Home / ئەمرۆ لەمێژوودا / وته‌یه‌ك له‌ یادی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا !!

وته‌یه‌ك له‌ یادی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا !!

وته‌یه‌ك له‌ یادی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیردا !!

FB_IMG_1457332532160

نوسینی:شوان هەورامی

    ئه‌مڕۆ ( 6 ) ئازار یادی 41 ساڵه‌ی واژۆكردنی رێكه‌وتنامه‌ی شوومی 1975 ی جه‌زائیره‌ ، كه‌ به‌ نێوبژیوانیی ” هه‌واری بومیدیه‌ن “ی سه‌رۆكی جه‌زائیر و به‌ به‌شداریی محه‌مه‌د ره‌زا په‌هله‌وی شای ئێران و ” سه‌دام حسه‌ین ” ی جێگری به‌ناو ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی به‌عس هاته‌ به‌رهه‌م .

   لێره‌دا ناتوانین باسی ره‌هه‌نده‌ به‌ربڵاوه‌كانی ئه‌م رێكه‌وتنامه‌یه‌ بكه‌ین ، ته‌نیا ده‌مانه‌‌وێت چه‌ند خاڵێك ئاماژه‌ پێ بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر هه‌ڵه‌كان دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌ ، به‌ تایبه‌تیی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆی درووستبوونی رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌ر دووباره‌ش بوونه‌وه‌ :

1.له‌ سه‌د ساڵی رابردوودا به‌دوای هه‌ر هه‌لێكی مێژووییدا نه‌هامه‌تیه‌كیش هاتووه‌ ، بۆ نمونه‌ لۆزانی دوای سیڤه‌ر ، هه‌ره‌سی دوای كۆماری كوردستان ، جه‌زائیری دوای شۆڕشی گه‌وره‌ی ئه‌یلوول و كیمیاویی و ئه‌نفالی دوای رزگاركردنی به‌شێكی به‌رفراوانی كوردستان . كه‌ ئه‌م دیارده‌یه‌ مانای قووڵیان هه‌یه‌ و به‌ كورتیی ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان هه‌میشه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی خه‌باتدا خوێندنه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنیان بۆ قۆناغه‌كان هه‌ڵه‌ بووه‌ . لێره‌دا كه‌ باسی جه‌زائیر ده‌كه‌ین ، خوێندنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی شۆڕشی ئه‌یلوول بۆ ململانێی نێوان په‌هله‌وی و به‌عس ئه‌وه‌ بوو ، كه‌ هه‌رگیز ئه‌م دوانه‌ به‌ یه‌ك ناگه‌ن و گره‌ویان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو ، كه‌چیی به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ساواك و موساد و ” CIA ” شۆڕشی كوردیان وه‌كو كارت به‌كارهێنا بۆ ئه‌وه‌ی عێراق ناچار بكه‌ن به‌ قازانجی شای ئێران سازش بكات و هه‌ر ئه‌وه‌ش روویدا و كورد له‌ دوای رێكه‌وتنامه‌ی ئازاری 1970 به‌ ده‌ستی به‌تاڵ له‌و شۆڕشه‌ ده‌رچوو .

2. به‌ درێژایی مێژوو ده‌رد و نه‌خۆشیی دووبه‌ره‌كیی و نه‌بوونیی یه‌كڕیزیی یه‌كێك بووه‌ له‌ هۆكاره‌ كوشنده‌كانی شۆڕشی كوردستان ، بۆیه‌ دابه‌شبوونی شۆڕشه‌كه‌ش به‌سه‌ر به‌ره‌ی بارزانیی و ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دا گه‌وره‌ترین نه‌هامه‌تیی ئه‌و شۆڕشه‌ بووه‌ كه‌ تا ئه‌مڕۆش گه‌له‌كه‌مان به‌ به‌رده‌وامیی باجه‌كه‌ی ده‌دات ، له‌ كاتێكدا وه‌كو جوناسان راندڵ ده‌ڵێت كورده‌كان جگه‌ له‌ شاخه‌كان كه‌س دۆستیان نیه‌ ، كه‌چی خۆشیان ئه‌وه‌ حاڵیانه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی شۆڕشدا .

