Home / په‌رتووكخانه‌ / چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەرییەكی بڵاونەكراوە فاروق مەلا مستەفا

چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەرییەكی بڵاونەكراوە فاروق مەلا مستەفا

چەند لاپەڕەیەك لە بیرەوەرییەكی بڵاونەكراوە

فاروق مەلا مستەفا

FB_IMG_1457016029894

بۆ نەوەی نوێ …. توێژینەوەی رابردوو یارمەتیدەرە بۆ دروستكردنی ئایندەیەكی پرشنگدار

 

بەشی یەكەم

 

وەسێتی زانایەكی ئایینی بۆ كوڕە كۆمۆنیستەكەی:

 

“دەزانم تۆ بۆ ئەوە ناگەڕێیتەوە بەغداد كە خوێندن تەواو بكەیت، بەڵكو بۆ ئەركە حزبییەكانت دەگەڕێیتەوە. من ڕێگری ئەوەت لێ‌ ناكەم بەڵام ئەگەر دەستگیر كرایت سەری خۆت و من شۆڕ مەكە. پیاوێكی ئازا بە”

(مەلا مستەفا سەفوەت)

 

خوێندكار بووم لە دواقۆناغی كۆلێجی بازرگانی و ئابوری لە بەغداد كاتێك كە كودەتا فاشییەكەی 8ی شوباتی 1963 روویدا، ئەو كودەتایەی كە لەدوای بەیاننامەی ژمارە 13ی كودەتاچییەكانەوە بۆ پاكتاوكردنی كۆمۆنیستەكان ناوەڕۆكە چینایەتیەكەی خۆی دەربڕی بەوەی كە دوژمنی زەحمەتكێشانی عێراقی و دوژمنی دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤە. من لە شارەكەی خۆمدا لە سلێمانی پاش كودەتا فاشییەكە بەردەوام بووم لە چالاكی حیزبایەتی.       من ئەمە دەنووسم و دواییش دەگەڕێمەوە بۆ ماوەی ئەو چەند مانگەی كە پاش كودەتاكە لە رێكخراوی حیزبدا لە شارەكەی خۆم لە سلێمانی بەسەرم برد. بەڵام ئێستا دەمەوێت دەست بكەم بە نووسینی بیرەوەرییەكانم لەو رۆژەوەی كە گەڕامەوە بەغداد و رووداوەكانی ئەو ساڵانە تۆمار بكەم كە گۆڕانكارییە گەورەكانی بەخۆوە بینی لەسەر ئاستی عێراق و مێژووی حیزبی شیوعیی عێراق و بزووتنەوەی نیشتمانی لە عێراقدا.

 

ئەمەوێت لەو رۆژانەوە دەست پێبكەم چونكە نشێوییەكی زۆر هەبوو لە بارودۆخی ئەو حیزبەدا كە دەویسترا لەناوببرێت بەڵام لەناو نەچوو، هەرچەندە زەبری زۆر كاریگەری لێ‌ كەوت. من چەندین ساڵ بوو ئەندام بووم لەو حیزبەدا و گەنجێكی چالاك و خوێنگەرم بووم، ئێستا بۆیە دەمەوێت بنووسم چونكە ژمارەیەكی بەرچاوی سەركردەكانی ئەوسەردەمەی حیزب هێشتا زیندوون – و هیوای تەمەندرێژیشیان بۆ دەخوازم – بۆ ئەوەی شایەت بن لەسەر هەندێك لە تێبینییەكانم یاخود گفتوگۆ لەسەر نووسینەكەم بكەن و هەندێك رووداوم بۆ راست بكەنەوە كە من لە نووسینەوەیاندا پشتم بە بیرەوەری و زەینی خۆم بەستووە، یاخود بیروبۆچون و هەڵسەنگاندنی خۆیان روون بكەنەوە لەسەر ئەو شتانەی كە هەڵوێستیان وەكو من نییە.

