣٩ بە پیی رێککەوتننامەی “قەسرشیرین” بنەمای یاسایی بە خۆیەوە گرت کە تا کۆتاییهاتن بە شەڕی یەکەمی جیهانی و دواتر کۆنفڕانسی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ درێژەی هەبوو.

٢٠. دیویدمک داول،تاریخ معاصرکرد،ترجمه ابراهیم یونسی،ص،703

.٢١Лазарев М. С. Империализм и курдский вопрос (1917–1923) М.1989.с.281

.٢٢Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c,102

٢٣. .دیویدمک داول،تاریخ معاصرکرد،ترجمه ابراهیم یونسی،ص،703

Лазарев М. С. Курдистан и курдский вопрос(1923 – 1945).c.99,.٢٤

٢٥.هەمان سەرچاوە، ل.221

٢٦. هەمان سەرچاوە، ل.222

٢٧. هەمان سەرچاوە، ل..222

* هەندێک لە توێژەرانی مێژووی کورد، وەکوو پ.جەلیل جەلیلی، پ. مەگۆی، پ. شەرەف عشیرۆف، بە ڕەچەڵەک کوردن.

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About كه‌یفی عمر

Check Also

rozhnama318

كوردستان.. یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ كوردی

كوردستان.. یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی‌ كوردی • ئەم باسەی لێرەدا دەیخوێننەوە كتێبیكی دكتۆر عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوڵ-ە به‌ناوی: …