3. مه‌خابن كاتێ سه‌ركردایه‌تی كورد له‌ ساڵی 1970 دا گه‌یشته‌ رێكه‌وتنامه‌ی ئازار ، نه‌یتوانی واز له‌ په‌یوه‌ندییه‌ گوماناوییه‌كانی بهێنێت ، به‌ تایبه‌تیی هاتنی ده‌یان ئه‌ندامی موساد بۆ كوردستان له‌ ژێر په‌رده‌ی نه‌خۆشخانه‌و رێكخراوی خێرخوازیدا ، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا شۆڕشی كوردی وه‌كو كارت به‌ قازانجی ئێران به‌كار هێنا – كه‌ ئه‌مه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ی لیژنه‌ی سه‌ناتۆر پایكی كۆنگرێسدا زۆر به‌ روونیی ئاماژه‌ی پێدراوه‌ – كه‌ ده‌كرا شۆڕش له‌ دوای رێكه‌وتنه‌كه‌وه‌ زیاتر هه‌نگاوی دڵنیاكه‌ره‌وه‌ بداته‌ به‌غدا ، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو كه‌ گومانه‌كان له‌ نێوان به‌غدا و شۆڕشدا گه‌یشته‌ هه‌وڵی تیرۆركردنی مسته‌فا بارزانیی . له‌ كاتێكدا ده‌بێ بزانین ئیسرائیلیه‌كان ئه‌و كاته‌ چه‌ند مه‌به‌ستێكیان هه‌بوو ، یه‌كه‌م له‌ رێگه‌ی كوردستانه‌وه‌ سه‌دان جوله‌كه‌ی ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقیان گه‌یانده‌وه‌ ئیسرائیل ، دووه‌م ده‌یانه‌ویست به‌ گه‌رمكردنی شه‌ڕی كوردستان سوپای عێراق سه‌رگه‌رم بكه‌ن و رێگه‌ نه‌ده‌ن به‌شداری شه‌ڕی عه‌ره‌ب – ئیسرائیل بكات ، سێیه‌م كورد وه‌كو كارتێك به‌كار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی شای ئێران به‌ خواسته‌كانی له‌ دژی عێراق بگات ، به‌ڵام مه‌خابن تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت له‌ ئاستێكی به‌ربڵاودا كورد وا ده‌زانێت ئیسرائیل دۆستی كورده‌ !!

4. شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ رووی په‌یوه‌ندیی دیبلۆماسییه‌وه‌ شۆڕشێكی هه‌ژار بووه‌ ، چونكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ كاریگه‌ره‌كاندا په‌یوه‌ندیی نهێنیی و هه‌واڵگریانه‌ بووه‌ و نه‌یتوانیووه‌ وه‌كو جه‌زائیریی و ڤێتنامیی و شۆڕشه‌كانی تر به‌ به‌ربڵاویی كار بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ گرنگه‌ بكات ، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ به‌ ئیمكانیاتی مادیی و دیبلۆماسیی ده‌كرا ، كه‌ یه‌كه‌م هه‌بوو ، دووه‌میش گه‌لی كورد خاوه‌نی زۆر توانای دیبلۆماسیی بوو ، كه‌ ده‌یتوانیی به‌رده‌وام له‌ نێوان پایته‌خته‌كانی جیهان و بالێۆزخانه‌كاندا كار بۆ ئه‌و ئامانجه‌ بكه‌ن ، كه‌ دوای هه‌ره‌سی شۆڕش نه‌بینرا كه‌س بۆ حاڵی كورد ده‌نگی به‌رز بكاته‌وه‌ .

5. شۆڕشی كوردستان له‌ سه‌ره‌تادا پشتی به‌ شه‌ڕی پێشمه‌رگانه‌ و پارتیزانیی ده‌به‌ست ، ئه‌وه‌ش زۆر گونجاو بوو بۆ شه‌ڕی كوردستان ، به‌ هێنانی چه‌كی قورسی سوپای ئێران و دژه‌ ئاسمانیه‌كان ، زیاتر جه‌نگه‌كان بوونه‌ به‌ره‌یی و پێشمه‌رگه‌ش سارد بوونه‌وه‌ ، چونكه‌ جه‌نگه‌كه‌ بووه‌ جه‌نگی چه‌كی قورس و ته‌كنه‌لۆژیا ، بۆیه‌ كاتێ ئێران چه‌كه‌كانی كێشایه‌وه‌ و شۆڕشی به‌ بێ پشتیوان به‌جێهێشت كاریگه‌ریی زۆر خراپی كرده‌ سه‌ر وره‌ی پێشمه‌رگه‌ .