 

دواتر دەگەڕێمەوە بۆ سەردەمی مناڵیم هەتا ئەم كاتە و مێژووی ژیانی سیاسیم و ژیانم وەك بزنسمانێك كە سوورە لەسەر ئەوەی هەموو جموجوڵ و سەرمایەگوزارییەكانی پەیوەست بن بە سەرەتاكانی یەكەمجار و تەواوكەری بن.

 

لەسەرەتاوە دەڵێم من لەدەستپێكدا ئەندامێكی سادە و چالاك بووم بەتایبەت لە رۆژانی ژیانی زانكۆمدا لە بەغداد كە قۆناغێكی پرشنگدارە و یەك رۆژیم لەبیر ناچێتەوە: دواتر ساڵ لەدوای ساڵ لە حیزبدا پێشكەوتم .. جا بۆ ئەوەی ئەم بیرەوەرییانەم لەبیر نەچنەوە كە بەشێكن لە مێژووی حیزب لە گۆشەنیگای كادرێكەوە كە رۆڵی جیاجیای گێڕاوە، من دەیانگێڕمەوە بەوهیوایەی بەشداری بكەم لە تۆماركردنی شكۆكانی حیزبدا .. حیزبی شەهیدان و كارگەی هەزاران كادری رۆشنبیری و كارگێڕی و پراكتیكی لە كۆمەڵگای عێراقیدا. هەروەها بۆ روونكردنەوەی هەرەس و نشوستییەكانی دەرەنجامی بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی لەلایەك و هەڵەی كۆمەڵێك لە سەركردەكانی حیزب لە قۆناغە جیاجیاكاندا شانبەشانی هەڵەكانی ئەوەی كە پێیان دەگوت ناوەندی بزووتنەوەی كۆمۆنیزم لە جیهاندا و مەبەستیان لێی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێت بوو.

 

گەڕامەوە بۆ بەغدا …. ئەو شارەی كە خۆشم دەوێت و زیاتر لە چوار ساڵی تێدا ژیام .. بەغدای قەشەنگ كە دەیان هاوڕێ و سەدان هەڤاڵی حیزبم تێدا دەبینی و لەگەڵیاندا دەژیام و لە كەشوهەوایەكی زانكۆیی پڕ لە بیرەوەرییەكانی بۆنەی خوێندكاران و ئاهەنگە جۆراوجۆرەكانمان و ململانێكانمان لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی دیكەدا و هەروەها بیرەوەرییەكانی تەوقیفخانەكان لە گرتوخانەی (سەرای) و (زیندانی خەیالە) و ناوەندی گرتوخانەی (وەزیرییە) و (عیوازییە) .. ئەم وێنانە هەموویان بە مێشكمدا دەهاتن وەكو فیلمی سینەما .. ئەوەتا وا من بەشێوازێكی دیكە دەگەڕێمەوە بۆ بەغداد .. بە نهێنی دوور لە چاوی كەس چونكە دەزگاكانی بەعس بەدوامدا دەگەڕان وەك یەكێك لەو ئەندامە چالاكانەی كە لەدەستی خوێناوی ئەوان رزگاری بووە، خوێناوی بە خوێنی هاوڕێكانم كە كەوتنە چنگیان …. من كە بیرم لە هەموو ئەمانە دەكردەوە وەسێتەكەی باوكە مەزن و میهرەبانەكەم لە گوێمدا دەزرنگایەوە كاتێك كە لە سلێمانی ماڵئاواییم لێ‌ كرد و بەرەو بەغدا رۆیشتم، ئەو پێی وتم: “دەزانم تۆ بۆ ئەوە ناگەڕێیتەوە بەغداد كە خوێندن تەواو بكەیت، بەڵكو بۆ ئەركە حیزبییەكانت دەگەڕێیتەوە. من ڕێگری ئەوەت لێ‌ ناكەم بەڵام ئەگەر دەستگیر كرایت سەری خۆت و من شۆڕ مەكە. پیاوێكی ئازا بە”.

