Home / ناوداران / دڵداری شاعیر

دڵداری شاعیر

دڵداری شاعیر

FB_IMG_1457109183263

70ساڵ لەمەوبەر، دڵداری شاعیری  نیشتماپەروەر‌و شۆڕشگێڕ، سروودی نیشتمانی ئەی رەقیبی بۆ كۆماری كوردستان(مەهاباد) نووسی‌و ئەو سروودە بووە مارشی ئەو كۆمارە‌و ئیدی لەو كاتەوە ئەو سروودە بەرزە وەك دەقێكی پیرۆز‌و مارشی نیشتمانیی كوردستان سەیری دەكرێ‌‌و تائێستا هێندە پێگەیەكی نەتەوەیی بەهێزی هەیە، هیچ سروودێكی دیكە جێگەی پێ‌ لەق نەكردووە‌و بەبەرزی‌و پیرۆزی ماوەتەوە.

دڵدار ئەگەر چی تەمەنێكی كەم ژیاو لەتافی لاویدا كۆچی دوایی كرد، بەڵام بەهۆی ئەو سروودە بەرزە‌و بەرهەمەكانی دیكەیەوە وەك شاعیرێكی گەورە‌و نەمر‌و پایەدار ماوەتەوە.

دڵدار ناوی تەواوی ( یونس رەئوف مەحمود)ە‌و لەرۆژی 20ی شوباتی 1918 لەشاری كۆیەی مەڵبەندی زانست‌و رۆشنبیری‌و هونەر لەدایك بووە.

قۆناغەكانی خوێندنی لەكۆیە‌و رانیە‌و كەركوك‌و بەغدا تەواو كردووە. ساڵی 1945 بڕوانامەی حقوقی لەزانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە‌و بووە بەپارێزەر.

دڵدار لەكۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوودا  تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بووە‌و بووە بەئەندامی حزبی هیوا‌و بەهۆی چالاكی‌و هەڵسوڕانی سیاسییەوە زیندانی كراوە.

سەرباری خەباتی سیاسی، دڵدار لەمەیدانی ئەدەبیشدا رۆڵی خۆی گێڕاوە‌و هەر زوو كەوتۆتە ژێر كاریگەری شیعرەكانی نالی‌و حاجی قادری كۆیی‌و عەونی‌و وەفایی‌و بێكەس‌و پیرەمێرد‌و چەندین شیعری جوانی لەرشتە جیاجیاكاندا نوسیوە.

دڵدار خاوەنی چەندین بەرهەمە لەدیارترینیان دیوانی شیعرەكانی‌و یاداشتەكانێتی.

ئەم شاعیرە شۆرشگێڕ‌و ناودارەی كورد 68ساڵ لەمەوبەر‌و لەتافی لاوی‌و بەجوانەمەرگی‌و لەتەمەنی 30 ساڵی لەرۆژی 12-11- 1948بەیەكجاری لەشاری هەولێر سەری نایەوە‌و ماڵئاوایی لەژیان كرد. بەڵام بۆ هەتا هەتایە ناوی بەنەمری لەلاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردو كوردستاندا دەمێنێتەوە.

سڵاوی رێز‌و وەفا بۆ دڵداری خاوەنی مارشی نیشتمانی ئەی رەقیب.

About زريان احمد

Check Also

‎شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید

‎ڕێژین محمد‎قۆناغی چوار-بەشی مێژوو‎زانكۆی سۆرانپێشەکی:شێخ مەحمود حەفید، کەسایەتی دیاری گۆڕەپانی ئایینی، بەشدارییەکی گەورەی کرد لە …