6. ئه‌و كاته‌ش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ سه‌ركرده‌كانی شۆڕش و پارتی ، له‌ په‌نای شۆڕشدا بوونه‌ ملیۆنێر ، له‌ لایه‌ك دارایی شۆڕشیان بۆ خۆیان و پڕۆژه‌كانیان به‌كار ده‌هێنا و له‌ لایه‌كی تریش ئه‌و فرۆشگایانه‌ی شۆڕش كه‌ بایی ملیۆنان دینار پێداویستیی ژیانیان تێدابوو كه‌ به‌ یارمه‌تیی ده‌هات بۆ شۆڕش و ئه‌وان ده‌یانفرۆشته‌وه‌ به‌ خه‌ڵك ، داهاته‌كه‌ی كه‌وته‌ ده‌ست هه‌ندێ سه‌ركرده‌ و كردنیه‌ سه‌رمایه‌دار . جگه‌ له‌مانه‌ش تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت شۆڕش له‌ رووی داراییه‌وه‌ هیچ شه‌فافیه‌تێكی تێدا نه‌بووه‌ و دوای رووخانیشی به‌ پێی هه‌ندێ زانیاریی ده‌یان ملیۆن دیناریشی له‌ لای سه‌ركردایه‌تیی بارزانیی مایه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌و كاته‌ هه‌ر دینارێكی عێراقیی به‌رانبه‌ر سێ دۆلاری ئه‌مه‌ریكیی بوو .

7. له‌ دوای رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر هه‌زاران پێشمه‌رگه‌و كادیری شۆڕش بۆ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق دوور خرانه‌وه‌ ، كه‌چی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی شۆڕش كه‌ له‌ ئاستی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتیدا بوون ، كه‌ له‌ پاڵ شۆڕشدا بووبوونه‌ سه‌رمایه‌دار له‌ به‌غدا پێشوازییان لێكراو بوونه‌ وه‌زیر و به‌ڕیوه‌به‌ری گشتیی و خاوه‌نی پڕۆژه‌ی زه‌به‌لاح ، ئه‌مه‌ ده‌ری ده‌خات كه‌ ئه‌و شۆڕشه‌ تا چه‌نده‌ ریزه‌كانی شه‌قكراوه‌ .

    رێكه‌وتنامه‌ی جه‌زائیر لێدانێكی كه‌مه‌رشكێن بوو بۆ شۆڕش و هیوای خه‌ڵكی كوردستان ، به‌ڵام مه‌خابن دوای ئه‌وه‌ی له‌و شۆڕشه‌دا خاڵی نێگه‌تیڤ زۆر تۆمار كران و نه‌ده‌بوو وا بكرێت ، به‌ڵام كرا و باجه‌كه‌شمان به‌ قورسیی دا ، به‌ڵام نه‌ده‌كرا بۆ قۆناغه‌كانی دوای ئه‌و شۆڕشه‌ له‌ هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كاندا هه‌مان هه‌ڵه‌ و بگره‌ زۆر به‌ گه‌وره‌تر و له‌ ئاستێكی به‌ربڵاودا ئه‌نجام بدرێنه‌وه‌ ، كه‌ دیاره‌ ئێستای حاڵی هه‌رێم پێویستیی به‌ باسكردن نیه‌ و هه‌موان ده‌زانین كه‌ خراپیی كارگێڕیی كورد گه‌یاندووینیه‌ته‌ چ بنبه‌ست و نه‌هامه‌تیه‌ك .

About زريان احمد

Check Also

ژنانی قاجار

طارق احمد علی ، خویندكاری ماستەر لەبەشی مێژوو پێشەكی           بەشێكی گرنگی مێژووی هەموو كۆمەڵگاكانن …