 

من كە ئەم قسانە دەكەم ئازار دڵم دەگوشێت وەك حەسرەتێك بۆ ئەو رۆژە شكۆدارانەی خەباتكردن بۆ دروستكردنەوەی پەیوەندی و بنیادنانەوەی رێكخراوە حیزبییەكان لە بارودۆخێكدا كە لە هەموو هەنگاوێك و لە هەموو پێچێكدا مردن و دەستگیركردن هەڕەشەی لێ‌ دەكردین. ئەوانە رۆژگارێكن كە من هەتا دەمرم هەمیشە بە یادیانەوە دەژیم و شانازیان پێوە دەكەم.

 

هەر كە لە بەغداد جێگیر بوم رووم كردە ماڵی یەكێك لە هاوڕێكانم بۆ ئەوەی لەوێوە پەیوەندییەكانم دەستپێبكەم …. ئەو رۆژگارە رۆژگارێكی زۆر قورس بون لەسەردەمی حەرەس قەومیدا كە بێجگە لە كوشتن و خوێنڕشتنی هەموو ئۆپۆزسیۆنێك هیچی دیكەی نەدەزانی و هیچ پرەنسیپێكی نەبوو. ترس خەسڵەتێكی زۆر ئاشكرا بوو بە هەموو ئەو كەسانەی كە دەمبینین و دەیانزانی من بە خۆشاردوییەوە هاتووم و بەدوای هاوڕێ‌ خۆشاردووەكان و لانە نهێنییەكانیاندا دەگەڕێم، ئەو لانانەی كە دەستی رەش نەیگەیشتبوونێ‌.

 

یەكەمین هەوڵم سەری نەگرت لە دۆزینەوەی یەكێك لەو هاوڕێیانەی كە لقی كوردستانی حیزب ناونیشانەكەی پێدابووم چونكە لەو خانووە نەمابوو كە تێیدا بوو ….

 

پاش هەوڵ و سەركێشییەكی زۆر و لە ئاكامی گەڕانمدا بەدوای ناوەندی حیزبدا پاش زەبرە توندەكان هەندێك هاوڕێم بینی.

 

رەنگە ئێستا هەندێك كەس بایەخی ئەو شتە نەزانێت كە من لەو رۆژانەدا بەدوایدا دەگەڕام. بەڵام من پێم وابوو مەسەلە ناوەندییەكە لە ژیانمدا ئەوەیە بگەمە پاشماوەی ناوەندە سەركردایەتییەكەی حیزب لە بەغداد. ئەوی راستی بێت من گەیشتمە ئەنجامگیرییەكی گرنگ ئەویش ئەوەبوو كە پاشماوەی ناوەندەكە (كاڤم الصفار) بوو كە چەند ژمارەیەكی رۆژنامەی حیزبی بە ئامێرێكی ئاسایی چاپ بڵاوكردەوە. لە ناوەندەوە نامەیەكم بەدەستهێنا بۆ ناوەندی حیزب لە كوردستان كە هاوڕێ‌ عەزیز محەمەد سەرۆكی بوو.

 

عەزیز محەمەد بۆ ناوەندی نووسییەوە: هاوڕێم برای شەهید یاخود برای شەهیدان …. بەم جۆرە پەیوەندی دروست بوو لەنێوان لق و ناوەندە تازەكەدا.

 

یەكەم پەیوەندی گرنگی من بە حیزبەوە پەیوەندیكردنم بوو بە هاوڕێ‌ (ئیبراهیم عەلاوی)یەوە. لە ئیستگەیەكی پاسدا یەكترمان بینی و نەریت وابوو كە لێپرسراوەكە یان هاوڕێی پەیوەندییەكە چەند پرسیارێكی دژبەیەك بكات و ئەویدیكەش وەڵامی سەیر و نامۆی بداتەوە هەتا پەیوەندیەكە دروست ببێت و متمانە بەیەكتری بكەن.

