Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / ”سیاسەت و جەستەی ئافرەت“ بڕگەیەک لە نووسینێکی کۆن:

”سیاسەت و جەستەی ئافرەت“ بڕگەیەک لە نووسینێکی کۆن:

”سیاسەت و جەستەی ئافرەت“

بڕگەیەک لە نووسینێکی  کۆن:

 

FB_IMG_1457454025516

”سەدەی بیستەم لەزۆر ڕووەوە سەدەی بە سیاسیكردنی جەستەی ئافرەتە، وێناكردنی ئەم جەستەیەیە وەک بەشێكی دانەبڕاو لە وێناكردنی كۆمەلگا و نەتەوە و كولتور و كەلەپور و ئەخلاق. لەنێوان چۆنیەتی تەماشاكردنی جەستەی ئافرەت و لەنێوان جۆری ئایدیۆلۆژیا و بەرنامەی هێزە سیاسییەكانی ئەم سەدەیەدا، پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆ هەیە. ئەو ئایدیۆلۆژیا سیاسییانەی لە سەرەتاكانی سەدەکەوە ئامادەن، ئیتر لە ئایدیۆلۆژیا عەلمانییەكانەوە بیگرە بۆ ئایدیۆلۆژییە دینییەكان، ھەموویان هەلگری وێنەی تایبەتی جەستەی ئافرەت و ڕۆلی تایبەتی ئەم جەستەیەن لەناو فەزای گشتیی و تایبەتی كۆمەلگادا. وەكچۆن ماركسییەكان و سۆسیالیستەكان و لیبرالەكان و ناسیۆنالیستەكان هەلگری وێنەی تایبەتن بۆ لەشی ئافرەت، ئاواش هێزە دینییەكان ھەڵگری وێنەی تایبەتی ئەم جەستەیەن. لە خەیالی حەسەن بەناوە بۆ خەیالی ئوسامە بن لادن و لە دیدی مەلا عومەری تالەبانەوە بۆ دیدی سەلاحەدین بەهادین، ئیسلامییەکان خاوەنی وێنەیەکی تایبەتن بۆ لەشی ئافرەت، کە پێیان وایە تاقە وێنەیەکی ڕاستەقینەیە و خودا بۆ ئافرەتی دروستکردوە. بەھەمانشێوە لە خەیاڵی ئەتاتورک و جەمال عەبدول ناسر و بۆرقێبەوە، بۆ خەیاڵی زۆرێک لە ھێزە نادینییەکان ئەمڕۆ، وێنەی تایبەتی لەشی ئافرەت ھەیە، کە ئایدیۆلۆژیا سیاسییەکان دروستیانکردوە.

لەھەموو ئەو دۆخانەدا، چ لە پرۆژە عەلمانییەكان و چ لە پرۆژەی هێزەكانی ئیسلامی سیاسیدا، جەستەی ئافرەت مادەیەكە كاری لەسەركراوە و كاری لەسەردەكرێت، دادەڕێژرێت و لەدەرەوەڕا مانای بەسەردا دەسەپێنرێت، مانای تێدەخرێت و مانای لێهەلدەهێنجرێت، چەپلەی بۆلێئەدرێت و گوناهباردەكرێت، بەشێوازی جیاواز سازدەدەرێت و ڕێکدەخرێت و دیسپلیندەکرێت. بەجۆرێك ناكرێت بیر لە هیچ پرۆژەیەكی سیاسیی و كۆمەلایەتیی و دینیی و كولتووریی ئەم سەدەیە بكەینەوە بەبێ بیركردنەوە لەو وێنانەی ئەم پرۆژانە بۆ جەستەی ئافرەتی دەكێشن، زۆرجار لەدەرەوەی ویستی ئافرەتان خۆیاندا و بەبێ ئەوەی پرسیان پێبکرێت، ھەمووشیان وێنەی دەرەکیی ئەو جەستەیەن و بەسەر جەستەکە خۆیدا دەسەپێندرێن. ناکۆکیی نێوان جەستەی ئافرەت و ئەو وێنە دەرەکییانەش، ناکۆکیی گەورە و بنەڕەتین کە دەکرێت تا ئەو خالە بڕوات جەستەکان وێران و تێکبشکێنرێن لەپێناوی پاراستنی وێنەکاندا، بە شێوازی جیاواز پەنا بۆ بەکارھێنانی فۆرمە جیاوازییەکانی توندوتیژیی فیزیایی و رەمزیی ببرێت بۆ ھێشتنەوەی ئەو وێنانە و سەپاندنیان بەسەر جەستەکاندا.“

مەریوان وریا قانع

لێدوان له‌ ڕێگای فه‌یس بووك

About زريان احمد

Check Also

Dar

دارکۆلا یان میر ڤلادی سێیەمی ڕاستەقینە کێیه‌؟

چۆمان تەقێدین میر ڤلادی سێیەم یان (دارکۆلا) حەڤدەهەمین میری میرنشینی واللاچیا (ئەفلاق) بووە و میرێکی …