 

كاتێك هاوڕێ ئیبراهیم عەلاویم لە گەڕەكی كەڕادە لە ئیستگەی پاسەكەدا بینی پرسیارم لێ‌ كردوو پێم وت: هاوڕێ‌ پێویست بە پرسیار و وەڵام ناكات چونكە من دەتناسم. تۆ هاوڕێ‌ ئیبراهیم عەلاویت. ئەوكاتەی كە لە بارەگای رۆژنامەی (ئیتحاد ئەلشەعب)، كە لە جادەی كیفاح بوو لە (فچوە عرب)، ئەو لێپرسراوی رۆژنامەكە بوو بە زمانی ئینگلیزی Iraq review و من لە رۆژنامەی ئازادی كارم دەكردوو هەمووان لە بارەگاكە بوون. لەڕاستیدا ئەوێ‌ بارەگایەكی حیزب بوو، من لەوێ‌ بەهادین نوری و عەزیز محەمەد و سەلام عادل و عەبدولجەبار وەهبی (ابو سعید) و كۆمەڵێك سەركردەی دیكەم ناسی.

 

هاوڕێ‌ ئیبراهیم عەلاوی بوو بە لێپرسراوم و دەستم كرد بە كاركردن بۆ دروستكردنەوەی رێكخراوی قوتابیان و شانبەشانی ئەوەش دەگەڕام بەدوای هاوڕێ‌ دابڕاوەكانی دیكەدا لە رێكخستنەكانیان پاش زەبرە گەورەكەی شوباتی 1963.

 

لە ئاكامی بارودۆخی كاری نهێنی ئەوسەردەمەدا و تەنانەت دواتریش نەمتوانی بەڵگەنامەكان گل بدەمەوە بەتایبەت رووداو و مێژووەكان لای خۆم هەڵبگرم لەبەرئەوە پشت بە زەین و بیرەوەری دەبەستم و ئەوانەی بیرم دەكەونەوە تۆماریان دەكەم بەرلەوەی دەرفەتەكە لەدەست بچێت.

 

لە 18ی تشرینی دووەمی 1963دا كە من ئەوكاتە لە بەغداد خۆم شاردبووەوە كودەتاكەی عەبدولسەلام عارف بەسەر بەعسیەكاندا روویدا و من بەڕێكەوت لە گەڕەكی (بەتاوین) لە بەغداد بە كۆڵانێكدا رەت دەبووم كە گوێم لە هاوارێك بوو دەیگوت: حازم جواد دەست هەڵگرە گەلی عێراق تۆی ناوێت.

 

لەپاش كودەتاكە هەناسەیەكی ئیسراحەتم هەڵكێشا و لە خۆشاردنەوە هاتمە دەرەوە و خۆم ئاشكرا كردو چالاكییەكانم زیادیان كرد. لە ماوەیەكی كەمدا چەند لیژنەیەكم لە زانكۆی بەغداد و لیژنەیەكم بۆ دواناوەندیەكانی بەغداد دروست كرد و پاشان لیژنەیەكی بنەڕەتیشم بۆ زانكۆ دروست كرد كە هاوڕێیان حیكمەت زێباری لە كۆلێجی پەروەردە و جەمیل ئەلحەدیسی لە كۆلێجی بازرگانی و محەمەد سدیق لە كۆلێجی حقوق تیایدا بون. من لێرەدا بۆ مێژوو تۆماری دەكەم كە لەناو هاوڕێ چالاكەكاندا لە كۆلێجی بازرگانی لە دەرەوەی لیژنەكە شەهید زوهێر عەلاوی بوو كە ساڵی 1971 شەهید كراو لەوكاتەدا بەرپرسیاری رێكخراوەكانی فوراتی ناوەڕاست بوو كە ئەمە كۆمەڵێك وردەكاری مێژوویی هەیە دواتر باسیان دەكەم.

 

لیژنەی قوتابیانی بەغدا لە من وەك بەرپرسیاری یەكەمی زانكۆ و هەردوو هاوڕێ‌ حسێن عارف و سەباح گۆرگیس پێكهاتبوو، دواتریش و پاش گەڕانەوەی لە دەرەوەی وڵات هاوڕێ‌ (مەهدی ئەلحافز)یش. هاوڕێ‌ حسێن جواد قەمەر بوو بە لێپرسراوی رێكخستنی قوتابیان، كە من ئەوكاتە و دواتریش بەسەرهاتی زۆرم هەبوو لەگەڵیدا هەم لەڕووی رێكخستن و هەم لەڕووی فكرییشەوە.

 

رێكخراوەكانمان گەشەكردنێكی خێرایان بەخۆوە بینی و هاوڕێیان و لایەنگران بەجۆش و خرۆش بون بۆ گەڕانەوەی چالاكی و گەڕانەوەی حیزب، جۆش و خرۆشێكی وا كە لە مێژووی حیزبدا وێنەی نەبووە، پاش ئەوەی رووخانی بەعسیان بینی لەسەردەستی هاوڕێكانی دوێنێیان بێ‌ هیچ بەرەنگاریەك.

 

من لەگەڵ كۆمەڵێك كادری تردا داوامان لە حیزب دەكرد سەردەمی دەسەڵاتی عەبدولكەریم قاسم تاوتوێ‌ بكات و چۆنێتی رووخانی ئەو رژێمە و شكستهێنانی حیزب لە رووبەڕووبوونەوەی كودەتاكەدا روون بكاتەوە و بۆچی ئێمە پاش 1959 دەسەڵاتمان نەگرتەدەست و ئێستا چی دەكەین و لەسەر چ بناغەیەك رێكخراوەكە دروست دەكەینەوە و هێڵە گشتییەكەی حیزب چۆن دەبێت …. من ئەو رۆژگارانەم لەبیرە وەك ئەوەی دوێنێ‌ بن و هەتا ئەمڕۆش هەموو وردەكاریەكانم دێنەوە بیر و لەگەڵیاندا دەژیم سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەریاندا.

 

لەگەڵ عەزیز محەمەدا لە سلێمانییەوە گەڕامەوە بۆ بەغداد و پێم وابێت ئەوە لە بەهاری 1964دا بوو. لە چوارچێوەی چالاكییە جۆراوجۆرەكانیشمدا لە خەباتی نهێنیدا لە بەغداد گەلێك هاوڕێم ناسی وەك عومەر عەلی شێخ كە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ساڵح دوگلە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و عەزیزلحاج و دواتر ئارا خاجادۆر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و شەهید ستار خزیری كۆمیتەی ناوەندی و تۆفیق ئەحمەد كۆمیتەی ناوەندی و وێنەیەكی فراوانم بۆ دروست بوو سەبارەت بە بارودۆخی ئەوسای حیزب و تێگەیشتم بۆچی ئەوەی روویدا روویدا سەرباری ئەوەی ژمارەیەكی زۆر ئەندام و سەدان هەزار لایەنگر و جەماوەرێكی فراوان لەسەر حیزب حساب دەكران.

 

سەرباری هەموو كارەساتەكان و شەهیدبوونی دەستەیەكی پرشنگداری سەركردایەتیی حیزب كە پاڵەوانی راستەقینە بوون و سەلماندیان ئەوانە كۆمەڵە پیاوێك بون شەڕەقۆچیان لەگەڵ هەوردا كردووە وەك ماركس وەسفی سەركردەكانی كۆمۆنەی پاریسی پێ‌ دەكات پاش رووخانی ئەو كۆمۆنەیە لە ساڵی 1871دا، بەڵام ئەو قارەمانانە یاخود زوربەیان دیلی فكرێكی راستڕەو بوون كە لە پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێتییەوە خۆی سەپاندبوو بەسەریاندا و هەندێكیان پێیان وابوو نێونەتەوەییبوونی حیزب ئەوەیە ملكەچی فەرمانەكانی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێتی بێت بە دەردی خوالێخۆشبوو زەكی خەیری ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە ئاشكرا دەیگوت.

 

پەراوێزەكان

 

(1) بەیاننامەی ژمارە 13: لە یەكەمین رۆژی كودەتا رەشەكەدا حاكمی عەسكەری عەقید رەشید موسڵیح ئەلتكریتی بەیاننامەیەكی خوێناوی دەركرد بە ژمارە 13، كە تیایدا خوێنی هەموو كەسێك لەهەر شوێنێك بێت حەڵاڵ دەكات پشتیوانی نەكات لە كودەتا رەشەكەیان و رادیۆ و تەلەفزیۆنی بەغداش خوێندیانەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی “لەبەرئەوەی كۆمۆنیستە بەكرێگیراوەكان و هاوبەشەكانی عەبدولكەریم قاسم هەوڵی بێ‌ سەمەریان دا بۆ دروستكردنی ئاژاوە و نائارامی لەناو ریزەكانی گەلدا و ملكەچنەبونیان بۆ فەرمان و رێنماییە رەسمییەكان، بڕیار درا دەسەڵات بدرێت بە یەكە سەربازییەكان و هێزەكانی پۆلیس و حەرەس قەومی هەركەسێك لەناو ببەن كە بیەوێت ئاسایش تێكبدات و ئێمە داوا دەكەین لە هەموو رۆڵە دڵسۆزەكانی گەل هاوكاری دەسەڵاتە نیشتمانییەكە بكەن بە رێنماییكردنیان بۆ دۆزینەوەی ئەو تاوانبارانە و لەناوبردنیان، رەشید موسڵیح ئەلتكریتی” پاشان بەیانێكی تری بەدوادا دەركرد كە تیایدا هەڕەشەی لە هاوڵاتیان كرد لە داڵدەدان و شاردنەوە و ئاسانكاریكردن بۆ هەڵهاتنی هەركەسێك كە دەسەڵات بەدوایدا دەگەڕێ‌ و ئێمە بەیاننامەی دووهەمیش دەنووسینەوە بەهۆی ئەوەی كە بەیاننامەیەكی مەترسیدار و خوێناوییەوە و ئەمەش دەقەكەیەتی “لەبەرئەوەی گەلی بەخشندەی عێراق بەڕاستی پشتیوانی لە شۆڕش كردووە، ئەو شۆڕشەی كە سەربڵندی و كەرامەتی گەڕاندەوە بۆ عێراق و لەبەرئەوەی دەمانەوێت هەموو ئەو تاوانبارانە دەستگیر بكەین كە هەوڵ دەدەن ئاسایش بشێوێنن، دەسەڵاتەكان رایدەگەیەنن كە توندترین سزای یاسایی دەرهەق بەوكەسانە دەگرنە بەر كە هەوڵ دەدەن هەڵاتنی تاوانباران بشارنەوە یان یارمەتیان بدەن یان ئاسانكارییان بۆ بكەن یان ئامادە نەبن شوێنی ئەو تاوانبارانە بدركێنن”.

 

(تالب شبیب)ی ئەندامی قیادەی قوتری حزبی بەعس و یەكێك لە سەركردەكانی كودەتا رەشەكە لە بیرەوەرییەكانیدا لە كتێبی (گفتوگۆی خوێن) كە ساڵی 1999 لە لوبنان – بەیروت بڵاوكرایەوە، دەڵێت “ژمارەی كوژراوەكانی گەلی عێراق لە رۆژانی كودەتا رەشەكەی 8ی شوباتی 1963دا لەنێوان 5000 تا 12000 كەس بوو.”

About زريان احمد

Check Also

گەشتى دێى قارەمان لە قەرەداغ

نوسینی ، حسن محمود حمە کریم نیوەڕۆى دووشەممە ڕێکەوتى 17|1|2023 لەخزمەت کاک عەبدولکەریم عارف و …